كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, August 31, 2005

بیلئیجماع کراینه‌وه‌ به‌عێراقی

بیلئیجماع کراینه‌وه‌ به‌عێراقی

به‌ختیار شاخی

bshakhy@hotmail.com
که‌ یه‌کێک سه‌ودایه‌ک ده‌کات و پێیوایه‌ قازانجی کردووه‌، زۆر به‌په‌له‌ مه‌یدانه‌که‌ به‌جێ ده‌هێڵێ و ئاوڕیش
ده‌داته‌وه‌ داخۆ کابرا به‌دوایدا نه‌هاتووه‌!

نازانم په‌رله‌مانی ئێمه‌ بۆ هێنده‌ به‌په‌له‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراق به‌ده‌ست هه‌ڵبڕینێکی فه‌وری کۆتایی پێهێنا و راگه‌یه‌نرا که‌ بیلئیجماع په‌سندیان کردووه‌، وه‌ک بڵێی له‌وه‌ بترسین عاره‌ب لێمان په‌شیمان ببنه‌وه‌!!، جارێ له‌ حیکمه‌تی ئه‌وه‌ تێناگه‌م بۆ ده‌بێ هه‌ر بیلئیجماع بێت؟ ئایا به‌ڕاستی په‌رله‌مانی ئێمه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بیلئیجماع نه‌بێت له‌ مه‌یلی برا چاو ره‌شه‌کانمان که‌م ده‌بێته‌وه‌؟ ئه‌ی باشه‌ بۆ به‌زۆرینه‌ نه‌بێت؟ هه‌ڵوێستی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان هێنده‌ چاوه‌ڕوانکراوبوو که‌ ته‌نانه‌ت گۆشه‌ی (هه‌واڵی چاوه‌ڕوانکراو)ی رۆژنامه‌ی (خه‌بات)یش ده‌یزانی، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هه‌ندێ له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ملا و لا زۆر گله‌ییان له‌ ده‌ستووره‌که‌ کردووه‌، ئه‌ی چۆن ده‌نگیان پێدا؟ بۆ داوای ماوه‌یه‌کیان نه‌کرد بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر ده‌ستووره‌که‌ تا لانیکه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان ره‌شنووسه‌که‌ بخوێننه‌وه‌ و لێی تێبگه‌ن و بۆیان شی بکرێته‌وه‌ دواتریش لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و رای خۆیان بده‌ن، تۆ بڵێی چه‌ند ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌وردی و به‌چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ره‌شنووسه‌که‌یان خوێندبێته‌وه‌؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ کاتێدایه‌ که‌ خودی سه‌رۆکی کوردستان له‌و نامه‌یه‌دا که‌ بۆ په‌رله‌مانی ناردبوو ئه‌وه‌ی درکاندبوو که‌ هه‌موو مافه‌کانی ئێمه‌ی تێدانییه‌، که‌واته‌ ده‌بوایه‌ لانیکه‌م په‌رله‌مان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ بکات که‌ له‌ ده‌ستووره‌که‌دا نین و داوای ماوه‌یه‌کی کردبایه‌، هه‌مووشمان بینیمان چۆن له‌به‌ر خاتری سوننه‌ ماوه‌که‌ که‌وته‌ درێژ بوونه‌وه‌، تۆ بڵێی خاتری ئێمه‌ نه‌گرن؟ سه‌یره‌ که‌ په‌رله‌مانی کوردستان ره‌شنووسه‌که‌ په‌سند ده‌کات و دواتر له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ سه‌رۆکی کوردستان، سێ پێشنیار ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌کات! که‌ تۆ په‌سندت کرد چۆن چاوه‌ڕێی گۆرانکاریی ده‌که‌ی؟ که‌ تۆ به‌وه‌نده‌ قایل بیت بۆ پێتوایه‌ به‌رامبه‌ره‌که‌ت زیاترت ده‌داتێ؟ ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان ئه‌و سێ پێشنیاره‌ بکاته‌ مه‌رج و دواتر بڕیار بدات.ئایا په‌رله‌مانی کوردستان نه‌یویست بپرسێ ئه‌رێ چۆن لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان به‌وه‌ قایلن که‌ عێراق فیدراڵی بێت که‌چی قبوڵ ناکه‌ن ناوی عێراق (کۆماری عێراقی فیدراڵ)بێت؟ ئه‌و ناوه‌ی که‌ راگه‌یاندنی کوردی مێشکی ئێمه‌ی پێ پڕ کردووه‌ و له‌ ره‌شنووسی ده‌ستووردا مۆری (باگل شد)یان له‌سه‌ردا.

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له‌ رۆژنامه‌ ره‌حمه‌تییه‌که‌ی ئاشتی له‌ تاران، وتارێکم به‌ناونیشانی (کورد و تڕه‌ که‌ڵه‌کی عێراقی فیدراڵ)بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌وه‌تا به‌داخه‌وه‌ قسه‌که‌م هاته‌دی و تڕه‌ که‌ڵه‌که‌که‌ رووخا، تکایه‌ راگه‌یاندنی کوردیش چیدیکه‌ ئه‌و قه‌وانه‌ لێمه‌ده‌ن، ئیدی ئێمه‌ بووینه‌ هاووڵاتی کۆماری عێراق...

ئێستا هه‌ندێ رۆشنبیر بوونه‌ته‌ پاڵه‌وانی شاشه‌ی TV و رووپه‌ڕی رۆژنامه‌کان و هه‌زار و یه‌ک بیانوو بۆ ئه‌وه‌ دێننه‌وه‌ گوایه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ نیعمه‌تێکه‌ له‌ خواوه‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ ئه‌و ره‌شنووسه‌ کۆتایی به‌ئاواته‌کانی (نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین) و 15 ساڵ به‌خته‌وه‌ری ده‌هێنێ، یان لانیکه‌م تا ده‌رفه‌تێکی زۆر دوور دوای ده‌خات، بۆ گله‌یی له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن که‌ باوه‌ڕی به‌ عاره‌ب نه‌مابێ و نیگه‌ران بێت؟ من یه‌کێکم له‌وانه‌ی به‌ زه‌ڕه‌بینیش تۆزقاڵێک ئینتیما بۆ عێراق له‌ وجودمدا نابینم و باوه‌ڕه‌م به‌ دۆستایه‌تییه‌که‌شیان نییه‌. ئایا ئه‌مه‌ تاوانه‌؟ باشه‌ برا ئۆپۆزسیۆنه‌کانمان که‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات چ به‌ڵێنێکیان به‌جێ هێنا؟ له‌په‌نای ته‌وافوقدا چه‌ند فاوڵی جافه‌ریمان بینی؟ کێ ده‌توانێ بڵێَ عاره‌بێک که‌ به‌و رووخاوییه‌ دان به‌ کوردستانی بوونی که‌رکووکدا نانێت سبه‌ینێ که‌ به‌هێز بوو دانی پێدا ده‌نێ؟ تکایه‌ چیدی دروشمی بریقه‌داری برایه‌تیی کورد و عاره‌ب و عێراقی فیدراڵ به‌گوێی مندا مه‌ده‌ن، تا حوشتر به‌کونی ده‌رزیدا نه‌چێ عاره‌ب نابنه‌ برای ئێمه‌.
په‌رله‌مانی ئێمه‌ بیلئیجماع ده‌نگی به‌ ده‌ستوورێک دا که‌ ئه‌گه‌ر له‌ راپرسیدا ده‌نگی بۆ بدرێ به‌که‌مترین (ماره‌یی) ئێمه‌ له‌ عێراقی عاره‌ب ماره‌ ده‌کاته‌وه‌، ئیتر با هه‌ر هاوار بکه‌ین و بڵێین (کورد ده‌ڵێ منیان دا به‌شوو ... هه‌رچه‌نده‌ به‌ دڵیشم نه‌بوو)!

ـ ده‌ستوورێک دیباجه‌که‌ی له‌ خوتبه‌ی جومعه‌ی ئاخوندێک زیاتر نزیکه‌ نه‌ک ده‌قێکی یاسایی و عێراق به‌ره‌و ویلایه‌تی فه‌قیهی شیعه‌ ده‌بات.

ـ ده‌ستوورێک کۆتایی به‌و شه‌راکه‌ته‌ ده‌هێنێ که‌ جاران ده‌گوترا (کورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا شه‌ریکن).

ـ ده‌ستوورێک که‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ ده‌کاته‌ گاردی هه‌رێم.

ـ ده‌ستوورێک که‌ ناوی شیعه‌ و زۆنگاوه‌کانی ده‌خاته‌ پێش کورد و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال.

ـ ده‌ستوورێک که‌ گوندی به‌شیری پێ له‌ 4500 گوندی کوردستان موقه‌ده‌ستر بێت.

ـ ده‌ستوورێک که‌ دیسان مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک ده‌کاته‌ (شیردا بۆ داپیردا) و تاساڵی 2007 دوای ده‌خات، بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ ئه‌و کاته‌ چی ده‌کرێ و کورد چی پێ ده‌کرێ؟ له‌ کاتێکدا له‌ یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا رێگه‌ی پێدابووین په‌ناببه‌ینه‌ به‌ر UN، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ گه‌یشتینه‌ بنبه‌ست ئه‌م ده‌ستووره‌ رێگای کوێمان پێشان ده‌دات؟ ئه‌یا که‌رکووک ده‌کاته‌ هه‌رێمێکی فیدراڵ؟ یان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کورد که‌رکووک بکاته‌ بیانووی پابه‌ند نه‌بوون به‌ده‌ستوور و له‌ عێراق جیابێته‌وه‌. ئایا ئه‌و کاته‌ شیعه‌ و سوننه‌ وه‌ک ئێستا ده‌بن؟ ئایا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌ده‌نێ هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵمژین؟ من ده‌ڵێم نا. عه‌ره‌ب به‌شیعه‌ و سوننه‌وه‌ قه‌ت هێنده‌ی ئێستا بارکه‌وتوو نه‌بوونه‌ و زه‌حمه‌ته‌ جارێکی تریش ئاوا لاواز ببنه‌وه‌.

له‌بیریشمان نه‌چێت ئه‌و ته‌وافوقه‌ی مێشکی ئێمه‌ی پێ پڕکرا ئه‌ویش کۆتایی هات و ده‌ستوور باسی ته‌وافوق ناکات، به‌ڵکو له‌ هه‌مووشته‌کاندا حیسابی زۆرینه‌ ده‌کات، زۆرینه‌ش عه‌ره‌بی شیعه‌یه‌ و دیاره‌ به‌ره‌و کوێ ده‌چێ و بڕیار و یاسایه‌کان چۆن ده‌بن، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور باسی ئه‌وه‌ی کردبا که‌ حکومه‌ت به‌ته‌وافوق پێکده‌هێنرێت ئه‌وه‌ ده‌بوایه‌ که‌مێک دڵمان به‌وه‌ خۆش بێت که‌ چه‌ند وه‌زیرێکی کورد له‌ به‌غدا ده‌بن، به‌ڵام ئه‌و ته‌وافوقه‌ش وه‌بن زۆرینه‌ ده‌که‌وێ و زۆرینه‌ش وه‌زیر ناداته‌ ئێمه‌.

ته‌نها شتێک که‌ له‌و ده‌ستووره‌دا دڵم پێی خۆشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ رسته‌ی (الشعب العربی فیه‌ جزء من الامه‌ العربیه‌) زۆر عاره‌به‌کانی تووڕه‌ کردووه‌، به‌ڵام من به‌وه‌ دڵخۆشم که‌ عێراق ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بی نه‌بێت و عاره‌ب خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ عێراق ببێته‌ ده‌وڵه‌تێکی ئێرانی!! ئه‌وه‌ کۆتایی ئه‌و تڕه‌ که‌ڵه‌که‌یه‌ که‌ پێمان ده‌گووت (کۆماری عێراقی فیدراڵ!!).

Monday, August 29, 2005

ڕه‌شنوسی ده‌ستور یان ڕه‌شنوسی چاره‌نوس؟

نوسینی: هیوا گوڵ محه‌ممه‌دی

عه‌ره‌به‌کانی عێراق بۆ خۆیان بێ مافن که‌چی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ به‌غدا بارگه‌یان لێ خستوه‌ و ئه‌یانه‌وێ کوردستان ڕزگار که‌ن واته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتیک و ڕه‌زامه‌ندانه‌ بن ده‌ستمان که‌نه‌وه‌. ڕێبه‌رانی گه‌لان ئه‌بنه‌ ڕه‌مزی ڕزگاری و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌ێی ، به‌ڵام ڕێبه‌رانی کورد ئازادی ده‌ست که‌وتو زه‌وت ئه‌که‌ن و به‌شی ئه‌که‌ن و پشت له‌ چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌که‌یان ئه‌که‌ن.


ماوه‌ی 12 ساڵ زیاتره‌ مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی گاڵته‌ به‌ گه‌ل ده‌که‌ن ، گۆێ له‌ ئاره‌زوه‌کانی گه‌ل ناگرن ، ئه‌و هه‌مو تاوانانه‌ی داگیر که‌ر له‌ بیر خه‌ڵک ده‌به‌نه‌وه‌ و عه‌ره‌ب به‌ ڕه‌سه‌ن و کورد چاو له‌ ده‌ست و ناڕه‌وا ئه‌زانن. ماوه‌یه‌کی زوره‌ یه‌کیه‌تی و پارتی و له‌ سه‌روی هه‌موانه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی و مام جه‌لال له‌ ڕێگای دام و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆیانه‌وه‌ گه‌لی کوردیان به‌وه‌ سه‌رگه‌رم کردوه‌ که‌ ده‌ستوری عێراقی مافه‌کانی ئێمه‌ ئه‌چه‌سپێنێ.


نه‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌کیه‌تی و نه‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی پارتی ڕۆنی ناکه‌نه‌وه‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ چیه‌ که‌ مافه‌کانی ئێمه‌ ئه‌چه‌سپێنێ؟ ئه‌مڕو سه‌رانی کورد له‌ به‌غدا نۆێنه‌رایه‌تی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ ناکه‌ن به‌ڵکو نۆێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌ب ، تورکمان و ...ده‌که‌ن ، ئه‌وان وه‌ک سونه‌ ، شیعه‌ و کورد قسه‌ ئه‌که‌ن . کێشه‌ی کورد کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بن ده‌ست و ماف زه‌وت کراوه‌ . ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ن و هه‌ر که‌س و که‌سانێک کورد وه‌ک شیعه‌ و سونه‌ و له‌ یه‌ک ته‌رازوو دانێن، خه‌یانه‌تکارن و به‌س. شیعه‌ یان سونه‌ عه‌ره‌بن و نه‌ته‌وه‌ێی باڵا ده‌ستن. شیعه‌ و سونه‌ له‌ داگیرکردنی کوردستان خاوه‌ن یه‌ک هه‌ڵۆێستن.
کورد پێویستی به‌ گارانتی ناونه‌ته‌وه‌ێی هه‌یه‌ ، ده‌بێ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جیهانی له‌ چاره‌نوسی کورد دا به‌شدار بن و ده‌بێ به‌ ئاماده‌ بونی نۆێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌ک گرتوه‌کان و ئیمریکا و ئینگلیس دیاری بکرێ و قه‌راری له‌ سه‌ر بدرێ.


کێشه‌ی کورد کێشه‌ی ده‌ستوری عێراقی نیه‌. کورد به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگای ئیسلامی نیه‌ که‌ ماناکه‌ی ده‌بێته‌ عێراق به‌شێکه‌ له‌ عه‌ره‌بستانی گه‌وره‌. کێشه‌ی کورد کێشه‌یه‌کی ناونه‌ته‌وێی و کێشه‌ی مافی مروڤ و دیموکراسی و کێشه‌ی جوگرافیای دیاریکراو ، کێشه‌ی ئه‌نفال و سه‌رکوت کردنه‌. ئه‌مڕو ئه‌گه‌ر ده‌ستوری عێراقی بنوسرێ و باسی کوردیشی تێ دا بێ به‌یانی سه‌رۆکێکی عێراقی وه‌ک سه‌دام حسێن بێته‌ سه‌رکار به‌ ئاسانی له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیون وه‌ک قه‌راردادی جه‌زایه‌ر ئه‌یدڕێنێ و کوردیش ئه‌باته‌وه‌ دوخه‌که‌ی سه‌دام زێڕه‌.
هێندی له‌ سه‌رانی حیزبه‌کان ده‌ڵێن که‌ له‌ ده‌ستوری عێراقی دا 98 له‌ سه‌دی مافه‌کانی گه‌لی کورد چه‌سپاوه‌. که‌رکوک دیار نیه‌ کوردستانه‌ یان عێراق ، ئاواره‌کانی که‌رکوکی چاره‌نوسیان دیار نیه‌ ، هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان هیچ حه‌سێبێکێان بۆ نه‌کراوه‌ ، گونده‌ ۆێران کراوه‌کان ته‌عویزیان وه‌رنه‌گرتوه‌ و ئه‌نفال کراوه‌کان باسیان لێوه‌ ناکه‌رێ و جوگرافیای کوردستان دیار نیه‌ و کورد وه‌ک گه‌لێکی جیاواز و کوردستان وه‌ک وه‌ڵاتێکی جیا له‌ عه‌ره‌بستان ده‌س نیشان نه‌کراوه‌...


من نازانم 98 له‌ سه‌دی مافه‌کانی کورد چیه‌؟ پاراستنی یه‌کپارچه‌ێی عێراق و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و خانه‌قین و چه‌مچه‌ماڵ بۆ سه‌ر باشوری کوردستانه‌ یان چه‌سپاندنی ده‌ستوری ئیسلامی و ڕه‌سمی کردنی زمانی عه‌ره‌بی و ...ئه‌و مافانه‌ن که‌ نیو ملیون مروڤی کورد بۆی بونه‌ته‌ قوربانی؟ کێشه‌ی کورد ئه‌مڕۆ ده‌ستوری عێراق و یه‌کپارچه‌ێی خاکی عێراق نیه‌ و له‌ به‌غدا چاره‌سه‌ر ناکرێ.
کێشه‌ی کورد له‌ کوردستان دا چاره‌سه‌ر ده‌کرێ ، له‌ سلێمانی وهه‌ولێر و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ڕه‌وایه‌تی دان به‌ پارله‌مانی کوردستان و ڕێگا دان به‌ ده‌ربڕینی ده‌نگی گه‌لی کورد و هاوده‌نگی لایه‌نه‌ جیاوازه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێ.
ئه‌وه‌ چۆن ده‌ستورێکه‌ که‌ 98 له‌ سه‌دی مافه‌کانی کورد ئه‌چه‌سپێنێ که‌ ئێمه‌ی کورد له‌ ناوه‌روکه‌که‌ی یه‌ک له‌ سه‌د ئاگادار نین. مه‌سعود بارزانی چو بۆ به‌غدا و له‌ گه‌ل جه‌لال تاڵه‌بانی چپه‌ چپێکیان کرد و ده‌ستوره‌که‌یان نارد بۆ کوردستان و نامه‌یه‌کیشیان له‌گه‌ڵی دا نارد و سه‌رۆکی پارله‌مانیش داوای کرد له‌ ئه‌ندامانی پارله‌مان ده‌س به‌رز که‌نه‌وه‌ و ئه‌ندامانی پارله‌مانی دیموکراتی کوردستانیش به‌ تێکڕا ده‌ستیسان به‌رز کرده‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌سیان بزانن بۆ چی ده‌ستیان به‌رز کردوه‌ته‌وه‌ و چی له‌ ناو ده‌ستوره‌که‌ دایه‌ و کورد چی دوێ و چی بۆ کورد تێ دایه‌.


ئه‌م ده‌ستوره‌ ده‌ستورێک نیه‌ که‌ مافه‌کانی کورد بچه‌سپێنێ، به‌ڵکو ئه‌مه‌ ده‌ستورێکه‌ که‌ له‌ سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی کورد به‌ نو ڕێبه‌رانی کورد ، بن ده‌ستی نه‌ته‌وه‌که‌مان مسوه‌گه‌ر ئه‌کرێ و له‌ داهاتوش دا ڕێگا بۆ داپڵوسین ئه‌کاته‌وه‌.
ئه‌م ڕه‌شنوسی ده‌ستوره‌ له‌ ڕاستی دا ڕه‌ش کردنی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ و ئیسلام بناغه‌ی قانون دانانه‌ و کورد گه‌وره‌ترین قوربانی. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ کورد هیچ وه‌رناگرێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ هه‌مو له‌ ماڵی خۆیانا دانیشتون و به‌ ته‌مای خۆا و کاک مه‌سعود پاڵیان لێ داوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش کاک مه‌سعود بڕوای پێیه‌تی عێراقی ئیسلامی یه‌کگرتوه‌ . ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین یه‌کیه‌تی و پارتی چ داهێنه‌رێکی نۆێ ئه‌خۆڵقێنن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی هه‌ژاری پێ سه‌ر گه‌رم که‌ن و به‌رده‌وام بن له‌ تاڵان کردنی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل و وه‌ڵات و حوکم کردن له‌ هه‌ولێر و سلێمانی؟


کورد بۆ چی خه‌باتی کرد ، کورد بۆ چی قوربانی دا ، کورد بۆ چی ئه‌نفال کرا و کورد بۆ چی کیمیا باران کراو و ئه‌مڕۆ به‌ چیه‌وه‌ خه‌ریکه‌ ... ده‌مێکه‌ دوڕاوین به‌ڵام هێشتا به‌نجین و کاتێ به‌ری داین ئیتر درنگه‌ و عه‌ره‌ب حاکم و ئێمه‌ مه‌حکومین...


