كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, May 27, 2010

ئێوە هەرگیز نامرن!!!

ئێوە هەرگیز نامرن!!!
دایكی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر:...گوڵێکی سوورم پێشكه‌ش به‌ خاكی وڵاته‌كه‌م كردووه‌ و جێگای شانازیمه‌ و شادم به‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ماڵی منه‌وه‌ ئه‌م گوڵه‌ به‌ دیاری هاتووه‌...

''لە بێدەنگیدا، تامەزرۆ و نامۆ 27مین ساڵیادی ئێعدام كردنی ئەتۆم ڕێز دەگرت و بیرەوەریه كاڵه‌وه‌بووەکانم لە بەر چاوودا تۆخ دەبوونه‌وە، چاوم لە بزەی تۆراوی مانگی گوڵانە و لە بووكی ڕەشپۆشت و چاوم لە قوتابیه به جێ ماوەكانت و خەنەبەندانی خوێن ڕ‌ەنگتە كە هەواڵی له سێدار‌ە دانی فەرزاد و هاوڕێیەكانی برینه كۆنەكانیشـمی وەژان هێنا و لەو ڕۆژەوە بەدڵێكی پڕله ناسۆرەوە وێنەی دایكی فەرزادیشم كە فەرزادی له ئامێز گرتووە خسته ناو چوارچێوێ قاپی بیرەوەریەكانم و نەخشی لە پاڵ وێنەی دایكم كە وێنه‌ی ئەتۆی باوەش گرتووە بۆ هەمیشه داكوتا..."


....وێنه‌كه‌تم به‌رانبه‌رخۆم داناوه‌ و لێت ده‌ڕوانم زۆر ساڵان له‌ گه‌ڵتا بووم، زۆر ڕۆژان به‌ یادی تۆ كات و ساته‌كانم وه‌سه‌ما ده‌هێنا. به‌ڵام داخم ئیتر ئێجگار دره‌نگه‌، له‌ ده‌موچاوته‌وه‌ ده‌ستم پێ كردووه‌، له‌ چاوانی ماتته‌وه‌، له‌ خه‌تی ژێر چاوت، ته‌نانه‌ت ده‌مهه‌وێ وه‌بیرم بێته‌وه‌ كه‌ زۆرتر چ ڕه‌نگێكت بۆ چاویلكه‌كانت پێ جوان بوو. گه‌ر دوای سه‌د ساڵی دیكه‌ش لێم بپرسن كاتی زه‌رده‌خه‌نه‌ و پێكه‌نین چلۆن ئه‌دوایت و كاتی گرژبوونت چلۆن؟ ده‌توانم به‌ نوسین وێنه‌که‌‌ت بكێشمه‌وه‌.

ده‌زانی داره‌كانی ناو دارستانم زۆر خۆش ده‌وێن، چون به‌دوای تێپه‌ربوونی وه‌رزه‌كانی پاییز و زستانیش هه‌ر به‌ پێوه‌ن و ڕاوه‌ستاو ده‌چنه‌ ناو وه‌رزی به‌هاره‌وه‌ و له‌به‌ر زه‌ردی وه‌رزی پاییز و له‌ ژێر خه‌رمانه‌ به‌فری وه‌رزی زستان چۆك داناده‌ن و شاخ و باڵیان سه‌ربه‌ست و ئازاد له‌ قووڵایی دڵی ئاسماندا ده‌شه‌كێننه‌وه‌ و به‌ره‌وڕووی ئه‌و ئاسۆیه‌ی كه‌ چرپه‌ی شنه‌بای نه‌سیمی وه‌رزی به‌هاری به‌ دیاری پێیه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ لێ ئه‌ده‌ن، لاوه‌كان و كیژه‌كانی وڵاتی مه‌ چه‌شنی ئه‌و دارستانه‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا كه‌ په‌تی سێداره‌ ده‌هاوێژنه‌ ملیانه‌وه‌ دڵیان مه‌كۆی ئه‌وین و عه‌شق وئاواتیان گه‌وره‌ و باوەڕیان قوڵه كه‌" داچوونی ئه‌ستێره‌كان مزگێنی هه‌ڵاتنی خۆر به‌ دیاری ده‌هێنێت."له‌ نامه‌ی قه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وه‌ر گیردراوه‌

