كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Adelaide, SA, Australia

Wednesday, November 17, 2010

یادێک له‌ هه‌وڵێکی دڵسۆزانه‌
خالید عه‌زیزی- ئوسترالیا

پاش چه‌ندین ساڵ له‌ دابڕان و که‌رتبوونی حزبی دیموکراتی کوردستان، که‌ یه‌کێک له‌ ئاکامه‌ نه‌ڕێنیه‌کانی کۆنگره‌ی هه‌شتی حزبی دیموکڕات بوو، شه‌پۆلێکی چاره خواز ڕیزه‌کانی حزبی ته‌نیه‌وه. له‌وکاتدا له‌ت بوونی حزب له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب و له‌ لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و دۆستان و پشتیوانانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورده‌وه هیچ که‌ پێشوازی لێنه‌کرا به‌ڵکوو به‌ ڕوداوێکی نه‌خوازراوو ناخۆش ناسرا و تانه‌ی لێدرا. کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دڵیان له‌ شۆڕش سارد بوه‌وه‌ و هه‌زران که‌س له‌ دۆستان و لایه‌نگرانی حزب له‌ ناوه‌وه‌ی کوردستان توشی شۆک و دۆشدامان هاتن. له‌ ناو ڕیزه‌کانی حزبدا که‌ به‌سه‌ر دوبه‌ره‌ی "موافق" و "مخالف"دا دابه‌ش بوو، "مخالف"ه‌کان به‌شی زۆریان که‌وتنه‌ لای باڵی جیابوه‌وه‌ و یان وه‌ک ده‌گوترا هه‌ڵوێستیان گرت و به‌شێکیشیان که‌ "مخالف" بوون به‌ڵام له‌دژی جیابونه‌وه‌ بوون یان له‌ جێی خۆیان مانه‌وه‌ یانیش دانیشتن و وازیان له‌ تێکۆشان هێناو دڵشکاوو نائومێدانه‌ چوونه‌وه‌ ژێر سێبه‌ری ڕژیمی داگیرکه‌ر.


له‌سه‌ره‌تای ئه‌و له‌ت بوونه‌دا، ئه‌ر‌گه‌رچی واده‌بینرا که‌ ساڕێژکردنی ئه‌و برینه‌ کارێکی چه‌توون و ئاسته‌مه‌، چونکه‌ دابڕان و ترازانه‌که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌‌ برینی قوڵی له‌جه‌سته‌ حزب کردو به‌ شێوه‌یه‌ک بوو که‌ زۆری پێنه‌چوو ده‌ستی براکان به‌خوێنی یه‌کتر سور بوو. به‌ڵام زۆری پێنه‌چوو که‌ برا هاوسه‌نگه‌ره‌کان له‌ خه‌و ڕاچه‌نین‌و وه‌خۆ هاتنه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش زۆر ‌زوو ته‌وژمی چاره‌خوازانه‌ له‌لایه‌ک و یه‌کگرتنه‌وه‌خوازانه‌ له‌ولای دیکه‌وه‌ چه‌که‌ره‌ی کرد. ئه‌م ته‌وژمه‌ پاش ڕوداوو تێکهه‌ڵچوونه‌ تاڵه‌کان و شه‌ڕه‌ بێزراوه‌کانی ڕاگه‌ێاندنی لاباڵه‌کان و ڕژانی خوێنی تێکۆشه‌ران، زیاتر په‌ره‌ی گرت. سه‌ره‌تای ئه‌م ته‌وژمه‌ به‌وه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌ که‌ ئه‌ندامان و تێکۆشه‌رانی حزب بازنه‌ی بایکوتکردنیان پساندو پێکه‌وه‌ که‌وتنه‌ وتووێژ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ به‌جۆرێک که‌ هزری چاره‌خوازی ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر ڕێزه‌کانی هه‌ردوو به‌شی حزبی ته‌نیه‌وه‌.



ئه‌وکات گه‌لێک که‌س له‌ ناو ریزه‌کانی حزبدا هه‌بوون که‌ پێانوابوو باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ باڵی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر ناوی خۆی بگۆڕێ. له‌ بیرمان نه‌چێ که‌ ئێستاش و ئه‌وکاتیش یه‌کێک له‌ به‌هانه‌کانی ناکۆکی و گرژیه‌کان هاوناویه. یا ڕوونتر بڵێم حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئێستاش و ئه‌وکاتیش ده‌ڵێن که‌ تا ئه‌وانه‌ی جیا بوونه‌وه‌ ناوی خۆیان نه‌گۆڕن له‌گه‌ڵیان دانانیشن. هزری ناو گۆڕین له‌ ناو ڕیزه‌کانی حدکا، ڕێبه‌رایه‌تی شوڕشگێر هه‌ر له‌ پاش کۆنفرانسی چواره‌وه‌ په‌یدا بوو. له‌ کۆنفرانسه‌کانی پێش کۆنگره‌ی نۆی ئه‌م حزبه‌ گه‌یشه‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بووبوه‌ بابه‌تی وتووێژو له‌ ناو بنکه‌و باره‌گاکانی حزب به‌ گه‌رمی قسه‌ی لێوه‌ده‌کرا. ئه‌گه‌رچی به‌ گۆڕینی "ناو" ده‌کرا ڕێ له‌شه‌ڕو ناکۆکی له‌ نێوان ئه‌م دوباڵه‌ی حزب بگیرێ و لانی که‌م ئه‌و به‌هانه‌یه‌ نه‌ده‌ما بۆ شه‌ڕه‌نگێزی، به‌ڵام خاوه‌نانی ئه‌م تێهزرینه‌ نه‌یان توانی سه‌رکه‌ون. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌ی زیاتر زه‌قکرده‌وه‌ که‌ ته‌نیا ڕێگه‌چاره‌ تێکه‌ڵبوونه‌وه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی هزری ناوگۆڕین، هزری یه‌کگرتووخوازانه‌ له‌ ناو ڕێزه‌کانی هه‌ردوو به‌شی حزبدا ڕۆژ به‌ڕۆژ په‌ره‌ی ده‌گرت به‌جۆرێک ئه‌م تێهزرینه‌ گه‌یشته‌‌ ڕیزه‌کانی سه‌ره‌وه‌‌.



ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب که‌ له‌ باشوری کوردستانی ئازاد نیشته‌جێ بوون به‌ باشی ده‌رکیان به‌م دۆخه‌ کردبوو. هه‌ر بۆیه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی دیکه‌یان له‌ باڵی به‌رامبه‌ر یه‌کدیان ده‌بێنی و ئاڵوگۆڕیی بیروڕایان ده‌کرد،به‌و ئاکامه‌ گه‌یشتن که‌ ده‌بێ له‌ شوێنێکه‌وه‌ ده‌ست به‌کار بن. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ ده‌ست به‌کار بوون و که‌وتنه‌ هه‌وڵدان و دیتنه‌وه‌ی ڕێچاره‌ بۆ گوڕپێدان به‌و شه‌پۆله‌ یه‌کگرتووخازانه‌یه‌. یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ده‌ستی پێکرد. له‌و کۆبوونه‌وه‌دا که‌ له‌ شاری ڕانیه‌ گرێدرا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان و دڵسۆزانی حزبی دیموکڕاتی کوردستان به‌شدار بوون، ده‌قێکیان بۆ بانگه‌وازه‌که‌ په‌سه‌ندکرد. پاشان ده‌ستکرا به‌ کۆکردنه‌وه‌ی واژۆ له‌ ڕانیه‌، قه‌ڵادزێ، سه‌نگه‌سه‌ر، ژاراوه‌و چوارقوڕنه‌. کاتێک که‌ ژماره‌ی واژۆکان گه‌یشته‌ 112 واژۆ، بڕیاردرا که‌ هه‌نگاوی دوهه‌م که‌ گه‌یاندنی بانگه‌وازه‌که‌یه‌ به‌ واژۆکانه‌وه‌ به‌ ڕێبه‌رانی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکڕات، ده‌ست پێبکرێ. ئه‌وه‌بوو له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ (2/3ی مارچی 1995) گه‌یاندرایه‌‌ هه‌ردوو ڕێبه‌رایه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستان. ئه‌م هه‌وڵانه‌ تا دڵنیابوون له‌ به‌ ئاکام گه‌یشتن به‌رده‌وام بوون.


له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین په‌رتووک سه‌باره‌ت به‌ مێژووی حزبی دیموکرات چاپ و بڵاو بوونه‌وه‌. دیارترینیان هه‌ردوو په‌رتوکی نیوسه‌ده‌ تێکۆشان نوسینی به‌ڕێز عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌ و په‌نجاساڵ خه‌بات نوسینی ڕێزدار جه‌لیل گادانی‌یه‌. له‌ هیچکام له‌و کتێبانه‌دا باسی ئه‌م هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ نه‌کراوه‌. ساڵی 2006 له‌ سه‌ردانێکم بۆ کوردستان، ئه‌و گله‌ییه‌م له‌کاک جه‌لیل گادانی کرد که‌ که‌م وزۆر هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌و هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌و مێژووییه‌ی ئه‌ندامانی حزب له‌ کتێبه‌که‌یدا نه‌کردوه‌. به‌ڕێزێشیان هۆکاره‌که‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ له‌به‌رده‌ستا نه‌بوونی به‌ڵگه‌کان!. پاشتر له‌سه‌ر داوای کاک جه‌لیل له‌‌ساڵی 2007 دا وێڕای نامه‌یه‌ک، سێ به‌ڵگه‌ی تایبه‌ت به‌و هه‌وڵانه‌م بۆ نارد به‌و هیوایه‌ی که‌ وه‌ک به‌شێک له‌ تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌ندامانی حزب له‌ مێژووی حزبدا ئاماژه‌ی پێبکرێ. کاک جه‌لیل له‌ نامه‌یه‌کدا سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵگه‌کان بۆی نوسیبووم که‌: "ئه‌وه‌ ڕاسته‌ هه‌وڵی ئێوه‌ هاوڕێیانی حیزبی ئه‌و کاتی دانیشتووی باشوور بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ زۆر به‌که‌ڵک بوو. منیش حه‌زم ده‌کرد کاتی خۆی وه‌ک هێندێک به‌ڵگه‌ی دیکه‌ له‌به‌رده‌ستم دابان و له‌ کتێبه‌که‌دا گونجاندبام به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌مبوون. ئێستاش ئه‌وه‌ خه‌ریکه‌ به‌رگی یه‌ک و دووی په‌نجاساڵ خه‌بات به‌یه‌که‌وه‌ چاپ ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌سمیمی کۆتایی نه‌کرابێ هه‌وڵده‌ده‌م له‌م چاپی سێهه‌مه‌دا جێ‌یان بکه‌مه‌وه‌. ئه‌گه‌ریش ته‌واو بووبێ، ئه‌وه‌ له‌لای خۆم ڕایان ده‌گرم و بۆ دواتر ئه‌گه‌ر چاپ بۆوه‌ ئه‌وه‌ تێ‌یان‌داوێم، ئه‌گه‌ر واش نه‌گونجا واده‌که‌م له‌ گۆڤارێک یان جێگایه‌کی‌تردا بڵاوو ببێته‌وه‌." تا ئێستا به‌داخه‌وه‌ له‌ هیچ شوێنێک ئه‌م به‌ڵگانه‌ بڵاو نه‌کراونه‌وه یان من نه‌م دیوون. سه‌باره‌ت به‌م هه‌وڵانه‌‌ش جگه‌ له‌ یه‌ک دوو شوێن، که‌ سه‌باره‌ت به‌م هه‌وڵانه‌ لێدوانیان داوه‌ یان گێڕاویانه‌ته‌وه شتێکی ئه‌وتۆ نابینرێت‌‌.


