كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, October 08, 2005

تورکیا و ئه‌وروپا و ( بن لادن) یه‌کان

تورکیا و ئه‌وروپا و ( بن لادن) یه‌کان
PUKmedia
نوسینی: موعه‌مه‌ر قه‌زافی
وه‌رگێڕانی: رێکه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم

به‌ ئه‌ندام بوونی تورکیا له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا دیسان به‌ توندی باڵی کێشایه‌وه‌ به‌سه‌ر ڕوداوه‌ سیاسیه‌کاندا، بۆیه‌ وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره‌ی سه‌رۆکی لیبیا ( موعه‌مه‌ر قه‌زافی )م که‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی خۆیدا بڵاوی کردۆته‌وه‌ به‌ پێوست زانی تا خوێنه‌ری کورد به‌ دیوێکی دیکه‌ی دۆسیه‌که‌ ئاشنا بکه‌م.
تورکیاو ئه‌وروپا و بن لادنیه‌کان:

له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تورکیادایه‌ که‌ به‌شێک بێت له‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا, هه‌روه‌ها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی جیهانی ئیسلامیشدایه‌ که‌ گه‌لێکی ئیسلامی وه‌ک تورکیا ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا بێت و بکرێت به‌ ئه‌سپه‌که‌ی ته‌راوده‌، به‌ڵام ‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وروپا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌خوازێت‌ تورکیا ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆ بێت و وه‌ک بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی به‌کاری بهێنن نه‌ک بیکه‌نه‌ ئه‌ندامێکی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا...

تورکیا دره‌ختێکه‌ ڕه‌گه‌که‌ی له‌ ئاسیادایه‌ و ته‌نها لق و پۆپه‌کانی به‌سه‌ر ئه‌وروپاوه‌ن، ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی سونی یه‌و که‌له‌پورو کلتورو مێژوو ڕه‌وه‌شت و زه‌وقی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و پیته‌ لاتینیانه‌شی که‌ به‌کاری ده‌هێنێت نه‌ک هی خۆی نی یه‌ به‌ڵکو ناشرینیشی کردوون...

تورکیا لانکه‌ی شارستانیه‌تێکی مێژویی ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌زنه‌، سه‌نته‌ری ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به‌رفراوان و خه‌لافه‌تی ئیسلامی بووه‌، بۆیه‌ ڕوانینی تورکیا بۆ ئه‌وروپا له‌ ڕووی مێژوویه‌وه‌ ته‌نها فراون خوازیه‌و هیچی تر..تورکیا 55 ساڵه‌ هه‌وڵ ده‌دات که‌ ببێت به‌ ئه‌وروپی به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ به‌ر کۆمه‌ڵێک هۆکاری پراگماتیکی و‌ دوور له‌ خه‌یاڵ پڵاوی نه‌هاتۆته‌ دی.

