كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, December 02, 2020

 

مه‌حموود ریشه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی بوێرو فه‌رمانده‌یه‌کی لێهاتوو

---

بە هۆی کاک جەمال فه‌تحیانی هاوڕێ و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هاوسه‌نگه‌ری ڕۆژانی خه‌باتی گه‌رم و دژواری به‌کرده‌وه، ئاگادار کرامه‌وه‌ که‌ ناوەندی پێشمه‌رگه‌ دێنرینه‌کان به‌ته‌مان چاوپێکوتنێکی ڕاستۆخۆ له‌ به‌رنامه‌ی "یادو دیدار" له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و خه‌باتکاری دێرین، فه‌رمانده‌ی بەتواناو لێهاتوو کاک مه‌حموود ساڵه‌حی ناسراو به‌ مەحموود ڕیشه‌ ساز بکه‌ن. له‌ ڕاستیدا گە‌رانه‌وه‌ بۆئه‌و ڕۆژە پڕ له‌ خۆنه‌ویستی و سه‌روەریانه‌ی ڕابردوو ده‌تباته‌وه‌ نێو قوڵایی یادگاره‌کانی ئه‌و ڕۆژانه‌و جارێکی دیکه‌ ده‌سته‌ملانیان ده‌بیته‌وەو بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆت بزانیی تێێدا نوقم ده‌بیت و به‌ ئەسته‌م ده‌توانی بەجێیان بێڵی. بۆیەش به‌و پێیه‌ی که‌ لە گه‌ڵ کاک مه‌حموود ده‌یان یادگاری ئه‌و قۆناخه‌ی خه‌باتمان هه‌یه‌‌‌، به‌ نێو قوڵایی بیرەه‌وه‌ی ئه‌وڕۆژانه‌دا رۆچومەوەو بست به‌ بستی شوێنی یادگاره‌کان، روداوو و که‌سه‌کان، چالاکی و شه‌رو فیداکاریه‌کان، له‌ خۆبووردوویی و خۆنه‌ویستی ئه‌وده‌می تێکۆشان و خه‌باتم به‌سه‌ر کرده‌وه‌. به‌دڵ پێم خۆشه‌ هه‌موو ئەو یادگارانه‌و به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان پێوه‌ندیی به‌ کاک مه‌حموده‌وە هه‌یه‌ بێنمه‌ سه‌ر په‌ڕو وه‌ک ڕێزلێنانێک پێشکە‌ش به‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ی تێکۆشه‌رم کاک مه‌حمودی بکه‌م. به‌داخه‌وه‌ کاته‌که‌ که‌مه‌و خرمانی بیره‌وه‌ریه‌کانیش زۆرو زه‌وه‌ند، هه‌ر بۆیه‌ ناچارم له‌خرمانی ئه‌و هه‌موو تیكۆشان و ماندوو بوونەی خه‌باتی شێلگیرانەو ماندوونه‌ناسانه‌‌ کاک مه‌حموود ڕیشە له‌وێچێک هه‌ڵێنجم و هه‌رچه‌ند کەمیش بێ پێشکه‌شی کاک مه‌حموودی بکه‌م.

بە دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو یاد و یادگارانه‌ گرنگن و یه‌ک به‌یه‌کیان شایانی ئه‌وه‌ن به‌ ده‌یان لاپه‌ڕه‌یان له‌سه‌ر بنوسرێ. ئه‌و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌خت و دژوار بوون به‌ڵام زۆر به‌نرخ بوون و جێی شانازی و سه‌ربه‌رزی بوون. کورد ده‌ڵێ دیاری شوان ئاڵه‌کۆکه‌و هیوادارم کاک مه‌حموود لای په‌سه‌ند بێ.

