كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, December 28, 2005

ساڵی نوێی زایینی له‌ گشت لایه‌ک پیرۆز بێت


ساڵی نوێی زایینی له‌ گشت لایه‌ک پیرۆز بێت

به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زایینی له‌ هه‌موو لایه‌ک پیروزبایی ده‌که‌ین و ئاواتی سه‌رکه‌وتن له‌ کاروژیانی ڕۆژانه‌تان بۆ ده‌خوازین. هیوادارین له‌ساڵی دادێدا بینه‌رو بیسه‌ری سه‌رکه‌وتنی زیاترو له‌هه‌مانکات یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هاوخه‌باتی تۆکمه‌تر له‌نێوان هه‌موو خه‌باتکارانی ڕێگای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌که‌مان بین. له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ک ئاواتی جیهانێکی پڕ له‌ ئاشتی و بێ چه‌وسانه‌وه‌ و خۆزگه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ له‌ وه‌دیی هاتنی خه‌ونی له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاری ئێجگاری ده‌خوازین.

Tuesday, December 27, 2005

نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئاکادیمستانی کوردستان

نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئاکادیمستانی کوردستان
پشتگیریی ئازادیخوازانی تاراوگه‌ بۆ ئازادیی د.که‌مال سه‌یید قادر ده‌که‌ن
له‌كاتێكدا تاوانكارانی به‌عس له‌ عێراقدا ئازاد ده‌كرێن، كه‌چیی به‌هه‌مان یاساكانی به‌عسی له‌كارخراو، هێشتا دادگاكانی پارتیی له‌كوردستاندا یاساناس و ئاكادیمسته‌كانمان له‌زینداندا ده‌ڕزێنێ. 30 ساڵ زیندانیی بۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر له‌چه‌ند خوله‌كێكدا له‌ دادگایه‌كی شاری هه‌ولێر، تاوانێكه‌ به‌رامبه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌موو پایه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌یاسای نێوده‌وڵه‌تییدا کراوه‌ . ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی مه‌ترسییداره‌، بۆ چاوشكاندنی رۆشنبیران و ره‌خنه‌گران له‌كوردستاندا ده‌سه‌لاتی سیاسیی كورد په‌نای بۆ ده‌بات.

ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌و سه‌رنجمان زۆره‌ له‌سه‌ر نووسین و میتۆدی نووسینه‌كانی مامۆستای زانكۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر، به‌ڵام ئه‌م دادگاییكردنه‌ به‌دادگایه‌كی ناڕه‌وا ده‌زانین، نه‌ك هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مان یاسای به‌عسه‌ له‌كوردستاندا نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پێ ته‌مبێ ده‌كرێ، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین هێرشه‌ بۆ سه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و پیرۆزكردنی ئه‌و ئه‌فسانانه‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌سێ بۆی نییه‌ سنووره‌ تابووه‌كان بشكێنێ و ره‌خنه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی كورد بگرێ.

له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد به‌هه‌ردوو ئیداره‌یه‌كه‌وه‌ بێده‌نگییه‌كی قووڵی نیشانداوه‌ له‌م پێشێلكارییه‌ی مافی مرۆڤدا، ئێمه‌ ده‌نگمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ بۆ ئازادكردنی د.كه‌مال سه‌یید قادر دوو مانگی به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌نده‌ران كه‌مپه‌ین به‌شێوازی جۆراو جۆر له‌ سایته‌كوردییه‌كان ومیدیاكانی ره‌وه‌ندی كوردیی به‌گشتیی و ژووری كوردستان یونایتید-له‌پاڵتۆكدا به‌تایبه‌تیی درێژه‌ پێده‌ده‌ن . داواش له‌ده‌سه‌لاتی سیاسیی كورد به‌گشتیی و پارتیی دیموكراتی كوردستان به‌تابیه‌تیی ده‌كه‌ین، ئه‌و بڕیاره‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و ئازادیی بۆ د.كه‌مال ده‌سته‌به‌ر بكرێ، یان لای كه‌م له‌دادگایه‌كی ئازاد و ئاشكرادا ( كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌كوردستاندا ده‌سته‌به‌ربكرێ )، د.كه‌مال ئازاد بێت پارێزه‌ری نێوده‌وڵه‌تیی یان هه‌ركه‌سێك خۆی پێی خۆش بێت ئیشوكاری پارێزه‌ریی بۆبكات. له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌بێت به‌ئازادیی رێگه‌ به‌ د.كه‌مال بدرێ كه‌ ده‌عواكانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ كێشه‌كان له‌گه‌ڵیاندا ساغبكاته‌وه‌ . هاوزه‌مان ئه‌و دادگایانه‌ ده‌بێت دوور بن له‌هه‌رچه‌شنه‌ ده‌ست تێوه‌ردانێكی حیزبیی هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌ سه‌ربه‌خۆكانی راگه‌یاندن ئازاد بن له‌ چوونه‌ ناو هۆڵی دادگاكانه‌وه‌ .

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ داواش له‌رای گشتیی و نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئازادییخوازان ده‌كه‌ین، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ بۆیان ده‌كرێت پرۆتستۆی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌ولێر بكه‌ن و خوازیاری ئازادكردنی د.كه‌مال سه‌یید قادر بن، ئێمه‌ باوه‌ڕمان نییه‌ دادگا له‌م كێشانه‌دا هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كی تێدا بێت و هیچ دادوه‌رو پارێزه‌رێك ناتوانێ ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات . دوو مانگ له‌بێسه‌روشوێنكردن و مانگرتنی چه‌ندجاره‌ی د.كه‌مال و 30 ساڵ زیندانیی به‌دزییه‌وه‌ و دواتر پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له‌رێی وه‌زیری مافی مرۆڤی ئیداره‌ی هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ رادیۆی کوردیی ئه‌مێریكادا، نیشانه‌ی ترس و نیگه‌رانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریش چاوبه‌ستنی خه‌ڵك و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی کێشه‌ یاسایی و قه‌زاییه‌کانه‌ له‌ناوخۆی كوردستاندا.

ئێمه‌ خوازیاری ئازادیی بۆ قه‌ڵه‌م و ره‌خنه‌ین،داوای ئازادیی بۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر ده‌كه‌ین له‌زووترین كاتدا.، ده‌سه‌لاتی سیاسیی ده‌یه‌وێ هه‌موومان بترسێنێ و له‌رێگه‌ی ته‌مبێكردنی د.كه‌ماله‌وه‌ ده‌یه‌وێ گوێی هه‌موو تاكێكی كورد رابكێشێت، رێگه‌وجێگه‌و سنووره‌ بڤه‌كان بۆ هه‌موو تاكێك دیاری بكات .نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین گه‌وره‌ پیاوانی ده‌سه‌ڵات، د.كه‌مال بخه‌نه‌ به‌ر مه‌كره‌مه‌وه‌، ده‌بێ به‌هه‌وڵی هه‌موولایه‌كمان، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌ولێر شه‌رمه‌زار بكه‌ین و پاشه‌كشه‌ به‌و پێشێلكارییه‌ زه‌قه‌ی مافی مرۆڤ له‌كوردستاندا بكه‌ین . ده‌بێ ده‌سه‌لات پاشه‌كشه‌ بكات و د.كه‌مال له‌مه‌رگێك رزگار بكرێ كه‌ هه‌رئێستا مانی له‌خواردن گرتووه‌ تاسه‌رنانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌كرێ . دواجار له‌پێناو ئازادیی راده‌ربڕیندا بۆ هه‌موو که‌س ولایه‌نێک به‌تووندی بڕیاری 30 ساڵ زیندانیی بۆ د.كه‌مال ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنی ده‌كه‌ین.

ئه‌و نووسه‌رو رۆشنبیر و لیکۆڵه‌رو لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ و نێوه‌نده‌ کولتووریی و رۆشنبیریی وئازادیخوازانه‌ی ناوه‌وه‌ی کوردستان و تاراوگه‌ به‌شداریی ‌واژۆکردنی ئه‌م کڵێشه‌یه‌یان کرد :
1- به‌ختیار عه‌لی 2- شێرزاد حه‌سه‌ن3- شێركۆ بێكه‌س4- ره‌ئوف بێگه‌رد5- رێبوار سیوه‌یلیی6- ئاراس فه‌تاح7- ئازاد به‌رزنجیی8- هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا9- رێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردی10- شوان ئه‌حمه‌د11- شاهۆ سه‌عید12- فوئاد مه‌جید میسریی13- ئومێد مه‌حمود14- ڤینۆس فایه‌ق15- جه‌مال غه‌مبار16- ته‌ها هه‌ڵه‌دنیی17- د.محه‌مه‌د كه‌مال ( مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ له‌زانكۆی میڵبۆرن- ئوسترالیا ) 18- سایتی ده‌نگه‌كان ( www.dengekan.com ) 19- ژووری كوردستان-یونایتید ( پاڵتۆك)20- د.بورهان یاسین 21- رزگار عومه‌ر22- گۆران عه‌بدوڵا23- سایتی هه‌ڵوێست ( www.helwist.com )24- پۆڵا سه‌عید25- به‌ختیار كه‌ریم26- خه‌تاب سابیر27- سالار سۆفی28- نوره‌دین وه‌یسیی29- كه‌مال ره‌ئوف30- خه‌لیل غه‌زه‌ڵیی31- سایتی سه‌كۆی كوردستان ( www.sekoykurdistan.com )32- قادر نادر33- د.محه‌مه‌د عه‌لی كۆڵنه‌ده‌ر34- نزار عه‌بدوڵا 35- هاوڕێ باخه‌وان36- ئه‌وڕه‌حمان زه‌نگه‌نه‌37- بۆتین کوردستانیی38- كاوه‌ كوردستانیی39- رادیۆی هاوپشتیی ( سوید )40- ماڵپه‌ڕی كوردستانپۆست ( www.kurdistanpost.com )41- د.پشتیوان عه‌بدوڵا 42- سایتی بۆ پێشه‌وه‌ ( www.bopeshawa.com )43- مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان44- ئه‌مجه‌د شاکه‌لیی45- هيوا گوڵ محه‌مه‌دیی46- تاهیر ساڵح شه‌ریف47- مه‌جید دڵنیا48- كه‌یهان عه‌زیز49- عه‌بدوڵا مه‌حمود50- یاسین بانیخێڵانیی51- حاجی ئه‌نوه‌ر52- تامان شاكر53- ئارام عه‌لی54- نوری عومه‌ر ( پارێزه‌ری د.كه‌مال ) 55- ئاسۆ غه‌ریب56- رێبوار عارف57- رزگار ساڵح58- که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه‌59- کازیوه‌ ساڵح60- محه‌مه‌د حسێن61- خالیدی عه‌زیزی62- گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی63- ویبلاگی ئاران ( www.arankurd.com )64- هه‌ندرێن65- شێروان خدر66- جه‌مال پیره‌67- به‌کر ئه‌حمه‌د
سه‌رنج: بۆ هه‌ر نووسه‌رو رووناکبیرو پارێزه‌رو ئازادیخوازو لایه‌نگرێکی مافی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر خوازیاره‌ پێوه‌ندیی به‌م که‌مپه‌ینه‌وه‌ بکات بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی بڕیاری دادگای هه‌ولیرو هاوکاتیش لایه‌نگری ئازادییه‌ بۆ د.که‌مال سه‌یید قادر، ده‌توانێ پێوه‌ندیی به‌ د.بورهان یاسین و خه‌تاب سابیره‌وه‌ بکات له‌سه‌ر ئه‌م ئیمه‌یڵه‌

khatabs@hotmail.com

Saturday, December 24, 2005

دوکتور که‌ماڵ به‌ ته‌نێا نیه‌

دوکتور که‌ماڵ به‌ ته‌نێا نیه

ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئیداره‌ی هه‌ولێر به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕه‌وا و دور له‌ یاسا و ئه‌سڵ و ئوسوله‌کانی کۆمه‌ڵگای مروڤایه‌تی دوکتور که‌ماڵ سه‌ید قادری گرتوه‌ و به‌ 30 ساڵ حه‌بس حوکمیان داوه‌.

دوکتور که‌ماڵ کوردیکی خاوه‌ن به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌رزی دوکتورایه‌ و له‌ وه‌ڵاتی نه‌مسا (ئوستریکه‌ – ئوتریش) نیشته‌جێیه‌ و هاووڵاتی ئه‌وی هه‌یه‌ . دوکتور که‌ماڵ سه‌ید قادر خاوه‌ن چه‌ندین شه‌هیدی سه‌ربه‌رزی ڕێگای ئازادی کوردستانه‌ و بۆ خۆشی له‌ خزمه‌تکردنی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی دا ڕێبوارێکی ماندوێی نه‌ناسه‌ .

دوکتور که‌ماڵ له‌ دوو بابه‌تی سیاسی دا هێندێ خاڵی تایبه‌تی و شاراوه‌ی وروژاندوه‌ و له‌ نوسینه‌کانی خۆی دا ناوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هێناوه‌ و ئێستاش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هویه‌ که‌ گۆیا پیرۆزی بنه‌ماڵه‌ی تێکداوه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگه‌ ڕفێندراوه‌ و له‌ لایه‌ن حاکمێکه‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی دادگاکه‌ مشروعیه‌تی هه‌بێ به‌ 30 ساڵ حه‌پس کردن سزا دراوه‌.

دوکتور که‌ماڵ مروڤێکی خاوه‌ن هه‌ڵۆێسته‌ و ئه‌و شتانه‌ی که‌ باسی کردون و نوسیونی ، بیرو و بوچونی خوین و مافیکی ڕه‌وای هه‌مو تاکێکی کۆمه‌ڵه‌ که‌ بتوانی به‌ ئاشکرا و بێ ترس بیرو و بوچونه‌کانی ده‌ربڕێ. بێگومان ئه‌گه‌ر دوکتور که‌ماڵ یان هه‌رکه‌سێکی دیکه‌ هه‌ڵه‌ بکات یان ناڕه‌وایه‌تی دژ به‌ که‌س یان لایه‌نێکی تایبه‌ت بکات ، له‌ به‌رانبه‌ر یاسا دا به‌رپرسیاره‌ و به‌ بونی پارێزه‌ر ئه‌توانێ پارێزاگاری له‌ بوچونه‌که‌ی بکات یان له‌ لایه‌ن دادوه‌ر و لیکۆڵه‌ره‌وه‌ به‌ تاوانبار بناسرێ و حوکم بدرێ.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌بارت به‌ دوکتور که‌ماڵ ئه‌یبینین ، بێدای و ناڕه‌وایه‌تیه‌ و ته‌نیا دوکتور که‌ماڵ عه‌لاقه‌دار ناکات به‌ڵکو ئه‌وه‌ حوکمێکی ڕه‌شه‌ دژ به‌ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا به‌ گشتی و نوسه‌ران ، بیرجیاوازان و ڕۆشنبیران به‌ تایبه‌تی.

ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ده‌نگ هاتوین و له‌ جموجوڵ داین و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا و دامو و ده‌زگا دیموکراتیک و پارێزه‌رانی مافی مروڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دا له‌ پێوه‌ندی داین و خۆازیارین که‌ کێشه‌ی دوکتور که‌ماڵ ببێته‌ سه‌رتای کرانه‌وه‌ی زیاتری کۆمه‌ڵگای کوردستان و چه‌سپاندنی مافی تاکه‌کان و سه‌روه‌ری یاسا و بناغه‌ی ئازادی و دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌.

