كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, December 08, 2005

تاوانێکی دیکه‌ی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی

چه‌ند تاوانێکی دیکه‌ی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

به‌پێ بڵاڤۆکێکی ڕێکخراوی یه‌کیه‌تی شۆڕشگێڕانی کوردستان رۆژی شه‌ممه‌ 12ی سه‌رماوه‌زی 2705 رێکه‌وتی 3ی دیسامبری 2005، له‌ بازاڕی سنووریی خانێ – حاجی ئۆمه‌ران، هاووڵاتییه‌کی دانیشتووی شارۆچکه‌ی "بندێ"ی ورمێ، به‌ناوی "تاهیر مه‌ندان" به‌ زه‌بری لێدانی ئه‌فسه‌رێکی هێزی ئاسایشی رێژیمی ئێران ده‌که‌وێ و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ که‌ خۆی نه‌خۆشیی دڵی هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ جێدا دڵی له‌ لێدان ده‌که‌وێ و گیانی سپاردووه‌.

به‌ پێ بڵاڤۆکێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌، کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی، 16ی سه‌رماوه‌زی 2705 (7ی دیسامبری 2005)، پێکدادانێک له‌ نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران و کۆڵبه‌رانی کورددا له‌سه‌ر سنووری مه‌ریوان روویداوه‌.
ئه‌م رووداوه‌ له‌کاتێدا رووی داوه‌ که‌ هێزه‌کانی ئینتیزامی له‌سه‌ر سنووری مه‌ریوان-پێنجوێن پێشیان به‌ کۆمه‌ڵێک له‌ خه‌ڵکی کۆڵبه‌ر گرتووه‌ و داوای باجیان لێکردوون. ئه‌و هێزه‌ 5 که‌س بوون و بریتی بوون له‌ فه‌رمانده‌ و گروهبان و سه‌ربازی سه‌ربه‌ پاسگای پیله‌وه‌ریه‌که‌. له‌ ئاکامی پێداگری بۆ وه‌رگرتنی باج له‌ کۆڵبه‌ره‌کان، له‌ لایه‌ن کۆڵبه‌ره‌کانه‌وه‌ که‌ ژماره‌یان 20 که‌س بوو به‌ر هێرش ده‌که‌ون و لیدانێکی باش له‌ فه‌رمانده‌ و هێزه‌که‌ی ده‌دن. پاش تێکهه‌چوونه‌که‌ هێزێکی یارمه‌تیده‌ری رێژیم ده‌گاته‌ شوێنه‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ بڵاوه‌ ده‌که‌ن و ده‌ده‌ن به‌ شاخه‌کانی ده‌ورووبه‌ردا.

هێزی یارمه‌تیده‌ر که‌ ده‌بینن هێزه شکست خواردووه‌که‌یان چیان به‌سه‌ر هاتووه‌، داخی خۆیان به‌ ئوتۆمبیله‌ نه‌فه‌رهه‌ڵگره‌کانی خه‌ڵک ده‌رێژن و له‌ ئاکامدا خه‌سارێکی زووریان لیده‌ده‌ن.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ کرده‌وه‌ی تاوانکارانه‌ی هێزه‌داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی، به‌پێ هه‌واڵێک که‌ سایتی ڕادیۆ نه‌وا بڵاویکردۆته‌وه‌، به‌هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ هاوڵاتیه‌كی‌ كورد له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ (سانان داغ) له‌ شاری‌ مهاباد, جارێكی‌ دیكه‌ شه‌ڕوپێكدادان له‌ نێوان پۆلیس و هاوڵاتیانی شاری مهاباد سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌. سایتی نه‌وا له‌ زاری ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ (ئاكی‌) ئیتاڵیاوه‌ نوسیویه‌تی که‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس هاوڵاتیه‌كی‌ كوردی ته‌مه‌ن 22 ساڵیان ده‌ستگیر كردوه‌, پێك هه‌ڵپژان له‌ نێوان هاوڵاتیه‌ كورده‌كان و هێزه‌كانی‌ پۆلیسدا چێبوه‌‌. به‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا هێزه‌كانی‌ پۆلیس به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نامرۆڤانه‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ كورده‌یان ئه‌شكه‌نجه‌ داوه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ دوای‌ چه‌ند سه‌عاتێك گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.
هه‌روه‌ها به‌ پێی هه‌واڵێکی دیکه‌ که‌ سایتی کوردستان مێدیا سه‌باره‌ت به‌ تاوانێکی ڕژیمی ئیسلامی له‌ شاری سنه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌،‌ رۆژی‌ 13/9/1384، هێزه‌ به‌ناو ئاسایش پارێزه‌کانی‌ كه‌لانته‌ریی‌ 13ی‌ سنه‌ له‌ پاركی‌ ئیستقلال دا لاوێكی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵ‌ به‌ناوی‌ "پویا ئیبراهیم ئابادی‌" ده‌گرن‌و راپێچی‌ كه‌لانته‌ری‌ ده‌كه‌ن.جێی‌ باسه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ ئینتیزامی‌، ناوبراو له‌ به‌رده‌رگای‌ كه‌لانته‌ری‌دا به‌ راده‌یه‌ك ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ هۆش ده‌چێ‌‌و پاشان به‌ڕێی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ته‌وحیدی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ به‌هۆی‌ وێكه‌وتنی‌ زه‌ربه‌ی‌ قورس له‌ لایه‌ن هێزه‌ دڕنده‌كانی‌ ئینتیزامی‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ ده‌ست ده‌دات. پاش ئه‌م رووداوه‌ هێزه‌كانی‌ رێژیم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان له‌ چه‌شنی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ مه‌هاباد له‌ سنه‌ش دا به‌ڕێوه‌نه‌چێ‌ ده‌ڵێن ئه‌و لاوه‌ خۆكوژی‌ كردوه‌و هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ بانگ ده‌كه‌ن‌و به‌ڵێنی‌یان لێ‌ وه‌رده‌گرن كه‌ نابێ‌ له‌م باره‌وه‌ هیچ ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌ك نیشان بده‌ن‌و ده‌بێ‌ بێ‌ده‌نگ بن.
بێگومان ئه‌م تاوانانه‌ ڕۆژانه‌ له‌ خاکی داگیرکراو‌ی وڵات هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بن تا سێبه‌ری ڕه‌شی هێزی داگیرکه‌ره‌کان له‌سه‌ر کوردستان بمێنێ. کۆتایی هێنان به‌و چه‌وسانه‌وه‌و بێڕێزی و داپڵۆسینه‌ ته‌نیا به‌ ڕزگاری کوردستان له‌ چنگی ئه‌و هێزه‌ ڕه‌ش و بێبه‌زییانه‌ دێته‌دی که‌ ئه‌ویش به‌ هاوکاری و هاوهه‌ڵوێستی و یه‌کیه‌تی کرده‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌کان و تێکۆشه‌رانی ڕێی ڕزگاری به‌ ڕچاوکردنی سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ دێته‌ دی.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home