چۆن مه‌حموود ڕیشه‌م ناسی:

من پێشمه‌رگه‌ی کۆمیته‌ی شارستان بووم،‌ ئه‌و ده‌م بنکه‌مان له‌ گوندی نیروانی بناری سورکێو بوو. وا ڕێکه‌وت ڕژیم هێرشێکی به‌رینی بۆ پشتی تاژان و به‌رزاییه‌کانی میره‌وسو و لای مازوانبەن و ناو شاره‌دێی ئارمردە هێنا. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌کانی کۆمیته‌ی شارستان به‌ره‌و میرەوسوو تاژان رێکه‌وتین. من و چەند کەسێکی دیکه‌ ناردراین بۆ پشتی تاژان و به‌رزاییه‌کانی نێوان تاژان، ته‌وکه‌ڵ و تابه‌گ. ئه‌وکات من مێرمنداڵێکی وردیله‌ بووم. که‌ گه‌یشتین ژماره‌یه‌کی باش پێشمه‌رگه‌ و هێزی به‌رگری لێبو که‌ سه‌نگەریان ڕو به‌دوژم گرتبوو و خۆیان له‌ بن کۆمه‌ڵه‌ شاخێکدا مڵاس دبوو. له‌نێو شاخەکاندا شاخێک له‌ هه‌موویان له‌بار تربوو کە له‌وه‌ێوه‌ بە نۆبە ده‌چوین سێره‌مان له‌ سه‌رنگه‌ری دوژمن ده‌گرت و چه‌ند فیشه‌کێکمان بە دوژمنەوە دەنا. له‌ ناو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌دا، پێشمه‌رگه‌یەکی رەشتاڵه‌ و باڵا مام ناوه‌ندیی، که‌م قسه‌، ناوه‌ ناوه‌ له‌ بن شاخێکه‌وه‌ سیله‌ی له‌ سه‌نگه‌ری دوژمن ده‌گرت و به‌لێزانیه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وەی نه‌یه‌وێ یه‌ک دانه‌ش به‌ خه‌سار بدا، چەند فیشەکێکی ئاوقای هێزی داگیرکه‌ر ده‌کرد. من که‌م ئه‌زموون به‌ڵام تۆزێک زیته‌ڵه‌ بووم. وابوو به‌ هۆێ بێ موبالاتیمه‌وه‌ چه‌ند جارێک منی ده‌نگدا که‌ ئاگام له‌ خۆم بێ، و سه‌ر دانه‌وێنم و بێمه‌دواو‌ه. من ناوم نه‌دەزانی، به‌ ڵام دواتر زانیم که‌ کاک مه‌حموود ڕیشه‌یه‌. ئه‌و مه‌حموود ڕیشه‌ی کە بۆ چه‌ندین ساڵ لە قۆناخی خه‌بات و تێکۆشانی پێشمه‌رگانه‌دا هاوسه‌نگه‌ر، هاوخەبات و هاوکار بووین و تا ئێسته‌ش شانازیی به‌ هاوڕێیه‌تیه‌وه‌ ده‌که‌م.

کاک مه‌حموود، که‌سیكی روح سوک، خۆشه‌ویست و به‌ بیروباوه‌ڕە. تا پێشمه‌رگه‌ بو هیچ کات ئه‌رکی خه‌باتی ڕه‌ت نه‌کردۆته‌وه‌. به‌ دڵه‌وە پێشمه‌رگه‌بوو، به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ شانی دابوە ژێر ئه‌رکی خه‌بات و له‌ تێکۆشان و سه‌ختی و دژواری سڵی نه‌ده‌کرده‌وه‌. شک نابەم جارێک له‌ جاران بریارێک، یان ڕاسپارده‌یه‌کی حزبیی ره‌تکردبێته‌وه‌ یان بۆڵه‌ و پرته‌یه‌کی کرد بێ. له‌وه‌ش زیاتر متمانه‌و دڵنیاییه‌کی زۆری به‌توانایی خۆی هه‌بوو، بۆیه‌ش له‌ هیچ سه‌ختی و دژواریه‌ک نه‌ ده‌پرینگایه‌وه‌.

