كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, August 17, 2005

تۆ بڵێی حزبی دیموکرات له‌ حزباندنی هه‌واڵه‌کاندا

تۆ بڵێی حزبی دیموکرات له‌ حزباندنی هه‌واڵه‌کاندا
چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌بێ؟!

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ یازده‌ی ئۆگۆست له‌ شاری ئه‌ده‌لاید خۆنیشاندانێکی به‌رین له‌لایه‌ن کوردانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بۆ پشتیوانی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان‌ به‌ڕێوه‌ چوو. سه‌باره‌ت به‌و خۆپیشاندانه‌ له‌ سایتی "کوردستان مێدیا" که‌ سایتی به‌شی چاپه‌مه‌نی ناوه‌ندیی حزبی دیموکراتی کوردستانه‌، هه‌واڵێک بڵاوکراوه‌ته‌وه. ده‌قی هه‌واڵه‌که‌ به‌جۆرێک داڕێژراوه‌ که‌ وا ده‌نوێنێ خۆپیشاندانه‌که‌ حزبی دیموکرات سازی کردوه‌و له‌ سه‌ری سیره‌وه‌ تا قونچکی پیواز بۆخۆیان بوون. من پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌م خوێنده‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی بنه‌وه‌م‌ هه‌م وه‌ک کۆمێنت له‌ بن هه‌واڵه‌که‌ی‌ سایتی کوردستان مێدیا داناو‌ هه‌میش له‌ ڕێگای ئیمایڵه‌وه‌ ده‌قی نامه‌که‌م بۆ کوردستان مێدیا نارد‌. کۆمێنته‌که‌ش ده‌ربڕی بێزاری و توڕه‌ییه‌ له‌ حزباندنی کاروچالاکی کوردان. بێگومان ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار نیه‌ که‌ حزبی دیموکرات و حزبه‌کانی دیکه‌ به‌ ئاکارو هه‌ڵسوکه‌وتی له‌وشێوه‌یه‌و به‌ یاریکردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌یانه‌وه‌ گوایه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆیان بکه‌ن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ له‌ لایه‌ک بێمتانه‌یی له‌ نێوان حزب و خه‌ڵکی دیکه‌دا چێده‌کات و له‌و لای دیکه‌شه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ هه‌واڵه‌کانی دیکه‌شیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فڕی به‌ڕاستیه‌وه‌یه‌ و ناکرێ متمانه‌ به‌ بڵاوکراوه‌کانیان بکرێ. چونکه‌ هه‌روه‌ک هه‌واڵی خۆپیشاندانی کوردانی باشوری ئوسترالیا‌ هه‌واڵه‌کانی دیکه‌شیان به‌گشتی به‌وشێوه‌یه‌و به‌ حه‌زی حزبیانه‌وه‌ داده‌ڕێژرێ و له‌و بێده‌سه‌ڵاتیه‌شیاندا به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی ڕێی بینین و په‌سه‌نداندنی ڕاستیه‌کانی وه‌ک خۆی لێ هه‌ڵته‌ کردوون. بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌تواری تاکه‌ حزبێک نیه‌و ئه‌م په‌تایه‌ له‌ ناخی هه‌موو حزبه‌کاندا زیندوه‌و ڕۆژانه‌ زۆری وه‌ک من بێزار ده‌کرێ. ده‌بێ بڵێم دۆستانی کوردستان مێدیا ئه‌و نه‌ریته‌یان نیه‌ که‌ وڵامی کۆمێنت و نامه‌ی خوێنه‌رانیان بده‌نه‌وه‌. جا ئه‌و خوێنه‌رانه‌ هه‌ر که‌سێک بن. له‌ باشترین دۆخدا ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ ته‌نیا ده‌کرێ ناوی به‌هیچ نه‌گرتنی ئه‌وانی دیکه‌ی لێبنێین. پێویسته‌ بێژم که‌ ده‌قی ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ به‌رپرسی کۆمیته‌ی حزبی ناوبراو له‌ ئه‌ده‌لاید له‌ ڕێگای ئیمایڵه‌وه‌ ناردراوه‌ و نابراویش هیچ وڵامێکی تا نوکه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ شه‌وی ڕابردوو له‌ ڕێگای ته‌له‌فوونه‌وه‌ له‌ ناردنی ئه‌و نامه‌ گله‌یی ئامێزه‌ ئاگادارمکردوه‌. هه‌روه‌ک له‌ بنه‌وه‌و له‌ ناو نامه‌که‌دا ئاماژه‌م پێداوه‌ داوام له‌ دۆستانی کوردستان مێدیا کردوه‌ که‌ هه‌واڵه‌که‌ ڕاست بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و دۆستانه‌ چه‌نده‌ وڵامی نامه‌که‌یان دایه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش دواکه‌یان به‌هه‌ند گرت.