ئێمه‌ له‌ وه‌ڵاتی سوید کومیته‌یه‌کامن دامه‌زرانددوه‌ بۆ پشگری کردن له‌ دوکتور که‌ماڵ و ڕاده‌گه‌یه‌نین که‌ دوکتور که‌ماڵ به‌ ته‌نیا نیه‌. داواکارین له‌ کوردانی دانیشتوی سوید به‌ ده‌نگمانه‌وه‌ بێن و به‌ خۆێندنه‌وه‌ی ئه‌م بانگه‌وازه‌ پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ بگرن.
kemalsyid@hotmail.com کومیته‌ی پشتیوانی کردن له‌ دوکتور که‌ماڵی سه‌ید قادر له‌ سوید
051215

Wednesday, December 21, 2005

کوژرانی به‌کرێگیراویکی ڕژیم له‌ شاری سنه

کوژرانی به‌کرێگیراویکی ڕژیم له‌ شاری سنه

به‌ پێ بڵاڤۆکێکی ڕیکخراوی یه‌کیه‌تی شۆڕشگێڕان که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ وێبلاگی کورستان نێردراوه‌، پێشنێوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه‌ 26 ی سه‌رماوه‌زی 2705 ی کوردی، 18ی دیسامبری 2005، كڕێگرته‌یه‌کی‌ کورد به‌ناوی"داریوش چاپاری" ناسراو به‌ "داریۆشه‌ کوێر" که‌ له‌ ریزه‌کانی سوپای پاسداراندا، خاوه‌نی پله‌ی"سه‌رهه‌نگ"ی بوو، به‌ زه‌بری ده‌مانچه‌ کوژراوه‌.
داریۆشی چاپاری له‌ کاتێکدا به‌ر گولله‌ دراوه‌ که‌ له‌ حاڵی کردنه‌وه‌ی دووکانه‌که‌ی، هه‌ڵکه‌وتوو له‌ به‌رامبه‌ر پۆمپی بێنزینی فه‌یزاوا دا، بووه

ناوبراو که‌ به‌ئه‌سڵ خه‌ڵکی ئاوایی"حسه‌ین ئاوا"ی شاری دیوانده‌ره‌ بوو، زیاتر له‌ 25 ساڵ به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر، به‌ نهێنی و ئاشکرا له‌ خزمه‌تی دوژمنی داگیرکه‌ردا بوو و له‌ تاوانه‌‌کانی رێژیم و هێزه‌کانی، دژ به‌ رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌شدار بوو.
هه‌ربه‌گوێره‌ی ئه‌م بڵاڤۆکه‌، له‌ دوو ساڵی رابردوودا، له‌ هه‌رێمه‌کانی مه‌ریوان و بۆکان و شنۆ و مهاباد و ورمێ، ژماره‌یه‌ک تاوانباری هاوچه‌شنی"داریۆشه‌ کوێر" که‌ درێژه‌یان به‌ تاوان ده‌دا، به‌ر هه‌ڵمه‌تی رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان که‌وتوون.
به‌ سزا گه‌یاندنی ئه‌و تاوانبارانه‌، جارێکی دیکه‌ ده‌یسه‌‌لمێنێته‌وه‌ که‌سانێ که‌ ده‌ست له‌ جینایه‌ت و کورد کوژیی و چاوساخی داگیرکه‌ران هه‌ڵناگرن، دره‌نگ یان زوو ده‌که‌ونه‌ به‌ر زه‌بری تۆڵه‌ی رۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌.

Wednesday, December 14, 2005

خۆکوژیی خێزانێکی کورد

خۆکوژیی خێزانێکی کورد


به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، له‌ کرماشانه‌وه‌ شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 17/ 9/2705، 8/12/2005، خێزانێکی لێقه‌وماوی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌که‌مان که‌ بریتیبوون له‌ دایک و کچ و کوڕێک له‌ کاتێکدا 60تا90 له‌ سه‌دی له‌شیان سووتابوو، براونه‌ته‌ یه‌کێ له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی کرماشان.

ئه‌م خێزانه‌ دانیشتووی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن و ناوه‌کانیان بریتین له‌:

1- نوسره‌ت وه‌یسی، کچی مه‌حموود ته‌مه‌ن 40 ساڵ- دایک.
2- په‌روین سه‌عید نژاد کچی سه‌یدره‌زا و نوسره‌ت ته‌مه‌ن 23 ساڵ.
3- محه‌ممه‌د عه‌لی سه‌عید نژاد کوڕی سه‌ید ره‌زا و نوسره‌ت ته‌مه‌ن 18 ساڵ.

به‌ داخه‌وه‌ پاش رۆژێک به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ مه‌رگ، نوسره‌ت وه‌یسی که‌ 90 له‌سه‌دی له‌شی سووتابوو، گیانی سپاردووه‌ و کوڕوکچه‌ سووتاوه‌که‌شی بێکه‌س و ته‌نیا له‌ ژێر نه‌شته‌رگه‌رییدان.

ئه‌م ژن و منداڵانه‌ که‌ بێمێرد و باوک بوون، له‌ به‌ر ناله‌باریی بارودۆخی ژیان و بێده‌ره‌تانی و هه‌ژاریی، وێکڕا بڕیار ده‌ده‌ن خۆبکوژن. بۆیه‌ پێکه‌وه‌ ئاگر له‌ خۆیان به‌ر ده‌ده‌ن.

خۆکوژیی تێکڕایی ئه‌و خێزانه‌، له‌ جۆری خۆیدا کاره‌ساتێکه‌ و ئاکامی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ری تاقمێک ئاخوندی دز و گه‌نده‌ڵ و مرۆڤکوژه‌.

خۆکوژیی له‌ وڵاتی ئێمه‌ بووه‌ته‌ دیاره‌یه‌ک و خێزانێکی کورد له‌ کاتێکدا خۆکوژیی ده‌که‌ن که‌ نیشتمانه‌که‌یان به‌ پیت و به‌ره‌که‌تترین خاکه‌ و خاوه‌نی نه‌وت و ئاو و زێڕ و ده‌یان ماده‌ی به‌نرخی دیکه‌یه‌. به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هۆکاری تێری و ئاسوده‌یی و هیوا و دڵنیای بێ بۆ مرۆڤی کورد، لێی زه‌وتکراوه‌ و به‌ تاڵان ده‌برێ. هیوا به‌وه‌ی له‌ بنده‌ستی رێژیمی داگیرکه‌ردا، گۆڕانکاریی به‌ قازانجی خه‌ڵک رووبدا، خه‌یاڵی خاوه‌. بۆیه‌ بۆ کۆتایی هاتنی تاهه‌تایی مه‌رگ و کوشتار و وێرانی و نه‌خۆشی و قات و قڕی له‌ نێوان کورددا، ته‌نیا یه‌ک رێگا، رێگای رزگاریی یه‌کجارییه‌: سه‌ربه‌خۆیی و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی کورد‌.

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، داخ و که‌سه‌ری خۆی له‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ده‌رده‌بڕێ و خه‌میی قورسی ئه‌م کاره‌ساته‌ ده‌کاته‌ هێزی خه‌بات له‌ پێناو رادانی داگیرکه‌ران و رزگاریی کوردستان.

یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان
22/سه‌رماوه‌زی/2705

Tuesday, December 13, 2005

هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی 15ی دیسێمبه‌ر

هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی 15ی دیسێمبه‌ر

یه‌کیه‌تی شوڕشگێڕانی کوردستان له‌ پڵاڤۆکێکدا که له‌ ڕێکه‌وتی 21/سه‌رماوه‌زی/2705‌ وه‌شێنداروه‌ و وێنه‌یه‌کی به‌ وێبلاگی کوردستان گه‌یشتوه‌ پشتگیری خۆی بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ باشوری کوردستان ده‌ربڕیوه‌و له‌هه‌مانکاتدا پشتگیری لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانیشده‌کات. ڕێکخراوی ناوبراو، له‌به‌شێکی بڵاڤۆکه‌که‌یاندا ئێژن: ئێمه‌ وه‌ک زۆربه‌ی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئاره‌زو و ئامانجمان ئه‌وه‌ بوو، کورد له‌ باشووری کوردستان له‌ جیاتی خه‌ریک بوون به‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌رییه‌وه‌، به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و رێکخستنی کار و باری خۆیه‌وه‌ خه‌ریک بایه‌. به‌ڵام واقعێکی سیاسی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ به‌ وردی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکرێ.
له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا پێکهاته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی عێراق له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ ململانێدان و کورد له‌سه‌ر دابه‌شکردنی یه‌کسان و وه‌کیه‌کی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عێراقدا پێداده‌گرێ.

هه‌روه‌ها بڵاڤۆکه‌ که‌ له‌ دڕێژه‌یدا ده‌نوسێ: ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که‌ رۆژی 15/12/2005 له‌ عێراقدا به‌رێوه‌ ده‌چێ، هه‌ر له‌و کاته‌دا که‌ پرۆسه‌یه‌کی دیمۆکراتییه‌، یه‌کێکه‌ له‌ مه‌یدانه‌کانی ئه‌و ململانێ سیاسیه‌ و ئاکامه‌کانی شوێنه‌واری کاریگه‌ر له‌سه‌ر جێگه‌ و پێگه‌ی کورد له‌ نێو ده‌وڵه‌تی عێراق و له‌ هه‌رێمه‌که‌دا داده‌نێ.
له‌ کۆتاییشدا ده‌ڵێن که‌، بۆیه‌ یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی باشووری کوردستان، داوا له‌ هه‌موو کوردستانییه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستان ده‌کا، به‌ به‌شداری کردن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و ده‌نگدان به‌ لیستی هاوپه‌یمانیی کوردستان- ژماره‌ 730 - ده‌سکه‌وته‌کان بپارێزن و خه‌بات و ململانێ بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییه‌ ره‌واکانی دیکه‌، به‌ گوڕتر بکه‌ن.

Monday, December 12, 2005

په‌یامی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا

په‌یامی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا
سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری کردن له‌ هه‌ڵبژاردن
له‌ کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌ده‌ڵاید

به‌شدارانی به‌ڕێز
سڵاوێکی گه‌رمتان لێبێ

خۆشه‌ویستان هه‌موومان له‌وه‌ی ئاگادارین که‌ دوسێ ڕۆژی ماوه‌ بنکه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕوی ده‌نگده‌راندا بکرێنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی کوردستان له‌ په‌رلمانی ئێراقدا.

ڕاستیه‌ک هه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌گرنگیه‌وه‌ لێی بڕوانین. نه کورد ئێراقیه‌و نه‌ کوردستانیش به‌شێکه‌ له‌ ئێراق یان هیچ وڵاتێکی دیکه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوری کوردستان گه‌لی کوردستان له‌گه‌ڵی ده‌سته‌ویه‌خه‌یه‌، کێشه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ئاکامی هه‌شتا ساڵ لکاندنی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان به‌ ده‌وڵه‌تی نوێ ئێراقه‌وه‌ توشی بوه‌. ته‌عریب و ته‌عزیب و ته‌هجیرو گشت سیاسه‌ته‌کانی دیکه‌ی نوکۆڵی کردن و تواندنه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌م به‌شه‌ی کوردستان ئافرێنه‌ری ئه‌و کێشه‌ هه‌نوکه‌ییانه‌ن که‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا به‌ ڕێبازی دیموکراتیانه‌و شارستانیانه‌ و به‌بێ خوێن ڕژان ده‌رفه‌رتی چاره‌سه‌ریان دروست بوه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که‌ ده‌رگا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی زێدی ته‌عریبکراوو به‌زۆر لکێنراوی نیشتمانه‌که‌مان بۆ سه‌ر خاکی نیشتمان ده‌کاته‌وه‌.

له‌ مێژووماندا که‌م نین ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینانه‌ی له‌ کیسمان چوه‌و و ئه‌مڕۆ بۆیان په‌شیمانین و داخیان بۆ هه‌ڵده‌کێشین. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له‌پێشمانه‌و بۆته‌ ئه‌رک له‌سه‌ر شانی گشت نیشتمان په‌روان، ده‌رفه‌تێکی دیکه‌ی زێڕینه‌ که‌ که‌وتۆته‌ به‌رده‌ستمان تا له‌ ڕێگای شه‌ڕێکی شارستانیانه‌ی بێخوێن ڕشتنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی ئێراقی به‌زۆر دروستکراوه‌دا خه‌باتی بۆکراوه‌ و خوێنی بۆڕژاوه،‌ وه‌ده‌ستی بهێنینه‌وه‌.

به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌م ئه‌رکه‌ وهه‌م مافه‌. به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا ئه‌رکێکی ساده‌ هاووڵاتیه‌تی نیه‌. ڕه‌نگه‌ زۆربه‌تان خۆتان به‌ هاووڵاتی ئێراق نه‌زانن و ئه‌مه‌ش شتێکی سروشتی و ڕه‌وایه‌. به‌ڵام ئه‌و ئه‌رکه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌رکێکی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانیه‌. بۆ ئه‌وه‌ی کوردستانیبوون بونی ببێته‌ ڕاستی و بۆ ئه‌وه‌ هێزبده‌نه‌ هزری کوردستانیبوون و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێزی کوردستانیانه‌ له‌ پارلمانی ئێراق که‌ له‌ ئه‌مڕۆو له‌ داهاتووشدا هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌ر‌ه‌ی شه‌ڕی وه‌ده‌ست هێنانی ماف و ئازدیه‌کانمان ده‌بێ، بیبه‌ینه‌وه‌ و سه‌ری کوردو ئاڵای کورد به‌رزبێته‌وه‌، پێویسته‌ شێلگیرانه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا که‌ پێوه‌ندیی به‌ چاره‌نوسی هه‌موو کوردانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شداری بکه‌ن. ئه‌وشه‌ڕه‌ی که‌ ئاکامه‌که‌ی کاریگه‌ریی و قورسایی فره‌ی له‌سه‌ر هه‌موو کوردو کوردستانیه‌ک ده‌بێ. بێگومان تا چه‌نده‌ له‌م شه‌ڕه‌ چاره‌نوس سازانه‌دا سه‌رکه‌وتوو بین هێنده‌ش به‌ ئه‌رێنی به‌سه‌رماندا ده‌شکێته‌وه‌ و ئاسۆی داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان ڕونتر ده‌بێته‌وه‌.

له‌وه‌یدا که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئه‌زموونی کوردستان که‌موو کوڕی هه‌یه‌، له‌وه‌یدا که‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان به‌ یه‌کسانی بۆ هه‌مووان له‌ ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیدا نه‌ڕه‌خساون، هه‌موومان هاوده‌نگین و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانیش هه‌ر له‌ سه‌رۆک و پارلمان و هه‌ردوو ئیداره‌ی کوردستانه‌وه، به‌ ڕاشکاوی پێی لێده‌نێن و نایشارنه‌وه‌. من به‌ش به‌حاڵی خۆم ڕه‌خنه‌گرێکی بێبه‌زه‌ییم له‌ که‌موو کورتیه‌کان له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ که‌ هه‌موومان بیزانین ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شدارینه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردن و خه‌مساردی له‌م پێوه‌ندییه‌دا هیچ پێوه‌ندیی نابێ به‌ توڕه‌یی و گله‌ییه‌کان و ناتوانێ گارێگه‌ری پۆزه‌تیڤیشی هه‌بێ. ڕه‌نگه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ به‌شدارینه‌کردن و خه‌مساردی نه‌ک هه‌ر زۆر به‌ نه‌گه‌تیڤ به‌سه‌رماندا بشکێته‌وه‌ بڵکوو ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندنه‌ بۆ شۆڤێنیستان و دوژمنانی کێشه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ ئه‌زموون و ده‌ستکه‌وته‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانمان بخه‌نه‌ مه‌ترسیی و بێ ترس و شه‌رم‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێبکه‌ن.

که‌واته‌ له‌ به‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ ئاماژه‌م پێدا و له‌ پێناوی به‌هێزیی ده‌نگی کوردستانیه‌کاندا، ئێمه‌ ئێژین به‌ڵێ بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن و له‌ هه‌مانکات به‌ڵێ بۆ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان، لیستی 730 که‌ ئه‌مڕۆ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تاکه‌ لیسته‌ که‌ له‌لایه‌ک زۆربه‌ی لایه‌نه‌کوردستانیه‌کان به‌ ڕاست و چه‌پ و دیندار و بێدین و پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستانه‌وه‌ تێیدا به‌شدارن. لێستێک که‌ زۆرترین ویسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێمه‌ ئامانجیه‌تی و له‌ هه‌موو ئێراقیشدا تاکه‌ لیسته‌ که‌ چ پێشترو چ ئێستاش به‌رگری ڕه‌وای له‌ دێموکراسی و مافه‌کانی تاک و له‌وانه‌ش گرنگتر تاکه‌ لیسته‌ که‌ بۆته‌ قه‌ڵخانی به‌رگری له‌ مافه‌کانی ژنان و چه‌سپاندنیان له‌ده‌ستوودا. لیستی پێکه‌وه‌ژیان و لیستی ده‌نگی دیموکراسی خوازییه‌ که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆته‌ چه‌قڵی چاوی دیکتاتۆڕ و تێرۆریست و کۆنه‌خوازاندا.

هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئێوه‌ و بۆ خه‌باتی ڕه‌وا گه‌له‌که‌مان و لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌م شه‌ڕه‌ چاره‌نوس سازه‌دا ده‌خوازم .