050827

Sunday, August 28, 2005

له‌ سایتی هه‌ڵوێسته‌وه‌:
نامه‌ بۆ رێبه‌رانی ‌"کۆمه‌ڵه‌"کان به‌ کام مه‌به‌سته‌وه‌ ؟

خه‌لیل غه‌زه‌ڵی


له‌م رۆژانه‌دا نامه‌یه‌کی کراوه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سی ناسراو و نه‌ناسراو که‌ پێشتر له‌ رێکخراوی کۆمه‌ڵه‌دا چالاک بوون ، بۆ به‌رێزان رێبه‌رانی هه‌ردوو کۆمه‌ڵه‌ی لێک دابراو له‌ یه‌ک دوو سایت دا بڵاو کرایه‌وه‌ . رووی قسه‌ی ئه‌م به‌رێزانه‌ له‌ هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی کۆمه‌ڵه‌کان (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشان و کۆمه‌ڵه‌ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران ) بوو . گه‌رچی له‌ ناوه‌رۆکی قسه‌کانی ئه‌م به‌رێزانه‌دا وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ خوازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو رێکخراوه‌ن، به‌ڵام ئێستا ئێتر هه‌ڵوێسته‌کان و تا راده‌یه‌ک کرداری ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی هه‌ردوولا ، وه‌ک ڕاستییه‌ک ئیجازه‌ی هێنانه‌ گۆڕی راسته‌وخۆی ئه‌و داخوازه‌ی پێ نه‌داون .بۆیه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ شتێک مه‌تره‌ح بکه‌ن یا پلاتفورم و به‌رنامه‌یه‌کی کونکرێت یان مه‌تره‌ح کردبێ ،قسه‌ و ئیبتکاره‌کانی باوی ناو چالاکانی سیاسیان ( به‌ به‌رچاو ته‌نگی و رێکخراوه‌ میحوریه‌وه‌) دووپات کردووه‌ته‌وه‌.

Friday, August 26, 2005

د یسا نه که ده بی چا و ئه نواری شه پولی تیروری کوردان بین ؟!

نوینه را یه نی ده ره وه ی حیزبی دیموکرا ت ، هه والی تیروری ئه ندا میکی هه لسوری خوی به نا وی کا وه زارعی له شاری « لیندزبری » را گه یا ندووه . ئه م روودا وه که پیوه ندی بی حا شای به ریژیمه به د نا وه که ی ئیرا نه وه هه یه ، گه رچی دیارده ییکی کو نه به لا م چرای سووریکه بو هه موو ئوپو زیسیونی ئیرا ن ، به تا یبه ت کوردانی هه لسوور و تیکو شه ر . ریژیمی ئیسلا می له پاش بر یاری دادگای « میکو نوس » ی ئا لما نیا و کو شتاری نووسه را ن له ئیرا ن که به « قه تله زنجیره ییه » کا ن نا و و با نگی ده کرد ، تووشی بی ئابروویکی ئه و تو بوو که نا چار کرا خوی دان به جه نا یه ته کانی دا بنیت . « خا ته می » سه روک کو ماری پیشوو ، ئه م ئه رکه ی زور زیره کا نه برده پیشه وه و تا قمی تیروریستی تارانی بو ما وه ی هشت سا ل ده ر باز کرد . بیگو مان چاو پوشی ئه ورووپا به هوی به رژه وه ندیه کا نی ئابووری ، گرنگنرین یار مه تی حکو مه تی مه لا کا نی کرد و پیویست به باس نا کا ت .
به لا م تا را ن ، له تیروری ئا شکرا ی نه یا را ن له و ما وه دا پا ش گه ز ببو . گورا نی ده سه لا ت بو با لیکی دیکه ی حکو مه ت و وه رگرتنی پو سنی سه روک کو ماری له لا یه ن « ئه حمه دی نیژاد » که گو ما نی به شدار بوونی له نیرور ی دوکنور قا سملو دا له سه ره ، په یره و کردنی سیا سه نیکی نوی له ئیرا ن هینا وه نه کا یه وه . قه یرا نی ووزه ی نا ووکی ، بیکاری له راده به ده ری لا وا ن و ده یا ن با به تی تر ، ده سه لا تدارا نی تارا نی ها ن داوه که روو له سه رکو تیکی هه مه لا یه نه له نه یا را ن بکه ن و بو ئه م مه به سته له کوردستا نه وه ده ستیا ن پیکردووه که مه ته ریزی ئازادی و دیموکرا سیه بو دا ها توو . جا کورد چ له نیشتما نی بکوژریت و چ له هه نده را ن ، ئه وه ئه مری وه لی فه قیه و خو ینی کوردا ن له پینا وی ده وا می « و ه لا یه ت » و « ئیما مه ت » ، حه لا له .
ئیستا که پیش ئه وه ی کاره سا ت بخو لقیت ودیسا نه که تا قمیک له روله کا نی گه له که ما ن ببته ئا ما نجی گوله ی به کریگیرا وا نی ریژیمی نیروریستی تارا ن ، ده بی هه لسوورا ن بو رسوا کردن و له قاو دا نی تا وا نه کا نی کو ماری ئیسلا می زور تر بکه ین و را و بیری جیها ن له سیا سه تی تا قمی ده سه لا تدار له ئیرا ن ، تی بگه ینین . بو ئه م مه به سنه ، ریکخستنی کو مینه کا نی خه با تی ها و به ش له هه ر کو ی که ده ژین ، ریگا خوش که ره بوزه ختی سیا سی له سه ر حکو مه تی ئسلا می .
چا ک ، وه ک هه میشه ئا ماده یه بو خز مه ت له پینا وی به رگری له گه لی کورد .کو مینه ی روژ هه لا تی چا ک ، سه ره خو شی خوی ئارا سته ی بنه ما له ی کا ک کاوه ی زارعی ، حیزبی دیموکرا تی کوردستا نی ئیرا ن و سه ر جه م گه لی کورد ده کا ت .

نا وه ندی هه له بجه ، دژ به ئه نفالكردني و جینو سا ید ی گه لی کورد – چا ک
کو میته ی روژ هه لا تی کوردستا ن
26 ئا گو ستی 2005

سه رکوتی کورد ، له روژ هه لا تی کوردستا ن به رده وا مه !


ژما ره ی گیا ن به ختکردوا نی را په رینی گه لی کورد له روژ هه لا ت به شه هید کردنی دو لا وی خو شه ویستی دیکه ، مو حه مه د سا له ح سه عی پوور و فواد عزیزی ، له شا ری سقز ، گه یشته 28 که س . ته رمی ئه و دو تیکو شه ره ی ریگا ی رزگا ری ، که به شیوه ییکی نا مرو فا نه و بیگو ما ن به ده س به کریگیرا وا نی ریژیمی وه-لی فه قی ، پا ش ئه شکه نجه ییکی زور ، گیا نیا ن به خت کردووه ، روژی سی شه مه ی را یردوو له ژیز پردیکی شاری سقز دوزرا یه وه و ئا سه واری ئه شکه نجه ی جه لا دا نی ریژیم هیشتا که له جه سنه یا ن دیار بووه .

نا وه ندی هه له بجه ( چا ک ) ، ویرای مه حکوم کردنی جه نا یه ته کا نی ریژیمی ئیسلا می ، له هه موو نا وه ند و ریکخرا وه کا نی پاریزه ری ما فی مروف و حیزب و ریکخرا وه پیشکه وتن خوازه کا ن ، دا وا ده کا ت که به ها واری گه لی بن ده ستی مورد له ئیرا ن بین و به ر به کوشناری بی ووچا نی کورد له ئیران بگرن .
بو ئا گاداری هه مووا ن ، پیو یسنه را بگه ینین ، هیرشی سو پا و جه رده کا نی کو ماری نیرور و نا وا ن بو سه ر کوردا ن له روژ هه لا ت دریژه ی هه یه و له شاری شنو 6 لا وی دیکه به م نا وا نه ده زگیر کراون :
جه مشید ئه مینی ، شورش نه سرلاهی ، ها وار غا جا نی ، سا له ح غا جا نی ، که یوا ن ئه سه دی و ئه زهه ر عه بد لا هی . به مجوره تا ئیستا نا وی 87 که س له ده سنما ن دا یه .
چا ک ، که وه ک ریکخرا ویکی نا حو کمی و سه ر به خو ، شیلگیرا نه دیکو مینته کا نی پیو یست کو ده کا ته وه ، بو جا ریکی دیکه هه موو ئه نجا م ده را نی جنو سا ید ی کورد ووشیار ده کا نه وه که له پا ش روخا نی کو ماری ئیسلا می ، هه موو تا وا نبا را ن بو مه حکه مه ی جنو سا ید ی گه لی کورد له روژ هه لا ت ، را ده کیشیت .
ده سه لا تدارا ن و به کریگیرا وا نی ریژیمی ئیسلا می ده بی با ش بزا نن که چاره نوو سی ئه وا ن ، وه ک ریژیمی روخا وی به غدا ده بی .


نا وه ندی هه له بجه ، دژ یه ئه نفا لكردن و جینو سا ید ي گه لی کورد - ( چا ک )

کومیته ی روژ هه لا تی کوردستا ن
25 ی ئا گو ستی 2005

Monday, August 22, 2005

خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د-20-8

مارکس پێش شۆڕشی کۆمۆن ، له‌گه‌ڵ ده‌ست دانه‌ چه‌کدا نه‌بوو ، به‌هه‌مان شێوه‌ بلیخانۆفیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ردا نه‌بوو . ئاکامیش هه‌ردوو شۆڕش تێک شکان . کۆمۆن به‌ چه‌ک ، ئۆکتۆبه‌ریش هۆکاری تێک شکاندنه‌که‌ی خوێندنه‌وه‌ی جۆراو جۆری بۆ کراوه‌ ، به‌ڵام باشترینییان وه‌سیه‌ته‌که‌ی بلیخانۆف بوو .
ئه‌م دوو نموونه‌یه‌م بۆ ئه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ ، ده‌مه‌وێت بڵێم ئایا ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی کات و شوێندا جێی خۆی بوو ؟ ئایا پێشبینی ده‌کرا به‌ سه‌رکه‌وتن بگات؟؟؟ .

بێشک ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌ سیاسه‌ت تی َبگات ، ده‌زانێت ڕژێم له‌ تاران ده‌ڕوخێت نه‌ک نه‌وسوود و شنۆ ! . به‌ڵام خۆ گه‌لی کورد چاوه‌ڕوان ناکات هه‌موو گه‌لانی ئێران ڕابپه‌ڕن ، ئه‌وجا ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن به‌رامبه‌ر به‌ سوکایه‌تیکردن به‌ ته‌رمی ڕۆڵه‌کانی ، یاخود شۆڕش هه‌ر ده‌بێت پنتی ده‌ست پێکردنی هه‌بێت ، له‌ خاڵێکه‌وه‌ ده‌ست پێبکات .

ڕاپه‌ڕینی ئه‌م دواییه‌ی کوردستانی خۆرهه‌ڵات ، به‌شێکه‌ له‌ شکڵ گرتنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له‌ کوردستان که‌ له‌ یاده‌کانی 1 ئایار و 8 مارس و پشتگیری فیدراڵی کوردستان و دامه‌زراندنی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌کان ده‌ستی پێکرد . به‌م ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ خه‌باتی سیاسی له‌ کوردستانی خۆرهه‌ڵات ڕێگای خۆی دۆزییه‌وه‌ ، ئه‌ویش خۆ سازدانه‌وه‌یه‌ له‌ شێوه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ، نه‌ک گاردی گه‌ریلایی له‌و دیوو سنوره‌وه‌ .

تێکۆشانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ پارتایه‌تی و خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ ، شێوه‌یه‌کی دیکه‌ به‌خۆوه‌ ده‌گرێت ئه‌ویش خۆڕێکخستن و تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری و خه‌باتی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌ ، له‌م شێوه‌ خه‌باته‌دا ، هه‌موو گه‌ل ده‌بنه‌ ئه‌ندام نه‌ک پارت و گروپی سیاسی به‌ ته‌نها ، بۆیه‌ سه‌رکوتکردنی خه‌باتی چه‌کداری زۆر ساناتره‌ له‌ سه‌رکوتکردنی خه‌باتی سڤێل . به‌ تایبه‌ت له‌ کات و سه‌رده‌مێکدا ده‌ژێین ، هه‌ڵه‌بجه‌و ڕواندا ، بۆسنه‌و دارۆڤه‌ر نموونه‌ی وایان به‌جێ هێشتووه‌ مرۆڤایه‌تی ته‌قه‌بوڵی دوباره‌ بونه‌وه‌یان ناکات .
سانایه‌ ده‌وڵه‌ت بزاڤێکی چه‌کداری شه‌ڵاڵی خوێن بکات ، به‌ڵام ناتوانێت بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری ملیۆنی قڕ بکات . ئاسانه‌ ئالانه‌ بگرێت ، به‌ڵام گرتنی مه‌یدانی شۆڕشی مه‌هاباد سه‌خته‌ .

پارته‌ سیاسییه‌کان لایان ڕوون بوو ئه‌م بزاڤه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ به‌ سه‌رکه‌وتن ناگات ، به‌ڵام مه‌جبور بوون بڵێن کوردستانییان هێرش بۆ ئاسمان ده‌به‌ن . هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئه‌و پرسیاره‌یان نه‌خرابووه‌ به‌رده‌م که‌ ئایا له‌ گه‌ڵ ڕاپه‌ڕیندان یان نا؟ تا بزانیین وه‌ڵامیان چی بووه‌ . بۆیه‌ ئاساییه‌ ببینیین هیچ هێزێک دژ به‌ درێژه‌ی ڕاپه‌ڕیندا نه‌بووبێت ، چونکه‌ هه‌موو وه‌ڵام و هه‌ڵوێسته‌کان ، وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی دوای ڕاپه‌ڕینن . ڕاپه‌ڕین کۆمه‌ڵێک په‌ندو ئه‌زمونی وه‌به‌رهێنا ، ده‌توانرێت له‌ ڕابردوودا که‌ڵکیان لێ وه‌رگرترێت بۆ ڕاپه‌ڕینه‌کان داهاتوو ، چونکه‌ ئه‌م شێوازه‌ تێکۆشانه‌ که‌ مهابادییه‌کان دۆزییانه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ نه‌ک کۆتایی .

- خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و مانگرتنی سه‌رانسه‌ری ده‌توانرێت بکرێته‌ شێوازی خه‌بات له‌ داهاتوودا ، جه‌ماوه‌ری کوردستان ئاماده‌گییان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌یه‌ .- پێگه‌یین و کامڵبوونی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ کوردستاندا ، زۆرجار ڕێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی له‌ هه‌ندێک بڕگه‌ی مێژووییدا ڕۆڵی کاراتر له‌ پارتی سیاسی ده‌گێڕێت .- بوونی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی یاخود سه‌رکردایه‌تییه‌کی مه‌یدانی بۆ جۆشدانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ ئه‌رکی ده‌ست به‌ جێیه‌ ، جه‌ماوه‌ر له‌ کوردستان له‌ هه‌موو شاره‌کان پێکه‌وه‌ مانده‌گرن ، که‌چی لایه‌نه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ ناتوانن پێکه‌وه‌ خۆپێشاندانێک ئه‌نجامده‌ن .- ڕاپه‌ڕین پارته‌ سیاسییه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌زمونی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له‌ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ ڕاهێنا ، که‌ لاوازترین خاڵی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بوو له‌ ڕابردوودا .- ئه‌و هه‌موو متمانه‌یه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستانی خۆرهه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌ردوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستانی باشور هه‌یانبوو له‌ جێگه‌ی خۆیدا نه‌بوو ، ده‌بینیین نه‌ک فریایان نه‌که‌وتن ، بگره‌ به‌و هه‌موو توانا مادی و ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌ یه‌کی ڕۆژ تیڤی ئه‌کتیف بن .هاوکات ڕاپه‌ڕین کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر پارسه‌نگی هێزه‌کان و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی هێزی نوێ بۆ گۆڕه‌یانی سیاسی کوردستان دانا .

له‌ لایه‌که‌وه‌ دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانی زیاتر له‌ یه‌کتر نزیک کرده‌وه‌ ، وورد تر قسه‌ بکه‌ین ، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی بۆ لای دیموکرات ڕاکێشا ، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ن و گروپه‌ چه‌په‌کانی کرده‌ پاشکۆی سیاسی کۆمه‌ڵه‌(حکا ).
بڕیاری مانگرتنی 7-8 بڕیارێکی زۆر گران بوو بۆ لایه‌نێکی سیاسی وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ ، ئه‌گه‌ر تا ئه‌و به‌رواره‌ ڕاپه‌ڕین درێژه‌ی نه‌کێشایه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وبانگه‌وازه‌ به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتایه‌، کاریگه‌ری سیاسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی کۆمه‌ڵه‌ داده‌نا ، گه‌وره‌ترین قوماری سیاسی بوو کۆمه‌ڵه‌ به‌ گیرفانی به‌تاڵه‌وه‌ ئه‌نجامی دا (لاوازی ته‌شیکیلاتی ، هه‌ژاری دارایی ، بێ ئیمکاناتی ڕاگه‌یاندن... ) ، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوایه‌ ، ئه‌وه‌ فڕێ ده‌درایه‌ پاشه‌وه‌ی هاوکێشه‌ سیاسییه‌کان .

وه‌ک لایه‌نی سیاسی ده‌توانم بڵێم ئه‌م بڕیاره‌ به‌ جورئه‌ته‌ی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ دای ئه‌وانی له‌ قه‌یرانه‌کانی ڕابردوو ڕزگارکرد ، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ی سه‌لماندی ئێرانی بوونی ئه‌وان وه‌ک ته‌شکیلات له‌ دروشمێکی پوچ زیاتر نییه‌ ، له‌ ئێراندا نه‌ک نه‌یانتوانی هه‌رێمی گه‌وره‌ی وه‌ک کوردستان به‌ بڕیارێک له‌ چالاکی ڕاگرن ، به‌ڵکه‌ ناتوانن ته‌نها یه‌ک ڕیزه‌ ماڵیش یه‌ک کاتژمێر له‌ ماڵه‌وه‌ ڕاگرن . هاوکات به‌م بڕیاره‌یان له‌ لایه‌که‌وه‌ برینی دووکه‌رت بوونی کۆمه‌ڵه‌یان ساڕێژکرد ، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ لایه‌نی وه‌ک حیکمه‌تیست و چه‌ندین لایه‌نی دیکه‌یان خسته‌ پاشکۆی خۆیانه‌وه‌ ، به‌م پاشکۆیه‌تییه‌ش هه‌یبه‌تی سیاسییانییان تێک شکاند ، لێره‌دا زۆربڵێی و قسه‌ی زل له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی مێژویی ده‌به‌زێت ، تازه‌ نه‌ حیکمه‌تیست و نه‌ ته‌قوایست ناتوانن له‌ ئاست هه‌یبه‌تی سیاسی کۆمه‌ڵه‌ خۆ به‌ دۆنکیشۆته‌که‌ی جاران بزانن ، 7-8 کۆتایی به‌ هه‌یبه‌تیان هێنا له‌ به‌رامبه‌ری .

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ جه‌رگه‌ی ڕاپه‌ڕیندا ، کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕان لایه‌نێکی چالاکی دیکه‌ی ڕاپه‌ڕین بوو ، به‌ڵام به‌ داکشانی بێ سنووری به‌ لای حیزبی دیموکراتدا ، ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌م مانۆڕی خۆ به‌چه‌پ زانینی لێ گرت ، ئه‌وان له‌ حیزبێکی چه‌پی ڕادیکاڵه‌وه‌ هاتوونه‌ نه‌ک حیزبێکی چه‌پی ته‌قلیدی که‌ مانۆڕی سیاسی به‌و شێوه‌یه‌ ئاساییه‌ لایان ، ترسناکترین بڕیاریش ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رکردایه‌تیان بوو که‌ خۆیان بێبه‌ریکرد له‌ مانگرتنی گشتی ڕۆژی 7-8. له‌ به‌رامبه‌ردا دیموکرات که‌ ئێستاش کارایگه‌رترین لایه‌نی سیاسی کوردستانی خۆرهه‌ڵاته‌ زۆر ژیرانه‌ بێده‌نگی هه‌ڵبژارد ، هه‌رچه‌نده‌ چاک ده‌یزانی ئه‌مه‌ گۆڵێکی سیاسی گه‌وره‌یه‌ لێی ده‌کرێت ، ته‌عویزکردنه‌وه‌ی گرانه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان خوێندنه‌وه‌ی ووردیان بۆ ڕوداوه‌که‌ کردبوو ، ده‌یانزانی لافاو که‌هات پێش گرتنی گرانه‌ ، به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان خۆی دایه‌ به‌ری و لافاو و بردی باش بوو نه‌یخنکاند .