هه‌روه‌ک گوترا تێكۆشانی دڵسۆزانه‌و لێبڕاوانه‌ی "ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ١١٢ كه‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی حزبی دیموكراتی كوردستان"‌ یه‌كه‌مجار به‌ بانگه‌وازێك ده‌ستی پێكردو پێش بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی ناوهێنراوه‌وه‌ سه‌ره‌تا له‌ ڕۆژی ١٢ی ڕه‌شه‌ممه‌ گه‌ینداریه‌ ده‌فته‌ری سیاسی حدكا،ڕش. ‌ ئه‌وكات له لایه‌ن كاك حه‌سه‌ن ڕستگاره‌وه‌ پێشوازی كراین و هه‌ر له‌ پێشوازییه‌كه‌شدا به‌ پێكه‌نیه‌وه‌ گوتی: "ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ده‌نه‌ له‌ ڕێبه‌رایه‌تی عاقڵتره!‌" و دواتریش باسی گرنگی و بایه‌خی ئه‌و هه‌نگاوه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ی كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی حزب خۆیه‌وه هه‌ڵدهێنرێته‌وه‌. دیاره‌ ناوبراو ئه‌وه‌شی به‌گوێدا چرپاندین كه‌ سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی كاره‌كه‌مان ڕه‌نگه‌ مێژوو ئه‌مه‌مان بۆ نه‌نوسێ. له‌ ڕاستیدا كاتێك كتێبه‌كه‌ی به‌ڕێزان حه‌سه‌نزاده و گادانیشم خوێنده‌وه‌، به‌ خۆمم گوت، ده‌ڵێی گوێیان له‌ په‌یڤه‌كه‌ی كاك حه‌سه‌ن بوه وا ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و ماندوبوونه‌ی ئێمه‌یان نه‌دیوه‌‌. ‌هه‌ر له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌که‌مان ڕۆژی دواتر بۆ نیوه‌ڕۆیه‌كه‌ی هه‌ر له‌ لایه‌ن هه‌مان ده‌سته‌وه ‌گه‌یاندرایه‌ كۆیه‌. ‌ له‌ كۆیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد كه‌ ئه‌ندامێكی ده‌فته‌ری سیاسی پێشوازیمان لێبكات و بانگه‌وازه‌كه‌مان لێوه‌ربگرێ. چاوه‌ڕوانیه‌که‌مان وه‌ک پێویست نه‌هاته‌‌دی. سه‌ره‌‌تا كاك ڕه‌حمان كاژه‌یی كه‌ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی حزب بوو له‌ كۆیه پێشوازی كردین و زۆریش به‌گه‌رمی وه‌ریگرتین. ده‌فته‌ری سیاسی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بۆخۆیان له‌ بنکه‌ی‌ ده‌فته‌ری سیاسی بمان بینن کاک چه‌کۆ ڕه‌حیمی که‌ به‌رپرسی به‌شی ئه‌منیه‌تی ئه‌وکاتی حزب بو ناردیان بۆ بنکه‌ی پێوه‌ندییه‌کان بۆ بینینی ئێمه‌. له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ هه‌رچه‌ند لێیان دڵمه‌ند بووین (دڵمه‌‌ندییه‌كه‌ له‌‌‌وه‌ نه‌بوو كه‌ خۆشیمان له ناوبراو نه‌یه‌ت، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ڕاده‌ی گرینگی پێدانی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و به‌شه‌ بوو) به‌ڵام دیسانیش پێمان وابوو كه‌ مادام ده‌فته‌ری سیاسی ناردویه‌تی خۆی له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌کی ئه‌رێنیه‌و جێگای دڵخۆشیه‌.


لێره‌دا نامه‌وێ گشت ڕوداوه‌که‌ و چۆنیه‌تیه‌‌که‌ی به‌ وردی له‌ ئێستادا بنوسم. چونکه‌ ڕوداوه‌کانی ئه‌وکات و هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌‌ی تاکه‌کانی نێو حیزب و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب که‌ له‌ شاره‌کانی باشوری کوردستان ده‌ژیان‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌که‌ی ئێمه‌ له‌و کاتدا زۆر هه‌ڵده‌گرێ و له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ ئه‌و هه‌و‌ڵانه‌ ئه‌نجامدران گه‌لێك په‌یڤ لێره‌و له‌وێ ده‌گوتران و ده‌بیستران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ باسکردنی به‌وردی ڕه‌نگه‌ نامێلکه‌ یان کتێبێکی لێ چێ ببێ و ئه‌مه‌ش له‌مه‌به‌ستی ئه‌م نوسینه‌ به‌دوره‌. ده‌کرێ به‌ کورتی بڵێم که‌ گشت لایه‌ک دڵیان به‌ هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌ خۆش بوو و ڕۆژانه‌ ڕوبه‌ڕوی پرسیاری "چیتان کرد؟" یان "به‌ کوێ گه‌یشت؟" و "ده‌نگوباسی نوێ چیه‌"ده‌بوینه‌وه‌. ئه‌و کاتانه‌ش که‌ سه‌ردانی کۆیه‌مان ده‌کرد له‌ دوڵێ و ڕانیه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌کردین تا هه‌واڵێ نوێیان بۆ بهێنین.



به‌‌کورتی ئه‌وه‌ی هانیدام که‌ ئه‌م به‌ڵگانه‌ بڵاوبکه‌مه‌وه‌ دوو شت بوو. یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی به‌بڵاکردنه‌وه‌یان له‌ فه‌وتان ڕزگاریان بکه‌م، چونکه‌ له‌ ڕاستیدا زۆری نه‌مابوو ساڵی پار بفه‌وتێن به‌ هۆی سوتانی ماڵه‌که‌مه‌وه‌. دوهه‌میش به‌ بیانوی ساڵڕۆژی له‌تبونه‌‌وه‌ی حزبی دیموکرات، یادێک له‌و هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌و شێلگرانه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب بکه‌مه‌‌وه‌، به‌مه‌ش وه‌ک ئه‌زمونێکی نێوخۆی حزب که‌ نزیک به‌ شانزده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش ڕویداوه‌ بیخه‌مه‌ به‌رچاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌دان و به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان کاری بۆ ده‌که‌ن. له‌ کۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌کورتی باسی لایه‌نه‌ گرینگه‌کانی ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌و کاتدا بکه‌م.


