جیا بونه‌وه یان هه‌ڵ هاتن
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی
كورد له هه‌موو شتێكا كه‌می هه‌بێ له حیزب دروست كردنا كه‌می نه‌هێناوه. به‌داخه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ڵای كوردیش هه‌ر حیزبهكانمانن كه نه پێكه‌وه ئهیانكرێ و نه بی یه‌كیش به هیچ ده‌گه‌ن.. حیزبه‌كانی ئێمه له پێش هه‌مو شتێكا به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌بینن و نه‌ته‌وه و وه‌ڵاتیان له به‌ر چاو نیه...
حیزبه‌كانیش له ناوخۆیان دا دایمه له كێشه و ململانی دان و نه‌خۆشی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسایه‌تیان هه‌یه...هێندێ كه‌س و لایه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی له ناو حیزبهكاندان و ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته و جێگا و ڕێگایان باشه ، ئه‌وا سینگ له پێشن، تیئۆری ئه‌تاشن ، گه‌ل هان ئه‌ده‌ن و حیزبه‌كه‌ی خۆیان به تاقه ڕزگاری ده‌ری كورد و كوردستان ئه‌زانن ....به‌ڵام هه‌ر كه ده‌سه‌ڵاتیان به هه‌ر هۆیه‌ك كه‌وته مه‌ترسیه‌وه ئه‌وا هه‌موو شته‌كان به پێچه‌وانه‌وه‌یه و له خودی خۆیان هه‌ڵ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه و ئه‌وی كه تا دوێنێ هه‌ر كه‌س به حیزبه‌كه‌یانی بوتایه ئه‌وان به خائینیان ناو ده‌برد ئه‌مڕۆ له‌وه خراپتر ئه‌ڵێن و ڕابردوی خۆیان فه‌رامۆش ئه‌كه‌ن...
هه‌تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ، هه‌فاتانه و بگره ڕۆژانه‌ش گوێمان له عوسمان ئۆجه‌لان ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پ ك ك (كه پاشان بو به كادك و ئێستا كۆنگره‌ی گه‌له) ده‌بو كه له ته‌له‌فزیۆنه‌كانی مدیا تێڤێ و ڕۆژ تێڤێ و مه تێڤێ و ڕادیۆی مێسۆپۆتامیا قسه‌ی ئه‌كرد و دروشمی ئه‌دا و پارته‌كه‌ی به باشترین حیزبی كوردی ناو ده‌برد و پێ وا بو ته‌نیا پ ك ك ئه‌توانی كورد ڕزگار بكات..
كه‌چی له پڕێكا عوسمان سه‌ری له موسڵه‌وه ده‌رهێنا و پارتیه‌كی نوێی 40 كه‌سی ڕاگه‌یاند و پشتی له هه‌مو ئه‌و شتانه كرد كه به ساڵان له‌گه‌ڵیان دا ژیا بو و پڕوپاگه‌نده‌ی بۆیان كردبو... عوسمان ئۆجه‌لان كه له ناوی ئاپۆ( عه‌بدوڵا ئوجه‌لان)كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت و ڕاسته‌وخۆ دوای گرتنی ناوبراو یه‌كم قسه‌كه‌ری پ ك ك بو و هیچ ڕێگر و له‌مپه‌رێكی له ڕێگا دا نه‌بو، بۆ یه‌ك جاریش گوێمان لێ نه‌بو كه باسی ئه‌و شتانه بكات كه ئێستا ئه‌یان ڵێ...
بیر‌و بۆچونی جیاواز ، واز هێنان له حیزب و جیا بونه‌وه حه‌قی دیموكراتیكی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵه و هیچ هێزێ ناتوانێ پێشگر و تێك ده‌ر بێ ، به‌ڵام شه‌رت و مه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه...
كاتێك هه‌ڵوێست گرتن و جیا بونه‌وه‌ی لاین و كه‌سانێك له جه‌ریانێكی سیاسی ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵاتی و ...مه‌شروعه كه خاوه‌ن بیر‌و و بۆچونی جیاواز بێ و له ناو خۆ دا هه‌مو جیاوازیه‌كانی خۆی باس كردبێ و پاشان كێشه‌كه گه‌یشتبێته كۆنگره و له‌وی دا پاش ئه‌وی به نه‌تیجه نه‌گشتن هه‌ڵوێست وه‌ر ده‌گرن و پێش كۆتای هاتنی كۆنگره خه‌تی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن...
ده‌بینین ئه‌مانه كێشه‌ی عوسمان نه‌بوه ، به‌ڵكو كاتێك به‌هۆی لا دان له ئوسوله دیاریكراوه‌كانی ڕێكخراوهكهیهوه سزا ئه‌درێ و برپرسیارهتی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه و داوی لێ ده‌كرێ كه ماوه‌ی 6 مانگ وه‌ك ئه‌ندامێكی ساده خزمه‌ت بكات...له موسڵ ئه‌گیرسێته‌وه و پارتیه‌كی نوێش دا ئهمهزرێنێ.