لایه‌نێکی دیکه‌ که‌ کارا بوو له‌ ڕاپه‌ڕیندا پژاک بوو ، ڕاپه‌ڕین هه‌موو کات زه‌مینه‌ی له‌باره‌ بۆ خۆ ته‌رحکردنی هێزه‌ نوێکان ، ئه‌وانیش ئه‌م ئه‌رکه‌ی خۆیان ئه‌نجامدا ، به‌ تایبه‌ت بوونی ڕۆژ تی ڤی زیاتر هه‌وڵه‌کانییانی به‌رجه‌سته‌ کرد ، به‌ڵام ئایا ئه‌زمونه‌کانی کوردستانی باشوور له‌ دروست کردنی پارتی سیاسی به‌ ته‌رحی باکوور دووباره‌ ناکه‌نه‌وه‌ ؟ که‌ ئه‌نجامه‌کانییان باش نه‌بوو ، سه‌ربه‌خۆ ده‌بن یان کلک ؟، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سه‌رکردایه‌تی کارای ناسراو کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یانه‌ ، سه‌رکه‌وتنه‌کانییان تاڵه‌ کات له‌ داهاتوودا .
له‌ کۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم هێشتا له‌ سه‌ره‌تای قۆناغێکی درێژ خایه‌نیین ، مه‌غروری دوای سه‌رکه‌وتن ، ئه‌زمون وه‌رنه‌گرتن له‌ داهێنانه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین ، نه‌خوێندنه‌وه‌ی ڕیالیستییانه‌ی بارودۆخ ، ئاشت نه‌بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کان ، نه‌ک گه‌وره‌ترین ئۆپۆزسیۆن ، بگره‌ پشتی گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تیش به‌ زه‌ویدا ده‌دا .

له‌یادی کۆکوژی قاڕنێدا

له‌ یادی کاره‌ساتی قاڕنێدا ، جارێکی دیکه‌ مه‌رگ و نه‌مان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
ئێمه‌ش دادگایی تاوانبارانمان ده‌وێت


یادی کاره‌ساتی قاڕنێ هاوتایه‌ به‌ دادگایی فرانس ڤان ئه‌نراتی تاوانبار له‌ شاری لاهای هۆڵه‌ند. بۆیه‌ له‌م ڕۆژه‌دا به‌ ئاماده‌ بوونی زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی جیهانی ، کرده‌وه‌ی تاوانبارانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ به‌ گه‌له‌که‌مان شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین . داوا له‌ هه‌موو کوردستانییان ده‌که‌ین ، به‌شداری ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بکه‌ن که‌ له‌ به‌رده‌م داگایی شاری ده‌نهاخ ڕێکی ده‌خه‌ین .ئاماده‌ بوونتان به‌شداریتانه‌ له‌ شه‌رمه‌زار کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران .نه‌مری بۆ قوربانییانی چه‌کی کیمیاوی له‌ باشووری کوردستاننه‌مری بۆ شه‌هیدانی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و سه‌رده‌شت و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردستان مه‌رگ و نه‌مان بۆ داگیرکه‌رانی کوردستان.

ڕۆژ : هه‌ینی 2-9
کاتژمێر 9 ی سه‌رله‌به‌یانی
شوێن شاری ده‌نهاخ - پشت سه‌نترال ستاسیۆن

Justitie Gerechtshof Prins Clauslaan 602595 AJ Den Haag
کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ ڕاپه‌ڕینی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان

----------------------------------------------------------------------------------------------

د ووی سه پتا مبر ، لا په ره ییکی ره شه له میژووی کو ما ری کونه په ره ستی ئیرا ن دا !

بو پرو تستو کردنی سیا سه ته کا نی کو ما ری تیرور و تا وا ن له ئیرا ن ، بو ریز گرتن له یا دی هه موو گیا ن یه ختکردوا نی ئازا دی و دیمو کرا سی ، بوریز گرتن له شه هیدا نی کورد له ئیرا ن که له قارنا و قه لا تا ن و کا نی ما م سه یی و سه وزی ئ ته ره گول و....... له 2 ی سه پتا مبری 1979 به فه رما نی خو مه ینی ده ستی پیکرد و پا شا ن له 26 خا که لیوه ی 1979 به بو مبا را ن و شه ریکی نا به را مبه ر له پا وه و سنه و سه قز و مه ها با د و با نه و سه رده شت ، دریژه ی پیدرا ، و بو پشتگیری له را په رینی سه ر له نوی جه ما وه ری روژ هه لا تی کوردستا ن ، ریکخرا و و کور و کو مه له کوردستا نیه کا نی ها نو فه ر و روژ هه لا ت ، له نا وه ندی شا ری ها نو فه ر ، کا ت ژمیری 11 تا 13 له به رواری 27ی ما نگ ، خو پیشا ندا ن ساز ده که ن . دا وا له هه موو ئازا دیخوازا ن ده که ین که پشتیوانی خو یا ن له گه لی خو را گری روژ هه لا تی کورد ستا ن دوو پا ن که نه وه .



نا وه ندی هه له بجه دژ بة ئةنفالكردن و جینو سا ید ی گه لی کورد – چا ک
کو میته ی روژ هه لا تی کوردستا ن
22 ی ئا گو ستی 2005

Saturday, August 20, 2005

دیارده‌ی تیرۆریزم به‌گشتی و تیرۆریزم له‌ کوردستان

له‌ سایتی دێمانه‌وه‌:

دیارده‌ی تیرۆریزم به‌گشتی و تیرۆریزم له‌ کوردستان
خالید عه‌زیـزی
له هه‌ڤپه‌یڤینێك له‌گه‌ڵ شێرکۆ کرمانج دا

دیارده‌ی تیرۆریزم، ئه‌مڕۆکه‌ بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی موکوور بۆسه‌ر گیان و ئاسایشی مرۆڤ له‌ جیهاندا. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا لانیکه‌م له‌ بیست و شه‌ش وڵاتی جیهان کرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام دوای هێرشی یازده‌ی سپتێمبه‌ر بۆسه‌ر جوته‌ تاوه‌ری مه‌ڵبه‌ندی بازرگانی جیهانی ئاکاری تیرۆریستی زیاتر گوڕی پێدراوه‌ و له‌ ڕاستیدا له‌و کاته‌وه‌ تیرۆریزم له‌لایه‌ک و ده‌سه‌ڵاته‌ جیهانییه‌کان و یان باشتره‌ بێژم مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ که‌وتنه‌ شه‌ڕێکی ده‌سته‌ویه‌خه. له‌ جیهاندا گه‌ر تیرۆریزم و تیرۆریستان خاوه‌نی ئامانجگه‌لێک بن ئه‌وا له‌ کوردستانێک که‌ هێشتا تامی ئازادی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌کردووه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا نوکه‌ش کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌ داگیر و دابه‌شکراوه‌ و خاوه‌ن کیان و قه‌واره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، تۆ بڵێی تیرۆریستان به‌دوای چ ئامانجگه‌لێکه‌وه‌ بن؟ هۆکاری دروستبونی گروپگه‌لی وه‌ک گروپه‌که‌ی شێخ زانا و ئه‌نسار و... ئه‌وانی دیکه‌ که‌ ئابه‌و شێوه‌ دڕندانه‌ تاوان و ئاکاری دڕندانه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن چی بێت؟ سه‌باره‌ت به‌م پرسیارنه‌ و گه‌له‌پرسیارێکی دیکه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا هه‌ڤپه‌یڤینێکی ڕادیۆییم له‌گه‌ڵ شێرکۆ کرمانج، شاره‌زا و لێکۆڵه‌ر‌ له‌ بواری ئیسلام و ئیسلامی سیاسی، پێکهێنا. له‌به‌ر گرنگی باسه‌که‌ هه‌ر ئه‌و کات پێشنیارم پێکرد که‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکی بۆ سایتی دێمانه‌ له‌گه‌ڵدا سازبکه‌م بۆئه‌وه‌ی قووڵتر له‌ کێشه‌که‌ بدوێین و له‌م ڕێگایه‌شه‌وه تێڕوانین و بۆچوونه‌کانی بگه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌رانی دیمانه‌. ئه‌ویش پێشنیاره‌که‌ی په‌سه‌ند کرد. ئه‌وه‌ی له‌خواره‌وه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌یه‌ که‌ هیوادارم بۆ خوێنه‌رانی دیمانه به‌که‌ڵک بێت.

Friday, August 19, 2005

ده‌وڵه‌تی ئوسترلیا مه‌زنترین پڕۆگرامی هێنانی مشه‌ختانی لێهاتوو کارزان
بۆ ئوسترالیا به‌خه‌ستی ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌!

مکانیک و دوکتور و هێردرێسه‌ر له‌سه‌ره‌وه‌ی ڕیزی ئه‌و مشه‌ختانه‌یه‌ که‌ ئوسترالیا پێویستی پێیانه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مشخت و کۆچبه‌رانی ئوسترالیا زنجیره‌ پیشانگایه‌کی له‌ له‌نده‌ن و شاره ‌گرنگه‌کانی دیکه‌ی ئوروپا،وه‌ک ئه‌مستردام و بێرلین ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌سانه‌ی پێیان خۆشه‌‌ ‌ له‌ شێوه‌ی ژیانی ئوسترالیا تێبگه‌ن.
ئوسترالیا به‌ده‌ست که‌مبوونی هێزی کاری لێهاتوو کارزانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ. ژماره‌ی کۆچکردوانی به‌ ئه‌زموون و کارزان له‌ ئوسترالیا و له‌ساڵی 2005 گه‌یشتۆته 100هه‌زار که‌س که‌ 25%له‌سه‌د له‌ساڵی ڕابردوو زیاتره‌.
ده‌وڵه‌تی ولایه‌تی باشوری ئوسترالیا، بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی بێ دکتۆری و سیسته‌می ته‌ندروستی، ڕووی له‌ بریتانیا ناوه‌و ده‌خوازێ که‌ ژماره‌یه‌ک دوکتۆرو کادری ده‌رمانی له‌وێوه‌ بێنێ و کاریان بداتێ.
له‌مساڵدا له‌سه‌ر بنچینه‌ی پڕۆگرامێکی له‌وشێوه‌ چه‌ند سه‌د پۆلیسی بریتانیی بۆ چاره‌سه‌ری که‌مبوونی هێزی پۆلیسی ئوسترالیا، هێنراونه‌ باشوری ئوسترالیا.
به‌ڵام ئه‌م پڕۆگرامه‌ توشی ڕه‌خنه‌و گازه‌نده‌کردن هاتوه‌. سیاسه‌تڤانانی دژبه‌ری ده‌وڵه‌ت ده‌بێژن که‌ گه‌ر بۆ پڕۆگرامه‌ فێرکاریه‌کان بودجه‌یه‌کی به‌جێ و شیاو ته‌رخانبکرێ، پێویستی هێنانی سێڵاوی کرێکارانی بیانی له‌ گؤڕێدا نامێنێ.
داویین جار که‌ ئوسترالیا به‌رنامه‌یه‌کی له‌وشێوه‌یه‌ی به‌ڕێوه‌برد که‌ کڕێکارو هێزی لێهاتوو کارزان له‌ وڵاتانی دیکه‌وه‌ بهێنێ ساڵی 1950 بوو. دیاره‌ ئه‌م پڕۆگرامه‌ وه‌ک پێشوو گشتگیر نیه‌و ئوسترالیا له‌میاندا‌ ته‌نێ که‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و توانادار و کارزانی گه‌ره‌که‌و بۆ ڕێگرتن له‌ کۆچبه‌رانی نائاسایی سیاسه‌تێکی توندوو تۆڵ و چه‌سپاو به‌ڕێوه‌ده‌با و ڕاگرتنی زۆربه‌ی په‌ناخوازان له‌ که‌مپه‌کاندا ئاماژه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌.
سه‌رچاوه‌: بی بی سی

ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌که‌ن باره‌گاکانتان به‌رنه‌ که‌رکوک

ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌که‌ن باره‌گاکانتان به‌رنه‌ که‌رکوک
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

هاوینی 2001 مام جه‌لال تاڵه‌بانی و کاک مه‌سعود بارزانی له‌ وه‌ڵاتی ئیتالیا به‌ ته‌یاره‌یه‌کی تایبه‌تی برانه‌ وه‌ڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئیمریکا و دوو شه‌و و دوو ڕۆژ له‌ لایه‌ن گروپێکی پایه‌به‌رزی ئیمریکایه‌وه‌ میوانداریان لێ کرا و سه‌باره‌ت به‌ داهاتوی عێراق و لێدانی سه‌دام حسێن و کار و ئه‌رکی ئه‌وان دان و ساندیان ئه‌نجام دا و پاشان هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ی تایبه‌ت هێنرانه‌وه‌ بۆ بریتانێا و له‌گه‌ل تۆنی بلێر و گروپێکی پایه‌به‌رزی ئینگلیزی پێشوازیان لێ کرا و وت و وێژیان له‌گه‌ڵ کردن و ئه‌رکه‌کانیان پێ ڕاگه‌یاندن که‌ ده‌بێ دوای لاچونی سه‌دام چی بکه‌ن.

له‌ هیچکام له‌م کۆبونه‌وانه‌ دا که‌ ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیان به‌ چاره‌نوس و داهاتوی گه‌لی کورده‌وه‌ هه‌بو ، نه‌ مام جه‌لال و نه‌ کاک مه‌سعود باسی ئه‌وه‌یان نه‌کرد که‌ ئه‌دی چی ئه‌ده‌ن به‌ کورد و مافه‌کانی ئێمه‌ چی لێ دێت ؟ به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام باسی دیموکراسی عێراق و یه‌کیه‌تی خاکی عێراق و برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و باسی به‌شدارای کردنی خۆیان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان له‌ داهاتوی عێراق دا ئه‌کرد. یه‌ک دێکۆمێنتی نوسراویان نیه‌ که‌ یه‌کێک له‌و لایه‌نه‌ گرینگانه‌ی دیاری کردنی سیاسه‌تی جیهانیه‌ به‌ڵێنی بچوکترین مافیان به‌ کوردان دابێ. ئه‌مه‌ و ده‌یان کۆبونه‌وه‌ی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌ ئه‌نجام دراوه‌ که‌ نه‌ له‌ گه‌لی کورد ڕونه‌ و نه‌ قه‌ت باسیش کراوه‌ که‌ سه‌رانی کورد به‌ نۆێنه‌رایه‌تی ئه‌م گه‌له‌ هه‌ژاره‌ چیان وتوه‌ و به‌ چ ئه‌نجامێک گه‌یشتون و کورد چی ده‌وێ و ده‌بێ چی وه‌رگرێ و چۆن کێشه‌کانی له‌ هاوکێشه‌کان دا جێ ده‌گرن.

هه‌ر که‌ سه‌دام ڕۆخا سه‌رانی کورد وه‌ک نه‌دی و بدی و تامه‌زروی دیتنی به‌غدا ، کوردستانیان به‌ هه‌مو هه‌ل و هه‌ل و مه‌رجه‌ ناسکه‌کانیه‌وه‌ جێ هێشت و خۆیان له‌ مه‌جلێسی حوکمی بێ حوکم دا جێ کرده‌وه‌ و باره‌گای تایبه‌تیان بۆ خۆیان کرده‌وه‌ و ده‌ستیان کرد به‌ پاراستنی سنوره‌ ده‌سکرده‌کانی عێراق و بانگی برایه‌تیان دا و باوه‌شیان بۆ ئه‌نفالچیه‌کان کرده‌وه‌ و کورده‌که‌شیان له‌بیر چوه‌وه‌.
کاتێک که‌ قه‌واره‌ی عێراق جارێکی دیکه‌ به‌رجه‌سته‌ کرایه‌وه‌ و عه‌ره‌به‌کان وه‌ خۆ هاتنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌ش کردن نه‌ما، مامه‌ و کاکه‌ که‌وتنه‌وه‌ باس کردنی کێشه‌ی کورد و له‌ کاتێک دا که‌ له‌ عێراق دا هه‌تا ئێستاش هیچ جوره‌ یاسا و ئاسایشێک نیه‌ ، داوای سه‌لماندی مافه‌کانی کوردیان له‌ که‌سانێک ده‌کرد که‌ خۆیان چاو له‌ ده‌ست و لاره‌ ملی ئه‌م و ئه‌و بون... له‌ کاتی لێدانی سه‌دام حسێن و ڕوخانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رکوتگه‌ره‌ ،کورد 72 سه‌عات کاتیان هه‌بو که‌ که‌رکوک و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌گه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر نیشتمان و عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان وه‌ده‌ر نێن.

یه‌کیه‌تی و پارتی ئه‌یان تۆانی له‌ هه‌مو ئه‌و پاره‌ و سه‌روه‌ت و سامانانه‌ی به‌ ناوی کورده‌وه‌ وه‌ریان گرتوه‌ 5000 هه‌زار دولار بده‌نه‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌کی عه‌ره‌به‌کان و خانوه‌کانیان لێ وه‌رگرنه‌وه‌ و ده‌رکراوه‌ کورکوکیه‌کانیان تێ دا نیشته‌ جێ بکرادیه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌یان نه‌کرد به‌ڵکو عه‌ره‌به‌کانیان هان دا که‌ له‌ ناو ماڵه‌کانیان دا دانیشن و له‌ به‌رانبه‌ریش دا پێشی خه‌ڵکی که‌رکوکیان گرت که‌ ماڵه‌کانی خۆیان وه‌رگرنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ دوو ساڵ زیاتره‌ مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بارزانی و دام و ده‌زگاکانیان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ماده‌ی 58 ده‌بێ جێ به‌ جێ بکرێ و له‌ ڕێگای ده‌ستوری عێراقیه‌وه‌ مافه‌کانی کورد بچه‌سپێ و ....به‌ڵام نه‌ که‌س ئه‌زانی ماده‌ی 58 چی تێدایه‌ و نه‌ ئه‌زانین ده‌ستوری عێراقی چیمان ده‌داتێ. هه‌تا ئێستا ده‌یان وت: عێراقی فیدراڵی و ئه‌یان وت: که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قه‌بوڵ ناکه‌ن که‌ ئاڵای سه‌دام بمێنێ و عێراق ناوێکی دیکه‌ی هه‌بێ.
که‌چی عێراق بوه‌وه‌ عراقی عه‌ره‌بی و فیدرالیه‌که‌ش کرایه‌ خاتری برا عه‌ره‌به‌کان و ده‌ستوره‌که‌ش نه‌ک هه‌ر نانوسرێ به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بشنوسرێ هیچی بۆ ئێمه‌ تێ دا نیه‌ و هه‌ر هه‌مان ده‌ستوره‌ که‌ سه‌دام نوسیویه‌ته‌وه‌ و ئاڵاکه‌ش له‌ به‌ر خاتری ئه‌ڵاکه‌ی(اڵاه‌) که‌ به‌ ده‌ست و خه‌تی سه‌دام نوسراوه‌ ناکرێ بگۆڕدرێ و برا موسڵمانه‌کانمان دڵیان ئه‌شکێ. ئێستا که‌ ده‌ستمان له‌ بنی هه‌مانه‌که‌وه‌ هاتوه‌ته‌ ده‌ر و هیچمان وه‌رنه‌گرتوه‌ ، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی به‌ هێز بونی هێزی له‌شکری عێراقی عه‌ره‌بی بین که‌ بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی تێک بداته‌وه‌ و ئه‌و کاته‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌س پێ بکاته‌وه‌ که‌ له‌وه‌ ئه‌چی ئه‌مجاره‌یان ئه‌و به‌ڕێزانه‌ تاقه‌تی وه‌ شاخ که‌ه‌وتنیان نه‌مابێ و گه‌لی کورد ڕاو بنێن.

کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان( هه‌ر چه‌ند من نازانم سه‌روکی کام هه‌ریم وکام کوردستانه‌) به‌ر له‌وه‌ی بچێ بۆ به‌غدا ئه‌یوت: له‌ سه‌ر داواکانی گه‌لی کورد هیچ جوره‌ پاشه‌که‌شه‌یه‌ک قه‌بوڵ ناکا . مروڤ وای ئه‌زانی که‌ به‌ جلی کوردیه‌وه‌ ئه‌چێته‌ ناو په‌رله‌مانی عێراقی و به‌ زمانی شیرینی کوردی پێان ده‌ڵێ :به‌ڕاستی تاقه‌تمان نه‌ماوه‌ له‌مه‌ زیاتر به‌ دیارتانه‌وه‌ دانیشین و ئێستا که‌ حکومه‌ت و پارله‌مانی خۆمان هه‌یه‌ ده‌مانه‌وێ که‌ باس له‌ سه‌ر مافه‌مانمان له‌ که‌رکوک ئه‌نجام بده‌ین.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ کاک مه‌سعود ئه‌مجاره‌ش به‌ قسه‌کانی خۆی وه‌فای نه‌کرد و فیدرالیه‌که‌شی دۆڕاند و ده‌ستوری عێراقیش هیچی بۆ کورد تێ دا نه‌بو ، که‌چی کاک مه‌سعود هه‌ر هه‌مان کاسێتی جاران لێ ئه‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ ئێمه‌ له‌سه‌ر مافه‌کانمان مه‌ساوه‌مه‌ ناکه‌ین. ئه‌گه‌ر وایه‌ و به‌ڕاستی ئێوه‌ ئه‌تانه‌وێ مافه‌کانی گه‌لی کورد بپارێزن و ئێوه‌ ئه‌تانه‌وی کورد نه‌بێته‌ قوربانی عێراقی عه‌ره‌بی ، هه‌ر له‌ ئه‌مڕۆ زوتر نیه‌ باره‌گای سه‌رکردایه‌تیه‌کانتان ببه‌نه‌ شاری که‌رکوک و به‌ ده‌یان هه‌زار هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بڕژینه‌ ناو ئه‌و شاره‌ و کونتروڵی شار بخه‌نه‌ ده‌ستی خۆتان و ژیانی گه‌ل بپارێزن و به‌ عه‌ره‌به‌کانیش بڵێن که‌ ئێمه‌ مه‌منون نین و ماف بۆ مناقشه‌ کردن نابێت ، ئێوه‌ خیرمان پێ ناکه‌ن که‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ ماڵی خۆمانا بۆ خۆمان بژین.
ئه‌گه‌ریش بیانوتان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ له‌بار نیه‌ و ئیمریکا نایه‌وێ و نازانم تورکیه‌ پێی خۆش نیه‌ و دڵی ئێران و سوریه‌ ده‌یه‌شێ ، له‌مه‌ زیاتر ڕاستیه‌کان له‌ خه‌ڵک چه‌واشه‌ مکه‌ن و ڕاست و ڕه‌ۆان لێفه‌ هه‌ڵده‌نه‌وه‌ و ویژدانی ئاوه‌سو کراوتان بۆ یه‌کجاریش بوه‌ ئاسوده‌ که‌ن. هێندێ کات و له‌ هێندێ هه‌ل و مه‌رج دا ده‌بێ ئه‌مری واقع بچه‌سپێ و ئه‌وه‌ش ئێستا زور له‌ باره‌ و ئێمریکاش ناتوانی یان نایه‌وێ له‌م کاته‌ دا شه‌ڕی کورد بکات ، ڕه‌نگه‌ ماوه‌یه‌ک توزێ لا لوت ببێ ، به‌ڵام له‌ نه‌تیجه‌ دا ملکه‌چی داخۆازه‌کان و ئیراده‌ی گه‌لی کورد ده‌بێ... هه‌تا ئاوا به‌ ترسه‌وه‌ له‌ داخۆازه‌کانمان نێزیک بینه‌وه‌ و هه‌تا ئاوا هه‌ل و ده‌رفه‌ت له‌ بار به‌رین ڕزگاریمان مه‌حاڵه‌.
سه‌رانی یه‌کیه‌تی و پارتی و به‌رپرسه‌کانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بونه‌ته‌ ملیونه‌ر و به‌ ده‌یان خانو و به‌ره‌یان بۆ خۆیان دروست کردوه‌ ، ده‌با سه‌رمایه‌کانیان له‌ کورکوک به‌ کار بێنن و خانو به‌ره‌ دروست که‌ن و به‌ ئاواره‌کانی که‌رکوکی بده‌نه‌ کرێ. پارتی موڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ ئاواره‌کانی که‌رکوکی ئه‌دات که‌ ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌که‌ی خۆیان ده‌نا ته‌عویز وه‌ر ناگرن.

گه‌ڕانه‌وی خه‌ڵکی که‌رکوک زور به‌ جێیه‌ ، به‌ڵام من له‌ پارتی دیموکرات ده‌پرسم که‌ ئایا ئه‌م خه‌ڵکه‌ بچنه‌وه‌ کۆێ و له‌ کۆێ بژین؟ ئه‌وه‌نیه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی فوتبوڵی شار دا له‌ ناو قوڕ و چڵپاو دا ئه‌ژین و هه‌ر ڕۆژه‌ ئه‌که‌ونه‌ به‌ر په‌لاماری تێروریسته‌ عه‌ره‌به‌ داگیرکه‌ره‌کان و که‌سیش نیه‌ بیان پارێزێ.

ده‌با یه‌کیه‌تی و پارتی له‌مه‌ زیاتر یاریمان پێ نه‌که‌ن و ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌که‌ن به‌ پراکتیک و کرده‌وه‌ یارمه‌تی ده‌ری چه‌سپاندنی مافه‌کانی گه‌لی کورد بن و له‌مه‌ زیاتر به‌ سه‌ری خۆیان له‌گه‌ل ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن کۆ نه‌بنه‌وه‌ و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان بناغه‌ بگرن و شه‌قامه‌کانی کوردستان به‌هه‌ژێنن و لێ گه‌ڕێن با گه‌لی کورد ده‌نگ هه‌ڵبڕێ که‌ چی ده‌وێ.

050817
hiwagol@hotmail.com

Wednesday, August 17, 2005

تۆ بڵێی حزبی دیموکرات له‌ حزباندنی هه‌واڵه‌کاندا

تۆ بڵێی حزبی دیموکرات له‌ حزباندنی هه‌واڵه‌کاندا
چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌بێ؟!

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ یازده‌ی ئۆگۆست له‌ شاری ئه‌ده‌لاید خۆنیشاندانێکی به‌رین له‌لایه‌ن کوردانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بۆ پشتیوانی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان‌ به‌ڕێوه‌ چوو. سه‌باره‌ت به‌و خۆپیشاندانه‌ له‌ سایتی "کوردستان مێدیا" که‌ سایتی به‌شی چاپه‌مه‌نی ناوه‌ندیی حزبی دیموکراتی کوردستانه‌، هه‌واڵێک بڵاوکراوه‌ته‌وه. ده‌قی هه‌واڵه‌که‌ به‌جۆرێک داڕێژراوه‌ که‌ وا ده‌نوێنێ خۆپیشاندانه‌که‌ حزبی دیموکرات سازی کردوه‌و له‌ سه‌ری سیره‌وه‌ تا قونچکی پیواز بۆخۆیان بوون. من پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌م خوێنده‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی بنه‌وه‌م‌ هه‌م وه‌ک کۆمێنت له‌ بن هه‌واڵه‌که‌ی‌ سایتی کوردستان مێدیا داناو‌ هه‌میش له‌ ڕێگای ئیمایڵه‌وه‌ ده‌قی نامه‌که‌م بۆ کوردستان مێدیا نارد‌. کۆمێنته‌که‌ش ده‌ربڕی بێزاری و توڕه‌ییه‌ له‌ حزباندنی کاروچالاکی کوردان. بێگومان ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار نیه‌ که‌ حزبی دیموکرات و حزبه‌کانی دیکه‌ به‌ ئاکارو هه‌ڵسوکه‌وتی له‌وشێوه‌یه‌و به‌ یاریکردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌یانه‌وه‌ گوایه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆیان بکه‌ن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ له‌ لایه‌ک بێمتانه‌یی له‌ نێوان حزب و خه‌ڵکی دیکه‌دا چێده‌کات و له‌و لای دیکه‌شه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ هه‌واڵه‌کانی دیکه‌شیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فڕی به‌ڕاستیه‌وه‌یه‌ و ناکرێ متمانه‌ به‌ بڵاوکراوه‌کانیان بکرێ. چونکه‌ هه‌روه‌ک هه‌واڵی خۆپیشاندانی کوردانی باشوری ئوسترالیا‌ هه‌واڵه‌کانی دیکه‌شیان به‌گشتی به‌وشێوه‌یه‌و به‌ حه‌زی حزبیانه‌وه‌ داده‌ڕێژرێ و له‌و بێده‌سه‌ڵاتیه‌شیاندا به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی ڕێی بینین و په‌سه‌نداندنی ڕاستیه‌کانی وه‌ک خۆی لێ هه‌ڵته‌ کردوون. بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌تواری تاکه‌ حزبێک نیه‌و ئه‌م په‌تایه‌ له‌ ناخی هه‌موو حزبه‌کاندا زیندوه‌و ڕۆژانه‌ زۆری وه‌ک من بێزار ده‌کرێ. ده‌بێ بڵێم دۆستانی کوردستان مێدیا ئه‌و نه‌ریته‌یان نیه‌ که‌ وڵامی کۆمێنت و نامه‌ی خوێنه‌رانیان بده‌نه‌وه‌. جا ئه‌و خوێنه‌رانه‌ هه‌ر که‌سێک بن. له‌ باشترین دۆخدا ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ ته‌نیا ده‌کرێ ناوی به‌هیچ نه‌گرتنی ئه‌وانی دیکه‌ی لێبنێین. پێویسته‌ بێژم که‌ ده‌قی ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ به‌رپرسی کۆمیته‌ی حزبی ناوبراو له‌ ئه‌ده‌لاید له‌ ڕێگای ئیمایڵه‌وه‌ ناردراوه‌ و نابراویش هیچ وڵامێکی تا نوکه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ شه‌وی ڕابردوو له‌ ڕێگای ته‌له‌فوونه‌وه‌ له‌ ناردنی ئه‌و نامه‌ گله‌یی ئامێزه‌ ئاگادارمکردوه‌. هه‌روه‌ک له‌ بنه‌وه‌و له‌ ناو نامه‌که‌دا ئاماژه‌م پێداوه‌ داوام له‌ دۆستانی کوردستان مێدیا کردوه‌ که‌ هه‌واڵه‌که‌ ڕاست بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و دۆستانه‌ چه‌نده‌ وڵامی نامه‌که‌یان دایه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش دواکه‌یان به‌هه‌ند گرت.

جا هه‌روه‌ک له‌ نامه‌که‌دا به‌ڵێنم به‌ دۆستانی کوردستان مێدیا داوه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌که‌ که‌ یه‌که‌م کاردانه‌وه‌م پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌یه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. بێگومان گه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ بمنوسیایه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ شێوازێکی دیکه‌ دامڕشتایه‌.
جاڕێکی دیکه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌‌وه‌ که‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌ لایان کوردانی باشووری ئۆسترالیاوه‌ بوه‌ نه‌ک له‌ لایان ‌حزبی دێمۆکراته‌وه. نامه‌ی خۆپیشانده‌ران ته‌نیا م. هاشمی نه‌یدا به‌ نوێنه‌ری شالیاره‌تی ده‌‌ره‌وه به‌ڵکو له‌ لایان سێ که‌سه‌وه‌ بوو. ئه‌وانیش نوێنه‌ری دیاریکراوی خۆپیشانده‌ران بوون که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تدا که‌ نوێنه‌رانی حزبیشی تێدا به‌شدار بوون دیارکران، نه‌ک حزبی ئێوه. ئه‌و وێنه‌یه‌ش که‌ له‌ ده‌قی هه‌واڵه‌که‌دایه‌ ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌.
ده‌بێ بڵێم ئه‌و خۆنیشاندانه‌ پاش هه‌وڵدانێکی فره‌ له‌ لایه‌ن چالاکانی ئه‌م شاره‌وه‌ سازکرا. جێگای سه‌رنجیشه‌ که‌ پێشتر کۆمیته‌ی حزبی دیموکرات له‌م شاره‌ نه‌یان ده‌ویست خۆنیشاندان بکه‌ن و وه‌ک خۆیان ده‌یانگوت ده‌یانویست له‌ ڕێگای ناردنی نامه‌ بۆ به‌رپرسانی ئوسترالیا ئه‌رکی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن. ئێستاش که‌ هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ڕازیبوون به‌ ئه‌نجامدانی خۆنیشاندان جێی داخه‌ که‌ کارو چالاکی که‌سانی دیکه به‌ ناوی حزبه‌وه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌واڵه‌که‌ به‌ حه‌زوو ویستی خۆیان داده‌ڕێژن که‌ له‌گه‌ڵ ڕاستیی ناته‌بایه‌.
له‌م به‌ستێنه‌دا شتی دیکه‌ش هه‌ن که‌ ده‌ر‌ببڕدرێن، به‌ڵام بۆ ئێستا ئه‌ونده‌ به‌سه‌و مه‌به‌ست له‌و ده‌ربڕینانه‌ ڕاتڵه‌کاندن و سڵه‌ماندنه‌وه‌ی حزبه‌کانه به‌گشتی و حزبی دیموکراتیش‌ به تایبه‌تی. ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی وریا کردنه‌وه‌ و تێگه‌یاندنیانه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ خزمه‌تیان ناکات و ده‌بێته‌ مایه‌ بوغزاندن و ته‌ریک که‌وتنه‌وه‌ی زیاتر و ڕوخاندنی پردی متمانه‌ له‌ نێوان به‌رپرسانی حزب و چالاکانی سیاسی و خه‌ڵکی دیکه‌و کوێرکه‌ره‌وه‌ی ڕێی لێک تێگه‌یشتن و هاوکاری و هاوده‌نگیشه‌.

ده‌قی نامه‌که‌:
به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌رانی کوردستان مێدیا
سڵاوێکی گه‌رم!

سه‌رنجتان بۆ چه‌ند ڕاستیه‌ک ڕاده‌کێشم. پێشتر ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ لایه‌ن من(خالید عه‌زیزی‌)ه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ ناردرا به‌ڵام بڵاوتان نه‌کرده‌وه‌. دیاره‌ ده‌قی ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌ره‌تا له‌ وێبلاگی کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌و پاشان بۆ چه‌ند سایتێکی دیکه‌ ناردرا. مه‌به‌ستیش ته‌نیا بڵاوبوونه‌وه‌‌ی هه‌واڵه‌که‌ بووه‌ نه‌ک شتێکی دیکه‌. پاش چه‌ند ڕۆژ تێپه‌رین به‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌دا ئه‌وه‌ دیتمان چاوو دڵمان ڕوون هه‌واڵه‌که‌ له‌ سایتی کوردستان مێدیا بڵاوکرایه‌وه‌ ئه‌ویش به‌سه‌قه‌تی نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌و هه‌یه‌. ئه‌من تێناگه‌م تاکه‌ی بازرگانی و سه‌ودا به‌ هه‌ست و چالاکی خه‌ڵکی دیکه‌وه‌ ده‌که‌ن. باشه‌ گه‌ر هه‌واڵه‌که‌ وه‌ک خۆی بڵاوبکرایه‌وه‌ ئێوه‌ لاواز ده‌بوون! و خه‌ڵکتان لێده‌بووه‌وه‌؟ یان به‌ ناشکوری نه‌بێ ئه‌گه‌ر کۆرپه‌یه‌ک به‌ ڕێکیش له‌ دایک بێت ئێوه‌ هه‌ر ده‌بێ چوختی تێخه‌ن و به‌بارێکی وادا سه‌قه‌تی بکه‌ن که‌ به‌دڵی ئێوه‌ بێت. زۆر به‌داخم که‌ حزبێک که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ 60 ساڵ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی لێبکه‌ین بێزمان له‌ کاری شه‌سته‌مین ساڵڕۆژی له‌ دایک بوونی بێته‌وه‌.

دۆستانی سه‌رتاپێ نوقمی حزب بوو! تۆ بڵێی ئه‌م شێوه‌ له‌ حزبایه‌تی خزمه‌تی حزبه‌که‌تان بکات. تۆ بڵێی گه‌ر ئاوا حزبایه‌تیتان نه‌کردایه‌ ئه‌مڕۆ جێ و شوێنی حزبی دیموکرات هه‌ر ئاوا بایه‌.

ئه‌و خۆپیشاندانه‌ خۆپیشاندانی کوردانی باشوری ئوسترالیا بۆ پشتگیری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دلێرانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان بوه‌. دروشمه‌کانی خۆنیشاندانی باسی "کوردستانی ئێران"ی تێدا نه‌بوو. ناوی حزبی دیموکراتیشی تێدا نه‌بوو. له‌وێش محه‌ممه‌د هاشمی به‌ناوی حزبی دیموکرات نه‌کرابوه‌ به‌رپرسی خوێندنه‌وه‌ی په‌یام. هه‌روه‌ها ناوبراو نه‌وه‌ک نوێنه‌ری حزب نامه‌ی خۆنیشانده‌رانی دا به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ نه‌ به‌ته‌نیاش ئه‌وکاره‌ی کرد. به‌ڵکوو له‌لایه‌ن سێ که‌سه‌وه‌(بورهان سه‌عید، قادر ره‌حیمی و محه‌ممه‌د هاشمی)وه‌ بوه‌.

دیاره‌ هیوادارم ئێوه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌تان له‌ هه‌واڵه‌که‌ی منه‌وه‌ دۆشی بێت و بۆخۆتان به‌ حه‌زی خۆتان ئاوا حزباندبێتتان و براده‌رانتان لێره‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ێان بۆ نه‌نوسیبن. له‌ هه‌ر حاڵدا ئه‌و جۆره‌ ئاکارو ئه‌توارو هه‌ڵسوکه‌وته‌ ناتاوانێ نه‌ خزمه‌تی حزبی دیموکرات و نه‌ به‌هێزکه‌ری کاری هاوبه‌شی که‌سانی وه‌ک ئێمه‌و کۆمیته‌ی حزبه‌که‌تان بێت‌.

ئه‌و په‌تای حزباندنه‌‌ که‌ به‌رۆکی باشوری کوردستانی گرتبوو و ئێوه‌ش و ئێمه‌ش پێمان وابوو که‌ خزمه‌ت به‌ ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی خه‌باتی ڕه‌واو پڕۆسه‌ی سیاسی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ ناکات، به‌داخه‌وه‌ نوکه‌ زۆر له‌و شته‌ خراپانه‌ی که‌ ئه‌وانی پێ تۆمه‌تبار ده‌کرا ئه‌مڕۆ توشی ئێوه‌ش بوه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش زه‌نگێکی ترسناکه‌ هه‌م بۆ بزاڤی شۆڕشگێڕانه‌و مه‌ده‌نی له‌ نێشتمانی ئێمه‌ و هه‌میش گیاکه‌ڵه‌و په‌تایه‌کی داڕزێنه‌ریشه‌ بۆ حزبه‌که‌تان.

دووباه‌ره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ ئێمه‌ خۆپیشاندانمان به‌ناوی هیچ حزبێکی سیاسیه‌وه‌ نه‌کردو له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌وانه‌ی به‌ خه‌می خۆنیشاندانه‌که‌وه‌ بوون بڕیارمان دا که‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌ناوی کوردانی باشوری ئوسترالیاوه‌ ده‌کرێ نه‌ک به‌ناوی حزبێکی تایبه‌تیه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هۆکاری کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کان بوو نه‌ک ئافرێنه‌ری و لێزانی حزبێکی تایبه‌تی.
داواتان لێ ده‌که‌م تا شه‌وی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌ هه‌واڵه‌که ڕاست بکه‌نه‌وه‌. دڵنیابن ئه‌و کاره‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی که‌ ده‌کرێ وه‌ک پینه‌کردن بیبینین، ده‌توانێ خزمه‌تی هه‌موو لایه‌ک بکات و به‌ پێچه‌وانه‌ من ناچارم هه‌م ئه‌م نامه‌یه‌و هه‌میش ورده‌ په‌یڤی دیکه‌ بۆ خوێنه‌ران بڵاو بکه‌مه‌وه‌.

هیوادارم گله‌یی و ڕه‌خنه‌ی تێکه‌ڵ به‌ توڕه‌یی ئێمه‌ به‌ هه‌ند بگرن
.

ڕێزی دووباره‌
خالید عه‌زیزی
25ی گه‌لاوێژی 2705
***
ده‌قی هه‌واڵه‌که‌ له‌ سایتی کوردستان مێدیاوه:
كوردانی‌ دانیشتووی‌ ئادێلایدی‌ ئوسترالیا له‌ خۆپیشاندانێكدا پشتگیری‌ خه‌ڵكی‌ راپه‌ڕیوی‌ شاره‌كانی‌ كوردستانیان كرد

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌، 11/8/2005، بۆ پشتیوانی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ راپه‌ڕیوی‌ كوردستانی‌ ئێران جه‌ماوه‌ری‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ شاری‌ ئادێلایدی‌ ئوسترالیا خۆپیشاندانێكیان وه‌ڕێ‌ خست. له‌ كاتژمێر 12ی‌ نیوه‌ڕۆ به‌دواوه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ ڤیكتۆریا له‌ ناوه‌ندی‌ شار كۆبوونه‌وه‌‌و به‌ وتنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌ پشتیوانی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاڵای‌ كوردستان‌و ئوسترالیا به‌ره‌و به‌رده‌می‌ ده‌فتره‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا به‌ڕێ‌ كه‌وتن‌و له‌وێ‌ بڕیارنامه‌یه‌ك به‌ زمانی‌ ئینگلیسی‌ له‌ لایه‌ن محه‌ممه‌د هاشمی‌، به‌رپرسی‌ كومیته‌ی‌ حیزب‌و به‌ زمانی‌ كوردیش له‌ لایه‌ن خاتوو سوهه‌یلاوه‌ خوێندرانه‌وه‌. دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسی‌ كومیته‌ی‌ حیزب بڕیارنامه‌كه‌ی‌ دایه‌ بروس سۆر (Bruce Soar)، نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا‌و ئه‌ویش به‌ڵێنی‌ دا كه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ده‌ستی‌ ئه‌لكساندر ده‌ونه‌ری‌، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا. كاتژمێر 2ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌ سروودی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ "ئه‌ی‌ ره‌قیب" كۆتایی‌ به‌ رێپێوانه‌كه‌ هات.
********
سه‌یری وێنه‌کانی خۆپیشاندان بکه‌ن و بزانن ڕه‌نگوو بۆنی حزبی دیموکارتی کوردستانی پێوه‌ ده‌بینرێ!