جێی ئاماژه‌یه‌ که‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب له‌ شاری سلێمانیش به‌ بانگه‌وازێک که‌واژۆی 96 که‌سی له‌سه‌ر بوو پشتگیری هه‌وڵه‌کانی ئێمه‌یانکرد. به‌داخه‌وه‌ من وێنه‌ی بانگه‌وازه‌که‌ی ئه‌ندامان و دۆستانی حزب له‌ شاری سلێمانیم نیه‌ تا لێره‌دا بیگونجێنم. ده‌قی بانگه‌وازه‌که‌ی سلێمانی له‌ لایه‌ن کاک فه‌ڕوخ نێعمه‌تپوور و کاک ڕێبوار که‌ریمیه‌وه نوسرابوو. نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ کاک کاوه‌ که‌ریمی به‌شێکی واژۆکانمان کۆکردنه‌وه‌.


پێم وایه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب‌ نه‌ك هه‌ر بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ مێژووی تێكۆشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان، به‌ڵكوو له‌ ڕاستیدا وانه‌یه‌كیشه‌ كه‌ نه‌وه‌ی نوێ ده‌كرێ لێی فێر بن. به‌داخه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی ئێمه‌ و ڕێبه‌رایه‌تیه‌كه‌ی به‌جۆرێك پڕشوبڵاو بوه‌ كه‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ و كه‌ڵك لێوه‌رگرتنی ئه‌مڕۆییانه له‌و جۆره‌ ئه‌زموونانه‌، زۆر به‌ مکوری هه‌ستی پێده‌كرێ.


لێره‌دا سێ به‌ڵگه‌ی پێوه‌ندیدار به‌و هه‌وڵه‌ لێبڕاوانه‌یه‌ که‌ له‌به‌رده‌ستمدان بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. دوو له‌و به‌ڵگانه‌ کاتی خۆی بڵاوکراونه‌ته‌وه. به‌ڵگه‌یه‌کیشیان نامه‌یه‌که‌ و له‌‌ هیچ شوێنێک بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌. هه‌رکام له‌ به‌ڵگه‌کان به‌کورتی ده‌ناسێنم و کۆپی به‌ڵگه‌کان به‌شێوه‌ی وێنه‌ داده‌نێم و ده‌قه‌کانیان ده‌نوسمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ به‌ڵگه‌کان به‌ جوانی نه‌خوێندرێنه‌وه‌.
به‌ڵگه‌كان بریتین له‌:


· بانگه‌واز: خالید عه‌زیزی به‌ هاوهزری جه‌مال فه‌تحیان نوسیویه‌تی. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی هه‌ردوولادا گیرا، وه‌ك ده‌قی بناخه‌ خوێندرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاشان له‌ لایه‌ن به‌شداربوانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بوچونیان هه‌بوو، لێی زیادو كه‌م بكرێت. ده‌قه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ په‌سه‌ند کرا. دیاره‌ به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی باڵی (حدكا) له‌وه‌ ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو که‌ ناوی دوکتور قاسملوو له‌ بانگه‌وازه‌که‌دا وه‌به‌ر چاو ناکه‌وێ! و پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرت که‌ ده‌بێ ناوی دوكتور قاسملووی تێدا بگونجێندرێ‌. ئه‌ندامانی (حدكا، ڕش) ێش پێیان له‌سه‌ر پێویست نه‌بوونی داده‌گرت. ورده‌ورده‌ له‌وه ده‌چوو ئه‌مه‌ ببێته‌ کێشه‌. سه‌ره‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵێكی هێوركه‌ره‌وانه درا بۆ ئه‌وه‌ی ڕازیان بكه‌ین به‌بێ ده‌ستکاری و زیادکردن بانگه‌وازه‌که‌ واژۆ بکرێ، به‌ڵام كورد گوته‌نی "قسه‌ قسه‌ دێنێ"، خه‌ریك بوو ڕه‌وته‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ پاڵبندرێ. پاش هێنان و بردنێكی زۆر سه‌ره‌نجام به‌زیادكردنی چه‌ند دروشم له خواره‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ چاره‌ی كێشه‌كه‌مان كرد[1]





بۆ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوی خه‌بات و کۆڵنه‌دان!

هه‌روه‌ک لای هه‌مووان ئاشکرایه‌ که‌ حزبی خۆشه‌ویستمان ، ماوه‌ی نزیک به‌ نیوسه‌ده‌ خه‌باتی بێ وچانی خۆی تێ‌په‌ڕ ده‌کات. له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ هه‌ردوو ڕژیمی ڕژیمی شاو کۆماری ئیسلامی پێ‌شێلکه‌ری مافه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تی و ئینسانی گه‌له‌که‌مان بوون، حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌م خه‌باته‌ بێوچانه‌ی‌دا که‌ به‌رده‌وام له‌ کاتی تامه‌زرانی حیزبه‌وه‌ تا ئێستا شێلگیرانه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، قوربانی زۆری پێشکه‌ش کردووه‌و سه‌روه‌ری زۆری له‌ لاپه‌ره‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان‌دا تۆمار کردوه‌، و به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ڕه‌شی ڕژیمی ئاخوندی‌دا، هه‌روه‌ک ڕابردوو که‌ که‌ پێ‌شێل کردنی مافه‌ به‌رهه‌قه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان زیاترو چروپڕتر له‌ پێشوو به‌رده‌وام بوه‌و حزبیش شێل‌گیرترو سورتر له‌ خه‌باتو تێکۆشانی بێ ئه‌مان‌دا بوه‌.