به‌داخه‌وه نه‌یارانی كورد زۆر زانایانه و به به‌رنامه ئه‌زانن له كوێ و چۆن و له چ كاتێك دا ده‌بێ هێزی كوردی لاواز و یه‌كێتی كوردان تیێك بده‌ن ، هه‌ر بۆیه له‌و كێشه‌یه‌ی نێوان عوسمان و حیزبه‌كه‌ی كه‌ڵكیان وه‌رگرت و له كه‌سایه‌تی لاواز و خۆبه‌زل زانی عوسمان ئۆجه‌لان كه‌ڵكیان وه‌رگرت و ناوبراویان هێنایه خواری و پارهتێكیان په ڕاگه‌یاند و یه‌كه‌م بانگه‌وازیان دژایه‌تی كردنی جوڵانه‌وه‌ی باكوره و ناو زڕاندنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ی وه‌ڵات و بێگومان له عوسمان ئۆجه‌لان باشتریش ده‌بێ كێ بێ.
من ئه‌و كاره‌ی كه عوسمان و هاوڕێكانی كردویانه ته‌نیا به هه‌ڵهاتنی ئه‌زانم و هیچ ئه‌سڵێكی زانستی فه‌لسه‌فی ، فیكری و ئیدئۆلۆژێكی نیه...
هه‌ڵ سه‌نگاندنی ناوبراو ئه‌وه بو كه ئیمریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌م زوانه له پ ك ك ئه‌ده‌ن و ته‌فرو تونایان ئه‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شیان كه بمێنێ ئه‌یانگرن و ته‌حویلی توركانیان ئهدنهوه ، هه‌ر بۆیه بیانوی دۆزیه‌وه و خۆی ده‌رباز كرد و ئێستا ده‌ڵێ له پ ك ك دا سیستم تۆتالیته‌ره و ...
من ناڵێم له ناو پ ك ك دا كێشه‌ی ڕێبه‌ری و جیاوازی بیر‌و بۆچون نیه ، له به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌مو وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه و ده‌نگی جیاواز نه‌بێ ئه‌وا ئه‌و ڕێكخراوه سه‌قه‌ته و له ده‌ره‌وه‌ی كوره‌ی زه‌وی ئه‌خولێته‌وه ، پێشم وانیه كه شته‌كانی عوسمان و هاوڕێكانی هه‌موی هه‌ڵه‌یه ، به‌ڵكو پێم وایه قسه‌ی هه‌قیان هه‌یه و پ ك ك بێ كه‌م و كوڕی نیه ، به‌ڵام ئه‌و جۆره هه‌ڵوێستانه دروست نیه ، ئا له‌م كاته دا كه پ ك ك له هه‌مو دنیا دا ته‌نیا پانتایی 400زه‌وی فوتبۆڵ جێگایان هه‌یه و ئه‌وه‌شیان پێ ڕه‌وا نابینن ، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌كه‌ن ، نه‌ده‌بو پشتیان تێ بكرێ و وره‌یان لاواز و بڕوایان له‌رزۆك بكرێ ئه‌ویش له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه به ساڵان وه‌ك ڕێبه‌ریان ناسیوه و كه‌سایه‌تیان پێ داوه ، گوێیان له قسه‌كانی گرتوه و دهستوراتهكهیان به جێ گه‌یاندوه و ئیمكاناتی مادی و مه‌عنه‌ویان بوی فه‌راهه‌م كردوه...
وێنه‌ی ئه‌م جۆره جیا بونه‌وانه له مێژوی پڕ له كاره‌ساتی كورد و كوردستان دا زۆره ، گه‌لێ جار حیزبه‌كان له‌ت كراون ، وه‌ك جیابونه‌وه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال تاڵه‌بانی ، سامی ئه‌وڕه‌حمان ، دوكتۆر محمود عوسمان و ... له پارتی دیموكراتی كوردستان..جیا بونه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار و هاوڕێكانی له یه‌كێتی نیشتیمانی( به ناوی ئاڵای شۆڕش) كۆمیته‌ی شۆڕشگێڕ و پاشان ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ له حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و زۆر نمونه‌ی دیكه، به‌ڵام هه‌مو كاتێ جیابوهوهكان ملكه‌چی ئه‌سڵ بونه‌ته‌وه و نه‌یانتوانیوه ببنه ئاڵترناتیڤ یان میكانیزمێكی مۆدێرنتر له‌وه‌ی پێش‌و... بێگومان هۆی هه‌مو جیا بونهوهكانیش ته‌نیا كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات بوه ، هه‌ربۆیه‌ش له نێوه‌ی ڕێگا دا ماوه‌ته‌وه ، یان ههڵوهشاونهوته یان كز و لاواز و بێ كارایی بون یان گه‌ڕاونه‌ته‌و لای حیزبه‌كه‌یان و ئه‌وه‌ی خه‌ساری لێ كه‌وتوه كورد و گیانی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌ی بوه و خه‌ڵكی هه‌ژار و سادقی ناو جوڵانه‌وه‌كه...