کاک مه‌حموود له‌ لکی سێی شەهید قادر شه‌ریف، وه‌ک پێشمه‌رگه، سه‌رده‌سته‌ و جێگرو فه‌رمانده‌ی لک به‌رپرسیاره‌تی هه‌بوو. له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ماوه‌دا کە کاک مه‌حموود له‌ لکی سێ بوو منیش وه‌ک پێشمه‌رگه‌و پاشان له‌ ساڵی ٦٣ەوە وه‌ک به‌رپرسی سیاسی لک له‌گه‌ڵ کاک مه‌حموود هاوکارو هاوسه‌نگه‌ر بووین. له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌ی هاوسه‌نگه‌ربون و هاوکار بوونەدا هیچ کات دڵمان لێک نه‌ ئێشا. به‌ پێچه‌وانه‌ له‌ نزیک به‌ته‌واوی ئه‌و شه‌ڕو چالاکیانه‌ی ئه‌نجاممان ده‌دا پێکه‌وه‌ بووین. له‌ ده‌یان شه‌ڕی گه‌وره‌و گچکه‌و چالاکی پێشمەرگانه‌و شه‌ونخونی، له‌ ساردو سه‌رماو برسیه‌تی و مه‌ترسیدا پێکه‌وه‌ بوون.

کاک مه‌حموود له‌و پێشمه‌رگه‌ بوێرانه‌ بوو که‌ له‌شه‌ڕو چالاکی پێشمەرگانه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌وت له‌گه‌ڵ بایه‌ هه‌ستت به‌ هێزو وره‌و دڵنیایی ده‌کرد. به‌ش به‌حاڵی خۆم هه‌میشه هه‌ستم به‌ دڵنیایی ده‌کرد کە له‌و شوێنه‌و سه‌نگه‌ره‌دا بم که‌ مه‌حموود ڕیشه‌ی لێ بێ. یان ئه‌گه‌ر له‌ چالاکیه‌کدا دابه‌شی دو به‌ره‌ بکراینایه‌ ئه‌گه‌ر پێکیشه‌وه‌ نه‌باین و ئه‌و لایه‌ی ئه‌وی لێبوو به‌ متمانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئه‌نجامه‌م لێده‌کرد که‌ پلانمان بۆ دانابوو.

شه‌ڕو چالاکیه‌کان دانه‌یه‌ک دوان نین تا بکرێ ناویان بێنم. به‌ ده‌یان جار پێکه‌وه‌ له‌ چالاکی چوونه‌ ناو شاری بانه‌و ئارمرده‌دا پێکه‌وه‌ بووین. له‌و چالاکیانه‌دا به‌ زۆری کاک مه‌حموود ئارپی‌جێ وه‌شین بوو. ئه‌و نیشانه‌ هه‌ڵگرێکی کارامه‌و چاو نه‌ترس بوو. که‌م هه‌بووه که‌ ئامانجه‌که‌ی نه‌پێکێ. له‌ ده‌یان چالاکی بۆسه ‌دانانه‌وه‌دا له‌ ڕێگای بانه‌- ئارمرده‌، ئارمرده‌ گه‌رماو، ئارمرده‌ بلەکێ و ئارمرده‌ تاژان پێکه‌وه‌ بووین و زۆر جار پێکه‌وه‌ چالاکیه‌که‌مان ده‌ست پێکردوه‌. له‌و هێرشانه‌ی که‌ ڕژیمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ده‌یکرد بۆ ناوچه‌کانی به‌ر جاده‌و بناری سورکێوو پاش ئاربه‌با ‌که‌م هه‌یه‌ کاک مه‌حموود به‌شدار نه‌بووبێ و نه‌خش و ده‌وری ئازایانه‌و له‌ خۆ بوردوانه‌ی نه‌گێڕابێ.

