كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, December 27, 2005

نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئاکادیمستانی کوردستان

نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئاکادیمستانی کوردستان
پشتگیریی ئازادیخوازانی تاراوگه‌ بۆ ئازادیی د.که‌مال سه‌یید قادر ده‌که‌ن
له‌كاتێكدا تاوانكارانی به‌عس له‌ عێراقدا ئازاد ده‌كرێن، كه‌چیی به‌هه‌مان یاساكانی به‌عسی له‌كارخراو، هێشتا دادگاكانی پارتیی له‌كوردستاندا یاساناس و ئاكادیمسته‌كانمان له‌زینداندا ده‌ڕزێنێ. 30 ساڵ زیندانیی بۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر له‌چه‌ند خوله‌كێكدا له‌ دادگایه‌كی شاری هه‌ولێر، تاوانێكه‌ به‌رامبه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌موو پایه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌یاسای نێوده‌وڵه‌تییدا کراوه‌ . ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی مه‌ترسییداره‌، بۆ چاوشكاندنی رۆشنبیران و ره‌خنه‌گران له‌كوردستاندا ده‌سه‌لاتی سیاسیی كورد په‌نای بۆ ده‌بات.

ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌و سه‌رنجمان زۆره‌ له‌سه‌ر نووسین و میتۆدی نووسینه‌كانی مامۆستای زانكۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر، به‌ڵام ئه‌م دادگاییكردنه‌ به‌دادگایه‌كی ناڕه‌وا ده‌زانین، نه‌ك هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مان یاسای به‌عسه‌ له‌كوردستاندا نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پێ ته‌مبێ ده‌كرێ، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین هێرشه‌ بۆ سه‌ر مافی مرۆڤ و هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و پیرۆزكردنی ئه‌و ئه‌فسانانه‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌سێ بۆی نییه‌ سنووره‌ تابووه‌كان بشكێنێ و ره‌خنه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی كورد بگرێ.

له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد به‌هه‌ردوو ئیداره‌یه‌كه‌وه‌ بێده‌نگییه‌كی قووڵی نیشانداوه‌ له‌م پێشێلكارییه‌ی مافی مرۆڤدا، ئێمه‌ ده‌نگمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ بۆ ئازادكردنی د.كه‌مال سه‌یید قادر دوو مانگی به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌نده‌ران كه‌مپه‌ین به‌شێوازی جۆراو جۆر له‌ سایته‌كوردییه‌كان ومیدیاكانی ره‌وه‌ندی كوردیی به‌گشتیی و ژووری كوردستان یونایتید-له‌پاڵتۆكدا به‌تایبه‌تیی درێژه‌ پێده‌ده‌ن . داواش له‌ده‌سه‌لاتی سیاسیی كورد به‌گشتیی و پارتیی دیموكراتی كوردستان به‌تابیه‌تیی ده‌كه‌ین، ئه‌و بڕیاره‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و ئازادیی بۆ د.كه‌مال ده‌سته‌به‌ر بكرێ، یان لای كه‌م له‌دادگایه‌كی ئازاد و ئاشكرادا ( كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌كوردستاندا ده‌سته‌به‌ربكرێ )، د.كه‌مال ئازاد بێت پارێزه‌ری نێوده‌وڵه‌تیی یان هه‌ركه‌سێك خۆی پێی خۆش بێت ئیشوكاری پارێزه‌ریی بۆبكات. له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌بێت به‌ئازادیی رێگه‌ به‌ د.كه‌مال بدرێ كه‌ ده‌عواكانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ كێشه‌كان له‌گه‌ڵیاندا ساغبكاته‌وه‌ . هاوزه‌مان ئه‌و دادگایانه‌ ده‌بێت دوور بن له‌هه‌رچه‌شنه‌ ده‌ست تێوه‌ردانێكی حیزبیی هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌ سه‌ربه‌خۆكانی راگه‌یاندن ئازاد بن له‌ چوونه‌ ناو هۆڵی دادگاكانه‌وه‌ .

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ داواش له‌رای گشتیی و نووسه‌ران و رۆشنبیران و ئازادییخوازان ده‌كه‌ین، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌ بۆیان ده‌كرێت پرۆتستۆی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌ولێر بكه‌ن و خوازیاری ئازادكردنی د.كه‌مال سه‌یید قادر بن، ئێمه‌ باوه‌ڕمان نییه‌ دادگا له‌م كێشانه‌دا هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كی تێدا بێت و هیچ دادوه‌رو پارێزه‌رێك ناتوانێ ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات . دوو مانگ له‌بێسه‌روشوێنكردن و مانگرتنی چه‌ندجاره‌ی د.كه‌مال و 30 ساڵ زیندانیی به‌دزییه‌وه‌ و دواتر پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له‌رێی وه‌زیری مافی مرۆڤی ئیداره‌ی هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ رادیۆی کوردیی ئه‌مێریكادا، نیشانه‌ی ترس و نیگه‌رانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریش چاوبه‌ستنی خه‌ڵك و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی کێشه‌ یاسایی و قه‌زاییه‌کانه‌ له‌ناوخۆی كوردستاندا.