Monday, August 15, 2005

نه‌ هه‌ڵۆێسته‌کان نه‌ته‌وه‌ێن ، نه‌ ڕێپێوانه‌کان!

نه‌ هه‌ڵۆێسته‌کان نه‌ته‌وه‌ێن ، نه‌ ڕێپێوانه‌کان!
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕاپه‌ڕیوه‌ و داوای ئازادی ده‌کات، ژیانی ده‌وێ ، مافه‌کانی خۆی ده‌خۆازێ. گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌ن جۆڵانه‌وه‌یه‌کی خۆجۆش و ڕه‌سه‌نه‌ که‌ پاش ته‌حه‌مول کردنی 25 ساڵ چه‌وسانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توتالیته‌ری ئیسلامی له‌ ئێران و پاش سه‌رکۆتکردن و ئێعدام کردنی ده‌یان ساڵه‌ ،جامی سه‌بری پڕ بوه‌ و ئێستا ئیتر ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان .

گه‌لی کورد ئه‌زانن که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌ نیه‌ که‌ گۆیان لێ بگرێ و وه‌ڵامی داخۆازیه‌کانیان بداته‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی دیالوگه‌وه‌ کێشه‌کان بگه‌نه‌ ئه‌نجامی چاره‌سه‌ری ڕه‌وا. گه‌لی کورد مه‌نتالیته‌ و ناوه‌رۆکی سه‌رکوتگه‌رانه‌ و داگیرکارانه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ باش ئه‌زانن و ئاماده‌ن به‌ ده‌ربڕینی دروشمی نه‌ته‌وه‌ێی و شۆڕشگێڕانه‌ پێشۆازی له‌ گوله‌ی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی ئیسلامی ئێران بکه‌ن.

گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چیان هه‌یه‌ که‌ له‌ده‌ستی بده‌ن؟ له‌وه‌ زیاتر که‌ مردنیان پێ باشتره‌ له‌ بن ده‌ستی ، بێ مافی ، نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، لاوازی ئابوری و نه‌بونی داهاتو و نادیاری چاره‌نوسی نه‌وه‌کانیان. که‌وا بو ئه‌م گه‌له‌، شۆڕشگێڕانه‌ و به‌ مه‌به‌ست و به‌ زانین و تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌ ماهاباد، له‌ چوار چرای بریندار به‌ بیانوی تێرور کردنی لاوی ئازادیخۆازی کورد شوانه‌ی سه‌ید قادره‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵدا و له‌ سنه‌ی خۆێناوی و سه‌قزی قاره‌مان و جۆانڕوی خۆڕاگر و کامێارانی دوژمن به‌زێنه‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام هه‌مو شار و شاروچکه‌کانی کوردستان ، له‌ مه‌ریوان ، بۆکان ، بانه‌ پیرانشار ، شنو ، نه‌غه‌ده‌ ، ورمێ و ...سوره‌ گۆڵی ئاوه‌ته‌کانیان له‌ یه‌خه‌ی چیاکانی کوردستان داو و به‌ یه‌ک ده‌نگی و یه‌ک هه‌ڵۆێستیه‌وه‌ ڕابون و ته‌جروبه‌ی تازه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریان کرده‌ بناغه‌ی خه‌باتی نوێی کوردستان و به‌ره‌و قۆناغی یان مان و مافدار بون یان نه‌به‌زین و به‌رده‌وام بونیان دانا.

به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵۆێستی حیزبه‌ کوردیه‌کان له‌ ئاست ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ جه‌ماوه‌ری و ڕه‌وایه‌، به‌ جێ و نه‌ته‌وه‌ێی و شایان نه‌بو. ئه‌م حیزبانه‌ ده‌یانه‌وه‌ێ خه‌ڵکی کورد ملکه‌چی ئه‌وان بن و پێان وایه‌ هه‌ر ئه‌وان ئه‌توانن ماف بۆ گه‌ل وه‌ر بگرن و هه‌ر ئه‌وان ده‌بێ دیاری بکه‌ن که‌ کورد که‌ی و چون ڕاپه‌ڕن و داوای چی بکه‌ن و ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ که‌ هه‌تا ئێستاش نه‌ هه‌ڵۆێستی دیاری کراویان هه‌بێ و نه‌ خه‌باتێکی هاوبه‌شیان به‌ڕێوه‌ بردوه‌.

ئه‌وه‌ی که‌ زورتر له‌ هه‌مو لایه‌ک ڕه‌خنه‌ی له‌ سه‌ره‌، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌ ، نه‌ هه‌ڵۆێسته‌کانی ئه‌ناسرێنه‌وه‌ و نه‌ بانگه‌وازیه‌کانیان بانگه‌وازی ئه‌و حیزبه‌یه‌ که‌ ده‌یان ساڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌ کوردستان دا ڕاو ده‌نا. دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوی شه‌هید ده‌ڵی: نه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌وه‌ی خۆدموختاریه‌ ، به‌ڵام هیچ گۆمانی تێدا نیه‌ که‌ نه‌وه‌ی داهاتو نه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆێی بێ. ئه‌مه‌ واته‌ی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نی که‌ ده‌بێ خه‌باتی چه‌کداری و حیزبیانه‌ بکرێته‌ هه‌وینی جۆشدانی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری و له‌و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ شه‌پۆله‌کانیان ناوچه‌کیان گرتوه‌ته‌وه‌ حیزب ببێته‌ به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پێشڕه‌وی سه‌رهه‌ڵدانی شار و شه‌قام بکا و وه‌ک لافاو بارگه‌و بنه‌ی داگیرکه‌ران له‌ کوردستان دا ڕاماڵێ.

به‌رپرسیاری و ڕه‌ساله‌تی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌م کات و سات و سه‌رده‌مه‌ ناسکه‌ دا ڕێکخستن و کۆ کردنه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌ن و گروپ و که‌سایه‌تی و جۆشدانی سه‌رجه‌م جوڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ێی و شۆڕشگێڕانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ ، نه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی له‌ گه‌ل و جوڵانه‌وه‌که‌ جیا بکاته‌وه‌ و خۆی بکاته‌ پاشکۆی کۆمه‌ڵه‌ی کاک عه‌بدوڵای موهته‌دی و گۆێ له‌ ڕاۆێژکاری تێکده‌رانه‌ی سه‌لاح موهته‌دی بگرێ. گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ سه‌رهه‌ڵدان دایه‌ ، هێزه‌ سه‌رکوت که‌ره‌ و داگیرکه‌ره‌ ئێرانیه‌کان بێ ڕوحمانه‌ ئه‌یان کۆژن و ده‌نگیان بێ ده‌نگ ئه‌که‌ن ، که‌چی کۆمه‌ڵه‌ی کاک عه‌بدوڵا هه‌مو توانای خۆیان خستوه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان یه‌ک نه‌گرن و لێک بڵاو بن و له‌ سه‌ر ڕێنماێی یه‌کیه‌تی نیشتمانی ناهێڵن گه‌لی کورد خه‌باتی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران یه‌کگرتو و به‌ گۆڕ و تین بکات و مه‌خابن حیزبی دیموکراتیش که‌وتوه‌ته‌ ژێر ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ چه‌وتانه‌ و له‌ به‌رپرسیاره‌تی مێژووێی و شۆڕشگێڕانه‌ی خۆێ تێ ناگات.
له‌ کاتێک دا که‌ گه‌لی کورد و کۆمه‌ڵگای مروڤایه‌تی ، ڕۆشنبیران ، ئازادیخۆازان و هه‌ر هه‌مو لایه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ دان که‌ ده‌بێ هاو خه‌باتی و هاوکاری و جۆشدان له‌ نێوان حیزب و لایه‌نه‌کانی کوردستان پێک بێت ، کۆمه‌ڵه‌ی کاک عه‌بدوڵای موهته‌دی به‌ تاوانبار کردنی ئه‌وه‌ی که‌ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سه‌ر به‌ ئیتلاعاتی ئێرانه‌ و حیزبی کومونیستی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌ت کێشان( سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران – کۆمه‌ڵه‌)# کاریان به‌ کورد نیه‌ و ...به‌م جۆره‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل ئه‌به‌نه‌ ژێر پرسیار و پشت له‌ جوڵانه‌وه‌ خۆ جوشه‌که‌یان ئه‌که‌ن و ڕێگا به‌ کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌ده‌ن که‌ به‌ مه‌یلی خۆێ ئه‌و گه‌له‌ هه‌ژاره‌ داپڵۆسێنێ.

ئایا ڕه‌وایه‌ کاک عه‌بدوڵای موهته‌دی و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی که‌ بۆخۆیان نیشانه‌ی پرسێارێکی گه‌وره‌یان له‌ به‌رده‌م دایه‌، لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردی به‌رنه‌ ژێر پرسیار و به‌ ناڕه‌سن و ... ناویان به‌رن. ئایا ئه‌م کاره‌ی کاک عه‌بدوڵا موهته‌دی و باس کردن و هه‌ڵۆێست وه‌رگرتنی نا مه‌سئولانه‌ و نابه‌جێ و نا شۆڕشگێڕانه‌ی له‌م بابه‌ته‌ ، زه‌مینه‌ خۆشکردن نیه‌ بۆ داگیرساندنی شه‌ڕێکی دیکه‌ی ناۆخۆێی . کاک عه‌بدوڵا موهته‌دی یه‌کێک له‌ لایه‌ن و که‌سه‌ هه‌ره‌ مه‌سوله‌کانی شه‌ڕی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌یه‌ که‌ به‌ سه‌دان که‌س شه‌هید ، سه‌قه‌ت و پاسیڤ بون به‌ ناڕه‌وا و هه‌تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکی نه‌داوه‌ته‌وه‌، که‌چی ئه‌یه‌وێ هه‌رهه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌ و وا ئه‌زانی که‌ خه‌ڵک له‌ ده‌ورانی گا جوت دا ئه‌ژین و ئه‌ویش هه‌ر ئاغاکه‌ی جارانه‌. کاک مسته‌فای هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ وت و وێژێکی دا له‌ گه‌ڵ ڕادیو ده‌نگی کوردستانی ئێران به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێوه‌ندی به‌ قسه‌ و باسه‌که‌یانه‌وه‌ هه‌بێ ده‌ڵێ : له‌ شاره‌کان دا خه‌ڵک ته‌خریبیان کردوه‌ و ماشینی پاسدارانیان سوتاندوه‌ و شیشه‌ی بانکه‌کانیان شکاندوه‌ و حسێنیه‌یان ئاوڕ تێ به‌رداوه‌ ، و له‌ دوایش دا ده‌ڵی ئه‌وه‌ کاری عه‌واملی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.

یه‌که‌م : کاک مسته‌فا سه‌روکی یه‌کێک له‌ حیزبه‌ گه‌وره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی نێزێک به‌ 60 ساڵ ته‌مه‌نی خۆی دا خاوه‌ن ڕه‌سه‌نترین ، به‌ جێ ترین و زانستێانه‌ترین هه‌ڵۆێست بوه‌.

دوهه‌م : ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی حیزبێکی کوردی جوش و خروشی گه‌ل و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کاتی دێسپێرات دا وه‌ک هه‌مو سه‌رهه‌ڵدانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان هێندی سوتاندن و شکاندیان کردوه‌، به‌ ته‌حریب ناو به‌رێ ، زور دوره‌ له‌ قسه‌ی ڕێبه‌رێکی کورد و نه‌ هه‌ڵۆێستی نه‌ته‌وه‌ێی و شۆڕشگێڕانه‌ی حیبێکی کوردیه‌ و له‌ سه‌ر گه‌لی کورد و حیزبی دیموکرات ئه‌بێته‌ ماڵ و ده‌ستی داگیرکه‌ری ئێرانی ئاواڵه‌ ئه‌کات بۆ سه‌رکوت کردنی زیاتر.

سێهه‌م: ده‌بو کاک مسته‌فا و سه‌ران و ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دیموکرات له‌ ڕاگه‌یاندارۆێک دا داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بکه‌ن و مه‌به‌سته‌که‌یان ڕۆنتر بگه‌ێه‌نن و بڵێن که‌ ئه‌وان سه‌رهه‌دانه‌کان به‌ ڕه‌وا و به‌رحه‌ق ده‌زانن.

گه‌لی ڕاپه‌ڕیوی شاری سه‌قز حسینیه‌یان ئاوڕ تێ به‌ر نه‌داوه‌ ، به‌ڵکۆ ئه‌و حسێنیه‌یه‌ له‌ سه‌ر بازاڕی یه‌کێک له‌ قه‌ڵا دێرینه‌کانی شار دروست کراوه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ درێژه‌ی سیاسه‌تی شێواندنی ئاسه‌واری مێژووی کوردستان بنێاتی ناوه‌ و خه‌ڵکی کورد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژ بوون و له‌م هه‌له‌ که‌ڵکێان وه‌رگرتوه‌ که‌ تۆڵه‌ی خۆیان بکه‌نه‌و و بازاڕه‌که‌یان ئاوڕ تێ به‌رداوه‌ که‌ حسێنیه‌که‌ش سوتاوه‌ ، هه‌ر بویه‌ ده‌بو سه‌روکی حیزبی دیموکرات باش له‌و شتانه‌ ئاگادار بوایه‌ .

له‌ ئه‌روپا که‌ لانکه‌ی دیموکراسی و ئازادی و مافی مروڤه‌ له‌ کۆتاێی فوتبول کردن دا به‌ ده‌یان جار شیشه‌ شکاوه‌ و ماشین سوتاوه‌ ، ڕێبه‌ری هیچ حیزبێک به‌ ته‌خریبکاری ناو نه‌بردون . ئه‌و جوره‌کارانه‌ شتێکی ئاساێی یه‌ له‌ کاتی ڕاپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ری هه‌زاران که‌سی دا و ئه‌وه‌ په‌یامی گه‌ل و ویستی گه‌ل نیه‌ به‌ڵکو له‌ کاتی بشێوی دا ڕو ئه‌ده‌ن و نابێ گه‌ل به‌رسیار بناسرێ.

ئه‌وی که‌ حیزبه‌ کوردیه‌کان کردویانه‌ و به‌ تایبه‌ت حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی کاک عه‌بدوڵا موهته‌دی ، نه‌ ئه‌وه‌ی که‌ وه‌ڵامده‌ر و شایانی گه‌لی سه‌رهه‌ڵداوی کوردستان بێ و نه‌ هه‌ڵس و که‌وت و هه‌ڵۆێستی نه‌ته‌وه‌ێ و شۆڕشگێڕانه‌ بوه‌ ، به‌ڵکو وه‌ک کورد ئه‌ڵێ نه‌پێچ راوه‌ و نه‌ ڕێسراوه‌ ،شه‌قه‌ی دێ ، هێشتا ئه‌م دوو لایه‌نه‌ خۆیان له‌ ته‌بعید دان هیچ جوره‌ ڕێزێک له‌ دیموکراسی و دامه‌زاراندنی گروپ و لایه‌نی سیایسی و بیر جیاواز ناده‌ن و خه‌ریکی ته‌مرین کردنی خستنه‌ دست گۆڕه‌پانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردسستانن و ئه‌یانه‌وێ ته‌جروبه‌ی تاڵی باشوری کوردستان و هه‌ڵۆێسته‌ نا به‌جێ کانی یه‌کیه‌تی و پارتی دوو باره‌ بکه‌نه‌وه‌. له‌ ڕێپێوانه‌کان دا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد به‌رجه‌سته‌ بکه‌نه‌وه‌ ، دروشم بۆ خۆیان ئه‌ده‌ن و ڕێکلام بۆ ده‌سه‌ڵات و هێزی خۆیان ئه‌که‌ن. حیزبی دیموکرات هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووێی ئه‌کات ئه‌گه‌ر عه‌بدوڵای موهته‌دی بکاته‌ برا به‌شی خۆی بۆ وه‌درنانی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردی له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ده‌بێ به‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵۆێستانه‌ی دا بچێته‌وه‌ و هه‌ۆڵی یه‌ک گرتنی هه‌مو لایه‌نکان به‌ بێ جیاوازی بدات و گێانی هاو خه‌باتی له‌ سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ێی به‌ هێز بکات...

ئه‌و کارانه‌ی تا ئێستا کراون له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زور که‌م و لێک بڵاو و بێ تائسیر بون و هه‌تا ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌ڵۆێستانه‌ش به‌رده‌وام بن نه‌تیجه‌یه‌کی باشیان نابێ. ئه‌گه‌ر به‌ره‌ به‌م په‌له‌ په‌له‌ پێک نایه‌ ، ده‌بێ کومیته‌یه‌کی هاوبه‌ش دامه‌زرێ و کێشه‌ و مل ملانێ حیزبیه‌کان وه‌لا بنرێن و گه‌لی کورد ئه‌ساس و سه‌رچاوه‌ بێ.
050814

# هیوادارم ئه‌م حیزبی کومونیسته‌ له‌ کۆڵ کۆمه‌ڵه‌ بێته‌وه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵ و فه‌سڵی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی و له‌مه‌ زیاتر خۆی به‌ شتێکه‌وه‌ خه‌ریک نه‌کا که‌ ناوێکی زل و شارێکی وێرانه‌.
***
(ئه‌م بابه‌ته‌ نوێکراوه‌ته‌وه- کوردستان)

Saturday, August 13, 2005

هه‌وارگه‌ی وێنه‌

گه‌ر ده‌ته‌وێ به‌شێک له‌وێنه‌کانی خۆپیشاندانی کوردانی باشوری ئوسترالیا له‌ پشتگیری سه‌رهه‌ڵدانی دلێره‌نه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان ببینی سه‌ردانی هه‌وارگه‌ی وێنه‌ بکه‌

Friday, August 12, 2005

له‌ ئه‌ده‌لایدی باشوری ئوسترالیاوه‌ پشتگیری بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان

ئه‌مڕۆ 11ی ئۆگۆستی 2005 به‌رامبه‌ر به‌ 20گه‌لاوێژی 2705ی کوردی، له‌ کاتژمێر یه‌کی نیوه‌ڕۆ به‌کاتی باشوری ئوسترالیا. کوردانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ سازدانی خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌ له‌ شاری ئه‌ده‌ڵاید، ناوه‌ندیی ولایه‌تی باشوری ئوسترالیا پشتگیریان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دلێرانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌و به‌شه‌ی نیشمان کرد. سه‌ره‌تا خۆ نیشاندانه‌که‌ له‌ گۆڕه‌پانی "ڤیکتۆریا"وه‌ ده‌ستی پێکردوو پاشان به‌ڕاسته‌ شه‌قامی "کینگ ولیام"دا ڕۆیشتن تا گه‌یشته‌ شه‌قامی "کاری" و له‌وێشه‌وه‌ به‌لای چه‌پدا به‌ره‌و ئه‌و بینایه‌ی که‌ ئۆفیسی شالیاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی لێیه‌ وه‌ڕێکه‌وتن تا گه‌یشتنه‌ به‌رده‌می ئه‌و ئاپارتمانه‌.
له‌ ته‌واوی ڕێگادا خۆ نیشانده‌ران که‌ زیاتر له‌ دوسه‌د که‌س ده‌بوون، به‌ دروشمدان به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی له‌ دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و به‌ پشتگیری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و ڕاسته‌ سه‌قامه‌، که‌ تاکه‌ شه‌قامی سه‌ره‌کی ئه‌م شاره‌یه‌ که‌ هه‌موو شه‌قامه‌کانی پێوه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌یان ده‌له‌رانده‌وه‌. ده‌نگی دروشمده‌ران به‌ جۆرێک بوو که‌ له‌ نێوان ئه‌و بینا به‌رزوو ئاسمان دڕانه‌دا شه‌پۆلیان ده‌دا. حه‌وجێ به‌ ئاماژه‌ پێدانه‌ که‌ به‌ دوو به‌رزه‌وێژ(بڵند گۆ)ی ده‌ستی، له‌ لایه‌ن عه‌لی شه‌خسی و باوه‌ ڕه‌زاییه‌وه‌ دروشمه‌کان ده‌گوترانه‌وه‌ و به‌شدارانیش دووپاتیان ده‌کردنه‌وه‌. دروشمه‌کانیش به‌شێکیان ئه‌مانه‌ بوون: نه‌مان بۆ تیرۆریزم، ئازادی بۆکوردستان، که‌مپه‌ینی تووندوو تیژی کۆماری ئیسلامی له‌ دژی کوردان ده‌بێ ڕاوه‌ستێ، مه‌حموودی ئه‌حمه‌د نژاد تیرۆریستی به‌ناوبانگ، سه‌رکۆماری ئێران- تیرۆریستی به‌ناوبانگ، گیراوه‌ سیاسیه‌کانی کورد ده‌بێ ئازاد بکرێن، ئێمه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌خوازین که‌ هێرشی دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامی و ئاکاره‌ دڕندانه‌کانی ئه‌و ڕژیمه‌ له‌ دژی کورد شه‌رمه‌زار بکات و گه‌لێک دروشمی دیکه‌.
پێویسته‌ بگوترێ که‌ خۆنیشاندانه‌که‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پارێزگاری لێده‌کراو دوو هێڵێ ناوه‌وه‌ی ڕا‌سته‌ شه‌قامه‌که‌یان بۆ خۆپیشانده‌ران ته‌رخانکردبوو که‌ تا کۆتایی خۆ نیشاندانه‌که‌ هاتووچۆی ماشینی پێدا ڕاگیرا بوو. له‌ درێژه‌ی ڕێگادا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ڕاگه‌یاندنی ڕۆژنامه‌وانی خۆنیشاندانه‌‌که‌ که‌ بۆ مێدیا ئاماده‌کرابوو درایه‌ ده‌ستی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ له‌ ده‌وروبه‌ری خۆنیشاندانه‌که‌ بوون.
به‌گه‌یشتنمان بۆ به‌ر ده‌رکه‌ی شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ناوبراو پێشوازی له‌ خۆ نیشانده‌ران کردو پاش ئه‌وه‌ی ده‌قی بڕیارنامه‌ی خۆ نیشانده‌ران به‌هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی له‌ لایه‌ن محه‌ممه‌د هاشمی و سوهه‌یلا ئه‌حمه‌ده‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ نامه‌ی خۆ نیشانده‌ران له‌ لایه‌ن سێ که‌س له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی خۆنیشاندانه‌که‌وه‌ ڕاده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسه‌که‌ کرا.‌
پاش ئه‌وه‌ش به‌ وتنه‌وه‌ی سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب له‌ لایه‌ن خۆنیشانده‌رانه‌وه‌ کۆتایی به‌ خۆ نیشاندانه‌که‌ هێنرا.
به‌شدارانی خۆ نیشاندانه‌که‌ تێکه‌ڵه‌یه‌کی خه‌ستی کوردی هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستان بوو.
له‌ کۆتاییدا پێویسته‌
بێژم که‌ ئاماده‌کارانی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ئه‌مانه‌‌ی خواره‌وه‌ بوون:
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ڕیکخراوی کوردستانی حزبی کمونیستی ئێران، کۆمه‌ڵه‌
ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا
کۆمه‌ڵه‌ی کوردی باشوری ئوسترالیا

تێبینی: ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌خوازن وێنه‌کانی ئه‌و خۆ پیشاندانه‌ ببینن سه‌ردانی ئێره‌بکه‌ن: http://hewariwene.blogspot.com
*****
ئه‌وه‌ش ده‌قی په‌یام یان نامه‌ی خۆ نیشانده‌رانه‌ بۆ شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا به پێشه‌کیه‌کی کورته‌وه‌ که‌ له‌وێ بۆ خۆپیشانده‌ران خوێندرایه‌وه‌
به‌ناوی گه‌لی کوردستان
و به‌سڵاو له‌گه‌لی ڕاپه‌ڕیوی ڕۆژهه‌ڵاتی تێکۆشه‌ر!