ئێستاش که‌ ماوه‌ی نزیک به‌ حه‌وت ساڵه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حیزبه‌ی که‌ جێی هیواو هومێدی گشت خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ی کوردستانی ئێران بوو له‌ ئه‌نجامدا توشی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکی هاتووه‌، و به‌داخه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و ناکۆکی‌یه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ بۆته‌ هۆی نائومێدی و دڵساردی له‌ نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و له‌ لایه‌کی‌تره‌وه‌ دوژمن واته‌ جمهوری ئیسلامی و گشت دوژمنانی گه‌له‌ چه‌وساوه‌که‌مان پێی خۆش بوون و که‌ڵکیان له‌م هه‌له‌ وه‌رگرتوه‌.

له‌م کاته‌دا که‌ خه‌باتی گه‌له‌که‌مان به‌ قۆناخێکی ئاسته‌م و له‌هه‌مانکاتدا چاره‌نوس سازو مێژوویی‌دا تێ‌ده‌په‌ڕێ، ئه‌رکی گشت ڕۆڵه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی ئه‌م گه‌له‌ سته‌م دیده‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌ پێشوو بیر له‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکاته‌وه‌. له‌م ڕوانگه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی مێژوویی خۆی هه‌ستێ که‌ ئه‌وه‌ ویستی گشت ڕۆڵه‌کانی گه‌ل و دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌.

له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پیرۆزه‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دانیشتوو له‌ حیزب و نیشته‌جێ له‌ کوردستانی باشور، له‌گه‌ڵ پشتیوانی ده‌ربڕین له‌ بانگه‌وازه‌که‌ی 180کوردی دانیشتووی ولایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێین:
سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانی گه‌لی سته‌م‌دیده‌ی کورد، له‌ یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتویی تێکۆشه‌ره‌کانی‌دایه‌و بۆیه‌ش یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێویستی‌یه‌کی مێژوویی و به‌په‌له‌یه‌ له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ست کردن به‌ مه‌سئولیه‌تی مێژوویی و ده‌رکی واقعی ئه‌م قۆناغه‌ی خه‌باتمان ئه‌و داواکاری‌یه‌مان ده‌خه‌ینه‌ پێش چاوی ئێوه‌ی سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو به‌شی حزبمان و ئه‌و چاوه‌ڕوانی‌یه‌شمان هه‌یه‌ که‌ ئێوه‌ش به‌نیه‌ت‌و بیری کوردانه‌ و دڵسۆزانه‌تان‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی بارودۆخی بزاڤی کوردایه‌تی، بۆ گه‌یشتن به‌م ویست و مه‌به‌سته‌ که‌ مه‌به‌ستی هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و گشت تێکۆشه‌ره‌ وریاکانیه‌تی، هه‌وڵ بده‌ن.
سڵاو له‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی شه‌هیدانی نه‌مر پێشه‌وا قاضی و قاسملوو و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان
وه‌ڵامدانه‌وه‌تان به‌م بانگه‌وازه‌، وه‌فاداری‌یه‌ به‌ خوێنی گشت شه‌یدانی سه‌رکرده‌، صادق شه‌ره‌فکه‌ندی، عه‌لی کاشفپوور، عه‌ىدوڵڵا شه‌ریفی، شاپوور فیروزی، فتاع عه‌بدولی، عوسمان فتاعی، عه‌بدوڵا قادری، ڕه‌شاد حسێنی، غه‌فوور هه‌مزه‌یی و سدیق فیروزی.

112که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌ةگرانی هه‌ردوو باڵی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
12/12/1373


· نامه‌یه‌كی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ١١٢كه‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ ده‌فته‌ری سیاسی حدكا. خالید عه‌زیزی نوسیویه‌تی و واژۆی سێ كه‌سی دیكه‌ی له‌سه‌ره. ‌ئه‌وكاته‌ (حدكا) خه‌ریكی كۆنگره‌ بوون و ئێمه‌ش بریارماندا نامه‌یه‌كیان بۆ بنێرین. پێمان وابوو له‌ ڕۆژانی كۆنگره‌دا ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌توانێ وبیر هێنه‌ره‌وه‌و پاڵنه‌ر ‌بێ و زیاتر لایه‌نگرانی یه‌كگرتنه‌وه‌، جۆش بدات. پاش ناردنی نامه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی حدکا وه که‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112که‌سه‌که‌ بوون، هه‌واڵمان پێگه‌یشت كه‌ نامه‌كه‌ له‌ ناو كۆنگره‌ ده‌ستاوده‌ستی پێكراوه و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌که‌یه‌:


به‌رێز ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران!
سڵاوی خه‌بات و به‌رخودان!

ده‌رک پێکردنی ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌مانی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پیای تێپه‌ڕده‌بێت، ئێمه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبی والێکرد که‌ بیرێک له‌ چاره‌نوسی حزبه‌که‌مان بکه‌ینه‌وه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ بانگه‌وازێکمان ئاراسته‌ی هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی حزبمان کردو تیایدا: ئاسته‌م بوونی هه‌لومه‌رجی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان و سه‌ختی ئه‌م قۆناخه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌مان و چاره‌نوس‌سازی ده‌رفه‌ته‌که‌ پێی له‌سه‌ر داگیراوه‌ و ته‌کید له‌سه‌ر پێویستی به‌په‌له‌ی مێژوویی کراوه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شی حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. هه‌ر ئه‌و پێویستیه‌ به‌په‌له‌شه‌ ئێمه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون هانده‌دا له‌ سه‌ردانمان بۆ لای به‌ڕێزتان. هه‌روه‌ک له‌ دیداره‌کانی پێشومان جار له‌جار دڵخۆش و هیوادارتر بووین به‌وه‌ی که‌ ئێوه‌ش به‌ دڵسۆزیه‌وه‌ له‌بیری دۆزینه‌وه‌ی چاره‌ن بۆ کێشه‌که‌و ئه‌وه‌ش ئێمه‌ی بۆ به‌رده‌وامی و سورترو دڵگه‌رمتر کردوه‌.