پێم خۆش بوو كه‌ زیندوو بویتایه‌ و بتدیبایه‌ كه‌ ئێستاش چیرۆكی ماسیه‌ ڕه‌شه‌ بچكۆله‌كه‌ دونیایێك ده‌هه‌ژێنێت و ڕێگه‌ دیاری ده‌كات. پێم خۆشه‌‌ بزانم كه‌ چلۆن پێشوازیتان له‌ فه‌رزاد و له‌ شیرین و له‌ فه‌رهاد و عه‌لی و له‌ مه‌هدی كرد، حه‌سره‌ت ده‌خۆم بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئاسمان ئامێزی بۆیان كرده‌وه‌ و ئه‌وانی بۆ میوانی به‌ره‌و وڵاتی خۆر برد، تامه‌زرۆم گوێم له‌ ترپه‌ی دڵی زه‌وی بێت كه‌ له‌و كاتەدا كه‌ ئامێزی ده‌كاته‌ لانكه‌ێیك و پشوو ئه‌دات به‌ جه‌سته‌ی زامداری ئێوه‌، ده‌مهه‌وێ بزانم كه‌ چلۆن ده‌گاته‌ ترۆپكی به‌خته‌وه‌ری!

ده‌مهه‌وێت بۆ ساتێك ببمه‌ میواندارت و له‌ گه‌ڵ خۆمدا بتهێنمه‌وه‌ بۆ كوردستان، بۆ مه‌ڵبه‌ندی حه‌ز و ئاوات و تاسه‌ و خه‌م، له‌وێوه‌ قسه‌ت بۆ ده‌كه‌م، باسی ئه‌و كاته‌ی كه‌ هاوڕێیه‌كه‌م هه‌واڵی له‌ سێداره‌دانی فه‌رزاد و هاوڕێیه‌كانی پێدام ته‌زویێكی سارد به‌ له‌شمدا هات و په‌شۆكام، هه‌ستم ده‌كرد دونیا به‌ سه‌رمدا ڕووخاوه‌، نامۆ و په‌شێو و سه‌رگه‌ردان بیرم له‌ ‌تۆ ده‌كرده‌وه‌ بیرم له‌ خۆمان ده‌كرده‌وه‌، بیرم له‌و هه‌موو‌ ساڵانه‌ی كه‌ تێپه‌ڕ بوون ده‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌تا ئێستاش بۆشایی جێگای خاڵی ‌تۆی پڕ نه‌کردۆته‌وه‌، بیرم له‌و سێبه‌ره‌ قورسه‌ی كه‌ سالانێكی درێژه‌ باڵی به‌ سه‌ر ژیانی هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا كێشاوه‌ و هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر به‌شوێنمانه‌وه‌ ده‌بێت ده‌كرده‌وه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ خه‌م دای گرتم كه‌ پێنح بنه‌ماڵه‌ی دیكه‌ش وه‌ك ئێمه‌ و هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی‌تر‌ هیچ كاتێك ئۆقره‌ ناگرن و زامه‌كانیان به‌ هیچ شتێك سارێژ نابێته‌وه‌، شاڵاوی خه‌م له‌ ناو چاومدا و فرمێسكی قه‌تیس هێورهێور به‌ بێده‌نگی دێته‌ خوارێ.

هیچ ده‌زانی كه‌ سالیانێكی درێژه‌ له‌و كاته‌دا كه‌ به‌هار ده‌ماری زه‌وی ده‌جولێنێ و مزگێنی ژیانه‌وه‌ به‌ دیاری ده‌هێنێ ئه‌من ده‌نگی دایكم له‌ گوێمدا ده‌زرینگێته‌وه‌ كه‌ ئه‌تۆ ده‌لاوێنێته‌وه‌، ده‌ڵێ گوڵم له‌ كوێی ئه‌وا وه‌رزی به‌هاره‌ مانگی گوڵانه‌ دار و ده‌وه‌ن ده‌ژیێته‌وه‌ گوڵ سه‌ر ده‌ر دێنێت، به‌ڵام هاوار! گوڵی منیان په‌ڕپه‌ڕ كرد. ده‌زانی چیتر وه‌رزی به‌هار شادم ناكات، ده‌زانیت زۆر له‌مێژه‌ ووشه‌كانی شادی و به‌خته‌وه‌ری ماڵئاواییان لێ كردووین.

ئازیزه‌كه‌م مانگی گوڵانه‌، دار و ده‌وه‌ن چرۆ ده‌كات به‌هار ده‌ماری زه‌وی ده‌جوڵێنێت و چیرۆكی كۆنی ژیانه‌وه‌ به‌ گوێی سروشت و دونیادا ده‌چرپێنێ، به‌ڵام دایكانی وڵاتی مه‌ گوڵی په‌ڕپه‌ڕ‌ كراوی كۆرپه‌كانیان له‌ ئامێز ده‌گرن ئه‌ویش له‌ ڕۆژی دایكدا، هاواری دایكانی وڵاتی من به‌ قه‌د باڵای به‌رزی زامه‌كانی كوردستانه‌.