ئێوه‌ش هه‌ر شادو سه‌ربه‌رزبن ‌
20ی سه‌رماوه‌زی 2705

چه‌ند تێبینیه‌ك له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن

چه‌ند تێبینیه‌ك له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن

ده‌نگ بده‌ به‌ لییستی هاوپه‌یمانی کوردستان 730 ...
ده‌نگتان بۆ لییستی 730 ده‌نگی دیموکراسی وکوردستانی ئازاده
ده‌نگی ئێوه‌ وه‌فادارییه‌ بۆ خێزانی شه‌هیدان
لیژنه‌ی هاوبه‌شی لییستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌ باشوری ئوسترالیا، شاری ئه‌ده‌لاید

Saturday, December 10, 2005

ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی نیه‌ که‌ هێرشی کراوه‌ته‌ سه‌ر

ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی نیه‌ که‌ هێرشی کراوه‌ته‌ سه‌ر ، ئه‌وه‌ ئه‌تکردنی دیموکراسیه‌
نوسینی:هیوا گوڵ محه‌مه‌دی


ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ بادینان دیتمان ، کرده‌وه‌ و هه‌ڵۆێست و هه‌ڵس و که‌وتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌بو و نیه‌ که‌ به‌ ساڵانه‌ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ لایه‌ن داگیر که‌ر و بێگانه‌وه‌ هه‌ڵسو که‌وتی له‌گه‌ڵ کراوه‌.

یه‌کگرتوی ئیسلامی که‌ حیزبێکی سیاسی گۆڕه‌پانی خه‌باته‌ له‌ کوردستان و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی و هه‌ر دوو ئیداره‌که‌ی باشوری کوردستانه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی و لیگال ناسراوه‌ ، حه‌قی خۆیه‌تی که‌ بڕیار بدات به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئه‌یه‌وی له‌ پروسه‌ی دیموکراسی وهه‌ڵبژاردن دا به‌شداری بکات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن و پروسه‌ی ده‌نگ دان یه‌کێک له‌ ئه‌سڵه‌کانی دیموکراسیه‌ وبۆ ده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردنی جیاواز و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیمکان به‌ گه‌ل بدرێ چیان ده‌وه‌ێ و کێیان پێ باشه‌ و بڕوا و متمانه‌یان به‌ کام لایه‌نه‌ .

من هیچ کارم به‌ بیر و باوه‌ڕی یه‌کگرتوه‌وه‌ نیه‌ و بیر و باوه‌ڕی هه‌مو تاکێکی کۆمه‌ڵ تا ئه‌و کاته‌ زه‌ره‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یمان نه‌دات ، له‌ لای من جیگای ڕێز لێ گرتنه‌ . ئه‌و هێرشانه‌ی که‌ کرانه‌ سه‌ر یه‌کگرتو ، کارێکی ناشاراستانیانه‌ و زور دوور له‌ ڕه‌وش و کرده‌وه‌ی مروڤی هاوچه‌رخ بوو.

زور به‌داخه‌وه‌م له‌ کاتێک دا که‌ له‌ باشوری کوردستان و له‌و ناوچانه‌ دا که‌ پارتی دیموکرات ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ به‌ ده‌یان کۆنه‌ به‌عسی و ئه‌نفالچی و مروڤی گه‌نده‌ڵ کار به‌ ئازادی ئه‌خوڵێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل هه‌ڵ ئه‌لوشن ، حیزبێکی سیاسی کوردی ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ نایه‌وێ له‌ لیستی هاوبه‌شی ئه‌و دوو حیزبه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ دا به‌شدار بێ، هێرشی بکرێته‌ سه‌ر و ئه‌ندامه‌کانی بکوژرین ، بریندار بکرێن و بێ حورمه‌تیان پێ بکرێ.

ئه‌گه‌ر چی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڕێز بارزانی هه‌ڵۆێستی نواند و داوای کرد که‌ به‌دوای ڕوداوه‌که‌ دا بگه‌ڕێن ، دیسان کاره‌ساته‌که‌ بۆ چاوپۆشی لێ کردن نابێ و له‌وه‌ ئه‌چی ئه‌و کاره‌ له‌ لایه‌ن پاراستن و ده‌زگاکانی دیکه‌ی پارتیه‌وه‌ پلانی بۆ داڕێژرا بوبێ و کاک مه‌سعود بیه‌وێ به‌م جوره‌ به‌رپرسیاره‌تی له‌ سه‌رشانی خۆیان لابه‌رێ ، ده‌نا بۆچی له‌ ماوه‌ی 6 ساڵ شه‌ڕی ناوخۆێی دا هیچ شار و گوندێکی کوردستان سه‌ڕای ناڕه‌زایه‌تیان نه‌یانتوانی په‌لاماری بنکه‌یه‌کی پارتی بده‌ن؟
دیموکراسی پروسه‌یه‌کی دوور و درێژ و پڕ به‌هایه‌ و به‌م جوره‌ هه‌ڵس و که‌وته‌ منداڵانه‌ وبێ مه‌سئولیه‌تانه‌ ، له‌که‌دار ئه‌بێ. کۆمه‌ڵگای کوردستان پێویستی به‌ چاندنی توێی خۆشه‌ویستی و لێک حاڵی بون و په‌روه‌رده‌ کردن هه‌یه‌ ، نه‌ک ڕه‌شه‌ کوژی و په‌لامار دانی بێ به‌رپرسیارانه‌ ، ئه‌ویش بۆ سه‌ر باره‌گای حیزبێک که‌ هاو خه‌بات و هه‌تا دۆێنی هاوپه‌یمانیش بوه‌.

ئه‌و هێرشه‌ که‌ کرایه‌ سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامی ته‌نیا ئیهانه‌ و بێ حورمه‌تی کردن نیه‌ به‌وان به‌ڵکو ئه‌وه‌ ئه‌تکردنی دیموکراسی و بێ حورمه‌تی کردنه‌ به‌ کۆمه‌ڵگا و مه‌ده‌نیه‌ت و ئازادی.


له‌ شێرکۆ کرمانجه‌وه‌:
برایان و خوشکانی به‌رێز

هه‌موومان ده‌زانین هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێراق چه‌ند ڕۆژێکی ماوه، من ده‌مه‌وێ وه‌ک که‌سێکی بێلایه‌ن داوا له هه‌مووتان بکه‌م که‌ هه‌م به‌شداری تێدا بکه‌ن و هه‌م خه‌ڵکانی دیکه‌ش هانبده‌ن ‌به‌شداری تێدابکه‌ن. دیاره‌ هه‌موومان کۆڵێک گله‌یی و گازه‌نده‌ و ڕه‌خنه‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌یه‌، به‌ڵام با ده‌ربڕینی گله‌یی و گازه‌نده‌ و ڕه‌خنه‌کانمان له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگ نه‌دانه‌وه ‌نه‌بێت و شێوازی دیکه‌ بگرینه‌به‌ر بۆ گه‌یاندنی داواکانمان. خۆکێشانه‌وه‌ له‌و پرۆسه‌ی سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئارادایه‌ به‌ خراپ به‌سه‌ر چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. حه‌ز ناکه‌م درێژه‌ی پێبده‌م، چونکه‌ ئه‌م باسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام ده‌مه‌وێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێتانبڵێم به‌شداریکردن و ده‌نگدان به‌ لیستی 730 باشتره‌ له‌ به‌شدارینه‌کردن. با ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی منیش شێوازێک بێت له‌و شێوازانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندان بۆ یه‌کخستنی ڕیزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و هاوده‌نگیمان.

تکایه‌ به‌ زووترین کات ئه‌م ده‌قه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و دۆست و برا‌ده‌ر و ناسیاوانه‌ت بنێره‌ که‌ نا‌ویان له‌ لیستی ئه‌درێسه‌که‌تدا (address book) هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌موومان ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌ین ئه‌وه‌ تا ڕۆژی هه‌ڵبژاردن هه‌موو کوردستانیان و دۆستانمان له‌م ئه‌رکه‌ نیشتیمانییه ئاگادارده‌که‌یینه‌وه‌‌.

شێرکۆ کرمانج
8/12/2005
ئه‌دلاید – ئوسترالیا

تێبینی:
1) له‌کاتی ناردن بۆ که‌سانی دیکه‌ ده‌توا‌نی ناوی من بسڕیته‌وه، که‌یفی خۆته.‌

Friday, December 09, 2005

دوو ئاگاداری: له‌ لیژنه‌ی هاوبه‌شی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌ باشوری ئوسترالیا، شاری ئه‌ده‌لاید
بۆ گشت کوردستانیانی باشوری ئوسترالیا

1. ڕۆژی یه‌کشه‌ممه به‌رواری 11/12/2005 سه‌عات 1ی پاش نیوه‌رۆ له‌ پارکی سۆرۆندۆن (Thorndon Park, Hamilton Tce., Paradise) لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان به‌هاوکاری کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له‌ باشوری ئوسترالیا هه‌لده‌ستێت به‌ سه‌یرانێک بۆ گشت کوردانی دانیشتووی شاری ئه‌ده‌لاید. خواردن و سۆفت درینک(Soft Drink) ده‌درێت‌، گه‌ر که‌سێکیش ئاره‌زوی کرد خواردنی خۆی بهێنێ ئه‌وا هه‌ر به‌خێربێت.

2. کات و شوێنی ده‌نگدان:

ڕێکه‌وت: ڕۆژانی 13، 14، 15 دیسامبه‌ری 2005 (که‌ ده‌کاته‌ سێشه‌ممه‌، چوارشه‌ممه‌ وه‌ پێنج شه‌ممه‌)
کات: 9 ی به‌یانی تا 9 ی ئێواره‌
شوێنی ده‌نگدان:- ROSEWATER 73 Grand Junction Road
بۆ زیاتر زانیاری تکایه‌ په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌م ژمارانه‌وه‌: (0423716352 یان 0402337934)
هه‌ر سه‌رکه‌وتوبن

Thursday, December 08, 2005

تاوانێکی دیکه‌ی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی

چه‌ند تاوانێکی دیکه‌ی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

به‌پێ بڵاڤۆکێکی ڕێکخراوی یه‌کیه‌تی شۆڕشگێڕانی کوردستان رۆژی شه‌ممه‌ 12ی سه‌رماوه‌زی 2705 رێکه‌وتی 3ی دیسامبری 2005، له‌ بازاڕی سنووریی خانێ – حاجی ئۆمه‌ران، هاووڵاتییه‌کی دانیشتووی شارۆچکه‌ی "بندێ"ی ورمێ، به‌ناوی "تاهیر مه‌ندان" به‌ زه‌بری لێدانی ئه‌فسه‌رێکی هێزی ئاسایشی رێژیمی ئێران ده‌که‌وێ و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ که‌ خۆی نه‌خۆشیی دڵی هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ جێدا دڵی له‌ لێدان ده‌که‌وێ و گیانی سپاردووه‌.

به‌ پێ بڵاڤۆکێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌، کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی، 16ی سه‌رماوه‌زی 2705 (7ی دیسامبری 2005)، پێکدادانێک له‌ نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران و کۆڵبه‌رانی کورددا له‌سه‌ر سنووری مه‌ریوان روویداوه‌.
ئه‌م رووداوه‌ له‌کاتێدا رووی داوه‌ که‌ هێزه‌کانی ئینتیزامی له‌سه‌ر سنووری مه‌ریوان-پێنجوێن پێشیان به‌ کۆمه‌ڵێک له‌ خه‌ڵکی کۆڵبه‌ر گرتووه‌ و داوای باجیان لێکردوون. ئه‌و هێزه‌ 5 که‌س بوون و بریتی بوون له‌ فه‌رمانده‌ و گروهبان و سه‌ربازی سه‌ربه‌ پاسگای پیله‌وه‌ریه‌که‌. له‌ ئاکامی پێداگری بۆ وه‌رگرتنی باج له‌ کۆڵبه‌ره‌کان، له‌ لایه‌ن کۆڵبه‌ره‌کانه‌وه‌ که‌ ژماره‌یان 20 که‌س بوو به‌ر هێرش ده‌که‌ون و لیدانێکی باش له‌ فه‌رمانده‌ و هێزه‌که‌ی ده‌دن. پاش تێکهه‌چوونه‌که‌ هێزێکی یارمه‌تیده‌ری رێژیم ده‌گاته‌ شوێنه‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ بڵاوه‌ ده‌که‌ن و ده‌ده‌ن به‌ شاخه‌کانی ده‌ورووبه‌ردا.

هێزی یارمه‌تیده‌ر که‌ ده‌بینن هێزه شکست خواردووه‌که‌یان چیان به‌سه‌ر هاتووه‌، داخی خۆیان به‌ ئوتۆمبیله‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگره‌کانی خه‌ڵک ده‌رێژن و له‌ ئاکامدا خه‌سارێکی زووریان لیده‌ده‌ن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ کرده‌وه‌ی تاوانکارانه‌ی هێزه‌داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی، به‌پێ هه‌واڵێک که‌ سایتی ڕادیۆ نه‌وا بڵاویکردۆته‌وه‌، به‌هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ هاوڵاتیه‌كی‌ كورد له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ (سانان داغ) له‌ شاری‌ مهاباد, جارێكی‌ دیكه‌ شه‌ڕوپێكدادان له‌ نێوان پۆلیس و هاوڵاتیانی شاری مهاباد سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌. سایتی نه‌وا له‌ زاری ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ (ئاكی‌) ئیتاڵیاوه‌ نوسیویه‌تی که‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس هاوڵاتیه‌كی‌ كوردی ته‌مه‌ن 22 ساڵیان ده‌ستگیر كردوه‌, پێك هه‌ڵپژان له‌ نێوان هاوڵاتیه‌ كورده‌كان و هێزه‌كانی‌ پۆلیسدا چێبوه‌‌. به‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا هێزه‌كانی‌ پۆلیس به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نامرۆڤانه‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ كورده‌یان ئه‌شكه‌نجه‌ داوه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ دوای‌ چه‌ند سه‌عاتێك گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.
هه‌روه‌ها به‌ پێی هه‌واڵێکی دیکه‌ که‌ سایتی کوردستان مێدیا سه‌باره‌ت به‌ تاوانێکی ڕژیمی ئیسلامی له‌ شاری سنه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌،‌ رۆژی‌ 13/9/1384، هێزه‌ به‌ناو ئاسایش پارێزه‌کانی‌ كه‌لانته‌ریی‌ 13ی‌ سنه‌ له‌ پاركی‌ ئیستقلال دا لاوێكی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵ‌ به‌ناوی‌ "پویا ئیبراهیم ئابادی‌" ده‌گرن‌و راپێچی‌ كه‌لانته‌ری‌ ده‌كه‌ن.جێی‌ باسه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ ئینتیزامی‌، ناوبراو له‌ به‌رده‌رگای‌ كه‌لانته‌ری‌دا به‌ راده‌یه‌ك ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ هۆش ده‌چێ‌‌و پاشان به‌ڕێی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ته‌وحیدی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ به‌هۆی‌ وێكه‌وتنی‌ زه‌ربه‌ی‌ قورس له‌ لایه‌ن هێزه‌ دڕنده‌كانی‌ ئینتیزامی‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ ده‌ست ده‌دات. پاش ئه‌م رووداوه‌ هێزه‌كانی‌ رێژیم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان له‌ چه‌شنی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ مه‌هاباد له‌ سنه‌ش دا به‌ڕێوه‌نه‌چێ‌ ده‌ڵێن ئه‌و لاوه‌ خۆكوژی‌ كردوه‌و هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ بانگ ده‌كه‌ن‌و به‌ڵێنی‌یان لێ‌ وه‌رده‌گرن كه‌ نابێ‌ له‌م باره‌وه‌ هیچ ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌ك نیشان بده‌ن‌و ده‌بێ‌ بێ‌ده‌نگ بن.
بێگومان ئه‌م تاوانانه‌ ڕۆژانه‌ له‌ خاکی داگیرکراو‌ی وڵات هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بن تا سێبه‌ری ڕه‌شی هێزی داگیرکه‌ره‌کان له‌سه‌ر کوردستان بمێنێ. کۆتایی هێنان به‌و چه‌وسانه‌وه‌و بێڕێزی و داپڵۆسینه‌ ته‌نیا به‌ ڕزگاری کوردستان له‌ چنگی ئه‌و هێزه‌ ڕه‌ش و بێبه‌زییانه‌ دێته‌دی که‌ ئه‌ویش به‌ هاوکاری و هاوهه‌ڵوێستی و یه‌کیه‌تی کرده‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌کان و تێکۆشه‌رانی ڕێی ڕزگاری به‌ ڕچاوکردنی سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ دێته‌ دی.

Tuesday, December 06, 2005

عه‌بدوللا حیجاب

له‌ ماڵپه‌ڕی كوردیش پلاتفۆرمه‌وه___________________________________________________________________
عه‌بدوللا حیجاب
بۆ رای گشتی!