ئه‌گه‌ر عوسمان ئۆجه‌لان خه‌مخۆری كورد و جوڵانهوهكهیهتی و ماوه‌ی 15 ساڵ له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێ له به‌هێزترین ڕێكخراوی كوردی وه‌ك پ ك ك دا بوه و ئه‌و هه‌مو گریلا و پاره و ده‌زگای مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندنه‌ی له خزمه‌ت دایه ، بۆچی هه‌وڵی ڕادیكاڵ كردن و گۆڕانكاری نه‌دا و پاش گرتنی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان خهتێكیان نه‌كێشا له نێوا ئاپۆی پێش گیران و پاش گیران و هاوكات كه به‌ها نه‌ته‌وه‌ی ، سیاسی و كه‌سیه‌تی ناوبراویان ده‌پاراست ، جوڵانه‌وه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جمعی(كۆلێكتیڤ) به‌ڕیوه ده‌برد و نه‌یان ئه‌هێشت جوڵانه‌وه‌كه توشی ڕاوه‌ستان ببێ.
عوسمان ئۆجه‌لان ئه‌یتوانی له پ ك ك واز بێنێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه 17 ساڵه‌یه‌ی كه ئاشقی یه‌ك بوون ، له باشوری كوردستان په‌نای ببردایه‌ته به‌ر حكومه‌تی سه‌وز یان زه‌رد ، و وه‌ك مرۆڤێك هه‌م قه‌در و قیمه‌تی خۆی بپاراستایه و هه‌م زه‌ره‌ریشی به جوڵانه‌وه‌ی كورد نهگهیانایه.
ئێستا كه ئه‌وانه پارتیان ڕاگه‌یاندوه و له پ ك ك(كۆنگره‌ی گه‌ل) جیا بونه‌ته‌وه و له باوه‌شی ئهمو ئه‌و دان پێویسته كه پ ك ك هه‌ڵوێستێكی هاوچهرخایهی هه‌بێ و به هێڵ جۆری لێدان و هێرش كردنه سه‌ریان ڕه‌وا نیه و ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌نجام بدرێ به زه‌ره‌ری سه‌رجه‌م گه‌لی كورد و به تایبه‌تی خودی پ ك ك ده‌بێ... كاتێك كۆنگره‌ی گه‌ل له به‌رانبه‌ر توركیه دا داوای دیموكراسی و چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه داكا ، نابێ به دژی لایه‌نێكی دیكه كه وه‌ك ئه‌وان بیر ناكاته‌وه و تا دوێنێ له ڕێزهكانیان دا بوه كاری ناڕه‌وا و توند و تیژی بكات.
لێگه‌ڕێن با گه‌ل بڕیار بدات و ڕه‌وتی ڕوداوه‌كان ڕاستیه‌كان ده‌رخه‌ن...بێگومان ئه‌وه‌ی خۆی ون بكات نه‌ته‌وه‌ش ون ده‌كا و شۆڕشیش تێك ئه‌دا.
عوسمان ئۆجه‌لان باش ئه‌زانی كه به له نێو بردنی هێزه‌كانی پ ك ك نه جوڵانه‌وه‌ی كورد له نێو ئه‌چێ و نه گه‌لی كوردیش واز له داوا و داوخوازیهكانی دێنێ..به‌ر له دروست بونی پ ك ك كورد و كوردستان هه‌بوه و دوای ئه‌وانیش هه‌ر ده‌مێنێ ، له به‌ر ئه‌وه پ ك ك شوڕشی بردوه‌ته ناو ماڵ به ماڵی باكوری وه‌ڵات و ... ئه‌م گه‌ل و وه‌ڵاته گه‌لی ده‌سه‌ڵاتی بێ ده‌سه‌ڵات و گه‌لی پیسی و ناپاكی وه‌لا داوه...ده‌بێ داگیركاران و هاوپه‌یمانه‌كانیان و له سه‌روی هه‌مویانه‌وه ئیمریكا باش تێ بگه‌ن كه به تواندنه‌وه و حاشا لێ كردن و چه‌واشه‌كاری و دوبه‌ره‌كی نانه‌وه ڕێگه چاره نیه و دره‌نگ یان زو ده‌بێ مل بۆ ویست و خواست و مافه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه دێرینه زوڵم لێكراوه دانه‌وێنن.
04.08.24
كوردستان
kurdish weblog
Tuesday, August 31, 2004
Wednesday, August 18, 2004
بۆچوونێک
بۆچوونێک!
ئه‌وه‌ی له‌خواره‌وه نوسراوه، ده‌قی بۆچوونێکه که له‌سه‌ر بابه‌تی" هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات"که کاک سامڕه‌ند نوسیویه‌تی و له‌سایتی دێمانه بڵااوکراوهتهوه، داندراوه.