به‌شدارانی به‌ڕێزی به‌شدار له‌خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆ، بۆ پشتگیری له‌سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان. سڵاوتان لێبێ
هه‌روه‌ک ده‌زانن ‌ماوه‌ی زیاتر له‌چوار هه‌فته‌یه ‌که ‌گه‌له‌که‌مان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی بن ده‌ست و ژێر چه‌پۆکه‌ی ‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێران، که‌وتۆنه‌ته ‌به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌داپڵۆسێنه‌ره‌کانی ئه‌و ڕژیمه‌سه‌ره‌ڕۆ ترۆریست و کوردکوژه‌. له‌و ڕۆژه‌وه ‌ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێکردوه‌ له‌لایه‌ن کوردانی په‌ڕیوه‌و تاراوگه‌نشینه‌وه‌گه‌لێک کارو چالاکی بۆ پشتگیری له‌سه‌رهه‌ڵدانی بوێرانه‌ی ئه‌وان و له‌پێناوی ناساندنی ڕژیم و شه‌رمه‌زارکردنی له‌لای بیرو ڕای گشتی جیهان، ئه‌نجامدراوه. ‌یه‌کێک له‌و چالاکیانه‌خۆ نیشاندان بوه ‌بۆ به‌ر ده‌رکه‌ی ئه‌مباسی ئێران، واته ‌هه‌مان مۆڵگه‌ی
تێرۆریستانی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نژاد. پاش ئه‌و کاره‌ کوردانی تاراوگه‌و په‌ڕیوه‌ بڕیاریاندا که‌له‌هه‌موو شوێنێک که‌کوردی لێبێ خۆنیشاندان بۆ به‌ر ده‌رگای شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی لێی نیشته‌جێین ساز بکه‌ن. هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌وه‌ڵاتانی دیکه‌ش ئه‌م هه‌نگاوه‌هه‌ڵده‌گرن و به‌م کاره ‌هاوبه‌شه‌ش له‌لایه‌ک هاوده‌نگی کوردان دوپات ده‌که‌ینه‌وه‌و پشتیوانی له ‌ڕۆڵه ‌ڕاپه‌ڕیوه‌کانی کوردستان ده‌که‌ین و له‌و لایتریشه‌وه ‌له‌ڕێگای ئه‌م خۆپیشاندانه‌وه ‌پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خه‌ینه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای تایبه‌تی و دیپلۆماسیه‌وه ‌ئه‌وانیش هانبده‌ین که‌ پاڵه‌په‌ستۆ بخه‌نه‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی بۆ واز هێنان له‌کۆکوژی و میلیتاریزه‌کردنی کوردستان و هه‌روه‌ها ئازادکردنی گیراوه‌کان و خستنه‌به‌رده‌می ڕێگه‌ چاره‌سه‌ری دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ کێشه‌ی کورد. ئه‌وه‌ی ئێستا بۆتان ده‌خوێنمه‌وه ‌ده‌قی بریارنامه‌ی خۆ نیشانده‌رانه‌ که ‌له ‌هه‌موو وڵاتان ڕاده‌ستی شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه ‌ده‌کرێت.
بڕیار نامه

‌ به‌ڕێز شالیاری کار و باری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئوسترالیا

ئه‌مرۆ دروست ماوه‌ی 34 شه‌وو رۆژه‌که‌به‌فه‌رمانی ڕاسته‌و خۆی "خامه‌نه‌یی" شار به‌شار و گوند به‌گوندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌وتۆته‌به‌‌ر هێڕشی دڕندانه‌و به‌ربه‌ریانه‌ی هێزه‌داپڵۆسێنه‌ره‌و دژی ئازادی و دژی گه‌لیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران. خۆ پێشاندانی شارستانیانه‌و‌ مه‌ده‌نیانه‌ی شاره‌کانی مه‌هاباد، پیرانشار ، شنۆ ، سه‌رده‌شت ، ڕه‌به‌ت ، بانه‌، سنه‌، مه‌ریوان ، بۆکان ، سه‌قز ، جوانرۆ ، پاوه‌، کرێندو کامیاران . . . که‌و‌توونه‌به‌‌ر هێرش و شه‌ڵاڵی خوێن خوێن کراون. هه‌تا ئێستا‌ له‌م شارانه‌نزیک به‌50 که‌س کوژراون و به‌سه‌دان و هه‌زارن که‌س بریندار و ده‌ستگیر کراون، یان ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوون و خۆیان شاردۆته‌وه‌. ته‌نانه‌ت برینداره‌کان له‌ترسی ده‌سگیر کردنیان، ناوێرن بچنه‌نه‌خۆشخانه‌کان و هه‌ر له‌ماله‌کان به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی ده‌رمان ده‌کرێن و زۆربه‌یان مه‌ترسی مه‌رگیان له‌سه‌ره‌. هێزه‌سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم بۆ ئه‌وه‌سیمای دێمۆکراتانه‌و مه‌ده‌نییانه‌ی خۆ پێشاندانه‌کانی خه‌ڵکی بشێوێنن به‌ئانقه‌ست ‌هێندێک بنکه‌و دامه‌زراوه‌ی خه‌ڵکی وگشتی تێک ده‌ده‌ن، یان ئاگری تێبه‌رده‌ده‌ن. به‌م کاره‌نامرۆڤانانه‌ده‌یانه‌وه‌ی ناکۆکی له‌نێوان دانیشتوانی خه‌ڵكی کوردستان په‌ره‌پێ بده‌ن.
به‌هۆی داسه‌پانی باری نائاسایی (حکومه‌ت نیزامی)، باری ئابووری خه‌ڵک که‌زۆربه‌یان هه‌ژار و نه‌دارن به‌شێوه‌یه‌کی سامناک تووشی ئاڵۆزی هاتوه‌. زۆربه‌ی ڕۆژه‌کان دوکان و بازار داده‌خرێن و خه‌ڵک تووشی نه‌بوونی و خه‌ساره‌تێکی بی ئه‌ژمار هاتوون.
نه‌بوونی ئاسایش و باری ناله‌باری ده‌روونی خه‌ڵک ، به‌تایبه‌تی ژن ومنداڵ، به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتوه‌.
ئه‌گه‌ر به‌زووترین کات پێش به‌و‌ دۆخه‌نه‌گیردرێت، چاره‌نووسێکی نادیار و کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن بۆ کوردو شه‌رماوی بۆ مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌م به‌شه‌ی کوردستانی ژێر چه‌پۆکه‌ی ئێرانداچاوه‌روان ده‌کرێ، که‌ئێوه‌و هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تی تێیدا تاوانبار ده‌بن.

زۆر به‌ڕێز!
گه‌لێک داوای ئازادی ده‌کات و به‌شێوه‌ی دێمۆکراتیک و هێمنانه‌ڕاپه‌ڕیوه‌و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌توندترین شێوه‌له‌به‌ر چاوی جیهانی بیده‌نگدا، ئه‌م گه‌له‌داده‌پڵۆسێنێ.
ئه‌مرۆکه،‌ ئێمه ‌‌وێڕای هاووڵاتیان و خۆشک و برا کورده‌کانمان له‌به‌رده‌م ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی کانادا ، ئه‌مریکا ، ئاڵمان ، ئینگلستان ، سویس ، هۆله‌ند ، ئوتریش ، نۆرویژ ، دانمارک ، فینله‌ند و نیوزیله‌ند بۆ پشتیوانی له‌خه‌باتی ڕه‌وا و مرۆڤانه‌ی گه‌لی کوردمان له‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، کۆ بووینه‌وه هه‌تا بێزاری و ناره‌زایه‌تی خۆمان له‌دژی سیسته‌می سه‌ره‌ڕۆ و تێرۆریست په‌روه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران و کوشتن و قه‌ڵاچۆکردنی گه‌له‌که‌مان له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا ده‌ر ببڕین و له‌بیرو ڕای جیهانی و ده‌وڵه‌تانی دێمۆکرات و ڕێکخراوه ‌نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌مرۆڤدۆسته‌کان داوای پشتیوانی و یارمه‌تی بکه‌ین.‌ به‌تایبه‌تی له‌ شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاتانه موکورانه‌و به‌شێوه‌ی فه‌رمی داوا ده‌که‌ین که‌ ویست و داخوازه‌کانی ئێمه ‌که هه‌مان ویست و داخوازی گه‌له‌که‌مانن له‌کوردستان ، وه‌ک داوایه‌کی ڕه‌سمی ببه‌نه‌ پارڵمانی خۆیان و‌‌ پارڵمانی ئورووپا و دادگای لاهه‌و ڕیکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار به‌پاشه‌کشه‌و له‌به‌رچاوگرتنی مافی مرۆڤ بکه‌ن.

ئێمه‌ به‌ئاشکرا له‌و شوێنانه ‌کۆ بووینه‌ته‌وه‌و ویست و داخوازی خۆمان و گه‌لی کوردمان له‌ ده‌ست سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاده‌گه‌یه‌نین،و وێڕای پێشکه‌ش کردنی کورتکراوه‌ی داواکانمان له‌چه‌ند خاڵی خواره‌وه‌دا‌، به‌په‌له‌داوای جێ به‌چێ کردنیان ده‌که‌ین.

1 - سه‌ردانی وه‌ڤدێکی ده‌سترۆیشتوو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ "نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان" و پارلمانی ئوسترالیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
2 – کێشانه‌وه‌ی هێزه‌سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم له‌کوردستان
3 – ئازاد کردنی هه‌موو به‌ندکراوه‌کان و ده‌رمانکردنی برینداره‌کان له‌نه‌خۆشخانه‌کان و قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی هه‌موو زه‌ره‌رو زیانه‌کانی خه‌ڵک.
4 – ناساندن وسزادانی فه‌رمانده‌ران و کاربه‌ده‌ستانی تاوانبار و ئافرێنه‌ری کاره‌ساته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
5 – جێ به‌جی کردنی هه‌موو به‌نده‌کانی ڕاگه‌یندراوی جیهانی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان.


وێنه‌بۆ:
ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک گرتوه‌کان
پارلمانی ئورووپا
ده‌وڵه‌تانی دێمۆکراتی جیهان
ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌گشتییه‌کان
کۆڕ وکۆمه‌ڵه‌ئازایخواز و مرۆڤ دۆسته‌کان
پارلمانی گه‌لانی ئازادی جیهان
ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ

له‌گه‌ڵ ڕێزماندا خۆ نیشانده‌رانی باشوری ئوسترالیا

Wednesday, August 10, 2005

ئاکۆ محه‌ممه‌د ئازاد کرا!

به‌پێ نوێترین زانیاری سه‌باره‌ت به‌ گیرانی ئاکۆ محه‌ممه‌د سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی مێدیا، ناوبراو به‌ "که‌فاله‌ت" ئازادکراوه‌ تا ڕۆژی دادگایی کردنی دێت. ده‌گوترێ که‌ هۆکاری سه‌رکی گرتنه‌که‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاکامی ڕاپرسییه‌که‌ که‌ تیایدا شالیاری ناوخۆ به‌ خراوترین شالیاری هه‌رێم ده‌رچوه‌ و ئه‌مه‌ش شالیاری توڕه‌کردوه‌ و به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ به‌بێ مۆڵه‌ت ئه‌و ڕاپرسیه‌ کراوه‌ ئاکۆ محه‌ممه‌دی ڕۆژنامه‌نوسیان بنچاوکردوو ئێستاش ناچار بوون ئازادی بکه‌ن، ئه‌ویش به‌ مه‌رج و "که‌فاله‌ت".