له درێژایی سیاسه‌تی نکۆڵی کردن و ئینکاری ده‌وڵه‌تی تورکیه له‌ به‌رامبه‌ر داخوازه‌کانی گه‌لی کورددا، ئه‌وه چه‌ند رۆژیکه‌ به‌رپرسانی شه‌ری تایبه‌تی ئه‌م رێژیمه‌، کامپانیایه‌کی به‌ربڵاویان له‌ دژی ته‌له‌ڤیزیۆنی رۆژتی.ڤی. و لایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ کورده‌کان ده‌ست پێکردووه. تورکیا له‌ ڕێگای ئه‌و کامپانیا دژی دێموکراتی‌یه‌‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دا به‌ کپ کردنی ده‌نگی رۆژتی.‌ڤی، له‌ ڕاستی دا پێش به‌ هاواری عه‌داله‌تخوازایی گه‌لی کورد له‌ باکووری کوردستان‌دا بگرێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ کاربه‌ده‌ستانی تورک ده‌سته‌وداوێنی پیلانێکی به‌ربڵاو بوون و له‌ هه‌موو ئاستێکی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوده‌ست بۆ خۆیان و دوژمن بۆ گه‌لی کورد و خه‌باته‌که‌ی بدۆزنه‌وه‌.

کامپانیا دژی دێمۆکڕاتیکه‌کانی تورکیا له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد، ئه‌گه‌ر تا ئێستا سازی‌یه‌ دێمۆکراتیکه‌کان، چاپه‌مه‌نی و جاروباریش ڕووناکبیرانی باکووری کوردستانیان ده‌کرده‌ ئامانج، ئێستا له‌ دژی تاکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م وه‌ڵاته‌ش به‌ڕێوه‌ ده‌چن. هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فکری‌یه‌، رۆژی‌ 24ی مانگی نوامبر، به‌ دوای کۆبوونه‌وه‌ی کۆنسه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکیا (مگک)، له‌ لایه‌ن قسه‌‌که‌ری فه‌رمی به‌رێوه‌به‌ر‌یی گشتیی ئاسایشی وه‌ڵاته‌وه، ڕاگه‌یاندراوێک بڵاو کرایه‌وه‌‌ و به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی که‌ من گۆیا به‌رپرسی رۆژ. تی.‌ڤی. و ئه‌ندامی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆنگره‌ی گه‌لم، ئیدیعا کرا که‌ من هۆکاری سه‌ره‌کیی پێوه‌ندی ئه‌و ته‌له‌ویزیۆنه‌ له‌ گه‌ل کۆنگره‌ی گه‌ل‌دام. مه‌به‌ستی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ له‌م لێدوانه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ بیانووی به‌شداری کردنی من له‌ به‌رنامه‌یه‌کی رۆژتی‌ڤی ‌له‌ مانگی ئاپریلی ساڵی 2004، که‌ له‌‌و دا من له‌ سه‌ر ناوی کونگره‌ی گه‌ل لێدوانم داوه‌، مه‌شرووعیه‌ت بدا به‌ هه‌وڵی نامه‌شروعی خۆی بۆ داخستنی ته‌له‌ویزیۆنی رۆژ.

په‌یامی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان

بۆ به‌ڕێز به‌ڕێوبه‌ری ڕادیۆی کوردی له‌ باشوری ئوسترالیا – شاری ئه‌ده‌لاید
په‌یامی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان – باشوری ئوسترالیا، شاری ئه‌ده‌لاید

خوشکان... برایان... کوردستانیانی دانیشتوی هه‌‌نده‌‌ران!
کوردانی فه‌‌یلی و ئێزیدیی چه‌‌ندجار به‌‌ش خوراو...!
تورکمانه ‌‌دلسۆزه‌‌کانی کوردستان... کلدوئاشوریه‌ سه‌ربه‌‌رزه‌‌کان
!

ڕۆژانی 13، 14، 15ی دیسه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ، ڕۆژانی ده‌نگدانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێکی چوار ساڵه‌ بۆ کۆماری عێراقی فیدڕاڵ. لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان، که‌ لیستی یه‌کێتی ریزه‌کانی گه‌ل وهێزه‌ سیاسییه‌کانێتی، ئه‌م جاره‌شیان به‌یه‌ک ریزی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شداره‌و متمانه‌یه‌کی ته‌واوی به‌ گه‌لـــی کوردوستان هه‌یه‌ که‌ له‌م پرۆسیسه‌ دیموکراتییه‌دا ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ات. یه‌کبوونی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان داوایه‌کی به‌رده‌وامی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان بووه‌ و بوونی ئه‌م لیسته‌ هاوبه‌شه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هێماکانی بوونی ئه‌م یه‌کبوونه‌، که‌ ئاکامه‌که‌ی هێنانه‌دی فراکسێۆنێکی کوردستانی به‌هێز له‌ په‌رله‌مانی عێراقی فیدراڵدا ده‌بێ. ئه‌م ئه‌رکه‌ تێکۆشه‌رانه‌یه‌ ته‌نها له‌ رێگای خه‌ڵکی کوردستان وبه‌پشتگیری کردنی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، له‌ ڕێگای ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ لیستی ژماره‌ 730 وه‌ ده‌بێ.

هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابووردوودا ئه‌رکی گه‌وره‌ی له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا ئه‌نجام داوه‌ وتوانیوێتی ده‌نگی کوردوستان به‌ ڕای گشتی و ووڵاتانی جیهان وده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، بگه‌یه‌نێ. له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆی کوردوستانیشدا کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتی ئاشکرای به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ بواره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و، کردنه‌وه‌ی زانکۆ وخوێندنگا و بنکه‌ی ته‌ندرووستی و بایه‌خدان به‌ گوزه‌رانی خه‌ڵک و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ تیرۆر ده‌یان ووڵاتی دراوسێیی گرتۆته‌وه‌، جگه‌ له‌ بووونی مه‌ودایه‌کی دیموکراسی له‌ کۆمه‌ڵ وله‌ ژیانی سیاسی کوردستاندا، که‌ بێ گومان به‌ تێبینی وبه‌شداری پۆزه‌تیفانه‌ی جه‌ماوه‌ر، له‌ هه‌ڵه‌و که‌موکورییه‌کانی پاک ده‌کرێته‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراقیدا توانرا مۆرکی ده‌ولًَه‌تی عێراق له‌ ده‌وڵه‌تی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، بکرێ به‌ ده‌وڵه‌تی نیشتمانیی هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌شێوه‌یه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بنیاتبنرێته‌وه‌ وگه‌لی کوردستانیش ببێته‌ سه‌نگێکی قورس وکاریگه‌ر له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی عێراقدا.

ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ش که‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان به‌ پشتگیری جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌، ڕاده‌ی به‌رزی خواست وداواکارییه‌کان نین، بۆیه‌ کاروانێکی تێکۆشانی سیاسی دیموکراسییانه‌ی درێژمان له‌به‌رده‌مدایه‌، که‌ ده‌بێ به‌یه‌کگرتووی بیبرین، هه‌ر له‌م میانه‌شدا هه‌ڵه‌ وکه‌موکورییه‌کانمان چاککه‌ینه‌وه‌وبتوانرێ ده‌نگی کوردستان له‌ تێکرای یاساکانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقدا به‌ ئاشکرا دیار بێت و ده‌سکه‌وته‌کانی ده‌ستوور بپارێزرێ و ماوه‌ به‌ نه‌یارانی مافی گه‌له‌که‌مان و دیموکراسی، نه‌درێ.

بۆیه‌ له‌ کاتێدا بانگه‌وازی خۆمان ئاراسته‌ی ئێوه‌ ده‌که‌ین که‌ ده‌نگ بۆ لیسته‌که‌تان، لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی ژماره‌ 730 بده‌ن، داواتان لێده‌که‌ین به‌ ڕوونی وڕاشکاوی ڕه‌خنه‌ی بنیات نه‌رانه‌ له‌ که‌موکوڕییه‌کان بگرن وبه‌به‌رده‌وامی تێبینییه‌کانتان ئاراسته‌ی نوێنه‌رانی خۆتان له‌ نێو لیسته‌که‌دا، بکه‌ن بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی ئێوه‌ بۆ هه‌موو بواره‌کانی ده‌سه‌ڵات.

خوشکان، برایان......
ده‌نگدانتان بۆ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ژماره‌730 ده‌نگدانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک وخانه‌قین وشنگال مه‌نده‌لی و ته‌له‌عه‌فه‌ر و وتێکرای شوێنه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان. ده‌نگی ئێوه‌، ده‌نگدانه‌ دژ به‌ تیرور وجیاکاری نه‌ته‌وه‌ی وئاینی ومه‌زهه‌بی. ده‌نگی ئێوه‌
به‌رنامه‌ی ئیراده‌ی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانه‌.
ده‌نگتان ده‌نگی دیموکراسی وکوردستانی ئازاده‌.
ده‌نگی ئێوه‌ وه‌فادارییه‌ بۆ خێزانی شه‌هیدان .

لیژنه‌ی ته‌نسیقی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌ باشوری ئوسترالیا، شاری ئه‌ده‌لاید
رۆژی دووشه‌ممه 05/12/2005‌
شوێنی ده‌نگدان:
South Australian Registration and Polling Station
73 Grand Junction Road
Rosewater 5013
Adelaide - South Australian

Monday, December 05, 2005

لةم هةصبژاردنة دا هةموو لة يةك سةنگةر داين

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دا هه‌موو له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر داین ؟
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

بێگومان هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێران مافی ڕه‌وا و دیموکراتیکی هه‌موو تاکێکی کومه‌لگایه‌ و زامن و پاڵپشتی به‌ره‌و پێش چونی شارستانیانه‌یه‌.

گه‌لی کورد له‌ درێژاێی مێژووی خۆی دا ئیمکانی ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ که‌ بتوانێ له‌ ڕێگای ده‌نگ دان و دیاری کردنی نۆێنه‌ری خۆیه‌وه‌ له‌ چاره‌نوسی ده‌س به‌سه‌ر دا گیراوی دا به‌شداری بکات و له‌ پروسه‌یه‌کی دیموکراتیکی دا خه‌باتێکی هێمنانه‌ و ئازادانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێ. دوای هێرشی ئیمریکا و هاوپه‌یمانه‌کان بۆ ڕزگارکردنی کویت له‌ داگیرکاری حکومه‌تی سه‌دام حسێن ، هه‌ل و ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی کورد لوا که‌ بتوانێ باشوری کوردستان به‌ شه‌پۆلێکی توڕه‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ هێزی داگیرکه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی پاک بکاته‌وه‌ و پاشان دوای کۆڕه‌وێکی چه‌ند ملیونی کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان بڕیاری هێڵی 36 ده‌ره‌جه‌یان دا بۆ پاراستنی گه‌لی کورد له‌ هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌کانی سه‌دام حسێن و به‌ هوی هێندێ فاکته‌ری سیاسی ، بازرگانی و نیزامیه‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام له‌ به‌شێک له‌ ناوچه‌کانی باشوری کوردستان له‌ به‌ین برا و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاێی ده‌سه‌ڵاته‌ پڕ بێته‌وه‌ ئیمکانی هه‌ڵبژارنێکی ئازاد هاته‌ ئاراوه‌ و کورد به‌ تاسه‌ و تامه‌زرووێی و هه‌ست به‌ برپرسیاری کردنه‌وه‌ له‌ پشت سندوقه‌کانی ده‌نگدان سه‌ره‌یان گرت و نوینه‌ری خۆیان دیاری کرد که‌ په‌رله‌مانێکی خۆماڵی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ حیزبه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی باشور وه‌ک یه‌کیه‌تی و پارتی له‌ دیموکراسی و ده‌نگ دان و هه‌ڵبژرادن شاره‌زاێی و تێگه‌یشتنیان نه‌بو و پارله‌مان و ده‌نگی گه‌لیان په‌نجا به‌ په‌نجا دابه‌ش کرد و گه‌وره‌ترین گورزیان له‌ که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ێی و گیانی دیموکراتی کوردستان دا.

دوای ڕۆخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن له‌ 2002 کورد جارێکی دیکه‌ چاره‌نوسی چه‌واشه‌ کرایه‌وه‌ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌روکی پارته‌کانی باشور و له‌ سه‌روی هه‌موانه‌وه‌ یه‌کیه‌تی ، پارتی و مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هه‌وڵی یه‌کگرتنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی کوردستان بده‌ن و پارله‌مان و حکومه‌تی کوردستان یه‌کبخه‌ن و یاسا سه‌روه‌ر که‌ن و هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیه‌کی سه‌رانسه‌ری وه‌ڕێ بخه‌ن ، به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵهاتن و بونه‌ سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و عیراقیان له‌ لێک هه‌ڵوه‌شان ڕزگار کرد و گه‌لی کوردیان کرده‌وه‌ به‌ عێراقی. ئه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌نگاو بو که‌ کورد به‌ره‌و ڕێگایه‌کی دیاریکراو ترینی چاره‌نوسی که‌وته‌ ڕێ و له‌وه‌ ناچێ بتوانێ له‌ هێڵه‌ دیاریکراوه‌کانی لا بدات.

پاشان نوینه‌رانی کورد که‌ ئاشکرایه‌ یه‌کیه‌تی و پارتی و له‌ سه‌روی هه‌موانیشه‌وه‌ به‌ڕێزان مامه‌ و کاکه‌ن ، چونه‌وه‌ قالبی ده‌ورانی پاشایه‌تی و شۆڕشی شاخ و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردیان له‌ گروه‌ی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب دا کرده‌ ماتریاڵی شکه‌سته‌کانیان و کوردیان پێ چه‌واشه‌ کرد.

له‌ پێشدا وایان نیشان دا که‌ کورد هاوپه‌یمانی ئیمریکایه‌ و ئه‌مجاره‌ ئیتر به‌ مافه‌کانمان ده‌گه‌ین ، به‌ڵام کاتێ که‌ ده‌رکه‌وت نه‌ هاوپه‌یمانن و نه‌ ئیمریکاش هیچ به‌رنامه‌ و پلانێکی بۆ کوردی کۆڵوڵ هه‌یه‌ ، دام و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌نه‌ک و پ د ک که‌وتنه‌ پڕۆپاگه‌نده‌ کردن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌راسه‌ری له‌ عێراق و به‌ کوردیان وت وه‌رن ده‌نگ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئیمه‌ بچینه‌ پارله‌مانی عێراق و له‌وی ده‌ستوریکی نۆێ بنوسین و له‌و ڕێگایه‌وه‌ مافی چاره‌نوسی خۆمان وه‌رگرین و کاتێ کاک مه‌سعود بارزانی له‌ بغدا گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور بوبونه‌وه‌ ، ڕای گه‌یاند که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ دیاری کردنی مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌ بۆ کورد ، که‌چی پاشان که‌ ده‌ستوره‌که‌مان خۆێنده‌وه‌ ته‌نانه‌ت یه‌کجاریش باسی کوردستان وه‌ک وه‌ڵاتی کوردان و کورد وه‌ک ئیتنێکێکی جیاواز ناکات و ته‌نیا باس هه‌ر باسی هه‌رێم و ئه‌و شتانه‌یه‌. هه‌ر هه‌مان کات هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستانیش کرا و یه‌کیه‌تی و پارتی سوزیان دا که‌ ماڵی کورد یه‌ک بخه‌ن و که‌رکوک و خانه‌قین بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و یاسا سه‌روه‌ر بکه‌ن.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ماوه‌ دا ڕوی دا ته‌نیا ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ن پارتی وه‌ری گرتوه‌ وه‌ک سه‌روکی هه‌یم بون له‌لایه‌ن سه‌روکی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ، وه‌رگرتنی پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران له‌ لایه‌ن برازا و زاوای سه‌روکی هه‌ریم و ده‌س به‌ سه‌ردا گرتنی زوربه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌وی و بازرگانی کوردستان له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه‌ و هه‌روها پاڵه‌وانی گوڕه‌پانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ایه‌تی و له‌ به‌رانبه‌ریش دا یه‌کیه‌تی نیشتمانی پۆستی سه‌روک کۆماری عێراقیان وه‌ر گرت و مامه‌ ده‌ستی به‌ عێراقی چیه‌تی کرد و یه‌کیه‌تیش به‌ دوای دا و ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵ ئاورباران کردن دا وه‌ده‌ستی هێنا بو هه‌موی له‌ گۆڕه‌پانی ڕێکه‌وتنه‌کان دا دوڕاند . ئێستا که‌ ده‌ورانی هه‌ڵبژاردن کۆتاێی هاتوه‌ و پێویسته‌ جارێکیتر هه‌ڵبژاردن بکرێته‌وه‌ یه‌کیه‌تی و پارتی هیچیان نیه‌ به‌ خه‌ڵک بڵێن که‌ بۆچی ده‌بێ ده‌نگ بده‌ن ، بویه‌ دایکی شه‌هید و ئیسک و پروسکی ئه‌نفال کراوه‌کان و مارشی ئه‌ی ڕه‌وقیب لێ ئه‌ده‌ن و له‌ لایه‌ک به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆقاندن و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ پاڕاناوه‌ ئه‌یانه‌وێ خه‌ڵک ده‌نگیان بۆ بدات ، که‌چی ناشڵێن چیمان بۆ ئه‌که‌ن.