ئێمه‌ خوازیاری ئازادیی بۆ قه‌ڵه‌م و ره‌خنه‌ین،داوای ئازادیی بۆ د.كه‌مال سه‌یید قادر ده‌كه‌ین له‌زووترین كاتدا.، ده‌سه‌لاتی سیاسیی ده‌یه‌وێ هه‌موومان بترسێنێ و له‌رێگه‌ی ته‌مبێكردنی د.كه‌ماله‌وه‌ ده‌یه‌وێ گوێی هه‌موو تاكێكی كورد رابكێشێت، رێگه‌وجێگه‌و سنووره‌ بڤه‌كان بۆ هه‌موو تاكێك دیاری بكات .نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین گه‌وره‌ پیاوانی ده‌سه‌ڵات، د.كه‌مال بخه‌نه‌ به‌ر مه‌كره‌مه‌وه‌، ده‌بێ به‌هه‌وڵی هه‌موولایه‌كمان، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌ولێر شه‌رمه‌زار بكه‌ین و پاشه‌كشه‌ به‌و پێشێلكارییه‌ زه‌قه‌ی مافی مرۆڤ له‌كوردستاندا بكه‌ین . ده‌بێ ده‌سه‌لات پاشه‌كشه‌ بكات و د.كه‌مال له‌مه‌رگێك رزگار بكرێ كه‌ هه‌رئێستا مانی له‌خواردن گرتووه‌ تاسه‌رنانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌كرێ . دواجار له‌پێناو ئازادیی راده‌ربڕیندا بۆ هه‌موو که‌س ولایه‌نێک به‌تووندی بڕیاری 30 ساڵ زیندانیی بۆ د.كه‌مال ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنی ده‌كه‌ین.

ئه‌و نووسه‌رو رۆشنبیر و لیکۆڵه‌رو لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ و نێوه‌نده‌ کولتووریی و رۆشنبیریی وئازادیخوازانه‌ی ناوه‌وه‌ی کوردستان و تاراوگه‌ به‌شداریی ‌واژۆکردنی ئه‌م کڵێشه‌یه‌یان کرد :
1- به‌ختیار عه‌لی 2- شێرزاد حه‌سه‌ن3- شێركۆ بێكه‌س4- ره‌ئوف بێگه‌رد5- رێبوار سیوه‌یلیی6- ئاراس فه‌تاح7- ئازاد به‌رزنجیی8- هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا9- رێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردی10- شوان ئه‌حمه‌د11- شاهۆ سه‌عید12- فوئاد مه‌جید میسریی13- ئومێد مه‌حمود14- ڤینۆس فایه‌ق15- جه‌مال غه‌مبار16- ته‌ها هه‌ڵه‌دنیی17- د.محه‌مه‌د كه‌مال ( مامۆستای فه‌لسه‌فه‌ له‌زانكۆی میڵبۆرن- ئوسترالیا ) 18- سایتی ده‌نگه‌كان ( www.dengekan.com ) 19- ژووری كوردستان-یونایتید ( پاڵتۆك)20- د.بورهان یاسین 21- رزگار عومه‌ر22- گۆران عه‌بدوڵا23- سایتی هه‌ڵوێست ( www.helwist.com )24- پۆڵا سه‌عید25- به‌ختیار كه‌ریم26- خه‌تاب سابیر27- سالار سۆفی28- نوره‌دین وه‌یسیی29- كه‌مال ره‌ئوف30- خه‌لیل غه‌زه‌ڵیی31- سایتی سه‌كۆی كوردستان ( www.sekoykurdistan.com )32- قادر نادر33- د.محه‌مه‌د عه‌لی كۆڵنه‌ده‌ر34- نزار عه‌بدوڵا 35- هاوڕێ باخه‌وان36- ئه‌وڕه‌حمان زه‌نگه‌نه‌37- بۆتین کوردستانیی38- كاوه‌ كوردستانیی39- رادیۆی هاوپشتیی ( سوید )40- ماڵپه‌ڕی كوردستانپۆست ( www.kurdistanpost.com )41- د.پشتیوان عه‌بدوڵا 42- سایتی بۆ پێشه‌وه‌ ( www.bopeshawa.com )43- مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان44- ئه‌مجه‌د شاکه‌لیی45- هيوا گوڵ محه‌مه‌دیی46- تاهیر ساڵح شه‌ریف47- مه‌جید دڵنیا48- كه‌یهان عه‌زیز49- عه‌بدوڵا مه‌حمود50- یاسین بانیخێڵانیی51- حاجی ئه‌نوه‌ر52- تامان شاكر53- ئارام عه‌لی54- نوری عومه‌ر ( پارێزه‌ری د.كه‌مال ) 55- ئاسۆ غه‌ریب56- رێبوار عارف57- رزگار ساڵح58- که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه‌59- کازیوه‌ ساڵح60- محه‌مه‌د حسێن61- خالیدی عه‌زیزی62- گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی63- ویبلاگی ئاران ( www.arankurd.com )64- هه‌ندرێن65- شێروان خدر66- جه‌مال پیره‌67- به‌کر ئه‌حمه‌د
سه‌رنج: بۆ هه‌ر نووسه‌رو رووناکبیرو پارێزه‌رو ئازادیخوازو لایه‌نگرێکی مافی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر خوازیاره‌ پێوه‌ندیی به‌م که‌مپه‌ینه‌وه‌ بکات بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی بڕیاری دادگای هه‌ولیرو هاوکاتیش لایه‌نگری ئازادییه‌ بۆ د.که‌مال سه‌یید قادر، ده‌توانێ پێوه‌ندیی به‌ د.بورهان یاسین و خه‌تاب سابیره‌وه‌ بکات له‌سه‌ر ئه‌م ئیمه‌یڵه‌

khatabs@hotmail.com

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home