هه‌وڵی بوونه‌ ئه‌ندامی تورکیا له‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا وه‌ک گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامی له‌شی که‌سێکه‌ بۆ که‌سێکی دیکه‌ی بێگانه‌ که‌ نه‌ک هه‌مان گروپی خوێنی نی یه‌ به‌ڵکو لاشه‌ی که‌سه‌که‌ی دیکه‌ قبوڵی ناکات، ته‌نها خاڵی هاوبه‌شیش له‌ نێوانیاندا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و دوو که‌سه‌ له‌ دوو خانووی دراوسێدا ده‌ژین له‌ سه‌ر یه‌ک شه‌قام!ره‌نگه‌ ئه‌وروپا سود له‌ ده‌ستی هه‌رزانی کرێکاری تورکیا ببینێت به‌ڵام هه‌رگیز له‌ به‌ر هه‌ندێک ماف و ئه‌رک پێ ی خۆش نییه‌ ئه‌و ده‌ستی کرێکاره‌ ده‌ستی وڵاتێکی ئه‌ندامی خۆی بێت.سودی ئه‌وروپا چی یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تێکی رۆژهه‌ڵاتی دوواکه‌وتوو (له‌ چاو خۆیاندا) بکاته‌ ئه‌ندامی خێزانی خۆی؟ ده‌وڵه‌تێک که‌ داهاتی تاکه‌ که‌س تیایدا ساڵانه‌ 7 هه‌زار دۆلار تێ په‌ڕناکات له‌ کاتێکدا که‌مترین داهات له‌ ئه‌وروپا 19 هه‌زار دۆلاره‌ له‌ ئیسپانیا و 26 هه‌زاره‌ له‌ ئه‌ڵمانیا! له‌ تورکیا تێکڕای ڕێژه‌ی مردنی منداڵ له‌ هه‌زاردا 45 ده‌بێت به‌ڵام له‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا ئه‌وڕێژه‌یه‌ له‌هه‌زاردا ته‌نها (4) ده‌بێت، وێرای ئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی هه‌ڵئاوسان له‌ تورکیا %70 یه‌ به‌ڵام له‌ ئه‌وروپا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ نێوان 2-3% تێ په‌ڕ ناکات..ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وروپا نایه‌وێت تورکیا بکاته‌ ئه‌سپه‌که‌ی ته‌راوده‌، گرفتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌و توێژه‌دا نی یه‌ که‌ قاڵه‌وه‌بووی سیاسه‌تن و ( ئه‌تاتورک ) پیرۆز ده‌که‌ن، گرفتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌چه‌یه‌ی ئێستاو داهاتودایه‌ که‌ ده‌رس و وانه‌ی خۆیان له‌ ئه‌نته‌رنێت و که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی په‌یفی فه‌قێ ئاینیه‌کان و (ئوسامه‌ بن لادن)ن، ده‌ڵێن چی ئه‌گه‌ر گوتمان ئه‌مڕۆ هه‌زاران تورک هه‌نه‌ بوونه‌ته‌ ده‌روێشی بن لادن و مه‌لا عومه‌رو دارو ده‌سته‌کانیان؟ بێ گومان ئه‌و هه‌زاران که‌سه‌ ئه‌مڕۆ له‌ تورکیا هه‌نه‌ بۆیه‌ ده‌شڵێین ( ئه‌گه‌ر) بۆ ئه‌وه‌ی زۆر دڵمان دا نه‌خورپێت.. ئه‌مانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وروپا کافره‌ و ته‌نها شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ شمشێر فه‌تح کرێت، هه‌روه‌ها بڕواشیان به‌وه‌ نی یه‌ وه‌ک ده‌وڵه‌تی عوسمانی کۆن تا نزیک ( ڤیه‌نا ) بێن و ئیتر بووه‌ستن به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت له‌ ئه‌تله‌سیه‌وه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ هاوتای عه‌قه‌به‌ی کوڕی نافع که‌ به‌ سواری ئه‌سپه‌که‌یه‌وه‌ له‌ که‌ناری ئه‌تله‌سیه‌وه‌ گوتبووی: سوێند به‌ خوداوه‌ند ئه‌گه‌ر بزانم له‌ پشت ئه‌م ئاوه‌وه‌ ژیان هه‌یه‌و مرۆڤ ده‌ژی هه‌ر به‌م ئه‌سپه‌م ده‌په‌ڕیمه‌وه ‌و هه‌مویانم ده‌کرده‌ موسڵمان.ئه‌و ده‌مه‌ عه‌قه‌به‌ نه‌یده‌زانی که‌ له‌و به‌ر ئاوه‌که‌وه‌ کشوه‌ری ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئێستا زۆر باش ده‌زانن له‌وبه‌ر ئه‌تله‌سیه‌وه‌ چی له‌ گۆڕێدایه‌...

ئه‌قڵیه‌تی ئه‌م تازانه‌ به‌ جۆرێکی دیکه‌یه‌، ئه‌مانه‌ بڕوایان به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومی له‌ سێداره‌دان نی یه‌، ئه‌مانه‌ تا ئێستاش پێیان وایه‌ که‌ باشترین سزا بۆ که‌سێک دزی بکات ئه‌وه‌یه که‌ ده‌ستی ببڕیته‌وه‌، ئه‌مانه‌ کار به‌ و ئایه‌تانه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌ڵێت (ولكم فى القصاص حياة يأولى الألباب) و (ومن لم يحكم بما أنزل الله فأولئك هم الفاسقون).
بیجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مانه‌ قایل نابن به‌وه‌ی که‌ تورکیا ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا بێت و ئه‌و پارت و ڕیکخراوه‌ سیاسیانه‌ی تورکیاش که‌ ناوێکی ئیسلامیان هه‌ڵگرتووه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌م به‌ ئه‌ندام بونه‌دا ڕێگای کاریان لێ بگیرێت و یاسا‌غ کرێن به‌ڵام له‌ ئه‌وروپا هه‌مان ئه‌و پارتانه‌ی که‌ ناوی مه‌سیحیان هه‌بێت ئازاد بن!ئه‌و ئیسلامیه‌ توند ڕه‌وه‌ تازانه‌ی که‌ سبه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست ده‌گرن یاخود رای گشتی بۆ خۆیان راده‌کێشن هه‌رگیز ئاماده‌نابن ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیه‌ک بن که‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام په‌یڕه‌و نه‌کات و سنوره‌کان دیاری نه‌کات. ڕه‌نگیشه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپیدا ببنه‌ زۆرینه‌ چونکه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌رچی یاسای دیاری کردن و ڕیکخستن و که‌م کردنه‌وه‌ی وه‌چه‌ هه‌یه‌ هه‌ڵی ده‌وه‌شێننه‌وه‌، چونکه‌ له‌ بڕوای ئه‌واندا ئه‌و کاره‌ حه‌رامه‌، هه‌مان شێوه‌ ش له‌ زیندووکردنه‌وه‌ی چه‌ند ژنه‌و حه‌ڵاڵ کردنی جاریه‌ دا (که‌ بێ گومان لێره‌دا ژنه‌ مه‌سیحیه‌ ئه‌وروپیه‌کانن).