پارله‌مانی تازه‌ هه‌ڵبژێردراو ته‌نیا دوو کاری کرد ، یه‌که‌م دیاری کردنی کاک مه‌سعود به‌ سه‌روکی هه‌ریم که‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ته‌وافقی به‌ینی یه‌نه‌ک و پارتی دا بوو و دووهه‌م ده‌نگدان بۆ قه‌بوڵکردنی ده‌ستوری بێ ناوه‌رۆکی عێراق له‌ سه‌ر ڕێنماێی به‌ڕێز سه‌روکی هه‌یم.

ئیداره‌کان یه‌کیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ، یاسا هه‌ر وه‌ک جاران هه‌ژاره‌ و سه‌روک و فه‌رماند ه‌ ومه‌سئوله‌کان خه‌ریکی هه‌ڵۆشینی خۆیانن و که‌رکوک هه‌ر وه‌ک ده‌ورانی سه‌دام له‌ که‌ساسی و بێکه‌سی دا ئه‌ژی و ئاواره‌کانی ، هه‌روا ئاواره‌ن و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراو و شیمیا بارانکراوه‌کان هیچ ئاوڕێکیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ .

هه‌مو ئه‌م شتانه‌ له‌ لایه‌ک و ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستا کوردی تێدایه‌ له‌ لایه‌کیتر. ئه‌و کارانه‌ی یه‌کیه‌تی و پارتی کردیان به‌داخه‌وه‌ کوردیان توشی چاره‌نوسێک کردوه‌ ، به‌رده‌وام بونی کاره‌ساته‌ و پاشه‌کشه‌ کردنیش دیسان کاره‌ساته‌. ئێمه‌ پروسه‌یه‌کمان ده‌س پێ کردوه‌ و چاره‌نوسمان گرێ دراوی پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی عێراقه‌ و به‌شداری نه‌کردنمان له‌ هه‌ڵبژاردن واته‌ به‌ هێز بونی لایه‌نی عه‌ره‌بی و که‌ عه‌ره‌به‌کانیش زورایه‌تیان به‌ده‌س هێنا ، ئه‌وا ئه‌توانن به‌ ئاسانی له‌ گه‌ڵ ئیمریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دا ڕێککه‌ون و هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی که‌ به‌ که‌مو کۆڕیه‌وه‌ کورد به‌ ده‌ستی هێناوه‌ لێی بستێنه‌وه‌ و کورد ببه‌نه‌وه‌ دوخی جارانی.
من پێموایه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ی کورد له‌ سه‌نگه‌رێکی هاوبه‌شداین به‌رنابه‌ر به‌ چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ێیمان و نابێ بایکوتی ده‌نگادن بکه‌ین ، به‌ڵکو ده‌کرێ گه‌ل به‌ زانینه‌وه‌ ده‌نگ به‌ لیستی دیکه‌ بده‌ن . ئه‌مڕو بێجگه‌ له‌ لیستی 730 که‌ ئی یه‌کیه‌تی و پارتیه‌ ، لیستی 779 ی پارستی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستانیش هه‌یه‌ و ئه‌توانن داکوکی له‌ مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ن . دیاره‌ لیستی 561 یه‌کگرتوی ئیسلامیش هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ک موسڵمامن ئه‌یانه‌وێ بچنه‌ پارله‌مانی عێراقی و کێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیان به‌لاوه‌ گرینگ نیه‌. هه‌ربویه‌ پێویسته‌ لیستی 779 ده‌نگێکی باش بێنێته‌وه‌ که‌ بتوانی وه‌ک لایه‌نێک له‌ پارله‌مانی عێراقی دا زه‌خت بخاته‌ سه‌ر یه‌کیه‌تی و پارتی زیاتر داکۆکی له‌ مافه‌ نه‌تاویه‌تیه‌کانمان بکه‌ن.

پاشان گه‌لی کورد ئه‌توانێ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی کوردستان دا به‌ ڕاشکاویه‌وه‌ ئاڵترناتیڤ دیاری بکات و ده‌نگ به‌ یه‌که‌یتی و پارتی نه‌دات ، یان تا ئه‌وکاته‌ی هه‌ردوو ئیداره‌که‌ یه‌کیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن دا نه‌که‌ن.
کورد ده‌بو ئه‌و کاتانه‌ هه‌ڵۆێستی بگرتایه‌ که‌ عێراق وه‌ک وه‌ڵات و قه‌واره‌ لێک دابڕا بو به‌ڵام ئێمه‌ خاوه‌ن پارله‌مان و ده‌سه‌ڵات و ئاسایشی خۆمان بوین.
051204

Saturday, December 03, 2005

ڕۆشنبیرانی ئوسترالیا، یان ژماره‌یه‌ له‌ ڕۆشنبیرانی کورد له‌ ئوسترالیا؟

له‌ بابه‌ته‌کانی ڕۆژی سێی دێسه‌مبه‌ری کوردستان نێت دا بابه‌تێک به‌ ناوی "ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئوسترالیا: له‌ پێناوی ئازادی ده‌ربڕین" ، سه‌رنجی ڕاکێشام. سه‌ره‌تا له‌خۆم پرسی بێژی ڕۆشنبیران و سه‌تمه‌دارانی ئوسترالیا!چیان کردبێ و بۆکورد هێنده‌ گرنگ بێت که‌ له‌ کوردستان نێت بڵاوکرابێته‌وه‌ و ئه‌زیش له‌ گوێی گادا نوستووم و ئاگام لێی نیه‌؟ بێ سێ و دوو چاوم لێکرد و خوێندمه‌وه‌ . ئاکامه‌که‌ ئه‌وه‌بوو که‌ ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئوسترالیا نه‌بوون، به‌ڵکوو "ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی.." کورد له‌ ئوسترالیا بوون، ئه‌وانیش هه‌مویان نه‌بوون به‌ڵکوو ژماره‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێک له‌ "ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌داران"ی کوردی ئوسترالیا بوون.

وێڕای ده‌ستخۆشی و به‌ به‌جێ دانانی هه‌ڵوێسته‌که‌یان و پشتگیری له‌ داواکه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌، حه‌ز ده‌که‌م به‌و هێژایانه‌ بێژم و (دڵنیاشم خۆشیان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن و نازانم چۆن به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه‌) که‌ ناونیشان یان سه‌ردێڕی بڵاڤۆکه‌که‌یان هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌و گشتی وێژیه‌ یان خۆ به‌گشت زانینه‌ که‌لتورێکه‌ که‌ بۆ وه‌لانان ئه‌شێ و ڕه‌وانیه‌ ژماره‌یه‌کی دیاریکراو به‌ناوی هه‌مو ڕۆشنبیرو ساسه‌تڤان و... کورد له‌ ئوسترالیا یان له‌ هه‌رشوێنێکی دیکه‌ بپه‌یڤن. گومانم نیه‌ له‌وه‌ی گه‌ر هه‌ڵوێسته‌که‌یان به‌ناوی کۆمه‌ڵێک یان ژماره‌یه‌ک له‌ ڕۆشنبیران و سیاسه‌تڤانان بوایه‌ به‌جێترو گونجاوتر بوو.

وه‌ک له‌سه‌روه‌ ئاماژه‌م پێداوه‌ من هه‌ڵوێسته‌که‌یان به‌ به‌جێ داده‌نێم و پشتگیری داخوازیه‌ نوسراوه‌کانی ناو بڵاڤۆکه‌که‌یان ده‌که‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێژم که‌ ده‌کرا ژماره‌یه‌کی زیاتر کۆبکرێته‌وه‌ و بۆ کارێکی له‌و بابه‌ته‌وه‌ و ژماره‌ی ناوه‌کانیش هه‌رچه‌ندێک بێت ناکرێ به‌ناوی کۆوه‌ بڵاڤۆک بوه‌شێنرێ و ئه‌و دۆستانه‌ش باش ده‌زانن که‌ ژماره‌ی ڕوناکبیرو چالاکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ... له‌ ئوسترالیا فره‌ له‌وه‌ زیاترن و ئه‌و گریمانه‌یه‌ش له‌بیر نه‌چێ که‌ ڕه‌نگه‌ ڕوناکبیرو ساسه‌تڤانی وا هه‌بن که‌ هاوهه‌ڵوێستی ئه‌وان نه‌بن.

بۆ ڕۆژنامه‌ وگۆڤاره‌ سه‌ربه‌خۆو دیموکراسی خوازه‌کانی کوردستان

بۆ ڕۆژنامه‌ وگۆڤاره‌ سه‌ربه‌خۆو دیموکراسی خوازه‌کانی کوردستان

ویراى سڵاو !

به‌ گویره‌ى پره‌نسیپى چاپه‌مه‌نى له‌ ریکه‌وتى 26/8/1384 ى هه‌تاوى نامه‌یه‌کم له‌ وڵامى " روون کردنه‌وه‌یه‌ک " دا بۆ به‌رپرسى چاپه‌مه‌نى حیزب نووسى که‌ په‌یوه‌ستى ئه‌و نامه‌یه‌و له‌ به‌رده‌ستتان دایه‌ ، وه‌ک ئاگادار کرامه‌وه‌ کوتوویانه‌ چونکوو رۆژنامه‌ى ئێمه‌ ئۆرگانى کومیته‌ى ناوه‌ندى حیزبه‌ ناتوانین وڵامه‌که‌ت چاپ که‌ینه‌وه‌ .

بۆ ئه‌وه‌ دیسپلینم به‌ر چاو گرتبآ جارێکى دى خۆم چوومه‌ لاى به‌رپرسى سکرتاریا و شه‌خسى سکرتیر و داواکه‌م دووپات کرده‌وه‌ ، هه‌میسان پاش چوار رۆژ ئاگادار کرامه‌وه‌ که‌ ده‌فته‌رى سیاسى- به‌ پیچه‌وانه‌ى بریارى پلینوم که‌ له‌ سه‌ر پێشنیارى خۆم و به‌ حورمه‌تى پلینوم به‌ڵینم پێدان " له‌ ته‌جدیدى چاپ دا بنووسم ئه‌وه‌ له‌ روانگه‌ى منه‌وه‌ به‌شێک له‌ میژووى حیزبه‌" وله‌ ده‌فته‌رى بریاره‌کانیش دا هه‌ر وا نووسراوه‌ – ئاماده‌نى یه‌ وڵامه‌که‌ى من له‌ کوردستان دا چاپ بکا .

بۆیه‌ داوا له‌ چاپه‌مه‌نیه‌کانى دیمۆکراسى خواز و ئازادبیرو سه‌ربه‌خۆى هه‌ر دوو ئیداره‌ ده‌که‌م ئه‌و ووڵامه‌م که‌ جوابى" روونکردنه‌وه‌یه‌که‌" که‌ له‌ کوردستانى ژماره‌ 424 دا چاپ کراوه‌ و به‌ رادیوش بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ بۆ چاپ که‌ن با بۆ دیفاع له‌ ئازادى قه‌ڵه‌م هه‌ولیان دابآ و نووسه‌ره‌که‌شى وڵامى خۆى وه‌رگرتبیته‌وه‌ . به‌ سپاسه‌وه‌ جه‌لیل گادانى1/12/2005

به‌رێز کاک باباعه‌لى به‌رپرسى کۆمیسیونى چاپه‌مه‌نى حیزب

له‌ لاپه‌رى یه‌که‌مى رۆژنامه‌ى ژماره‌ى 424ى کوردستان مه‌تڵه‌بیک له‌ ژێر سه‌ردێرى"روونکردنه‌وه‌یه‌ک" دا نووسراوه‌و له‌ سه‌ر کتێبى په‌نجا ساڵ خه‌بات دواون . به‌ پێى یاساى چاپه‌مه‌نى چوونکو نووسه‌رى ئه‌م کتێبه‌ " به‌رگى دووى په‌نجا ساڵ خه‌بات" بڕوام به‌ و نووسراوه‌ نى یه‌ وه‌به‌پیچه‌وانه‌ى ئووسوولى دیمۆکراسى و یاساى چاپه‌مه‌نى ده‌زانم ، داوا ده‌که‌م ئه‌و نووسراوى په‌یوه‌ست وه‌ک روانگه‌ى نووسه‌رى کتێب و وڵامێک بۆ روونکردنه‌وه‌کتان له‌ ژماره‌ى داهاتووى کوردستان دا چاپ که‌ن . به‌ سپاسه‌وه‌ جه‌لیل گادانى24/8/1384ى هه‌تاوى

روون کردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر روونکردنه‌وه‌یه‌ک

من جه‌لیل گادانى نامهه‌وى بچمه‌ ناخى ورده‌کارى ئه‌و به‌زمه‌ى که‌ پلینومى شه‌ش له‌ سه‌ر ئه‌و کتێبه‌ به‌ منى گرت ، هه‌ر ئه‌و کتێبه‌ى له‌ لاپه‌رى 7ى ژماره‌ 417ى رۆژنامه‌ى کوردستان دا پیشتر ناسێندراوه‌ و داواى سه‌رکه‌وتنیشیان بۆ نووسه‌ره‌که‌ى کردوه‌ ، به‌زمه‌که‌ 5/2 سه‌عاتى خایاند ئاکامه‌که‌شى محکوم کردنى کتێبه‌ به‌ستزمانه‌که‌م بوو که‌ نابآ مێژووى حیزب بآ . ئه‌و حوکمه‌ش له‌ حاڵه‌تێک دا سادر بوو که‌ 95% ئه‌ندامانى ریبه‌رى به‌شدار له‌ پلینوم کتێبه‌که‌یان نه‌دێتبوو نه‌یانخوێندبۆوه‌ . به‌ داخه‌وه‌ نووسه‌رى روونکردنه‌وه‌ش نه‌ک هه‌ر نه‌یخوێندۆته‌وه‌ به‌ڵکو ناوى کتێبه‌که‌و رووبه‌رگ و پشتى کتێبه‌که‌شى نه‌خوێندۆته‌وه‌ که‌ به‌ خه‌تى درشت نووسراوه‌ " په‌نجا ساڵ خه‌بات به‌رگى دووهه‌م " وه‌ به‌ وردى رووى به‌رگ و پشتى به‌رگه‌که‌ى به‌ دوو عیباره‌تى " با بۆ مێژوو بمێنى " هه‌موومان به‌ کرده‌وه‌ دێمۆکرات بێن " پڕ کراوه‌ته‌وه‌ .

له‌ پێش وتارێک دا که‌ خۆم بۆ ئه‌م کتێبه‌م نووسیوه‌ هه‌روه‌ها له‌ سه‌ره‌تایه‌ک دا که‌ به‌رێز کاک هاشم که‌ریمى بۆى نووسیوه‌ ، زۆر به‌ روونى هاتووه‌ که‌ ئه‌و کتێبه‌ کورته‌ مێژووى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئیران ، رێبه‌راتى شۆرشگیره‌ .

به‌رگى یه‌که‌مى په‌نجا ساڵ خه‌بات له‌ ساڵى 1374ى هه‌تاوى به‌ بۆنه‌ى 50 ساڵه‌ى دامه‌زرانى حیزبى دێمۆکراتى کوردستان نووسراوه‌ که‌ ئه‌و کات ئێمه‌ دوو باڵ بووین . بۆ ئاگادارى خوێنه‌ران به‌شى هه‌ره‌ زۆرى به‌رگى دووهه‌میش هه‌ر ئه‌و کات ، به‌ر له‌ یه‌ک گرتنه‌وه‌ى دوو باڵى حیزب نووسراوه‌ و ده‌بوو له‌ گه‌لڕ به‌رگى یه‌که‌مى په‌نجا ساڵ خه‌بات چاپ بآ ، به‌ڵام چونکه‌ ئێمه‌ به‌ نیه‌ت پاکى پێشوازیمان له‌ یه‌کگرتنه‌وى دوو باڵى حیزب کرد و زۆریشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خۆ شکاندو ته‌نازوولى بى وێنه‌مان کرد نه‌مان ویست جه‌وى وتو وێژى یه‌کگرتنه‌وه‌ تێک بده‌ین هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و به‌شه‌م له‌ به‌رگى یه‌که‌م هه‌ڵاوارد . به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى به‌ پێى قه‌راردادێک یه‌کمان گرته‌وه‌ و بووێنه‌وه‌ یه‌ک حیزب له‌ وتارى ره‌سمى هه‌ر دوو سکرتیر دا به‌ روونى باسى یه‌کبوونه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى گه‌وره‌ى دیمۆکرات و یه‌ک گرتنه‌وه‌ى دوو باڵه‌که‌ى حیزب کراو ئه‌و کاره‌ جێگاى دڵخۆشى هه‌مو نه‌ته‌وه‌ى کورد بوو ، مه‌به‌ستى ئێمه‌ش له‌م یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌ جێگه‌یاندنى داواى چه‌ند ساڵه‌ى گه‌لى کورد بوو .