هه‌روه‌ک چۆن له‌ سه‌ردانیشمان بۆ مه‌کته‌بی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی کوردستانی ئێران، ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێردا ئه‌وه‌یان بۆ دووپات کردینه‌وه‌ که‌ ئاماده‌ن له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ومه‌به‌سته‌دا له‌ هیچ هه‌وڵێک درێخی نه‌که‌ن و پێشیان وابوو که‌ وتووێژو پێکه‌وه‌ دانیشتن ده‌توانێ زۆرتر له‌ هه‌ر هه‌وڵێکیتر به‌ ئاکام بگات.


له‌سه‌ردانی نه‌ورۆزیمان دا بۆلای به‌ڕێزتان نه‌مانتوانی به‌ دیدارتان شادبین و له‌ ڕێگای به‌ڕێز مامۆستا عبدالر‌حمن نه‌وه‌ پیرۆزبایی نه‌ورۆزی و هاوده‌ردی بۆ ڕاگرتنی ڕایۆمان ئاراسته‌ کردن و هه‌ر له‌ ڕێگای ئه‌و به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ڵێنمان وه‌رگرت که‌ له‌ کاتێکی نزیک دا به ده‌رفه‌تمان بۆ بڕه‌خسێنن تا به‌خزمه‌ت بگه‌ین و بتوانین هه‌ندێک بۆچونی دیکه‌ی براده‌رانی ڕێبه‌رایه‌تی تان بۆ باس بکه‌ین که‌ له‌ دانیشتنی ئێواره‌ی نه‌ورۆزدا باسیان کردوه‌ که‌ چاکتروابوو زوتر بۆتانی باس بکه‌ین.


گرینگی مه‌وضوعه‌که به‌لای خه‌ڵکه‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی کارێکی وه‌های کردوه‌ که‌ هه‌موو به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئێوه‌ن. به‌و هیوایه‌ی وڵامی ئێوه‌ پڕبه‌ پێستی ویستی کۆمه‌ڵانی تینوی خه‌ڵکی کوردستان بێت. به‌ دڵنیابوون له‌ دڵسۆزیتان، چاوه‌ڕێین.

بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌کبوون و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردووبه‌شی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی112که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی حزبی دیموکراتی کوردستان

22ی خاکه‌لێوه‌ی 1374
واژۆکان :
کوێخامحه‌ممه‌د مسته‌فا پوور، عه‌لی شه‌خسی، مه‌لاچه‌ته‌ و خالید عه‌زیزی

· مژده: مژده‌ی به‌ ئاكام گه‌یشتنی هه‌وڵه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ڕاگه‌ینرا. ده‌قه‌كه‌ خالید عه‌زیزی نوسیویه‌تی و واژۆی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی پێوه‌یه‌.


کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان


هه‌روه‌ک ئاگادارن له‌ ڕێکه‌وتی 12/12/1373ی هه‌تاوی بانگه‌وازێکمان به‌ ئێمزای صه‌دودوانزه‌ که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ کوردستانی باشوور بڵاوکرده‌وه‌. ئه‌م بانگه‌وازه‌ به‌ هۆی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112که‌سه‌که‌وه‌ گه‌یه‌ندرایه‌ هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسی به‌ڕێزی حزب که‌ تیایدا داواکرابوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و پێویستیه‌ مێژووییه‌ی که‌ خه‌باتی ئێستای نه‌ته‌وه‌که‌مانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ به‌رده‌وام خوازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن.

بێگومان پێش ئێمه‌ش ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌بوون و زۆر بانگه‌وازو تکاوڕجا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی دۆستی کوردو حزبه‌ کوردستانیه‌کان و که‌سایه‌تی دیکه‌وه‌ کراوه‌و پێ له‌سه‌ر پێویستی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو به‌شی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داگیراوه‌. به‌دوای بانگه‌وازه‌که‌ش زۆر له‌ ئه‌ندامانی حزب له‌ کوردستانی باشورو دۆستانی حزب هه‌ر لێره‌ پشتیوانیان له‌ بانگه‌وازه‌که‌ی ئێمه‌ کردو داخوازییه‌که‌ بوو به‌ داخوازی گشت دڵسۆزانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران به‌ ئه‌ندامانو لایه‌نگرانی حزبیشه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌سته‌‌‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112 که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب به‌به‌رده‌وامی له‌هه‌وڵی بێ وچان و بێ ماندووبووندابون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ویسته‌ به‌رحقه‌ی هه‌موان بێته‌دی...له‌ چه‌ندیین دانیشتن دا له‌گه‌ڵ هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسی به‌ڕێز داوای دڵسۆزانه‌ی خۆمان ئاراسته‌کردن و ته‌ئکیدمان له‌سه‌ر پێویستی به‌په‌له‌ی مێژوویی کرده‌وه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوولاو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش که‌ هه‌ردوولا پێویسته‌ پێکه‌وه‌ دابنیشن و فه‌زایه‌کی برایانه‌ دروست بکه‌ن و پاشان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی یه‌کگرتنه‌وه‌که‌ وتوێژ بکه‌ن، پێمان داده‌گرت چونکه‌ پێمان وابوو ئێستاش له‌و بڕاویه‌داین که‌ ناکۆکی نێوانیان ئه‌وه‌نده‌ زه‌ق و گرینگ نین که‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا له‌ دڵسۆزی هه‌ردولایان بۆ کێشه‌که‌ و تێگه‌یشتنیان له‌ پێویستیه‌کانی ئێستای خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆی ڕه‌خساوه‌دڵنیابوین. سه‌ره‌نجام پاش هه‌وڵی به‌رده‌وامی هه‌موو لایه‌ک و ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112 که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب به‌ خۆشیه‌کی ته‌واوه‌وه هه‌ردو ده‌فته‌ری سیاسی له‌ باره‌گاکانی یه‌کتری به‌بێ مداخله‌ی که‌سایه‌تی یا احزابی دیکه‌ یان لایه‌نی سێهه‌م پێک گه‌یشتن و له‌ جه‌وێکی هاوڕێیانه‌ی گه‌رم‌دا چه‌ندین سه‌عات پێکه‌وه‌ دانیشتن و بێگومان ئه‌م دانیشتنانه‌ سه‌ره‌تایه‌کی مژده‌ به‌خشه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌و تێکه‌ڵ بونه‌وه‌ی ئێجگاری هه‌موو تێکۆشه‌رانی دیموکرات له‌ یه‌ک ڕیزی یه‌کگرتودا به‌م کاره‌ش له‌ لایه‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی مه‌زن له‌ خۆشیان شاگه‌شکه‌ ده‌بن و به‌م بۆنه‌وه‌ شایی ده‌که‌ن و پیرۆزبایی له‌یه‌کتری ده‌که‌ن و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌م کاره‌ هه‌مو پیلانه‌ گڵاوه‌کانی دوژمن پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه له‌مه‌ڕ زیاتر له‌ت و په‌ت کردنی حزبی دیموکڕات و ناکۆکی نانه‌وه‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی داو مشتێکی پته‌ووقایمه‌ بۆ لمبۆزی سه‌رانی دژی کوردی کۆماری نگریسی ئیسلامی ئێران.