زۆرم پێ سه‌یره‌ هیوا و ناهومێدی له‌ ناخمدا ئاوێته‌ بوون و ده‌سته‌ویه‌خه‌، چلۆن ده‌كرێت باس له‌ به‌هار بكه‌م له‌ كاتێكدا هه‌موو ڕۆژێك له‌م مه‌ڵبە‌نده‌ خوێناویه‌ به‌هار ئه‌دزن، چلۆن ده‌كرێت باس له‌ هه‌ڵاتنی خۆر و تاجه‌ زێڕینه‌كه‌ی بكرێت له‌ كاتێكدا له‌م وڵاته‌ خه‌م‌گرتووه‌ هه‌موو كازێوه‌یێك هه‌ڵاتنی خۆر له‌ سێداره‌ ئه‌درێت، چلۆت ده‌كرێت باس له‌ سه‌ما و شایی بكرێت له‌ كاتێكدا به‌ سه‌مای جه‌سته‌ی ڕۆله‌كانمان له‌ پای داری سێداره‌دا ڕۆژه‌كانمان ده‌ست پێ ده‌كه‌ین...

به‌ڵام هیوا ده‌گرم كاتێك كه‌ ده‌بینم دایكانی وڵاتی من له‌ دوای ئه‌تۆش ڵاوی وه‌كو فه‌رزاد و فه‌رهاد و وه‌كو مه‌هدی و عه‌لی و كیژی وه‌كو شیرین په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن، هیوا ده‌گرم كاتێك ده‌بینم كه‌ داچوونی هه‌ر ئه‌ستێره‌ێك مزگێنی هه‌ڵاتنی خۆر به‌ دیاری ده‌هێنێ. فه‌رزاد، شیرین، فه‌رهاد، مه‌هدی و عه‌لی له‌ داییك بوونتان پیرۆز بێت.

لە نوسراوەئێك كە‌ به‌ یادی كاك ناسری خوشكه‌ڵام كه‌ له‌ ڵایه‌ن كۆماری ئیسڵامی ئێرانه‌وه‌ لە به‌ره‌به‌یانی 03/02/1362 له‌ شاری بانه‌ ئیعدام كرا وەرگیردراوه‌.

ڕێكه‌ به‌ ڕێگابڕینی كانیاوه‌كان ناگیردرێت، گرینگ نییه‌ هه‌ر چه‌نده‌ش هه‌وڵ بدرێت هەڵقوڵانەكەی دوا بخه‌یت له‌ ناو كانگای دڵی زه‌وی دلۆپ دڵۆپ یه‌ك ده‌گرن و كۆ ده‌بنه‌وه‌ و زۆری پێ ناچێت كه‌ سه‌رچاوه‌یێك بۆ سەرهەڵدان ئه‌دۆزنه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان ئیتر هیچ به‌ربه‌ستێك ناتوانێت ڕێگه‌ به‌ له‌ دایك‌بوون و هه‌ڵقوڵان بگرێت.

زۆر لەمێژ نییه‌ كه‌ هه‌واڵی دڵته‌زێنی له‌ سێداره‌دانی فه‌رزاد و هاوڕێیه‌كانی دونیای هه‌ژاندووه‌ و بە دوای ئەوەش‌ بیستنی هه‌واڵی دیاریكردنی كاتی به‌ڕێوه‌ بردنی حوكمی له‌ سێداره‌دانی حه‌بیبی لوتفی ئەوەندەیتریش دایچڵە‌كاندین.
گیانی زێنه‌بی جه‌لالیان و زیاتر له‌ پانزە هاووڵاتی‌تر ڕاسته‌وخۆ له‌ مه‌ترسی به‌ڕێوه‌ چوونی حوكمی ئیعدامدایه‌.
كوردستان جه‌سته‌یێكی زامداره‌، ئه‌مڕۆكه‌ برینه‌ كۆنه‌كانیش وه‌هاوار هاتوون و بانگه‌شه‌ی ته‌واوی گه‌لی كورد، جیا له‌وه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ چ حیزب و ڕێكخراوه‌ و كۆڕ و كۆمه‌ڵێكن ده‌كات كه‌ به‌ ده‌نگ ڕۆڵه‌كانمانه‌وه‌ بێن و چاو به‌ سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ بێ‌كۆتاییانه‌ی كۆماری ئیسڵامی نه‌قونجێنین.

ڕۆژگارێكی غه‌ریبه‌ ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ریشدا له‌ ته‌رمه‌ بێ’گیانه‌كانیشمان ده‌ترسن، بۆیه‌ ده‌بێ د‌نگ هەڵبڕین و بڕوامان هه‌بێت كه‌ ئاسۆ ڕوونه‌ و ده‌بێ بۆ خۆمان ئه‌و ئاسۆیه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین!!

23-05-2010
سه‌نته‌ری ژنانی كورد له‌ كۆڵن
centerijnan@ymail.com

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home