به‌رگى دووهه‌مى په‌نجا ساڵ خه‌باتیش به‌ هێندێک ده‌سکارى وشه‌کانى نووسراوه‌ى ساڵى 1374ى هه‌تاوى به‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ساڵى 2004ى زایینى چاپ کرا به‌ڵکوو به‌ وه‌رگرتنى ته‌جروبه‌و وه‌بیر هێنانه‌وه‌ى ئه‌و راستیانه‌ى له‌و کات دا روویان داوه‌ به‌رگرى له‌ ئاڵوزى ناو حیزب و دژایه‌تى کردنى یه‌کتر بکه‌ین و هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌تاکه‌ى دا هێناومه‌ " با ئه‌و هێزه‌ى که‌ بۆ ناکۆکى له‌ گه‌لڕ یه‌کتر به‌کارى ده‌هێنین سه‌رفى به‌رنگارى دوژمنى سه‌ره‌کیمان " کۆمارى ئیسلامى " بکه‌ین . له‌و پێناوه‌دا هه‌ولڕ بده‌ین ریزه‌کانى حیزبى پآ پته‌و تر بکه‌ین . به‌ باوه‌رى من روونکردنه‌وه‌که‌ چه‌واشه‌ کردنى مێژووه‌ ، چوونکه‌ ئه‌و کتێبه‌ به‌رگه‌یه‌کى تایبه‌ت له‌ مێژووى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئیران ، ریبه‌رایه‌تى شۆرشگیره‌ و چوونکو نزیک به‌ 8 ساڵیش سکرتیرى ئه‌و حیزبه‌ بووم ، خۆم له‌ که‌سانى تر بۆ ئه‌نجامى ئه‌م ئه‌رکه‌ شیاو تر ده‌زانم وه‌ ناوه‌رۆکى کتێبه‌که‌و ئه‌و به‌ڵگانه‌ى تیێدان به‌ ته‌واوى ئه‌مه‌ ده‌رده‌خه‌ن . هه‌موو به‌ڵگه‌و رووداوه‌کانیش روون و حاشا هه‌ڵنگرن .

راسته‌ ئه‌و کتێبه‌ یه‌ک لایه‌نه‌ نووسراوه‌ ، له‌ ماوه‌ى 8 ساڵ تێکۆشانى بآ وچانى به‌شێک له‌ رۆڵه‌کانى دێمۆکرات من ئاگام له‌و باڵه‌ى حیزب بووه‌ که‌ به‌رپرسى یه‌که‌مى بووم ، ئاگام له‌ باڵه‌که‌ى تر نه‌بووه‌ که‌ مێژووى بۆ بنووسم .

ئێوه‌ش ده‌توانن مێژووى ئه‌و ماوه‌یه‌ى لایه‌که‌ى خۆتان وه‌ک هه‌بووه‌ بنووسن و ئه‌و به‌ڵگانه‌ى تێدا جآ بکه‌نه‌وه‌ که‌ کاتى خۆى له‌ رادیو و رۆژنامه‌کانى هه‌ردوولادا بڵاو بوونه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى تریشتان هه‌بوو لێى زیاد که‌ن . یه‌کگرتنه‌وه‌شمان به‌و مانایه‌ نه‌بوو که‌ ئه‌مان نامه‌مان لێ وه‌رگرتبن ، به‌ڵکوو پێشوازى ئێمه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌هێزتر کردنى جووڵانه‌وى دێمۆکراتێکى گه‌لى کورد له‌ کوردستانى ئیران بوو که‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ به‌ر دژانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌نرخه‌ ئاکامه‌که‌ى وا ده‌رنه‌چوو .

به‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌قى روون کرنه‌وه‌که‌ من له‌ و کتێبه‌ دا که‌ وادیاره‌ هێندێک زۆرى پآ حه‌ساسن گله‌ێیم له‌ کادرو پێشمه‌رگه‌ نه‌کردوه‌ ، به‌ڵکوو ریبه‌رایه‌تى حیزب له‌ ژێر پرسیار دا بووه‌ . کادرو پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و زه‌مانه‌ له‌ وه‌ وریا ترن به‌ شتى ئاوا باوه‌ر بکه‌ن ، به‌ڵکوو خوازیارى ئه‌وه‌ن بۆ خۆیان به‌ کرده‌وه‌ رووداوه‌کان ببینن و بیستن بۆ زانیارى زیاتر هه‌ولڕ ده‌ده‌ن .

سه‌یر تر له‌وانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ روونکردنه‌وه‌دا له‌ لێکۆڵه‌ره‌وان داوا کراوه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌ى جآ باوه‌ر له‌ سه‌ر ده‌قى ئه‌و کتێبه‌ حیساب نه‌که‌ن !!!!! به‌ باوه‌رى من لێکۆله‌ره‌وان و روشنبیرانى ئازادى خوازو دێمۆکرات و دڵئاواله‌ چاویان له‌ زارو قه‌ڵه‌مى من یان که‌سێکى تر نى یه‌ ، فه‌رمانبه‌رى ئێمه‌ش نین حوکمیان به‌ سه‌ر دا بکه‌ین ، ئه‌وان خۆ ماندوو ده‌که‌ن و به‌ دواى راستیه‌کان و به‌ڵگه‌ى روون و ئاشکراو حاشه‌هه‌ڵنه‌گره‌کان دا ده‌گه‌رین .

ئاخر ئه‌و به‌ڵگانه‌ى له‌م کتێبه‌ دا هاتوون هه‌ر هه‌موویان له‌ کاتى خۆى دا به‌ رادیو و رۆژنامه‌ بڵاو کراونه‌وه‌ ، سه‌ردێرو ڕیکه‌وت و به‌رواریان له‌ سه‌ره‌ و ئاوینه‌ى باڵانوێنى رووداوه‌کانن .

ده‌بآ بلێم به‌ داخه‌وه‌ روونکردنه‌وه‌که‌ى رۆژنامه‌ى ژماره‌424ى کوردستان نه‌ هه‌ر هێچى روون نه‌کردۆته‌وه‌ به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ راستییه‌کانى ناو کتێبه‌که‌شى که‌ به‌شێک له‌ مێژووى راسته‌قینه‌ى حیزبن و به‌ڵام من نووسیومه‌ با بۆ مێژوو بمێنن چه‌واشه‌ کردوه‌ و شێواندوونى .

جارێکى تر وه‌ک نه‌هرۆى گه‌وره‌ گوتوویه‌تى " گه‌لێک که‌ مێژووى خۆى نه‌زانى مه‌جبووره‌ هه‌موو رووداوه‌کان دووپات و چه‌ند پات بکاته‌وه‌ " عومریش به‌شى ئه‌و هه‌موو دووپات کردنه‌وه‌ ناکات . که‌وابوو با چیتر بڕوامان به‌ شاردنه‌وه‌ى راستیه‌کان نه‌بآ و به‌م شێوه‌یه‌ فیل له‌ خۆمان و خه‌ڵک نه‌که‌ین . وه‌ک له‌ پلینومیش دا عه‌رزم کردن هه‌م به‌رگى دووى په‌نجا ساڵ خه‌بات هه‌م له‌ داهاتوویه‌کى که‌مێک دوورتردا هه‌ر دوو به‌رگه‌که‌ى به‌ یه‌که‌وه‌ چاپ ده‌کرێته‌وه‌ و قه‌زاوه‌تیش به‌ خوێنه‌ره‌کان ده‌سپیرین .
جه‌لیل گادانى
24/8/1384ى هه‌تاوى
سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ڕاستیه‌کان
___________________________________________________
ئه‌وه‌ش ده‌قی ڕونکردنه‌وه‌‌که‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانه که‌ له‌ مانگنامه‌ی کوردستان وه‌رگیراوه‌‌
روون كردنه‌وه‌یه‌ك

یه‌كێك له‌و كارانه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌زموونی‌ شۆرشگێڕانه‌ی‌ كه‌سیایه‌تیه‌ سیاسی‌ و فه‌رهه‌نكی‌یه‌كان و..... بۆ به‌ره‌ی‌ نوێ‌ به‌ تایبه‌ت لاوان چاو لێ‌ بكری‌، نووسینی‌ بیره‌وه‌ریی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌. زۆر له‌ مێژ نیه‌ كه‌ ره‌وتی‌ نووسینی‌ بیره‌وه‌ری‌ له‌ نێو كورده‌كانیش دا په‌ره‌ی‌ سه‌ندوه‌و زۆر كه‌س ده‌ستیان داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م و له‌و بواره‌دا كتێب و نامیلكه‌یان نووسیوه‌. ئه‌و كاره‌ له‌خۆی‌دا هیچ ئیراد و ئیشكالێكی‌ له‌ سه‌ر نیه‌ و بگره‌ باشیشه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ یا ئه‌و نووسراوانه‌ به‌ چ مه‌به‌ستیك و به‌ چ گوتارێك دارێژرابن و چ كاریگه‌ری‌یه‌ك دابنێن.یه‌كیك له‌و نووسراوانه‌ كه‌ له‌م دوایانه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ به‌ڕێزكاك جه‌لیل گادانی‌یه‌ له‌ ژیر ناوی‌ "په‌نجا ساڵ خه‌بات." ئه‌و كتێبه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك بیره‌وه‌ریی‌ شه‌خسیی‌ كاك جه‌لیل نووسرابا، ده‌چووه‌ ریزی‌ ئه‌و جۆره‌ كتێبانه‌ كه‌ وه‌ك بیره‌وه‌ری‌ نووسراون. به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ وه‌ك مێژووی‌ حیزبی‌ دیمۆكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران نووسراوه‌ و وه‌ك نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكه‌ی‌دا، ده‌ڵێ‌ " به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌ند وه‌رگرتن و پته‌و بوونی‌ ریزه‌كانی‌ حیزب و..." و هه‌ر وه‌ك باس كرا ناوی‌ مێژووی‌ حیزبی‌ له‌ سه‌ره‌. به‌داخه‌وه‌ نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا لایه‌نی‌ بێ‌ لایه‌نی‌ وه‌لاناوه‌ و راستی‌یه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بوون باس نه‌كردوه‌ و مه‌به‌سته‌كه‌ی‌ كه‌ پته‌و كردنی‌ ریزه‌كانی‌ حیزب بێ‌، نه‌پێكاوه‌ و تێكۆشاوه‌ یه‌ك لایه‌نه‌ ره‌وایی‌ بدا به‌ هه‌ڵوێستی‌ به‌شێك له‌ كادر و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب كه‌ پاش كۆنگه‌ره‌ی‌ 8 بوو به‌ هۆی‌ دابڕان و جودا بوونه‌وه‌یان له‌ حیزب له‌ ساڵی‌1367(1989). ئه‌زموونێك كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و له‌ هه‌مان كات دا زیانێكی‌ گه‌وره‌شی‌ به‌ حیزب و جووڵانه‌وه‌ گه‌یاند.هه‌ر چه‌نده‌ نووسه‌ر ئیددیعا ده‌كا: به‌ مه‌به‌ستی‌ پێكهێنانی‌ ته‌فاهوم و رۆحی‌ برایه‌تی‌ زیاتر...." نووسراوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ نووسه‌ر هه‌موو كه‌موكووری‌یه‌كانی‌ خستۆته‌ پاڵ حیزب و رێبه‌ریی‌ پاش كۆنگه‌ره‌ی‌ 8 و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كادر و پێشمه‌رگانه‌ كه‌ له‌ ریزی‌ حیزب دا مانه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ناتوانێ‌ بۆ پێكهێنانی‌ ته‌فاهوم و روحی‌ برایه‌تی‌ شوێندانه‌ر بێ‌. به‌ داخه‌وه‌ له‌و وتاره‌دا ده‌ره‌تانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ورد به‌و نوسراوه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی‌ نیه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ بیانهه‌وێ‌ له‌ داهاتوودا هه‌ڵی‌ سه‌نگێنن و له‌ سه‌ری‌ بنووسن. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ لێره‌دا رای‌ گه‌یه‌نین ئه‌وه‌یه‌ كه‌: نووسراوه‌ی‌ به‌ڕێز كاك جه‌لیل له‌ ژێر ناوی‌ "په‌نجا ساڵ خه‌بات" وه‌ك مێژووی‌ حیزبی‌ دیمۆكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران حیسابی‌ بۆ ناكرێ‌ و بۆ ئه‌وه‌ نابێ‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ جێگای‌ باوه‌ڕ و متمانه‌ سه‌یری‌ بكری‌ مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ هه‌ر بابه‌تێكی‌ به‌ به‌ڵگه‌ی‌ جێگه‌ی‌ په‌سه‌ند و حاشا هه‌ڵنه‌گر پشت راست بكرێته‌وه‌. داوا له‌ ئه‌ندامان، لایه‌نگران، دۆستانی‌ حیزب و لیكوڵه‌ره‌وان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و كتێبه‌ وه‌ك میژووی‌ حیزب چاوی‌ لێ‌ نه‌كه‌ن.

Friday, December 02, 2005

بڕیاری کوشتنه‌که‌ی نگوین تۆنگ وان، له‌ سه‌نگاپوور به‌ڕێوه‌برا

بڕیاری کوشتنه‌که‌ی نگوین تۆنگ وان، له‌ سه‌نگاپوور به‌ڕێوه‌برا

قاچاخچیه‌ ئوسترالیه‌که‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی ‌ وه‌ڵاتی سه‌نگاپۆر له‌ سێداره‌درا. نگوین تۆنگ وانی ته‌مه‌ن 25ساڵ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2002 له‌کاتێکدا 400گرام هێرۆئینی پێبوو له‌ فڕگه‌یه‌کی سه‌نگاپۆر بنچاڤکراو پاشان بڕیاری له‌ دار دانی درا.

ئه‌و کاتژمێرێک پاش ئه‌وه‌ی دایک و برا سێویه‌که‌ی له‌ به‌ندیخانه‌ چاویان پێی که‌وت، سه‌ره‌ڕای داخوازی فره‌زۆر بۆ لێبوردنی له‌دار درا. کۆڕوکۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ سه‌نگاپوورو ئوسترالیا بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاری گیانستاندنی نگوین تۆنگ به‌ به‌رفراوانی به‌ڕێوه‌ چوو. هه‌روه‌ها فلیپ ڕادۆک دادستێنی گشتی ئوسترالیاش بڕیاری کوشتنی تۆنگ وانی به‌ دڕندانه‌ دانا.

دادستێنی ئوسترالیا هه‌روه‌ها گوتی: که‌ تاوان بڕیار لێدراو شیاوی پێداچونه‌وه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ بوو، چونکه‌ به‌وته‌ی تۆنگ وان، ئه‌و کاره‌ی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ بوه‌ تا بتوانێ 30هه‌زار دۆلاری تێچوونی کێشه‌ی یاسایی که‌ برا سێویه‌که‌ی به‌هۆی به‌کارهێنای ماده‌ی بێهۆشکه‌ره‌وه‌ به‌رهه‌می هێنا بو، به‌ قاچخکردنی ئه‌و به‌سته‌ ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌وه، تێیهه‌ڵێنێته‌وه‌.

کێشه‌ی نگوین تۆنگ له‌ لایه‌ن مێدیای ئوسترالیه‌وه‌ به‌ به‌ربڵاوی که‌وتبوه‌ ژێر وردبینه‌وه‌و به‌دواداچونی به‌رفره‌ی بۆکرا، لێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاکاماکه‌نی گشتپرسی که‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ ده‌ریده‌خات که‌ خه‌ڵکی ئوسترالیا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وایه‌تی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌ردۆزگه‌ری سه‌نگاپۆر توشی دوکه‌رتبوون و لێکدابڕان هاتوون..
لکس لێری، یه‌کێک له‌ پارێزه‌ره‌کانی نگوین تۆنگ گوتی که‌ تۆنگ وان ئاماده‌ی مردنه‌.
ئه‌و هه‌روه‌ها دوا چاوپێکه‌وتنی دایک و براکه‌ی تۆنگ وانی له‌ به‌ندیخانه‌ به‌ ڕوداوێکی "جوان" و "هیواده‌ر" دانا.

