كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Monday, December 05, 2005

لةم هةصبژاردنة دا هةموو لة يةك سةنگةر داين

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دا هه‌موو له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر داین ؟
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

بێگومان هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێران مافی ڕه‌وا و دیموکراتیکی هه‌موو تاکێکی کومه‌لگایه‌ و زامن و پاڵپشتی به‌ره‌و پێش چونی شارستانیانه‌یه‌.

گه‌لی کورد له‌ درێژاێی مێژووی خۆی دا ئیمکانی ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ که‌ بتوانێ له‌ ڕێگای ده‌نگ دان و دیاری کردنی نۆێنه‌ری خۆیه‌وه‌ له‌ چاره‌نوسی ده‌س به‌سه‌ر دا گیراوی دا به‌شداری بکات و له‌ پروسه‌یه‌کی دیموکراتیکی دا خه‌باتێکی هێمنانه‌ و ئازادانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێ. دوای هێرشی ئیمریکا و هاوپه‌یمانه‌کان بۆ ڕزگارکردنی کویت له‌ داگیرکاری حکومه‌تی سه‌دام حسێن ، هه‌ل و ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی کورد لوا که‌ بتوانێ باشوری کوردستان به‌ شه‌پۆلێکی توڕه‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ هێزی داگیرکه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی پاک بکاته‌وه‌ و پاشان دوای کۆڕه‌وێکی چه‌ند ملیونی کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان بڕیاری هێڵی 36 ده‌ره‌جه‌یان دا بۆ پاراستنی گه‌لی کورد له‌ هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌کانی سه‌دام حسێن و به‌ هوی هێندێ فاکته‌ری سیاسی ، بازرگانی و نیزامیه‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام له‌ به‌شێک له‌ ناوچه‌کانی باشوری کوردستان له‌ به‌ین برا و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاێی ده‌سه‌ڵاته‌ پڕ بێته‌وه‌ ئیمکانی هه‌ڵبژارنێکی ئازاد هاته‌ ئاراوه‌ و کورد به‌ تاسه‌ و تامه‌زرووێی و هه‌ست به‌ برپرسیاری کردنه‌وه‌ له‌ پشت سندوقه‌کانی ده‌نگدان سه‌ره‌یان گرت و نوینه‌ری خۆیان دیاری کرد که‌ په‌رله‌مانێکی خۆماڵی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ حیزبه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی باشور وه‌ک یه‌کیه‌تی و پارتی له‌ دیموکراسی و ده‌نگ دان و هه‌ڵبژرادن شاره‌زاێی و تێگه‌یشتنیان نه‌بو و پارله‌مان و ده‌نگی گه‌لیان په‌نجا به‌ په‌نجا دابه‌ش کرد و گه‌وره‌ترین گورزیان له‌ که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ێی و گیانی دیموکراتی کوردستان دا.

دوای ڕۆخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن له‌ 2002 کورد جارێکی دیکه‌ چاره‌نوسی چه‌واشه‌ کرایه‌وه‌ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌روکی پارته‌کانی باشور و له‌ سه‌روی هه‌موانه‌وه‌ یه‌کیه‌تی ، پارتی و مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هه‌وڵی یه‌کگرتنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی کوردستان بده‌ن و پارله‌مان و حکومه‌تی کوردستان یه‌کبخه‌ن و یاسا سه‌روه‌ر که‌ن و هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیه‌کی سه‌رانسه‌ری وه‌ڕێ بخه‌ن ، به‌ره‌و به‌غدا هه‌ڵهاتن و بونه‌ سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و عیراقیان له‌ لێک هه‌ڵوه‌شان ڕزگار کرد و گه‌لی کوردیان کرده‌وه‌ به‌ عێراقی. ئه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌نگاو بو که‌ کورد به‌ره‌و ڕێگایه‌کی دیاریکراو ترینی چاره‌نوسی که‌وته‌ ڕێ و له‌وه‌ ناچێ بتوانێ له‌ هێڵه‌ دیاریکراوه‌کانی لا بدات.

پاشان نوینه‌رانی کورد که‌ ئاشکرایه‌ یه‌کیه‌تی و پارتی و له‌ سه‌روی هه‌موانیشه‌وه‌ به‌ڕێزان مامه‌ و کاکه‌ن ، چونه‌وه‌ قالبی ده‌ورانی پاشایه‌تی و شۆڕشی شاخ و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردیان له‌ گروه‌ی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب دا کرده‌ ماتریاڵی شکه‌سته‌کانیان و کوردیان پێ چه‌واشه‌ کرد.

له‌ پێشدا وایان نیشان دا که‌ کورد هاوپه‌یمانی ئیمریکایه‌ و ئه‌مجاره‌ ئیتر به‌ مافه‌کانمان ده‌گه‌ین ، به‌ڵام کاتێ که‌ ده‌رکه‌وت نه‌ هاوپه‌یمانن و نه‌ ئیمریکاش هیچ به‌رنامه‌ و پلانێکی بۆ کوردی کۆڵوڵ هه‌یه‌ ، دام و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌نه‌ک و پ د ک که‌وتنه‌ پڕۆپاگه‌نده‌ کردن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌راسه‌ری له‌ عێراق و به‌ کوردیان وت وه‌رن ده‌نگ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئیمه‌ بچینه‌ پارله‌مانی عێراق و له‌وی ده‌ستوریکی نۆێ بنوسین و له‌و ڕێگایه‌وه‌ مافی چاره‌نوسی خۆمان وه‌رگرین و کاتێ کاک مه‌سعود بارزانی له‌ بغدا گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور بوبونه‌وه‌ ، ڕای گه‌یاند که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ دیاری کردنی مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌ بۆ کورد ، که‌چی پاشان که‌ ده‌ستوره‌که‌مان خۆێنده‌وه‌ ته‌نانه‌ت یه‌کجاریش باسی کوردستان وه‌ک وه‌ڵاتی کوردان و کورد وه‌ک ئیتنێکێکی جیاواز ناکات و ته‌نیا باس هه‌ر باسی هه‌رێم و ئه‌و شتانه‌یه‌. هه‌ر هه‌مان کات هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستانیش کرا و یه‌کیه‌تی و پارتی سوزیان دا که‌ ماڵی کورد یه‌ک بخه‌ن و که‌رکوک و خانه‌قین بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و یاسا سه‌روه‌ر بکه‌ن.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ماوه‌ دا ڕوی دا ته‌نیا ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ن پارتی وه‌ری گرتوه‌ وه‌ک سه‌روکی هه‌یم بون له‌لایه‌ن سه‌روکی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ، وه‌رگرتنی پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران له‌ لایه‌ن برازا و زاوای سه‌روکی هه‌ریم و ده‌س به‌ سه‌ردا گرتنی زوربه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌وی و بازرگانی کوردستان له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه‌ و هه‌روها پاڵه‌وانی گوڕه‌پانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ایه‌تی و له‌ به‌رانبه‌ریش دا یه‌کیه‌تی نیشتمانی پۆستی سه‌روک کۆماری عێراقیان وه‌ر گرت و مامه‌ ده‌ستی به‌ عێراقی چیه‌تی کرد و یه‌کیه‌تیش به‌ دوای دا و ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵ ئاورباران کردن دا وه‌ده‌ستی هێنا بو هه‌موی له‌ گۆڕه‌پانی ڕێکه‌وتنه‌کان دا دوڕاند . ئێستا که‌ ده‌ورانی هه‌ڵبژاردن کۆتاێی هاتوه‌ و پێویسته‌ جارێکیتر هه‌ڵبژاردن بکرێته‌وه‌ یه‌کیه‌تی و پارتی هیچیان نیه‌ به‌ خه‌ڵک بڵێن که‌ بۆچی ده‌بێ ده‌نگ بده‌ن ، بویه‌ دایکی شه‌هید و ئیسک و پروسکی ئه‌نفال کراوه‌کان و مارشی ئه‌ی ڕه‌وقیب لێ ئه‌ده‌ن و له‌ لایه‌ک به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆقاندن و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ پاڕاناوه‌ ئه‌یانه‌وێ خه‌ڵک ده‌نگیان بۆ بدات ، که‌چی ناشڵێن چیمان بۆ ئه‌که‌ن.

پارله‌مانی تازه‌ هه‌ڵبژێردراو ته‌نیا دوو کاری کرد ، یه‌که‌م دیاری کردنی کاک مه‌سعود به‌ سه‌روکی هه‌ریم که‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ته‌وافقی به‌ینی یه‌نه‌ک و پارتی دا بوو و دووهه‌م ده‌نگدان بۆ قه‌بوڵکردنی ده‌ستوری بێ ناوه‌رۆکی عێراق له‌ سه‌ر ڕێنماێی به‌ڕێز سه‌روکی هه‌یم.

ئیداره‌کان یه‌کیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ، یاسا هه‌ر وه‌ک جاران هه‌ژاره‌ و سه‌روک و فه‌رماند ه‌ ومه‌سئوله‌کان خه‌ریکی هه‌ڵۆشینی خۆیانن و که‌رکوک هه‌ر وه‌ک ده‌ورانی سه‌دام له‌ که‌ساسی و بێکه‌سی دا ئه‌ژی و ئاواره‌کانی ، هه‌روا ئاواره‌ن و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراو و شیمیا بارانکراوه‌کان هیچ ئاوڕێکیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ .

هه‌مو ئه‌م شتانه‌ له‌ لایه‌ک و ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستا کوردی تێدایه‌ له‌ لایه‌کیتر. ئه‌و کارانه‌ی یه‌کیه‌تی و پارتی کردیان به‌داخه‌وه‌ کوردیان توشی چاره‌نوسێک کردوه‌ ، به‌رده‌وام بونی کاره‌ساته‌ و پاشه‌کشه‌ کردنیش دیسان کاره‌ساته‌. ئێمه‌ پروسه‌یه‌کمان ده‌س پێ کردوه‌ و چاره‌نوسمان گرێ دراوی پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی عێراقه‌ و به‌شداری نه‌کردنمان له‌ هه‌ڵبژاردن واته‌ به‌ هێز بونی لایه‌نی عه‌ره‌بی و که‌ عه‌ره‌به‌کانیش زورایه‌تیان به‌ده‌س هێنا ، ئه‌وا ئه‌توانن به‌ ئاسانی له‌ گه‌ڵ ئیمریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دا ڕێککه‌ون و هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی که‌ به‌ که‌مو کۆڕیه‌وه‌ کورد به‌ ده‌ستی هێناوه‌ لێی بستێنه‌وه‌ و کورد ببه‌نه‌وه‌ دوخی جارانی.
من پێموایه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ی کورد له‌ سه‌نگه‌رێکی هاوبه‌شداین به‌رنابه‌ر به‌ چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ێیمان و نابێ بایکوتی ده‌نگادن بکه‌ین ، به‌ڵکو ده‌کرێ گه‌ل به‌ زانینه‌وه‌ ده‌نگ به‌ لیستی دیکه‌ بده‌ن . ئه‌مڕو بێجگه‌ له‌ لیستی 730 که‌ ئی یه‌کیه‌تی و پارتیه‌ ، لیستی 779 ی پارستی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستانیش هه‌یه‌ و ئه‌توانن داکوکی له‌ مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ن . دیاره‌ لیستی 561 یه‌کگرتوی ئیسلامیش هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ک موسڵمامن ئه‌یانه‌وێ بچنه‌ پارله‌مانی عێراقی و کێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیان به‌لاوه‌ گرینگ نیه‌. هه‌ربویه‌ پێویسته‌ لیستی 779 ده‌نگێکی باش بێنێته‌وه‌ که‌ بتوانی وه‌ک لایه‌نێک له‌ پارله‌مانی عێراقی دا زه‌خت بخاته‌ سه‌ر یه‌کیه‌تی و پارتی زیاتر داکۆکی له‌ مافه‌ نه‌تاویه‌تیه‌کانمان بکه‌ن.

پاشان گه‌لی کورد ئه‌توانێ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی کوردستان دا به‌ ڕاشکاویه‌وه‌ ئاڵترناتیڤ دیاری بکات و ده‌نگ به‌ یه‌که‌یتی و پارتی نه‌دات ، یان تا ئه‌وکاته‌ی هه‌ردوو ئیداره‌که‌ یه‌کیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن دا نه‌که‌ن.
کورد ده‌بو ئه‌و کاتانه‌ هه‌ڵۆێستی بگرتایه‌ که‌ عێراق وه‌ک وه‌ڵات و قه‌واره‌ لێک دابڕا بو به‌ڵام ئێمه‌ خاوه‌ن پارله‌مان و ده‌سه‌ڵات و ئاسایشی خۆمان بوین.
051204

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home