کێ له پشت ته‌قینه‌وه‌کانی سلێمانییه‌وه‌یه؟
حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا
رۆژی سێشه‌ممه 3/خه‌زه‌ڵوه‌ری/2705، رێکه‌وتی 25/ ئۆکتۆبری/2005، دۆخی هێمن و ئاسایی شاری سلێمانی به هۆی دوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ک له دوای یه‌کدا شڵه‌ژا. به وردبوونه‌وه و سه‌رنج له‌م ته‌قینه‌وانه ده‌توانین کۆمه‌ڵێ راستی حه‌شاردراو هه‌ڵنجین و هه‌ڵێده‌ین کێیان له پشته‌وه راوه‌ستاوه!
- ته‌قینه‌وه و کرداریی تیرۆریستی له به‌غدا و هێندێ شاری دیکه‌ی عێراق بووه‌ته دیارده‌یه‌کی رۆژانه. هه‌رچه‌ن زۆربه‌یان له شکل و شێوازدا وه‌کیه‌ک یان له یه‌ک ده‌چن، به‌ڵام زۆرجار ئامانج و نێوه‌ڕۆکی کوێرانه و ره‌مه‌کییان هه‌یه. واته گرینگ ئه‌وه‌یه‌که"جووڵه" هه‌بێ، ته‌قینه‌وه هه‌بێ و خوێن بڕژێ!
- هه‌ر ئه‌و ته‌قینه‌وانه له گه‌ڵ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی له کوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردستان ده‌کرێن، له شکل و شێوازدا وه‌کیه‌کن، له هه‌ردولا ئۆتومبیلی TNT رێژکراو، تیرۆریستیی خۆکوژ، یان ریموت کۆنترۆڵ به کار ده‌هینرێ. به‌ڵام پله و ئاستی ئامانجداریی ته‌قینه‌وه‌کان له کوردستان دیارتر و سیاسی‌تر و ته‌گبیر کراوه‌ترن. واته ئامانجه‌کان پێش، ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ربازیی بن، ئامانجی سیاسیین. تیرۆره‌کانی کوردستان، هۆکاری سیاسی‌یان هه‌یه، په‌یامی سیاسیی ده‌نێرن و بۆ کاریگه‌ریی له سه‌ر حیزب و حکومه‌ت و بۆشایی دروست کردن رێکده‌خرێن. تیرۆری فره‌نسوهه‌ریری، تیرۆری سه‌رنه‌که‌وتووی د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح، شه‌وکه‌تی حاجی موشیر، یه‌کی شوبات، تیرۆری ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان و ته‌قینه‌وه‌کانی رۆژی25/10ی سلێمانی، ئه‌و بۆچوونه ده‌سه‌لمینن. ئه‌وانه‌ی بوونه نیشانه‌ی ئه‌و تیرۆرانه هه‌رکام به شێوه‌ی خۆیان ده‌وری تایبه‌تیان هه‌بووه له قه‌واره‌ی حیزب و حکوومه‌تدا.
- ئامانجی سه‌ره‌کیی تیرۆریستان له کوردستان په‌کخستنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد، به هه‌موو لایه‌نه‌کانی سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگییه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر له به‌غدا، هێزی ئه‌مریکی و"داگیرکه‌ر" له هه‌موو شوێنێک ئاماده‌یه، له کوردستان هێزی ئه‌مریکی یان فره ره‌گه‌ز به ده‌گمه‌ن ده‌بینرێن و ده‌ورێکیان له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکدا نییه. ئه‌گه‌ر"ده‌سه‌ڵات" له به‌غدا به ده‌ستنیای بێگانه داده‌نرێ، له کوردستان له ساڵی91 ه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌یه و هه‌ڵقوڵاویی هه‌ناوی کورده‌وارییه.
- هیچکام له ده‌وڵه‌ته‌کانی ترکیا و ئێران و سووریا حه‌ز به ئازادیی کوردستان ناکه‌ن و هه‌موویان دژی سه‌قامگیریی سیاسی و پێشکه‌وتنی ئابووری کوردستانن. به‌ڵام قسه و کردار و ره‌فتاری هه‌رکامیان به شێوه‌ی خۆیانه و له یه‌ک جیاوازن. سووریا زۆر تێکه‌ڵاوی هاوکێشه‌که نییه، به‌ڵام ترکیا و ئێران، با‌شووری کوردستان بووه‌ته خه‌می رۆژانه‌یان!
- گوشار و دژایه‌تی ترکان له سه‌ر با‌شووری کوردستان، روون و ئاشکرایه. ئه‌وان کارته‌کانی "برایم خه‌لیل"، "پ.ک.ک" و تورکمانیان هه‌یه. برایم خه‌لیل داده‌خه‌ن و هاتووچۆ دژوار ده‌که‌ن، به بیانووی PKK هه‌ڕه‌شه‌ی سنوور به‌زاندن ده‌که‌ن، یان تاقمه ئاڵقه‌له‌گوێکانیان به ناوی پارستنی مافی " تورکمان" به کاردێنن. ترکان تا ئێستا تخوونی تیرۆر و ته‌قینه‌وه نه‌که‌وتوون.