ده‌سته‌كانت خۆش كاك سامڕه‌ندی به‌ڕێز. هه‌ویره‌كه ئاو زۆر هه‌ڵده‌گرێ و گه‌ره‌كه زیاتری له‌سه‌ر بنوسرێ. به‌شه‌كانی ئه‌م نوسینه‌ی به‌ڕیزتانم هه‌مووی خوێنده‌وه. له گه‌ڵ به‌شیک له بۆچوونه‌كانت هاوده‌نگم. ئه‌وه‌ی گرنگه باسه‌كه له پێناوی پاراستن و په‌ره‌پێدانی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی كورده‌واریه‌و هه‌وڵدانێكه بۆ ووشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی و ئه‌وانه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌یان له گرێژه‌نه بردووه. تا ڕاده‌یه‌كی له‌گه‌یاندنی مهبهستهكهتدا سه‌ركه‌وتوویت. له هه‌ندێك شوێندا پێویستی زیاتر قووڵبوونه‌وه به باسه‌كه‌دا ده‌بینرێ. ئه‌گه‌ر چی باسه‌كه‌م پێ گرنگ بوو، به‌ڵام شێوه‌ی نوسینه‌كه‌ت و گرنگی نه‌دانت به زوانی نوسینه‌كه‌ت جێ سه‌ر سوڕمان بوو. به‌ڕێزتان كه ئاوا به‌گه‌رمی هاوارتان لێ به‌رز بۆته‌وه كه هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی كوردهواری به‌ره‌و شێواندن ده‌چێت كه هاوارێكی ڕه‌واو به‌جێیه، چما له ئاست زوانی نوسینه‌كه‌ت كه زمانی كوردییه هێنده كه‌م ته‌رخه‌میی و به‌ده‌ربه‌ستییه‌وه نیت. ده‌كرێ له‌لایه‌كه‌وه هه‌وڵی پاراستنی هونه‌رێكی كوردهواری بده‌یت و له‌و لایتریشهوه كه‌مته‌رخه‌مانه ....په‌یڤه‌کان لێواولێو بێت له وشه‌گه‌لی عاره‌بی فارسێندراو. ئه‌ز جارێکی دیکه‌ش له‌م پێوه‌ندییه‌دا بۆچوونی خۆم بۆ دانای و سه‌رسوڕمانی خۆم بۆ نوسیوی. به‌ڕێزتان یه‌کێک له هونه‌رمه‌نده ده‌ست ڕه‌نگینه‌کانی بواری کاریکاتێرن و ئه‌و کارانه‌ی من بینومن به زمانێکی خویاو ڕوون مهبهستهکانتی بۆ بینه‌رانی به‌رهه‌مه‌کانت ده‌رخستوه. به‌ڵام تێناگه‌م بۆ زمانی نوسینه‌که‌ت ئاوایه. سه‌رده‌می زوو هۆنه‌رانی کورد هۆنراوهکانیاین پڕ ده‌کرد له ووشه‌گه‌لی فارسی و به‌تایبه‌ت عاره‌بی. ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌وه باو بوو ئاماژه‌ی به‌توانایی و به‌هێزی هۆنه‌ره‌وه بوو! له یاری کردن به‌وشه‌کان و تێترینجاندینان له هۆنراوه‌ی هه‌ژگ وه‌سه‌ری کوردی. به‌ڵام ئێستا نه‌ک ئه‌وه له‌باو که‌وتوه به‌ڵکوو ئاماژه‌یه‌که بۆ که‌مته‌رخمی له ئاست زمانی کوردی که ساڵهای ساڵه توشی داهێزران و تاڵان و له‌ناوبردن بۆته‌وه. ئه‌مڕۆ که ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ زووانی کوردی ڕه‌خساوه‌و ده‌کرێ له پێناوی ساخکردنه‌وه‌و زیندووکردنه‌وه‌یدا قۆڵی بۆ هه‌ڵماڵین و لانیکه‌م ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و تا ئێستا پارێزراوه، بیپارێزین، ڕه‌وا نیه له‌سه‌ر ده‌ستی که‌سانی وه‌ک ئێوه که ساڵانێکی دورودرێژ له پێناوی گه‌له‌که‌تان و زمانه‌که‌یدا کوێرهوهریتان کێشاوه ئا به‌و ده‌رده ببرێت. هیوادارم له‌وه‌ی که بێ په‌رده له‌گه‌ڵت ده‌دوێم دڵمه‌ند نه‌بیت. ئه‌گه‌ر هونه‌ری کوردی و له ناویشیدا هه‌ڵپه‌ڕکێ شێوێندراوه ده‌بێ ڕێگه‌ی لێبگیرێ و له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا کاری مکور ئه‌نجام بدرێ. هه‌روه‌ک ده‌بێ بۆ زمانیش ئه‌م هه‌وڵه بدرێ و هه‌رکه‌سێک و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه ده‌نوسن له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌رپرسیارن. ئه‌وه‌نده‌تان له‌بیر بێت که بۆ کوردی ده‌نوسن و خوێنه‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌کانتان کوردزمانن.