جا هه‌روه‌ک له‌ نامه‌که‌دا به‌ڵێنم به‌ دۆستانی کوردستان مێدیا داوه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌که‌ که‌ یه‌که‌م کاردانه‌وه‌م پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌یه‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. بێگومان گه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ بمنوسیایه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ شێوازێکی دیکه‌ دامڕشتایه‌.
جاڕێکی دیکه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌‌وه‌ که‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌ لایان کوردانی باشووری ئۆسترالیاوه‌ بوه‌ نه‌ک له‌ لایان ‌حزبی دێمۆکراته‌وه. نامه‌ی خۆپیشانده‌ران ته‌نیا م. هاشمی نه‌یدا به‌ نوێنه‌ری شالیاره‌تی ده‌‌ره‌وه به‌ڵکو له‌ لایان سێ که‌سه‌وه‌ بوو. ئه‌وانیش نوێنه‌ری دیاریکراوی خۆپیشانده‌ران بوون که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تدا که‌ نوێنه‌رانی حزبیشی تێدا به‌شدار بوون دیارکران، نه‌ک حزبی ئێوه. ئه‌و وێنه‌یه‌ش که‌ له‌ ده‌قی هه‌واڵه‌که‌دایه‌ ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌.
ده‌بێ بڵێم ئه‌و خۆنیشاندانه‌ پاش هه‌وڵدانێکی فره‌ له‌ لایه‌ن چالاکانی ئه‌م شاره‌وه‌ سازکرا. جێگای سه‌رنجیشه‌ که‌ پێشتر کۆمیته‌ی حزبی دیموکرات له‌م شاره‌ نه‌یان ده‌ویست خۆنیشاندان بکه‌ن و وه‌ک خۆیان ده‌یانگوت ده‌یانویست له‌ ڕێگای ناردنی نامه‌ بۆ به‌رپرسانی ئوسترالیا ئه‌رکی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن. ئێستاش که‌ هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ڕازیبوون به‌ ئه‌نجامدانی خۆنیشاندان جێی داخه‌ که‌ کارو چالاکی که‌سانی دیکه به‌ ناوی حزبه‌وه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌واڵه‌که‌ به‌ حه‌زوو ویستی خۆیان داده‌ڕێژن که‌ له‌گه‌ڵ ڕاستیی ناته‌بایه‌.
له‌م به‌ستێنه‌دا شتی دیکه‌ش هه‌ن که‌ ده‌ر‌ببڕدرێن، به‌ڵام بۆ ئێستا ئه‌ونده‌ به‌سه‌و مه‌به‌ست له‌و ده‌ربڕینانه‌ ڕاتڵه‌کاندن و سڵه‌ماندنه‌وه‌ی حزبه‌کانه به‌گشتی و حزبی دیموکراتیش‌ به تایبه‌تی. ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی وریا کردنه‌وه‌ و تێگه‌یاندنیانه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ خزمه‌تیان ناکات و ده‌بێته‌ مایه‌ بوغزاندن و ته‌ریک که‌وتنه‌وه‌ی زیاتر و ڕوخاندنی پردی متمانه‌ له‌ نێوان به‌رپرسانی حزب و چالاکانی سیاسی و خه‌ڵکی دیکه‌و کوێرکه‌ره‌وه‌ی ڕێی لێک تێگه‌یشتن و هاوکاری و هاوده‌نگیشه‌.

ده‌قی نامه‌که‌:
به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌رانی کوردستان مێدیا
سڵاوێکی گه‌رم!