به‌م بۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌ێاندنی ئه‌م مژده‌ به‌ کۆمه‌ڵانی تێکۆشه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی سته‌م دیده‌، به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه‌ پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گشت ئه‌ندام و لایه‌نگرو کادرو پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموکڕاتی کوردستان و گشت دڵسۆزانی حزب و نه‌ته‌وه‌که‌مان و هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین و هیوادارین جێژنی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوبه‌شی حزبمان ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ جۆشدانه‌وه‌ێ هه‌رچی زیاتری خه‌باتی گه‌له‌که‌مان له‌ گشت بواره‌کان‌داو هه‌نگاونانی جیدیی و عه‌مه‌لی به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ییمان.
بۆ پێشه‌وه‌


ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی سه‌دودوانزه‌که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردو به‌شی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ کوردستانی باشور


واژۆکان: کوێخا محه‌ممه‌د مسته‌فاپوور، عه‌لی شه‌خسی، عه‌بدوڵا قه‌ڵاتاسیان، جه‌مال فه‌تحیان، محه‌ممه‌د گۆمانی(مه‌لا چه‌ته‌) خالید عه‌زیزی و فه‌قێ عه‌وڵای قه‌له‌ڕه‌شێ.


گرنگی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب




1. یه‌كه‌مجار بوو له‌نێوخۆی حزب ئه‌ندامان ولایه‌نگرانی حزب بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی حزب ده‌ست بده‌نه‌ كارێكی شارستانیانه‌ و پێشم وایه‌ له‌ مێژووی رێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و بزاڤی نه‌ته‌وییماندا وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاوامان نیه. له‌وه‌ش دڵنیام گۆڕه‌پانه‌كه‌ ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی تێدا بوو. وه‌ك ده‌زانن، له‌ لایه‌ك شه‌ڕی نێوخۆیی بڕستی له‌ ئه‌زموونی باشوری كوردستان بڕیبوو داگیركه‌رانی كوردستانیش هه‌موو هه‌ولیان ئه‌وه‌بوو كه‌ ڕێگه‌ له‌ وێستانی شه‌ر بگرن و به‌ هه‌موو ئامرازێك گه‌رمیان داده‌هێنا و له‌و لایدیكه‌شه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان وه‌گه‌ڕ خستبوو كه‌ هه‌رچی زیاتر بێهیوایی بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ بكه‌ن.

2. ڕاسته‌ هه‌وڵی دیكه‌ درابوون و له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ئێمه‌شدا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێكیان كراوه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ ڕوی جێگه‌و پێگه‌ی هه‌وڵده‌ره‌وه‌كانه‌وه بایه‌خ و گرنگی خۆیان هه‌‌بێت و گۆمانیش نیه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان خێرو بێری حزبی دیموكرات وبزاڤه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان بوه،‌ به‌ڵام بایه‌خی هه‌وڵه‌كه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچکام له‌ هه‌وڵده‌ره‌کان به‌ڕاده‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب دڵسۆزی حزب نه‌بوون و تامی تاڵی ئه‌و لێكجیاییه‌و ئاكامه‌كانیان هه‌ست پێنه‌كردبوو. بۆیه‌ش دڵسۆزی ئه‌وان بۆ كێشه‌كه‌ و هه‌ستكردن به‌ به‌‌پرسیاریه‌تی و لێبراویان بۆ به‌ ئاكام گه‌یاندنی، ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانی دیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌.

3. هه‌وڵه‌كه‌ی ئه‌ندامانی حزب تا به‌ ئاكام گه‌یاندنی به‌رده‌وام بوو. به‌ واته‌یه‌کی دیکه‌ ده‌ستپێکی ئه‌و هه‌وڵه‌ وه‌ک چه‌خماخه‌یه‌ک بوو که‌ له‌ نێوخۆی حزبیشدا بوه‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی به‌تاک و به‌ کۆ، له‌سه‌ره‌وه‌ بۆخۆاره‌وه‌ی حزب گوڕ به‌ هه‌وڵه‌کان بدرێ. ئه‌وه‌ی ده‌‌شگه‌‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م ده‌سته‌یه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستپێکه‌وه‌ زۆر شێلگیرانه‌ ده‌ستی پێکردو به‌ هه‌ر دوولاش گوترا که‌ تا کۆتایی و به‌ ئاکام گه‌یشتن به‌رده‌وام ده‌بێت و واز ناهێنین، هه‌رواش بوو. سه‌ره‌ڕای سه‌ردانی به‌رده‌واممان به‌شێوه‌ی فه‌رمی بۆ لای هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تی، له‌ نێوان سه‌ردانه‌کانیشمان به‌رده‌وام له‌ پێوه‌ندیی نزیک دابووین له‌گه‌ڵ دۆست و هاوڕێیانمان له‌ هه‌ردوولا و هانمان ده‌دان بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌رکه‌س له‌ ئاستی خۆی پشتگیری له‌م هه‌وڵه‌ بکات و له‌ هه‌وڵی لابردنی کۆسپه‌کاندا بێ، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری زۆری هه‌بوو.

