پیرۆز بێ یادی سی ساڵه ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستان
---
ئه‌م بابه‌ته "ڕاپه‌رینی باشوری کوردستان- ئه‌رک، ئاکام، ده‌ستکه‌وته‌کان" له یادی دهساڵهێ ڕاپه‌ڕینی باشوری کوردستاندا له کۆڕێکدا لە ساڵی ٢٠٠١ له شاری ئه‌ده‌لایدی باشوری ئوسترالیا پێشکه‌ش کرا. کوڕه‌که له لایه‌ن ڕێزدار د.شێرکۆ کرامانجەوە به‌ڕێوه‌چوو. ده‌قی ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری هه‌وار،ژمارە ١٢ی ساڵی چوارەم (دواژماره)، ئۆکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ چاپ و بڵاوکرایه‌وه. به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌م بابه‌ته تێڕوانینی بیست ساڵ لهمو پێشی نوسەری ئەم دێڕانەیە سه‌باره‌ت به ئەرک ، ئاکام و دهستکەوتەکانی ڕاپەڕینی باشوری کوردستان پاش تێپه‌ڕینی ده‌ساڵ لەو ڕاپه‌ڕینە مەزنە. له یادی سی ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕین ئه‌م بابه‌ته لێرە داده‌نێمه‌وه. ئه‌وه‌ی که ئاکامه‌کانی ڕاپه‌ڕینی باشور به کوێ گەیشت و ئایا ڕێبه‌رانی سیاسی باشوری کوردستان له ئاست چاوهڕوانیەکانی گه‌لی ڕاپه‌ڕیوی باشور‌و پێویستیه‌کانی قۆناخ به‌قۆناخی بزاڤی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردستان بوون؟، یان ئایا که‌م و کوڕی و ههڵهوپهڵەکانی که له ده‌ساڵه‌ی یادی ڕاپه‌ڕین ئاماژه‌یان پێکراوه ده‌رسی لێوه‌رگیراوه؟ یان بارستایی ههڵەو که‌مووکورییه‌کان هێنده له‌سه‌ریه‌ک که‌ڵه‌که بوون که ڕێی ببینینی ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕینی گرتوه؟. به‌ڕاستی ده‌کرا له سی ساڵی ڕابردوودا چی بکرێ و چۆن دۆخ و قۆناخەکان که‌ڵکیان لێوه‌ربگیرایه؟ داهاتووی باشوری کوردستان به‌ره‌وکوێ ده‌ڕوا و ئه‌رکه‌کانی ئه‌م قۆناخه چین؟ چۆن بکرێ بارستایی دهسکهوتەکان له که‌مو کوڕی و گهندهڵیەکان زیاتر بکرێن؟ پێداویستیه‌کانی ئه‌م قۆناخه چین و چۆن ده‌کرێ باشوری کوردستان به‌ره‌و دڵنیایی و ئارامی و ده‌ستکه‌وتی یه‌کانگیر ببرێ و کیانی سیاسی کوردستانی له به‌رهەم بهێنرێ؟ هه‌ڵه‌و که‌م و کوڕییه‌کان چین و چ بوون؟ خاڵه لاوازه‌کان چین؟ ئایا ئه‌گه‌ر پاش سی ساڵ له ڕاپه‌ڕین و ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌تەی له به‌رده‌ست بوه نه‌توانراوه به باشترین شێوه که‌ڵکی لێوه‌رگیرێ، کێ زۆرترین به‌رپرسیاره‌تی به‌رده‌که‌وێ؟ وه‌ک ده‌گوترێ پارتی و یه‌کیەتی تاوانباری سه‌ره‌کین؟ ئه‌دی حزبه‌کانی دیکه؟ ئه‌ی نوسه‌ران و ڕۆناکبیران، ڕۆژنامه نوس و مه‌لاو مامۆستا و تاک تاکی کۆمه‌ڵگای باشوری کوردستان تا چ ڕاده‌یه‌ک له گه‌یاندنی باشوری کوردستان به ڕۆژی ئه‌مڕۆ بەرپرسن؟ له هه‌موو ئه‌وانه‌ش بترازێ گه‌لی ئێمه له به‌شه داگیرکراوه‌کانی کوردستان چ کاریگهریەکیان هه‌بووە؟ تا چه‌ند پشتیوان یان به‌ربه‌ست بوون؟ چی بکرایه باشتر بوو؟ هه‌ڵه‌کان چین و بۆ له‌مەودوا چبکرێ؟ ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی چیە؟ چۆن ده‌تواندرێ وابکرێ که ڕێ له پاشهکشەو بهدواداگەڕانهوه بگیرێ و کاروانی ئه‌م تێکۆشانە به‌رەو مه‌نزڵگای سه‌رکه‌وتن ببرێ؟ ئایا به چاوخشاندنێک به‌دۆخی ئێستای بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و دۆخی ئێستای باشوری نیشتمان تا چه‌نده ده‌توانین هیوادار بە داهاتوو بین؟ ئه‌مانه‌و ده‌یان پرسیار‌و گومان و هه‌ڵوێسته‌ی دیکه ده‌بێ و ده‌کرێ له خۆمانی بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ێ بگه‌ینه ئاکامێکی ژیرانه. به ئاکامێک که ڕۆناککه‌ره‌وه‌ی پێش هه‌نگاوه هه‌نوکه‌ییه‌کان و هه‌نگاوەکانی پێشەڕۆژمان بێ. تۆش گەر تاقەتت هه‌بوو ئه‌و بابه‌ته بیخوێنه‌وه. پێشەکی سپاس بۆ خوێندنه‌وه‌ی و گه‌ر سه‌رنج و تێچێنیەکت هه‌بوو خۆشحال ده‌بم. بێگومان وڵامی ئه‌و پرسیارانه کاری بابه‌تێکی چه‌ند لاپهڕهێێ نیه. وه‌ڵامدانه‌وه بەم پرسیارانه و پرسیاره‌کانی دیکه، کاری ڕوناکبیرو نوسه‌رو لێکۆڵه‌ری کوردە.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home