کاک مه‌حموود، له‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو که‌ به‌ لێهاتوویی خۆی و به‌بێ هیچ ده‌ستەوتاقم بازیی و خزم خزمێنه‌یه‌ک پلەکانی به‌رپرسایه‌تی بڕی و توانی تا فه‌رمانده‌یی هێزو ئه‌ندامی ناوند بچێ. ڕیشه‌، فه‌رمانده‌یه‌کی لێزان و به‌تواناو خاوه‌ن پلان و له‌ هه‌مانکاتدا چاو نه‌ترس و ئازاو وریا بوو. له‌شه‌ره‌کاندا وه‌ک فه‌رمانده‌ و پێشمەرگه‌یه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ورو کاریگه‌ری هه‌بوەو پاش هه‌ر چالاکیه‌ک ئه‌و دوا که‌س بووە که‌ پاشەکشە بکات و هه‌میشە ده‌یویست دڵنیا بێت که‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان به‌ سڵامه‌تی شوێنی چالاکیه‌که‌ به‌جێ بێڵن.   

هه‌روه‌ک باسم کرد که‌ له‌گه‌ڵ‌ کاک مه‌حموود، له‌گه‌لێک شه‌ڕو چالاکی پێشمه‌رگانه‌دا  بووم، که‌ کاک مەحموود ده‌ورو نه‌خشی ئازایانه‌ی تێیاندا هه‌بووه‌. به‌داخه‌و ئه‌و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانه‌ که‌ پێشمه‌ڕگه‌ی لکی سێ بوون له‌و قۆناخه‌دا که‌میان ماون، بۆیه‌ش یه‌کێک له‌و شه‌ڕانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ کاک مه‌حموود پێکه‌وە بووین و کاک مه‌حموود فه‌رمانده‌ بوو تێیدا، وه‌بیر دێنمه‌وه‌.

وه‌ک نموونه شەری گوندیی ته‌وه‌که‌ڵ‌:

زستان بوو، بەفر هه‌موو شوێنێکی داپۆشیبوو، گونده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ تارای سپیان له‌به‌رکردبوو. دیمەنه‌کان هه‌تا بڵیی جوان و دڵڕفێن بوون. پێشمه‌رگه‌کانی لکی سێ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ێ هێزی هه‌وشار له‌ گونده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌گه‌شتدا بوون. سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ میلیتاریزه‌ بوو زۆربه‌ی به‌رزایی‌و شوێنه‌ گرنگه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌  له‌ ژێر چنگی داگیرکه‌رانه‌ی هێزه‌کانی کۆماریی ئیسلامیدا بوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ باوشی گه‌رمی گه‌لی خۆیان و له‌ ناو خاکی خۆیان بێ سڵەمینه‌وو ترس درێژه‌یان به‌ کارو خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگانه‌یان ده‌دا. ئێواره‌ بوو، مه‌ حموود ریشه‌ وەک به‌رپرسی نیزامی و منیش وه‌ک به‌رپرسیی سیاسی لک به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و گه‌شته‌مان له‌ ئه‌ستۆ بوو. بریارماندا که‌ بچینه‌ گوندیی ته‌وه‌که‌ڵ و ڕۆژه‌که‌ش له‌وێ بمێنینه‌وه‌. هه‌ڵکەوته‌ی ته‌وه‌که‌ڵ وابوو، که‌ له‌ لای پشت و ته‌نیشتیه‌وه‌ جاده‌ی ئارمرده‌ بۆ تاژان که‌ به‌ڕۆژ پاڕێزه‌ری جاده‌ (تئمینی جاده)ی لێبوو. شوێنیان زۆر له‌ ناو گونده‌وه‌ نزیک بوو. کاتێک بڕیاری مانه‌وه‌ماندا ده‌بوو داوا له‌ خه‌ڵکیش بکه‌ین ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ گوند نه‌چنه ‌ده‌ره‌و‌‌ە، بۆ ئه‌وه‌ی ڕژیم پێمان نه‌زانێ. شه‌ومان ڕۆژکرده‌وه‌و به‌پێی پلانه‌که‌ خه‌ڵک بۆ کارو چالاکی رۆژانه‌یان له‌ گوند مابوونه‌وه‌. ئاسمانێکی ساماڵ و ڕۆژێکی زستانی خۆش بوو. منداڵانی گوند له‌ کۆڵانه‌کان یاریان ده‌کردو گه‌نجه‌کان له‌سه‌ر بان و کۆڵانه‌کان سه‌رقاڵی ژیانی ڕۆژانه‌و ئاسایی خۆیان بوون. له‌و نێوه‌دا جار جار پێشمه‌رگه‌یه‌ک یان دوانت ده‌بینی که‌ به‌ بێ چه‌ک وه‌ک خه‌ڵکی ئاوایی له‌سه‌ر بان و کۆڵانه‌کان خه‌ریکی ئاخافتن و قسه‌و باس بوون.‌ ساڵ ساڵی ١٣٦٤ی هه‌تاویی بوو. حزب سه‌رقاڵی گرتنی کۆنگره‌ بوو. به‌رپرسانی کۆمیته‌ی شارستان و هێزو نوێنه‌رانی کۆنگره‌ به‌ره‌و ناوەند چوو بوون بۆ به‌شداری له‌ کۆنگره‌. ڕژیم ئه‌مه‌ی به‌ هه‌ل ده‌زانی و ده‌یهه‌ویست له‌م کاته‌دا گورزی کاریگه‌ر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بوه‌شێنێ. پێشمه‌رگه‌‌ چاوه‌دێره‌کان له‌ شوێنی نه‌دیوودا دانرابوون بۆ ئه‌وه‌ی جموجۆڵی دوژمن له‌ به‌رزاییەکان چاو‌‌دێری بکه‌‌ن‌. که‌مینه‌کانی دوژمن له‌سه‌ر چاده‌ی ئارمرده‌ تاژان لەسەر به‌رزاییەکان له‌ گونده‌وه‌ دیار بوون. من‌و کاک مه‌حموود له‌گە‌ڵ کاک چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ماڵێک بووین کە دواین ماڵ بوو لەسەرەوه‌ی ئاوایی. لە پشته‌بانی ماڵه‌که‌ خرمانێک هەڵکه‌وتبوو. باریکه‌ ڕێیک له‌ خرمانه‌که‌وه‌ به‌رەوسه‌ر ده‌ڕۆیشت که‌ وه‌ک شێوه‌ جۆگەلە‌یه‌ک وابوو ده‌هاته‌وه‌ سه‌ر خرمانه‌که‌. ئێمه‌و خانه‌خوێ نانمان خواردبوو گوێمان له‌ رادیوی دەنگی کوردستان گرتبوو. خواردنێکی خۆشمان خواردبوو چاوه‌ڕوانی چایی بووین. ده‌نگی شمشاڵی قاله‌مه‌ڕه‌ که‌ ده‌ستپێکی رادیۆ ده‌نگی کوردستان بوو له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌و دیمه‌نانه‌ بوو.  