كاربه‌ده‌ستێكی كورد له بانه ده‌ستگیر كرا
Peyamner- به پێی هه‌واڵی سایتی بازتابی ئێرانی ژماره‌یه‌ك كوردی نیشتمانپه‌روه‌ر كه به‌رپرسیاریه‌تی رازاندنه‌وه‌ی شاری بانه‌یان له كاتی سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری ئێران پێ سپێردرابوو, مه‌راسیمی پێشوازی لێكردنی خاته‌مییان كرده بۆنه‌یه‌كی كوردستانی.
به پێی هه‌والÙÙهكه, كاربه‌ده‌ستێكی كورد له ناوچه‌ی"ئارمرده"ی شاری بانه به گڵۆپی زه‌رد و سپی و سور و سه‌وز, له گۆڕه‌پانی ناوه‌ندی به‌شه‌كه ئالاÙی كوردستانی درووست كردۆته‌وه و هه‌ر به‌و گڵۆپانهش كورتكراوه‌ی ناوی پارتێكی كوردیی(جودایی خواز)ی نووسیوه.جا خۆش ئه‌وه‌یه كه سایته‌كه ده‌ڵێ هه‌موو ئه‌و كارانهیشی به پاره‌ی ده‌وڵه‌تی ئێرانی كردووه.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی پاسدارانی ئێرانی به‌م كاره ده‌زانن, ده‌ستبه‌جێ كاربه‌ده‌سته كورده‌كه ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.
Monday, August 16, 2004
ڕفاندن تاوانێکی نامرۆڤانه‌و قێزه‌ون
ئاکاری ڕفاندنی مرۆڤه‌کان له‌لایه‌ن مرۆڤ خۆیه‌وه وه‌ک دیارده‌یه‌کی باو ڕۆژانه به بڕوبیانوی جیاواز‌و له ژێر ناو‌و پاساوی بێجێ و بۆ مه‌به‌ستی جیا‌و زۆرتر نامڕۆڤانه له شوێنه‌کانی جیهاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێ. له یه‌کساڵی ڕابردوودا و به‌تایبه‌ت پاش تێکتهپاندنی ڕژیمی ڕگهزپهرهست و شۆڤێنیستی به‌عس ، ڕفاندنی کرێکارانی کۆمپانیه بیانی و ئه‌مریکیه‌کان، ئه‌ندامانی خیزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، به‌رپرسانی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تی و سیاسیه‌کان له ئیراک له لایه‌ن ڕیکخراوه تێرۆریستیه ئیسلامیه‌کان و گروپه ناڕازییه‌کانی ئیراکی و پاشماوه‌کانی ڕژیمی ڕووخاوو ده‌سته‌و تاقمی مشه‌خۆره‌وه له‌و وڵاته‌و گه‌ڵێک جار سهرپهڕاندنیاین به‌شمشێره باوه‌که‌ی ده‌ستی جیهادگه‌ران، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفره بۆته جێگای سه‌رنج و گرنگی پێدانی داموده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌یی و جیهانی. ئایا به‌ڕاستی ئاکاری ڕفاندن ته‌نیا له ئیراک و له جوگرافیایه‌کی ته‌سکدا بوونی هه‌یه؟ ئایا ڕفاندن یهکجۆرهو ته‌نێ له ڕێگای تاکه‌کان یان تاقمی بچوکه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن؟ ئایا ده‌وڵه‌تان و ده‌سه‌ڵاتدارن هیچ فڕیان به‌و ئاکاره نامرۆڤانه‌وه نیه؟ یان به‌ڕاستی مه‌به‌سته‌کانی ڕفاندن هه‌ر یه‌کن؟ ئه‌مانه‌و گهلهپرسیارێکی دیکه ده‌توانێ هزری مرۆڤ به‌ره‌و تێڕامانی قووڵ په‌لکێشت بکه‌ن. له‌م بابه‌ته کوردته‌دا به پێی توانا هه‌وڵده‌ده‌م به‌دوای وڵامی پرسیاره‌کان بکه‌وم و ئه‌وه‌نده‌ی بکرێ وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه.
به‌گشتی ده‌کرێ بێژین سێ یا چوار مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له پشت ئاکاری ڕفاندنه‌وه هه‌ن. ده‌ست درێژی. به‌کارهێنانی ڕفێندراو وه‌ک بارمته‌و ئامرازی پاڵه‌په‌ستۆ بۆسه‌ر به‌رامبه‌ر له پێناوی وه‌دیهاتنی ویستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری. بۆ له‌جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی جێگای نه‌بوونی مناڵ له ناو هێندێک بنه‌ماڵه‌ی نهزۆکداو هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی. ڕفێنهرانیش له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکتاتۆڕو توتالیتێر‌و داگیرکه‌ر له‌لایه‌ک و ده‌سته‌و تاقمی به‌رژه‌وه‌ندخواز، ئایدیۆلۆژیستو ئاینی له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ن که به‌رپرسیارانی زۆرتری ئه‌و کرده‌وه نامرۆڤانه‌یه‌ن. گه‌لێک جاریش ئاکاری ڕفاندن له لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌ته‌وه کاری بۆده‌کرێ و سه‌ره‌نجام جێبه‌جێی ده‌که‌ن. له‌وانیش بترازێ تاکه‌که‌س زۆرجار له‌پێناوی تێرکردنی حه‌زی سێکس یان خۆده‌ربازکردن له کێشه‌و گۆڵمه‌زو یانیش بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی دراوی و هیدیکه‌دا، په‌ناده‌به‌نه به‌ر ڕفاندن.