به‌م جۆره‌ دانشتوانی تورکیا له‌ دانشتوانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئه‌وروپی زیاتر ده‌بێت.نه‌ خشه‌ی ئیسلامیه‌کانی تورکیا بێ گومان به‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ قاعده‌ی ئه‌وروپادا پاش ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ پشت له‌ ئه‌وروپیه‌ مه‌سیحیه‌کان بگرن ئه‌مه‌ش له‌ ڕیگای ئه‌لبانیای ئیسلامی و بۆسنه‌ی ئیسلامیه‌وه‌، به‌م جۆره‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وروپیه‌کاندا ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان بێنه‌ ناو ئسیلامه‌وه‌ یان باج به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بده‌ن ،هه‌روه‌ک چۆن جاران له‌ سه‌رده‌می خه‌لافه‌تدا په‌یڕه‌وده‌کرا، ئه‌مه‌ش له‌ قورئاندا هه‌یه‌و فه‌رزیکه‌ له‌ فه‌رزه‌کان، ره‌نگه‌ ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ندێک که‌س مایه‌ی سه‌رسوڕمان یان پێکه‌نین بێت به‌ڵام بۆ ئیسلامیه‌کان ئه‌مه‌ په‌یامێکی خودایه‌و ده‌بێت ئه‌وان به‌ جێ ی بێنن.

لێره‌ به‌دوواوه‌ له‌ تورکیادا ئاینده‌ بۆ پارته‌ ئیسلامی و لایه‌نگره‌کانی بن لادنه‌، له‌ تورکیادا که‌ پارتێکی ئیسلامی دروست ده‌بێت خه‌ڵکیکی زۆر ئاماده‌ن ببنه‌ ئه‌ندامی ، له‌ چه‌ند ساڵێکی دیاری کراودا چه‌ندین ملوین که‌س له‌وانه‌ یه‌ک ملوین ئافره‌ت بونه‌ ئه‌ندامی پارتێکی ئیسلامی، به‌م جۆره بن لادن و مه‌لاکان و ده‌سته‌و تاقمه‌کانیان زۆر کامه‌ران ده‌بن ئه‌گه‌ر تورکیا ببێته‌ ئه‌ندامێک له‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا..

وێرای هه‌موو ئه‌مانه‌ تورکیا به‌ بوونه‌ ئه‌ندامی له‌ یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا چه‌ندین بارو کۆڵی گران له‌ کێشه‌و گرفت و نه‌هامه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت له‌وانه‌ش کێشه‌ی کورد، مل ملانی تایفه‌گه‌ری، ئه‌گه‌ره‌کانی جه‌نگ له‌ سه‌ر ئاوی دیجله‌و فورات، ئه‌ندام بوونی له‌ ڕیکخراوی ( کۆنگره‌ی ئیسلامی )و ڕه‌گی تورکیا له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌کانی ئاسیای ناوه‌ڕاست...

سه‌لجوقیه‌کان و پاشان تورکه‌کان قه‌ومێک بوون که‌ به‌ فتوحات دروست بوون، به‌ فتوحات هاتنه‌ ئه‌نازۆل، به‌ فتوحات گه‌شتنه‌ ئه‌سته‌نبول، هه‌تا نه‌مسا هه‌ر به‌ فتوحات ڕایان کێشا...

ده‌متوانی ئه‌م زه‌نگه‌ مه‌ترسی داره‌ لێ نه‌ده‌م و په‌رده‌ له‌سه‌ر‌ نه‌خشه‌یه‌کی ئه‌وها هه‌ڵنه‌ده‌مه‌وه‌، به‌ڵام لێپرسراوێتیم به‌رامبه‌ر به‌ چه‌سپاندنی ئارامی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌ پله‌ی یه‌که‌م، پێگه‌ی په‌یژه‌ ئاسای ده‌ریای ناوه‌ڕاست که‌ که‌ناره‌کانی باشوری به‌ته‌واوی هی عه‌ره‌به‌و لیبیا له‌م که‌ناره‌ عه‌ره‌بیانه‌ دووهه‌زار کیلومه‌تری هه‌یه‌ و به‌بێ لیبیا که‌ناری باشور بونی نابێت، هه‌موو ئه‌م هۆکارانه‌ وایان لێ کردم که‌ سه‌باره‌ت به‌م دۆزه‌ ستراتیژیه‌ بدوێم و تێزه‌کانم ده‌ربڕم، دۆزێک که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆر مه‌ترسی داری له‌سه‌ر وڵاته‌که‌م و ته‌واوی ناوچه‌که‌ ده‌بێت و ته‌واوی جیهان ده‌له‌رزێنێت، به‌ر له‌وه‌ی کاتمان له‌ده‌ست بده‌ین و بڕیارێک بدرێت که‌ هه‌موو ئه‌و ئاکامه‌ مه‌ترسی دارانه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه‌...

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home