کچە گەوره‌ی ماڵه‌که‌ له‌ خواره‌وه‌ی دیوی دانیشنەکه‌ له‌لای سه‌ماوه‌ره‌که‌ دانیشتبوو خه‌ریکی چایی تێکردن بوو، هه‌موومان گوێمان بۆ ڕادیۆ راگرتبوو، به‌ڵام له‌سه‌رهەستیش دانیشتبووین. کتوپڕ کچە بچکۆله‌ی ماڵه‌که‌ که‌ ته‌مه‌نی هه‌شت نۆ ساڵێک ده‌بوو بەپەله‌ له‌درگا هاته‌ ژوره‌وه‌ و به‌ شڵه‌ژاوی و بەزمانێکی منداڵانه‌ روو بەو خاتوونه‌ی لای سه‌ماوه‌ره‌که‌ بوو گوتی "داده‌ ..داده‌ .. شەل خلمانه‌که‌ پاشداری لێیه‌". سه‌رخرمانه‌که‌ چه‌ند هەنگاوێک له‌ ده‌رگای هاتنه‌ ژورەوە دوور بوو. هەر به‌ گوێلێبوونی وشە‌ی پاسدارو خرمان ئێمه‌ له‌جێی خۆمان ڕاپه‌رین و ئه‌وه‌نده‌ی چاوتروکانێک خۆمان گه‌یانده‌ ئەو دیوو ده‌رگا. له‌ یه‌که‌م هەنگاو له‌ درگای ده‌ره‌وه‌ بەلای ڕاستمانه‌وه‌ خرمانه‌که‌ بوو. به‌کرێگیراوێک که‌ پشتی له‌ ئێمه‌ بوو، بانگی ئه‌و پاسدارنه‌ی ده‌کرد که‌ به‌ باریکه‌ ڕێیه‌که‌دا به‌ره‌و خرمانه‌كه‌ ده‌هاتن. هێشتا ژماره‌یه‌کی که‌میان گه‌یشتبوون. به‌بێ سێودوو‌ ته‌قە و ده‌سترێژکردن ده‌ستی پێکرد. پێشمه‌رگه‌کان هه‌ر کامه‌یان له‌شوێنی خۆیانه‌وه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ زۆر ئازایه‌ هه‌رکه‌س له‌ ئاستی خۆی لە دوژمن هاتنه‌ ده‌ست و به‌گژ هێزی دوژمندا چونه‌وه‌، ژماره‌یه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌کان له‌ یه‌کێک له‌ماڵه‌كان گیریان خواردبوو. ئێمه‌ هە‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌مان هێشت پاسداره‌کان خرمان و پشماڵی گونەکه‌ کۆنترۆڵ بکه‌ن، ئه‌وه‌ش بوه‌هۆی سه‌رلێشێواوی هێزه‌کانی ڕژیم، بریار درا  چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ بیکه‌یسیه‌وه‌ بنێردرێن بۆ به‌رزاییه‌که‌ی پشتی داربڕان. له‌ ماوه‌یکی کورتدا ئه‌وو پێشمارگانه‌ گه‌یشتنه‌ شوێنێ دیاریکراوو له‌وێوه‌ بیکه‌یسی بڕستی له‌ هێزه‌که‌ی ڕژیم بڕیبوو نه‌یان ده‌توانی ته‌نانه‌ت مل شورکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌. شه‌ڕێکی گه‌رمو ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ ناوگوندەکه‌دا و به‌لای کانی گونده‌کە و شیوی ئه‌ودیووی ماڵان به‌رده‌وام بوو. هێزی ڕژیم هه‌رچه‌ند زۆر بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌که‌م تەقه‌دا چاوساخه‌که‌یان که‌ به‌کرێگیراوێکی ناوزڕاو بوو بریندار کراو سه‌ره‌نجام ڕەوانه‌ی دۆزه‌خ کرا.  پاسداره‌کان به‌رگی سپیان له‌به‌رکردبوو بۆ ئه‌وه‌ێ بتوانن خۆیان له‌ چاوی تیژی پێشمه‌رگه‌کان بدزنه‌وه‌، به‌و حاڵه‌ش ڕۆژی ڕوناکیان لێببووه‌ دۆزه‌خ. پێشمه‌رگه‌کان ئه‌وه‌نده‌ به‌وره‌و ئازایانه‌ شه‌ڕه‌که‌یان به‌ڕێوه‌ده‌برد که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ گوندییه‌کان هاتبوونه‌ لای پێشمه‌رگه‌کان و چاوه‌ڕوان و هیواخوازی سه‌رکه‌وتنی ڕۆڵه‌کانی خۆیان ده‌کرد.  شه‌ڕه‌که‌ به‌سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ کۆتایی هات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك یانگوندییه‌ک خوێنی لێبێ. کاک مه‌حموود له‌م شەره‌دا به‌رپرسی یه‌که‌می نیزامی بوو. به‌فه‌رمانده‌یی ئه‌م پێشمه‌رگه‌ جوامێره‌ و قاره‌مانه‌تی پێشمه‌رگه‌کان لە ماوه‌یه‌کی کەمدا توانیمان هێزی زۆری دوژمن تێک بشکێنین و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ هێزی دوژمن به‌‌ بێ گیانی له‌ گونده‌که‌ به‌جێمان. چه‌کوو چۆلێکی به‌رچاویش ده‌ستکه‌وتی ئه‌و چالاکیه‌ بوو. هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا به‌کرێگیراوێکی ناوزڕاویش که‌ چاوساخی هێزی دوژمن بوو به‌ سزایی تاوانه‌کانی خۆیی گه‌یشت که‌ بوه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌.  