سه‌رنجتان بۆ چه‌ند ڕاستیه‌ک ڕاده‌کێشم. پێشتر ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ لایه‌ن من(خالید عه‌زیزی‌)ه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ ناردرا به‌ڵام بڵاوتان نه‌کرده‌وه‌. دیاره‌ ده‌قی ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌ره‌تا له‌ وێبلاگی کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌و پاشان بۆ چه‌ند سایتێکی دیکه‌ ناردرا. مه‌به‌ستیش ته‌نیا بڵاوبوونه‌وه‌‌ی هه‌واڵه‌که‌ بووه‌ نه‌ک شتێکی دیکه‌. پاش چه‌ند ڕۆژ تێپه‌رین به‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌دا ئه‌وه‌ دیتمان چاوو دڵمان ڕوون هه‌واڵه‌که‌ له‌ سایتی کوردستان مێدیا بڵاوکرایه‌وه‌ ئه‌ویش به‌سه‌قه‌تی نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌و هه‌یه‌. ئه‌من تێناگه‌م تاکه‌ی بازرگانی و سه‌ودا به‌ هه‌ست و چالاکی خه‌ڵکی دیکه‌وه‌ ده‌که‌ن. باشه‌ گه‌ر هه‌واڵه‌که‌ وه‌ک خۆی بڵاوبکرایه‌وه‌ ئێوه‌ لاواز ده‌بوون! و خه‌ڵکتان لێده‌بووه‌وه‌؟ یان به‌ ناشکوری نه‌بێ ئه‌گه‌ر کۆرپه‌یه‌ک به‌ ڕێکیش له‌ دایک بێت ئێوه‌ هه‌ر ده‌بێ چوختی تێخه‌ن و به‌بارێکی وادا سه‌قه‌تی بکه‌ن که‌ به‌دڵی ئێوه‌ بێت. زۆر به‌داخم که‌ حزبێک که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ 60 ساڵ و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی لێبکه‌ین بێزمان له‌ کاری شه‌سته‌مین ساڵڕۆژی له‌ دایک بوونی بێته‌وه‌.

دۆستانی سه‌رتاپێ نوقمی حزب بوو! تۆ بڵێی ئه‌م شێوه‌ له‌ حزبایه‌تی خزمه‌تی حزبه‌که‌تان بکات. تۆ بڵێی گه‌ر ئاوا حزبایه‌تیتان نه‌کردایه‌ ئه‌مڕۆ جێ و شوێنی حزبی دیموکرات هه‌ر ئاوا بایه‌.

ئه‌و خۆپیشاندانه‌ خۆپیشاندانی کوردانی باشوری ئوسترالیا بۆ پشتگیری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دلێرانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان بوه‌. دروشمه‌کانی خۆنیشاندانی باسی "کوردستانی ئێران"ی تێدا نه‌بوو. ناوی حزبی دیموکراتیشی تێدا نه‌بوو. له‌وێش محه‌ممه‌د هاشمی به‌ناوی حزبی دیموکرات نه‌کرابوه‌ به‌رپرسی خوێندنه‌وه‌ی په‌یام. هه‌روه‌ها ناوبراو نه‌وه‌ک نوێنه‌ری حزب نامه‌ی خۆنیشانده‌رانی دا به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شالیاره‌تی ده‌ره‌وه‌ نه‌ به‌ته‌نیاش ئه‌وکاره‌ی کرد. به‌ڵکوو له‌لایه‌ن سێ که‌سه‌وه‌(بورهان سه‌عید، قادر ره‌حیمی و محه‌ممه‌د هاشمی)وه‌ بوه‌.

دیاره‌ هیوادارم ئێوه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌تان له‌ هه‌واڵه‌که‌ی منه‌وه‌ دۆشی بێت و بۆخۆتان به‌ حه‌زی خۆتان ئاوا حزباندبێتتان و براده‌رانتان لێره‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ێان بۆ نه‌نوسیبن. له‌ هه‌ر حاڵدا ئه‌و جۆره‌ ئاکارو ئه‌توارو هه‌ڵسوکه‌وته‌ ناتاوانێ نه‌ خزمه‌تی حزبی دیموکرات و نه‌ به‌هێزکه‌ری کاری هاوبه‌شی که‌سانی وه‌ک ئێمه‌و کۆمیته‌ی حزبه‌که‌تان بێت‌.

