كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Sunday, October 23, 2005

یه‌کیه‌تی نیشتمانی بنکه‌یه‌کی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی داخست

یه‌کیه‌تی نیشتمانی بنکه‌یه‌کی حیزبی دیموکراتی کوردستانی داخست
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ گه‌لاوێژی هه‌زار و نوسه‌د و چه‌ل و شه‌ش له‌ مه‌هاباد دامه‌زرا و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی وه‌ک ڕێبه‌ر هه‌ڵبژارد ، ئه‌و ڕێبه‌ره‌ی که‌ بۆ به‌ یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کورد و تا دواێین هه‌ناسه‌ به‌ گه‌ل و نیشتمان و به‌ڵێنه‌کانی وه‌فادار مایه‌وه‌.

کاتێک که‌ به‌ پیلانێکی نامروڤانه‌ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له‌ ئێران دا گێانی گرته‌وه‌ و هێرشی کرده‌ سه‌ر کوردستان و به‌ هوی خه‌یانه‌تی سه‌روک عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌وکاته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و نه‌بونی پشت و په‌نایه‌ک ، کۆماری کوردستان دوای یازده‌ مانگ ڕوخا ، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د هه‌مو ئێمکانێکی هه‌بو که‌ هه‌ڵێ و کوردستان به‌ جێ بێلێ و له‌ سۆڤیه‌تی ئه‌وکات ببێته‌ په‌نابه‌ر. به‌ڵام پێشه‌وا ژیانی کورت و سه‌ربه‌رزانه‌ی هه‌ڵبژارد و ئاماده‌ نه‌بو پشت له‌ گه‌له‌که‌ی بکات و به‌جێیان بێلێ که‌ ببنه‌ قوربانی هێزه‌ قین له‌ دڵ و داگیرکه‌ره‌ ئێرانیه‌کان و سه‌ر به‌رزانه‌ سه‌ری خۆی برده‌ بن داری بێداد.

ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی پێشه‌وا ڕێبوارانی ڕێگاکه‌ی و خه‌باتگێڕانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی فێر کرد که‌ سه‌ربه‌خۆ بژین، ئه‌گه‌ر نرخه‌که‌شی گران بێت . هه‌ر بۆیه‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ته‌واو دا بێجگه‌ له‌ ده‌ورانێکێ که‌م نه‌بێ حیزبی دیموکرات به‌ یه‌کێک له‌ حیزبه‌ خاوه‌ن هه‌ڵۆێست و سه‌ربه‌خۆکانی کورد ده‌ژمێردرێ.

ئه‌و ده‌ورانه‌ که‌مه‌ش که‌ حیزبی دیموکرات که‌وته‌ بن ده‌ستی بارزانی له‌ باشوری کوردستان ، گیانی به‌رپرسێاره‌تی له‌ ده‌س نه‌داو و به‌ لابردنی ئه‌حمه‌د توفێق سکرێتری ئه‌وکاته‌ی حیزب ، سه‌ربه‌خۆێی خۆی پاراست ،هه‌رچه‌ند به‌ گیانی باشترین ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد و کادره‌کانی ئه‌و حیزبه‌ ، به‌هاکه‌ی درا.

له‌ 1979 تا 1990 حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ شه‌ڕێکی دژوار دا بووه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران. حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی ئه‌و خه‌باته‌ی به‌ڕێوه‌ به‌رێ ناچار بوه‌ که‌ له‌ ئیمکاناتی حکومه‌تی عێراق که‌ڵک وه‌ر گرێ ، به‌ڵام پاش ڕوخانی حکومه‌تی حیزبی به‌عس و سه‌دام حسێن ، یه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌ی بچوک ده‌ر نه‌که‌وت که‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ ماوه‌ی 30 ساڵ هاوپه‌یمانه‌تی دا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هاوکاریه‌کی نابه‌جێی کردبی یان دژی جوڵانه‌وه‌ی باشوری کوردستان توشی هه‌ڵه‌ بوبێ.
دیاره‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و یازده‌ ساڵه‌ دا حیزبی دیموکراتی کوردستان بێجگه‌ له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ، دوستایه‌تی و له‌ هێندێ قۆناغیش دا هاوپه‌یمانی هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی باشور و له‌ سه‌روی هه‌موانه‌وه‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان.

حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی شه‌هیدی سه‌رکرده‌ دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو ، زور جار گێانی ده‌یان ئه‌ندام و بگره‌ هه‌مو سه‌رکردایه‌تیه‌که‌شیان خستوه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ له‌ پێناو یه‌کیه‌تی نیشتمانی و وه‌ک نمونه‌ ئه‌وکاته‌ی که‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی پێش پاسداره‌کانی ئێرانی که‌وتبو و ببوه‌ به‌شێک له‌ قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان ، حکومه‌تی عراقی ئاوری له‌ سێبه‌ری یه‌کیه‌تی نیشتمانی و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی وه‌ڵاته‌که‌مان به‌ر ئه‌دا . به‌ڵام برینداره‌کانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی له‌ بنکه‌کانی حیزب دا، داو و ده‌رمان ئه‌کران و مام جه‌لال له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حیزب دا پێشوازی لێ ده‌کرا و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌کی ئه‌کرا و ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دیموکرات وازیان له‌ کاره‌کانی خۆیان ئه‌هێنا و به‌ دیار سه‌ریه‌وه‌ ده‌بون.

له‌ 1991 دوای کۆڕه‌وه‌که‌ و کێشانی هێڵی 36 ده‌ره‌جه‌ ، مام جه‌لال سه‌ردانی سه‌رکردایه‌تی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد له‌ بناری قه‌ندیل و داوای لێ کردن که‌ دژی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران جم وجوڵ نه‌که‌ن و هه‌ل و مه‌رجی ناسکی ئه‌وان له‌ به‌رچاو بگرن.

شه‌هید دوکتۆر سه‌عید ( دوکتۆر سادق شه‌ره‌فکه‌ندی) سکرتێری ئه‌و کاته‌ی حیزب له‌ وه‌ڵامی مامه‌ دا وتی: ئێمه‌ ئاماده‌ین واز له‌ چه‌که‌کانمان بێنین له‌ پێناو ئه‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌مان دا و ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌مان هه‌ڵۆێستی پێشه‌وای نه‌مری نیشان ئه‌دایه‌وه‌ که‌ له‌ دادگا دا به‌سه‌ر جه‌لاده‌کانی دا گۆڕاند و وتی : مه‌لامه‌سته‌فا بارزانی بێگانه‌ نیه‌ و هاتوه‌ بۆ وه‌ڵاتی خۆی.

له‌ ده‌ورانی شه‌ڕی یه‌کێتی و پارتی دا حیزبی دیموکرات بێده‌نگی هه‌ڵبژارد و نه‌بوه‌ ئامرازی ئه‌و ئاگره‌ ناڕه‌وایه‌ و هه‌ر چه‌ند به‌ له‌ ده‌س دانی هه‌زاران ئه‌ندام و کادر و پێشمه‌رگه‌یان ته‌واو بو و له‌ نێو ئه‌وانه‌ش دا مه‌نسور ڕه‌شه‌ هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی ، سه‌ی مه‌نسور ، شاروخ مورادی و ....ده‌یان که‌سی دیکه‌ هه‌ن که‌ ده‌یان ساڵ دژی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ دا بون و له‌ لای خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ جێگای خۆشه‌ویستی و هیوا بون.

له‌وه‌ته‌ی باشوری کوردستان له‌ هێرشی سه‌دام حسێن پارێزراوه‌ و هه‌تا ئێستاش حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ لایه‌ن یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ گه‌وره‌ترین بێ ڕێزی پێ کراوه‌ و ده‌کرێ و گۆڕه‌پانی خه‌باتی لێ به‌رته‌سک ده‌کرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی ناکرێ و نه‌کراوه‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌ ئاسانی ئه‌نجامی ئه‌دات.

ئه‌گه‌ر چی حیزبی دیموکراتی کوردستان وه‌ک ئه‌زموون‌ و پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنی خۆی پشوی له‌ سه‌رخۆیه‌ و ده‌نگ هه‌ڵنابڕێ و ئه‌و زه‌لیلیانه‌ هه‌ڵ ده‌بژێرێ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ستراوه‌ێی و لایه‌نگری دا ، به‌ڵام له‌وه‌ ئه‌چێ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان سنورێک بۆ ئه‌و کرده‌وانه‌ی نه‌ناسێ و به‌رده‌وام بێ بۆ خزمه‌ت کردنی کۆماری دژی گه‌ل ، دژه‌ مرۆڤ و دژه‌ کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران.

دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ ڕێگای ئه‌ندام و لاینگرانیه‌وه‌ پاره‌یه‌کی زۆری کۆ کرده‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی کاناڵێکی ڕاگه‌یاندنی ساتالایتی و له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئیمریکایش دا ڕێک که‌وتن و قه‌رار وا بۆ له‌ باشور بنکه‌ی بۆ بکه‌نه‌وه‌ و به‌رنامه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵاو بکه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕێگای پێ نه‌دان و له‌ وه‌ڵامی داواکاریه‌که‌ی حیزبی دیموکرات بۆ وه‌رگرتنی موڵه‌تی بنکه‌ دانان دا وتی ئه‌گه‌ر زۆری له‌سه‌ر بڕۆن ڕادیوکه‌شتان دائه‌خه‌ین ....

حه‌وتوی ڕابردوو هێزه‌کانی ئاسایشی یه‌کێتی نیشتمانی به‌ شێوه‌یه‌کی کوت و پڕ و چاوه‌ڕوان نه‌کراو هه‌ڵیان کوتایه‌ سه‌ر بنکه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌ شاری سلێمانی و ئه‌ندامانی حیزبیان وه‌ده‌ر ناو و بنکه‌که‌یان داخست .
بیانوی یه‌کێتی و ئاسایشه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بنکه‌یه‌ موڵه‌ته‌ی یاساێی نیه‌ ، به‌ڵام له‌ ڕاستی دا ته‌نیا خزمه‌ت کردنه‌ به‌ کۆماری ئیسلامی ئێران و شه‌رمێکی دیکه‌یه‌ به‌ ناوچاوانی سه‌رکردایه‌تی چه‌واشه‌کاری یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان...

له‌ ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس دا حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام له‌ شاری سلێمانی بنکه‌ی هه‌بوه‌ و خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یریان کردوه‌ و قه‌ت جارێ له‌ جاران ئه‌ندامێکی ئه‌و حیزبه‌ بچوکترین هه‌ڵه‌ی به‌را‌نبه‌ر به‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوه‌ نه‌کردوه‌ ، که‌چی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی به‌ ناوی موڵه‌تی یاساێی و ...ناهێڵێ بچوکترین ئاسه‌وار له‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی بهێڵێ که‌ ببێته‌ هوی نیگه‌رانی سه‌رانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ کاتی سه‌ردانێان له‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ و حسێنیه‌کانی سلێمانی.

ئه‌گه‌رچی حیزبی دیموکراتی کوردستان بێده‌نگه‌ و هیچ ناڵێ و ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ێی و هه‌ست به‌ برپرسێاره‌تی ئه‌و جه‌ره‌یانه‌ سیاسیه‌ ده‌گه‌یه‌نێ ، ده‌بێ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ئاوڕێک له‌ ڕابردوو بداته‌وه‌ و تێبگات که‌ ئه‌وه‌ حیزبی دیموکراتی کوردستان و گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانن که‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ری ئه‌وان دا ئه‌مێنن و پشتیوانیانن. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وه‌ک شا و سه‌دام مه‌حکومی له‌ نێۆ چونه‌... که‌وا بو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان سنورێک بۆ ئه‌م کاره‌انه‌یان دانێن که‌ بتوانن له‌ داهاتو دا شه‌رم نه‌یانگرێ و بتوانن چاو له‌ چاوی گه‌له‌که‌یان له‌ ڕۆژهه‌ڵات بکه‌ن.

تێبینی: من له‌م نوسینه‌ دا باسی هێندێ شتم کردوه‌ که‌ هه‌موویان ئه‌سڵی مێژویان هه‌یه‌. من نه‌ ویستومه‌ لایه‌نی حیزبی دیموکرات بگرم و نه‌ ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌شم و نه‌ بۆ ماستاو سارد کردنه‌وه‌ش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌م گرتوه‌ ، به‌ڵکو وه‌ک کوردێکی نه‌ته‌وه‌ی خۆم به‌ به‌رپرسیار ئه‌زانم و ئه‌وه‌ی پێم ڕاست و به‌ جێ بێ ئه‌ینوسم.

051024

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home