- ئێران بنکه‌ی سه‌ره‌کیی تیرۆریزمه له جیهاندا. ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی فکری تێرۆر و توندوتیژییه. بنکه‌ی هاویشتنی ئه‌و فکره‌یه بۆ هه‌موو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی ئیسلامی، مۆڵگه‌ی هه‌موو ده‌سته‌و تاقمه تیرۆریستییه‌کانی جیهانه. شوێنی راهێنانی ئه‌ندامانی ده‌سته‌و تاقمه تیرۆریستییه‌کانه. سوپای تایبه‌ت به ده‌ستێوره‌دان و چالاکیی له نێو وڵاتانی هه‌یه. باڵاترین ده‌وری تێکده‌رانه‌ی له عێراقدا گێڕاوه. ئه‌ندامانی "هێزی قودسی سوپای پاسداران" رێکخه‌ر و به‌ڕێوبه‌ریی زۆر له کرده‌وه تیرۆریستییه‌کانی نێو عێراقن. ئه‌وه جگه له‌و باڵاده‌ستییه سیاسییه‌ی به هۆی لایه‌نه شێعه‌کانی عێراقه‌وه له عێراقدا هه‌یه‌تی.
- ئێران له ساڵی 1991ه‌وه، ده‌ستی کێشاوه‌ته به‌شه ئازاده‌که‌ی با‌شووری کوردستان و له پاڵ نووسینگه فه‌رمییه‌کانی، ده‌یان بنکه‌و مۆڵگه‌ی نهێنی بۆ عه‌مه‌لیاتی تیرۆریستی دژی تێکۆشه‌رانی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دانا بوو. سه‌دان که‌س له‌و تێکۆشه‌رانه که‌وتنه به‌ر په‌لامار و پیلانه تیرۆریستییه‌کانیان. کاتی خۆی هاوارمان له براکانمان له با‌شووری کوردستان کرد که پاش ئێمه نۆره ده‌گاته خۆتانن!
- چه‌ن مانگ له‌مه‌وبه‌ر " ئه‌نوه‌رحاجی عوسمان" یه‌کێ له کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌رپرسی ئاسایشی حه‌ڵه‌بجه، تیرۆرکرا. بکوژانی ئه‌نوه‌ر حاجی عوسمان له ئێرانه‌وه هاتبوون و بۆ ئێرانیش گه‌ڕانه‌وه. ئه‌نوه‌ر، ده‌ورێکی گرینگی له رێگرتن له دزه‌ی تیرۆریستان له ئیرانه‌وه بۆ عێراق هه‌بوو و زانیاری باشی له سه‌ر ده‌سته‌و تاقمه تیرۆریسته‌کانی نیشته‌جێی له ئێران هه‌بوو. زانیارییه‌کانی ئێمه ده‌یسه‌لمێنن، ئێران رێکخه‌ری ئه‌و تیرۆره بووه.
- سلێمانی له‌گه‌ڵ ئێران هاوسنووره. سنووری هاوبه‌ش و سروشتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێران و پێوه‌ندییه‌کانی و چه‌ن فاکته‌رێکی دیکه، وا ده‌که‌ن بڵێین له بارودۆخی ئێستادا هیچ چه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی تێرۆریستی وا به‌بێ ئێران، له سلێمانی و ئه‌و ده‌ڤه‌ره روونادا. ئێران پشتی جه‌بهه‌ی ئه‌نساروالئیسلام و ئه‌نساروالسونه‌یه. کۆماری ئیسلامی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌سه‌ر ئه‌و گروپانه‌دا هه‌یه که رێ له چالاکییه‌کانیان له سلێمانی بگرێ. هه‌روه‌ک تواناشی هه‌یه به‌ریان بۆشل بکا یان به کاریان بێنێ. ئه‌وانه‌ی رۆژی 25/10/2005 ته‌قینه‌وه‌کانیان به‌ڕێوه برد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چ پێناس و ره‌گه‌زنامه‌یه‌کی یاسایی بووبن، ئێرانیان له پشته‌وه راوه‌ستاوه!
- ئه‌و ته‌قینه‌وانه، په‌یامێکی سیاسی بوون بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان. په‌یامێک بۆ سنوور دانان و راوه‌ستاندنی ی ن ک له ده‌وره سیاسییه‌که‌ی. ئه‌و ده‌وره‌ی له یه‌کبوونی ئێراده و گوتاری یه‌کگرتووی کورد دا هه‌یه‌تی. ئه‌و یه‌کگرتووییه‌ی که له‌گه‌ڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان جه‌لال تاڵه‌بانی گه‌یانده سه‌رۆکایه‌تی عێراق و ئاخافتن به کوردی له کۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و مه‌سعود بارزانی کرده سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به جلی کوردییه‌وه گه‌یاندییه کۆشکی سپی و به زمانی کوردی له گه‌ڵ جۆرج بووشدا قسه‌ی کرد. بێجگه له‌وه‌ش وریاکردنه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بوو له دامه‌زرانی ئه‌مریکییه‌کان له سنووره‌کانی به‌ر ده‌سه‌ڵاتی.
- فێڵ و ته‌ڵه‌که له کۆنه‌وه یه‌کێ له شێوه‌کانی سیاسه‌تکردنی ئێرانییه‌کان بووه. ئه‌وان بۆ سه‌رخستنی پیلانه‌کانیان له سه‌ره‌خۆ و ورد و به‌داو و ده‌ون. زانیارییه‌کانی ئێمه ده‌یسه‌لمێنن، ستاڤی کۆماری ئیسلامی له سلێمانی، 4-3 رۆژ پێش ته‌قینه‌وه‌کانی سلێمانی، ئه‌و شاره‌یان به‌جێ هێشتوه و جێی خۆیان به ستافنێکی نوێ داوه. روونه، ستاڤی نوێ ته‌نیا یه‌ک وه‌ڵامیی پێیه،"ئێمه تازه‌هاتووین، ئاگامان له هیچ نییه"![1]
***************