له‌ هه‌ولێره‌وه‌ .. هه‌واڵی په‌یڤه‌ به‌ندکراوه‌کان


له‌ هه‌ولێره‌وه‌ .. هه‌واڵی په‌یڤه‌ به‌ندکراوه‌کان

یه‌ک دوو ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کوردی ئه‌م شاره‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی پێداویستی خۆپیشاندانێکین له‌ دژی ڕژیمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی که‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ هه‌فته‌یه‌ به‌ نامرۆڤانه‌ترین شێوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بزاڤ و ناره‌زایه‌تیه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی جه‌ماوه‌ری ئه‌وده‌ڤه‌ره‌دا ڕاوه‌ستاون‌ و تانوکه‌ سه‌ره‌ڕای بنچاڤکردنی سه‌دان که‌س و بریندارکرنی ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌یانیش گیانیان لێسه‌ندراوه‌.
له‌ هزری ئه‌وه‌دا بووم که‌ دروشم و پلاک کارته‌کانمان به‌ باشترین شێوه‌ ده‌ربڕی ئازاره‌کانی گه‌له‌که‌مان و داخوازیه‌کانی خۆپیشانده‌ران بێت. یه‌کێک له‌و دروشمانه‌ش بێگومان سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و ئازادی به‌ندییه‌ سیاسیه‌ کورده‌کانه که‌ له‌چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی ڕژیمدا ده‌ستوو په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ ئازاردا نه‌رمده‌که‌ن‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و هزراندنه‌شدا که‌وتمه‌ به‌دوادا گه‌ڕانی هه‌واڵی نوێ. له‌ پڕ له‌ کوردستان نێت چاوم به‌ وێنه‌ی ئاکۆ محه‌ممه‌د سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی مێدیا که‌وت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ یه‌کدوو جار ئیمایڵم له‌گه‌ڵ گۆڕیبوه‌وه‌و خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی مێدیاش بووم سه‌رنجی ڕاکێشام. له‌ ڕاستیدا سه‌ره‌تا وه‌مزانی هه‌ڤپه‌یڤین و چاوپێکه‌وتنه‌، چونکه‌ وێنه‌که‌ جیا له‌ نوسراوه‌یه‌کی پاش سه‌وز تایتڵی سه‌رنج ڕاکێشی وای له‌سه‌ر نه‌‌بوو که‌ هزرم بۆ ڕوداوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بچێت. له‌بن وێنه‌که‌وه‌ نوسراوه‌ "ئاکۆ محه‌مه‌دو مناڵه‌کانی له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا"و له‌ ژێر ئه‌ویشه‌وه‌ به‌ خه‌تێکی که‌مێک تۆختر نوسراوه‌: "پێمان ناڵێن کوێ ده‌پشکنن؟! خۆ له‌به‌ڕه‌‌یه‌ک و حه‌سیره شڕێک زیاتری له‌ ناو ژووری میوانه‌که‌یدا نیه"‌. بۆیه‌ش هێشتا خوێنه‌ره‌وه‌ پێی وانیه‌ له‌ پشکنینی ماڵی ئاکۆ محه‌ممه‌د شتێکی فره‌تر ڕوویدا بێت(کوردستان نێت له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی وادا نه‌شاره‌زایی پێوه‌دیاره‌، ده‌نا بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێکی وا پێویستی به‌ سه‌ردێڕێک هه‌یه‌ که‌ خوێنه‌ره‌وه‌ ڕاکێشێ). له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ره‌تا گوتم بزانم بابه‌ته‌ نوێیه‌کانی دیکه‌ چین پاشان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به‌ وێنه‌که‌ی ئاکۆوه‌یه‌. یه‌که‌م بابه‌تی نوێ"مژده‌ی گیرانی ئاكۆ محه‌مه‌دی تیرۆریست! ... هاوڕێ باخه‌وان"!! چاوی ئه‌بڵه‌ق کردم و ڕایچڵه‌کاند‌م. بێگومان له‌وه‌ی دڵنیام که‌ نه‌ ئاکۆ تیرۆریسته‌و نه‌ باخه‌وانیش به‌ که‌سانی وه‌ک ئاکۆ ئێژێ تیرۆریست. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ سه‌ردێڕه‌که‌ هاواری هه‌واڵێکی ده‌کرد که‌ ئاسایشی هه‌ولێری پێته‌ختی حکومه‌تی کوردستان، ئافرێنه‌ریه‌تی. بابه‌ته‌که‌م کرده‌وه‌و خوێندمه‌وه‌.
به‌ڵێ ئاسایشی هه‌ولێر کاک ئاکۆی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی مێدیا، ئه‌و مێدیایه‌ی که‌ له‌ پێناوی نه‌ته‌وه‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌نوسی، ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌کات. ئه‌گه‌ر چی ورده‌کاری و هۆکاری گیرانه‌که‌ ڕوون نیه‌، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و نوسراوانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ری نوسراون و من دیتومه له‌سه‌ر ده‌ربڕینی تێهزرینه‌کانی گیراوه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێک که‌ له‌ مێدیادا وه‌شێنراوه‌، بنچاڤکرا بێت. هه‌ر کام له‌و گریمانانه‌ و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌وه‌ بێت، گیرانی ئاکۆ نه‌ک هه‌ر ڕه‌وا نیه‌ به‌ڵکوو جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری و ئاماژه‌ی ترس و دڵه‌خورپه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌ ئازادی ده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی. ئه‌وه‌ی مێدیای خوێندبێته‌وه‌ ده‌زانێ که‌ مێدیا له‌سه‌ر هێڵی نه‌ته‌وه‌ و بزاڤی سه‌ربه‌خۆ خۆازیدایه‌ و زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانی خزمه‌تی ئه‌و هێڵه‌ هزریه‌ ده‌که‌ن و زۆرجاریش له‌ که‌موکوڕیه‌کان ده‌دوێ و نه‌گوتراوه‌کان ئێژێ.
پارتی دیموکرات و ده‌سه‌ڵات دارانی ناو ئه‌م پارتیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موویان ئه‌وه‌ ئێژم زۆربه‌یان دژی ئازادیه‌ دیموکراتیه‌کان و له‌وانه‌ش ئازادی هزرین و ده‌ربڕینن و دژایه‌تیه‌که‌شیان له‌ وه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێکی دیکه‌ له‌ ترسه‌وه هاتوه‌. ئه‌‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر نوسراوه‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ دژی به‌رپرس یا شالیارۆکه‌یه‌کی ئه‌و لایه‌نه‌ بێت ئه‌وه له‌لای ئه‌وان ناپه‌سه‌نده‌و چێکه‌ڵدانه‌یان جگه‌ له‌ پیا هه‌ڵدان و ده‌ستخۆشی و فشکردنه‌وه‌ی‌ بێ بنه‌ما نه‌بێ هیچیدیکه‌ی جێی نابێته‌وه‌، بۆیه‌ش ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێڵه‌ ببه‌زێنن به‌ده‌ردی به‌رپرسانی پێامنێر ده‌چن.
ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌و پێش سایتی په‌یامنێر که‌ سایتێکی سه‌ر به‌ پارتیه‌ هه‌واڵێکی له‌مه‌ڕ شالیارێکی حکومه‌تی هه‌ولێر وه‌شاند. هه‌واڵه‌که‌ش باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ شالیار نه‌یویستوه‌ به‌ کوردی بۆ ڕۆژنامه‌ نوسان بپه‌یڤێ و به‌باشی زانیوه‌ به‌ عاره‌بی له‌ پایته‌ختی کوردستان و له‌ ناو فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ په‌یامنێران بپه‌یڤێ!. له‌وه‌ش بترازێ به‌دوای په‌یڤینه‌ عاره‌بیه‌که‌ی، کاکی شالیار به‌ ڕۆژنامه‌ڤانن ده‌بێژێ که‌ بڕیارمداوه‌ هه‌مووتان خه‌ڵات بکه‌م و هه‌مووتان سه‌ردانی باره‌گای شالیاره‌تی بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌یان.
له‌ پاش ئه‌وه‌، شالیار ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک هه‌ر له‌ په‌یامنێر بڵاوده‌کاته‌وه‌و حاشا له‌و ڕاستیانه‌ ده‌کات که‌ له‌سه‌ری نوسراون. به‌ڵام په‌یامنێر ئازایانه‌ پێی له‌سه‌ر ڕاستی هه‌واڵه‌که‌ داگرت. ئه‌م پێداگریه‌ بێگومان سه‌ره‌ڕای پاڵه‌ په‌ستۆی به‌رپرسانی ڕاگه‌یاندنی پارتی هه‌روا به‌رده‌وام بوو. به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی من له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی جێی متمانه‌وه‌ وه‌ده‌ستم که‌وتووه‌، به‌رپرسانی ڕاگه‌یاندنی پارتی پشتگیریان له‌ شالیاری عه‌ربی وێژ کردوه‌و ویستویانه‌ به‌رپرسانی په‌یامنێر به‌چۆکدا بێنن و هه‌واڵه‌که‌ی خۆیان ڕاست وه‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی به‌ناوی په‌یامنێره‌وه‌ لێبوردنێکی کورت بڵاوکرایه‌وه‌ به‌ڵام دوای ئه‌و لێبوردن خوازتنه‌ بۆماوه‌ی سێڕۆژ په‌یامنێری چالاک و هه‌واڵگه‌یه‌ن له‌ ڕۆژووگرتندا بوو، واته‌ هیچی بڵاو نه‌کرده‌وه‌. له‌وکاته‌‌وه‌ تا نوکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت، په‌یامنێر نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌و په‌یامنێره‌ی پێش لێبوردن خوازتنه‌که‌. وه‌ک ئه‌و سه‌رچاوه‌ بۆی نوسیم: پاش پشتگیری ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌ کاکی شالیارۆ‌که‌ی حکومه‌تی کوردستان و ناچارکردن به‌ نوسینی لێبوردن له‌ کاکی شالیار هه‌رسی به‌رپرسی په‌یامنێر (سه‌رنووسه‌ر، جێگری سه‌رنوسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین) وازیان له‌ په‌یامنێر هێناوه‌و له‌ جیاتی ئه‌وان ئێستا: ئازاد حه‌سیب قه‌ره‌داخی وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاو فاخر هه‌مه‌وه‌ندی وه‌ک به‌رپرسی ئاژانسه‌که داندراون. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌ز بۆخۆم سه‌ره‌تا به‌گومانه‌وه‌ له‌ لێره‌(وێبلاگی کوردستان) چتێکم بڵاوکرده‌وه و له‌ چه‌ند شوێنی دیکه‌ش پرته‌وبۆڵه‌‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی من هه‌بوون. هه‌روه‌ک حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌نیش نامه‌یکی بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک شالیاری حکومه‌تی هه‌ولێر نووسیوه‌ که‌ له‌و کاته‌دا له‌هه‌ولێر بوو. ده‌قه‌که‌ی له‌ سایتی ده‌نگه‌کان بڵاو بۆته‌وه.
بێگومان پیامنێر‌ له‌ ده‌ست پێکه‌وه‌ هه‌وڵێکی زۆریدا که‌ به‌ سێ زمان هه‌واڵه‌کانی کوردستان بگه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌رانی و ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی چالاکی و ماندوو بوونی زۆری ئه‌وانه‌دا بوو که‌ ئێستا وازیان هێناوه‌ یان ناچار به‌ وازهێنان کراون.
جێی سه‌رنجه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاگه‌یاندنی پارتی زۆربه‌ی له‌ چنگی که‌سانێکدایه‌ که‌ پێشتر له‌ حزبی شیوعی ئێراقدا تێکۆشانیان هه‌بووه‌. به‌رپرسی سه‌ته‌لایتی کوردستان، به‌رپرسی ته‌له‌ڤیزیۆنی ئه‌لته‌ئه‌خی که‌ تازه‌ داندراوه‌، به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتی، به‌رپرسی ده‌زگای ئاراس، به‌رپرسی گۆڤاری هه‌رێم، به‌رپرسی ده‌زگای موکوریانی‌و به‌رێوه‌به‌ری گشتی ڕۆشنبیری هه‌ولێرو هه‌روه‌هابه‌ر پرسی زاگڕۆس تیڤی که‌ هه‌ر هه‌مان سه‌رۆ قادری به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی پارتیه، هه‌موویان له‌ که‌سانی کۆنه‌ شیوعین‌. ئه‌م به‌رپرسایه‌تیان بۆ ڕاگه‌یاندنی حزبی سیاسی زۆر گرنگ و بایه‌خدارن. له‌ ڕواڵه‌تدا مادام که‌سانی کۆنه‌ شیوعی که‌ له‌جێوه‌ ده‌بێ پێشکه‌وتنخواز بن شتێکی باشه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ هاتونه‌وه‌ سه‌ر هێڵی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رێنیه‌. دیاره‌ من وه‌ک که‌س و که‌سایه‌تی که‌سیان له‌ نزیکه‌وه‌ ناناسم جگه‌ له‌وه‌ی ناویان له‌سه‌ر په‌ڕی بڵاوکراوه‌کانی پارتی و له‌ په‌نجێره‌ی تیڤیه‌کانه‌وه‌‌م گوێ لێبوه‌.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه جێگه‌ی سه‌رنج و ڕامان و له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ی به‌ ڕاگه‌یاندنی پارتیه‌وه‌ دیاره‌ کاریگه‌ریه‌کی زۆری هزرو ڕامانی ئه‌و کۆنه‌ چه‌پیانه‌یه‌. کاریگه‌ریه‌که‌ش ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێک باره‌وه‌ ئه‌رێنی بێت ئه‌وه‌ له‌ فره‌ لایه‌نه‌وه‌ نه‌رێنی داڕزێنه‌ره‌. ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌روه‌ک که‌لتورێکی پارته‌ براکانی سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت، ڕاگه‌یاندنیان به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ خستۆته‌ خزمه‌ت حزب و له‌ ناو حزبیشدا که‌سه‌کان و سه‌رۆکی حزب به‌تایبه‌تی. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار خزمه‌تی پاراستنی پارت. هه‌ر له‌و تێڕوانینه‌ که‌لتوریه‌وه‌ ئه‌و‌ه‌ی دژی حزب، به‌رپرسێکی حزب، دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ر به‌حزب نقه‌ی لێوه‌بێت نقه‌ی ده‌بڕن و پێنوسه‌که‌ی لێده‌ستێن. یان که‌ویی ده‌که‌ن و ناچاری مل ڕاکێشانی ده‌که‌ن یان وردووهاڕی ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ په‌ند.
ئه‌وه‌ی له‌ په‌یامنێری ڕودا ده‌بێ له‌و گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ لێی بڕوانین. به‌رپرسانی کۆنه‌ شیوعی و ئه‌مڕۆ پارتیی له‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی پارتیدا به‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌یامنێریان گوت سه‌ر نه‌ویکه‌ن و لێبورین له‌ شالیاری حزب بخوازن! به‌ په‌یامنێریان گوت که‌ ئازادی ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئێوه‌ لێی تێگه‌یشتوون! گوتیان ئێمه‌ ئازادیمان داونێ که‌ له‌سه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌ بنوسن و بێ ئابڕویان بکه‌ن نه‌ک شالیاری حزب. به‌ په‌یامنێریان ڕاگه‌‌یاند ئێوه‌ ده‌بێ ملکه‌چی سه‌روی(سه‌رۆی) خۆتان بن، پێیان فه‌رموون ئێوه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا سه‌ربه‌خۆن و ئه‌وه‌ش که‌ ده‌ڵێین ئێوه‌ سه‌ربه‌خۆو ئازان هه‌ر بۆ خزمه‌تی حزبه‌! له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌ هه‌واڵ نوسیندا هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر حزب و شالیاری حزب. له‌ ڕاستیدا پێان ڕاگه‌یاندن ئێوه‌ نابێ شتێک یان ڕاستیه‌ک له‌سه‌ر حزب یان دامه‌زراوه‌یه‌کی حزب بنوسن و بیڵێن که‌ زیانی بۆ حزب هه‌بێت!.
وه‌ک ده‌ڵێن "قسه‌ هه‌زاره‌و دوی به‌کاره‌". ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر ئاوا له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی خۆی ده‌جوڵێته‌وه‌ و ناچار به‌ خۆ چه‌ماندنه‌وه‌یان ده‌کات جا چۆن له‌گه‌ڵ ئاکۆیه‌کی نه‌ترس و بوێر که‌ ده‌یه‌وێ ڕاستیه‌کان بێژێ و په‌ڵه‌کان ده‌رخات و خراپیه‌کان نیشان بدات وا به‌ سێانی لێی خۆش ده‌بن. دیاره‌ هه‌روه‌ک له‌سه‌روه‌ ئاماژه‌م پێدا به‌رپرسانی په‌یامنێر ئازایانه‌ به‌رگریان کردو ملیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌روی خۆیانه‌وه‌ نه‌وی نه‌کردوو پاش ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ په‌یامنێریان بۆ به‌جێ هێشتن.

له‌ بن سێبه‌ری داگیرکه‌راندا ڕۆژنامه‌کانمان داده‌خه‌ن و چالاکانی سیاسی و خه‌باتکارانی گۆڕه‌پانی بزاڤی مه‌ده‌نی ده‌گیرێن و ئازار ده‌درێن. لێره‌وه‌ ده‌مانه‌وێ پشتگیری ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ سه‌رده‌میانه‌ی گه‌له‌که‌مان بکه‌ین و به‌وه‌ی که‌ ده‌چینه‌ ناوه‌ندی باژێڕوو خۆ نیشان ده‌ده‌ین ده‌مانه‌وه‌ پشتگیری ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌‌مان بکه‌ین. چاوه‌ڕوان بوین له‌ هه‌ولێرو له‌ پایته‌ختی کوردستان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕدرێت و له‌ به‌رده‌می کونسولی ڕژیمی ئێران له‌ هه‌ولێر بیان گوتبایه‌ به‌ندییه‌ سیاسیه‌کانمان ئازاد بکه‌ن و کۆتایی به‌ لێدان و کوشتنی جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵات بێنن و بڵێن به‌ڵێ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ و پرسی کوردان له‌ هه‌ر شوێنێک. به‌ڵام گه‌لۆ چاوه‌ڕوانیه‌که‌مان له‌ جێی خۆیدا نه‌بوو و نیه‌. ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ هه‌ولێر خۆی ئازادی پێشێل ده‌کرێ. ئه‌وه‌نیه ته‌نانه‌ت‌ نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسانی حزبیش له‌ ئازادی بێبه‌شن. ئه‌وه‌نیه‌ ئاکۆ محه‌ممه‌دی مێدیا له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌کرێ و ماڵه‌که‌ی ده‌پشکنرێ. له‌ هه‌ولێرێک که‌ ئازادی نه‌ بێ و ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ئازادییه‌که‌ که‌ خزمه‌تی حزب و ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆک بکات، ئیتر چاوه‌ڕوانی وا چاوه‌ڕوانیه‌کی به‌تاڵه‌.
له‌ کۆتاییدا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادی و دێموکراسیه‌ی که‌ ده‌گوترێ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ئێراق و ناوچه‌که‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه ئه‌وه‌بێت که‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر ده‌یبینن و ده‌یبیسین، ئه‌وه‌ هه‌ر خوا ده‌زانێ چی لێده‌رده‌چێ! له‌و هه‌ولێره‌ی که‌ په‌یڤه‌کان ڕاپێچی به‌نده‌کان ده‌کرێن.
تۆ بڵێی گه‌ر له‌سه‌ر سه‌ری شالیاری ناوخۆی تۆقیوو له‌ ڕاگه‌یاندن قورقوشم بتوێنرێته‌وه‌و پاشان ساردبکرێته‌وه‌ چی ده‌ربچێ؟!

Tuesday, August 09, 2005

خۆپیشاندانی کورده‌کانی باشوری ئوسترالیا
کوردانی باشوری ئوسترالیا بۆ پشتیوانی و پشتگیری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئازایانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌لاتی نیشتمان به‌نیازن خۆنیشاندانێکی هێمانه‌ له‌ شاری ئه‌ده‌لایدی ناوه‌ندی باشوری ئوسترالیا وه‌ڕێبخه‌ن.
هه‌ر بۆیه‌ش هه‌موو کوردانی باشوری ئوسترالیا ئاگادار ده‌که‌ین که‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ یانزده‌ی مانگی ئه‌گۆست کاتژمێر دوانزده‌ی نیوه‌ڕۆ له گۆڕه‌پانی ڤیکتۆریا له‌ ناوندی شار ئاماده‌بن.
خۆنیشاندانه‌که‌ بڕیاره‌ له‌ گۆڕه‌پانی ڤیکتۆریاوه‌ به‌ ڕاسته‌ شه‌قامی کینگ ولیامدا بڕوات و له‌وێشه‌وه‌ به‌لای چه‌پا به‌ شه‌قامی "کاری"‌دا به‌ره‌و به‌رده‌رگای ئۆفیسی شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا بچێ. له‌‌‌وێش پێامی خۆپیشانده‌ران ده‌خوێندرێته‌وه‌ به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی و ده‌قی ئنگلیزیه‌که‌ له‌ ڕێگای نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ڕاده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئۆفیسی ناوبراو ده‌کرێت.
هیوادارین هه‌موو لایه‌ک به‌شداری چالاکانی تێدا بکه‌ن

نامه‌ بۆ کۆفی ئه‌نان

هاونیشتمانانی تێکۆشه‌ر

ئیمه‌ به‌ ناوی خۆمانه‌وه‌ وه‌رگێڕاوی ئه‌م ده‌قه‌ی خواره‌مان ئاراسته‌ی به‌رێز کوفی ئه‌نان سکرتێری گشتی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کردووه‌. لێره‌دا ده‌قه‌که‌ به‌ هه‌ردوو زبانی کوردی و ئینگلیزی بۆ ڕای گشتیی گه‌لی کورد و بێرواڕای جیهانی بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌ . هه‌ر له‌و کاته‌شدا داوا له‌ هه‌موو هاونیشتمانان ده‌که‌ین، به‌ مه‌به‌ستی گاریگه‌ریی زۆرتر، هه‌ر که‌سه‌ و له‌ ئاستی خۆیه‌وه‌ و به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ ده‌قه‌ ئینگلیزیه‌که‌ ، بۆ رێکخراوی UN و به‌رێز سکرتێره‌که‌ی به‌ڕێ بکات . بێگومان ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی چکۆله‌یه‌ بۆ ‌یارمه‌تی‌دانی ‌ ڕاپه‌رینی گه‌ل و زیندانییه‌ سیاسییه‌کانمان، و هه‌روه‌ها شێوه‌یه‌که‌ له‌ خه‌باتی هاوچه‌رخ. ئێوه‌ ده‌توانن به‌م ئادره‌سانه‌ په‌یام ره‌وانه‌ بکه‌ن
inquiries@un.org
www.un.org/News/dh/latest/contactuspage.shtml
photolibr@un.org بۆ ناردنی وێنه‌کانی ته‌رمی شوانه‌
ئادره‌سی‌ پێوه‌ندی بۆ پێشنیار و پرسیار: pshtiwani@yahoo.com


بۆ به‌رێز کووفی ئه‌نان سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ ئه‌کگرتووه‌کان
جه‌نابی سکرتێر