ئه‌و په‌تای حزباندنه‌‌ که‌ به‌رۆکی باشوری کوردستانی گرتبوو و ئێوه‌ش و ئێمه‌ش پێمان وابوو که‌ خزمه‌ت به‌ ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی خه‌باتی ڕه‌واو پڕۆسه‌ی سیاسی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ ناکات، به‌داخه‌وه‌ نوکه‌ زۆر له‌و شته‌ خراپانه‌ی که‌ ئه‌وانی پێ تۆمه‌تبار ده‌کرا ئه‌مڕۆ توشی ئێوه‌ش بوه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش زه‌نگێکی ترسناکه‌ هه‌م بۆ بزاڤی شۆڕشگێڕانه‌و مه‌ده‌نی له‌ نێشتمانی ئێمه‌ و هه‌میش گیاکه‌ڵه‌و په‌تایه‌کی داڕزێنه‌ریشه‌ بۆ حزبه‌که‌تان.

دووباه‌ره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ ئێمه‌ خۆپیشاندانمان به‌ناوی هیچ حزبێکی سیاسیه‌وه‌ نه‌کردو له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌وانه‌ی به‌ خه‌می خۆنیشاندانه‌که‌وه‌ بوون بڕیارمان دا که‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌ناوی کوردانی باشوری ئوسترالیاوه‌ ده‌کرێ نه‌ک به‌ناوی حزبێکی تایبه‌تیه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هۆکاری کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کان بوو نه‌ک ئافرێنه‌ری و لێزانی حزبێکی تایبه‌تی.
داواتان لێ ده‌که‌م تا شه‌وی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌ هه‌واڵه‌که ڕاست بکه‌نه‌وه‌. دڵنیابن ئه‌و کاره‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی که‌ ده‌کرێ وه‌ک پینه‌کردن بیبینین، ده‌توانێ خزمه‌تی هه‌موو لایه‌ک بکات و به‌ پێچه‌وانه‌ من ناچارم هه‌م ئه‌م نامه‌یه‌و هه‌میش ورده‌ په‌یڤی دیکه‌ بۆ خوێنه‌ران بڵاو بکه‌مه‌وه‌.

هیوادارم گله‌یی و ڕه‌خنه‌ی تێکه‌ڵ به‌ توڕه‌یی ئێمه‌ به‌ هه‌ند بگرن
.

ڕێزی دووباره‌
خالید عه‌زیزی
25ی گه‌لاوێژی 2705
***
ده‌قی هه‌واڵه‌که‌ له‌ سایتی کوردستان مێدیاوه:
كوردانی‌ دانیشتووی‌ ئادێلایدی‌ ئوسترالیا له‌ خۆپیشاندانێكدا پشتگیری‌ خه‌ڵكی‌ راپه‌ڕیوی‌ شاره‌كانی‌ كوردستانیان كرد

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌، 11/8/2005، بۆ پشتیوانی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ راپه‌ڕیوی‌ كوردستانی‌ ئێران جه‌ماوه‌ری‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ شاری‌ ئادێلایدی‌ ئوسترالیا خۆپیشاندانێكیان وه‌ڕێ‌ خست. له‌ كاتژمێر 12ی‌ نیوه‌ڕۆ به‌دواوه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ ڤیكتۆریا له‌ ناوه‌ندی‌ شار كۆبوونه‌وه‌‌و به‌ وتنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌ پشتیوانی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاڵای‌ كوردستان‌و ئوسترالیا به‌ره‌و به‌رده‌می‌ ده‌فتره‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا به‌ڕێ‌ كه‌وتن‌و له‌وێ‌ بڕیارنامه‌یه‌ك به‌ زمانی‌ ئینگلیسی‌ له‌ لایه‌ن محه‌ممه‌د هاشمی‌، به‌رپرسی‌ كومیته‌ی‌ حیزب‌و به‌ زمانی‌ كوردیش له‌ لایه‌ن خاتوو سوهه‌یلاوه‌ خوێندرانه‌وه‌. دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسی‌ كومیته‌ی‌ حیزب بڕیارنامه‌كه‌ی‌ دایه‌ بروس سۆر (Bruce Soar)، نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا‌و ئه‌ویش به‌ڵێنی‌ دا كه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ده‌ستی‌ ئه‌لكساندر ده‌ونه‌ری‌، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئوسترالیا. كاتژمێر 2ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌ سروودی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ "ئه‌ی‌ ره‌قیب" كۆتایی‌ به‌ رێپێوانه‌كه‌ هات.
********
سه‌یری وێنه‌کانی خۆپیشاندان بکه‌ن و بزانن ڕه‌نگوو بۆنی حزبی دیموکارتی کوردستانی پێوه‌ ده‌بینرێ!

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home