شه‌ڕی ته‌وه‌کەڵ نموونه‌یه‌کی بچوک له‌و هه‌موو شه‌ڕو قاره‌مانیه‌تیانه‌یە که‌ مەحموو ڕیشە به‌شداری چالاکانه‌و کاریگه‌ری تێدا هه‌بووەو به‌ تایبه‌ت له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌و به‌رپرسی یه‌کەمی نیزامی بوو.

شه‌ڕی به‌رزاییە‌کانی قوله‌نگ و سپیداره‌، کۆخی عەبه‌ شه‌ریف، سه‌ی کانیلان و به‌رده‌ڕش که‌ به‌ نه‌ورۆزانه‌ی هێزی شه‌هیدانی وێردی بۆ خه‌ڵکی کوردستان ناوبانگی ده‌رکرد، مەحموود ڕیشه‌ یه‌کێک له‌ قاره‌مانه‌کان و فه‌رمانده‌کانی بوو. له‌و شه‌ڕه‌دا ڕێشە به‌سوکی برینداریش بوو، به‌ڵام تا دوا ساته‌کانی شه‌ڕ له‌ پێشی پێشه‌وه‌ بوو.  هه‌روها شه‌رو به‌رگری مه‌زنی هێزی شه‌هیدانی وێردی له‌دژی هێرشی به‌ربڵاوی ڕژیم بۆ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌می شیوه‌ڵه‌و تاژه‌بان، که‌ زه‌ربه‌یه‌کی کاریگه‌رو گورچکبڕ له‌ ڕژیم وه‌شێندراو، ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆر له‌ هێزه‌کانی ڕژیم ڕەوانه‌ی دۆزه‌خ کران و به‌ ته‌نیا حزب زیاتر له‌ چل که‌س له‌ هێزه‌کانی ڕژیمی به‌دیل گرت. هەر له‌م شه‌ڕه‌دا کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوی خه‌باتیش زیاتر له‌ بیست که‌سیان به‌دیل گرتبوو. مه‌حموود ڕیشه‌ له‌م شه‌ڕەشدا له‌ قۆڵی تاژان به‌ره‌و تاژه‌بانه‌وه‌ ده‌ورو نه‌خشێکی ئازایانه‌و به‌رچاوی هه‌بوو.

بێگومان هه‌ر وه‌ک گوترا، مه‌حمود ڕیشه‌ له‌گه‌لێک شه‌ری ئازایانه‌ی دیکه‌دا به‌شدار بوه‌و ده‌وری بوێرانه‌و فه‌رماندانه‌ی هه‌بووە. ئه‌وانه‌ی کە ناومهێنان بۆ خۆم له‌ نزیکه‌وه‌ دیەری ئازایه‌تی و لێهاتوویی بووم. بێگومان کاک مه‌حمود له‌ دیان چالاکی و به‌رخۆدانی بوێرانه‌ی دیکه‌دا به‌شدار بوه‌ که‌ من تێیاندا به‌شدار نه‌بووم.

ته‌مه‌ن درێژی بۆ مه‌حموود رێشه‌ی هاوڕێ و هاوسه‌نگە‌ری جێی متمانه‌ی ڕۆژانی دژواری خه‌باتی به‌کرده‌وه‌ و هیوای سڵامه‌تی و به‌خته‌وه‌ری هه‌میشە‌یی بۆ ده‌خوازم. به‌و هیوایه‌ کاک مه‌حموود و هه‌موو تێکۆشه‌رانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌کەمان بۆ ئازادی نەته‌وه‌که‌مان به‌ ئاوات و ئامانجه‌کانمان بگه‌ین.     

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home