وه‌ک ئاگادارن نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له‌ نێوان چوار وڵاتدا دابه‌شکراوه‌. و له‌ هه‌رکام له‌م وڵاتانه‌دا هیچکام له‌ مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له‌ به‌رچاو نه‌گیراوه‌ . بێجگه‌ له‌ عێراق ، که‌ ئه‌ویش به‌ هه‌وڵی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، پاش ئاواره‌بوون له‌ده‌ستی سه‌دامی دیکتاتور ، چه‌ترێکی پاراستنی بۆ دامه‌رزا و پاش رووخانی سه‌دام هه‌لومه‌رجێکی باشتر به‌ڵام نادیاری بۆ ده‌سته‌به‌ر بووه‌ ، باقی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌ژێر چه‌کمه‌ی ره‌قی حکوومه‌ته‌ دیکتاتۆره‌کاندا ده‌ناڵێنێ . هه‌ر چه‌شنه‌ مافخوازی ئه‌م گه‌له‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکوتی بێ‌به‌زه‌یانه‌ و گرتن و کوشتن و ماڵوێرانی رووبه‌ڕوو ده‌بێ . بێگومان خۆتان له‌ مێژووی پر له‌ کاره‌سات و ده‌رد و ره‌نجی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ ئاگادارن .
له‌ کوردستانی ئێران ئه‌وه‌ بۆ مانگێک ده‌چێ که‌ حکوومه‌ت سه‌رکوتێکی بێ‌به‌زه‌یانه‌ی دژی دانیشتوانه‌که‌ی ده‌سپێکردووه‌ . کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت له‌م به‌شه‌ی کوردستان ،ته‌نانه‌ت یاسا ناعادڵانه‌کان‌ی خۆشیان ره‌چاو ناکه‌ن و به‌که‌یفی خۆیان خه‌ڵک ده‌گرن ،ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن و سه‌ره‌نجام ده‌یکوژن .
رۆژی 9 ی جوولای کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت له‌ شاری مه‌هاباد ، لاوێک به‌ناوی که‌ماڵی ئه‌سفه‌ره‌م ده‌گرن و به‌شێوه‌یه‌کی نا ئینسانی ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن و پاشان ده‌یکوژن. پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌رمی ئه‌شکه‌نجه‌داروی ئه‌م لاوه‌( وێنه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌ ده‌نێرینه‌ خزمه‌تتان) خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نی و هێمن له‌ پێش ناوه‌نده‌کانی حکوومه‌تی کۆ ده‌بنه‌وه‌ و داوا ده‌که‌ن هۆی کوشتنی ئه‌م لاوه‌یان بۆ روون بکه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م لاوه‌ تاوانباریش بووه‌ ده‌بێ‌ دادگایی بکرێ. چۆنه‌ به‌بێ دادگا و حوکمدان کوشتووتانه‌ . کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت نه‌ک هه‌ر بایه‌خێک به‌ ئیعترازی هێمنانه‌ی‌ خه‌ڵکی مه‌هاباد ناده‌ن ،به‌ڵکه‌ ده‌ستوور به‌ پولیس ده‌ده‌ن په‌لاماری خه‌ڵک بدات و له‌ ئه‌نجام دا ژماره‌یه‌ک خه‌ڵک بریندار و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ ده‌گرن که‌ ده‌نگ و باسی ئه‌شکه‌نجه‌ی گیراوه‌کان له‌لایه‌ن هه‌واڵده‌ریه‌ جیهانییه‌کانه‌وه‌ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ . پاشتر خه‌ڵکی چه‌ند شاری دیکه‌ی کوردستان به‌ شێوه‌ی هێمنانه‌ داوایان له‌ حکوومه‌ت کرد که‌ مافی ئیعترازی هێمنانه‌یان به‌ ره‌سمی بناسێ و کۆتایی به‌ رێبازی توند و تیژ و خه‌شن دژی خه‌ڵک بێنێ . به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌و ئیعترازانه‌دا حکوومه‌ت به‌ توند و تیژی هه‌ڵس‌وکه‌وتی کردووه‌ و تا ئێستا ژماره‌کی دیکه‌ له‌ خه‌لکی مه‌ده‌نی کوژراون و سه‌دان که‌س بریندار بوون که‌ له‌ترسی گیران نه‌یانوێراوه‌ بۆ جاره‌سه‌رکردنی برینه‌که‌یان سه‌ری نه‌خۆسخانه‌ و ناوه‌نده‌ ده‌رمانییه‌کان به‌ده‌ن. هه‌رواها تا ئێستا سه‌دان که‌س گیراون و ره‌وانه‌ی زیندان کراون .که‌ حکوومه‌ت ته‌نانه‌ت ژماره‌ی گیراوه‌کان ده‌شارێته‌وه‌. ئاخرین نموونه‌ی ئه‌م کرداره‌ی حکوومه‌تی ئێران ، هێرشی شه‌وانه‌ بۆ ماڵی خه‌ڵک و گرتن و بێ‌سه‌رو شوێنکردنی گیراوه‌کانه‌ له‌ شاری سنه‌‌.
جه‌نابی سکرتێر ،
حکوومه‌تی ئێران وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌و رێکخراوه‌ی که‌ ئێوه‌ سکرتێرین ، به‌ هیچکام له‌ په‌سه‌ندکراوه‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌ و ناوه‌نده‌کانی پێکهاتوو له‌ لایه‌ن UN ه‌وه‌ پێبه‌ند نییه‌ . نه‌ته‌وه‌ی کورد و باقی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌کان له‌ ئێران به‌ شه‌هروند ناژمێردرێن و هیچ یاسا و دامه‌زراوێکی حکوومه‌تی پشتوانیان لێ ناکات .
جه‌نابی سکرتێر ، به‌ پێی په‌سه‌ندکراوه‌کانی رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤ ، که‌ حکوومه‌تی ئیرانیش ئیمزای کردون، ئیعتراز و مافخوازی به‌ مافی دانیشتوانی هه‌ر وڵاتێک زانراوه‌. به‌ڵام حکوومه‌تی ئێران له‌ ئاست ئیعترازی هێمنانه‌ و دوور له‌ گرژیی خه‌ڵکی سیڤیل ، هیزی نیزامی و چه‌ک به‌کار دێنێ و پاشان شه‌وانه‌ په‌لاماری ماڵی خه‌ڵک ده‌دات و ره‌وانه‌ی ریندان و ئه‌شکه‌نجه‌خانه‌کانی ده‌کات .
جه‌نابی سکرتێر ،
ئیمرۆ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی ئاسایی و رێبه‌رانی ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نییه‌کانی کوردستانی ئێران له‌ زیندان کراون . شار و شارۆچکه‌کانی کوردستانی ئێران به‌شێوه‌ی حکوومه‌تی نیزامی به‌رێوه‌ ده‌چن و هیچ یاسا و ده‌ستوورێک ره‌چاو ناکرێت . بۆیه‌ داواله‌ به‌ڕێزتان ده‌که‌ین ،وه‌ک داکۆکی له‌ مافی ئینسان و لێقه‌وماوان به‌ ئه‌رکی خۆتان ده‌زانن ، ‌ فریای نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ئێران که‌ون . گیانی سه‌دان و هه‌زاران لاوی کچ و کوڕی ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌ مه‌ترسی‌دایه‌ . له‌ زیندانه‌کاندا هیچ یاسایه‌ک ره‌چاو ناکرێت .و هه‌ر ئێستا نائینسانی‌ترین ئه‌شکه‌نجه‌کان له‌ سه‌ر لاوانی کوڕ و کچی ئێمه‌ تاقی ده‌کرێته‌وه‌ . له‌ کوردستان حورمه‌تی ئینسان بۆ حکوومه‌ت مانایه‌کی نییه‌ و چه‌کدارێکی ئاساییحکوومه‌ت به‌ که‌یفی خۆی ده‌توانێ بگرێت ، ئه‌شکه‌نجه‌ بدات و بکوژێ . حکوومه‌ت ده‌یه‌وێ مافخوازی خه‌ڵکی کورد له‌ ئێران به‌ رێبازی "مشتی ئاسنین" وه‌ڵام بداته‌وه‌ و بۆ ترساندنی مافخوازان ، سێڵاوی خوێن رێ‌بخات. ئه‌گه‌ر کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌ر‌وا گۆێی خۆیانی لێ بخه‌وێنن ، کاره‌ساتێکی مرۆڤی به‌ڕوه‌یه‌.
جه‌نابی سکرتێر
نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ئێران چاوه‌روانی هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ی به‌رێزتانه‌ .
کۆمیته‌ی پشگیری له‌ خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
ژماره‌یه‌ک له‌ رۆشنبیران و چالاکانی فه‌رهه‌نگی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
***********
ده‌قی نامه‌که‌ به‌ ئینگلیزی:
To: His Excellency Mr. Kofi Annan, the Secretary General of the UN 07 August, 2005 ,
Dear Mr. Secretary General
:
As you might know, Kurds, the largest people without a country, are scattered among four countries. In these countries, Kurds do not have their proper and rightful place in political, civil and social matters.
The Islamic Republic of Iran arrested a young man; Kamal Asfaram in the city of Mahabad tortured severely and then killed him on July, 9th, 2005. The people went to the government officials in a calm and civil manner to ask for the investigation of this murder and to bring justice to the perpetrators of this crime in a court of law. The government officials did not pay any attention to these just demands and ordered the police to attack the protestors. This led to the injury of several people and some others were arrested. This criminal act of torturers has already been broadcasted in all international media.
People in several other Kurdish cities in support of the People of Mahabad have calmly asked the regime to pay attention to the peaceful demands of victimized Kurds in that city and to avoid violence. Unfortunately they have been encountered with violent manner. Several people have been killed, hundreds have been injured and several hundred people have been arrested. The government refuses to give out the number of arrestees. The last of the governmental action has been invading people’s houses at night, arresting and battering them in the cities of Sanandaj and Saghez. Many of the activists of the Kurdish cities, like Ms. Roya Toloui and Mrs. Madih Ahmadi, Ejalal Ghavami and Azad Zamani have been jailed and Kurdish cities and countryside is under martial law and there is a total disregard of law and order.
You are the General Secretary of an organization in which the government of Iran is a member, a member who does not adhere to the UN charter and does not respect the rights of the Kurds and other minority nationalities and there is no law and institution in Iran to protect these laws.
Mr. Secretary;
We are pleading with you to look into the Kurdish people plight in Iran and to echo its voice of protest to the world. The lives of hundreds if not thousands of Kurdish youth is in peril. There is no rule of law in the jails and as we write this letter the most inhuman tortures are taking place in Kurdistan. . We hope the UN acts according to its Charter and take this situation into consideration urgently
Mr. Secretary General, Kurdish people in Iran appeal to you!


Kurdish Society for support of Iranian Kurdistan’s Civil movement
Numbers of Political and Cultural Kurdish Activist

Monday, August 08, 2005

حکومه‌تی کوردیم بۆچیه‌ ئه‌گه‌ر

حکومه‌تی کوردیم بۆچیه‌ ئه‌گه‌ر...
هیوا گوڵ محه‌ممه‌دی

سه‌دان ساڵه‌ دژی داگیر که‌ر خه‌بات ئه‌که‌ین ، سه‌دان ساڵه‌ گێانی باشترین و دڵسۆزترین و پاک ترین ڕۆڵه‌کانمان ئه‌که‌ینه‌ قوربانی و سه‌دان ساڵه‌ ماڵ به‌ کۆڵ و ئاواره‌ و بێ ده‌ره‌تان به‌رخۆدان ئه‌که‌ین بۆ ئازادی ، بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ، بۆ دامه‌زراندنی سیستمێکی دیموکراتیک ، بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، بۆ دابین کردنی حه‌ق و حقوقی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ، بۆ ده‌ربڕینی ئارا و ده‌نگی جیاواز ، بۆ بیستنی هاواری ویستن و خۆاستن . سه‌دان ساڵه‌ ئه‌مانه‌وێ له‌ نیشتمانه‌که‌مان دا یاسا سه‌روه‌ر بێ ، دادگاکان له‌ ڕوداوه‌کان بکۆڵنه‌وه‌ ، حوکمی یاسا سه‌روه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل له‌ پێش بێ. سه‌دان ساڵه‌ له‌ هه‌وداڵی ئازادی ، عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ، دادپه‌روه‌ری و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌ته‌وه‌ێی و پێشخستنی کۆمه‌ڵگاین. ئێمه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی خه‌باتمان کرد ، خۆێنمان دا ، ئه‌نفال کراین ، شیمیاێیمان خۆارد ، له‌ به‌ندێخانه‌کان دا ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ دراین و ته‌جاوزمان پێ کرا ، که‌ وه‌ڵامده‌ری ئاواته‌کان ، خه‌ونه‌کان ، حه‌زه‌کان و داهاتومان بێ .
ئه‌مانویست له‌ بن ئاڵای وه‌ڵاتی خۆمان دا وه‌حه‌سین و ژیانێکی شایانمان هه‌بێ و هه‌رکه‌سه‌ وه‌ک خۆی ، وه‌ک مروڤ ، وه‌ک تاکێکی خاوه‌ن ماف سه‌یر بکرێ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا بکرێ. ئێمه‌ بۆ ئه‌و خه‌باتمان نه‌کردوه‌ که‌ دوو حیزب ببنه‌ سه‌ر ده‌ست و هه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ بگرنه‌به‌ر که‌ به‌ساڵان دژی ڕاوه‌ستاوین و له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر دا به‌ربه‌ره‌کانێمان کردوه‌...ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوری کوردستان به‌ ناوی حکومه‌تی هه‌رێم مه‌وجوده‌ ، نه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌ و نه‌ ئه‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ له‌ خه‌ونه‌کان ، له‌ ئاواته‌کان و ئاره‌زوه‌کانمان دا به‌ساڵان بۆی ژیاوین و بۆ پێ گه‌یشتنی مردوێین... ئه‌وکاته‌ی که‌ سه‌دام حسین و حکومه‌ته‌ داگیه‌که‌ره‌که‌ی له‌ کوردستان ده‌سه‌ڵاتدار بون ، گه‌لی کورد حه‌قی ڕێپێوانیان نه‌بو ، له‌ زاخوه‌ چون بۆ به‌غدا ئاسانتر بو تا چون بۆ سلێمانی ، له‌ که‌رکوکه‌وه‌ سه‌فه‌ر کردن بۆ به‌سره‌ زور ئاسانتر بو تا سه‌فه‌ر کردن بۆ هه‌ولێر ، له‌ خانه‌قینه‌وه‌ چون بو ڕۆمادی بێ قڕه‌تر بو تا سه‌ردانێ پێنجۆێن ... خه‌ڵکی کورد له‌ کاتی سه‌دام و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دا ته‌نیا ئه‌یانتوانی بۆ سپاس کردنی حیزبی به‌عس و بۆنه‌تایبه‌ته‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ داگیرکه‌ره‌ ئ بچنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان...گه‌لی کورد نه‌یان ئه‌توانی خاونی کۆڕ و کۆمه‌ڵی سه‌ربه‌خۆ و دیموکراتیکی مه‌دنی بن ، حه‌قی دامه‌زراندنی حیزب و ڕێکخراوی جیاوازیان نه‌بو ، که‌س بۆی نه‌بو ڕه‌خنه‌ بگرێ ، که‌س بۆی نه‌بو خانو دروست بکات ، حه‌قی پێوندنی گرتنیان به‌ هیچ که‌س و لانێکه‌وه‌ نه‌بو ...ئه‌وه‌ی بۆ کورد ڕه‌وا بو چه‌پڵه‌ لێدان بۆ سه‌دام و سپاس کردنی خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بو ، قوتابخانه‌ دروستکرایه‌ ، نه‌خۆشخانه‌ بکرایه‌ته‌وه‌ یان بو ئه‌نجام دانی هه‌ر کارێکی گه‌وره‌ و بچوک ده‌بو سوپاسی سه‌رۆکی فه‌رمانده‌ بکرایه‌ و ... که‌چی ئێستا دوای ئه‌وه‌ی 15 ساڵه‌ سه‌دام و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌ سایه‌ی سه‌ری ئیمریکا و سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌وه‌ ، هیچ ئاسه‌وار و ده‌سه‌ڵاتێکیان له‌ کوردستان دا نه‌ماوه‌ ، که‌س حه‌قی ڕێپێوانی نیه‌ ، دامه‌زراندنی گروپ و کوڕ و کومه‌ڵی مه‌ده‌نی نابه‌جیه‌ ، ڕه‌خنه‌ گرتن باسی سه‌ره‌ ، دیموکراسی بێ واتا و مافی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ تارماێیه‌که‌ له‌ بن پۆستاڵی سه‌رۆکی حیزبه‌کان ، واته‌ یه‌کیه‌تی و پارتی دایه‌... به‌ پاره‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار ، له‌ سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌ێی و له‌ به‌رهه‌می خۆێنی گه‌ل قۆتابخانه‌یه‌ک ، جاده‌یه‌ک یان کارێکی دیکه‌ بکرێ ده‌بێ خه‌ڵکی کۆ بنه‌وه‌ و سپاسی مام جه‌لال ، مه‌سعود بارزانی ، سه‌روکی حکومه‌ت ، سه‌رک وه‌زیران ، سه‌رۆکی مه‌ڵبه‌ند و ....بکه‌ن و چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌ن ، ئه‌وه‌ی زۆری کردوه‌ جاران هه‌ر ده‌بو سپاسی یه‌ک که‌س بکه‌ن ئێستا ده‌بێ سپاسی دوو سه‌روک و ده‌یان ورده‌ سه‌رۆکی دیکه‌ بکه‌ن... ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبی به‌عس له‌ هیچ شتێکیان که‌م نه‌بو ، سه‌یاره‌ی جوان ، ژنی گه‌نج ، پاره‌ی زۆر ، خانوی جوان ، دابین کردنی باشترین قوتابخانه‌ بۆ منداڵه‌کانیان ، سه‌فه‌ری لوکس بۆ خاریج و ڕابۆاردن... که‌ چی 15 ساڵ دوای ئه‌و سیسته‌مه‌ سه‌رانی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبه‌کان هه‌ر هه‌مان کار و پیشه‌ و کردوه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن ، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ 5 ژن دێنی ، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی کچی گه‌نج ماره‌ ده‌کا و منداڵانی سه‌رکرده‌کان له‌ باشترین قوتابخانه‌کان دا ده‌رس ئه‌خۆێنن ، سه‌رۆک و ڕێبه‌ر و کاربه‌ده‌سته‌کانی حکومه‌تی سلێمانی و هه‌ولێر و ئه‌ندامانی حیزبه‌کان باشترین ماشینی ئاخر مودێلێان له‌ ژێر پێ دایه‌ ، خاوه‌ن جوانترین خانون ، زورترین پاره‌یان هه‌یه‌ . له‌ سه‌رده‌مانی حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی دا ، که‌سانی که‌سایه‌تی نزم ، خۆفرۆش و په‌ست ، به‌رزترین پله‌ و پایه‌یان هه‌بو ، هه‌مو ئیمکانێکیان ئه‌خرایه‌ خزمه‌ت به‌و شه‌رته‌ی بێ قه‌ید و شه‌رت له‌ خزمه‌ت حیزبی به‌عس و سه‌دام دا بن ، به‌داخه‌وه‌ 15 ساڵ دوای ئه‌وه‌ی که‌ کورد حوکمی خۆی ئه‌کات هه‌ر هه‌مان ئه‌و که‌سه‌ په‌ست و جاسوس و جاش و مسته‌شارانه‌ خاوه‌ن مه‌نسه‌ب و ده‌سه‌ڵات و قه‌در و قیمه‌تن له‌ لای ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌که‌...
سه‌رده‌می به‌عس ، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ پسپۆڕ و خاوه‌ن ته‌جروبه‌ و بێ لایه‌ن و شه‌رافه‌تمه‌ند بون ، ئه‌خرانه‌ په‌راوێزه‌وه‌ ، سه‌رکوت ئه‌کران ، زه‌ختیان ئه‌خرایه‌ سه‌ر ، ئازار ئه‌دران و هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دا ئه‌درا که‌ ملکه‌چیان که‌ن ، برسیێان که‌ن یان به‌ پله‌ و پایه‌ و پاره‌ بیان خه‌ڵه‌تێنن و لاوازیان که‌ن . خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ ده‌رامه‌ت له‌ تاڵترین ڕۆژی ژیان دا به‌سه‌ریان ئه‌برد و که‌س ئاوڕی لێ نه‌ئه‌دانه‌وه‌ و ده‌نگیان به‌ که‌س ڕا نه‌ده‌گه‌یشت...
هه‌زار حه‌یف و مخابن ، 15 ساڵه‌ له‌ باشوری کوردستان مروڤه‌ خاوه‌ن هه‌ڵۆێسته‌کان ڕاو ئه‌نرێن ، پسپۆڕه‌کان ، له‌ به‌رچاو ناگیردرێن و خاوه‌ن هه‌ڵۆێسته‌کان بێ هه‌ڵۆێست ئه‌کرێن و ئه‌وه‌ی دنگی لێوه‌ بێ یان به‌ پاره‌ ئه‌یکڕن و به‌ ناوی خه‌ڵات و به‌راته‌وه‌ بانگهێشتی ده‌که‌ن و ئه‌یخه‌سێنن ، یان بیانوی پێ ئه‌گرن و ناهێڵن له‌ کوله‌که‌ی ته‌ڕا بانگ بدات... خه‌ڵکی هه‌ژاریش که‌س لایان لێ نکاته‌وه‌ ، له‌ کاتێک دا که‌ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان له‌ شاره‌گگه‌وره‌کانی کوردستان و پێته‌ختی وه‌ڵاتانی ئه‌وروپاێی و ئیمریکای دا خاوه‌ن جوانترین خانو به‌ره‌ن ، گونده‌ ئه‌نفالکراوه‌کان مه‌کته‌بیان بۆ منداڵه‌کانیان نیه‌ ، ده‌ستیان به‌ بێهداشت و ده‌رمان ڕا ناگا ، ئاواره‌کانی که‌رکوکی له‌ زبڵدان و ناو گۆڕستانه‌کان دا ئه‌ژین....
له‌ هه‌فتاکانا کاتێک گروپه‌ فه‌لستینیه‌کان ته‌یاره‌یه‌کیان ڕفان که‌ جوله‌که‌ی تێدا بو ، له‌ تونیس نیشتنه‌وه‌ و ئه‌و که‌سانه‌یه‌ن ئازاد کرد که‌ جوله‌که‌ نه‌بون و پیره‌ژنیکی جوشیان ئازاد کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌که‌ی و پاسپۆرته‌که‌ی ئاڵمانی بو. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیلی که‌وتنه‌ خۆ که‌ به‌ڵکو بتوانن گیانی هاو وه‌ڵاتیه‌کانیان بپارێزن و توانیان ئه‌و پیره‌ ژنه‌ بدوزنه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کرد که‌ ناو ته‌یاره‌که‌ چونه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ئه‌و کاره‌یان کردوه‌ کێن و ... له‌ کۆتاێی دا پیره‌ژنه‌که‌ به‌ توڕه‌یه‌وه‌ ڕوی له‌ سه‌رانی ئیسرائیلی کرد و وتی: من ئیسرائیلێکم بۆچیه‌ که‌ جوله‌که‌ ئه‌منیه‌تی گێانیان نه‌بێ؟ ئه‌و قسه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ کاری کرده‌ سه‌ر هه‌ستی ئیسرائیلیه‌کان که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێک دا هه‌لیکوپته‌ری توپداریان هێنا و فڕۆکه‌خانه‌که‌یان تێک و پێک دا ، فه‌له‌ستینیه‌کانیان کۆشت و جوله‌کانیان ئازاد کرد... ئێستا که‌ کوردستان ئازاده‌ و حکومه‌تی کوردیمان هه‌یه‌ ، به‌ڵام تورکیه‌ کورد ئه‌کۆژی ، ئێران کورد ئه‌کۆژێ و سوریه‌ کورد ئه‌کۆژێ ، سه‌رانی کوردیش ده‌ستیان له‌ ده‌ست هاویشتون و قوڕگی کوردیشیان توند توند گرتوه‌ که‌ ده‌نگێان لێوه‌ نه‌یه‌.. گه‌لی کورد له‌ باشوری کوردستان ناتوانن ده‌ژی یه‌کیه‌تی و پارتی ده‌نگیان لێوه‌ بێ ، نابێ دژی تورکیه‌ هه‌ڵۆێست بگرن ،نابێ دژی سوریه‌ هیچ بگۆترێ و له‌ کاتێک دا که‌ گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێپێۆانی هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ ئه‌به‌ن و داوای ئازادی و ماف ده‌که‌ن له‌ لایه‌ن هێزه‌ سه‌رکوت که‌ره‌کانی حکومه‌تی داگیرکه‌ری ئێرانیه‌وه‌ دراونه‌ته‌ به‌رگوله‌ و له‌ خۆێن دا گه‌وزاون ، هه‌ر دوو حکومه‌ته‌که‌ی سلێمانی و هه‌ولێر بێده‌نگن و ناهێڵێن گه‌لیش هه‌ڵۆێست بگرێ ، کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی نه‌ته‌ه‌ێی له‌ سلێمانی کۆ بونه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ هاو خۆێن و هاو ڕه‌گه‌زه‌کانیان و ویستێان ڕێپێوانێکی هێمنانه‌ ئه‌نجام بده‌ن ، که‌چی که‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری هێزه‌کانی ئاسایشی سلێمانی و ته‌قه‌یان لێ کرا.. که‌وایه‌ منیش حه‌قی خۆمه‌ بڵێم . حکومه‌تێکی کوردیم بوچیه‌ که‌ هاو ده‌نگ و هاو هه‌ڵۆێستی داگیرکه‌رانی وه‌ڵاته‌که‌م بێ. حکومتێکی کوریم بۆچه‌ که‌ مروڤ زه‌لیل و چاو له‌ده‌ست و ئازادی سنور دار و مافه‌کانی مروڤ پێشێل بکات...
050706
hiwagol@hotmail.com