4. ئه‌م هه‌وڵانه‌ بێگومان تێچونی خۆیان هه‌بوو. ئه‌وکات زۆربه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب له‌ دۆخێکی شپرزه‌ی ماڵیدا بوون. به‌ڵام ئاماده‌ بوون بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌که‌یان هه‌ر نرخێت پێویست بێ بیده‌ن.


5. باسنه‌کردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌و لێبڕاوانه‌یه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزب له‌ لایه‌ن نوسه‌رانی تا ئێستای مێژووی حزبه‌وه‌ له‌ بایه‌خی ئه‌م هه‌وڵانه‌ که‌م ناکاته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی حزبی دیموكراتدا باسبکرانایه‌ نرخی ئه‌م مێژوه‌ كه‌ مێژووی خه‌باتی حزبێكه‌ ده‌برده‌سه‌ر. حزبێک ئه‌گه‌ر شانازی به‌دڵسۆزی تێکۆشه‌رانی خۆی بکات بێگومان بایه‌خی خۆش ده‌باته‌سه‌ر. ‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ ناوخۆی حزبه‌وه‌ جۆرێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ بوو له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ مه‌به‌ست و ئامانجێك كه‌ ئه‌ویش یه‌كگرتنه‌وه‌ بوو. به‌دیوێكی دیكه‌دا له‌ هه‌ناوی ترسێكی ڕه‌وا له‌ دواڕۆژێكی ناڕون و ته‌مگرتووی بزاڤی نه‌ته‌ویی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمانه‌وه‌ هه‌وێنی دروست بوونی شه‌پۆلێكی چاره‌خواز بۆ پێشگرتن له‌ ئه‌گه‌ره‌ ترسێنه‌ره‌كانی داهاتوو كه‌ ڕۆژانه‌ دیوێكی ئه‌و فیلمه‌مان له‌ ئاوێنه‌ی باشوری نیشتمانه‌وه‌ ده‌دی، پێكهات. بۆیه‌، نوسینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌هه‌وڵانه‌ پیشاندانی جۆڕێك شانازیشه‌ كه‌ حزب له‌ نێوخۆیدا ئه‌م شێوه‌ خه‌باته‌ مه‌ده‌نیانه‌ی ئه‌زموناندوه‌. هیوادارم ئه‌وانه‌ی مێژووی حزبیان نوسیوه‌و ده‌ینوسنه‌وه‌، ئه‌م بایه‌خ و گرنگیه‌ هه‌ست پێبکه‌ن و له‌ داهاتوودا ڕچاوی بکه‌ن.

له‌ کۆتاییدا، ‌ ده‌بێ پێ له‌و ڕاستیه‌ بنێین که‌ به‌داخه‌وه‌ لێكدابڕان و چوك بوونه‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه‌، هه‌ر ئێستا ته‌نگی به‌ داهاتووی بزاڤی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان هه‌ڵچنیوه‌. بۆیه‌ش هێنانه‌وه‌ به‌ر باسی ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌و یاد لێكردنه‌وه‌یان ده‌توانێ هانده‌ر و پاڵنه‌رێکی باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا كه‌ كێشه‌كان ڕۆژانه‌ گه‌رمتر ده‌بن و به‌داخه‌وه‌ كه‌متر که‌سێک هه‌ڵده‌که‌وێ که‌ له‌ئاستی سه‌ره‌وه‌ هزری چاره‌سه‌ری به‌ لایدا تێپه‌ڕێ، جموجۆڵێكی دڵسۆزانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ی ڕیزه‌کانی حزب و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کانی پێ‌ دنه‌ بدرێ. ئه‌م هه‌وڵه‌ خۆمانه‌یه‌ی ڕیزه‌کانی حزب که‌ شانزده‌ ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ ڕویدا ده‌کرێ له‌مڕۆدا ده‌رسی لێوه‌ربگیرێ. به‌مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌وه‌ ڕیزه‌کانی حزبن که‌ ده‌توانن ڕێبه‌ری و کادره‌ ناڕازیه‌کانی سه‌ره‌وه‌ که سنگیان ناوه‌ته‌ به‌ر شه‌پۆلی یه‌کیه‌تی خوازانه‌و چاره‌خوازانه‌ی دڵسۆزانی حزب و بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌واکه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ناچار بکه‌ن که‌ یان تێکه‌ڵ به‌شه‌پۆله‌که‌ ببن و یانیش له‌سه‌ر ڕێی شه‌پۆله‌که‌ وه‌لاکه‌ون. گه‌ر تێکۆشه‌رانی ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ی حزب و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان، ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌زموونی تاڵی له‌توپه‌ت بوون و پڕشوبڵاویان تاقیکردۆته‌وه‌ به‌شێویه‌کی یه‌کگرتوانه‌ و له‌هه‌مانکاتدا دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌وڵی لابردنی به‌ربه‌سته‌کاندابن، ده‌توانن چۆک به‌ په‌رته‌وازه‌خوازان و ده‌سه‌ڵاتویستان دابده‌ن و ناچاریان بکه‌ن که‌ ده‌ست له‌و ملبه‌مله‌ بێجێیه‌ هه‌ڵگرن و له‌جیاتی ئه‌وه‌ مل بده‌نه‌ ڕێگای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یان.

ژێر نوس:
[1] ئه‌و ده‌قه‌ی لێره‌دا داندراوه‌ کۆپی چاپی ئوروپای بانگه‌وازه‌که‌یه‌ که‌ کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتی حدکا، ڕ.ش بڵاوی کردبوه‌وه

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home