دایکی نگوین تۆنگ له‌ دۆخێکدا که‌ په‌رێشان دیار بوو له‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌دا چوه‌ دیتنی ئه‌و. ئه‌و له‌ ده‌ورانی به‌ندکراویی کوڕه‌که‌یدا ته‌نێ ده‌یتوانی له‌ پشتی شیشه‌کانه‌وه‌ چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ بکات. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی سه‌نگاپۆر سه‌باره‌ت به‌ داخوازی جۆن هاوه‌ر، سه‌رۆک شالیاری ئوسترالیا ، ڕێی به‌ دایک و کوڕکه‌دا که‌ له‌ کاتی دوا چاوپێکه‌وتنیدا ده‌ستی یه‌کدی بگرن. پێویسته‌ بگوتری که‌ نگوین تۆنگ له‌ ڤێتنام له‌ دایک بوه‌و له‌ مه‌ڵبۆرن ده‌ژیا.

وڵاتی سه‌نگاپۆر خاوه‌نی هه‌ندێک له‌ ڕه‌ق و دژوارترین یاساکانه‌ له‌ جیهاندا له‌ دژی قاچاخچیانی ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌کان و هه‌رکه‌سێک پانزه‌گرام هێرۆئینی پێوه‌ بگیرێ حوکمی کوشتنی ده‌درێ.
به‌ وته‌ی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ تا نوکه‌ نزیک 420 که‌س له‌ سه‌نگاپۆر ئێعدام کراون که‌ زۆربه‌یان له‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ تاوانی پێوه‌ندیدار به‌ ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌کانه‌وه‌ بووه‌.

سه‌رچاوه‌ :BBC

Osman

عوسمان کێمنه‌ێی ده‌نگێکی به‌رز و پیرۆز
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی
هه‌ورامان مه‌ڵبه‌ندی جوانی ، پاکی ، ده‌س ڕه‌نگینی ، ده‌نگ خۆشی ، ئاو و هه‌وای سازگار ، باخ و باخاتی به‌ پیز و به‌ره‌که‌ت ، کانیاوی ڕون و شاخ و چیای سه‌رکه‌ش.

هه‌ورامان مه‌ڵبه‌ندی حه‌ز و ئاواتی به‌رز و دڵداری و ده‌نگ خۆشی و خۆشه‌ویستی ... هونه‌ری به‌رز و به‌ڕێزی گه‌ل ماموستا گۆران زۆر به‌ زانستیانه‌ و له‌ ناخی ناخه‌وه‌ تابلوی هه‌ورامانی کێشاوه‌ له‌ گه‌شته‌که‌ی خۆی دا بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ دا و فه‌رمویه‌تی : به‌هه‌شتی عه‌شقه‌ ئه‌م هه‌ورامانه‌... کاتێ منداڵ بوم زه‌بتێکی بچکوله‌مان هه‌بو (واته‌ ته‌سجیل) . باوکم له‌ سندوقێک دا گاڵه‌ی دابوو و ته‌نیا ئه‌و کاتانه‌ به‌ کاری دێنا که‌ میوانمان به‌هاتایه‌ . هه‌ر که‌ میوانیشمان ئه‌هات ، هه‌موو خزم و دانیشتوانی ئاواێی کۆ ده‌بونه‌وه‌ و گۆیان له‌ گۆرانی ئه‌و ته‌نیا کاسێته‌ ئه‌گرت که‌ هه‌مان بو .

هه‌ر که‌ دوکمه‌ی ته‌سجیله‌که‌ دائه‌گیرا و ده‌نگه‌که‌ به‌رز ده‌بویه‌وه‌ ،هه‌مو ئه‌و خه‌ڵکه‌ وا بێده‌نگ ئه‌بون ئه‌ت وت که‌س له‌و ماڵه‌ دانیه‌. منیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی منداڵ بوم ، به‌ڵام توزه‌ توزه‌ هوگری ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ سوز و به‌رز و خۆشه‌ بوم و له‌ دنیای خۆما وام ئه‌زانی که‌ ئه‌وه‌ نه‌فه‌رێکی بچکولانه‌یه‌ و له‌ ناو ته‌سجیله‌که‌ دایه‌ و کاتێ باوکم پێ بڵێ گۆرانی ئه‌ڵێ ، هه‌ر بویه‌ کاتێ له‌ سندوقه‌که‌یان ئه‌نا دڵم بۆی به‌ په‌رۆش ئه‌بو و حه‌زم ئه‌کرد بچم و له‌ سندوقه‌ دا ده‌ری بێنم و گۆرانیم بۆ بچڕێ...

کاروانی ژیان جوڵا ، زه‌مان گۆڕا ، چاره‌نوسه‌ نادیاره‌کان ڕێگایه‌کی دیکه‌یان پیشانی کاروانه‌که‌ی ئێمه‌ دا ، منیش گه‌وره‌ بوم و له‌ ڕاز و ڕه‌مزی ئه‌و ده‌نگ و چریکه‌ و ده‌زگا و نه‌وا و حه‌ی و حه‌ز و خولیا و خۆشه‌ویستی یه‌ تێگه‌یشتم .

بوم ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی که‌ ماندویه‌تی گۆێگرانی ده‌ر ئه‌کرد و گیانه‌ نه‌سره‌وتوه‌کانی ئه‌هه‌ژان و وه‌ک که‌و له‌ سه‌ر لوتکه‌ به‌رزه‌کانی شاهو دا ئه‌یقاسپان و وه‌ک چۆمی سیروان له‌ خۆڕه‌ و هاژه‌ و هه‌ڵچون و پێچاو پێچ و نه‌سه‌روتن دایه‌ ، نه‌ک هه‌ر مروڤێکی بچکوله‌ نیه‌ که‌ له‌ دنیای منداڵیم دا بیرم لێ ئه‌کرده‌وه‌ ، به‌ڵکو که‌سێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ دڵی ملیونان مروڤی ئاشق و ئه‌ویندار و خاوه‌ن هه‌ستا لانه‌ی هه‌یه‌ و وه‌ک شاخه‌کانی هه‌ورامان به‌رز و وه‌ک ئاگره‌که‌ی حه‌زره‌تی زه‌رده‌شت گه‌رم و گۆڕ و وه‌ک ئاوی کانیاوه‌کان زه‌ڵاڵ و تاسه‌ شکێنه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگی عوسمان هه‌ورامی (کێمنه‌ێی) یه‌. ده‌نگخۆش له‌ هه‌وران زورن ، به‌ر له‌ کاک عوسمان و دوای ئه‌ویش گورانییان وتوه‌ و ناویان له‌ زار و زمانی گه‌لی کورد له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کان دا هه‌یه‌ ، به‌ڵام عوسمان هه‌ورامی لوتکه‌یه‌ و تا ئێستا که‌س نه‌گیشتوه‌ته‌ داوێنی.

بێگومان که‌سانێکی دیکه‌ وه‌ک حه‌مه‌حسێن و جه‌میل کێمنه‌ێی ، سه‌باح هه‌ورامی . فه‌تحوڵای ئه‌مینی ، به‌خشه‌ و ده‌یانی دیکه‌ خاوه‌ن ده‌نگ وزه‌وقی تایبه‌تی خۆیانن ، به‌ڵام به‌ڕاستی عوسمان هه‌ورامی له‌ ڕیزی ، سه‌ید عه‌لی ئه‌سکه‌ری کوردستانی ، حه‌سه‌ن زیره‌ک ، عه‌لی مه‌ردان و کاویس ئاغایه‌ و له‌ هه‌ورامان و ناوچه‌کانی جوانڕو . کرماشان ، کامیاران ، سونقور و کولیاێی ، سنه‌ ، مه‌ریوان ، هه‌ڵه‌بجه‌ ، ده‌ربه‌ندیخان ، که‌لار و خانه‌قین ، ناوچه‌ی زه‌هاهو و داڵاهو و ... خه‌ڵک به‌ تاسه‌وه‌ گۆێی لێ ئه‌گرن و زوربه‌ ، یان ئه‌توانم بڵێم ته‌واوی ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی دوای ئه‌و هاتون ، قوتابی ئه‌ون و هه‌وڵیان داوه‌ ڕێگای ئه‌و بگرنه‌ به‌ر یان کاریگه‌ری ڕاسته‌ و خۆی به‌ سه‌ریانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ده‌نگی عوسمان هه‌ورامی هه‌وێنی دڵبریندارانه‌ ، ده‌ربڕی ڕازی ئه‌وینداران و که‌م کردنه‌وه‌ی خه‌می خه‌فه‌تباران و تاسه‌ شکێنی تاسه‌ی تاسه‌بارانه‌.

ده‌نگی ماموستا عوسمان ،کێمنه‌ێی ، ده‌نگێکی زوڵاڵ ، بێ گرێ ، به‌رز و ناسک ، هه‌ست بزوێن و خه‌م ڕه‌ۆێنه‌. کاک عوسمان له‌ کاتی گورانی وتن دا ماندووێی نازانێ و حه‌نجه‌ره‌یه‌کی ساف و سینگێکی فراوان و پشوویه‌کی درێژی هه‌یه‌ و له‌ کاسێتێکی شه‌ست خوله‌کی دا پشوو نادا و یه‌ک بین و بێ پسانه‌وه‌ گورانی ئه‌لێ ، به‌زم ئه‌گۆڕی ، ده‌نگ هه‌ڵ ئه‌بڕێ و هه‌تا کات زیاتر ئه‌ڕوا ده‌نگی ئه‌و زیاتر ئه‌کرێته‌وه‌ و چریکه‌ی به‌رزتر ئه‌بێته‌وه‌. ئۆستادی ده‌نگ و گورانی ڕه‌سه‌نی هه‌ورامان ماموستا عوسمان هه‌ورامی ، سه‌رڕای ئه‌وه‌ی نه‌خۆێنده‌واره‌ و له‌به‌ر کۆڵه‌واری ژیان و ده‌سکورتی بنه‌ماڵه‌ و هه‌ل و مه‌رجی کۆمه‌ڵگا و نه‌بونی ئیمکانتات ده‌رگای زانست و خۆێنده‌واری بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ ، که‌چی به‌ هه‌زاران گورانی له‌ سه‌ر ڕیتم و به‌زم و نه‌وای جواروجور چڕیوه‌ و به‌ هه‌زاران پارچه‌ هونراوه‌ی له‌ توێی گورانیه‌کانی دا جێ کردوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌موی سه‌رمایه‌ی کولتوری نه‌ته‌وه‌ێیمانه‌ و هه‌م ئێستا و هه‌م له‌ داهاتو دا گه‌ل و گورانیبێژه‌کانمان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن و وه‌ک زێڕ هه‌تا زه‌مان زیاتر بڕوا به‌ قیمه‌ت تر ده‌بن.

هونه‌ری گورانی وتن له‌ عوسمان هه‌ورامی دا پێویستی به‌ لێکوڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ و ئاکادیمیانه‌ هه‌یه‌ و له‌م نوسینه‌ دا من ناتوانم حه‌قی خۆی بده‌مێ و ته‌نیا مه‌به‌ستم یادکردنه‌وه‌یه‌که‌ له‌و مروڤه‌ به‌رز و هونه‌رمه‌نه‌دی که‌ هه‌مو ژیانم له‌گه‌ڵیا ژیاوم و چێژم له‌ ده‌نگ و سوزی وه‌رگرتوه‌. به‌ڵام کاتێ که‌ گوی له‌ گورانیه‌کانی ئه‌گه‌رم ڕوژ له‌ دوای ڕوژ زیاتر له‌ دڵ و هه‌ناوم ئه‌چه‌سپن و زیاتر له‌ هونه‌ر و جوانکاریه‌کانی تێ ده‌گه‌م.

له‌ کاسیتێکی یه‌ک کاتژمێری دا ده‌یان به‌زم ئه‌گۆڕێ به‌ بێ ئه‌وه‌ی مروڤ هه‌ست پێ بکا له‌ کۆێ و چونی گوڕی به‌ بێ وه‌ستان و پشو وه‌رگرتن.

به‌داخه‌وه‌ گۆرانیه‌کانی ماموستا عوسمان له‌ هه‌وای ئازاد و به‌ ته‌سجیلێکی ساده‌ و ئاماتور زه‌بت کراوه‌ و هه‌رگیز ئیمکانی ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ که‌ له‌ ستودیوه‌یه‌کی مودێرن که‌ڵک وه‌ر گرێ ، که‌چی دیسان ده‌نگه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌رز و ساف و وه‌ستایانه‌یه‌ ، مروڤ وا ئه‌زانێ که‌ ئه‌مڕوو گورانیه‌کانی وتوه‌ و له‌ ستودیوکانی ئه‌مڕوو دا زه‌بت کراون. ئه‌گه‌رچی ئێستا ئه‌و ده‌نگه‌ ناسک و پیروز و ئاسمانیه‌ له‌ گه‌روی ئه‌م وه‌ستا هونه‌رمه‌نده‌ دا په‌نگی خۆاردوه‌ته‌وه‌ و وه‌ک جاران ناچریکێنێ ، دیسانیش هه‌ر زیندوه‌ و هه‌ر زیندوش ئه‌مێنێته‌وه‌ و هه‌تا ژیان هه‌بێ ئه‌و ده‌نگه‌ش ئه‌ژی و وه‌ک ئاوی سیروان ڕاناوستێ و تێنویه‌تی زه‌وی حه‌زی ئه‌وینداران ئه‌شکێنێ.
1-12-05

دکتۆر روئیا تلوعی بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کرا

دکتۆر روئیا تلوعی بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کرا

دکتۆر روئیا تلوعی به‌رپرسی رێکخراوه‌ی "ژنانی کوردی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و ئاشتی " و سه‌ر نووسه‌ری گۆڤاری راسان ، که‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی هاوینی رابردوودا له‌ شاری سنه‌ گیرا و زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ سلوولی تاکه‌که‌سی وله‌ به‌ندیخانه‌ی شاری سنه‌ له‌ ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌‌دا بوو، دوای ئازادکرانی به‌شێوه‌ی کاتی به‌ بارمته‌ی سه‌د میلیون تمه‌ن، دیسان بۆ 21ی دیسامبر(30 سه‌رماوه‌ز) بانگهێشتی دادگای شۆڕشی شاری سنه‌ ‌کراوه‌ تا به‌ هۆی ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ رژێمی ئێران خستویه‌تیه‌ پاڵی، دادگایی بکرێت.

شایانی باسه‌ به‌ پێی داخوازینامه‌ی دادستێنی سنه‌ روئیا تلوعی به‌ تاوانباری پله‌ی یه‌که‌م، ئیجلال قه‌وامی تاوانباری پله‌ی دووه‌م و سه‌عیدی ساعیدی به‌ تاوانباری پله‌ی سێیه‌م له‌ دۆسیه‌یه‌کی هاوبه‌شدا ده‌سنیشان کراون.

بڕیار وایه‌ هه‌رسێکیان به‌ تاوانی رێبه‌رایه‌تی و رێکخستنی سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌ی سنه‌ له‌ رۆژی 10ی گه‌لاوێژو کرده‌وه‌ی دژ به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دادگایی بکرێن. دادستێن به‌ پێی خاڵی 186 ی یاسای سزایی کۆماری ئیسلامی ئه‌وانی به‌" مۆحارب "ناسیوه‌ و داوای دژوارترین سزای بۆ کردوون. سزای مۆحارب له‌ یاسای کۆماری ئیسلامی بریتییه‌ له‌ 1- کوشتن 2- له‌ سێداره‌ دان 3- بڕینی ده‌ستی چه‌پ و قاچی راست 4- دوورخستنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له‌ شوینی ژیان به‌ بێ ئه‌وه‌ی مافی پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ئه‌و شوێنه‌ی بێت. *
شایانی باسه‌ جگه‌ له‌و تاوانه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ داخوازینامه‌ی دادستێندا بۆ هه‌ر کامیان چه‌ندین تاوانی تر دانراوه‌.

تاوانه‌کانی خاتو روئیا تلوعی بریتین له‌:

1- به‌شداری چالاک له‌ مانگرتنی رۆژی هه‌شتی گه‌لاوێژ له‌ به‌ر پارێزگاری سنه‌ و نوێنه‌رایه‌تی به‌شداران وه‌ک بێژه‌رو راگه‌یه‌نه‌ری داخوازیی مانگرتوه‌کان به‌ به‌رپرسان و خوێندنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی مانگرتوان.