ڕفاندنی کوردانی خه‌باتکارو تێکۆشه‌ر به‌تایبه‌ت ژنانی کورد له باکوری کوردستان له لایه‌ن ده‌زگاکانی پۆلیس و میتی ڕژیمی که‌مالیستی تورک و بێڕێزی و ئه‌تککردن و ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاردانی جه‌سته‌ییان. وه‌زاڵه‌هاتنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له خێوه‌تگه‌کانی سنوری ئوردن و ئۆردوگای ئه‌ڵتاش له لایه‌ن عروبه‌وه به‌تاوانی کوردبوون و دژایه‌تیکردنی ئێران، ڕفاندنی مناڵ و گه‌نجان و به‌تایبه‌ت کچان له زۆر شوێنی جیهان و به‌بارمته‌گرتنیان له پێناوی ده‌سکه‌وتی دارایی و تێرکردنی حه‌زی سێکسی. گهلهکۆمهگهی چه‌ندین ڕێکخڕاوی سیخوڕی وڵاتان وه‌ک موساد، سی. ئای. ئه‌ی، میت و گه‌لێک ڕێکخراوی دیکه‌ی سیخوڕی نێونه‌ته‌وه‌یی له پێناوی له‌داوخستن و سه‌ره‌نجام ڕفاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆکی په‌که‌که و گه‌ڵێک ڕوداوی دیکه هه‌مویان ئاکاری ڕفاندنن. له سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ئاکاری ڕفاندن وه‌ک ئامرازێکی گرنگی پاڵه‌په‌ستۆ بۆسه‌ر حکومه‌ت و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان له لایه‌ن هیزه شۆڕشگێڕ‌و نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازه‌کانه‌وه به‌کار هێنراوه و له به‌رامبه‌ریشدا ڕفاندن و شوێنه وون کردنی که‌سانی دژبهرو به‌رهه‌ڵستکاری سهربهخۆو لایه‌ندار له لایه‌ن داموده‌زگا ئاسایش پارێزه‌کانی ڕژیمه دیکتاتۆڕو سهرمایهدارو سوسیالیست و تۆتالیتيرهکانیش وه‌ک ئامرازێک بۆ سهرکوتانهوهو له نێوبردن و پلیشاندنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازی و دژه‌کان به سیاسه‌ت و ئاکاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران به‌کارهاتوه‌و نوکه‌ش هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.
ڕفاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان له ساڵی 1998 له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیه‌و به هاریکاری ڕێکخراوه سیخوڕیه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریکا، ئیزرایل، تورکیا، یۆنانستان و گه‌لێکی دیکه وێنه‌یه‌که له گهلکۆمهگهی وڵاتان له پێناوی ڕفاندنی که‌سێکدا. له کاتێکدا ئه‌و که‌سه خاوه‌نی پێگه‌ی سیاسی و به ده‌یان هه‌زار لایه‌نگر بوو. هه‌ربۆخۆشی چووبوه ئوروپا‌و داوای په‌نابه‌ری کردبوو. به‌ڵام له‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری نه به‌په‌نابه‌ر وه‌ریانگرت و نه توانیان ڕێ له ڕفاندنه‌که بگرن. ئه‌وکات ئوروپیه‌کان له ترسی ئه‌مریکاو له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری نه‌یان توانی وه‌ری بگرن و بیپارێزن. ئه‌مڕۆش ئه‌مریکی و ئوروپیه‌کان بۆ خۆیان بوونه ئامانجی ڕفاندن و سه‌ربڕین.
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا زۆرجار ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی له پشتی ئه‌و کاره نامرۆڤانهوهن به پشت به‌ستن به ئایدیۆلۆجیا و دین جێبه‌جێ ده‌کرێن و ڕه‌وایه‌تیان پێده‌درێ. بۆ وێنه ئه‌وه‌ی ئه‌ڤروکه له گۆڕپانی ئیراک جێ به‌جێ ده‌کرێ و به‌ڕێوه‌ده‌چێ به‌ناوی ئاین و له دژی لادان له‌دین و داگیرکردنه!و ئایه‌تی جیهادی دوا کتێبه‌که‌ی خوا "قورئان"وه‌ک کتێبی پیرۆزی موسموڵمانانیشی له پشته. به‌مه‌ش له ناو موسڵمانان و به‌تایبه‌ت عروبه‌دا که خۆشیان به خاوه‌نی دینی ئیسلام و زمانه‌که‌یان به‌زمانی خوا ده‌زانن، ڕه‌وایه‌تی پێدراوه‌و سڵی لێناکه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن گه‌لێک ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاوه ده‌ستیان له پشتی ده‌درێ و پشتگیریان ده‌کرێ. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا و بۆ به‌ڕه‌وا نیشاندانی ئه‌و کارانه گه‌لێک ده‌زگای ڕاگه‌یاندن وه‌ک به‌رزه‌وێژی ئه‌و گروپانه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و خزمه‌تی ئامانجی ئه‌و گروپانه‌یان کردوه. ئه‌و گروپانه بۆ هه‌ر ئاکارێکیان ناوێک له خۆیان ده‌نێن و هه‌موو ناوه‌کانیش هێمای دینی و ئایدیۆلۆجیان پێوه‌دیاره. له پاڵ ئه‌و ئاکارنهشهوه جۆره ڕفاندنێکی دیکه له‌و وڵاته بره‌وی په‌یا کردوه که بۆ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ست هێنانی ده‌ستکه‌وتی نه‌ختینه و دارایی که‌ڵکی لێوهردهگیری و که‌متر مێدیاو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن خۆی له قه‌ره ده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی و بشێوی و بێیاسایی له و وڵاته‌و ئه‌مه‌ی دوهه‌میان له‌گه‌ڵ یه‌که‌میان جیاوازی هه‌یه.
له باکوری کوردستان که له‌بن ده‌ستی داگیرکه‌رانی تورک‌دا ده‌ناڵێنێ ئاکاری ڕفاندن بۆ مه‌به‌ست و ئامانجی جیا که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ و تا ئه‌وپه‌ڕی بێزهلهتی و قێزه‌ونی ده‌ڕوا. ئه‌گه‌رچی ئاکاری ڕفاندن له‌و مه‌ڵبه‌نده بۆ کپ و بێده‌نگ کردنی ده‌نگی هه‌رده‌م کپکراوی کوردان له‌دژی ئه‌م نه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چی و زیاتر ئه‌و تێکۆشه‌رانه ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی ڕفاندن که له پێناوی مافی مرۆڤی کوردان‌دا کارده‌که‌ن ئه‌ندام یان لایه‌نگری پارتیه‌کی کورد یان ڕۆژنامه‌وان و یانیش پارێزه‌رێکی مافه‌کانی مرۆڤن. به‌ڵام له ناو ئه‌واندا ژنانی کوردستانی که له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رو ماندوونه‌ناسانه بۆ ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌یان و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی ژنان تێکۆشاون و ئازایه‌تی و بوێریان له‌خۆیان نیشانداوه، به‌شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانهترو بۆ مه‌به‌ستی بێڕێزی و چاوشۆڕکردنی کوردان ده‌ڕفێندرێن، زیاتر ئازارده‌رو دڕندانه‌یه. ڕه‌نگه زۆربه‌تان چه‌ندین چیڕۆکی له‌و بابه‌ته‌تان له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه بیستبێ که چۆن ژنانی باکوری کوردستان له لایه‌ن پۆلیس و میت و داموده‌زگای ڕژیمه فاشیستیه‌که‌ی تورکه‌وه ده‌ڕفێندرێن و پاش چه‌ندین ڕۆژ بێڕێزی و ده‌ستدرێژی به بێهۆشی فڕیده‌درێن. ئه‌مه‌یان ده‌وڵه‌ت و گۆیا به‌ڕێوه‌به‌رو پارێزه‌ری یاسا ئه‌نجامی ده‌دا و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش له‌لایه‌ن گروپی لهیاسابهدهرو توندڕێوهوه به‌ڕێوه‌ده‌چێ. هه‌ردوکیشیان ناوی ڕفاندنه و ته‌نێ مه‌به‌سته‌کان و بکه‌ره‌کان لێک جوێن.
له وڵاتانی ئازاد و خاوه‌ن یاسا و دیموکراتیکیش ڕفاندن هه‌بوه‌و هه‌یه‌و له داهاتوشدا وادیاره ده‌بێ. له‌م وڵاته پێشکه‌وتوانه ئاکاری ڕفاندن بره‌وی هه‌یه‌و گه‌لێک جار چاوی کامێرا‌و چاوه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان به‌خۆیه‌وه خه‌ریک و سه‌رقاڵ ده‌کات. مه‌به‌سته‌کان بۆ ئه‌وکاره و پاساوه‌کان بۆ ئه‌و پێشێلکاریه لهوهڵاتانێک که یاسا سه‌روه‌ره‌و مافی مرۆڤ تاڕاده‌یه‌کی باش پارێزگاری لێده‌کرێ ده‌بێ چ جیاوازیه‌کی هه‌بێ؟ له‌و شوێنانه ئامانج و مه‌به‌ست و پاساوه‌کانی ڕفاندن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه که له سه‌رێ باسمکردن لێک جوێن له‌کاتێکدا که پێشێلکاریه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نین و به‌چاو وڵاتانی تۆتالیتار‌و نادیموکرات و پاشکه‌وتوو ئه‌گه‌ر هه‌شبن له‌ڕاده‌یه‌کی فرهکهمدان و زۆرتر له‌لایه‌ن گروپی چه‌ند که‌سی یان تاکه‌که‌سه‌وه ئه‌نجامده‌درێن. وه‌ک ده‌بینین و به‌ووته‌ی خۆشیان ڕفێنه‌ران له ئێراک ئه‌وانه‌ی نامرۆڤانه خه‌نجه‌ر به‌کارده‌هێنن و سه‌ری ڕفێنراوه‌کان ده‌بڕن، مه‌به‌ستیان ترس وهبرنان و تۆقاندن و پاڵه‌په‌ستۆ خستنه‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ناوی داگیرکه‌ریان لێناون و هێندێکجاریش بۆ ترساندنی ئه‌و وڵاتانه‌ی که بۆ سه‌رکه‌وتنی به وته‌ی ئه‌وان پیلانی داگیرکه‌ران(ی‌و ئێس ئه‌ی)له ئێراکن، ئه‌نجام ده‌درێن. له‌پاڵ ئه‌وانیشدا و له‌ژێر کاریگه‌ری بارودۆخی ئاڵۆزی ئه‌و وڵاته، گه‌لێک گروپ و تاقمی هه‌لپه‌ره‌ست و به‌رژه‌وه‌ند خواز بازرگانان و دهستڕۆیشتویان یان مناڵه‌کانیان ده‌ڕفێنن له پێناوی وه‌ده‌ست هێنانی پاره‌و دراودا. نوێترینیشیان ڕفاندنی بازرگانێکی ئوردنی عاره‌به که ده‌خوازن 250هه‌زار دۆلاری پێ وه‌رگرن!. هه‌روه‌ک گوترا له باکوری کوردستانیش ده‌وڵه‌تی تورک له لایه‌ک به‌مه‌به‌ستی دامرکاندن و چاوترسێنکردنی خه‌باتکارانی کورد و له‌لایه‌کی دیکه‌ش بۆ چاوشۆڕکردنی کورد ئه‌و ئه‌تواره نامرۆڤانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌میان ده‌وڵه‌ت و گوایه پارێزهرو جێبه‌جێکه‌ری یاسان و ئه‌ویشیان ترۆریست و هه‌لپه‌ره‌ست و به‌رژه‌وه‌ند خواز. ئاکاره‌که له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا نامرۆڤانه‌و دور له ڕه‌وشت و ناژیرانه‌یه.
ئوسترالیا که یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه ده‌کرێ بگوترێ بایه‌خه مرۆڤایه‌تیه‌کان جێگای گرینگی پێدانن و ماف و ئه‌رکه‌کان بۆ هه‌موان وه‌ک یه‌کن، که‌چی ماوه‌ماوه له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه گوێمان له هه‌واڵی ڕفاندنی کچێک، مناڵێکی ساوا و هیدیکه ده‌بێ. لێره مناڵێکی ته‌مه‌ن له‌نێوان یه‌ک بۆ دوانزه تا پانزه ساڵ و زۆرتر له ڕه‌گه‌زی مێ ده‌ڕفێندرێن.
گه‌ڵێک جار گوێمان لێبوه و خوێندومانه‌ته‌وه که مناڵێک ڕفێندراوه‌و پاش ڕفاندنه‌که‌ی ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ر و دواتر کوشتویانه یان هێندێک جار ئاشکرابوه و له لایه‌ن ده‌زگاکانی ئاسایش پارێزه‌وه ڕزگارکراوه. وه‌ک ده‌بینین ئه‌م شێوه‌یه له ده‌ستدرێژی و بێڕه‌وشتیه له پێناوی تێرکردنی حه‌زی سێکس ئه‌نجام ده‌درێ و ئامرازه‌که‌ش مناڵانی که‌م ته‌مه‌ن و بێده‌سه‌ڵاتن. که‌چی تورکه‌کان به‌ناوی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورک و بۆ مه‌به‌ستی چاوشۆڕکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و چۆک پێدادانی تێکۆشه‌رانی ڕێگه‌ی ڕزگاری بێمافان ئاکاری ڕفاندن و پاشان ده‌ست درێژی جێبه‌جێ ده‌که‌ن و به‌و حاڵه‌ش پێیان ده‌گوترێ تیرۆریست!!. ئاکاری ده‌ستدرێژی له زۆر جێگا‌و به‌مه‌به‌ستی دیکه بۆ وێنه چۆکپێدادانی به‌ندیه‌کان له به‌ندیخانه‌و گه‌لێک شوێنی دیکه ئه‌نجام ده‌درێ. باسه‌که‌ی ئێمه په‌یوه‌ندی بهڕفاندنهو بