كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Sunday, November 27, 2005

ئه‌وانه‌ی حیزبی دێموكرات ئه‌به‌نه‌ ژێر پرسیار

له‌ سایتی دێمانه‌ وه‌:
ئه‌وانه‌ی حیزبی دێموكرات ئه‌به‌نه‌ ژێر پرسیار
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی


به‌ر له‌ 59 ساڵ حیزبێك بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی و پاراستن و فێركردنی ئازادی و ڕێزگرتن له‌ مرۆڤی كورد و پاراستنی مافه‌كانی، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاته‌ ناو گۆڕه‌پانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و مودێرنه‌وه‌ و به‌ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ و پرۆگرامی سیاسی و ئازدایخۆازانه‌ قۆڵی گۆڕانكاری و ڕێنسانسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵماڵی. ئه‌و كاته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری و هه‌لومه‌رجی ژیان له‌ كوردستان و جیهان دژوار و بێ ئیمكانات بوو. هه‌واڵه‌كان زۆر درنگ ده‌گه‌یشتن، یان هه‌ر نه‌ده‌گیشتن و گه‌لان ئاگایان له‌ یه‌ك نه‌بوو یان زۆر كه‌م ئاگاداری یه‌كتر بوون. 59 ساڵ دواتر و له‌ سه‌رده‌می مودرنیته‌ و ئینته‌رنێت و موبایل ته‌له‌فۆن و پێوه‌ندیگرتندا، هه‌ر هه‌مان حیزب له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتدایه‌ و هه‌ر هه‌مان به‌رنامه‌ و پرۆگرامی هه‌یه. به‌ڵام له‌ كرده‌وه‌ و پراكتیكدا به‌ ئه‌ندازه‌ی 59 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیموكرات و زانستپه‌روه‌ر نییه‌.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وه‌ك هه‌ر حیزبێكی دیكه‌ی جیهان له‌ مروڤ به‌ تێگه‌یشتن و ئیستعدادی جیاوازه‌وه‌ پێكهاتوه‌ و كێشه‌ و ململانێی ناوخۆێی هه‌یه‌ و زوریش ئاسایی‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئاسایی و دیموكراتیك نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێبه‌ركێكان له‌ناو حیزبدا له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی كه‌سه‌كانه‌ و ئه‌ساسێكی دیموكراتیك و پێشكه‌وتوانه‌ی نییه. زور كه‌س ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ و پایه‌ ئاماده‌ن پاشقول له‌ هاوسه‌نگه‌ره‌كانی خۆیشیان بگرن و خۆ به‌ لایه‌نێكی دیكه‌دا هه‌ڵۆاسن و دووبه‌ره‌كێ بنێنه‌وه‌ و خۆیان بگه‌نه‌ مه‌قام.

زوربه‌ی كومیته‌كانی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا، ئاخنراوه‌ له‌ كه‌سانی نه‌زان، ئاژاوه‌گێڕ و له‌پێناو قازانجی تایبه‌تی خۆیاندا بوونه‌ته‌ هۆی لاوازی ڕیزه‌كانی حیزب، و نه‌ كاری حیزبایه‌تی ئه‌زانن و نه‌ دڵسۆزی به‌ره‌وپێشچوونی كاره‌كانیشن. كه‌سانێك هه‌ن له‌ناو حیزبدا نه‌بوونیان زۆر باشتره‌ و بوونیان ته‌نیا زه‌ره‌ر له‌ حیزب و جووڵانه‌وه‌ ئه‌دات. كه‌سی وا هه‌یه‌ كه‌ ئێستاش نازانێ هه‌ڵۆێستێكی جوان و شۆڕشگێڕانه‌ بگرێ و هه‌ر كه‌س ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ حیزب یان سه‌رۆكی ئه‌و حیزبه‌ بگرێ به‌ جوێن و قسه‌ی ناشیرین هێرشی ده‌كاته‌ سه‌ر و گۆیا ئه‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێ كه‌ زۆر دڵسۆزه‌. كه‌سی وا هه‌یه‌ كه‌ 20 یان 25 ساڵه‌ له‌ ئه‌وروپایه‌ و له‌ لایه‌ن حیزبه‌وه‌ بۆ خۆێندن هاتووه‌ كه‌چی نه‌ك هه‌ر هیچی نه‌خۆێندوه‌ به‌ڵكو هه‌ر وه‌ك 25 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێی له‌ فریسیان (یه‌خچاڵ- سه‌لاجه‌)یان ناوه.

یه‌كیه‌تیی لاوانی حیزب وه‌ك چینی نوێ و به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداری داهاتووی ئه‌و حیزبه‌یه‌ و ده‌بێ كه‌س یان كه‌سانێكی به‌رپرس، لێزان و زانا به‌ڕێوه‌ی به‌رن، به‌ڵام یه‌كیه‌تیی لاوانی ئه‌و حیزبه‌ له‌ سوید كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست كه‌سێك كه‌ ئه‌وه‌ی نه‌یزانی و لێی حاڵی نه‌بێ كار و په‌روه‌رده‌كردن و گیانی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتی و ئازدیخۆازیه. ئاخر كه‌سێك كه‌ تا دۆێنی له‌ شاره‌كانی توركیه‌دا گاڵته‌ی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حیزب ده‌كرد یان كه‌سێك كه‌ له‌ كاتی تیرۆركردنی دوكتور قاسملودا شیرینی ده‌به‌خشییه‌وه‌ له‌خۆشیان و یان كه‌سێ كه‌ هه‌وڵی ئه‌دا له‌ داموده‌زگای لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا كار بكات ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وێ و خۆی به‌ ناوی داتاشراوه‌وه‌ پێناسه‌ بكات، چۆن ئه‌توانێ به‌ره‌ی نۆێ و هیوای پێشه‌ڕۆژ په‌روه‌رده‌ بكات و یان كومیته‌ی حیزب به‌ڕێوه‌به‌رێ خه‌ڵك له‌ سه‌ور ڕێبازی ئازادیخۆازی كۆكاته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی كه‌ حیزبی دێموكرات ئه‌باته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ ناوی دڵسوزی بۆ حیزب و خۆشخزمه‌تی بۆ چه‌ند مه‌سئولێك له‌پێناو پله‌وپایه‌دا بێحورمه‌تی به‌ كه‌س و لایه‌نی دیكه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ دوژمنی حیزبن كه‌ له‌ نه‌زانیدا ماونه‌ته‌وه‌ و پێش ناكه‌ون و خۆیان پێش ناخه‌ن و په‌لاماری ئه‌م و ئه‌و ئه‌ده‌ن و له‌ ڕه‌خنه‌گرتن تێناگه‌ن و نازانن كه‌ ڕه‌خنه‌ گرتن دوژمنایه‌تی نییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ ئه‌گرن و لاوازییه‌كانی حیزب و به‌رپرسه‌كانی ده‌سنیشان ئه‌كه‌ن ئه‌یانه‌وێ كه‌ حیزب پێشكه‌وتو بێ و به‌خۆیابچێته‌وه‌.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كێشه‌ی هه‌یه‌ و كێشه‌كانیش پێۆیستیان به‌ چاره‌سه‌ری هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ریه‌كه‌ش ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌
كه‌سانێكی نه‌زان و هه‌لپه‌ره‌ست له‌ ئاوی لێڵ ماسی بگرن و كێشه‌كان قووڵتر بكه‌نه‌وه‌. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چه‌ند جار له‌ كونگره‌كانی خۆیدا توشی لێكدابڕان هاتووه‌ و له‌ كۆنگره‌ی هه‌شتی ئه‌و حیزبه له 1988دا بوو به‌ دوو به‌شه‌وه‌. جیابوونه‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌ندامانی حیزب هۆێ زۆری هه‌بوون و یه‌كێك له‌وانه‌ داپۆشینی كیشه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌سانی هه‌لپه‌ره‌ست بوو، و نه‌بوونی فه‌زای ئازاد و ئیمكانی دیالۆگ و ده‌ربڕینی نه‌زه‌رات و بیروڕای جیاواز وای كرد كه‌ بگاته‌ لوتكه‌ی ته‌قینه‌وه‌ و به‌و لێكدابڕانه‌ش هه‌م حیزبی دێموكرات زه‌ربه‌یه‌كی كاریگه‌ری لێكه‌وت و هه‌م گه‌لی كورد تووشی نائومیدی و بێ باوه‌ڕی هاتن. به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مان هه‌ردوو باڵی حیزب یه‌كیان گرته‌وه‌ و گیانێكیان وه‌به‌ر جووڵانه‌وه‌كه‌ دایه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌ ئه‌چێ كه‌ ئه‌و یه‌كگرتنه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی تێگه‌یشتنی قووڵی زانستیانه‌ نه‌بووه‌ و كه‌سانێك هه‌ن ئێستاش قه‌بوڵی ناكه‌ن كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ جیابوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حیزب كێشه‌ی ناوخۆیی هه‌بووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌ساسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و لێكحاڵیبوون یه‌كیان گرتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر دوو باڵه‌كه‌ی ناو حیزب ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ئه‌وان بۆ كار و كاسبی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌هاتوون و له‌ ده‌وری ئه‌و ڕێبازه‌ كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و گه‌لی كورد بۆ ئه‌وه‌ پشتیوانیان لێ ناكا كه‌ به‌ربنه‌ گیانی یه‌ك. ئه‌وان، واته‌ تاك تاكی ئه‌ندامانی حیزب، به‌رپرسیاری چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌یانن و ده‌بێ خۆپه‌روه‌رده و پێش بخه‌ن بۆ پێشخستن و پێگه‌یاندنی گه‌ل.

حیزبی دێموكرات و ڕێبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چون ڕیزه‌كانی گه‌ل یه‌كبخه‌ن و جووڵانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌نگاوی چاره‌نوسساز هه‌ڵگرێ و تیروریزمی ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا بكا و داموده‌زگای ڕاگه‌یاندنی به‌هێز و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن وه‌ڕێبخه‌ن. ده‌با سه‌ركردایه‌تی حیزب كار بداته‌ كارزان و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و گه‌ل پێش به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌قامی تاكه‌كان بخا؛ ئه‌و كه‌سانه‌ تێبگه‌یه‌نێ كه‌ به‌ ناوی حیزبه‌وه‌ په‌لاماری ئه‌م و ئه‌و ئه‌ده‌ن و مه‌نتقی حاڵیبوون و دیالۆگیان نییه‌ و به‌ جنێودان و ناو و ناتۆره‌وتن به‌ خه‌ڵكی بیرجیاواز پرنسیپه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ ئه‌به‌نه‌ ژێر پرسیار.

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له كاتژمێر 22:00، ڕێكه‌وتی 2005.11.26دا له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه گۆڕانكاری تێداكراوه.
______________________________________________________________
تێبینی کوردستان وێبلاگ: هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێکراوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ دێمانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام سایتی دێمانه‌ ئێستا بابه‌ته‌که‌ی لابردوه‌ و له‌وه‌ێ نه‌ماوه‌.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home