2- به‌شداری چالاک له‌ رێکخستنی خۆپیشاندانه‌که‌ی رۆژی ده‌ی گه‌لاوێژ و ئاماده‌کردنی به‌ڵگه‌ی شه‌ونامه‌ بۆ بانگهێشتی خه‌ڵک بۆ ئه‌و خۆپیشاندانه‌

3- گرتنی وێنه‌ له‌ توندو تیژی هێزی ئینتزامی دژ به‌ خه‌ڵک به‌ مه‌به‌ستی بڵاو کردنه‌وه‌ له‌ سایته‌ هه‌واڵگه‌یه‌نه‌کان دژ به‌ نیزامی ئیسلامی
4- راگه‌یاندنی هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌که‌ی سنه‌ به‌ رۆژ تی ڤی

5- دیدار له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ و دیموکرات و پژاک له‌ ناو و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ پێی راپۆرتی ئیداره‌ی ئیتلاعات که‌ هاتۆته‌ سه‌ر په‌روه‌نده‌که‌ی

6- دیدار له‌گه‌ڵ له‌یلا زانا

7- داوای حکومه‌تی فیدراڵی بۆ کوردستان و په‌ره‌پێدان به‌ بیرۆکه‌ی جیاوازیخوازی له‌ ناو کورداندا

8 –دژایه‌تی کۆماری ئیسلامی و به‌ توتالیته‌ر و نادیمۆکراتیک ناوبردنی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینی رادیۆیی له‌گه‌ل رادیۆ و ته‌له‌ڤزیونی دژ به‌ نیزامی ئیسلامی

9- لایه‌نگری له‌ حیزبی (مۆنحه‌له‌ی!!) دیموکرات و پرۆپاگه‌نده‌ و پێداهه‌ڵدانی سکرتێری (مه‌عدووم !!)ی ئه‌م حیزبه‌ (قاسملو) و به‌ شه‌هید ناوبردنی.

10- به‌زاندنی سنووری ئێران به‌ قاچاخ و به‌شداری له‌ فستیواڵی گه‌لاوێژ به‌ پێی راپۆرتی نوێنه‌ری ئیتلاعات که‌ له‌ فستیواڵه‌که‌دا به‌شدار بوه‌!!

11- موساحیبه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌کانی باشوری کوردستان و ئاواته‌ خوازی بۆئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

12- چاپی کتێبه‌که‌ی له‌ باشوری کوردستان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی دڵنیا بوه‌ له‌ ئێران ئیجازه‌ی چاپی ناده‌نێ

13- نووسینی وتارگه‌لی دژ به‌ نیزامی ئیسلامی و بڵاو کردنه‌وه‌ی له‌ سایته‌ ئینته‌رنێتیه‌کاندا

14- پێداهه‌ڵدانی‌ شوانه‌ی قادری و وه‌ک شه‌هیدی بێتاوان ناساندنی به‌ خه‌ڵک(هه‌رچه‌ند که شوانه‌‌ که‌سێکی فاسد و شه‌رابخۆر بوه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ڕژیمه‌وه‌)

15- تاوانی خراپکاری و ئاژاوه‌ی شار و له‌ ناو بردنی شتومه‌کی ده‌وڵه‌تی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی به‌ هۆی رێکخستنی خۆپیشاندنه‌که و، ده‌بێ پاره‌ی ئه‌و خراپکاریانه‌ بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ بدات به‌ ده‌وڵه‌ت.

شایانی باسه‌ بانکی که‌شاوه‌رزی و بانکی ریفاه و چه‌ند ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی تر له‌سه‌ر داوای ئیتڵاعات شکایه‌تیان له‌م سێ که‌سه‌ کردوه‌ که‌ زه‌ره‌ری لێکه‌وتوویان لێ بسه‌ندرێ.

سه‌رچاوه‌: مجموعه‌ قوانین و مقررات جزایی ،تدوین جهانگیرمنصور ،جلد اول ،نشر دیدار،ص 501-502 مواد 186و189و190

Thursday, December 01, 2005

ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی و بێده‌نگی کردن له‌ له‌ ڕاستیه‌کان

ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی و بێده‌نگی کردن له‌ له‌ ڕاستیه‌کان
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌ممه‌دی

مێدیا و دام و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن ئه‌ساس و کۆڵه‌که‌ی کۆمه‌ڵگان بۆ به‌ره‌وپێش چون و ده‌مه‌زراندن و چه‌سپاندنی دیموکراسی و مه‌ده‌نیه‌ت.
ئه‌گه‌ر مێدیا به‌ستراوه‌ و نه‌ۆێر بێ ، کۆمه‌ڵگاش چاو له‌ ده‌س و نه‌زانه‌ . ئه‌مڕۆ له‌ دنیای پێوه‌ندی گرتن و تکنیک و تکنۆلۆژی دا ڕۆژنامه‌ نوسه‌کان له‌ بۆاره‌ جیاوازه‌کانی ڕاگه‌یاندن و ده‌ربڕین دا گه‌وره‌ترین ئه‌رکیان له‌ سه‌ر شانه‌ و بێگومان ئه‌رکێکی ئاسانیش نیه‌. له‌ کۆمه‌گای ئێمه‌ دا که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی لێک دابڕاوه‌ ، هه‌م له‌ لایه‌ن داگیر که‌ر و هه‌م له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیه‌وه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وا ده‌کا که‌ کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری زۆر ئه‌سته‌متر بێ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری وه‌ڵاتانی پێشکه‌وتو.

جاران کورد ده‌بونه‌ پێشمه‌رگه‌ و بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌که‌یان گیانی خۆیان ئه‌کرده‌ قوربانی . ئه‌مڕۆ که‌ باشوری کوردستان ئازاده‌ و پێشمه‌رگه‌کان له‌ شار دان و ئه‌رکه‌کانیان به‌ جۆرێکی دیکه‌یه‌ ، ده‌بێ ڕۆژنامه‌ نوسه‌کان ببنه‌ پێشمه‌رگه‌ی پێگه‌یاندن و تێ گه‌یاندنی گه‌ل و ببنه‌ پارێزه‌ری ئازادی و دیموکراسی و مافی تاکه‌کان و بۆێرانه‌ به‌ دوای ڕۆداو و پێشهاته‌کان دا بڕون و ڕاستیه‌کان بۆ گه‌ل ئاشکرا بکه‌ن.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوری کوردستان به‌ ناوی ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌یه‌ ، ته‌نیا چه‌واشه‌کاریه‌ و خزمه‌تکاری دسه‌ڵات ده‌که‌ن و بۆ نان و ژیان ده‌نوسن و نوسینه‌کانیشیان لاواز ، نازاستیانه‌ و ناده‌ڵسۆزانه‌یه‌.

سه‌رۆکی کۆمکاری عه‌ره‌بی عه‌مرو موسا له‌ پارله‌مانی کوردستان دا گه‌ره‌ترین ئیهانه‌ی به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان کرد ، و وتی عێراق به‌شێکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی و کوردیش ده‌گرێته‌وه‌. هیچ ڕۆژنامه‌ نوسێکی کورد نه‌یوێرا بنوسێ : عه‌مرو موسا ناماقوڵی کرد . له‌ ڕاستی دا کورد نه‌ک هه‌ر به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی نیه‌ به‌ڵکو موسڵمانه‌تی کورد له‌ گه‌ڵ موسڵمانه‌تی عه‌رب جیاوازی هه‌یه‌ و ته‌نیا خاڵی هاوبه‌شی نیوانیشمان هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ زور به‌ سه‌رمان دا سه‌پاوه‌.

ئه‌گه‌ر حوشتر له‌ چیای قه‌ندیل سه‌رکه‌وت و دار خۆرما له‌ شلێر ڕوا و عه‌ره‌بێک به‌ دزداشه‌ و عه‌گاله‌وه‌ و به‌ بێ ده‌رپێ له‌ چله‌ی زستان دا له‌ بناری شاهۆوه‌ ژیا و ڕه‌قی نه‌برده‌وه‌ ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ به‌شێکین له‌ عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌که‌ی عه‌مرو موسا که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 20 ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ێی و گه‌ره‌ترین سه‌رمامیه‌ی مادی جیهانیان هه‌یه‌ ، ته‌نیا بیر له‌ شمشێر و سه‌ربڕین ده‌که‌نه‌وه‌ و نه‌ له‌ مروڤایه‌تی تێ ده‌گه‌ن و نه‌ ئاماده‌شن فێری ئازادی و دیموکراسی ببن.

ئه‌وه‌ی له‌ قسه‌کانی عه‌مرو موسا قه‌باحه‌تر و ترسنوکانه‌تر و بێ هه‌ڵۆێست و ناشیرینتر بو ، بێده‌نگی سه‌رۆکی پارله‌مانی کوردستان جێگری سه‌روک و ئه‌ندامانی پارله‌مان بو . ئه‌گه‌ر له‌ کوردستان دا ڕۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆ و ئازاد هه‌بایه‌ ده‌بو به‌رۆکی سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆکی پارله‌مان بگرن و ڕونکردنه‌وه‌یان لێ بخۆازن و پێیان بلێن : ئێوه‌ سویندتان خۆاردوه‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ به‌رزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌تان بپارێزن .

کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌ سه‌فه‌ره‌ مێژویه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ و زور شتی جوانی باس کرد و دڵی هه‌مومانی خۆش کرد ، وتی من نه‌مزانیوه‌ عه‌مرو موسا شتی وای وتوه‌ ده‌نا له‌ دمیم ده‌دایه‌وه‌. که‌چی ڕۆژنامه‌ نوسێکی ئازا نه‌بو له‌ سه‌رۆک بپرسێ که‌، به‌ڕێزم جه‌نابت ئاڵای کوردستانت شارده‌ووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ عه‌مرو موسا ئاماده‌ نوبو بی بێنێ . چون له‌ پارله‌مان بای له‌ دمیت ئه‌دایه‌وه‌؟ ماوه‌ی یه‌ک مانگه‌ پروفێسور و یاسا ناس دوکتور که‌ماڵی سه‌ید قادر له‌ لایه‌ن ده‌زگای پاراستنی پارتیه‌وه‌ ده‌س به‌سه‌ر کراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ چه‌ند نوسینێکی خۆی دا بێ حورمه‌تی به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کردوه‌ . من له‌گه‌ڵ ناوه‌روکی نوسینه‌کانی کاک که‌ماڵ دا نیم و ئه‌وه‌ ته‌نیان خۆی ده‌بێ وه‌ڵامده‌ر بێ ، ئه‌وه‌ی بۆ من گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چون له‌و کوردستانه‌ی من دا که‌ به‌ هه‌زاران که‌س گێانیان بۆ ئازادی پێشکه‌ش کردوه‌ ، ئه‌مڕو که‌سێک له‌ به‌ر نوسینی بیرو ڕای خۆی بگیردێ و بێ سه‌رو شۆین بکرێ و مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ که‌ پارێزه‌ری هه‌بێ و له‌ جیاتی یاسا و دادگا له‌ خیلاف و هه‌ڵه‌ی بکۆڵنه‌وه‌ دام و ده‌زگای پاراستن قه‌رار بده‌ن.

به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگ دا ، یه‌ک ڕۆژنامه‌ نوسی بۆێری کوردی نه‌بو به‌ دوای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بچێ و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکا و ڕاستیه‌کان ئاشکرا بکات. ئه‌گه‌ر دوکتور که‌ماڵی سه‌ید قادر هه‌ڵه‌ی کردوه‌ یان بێ حورمه‌تی به‌ که‌س یان که‌سانێک کردوه‌ ، ده‌بێ دادگا و دادوه‌ر و یاساناسه‌کان لێکوڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ تاوانباریشیان زانی حوکمی بده‌ن.

به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی دوکتور که‌ماڵ گیراوه‌ ته‌نیا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ئاگاداری ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و گرتن و بێ سه‌روشۆین کردنه‌ هه‌یه‌ و له‌ بڵاکراوه‌ی یه‌که‌می خۆی دا ئاوای نوسی: جینو فروشان له‌ هه‌ولیر ده‌گیردرێن و سزا ئه‌درێن!!

پاشان له‌ بابه‌تێک دا که‌ ڕۆژی 23ی ئه‌م مانه‌گ له‌ سایتی کوردستاننێت دا بڵاوی کردوه‌ته‌وه‌ ئاوای نوسیوه‌ که‌ گویا چوه‌ته‌ سه‌ردانی دوکتور که‌ماڵ وناوبراو په‌شیماننامه‌ی نوسیوه‌. ئه‌مه‌ چون وه‌ڵاتیه‌که‌ که‌ بانێکه‌ و دوو هه‌وا ، هه‌ر هه‌مان حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن که‌ به‌ کتێب جنیو نامه‌ی هه‌یه‌ و ده‌ینوسی ، کوردستانێکی بێ پارتی و به‌عس و یه‌که‌یتیم ده‌وێ ، ئه‌مڕۆ ڕاپورت له‌ سه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌ ئه‌دات به‌ تاوانی جنیو دان.
ئه‌ی ڕۆژنامه‌ نوسه‌کان له‌ کۆێن و بۆ بێ ده‌نگن؟ هیچ ئه‌زانن که‌ بێده‌نگی ئێوه‌ شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا تێک ئه‌دات و ئازادی زینده‌ به‌ چاڵ ئه‌کات؟
گه‌نده‌ڵی ئیداری له‌ کوردستان وای کردوه‌ که‌ ته‌نانه‌ت حیزبه‌کان و سه‌رۆکی هه‌ریمیش هاواریان لێ هه‌ڵساوه‌. که‌چی له‌ یه‌ک ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و میدیای کوردی دا هیچ شتێ له‌م باره‌وه‌ نابینین. ئه‌رێ گه‌لۆ ئه‌و خه‌باته‌ی ئێمه‌ کردمان و ئه‌و هه‌مو قوربانی دانه‌مان بۆ ئه‌وه‌ بو ئه‌مڕۆ له‌ به‌ر گه‌نده‌ڵیو پێشێل کردنی مافی مروڤ له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگای خۆمانه‌وه‌ داد به‌رینه‌ به‌ر بێگانه‌ و داوای یارمه‌تیان لێ بکه‌ین؟
من هه‌مو کاتێ خۆم له‌ دوو سه‌نگه‌ر دا ئه‌بینم: یه‌که‌میان سه‌نگه‌ری نه‌ته‌وه‌ێیه‌ و له‌گه‌ل هه‌مو پارت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر دام کاتێک داگیر که‌ر و بێگانه‌ هێرشمان ده‌کاته‌ سه‌ر. سه‌نگه‌ری دووهه‌م سه‌نگه‌ری ناوخۆێیه‌ و دژی گه‌نده‌ڵی ئیداری ، نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، پیشێل کردنی مافی مروڤ و به‌ر هه‌ڵستی سه‌رکوت کردنی گه‌ل و پێش گرتن له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و خۆ پیشان دان و ...

ئه‌مڕو له‌ باشوری کوردستان و ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمانه‌که‌مانی پێ دا تێ ده‌په‌ڕێ ، پێویستی به‌ ڕه‌خنه‌گری نه‌ته‌وه‌ێی و دڵسوز و مێدیای جه‌سور هه‌یه‌ و ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ر و هه‌موو دام و ده‌زگا حکومیه‌کان له‌ ژێر زه‌ڕه‌بینی ڕه‌خنه‌گر و مێدیاکان دا بن و به‌مجوره‌ پێش له‌ گه‌نده‌ڵی ئیداری بگرین و له‌ شارستانیه‌تی دنیا و کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نیه‌کان دانه‌ڕدرێن. ده‌بێ حکومه‌تی کوردستان داوه‌ر و خزمه‌تگوزار بێ و لێ گه‌ڕێ که‌ دادگاکان کاری خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ به‌رن و ڕۆژنامه‌ نوس و ڕۆشنبیره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان ئازادانه‌ و بێ ترس بنوسن و پێویسته‌ ڕیگه‌ له‌ به‌رده‌م که‌سانی هه‌لپه‌ره‌ست و ماستاو چی بگیردرێ و دڵسۆزی بناغه‌ بگیردرێ نه‌ک خۆ بردنه‌ پێش له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ڕاپۆرت نوسین و ورد کردنی کاسایه‌تی که‌سانی دیکه‌. ده‌با ده‌س بده‌ینه‌ ده‌ستی یه‌ک و پاراستن و پارێزگاری کردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانمان بخه‌ینه‌ پێش قازانج تایبه‌تی خۆمان و به‌ لێک حاڵی بون و دڵسۆزیه‌وه‌ بناغه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دیموکراتیک و سه‌ربه‌ست دامه‌زرێنین که‌ له‌وێ دا یاسا سه‌روه‌ر و مافی تاکه‌کان پارێزراو بێ.
051123 ستوکهولم - سوید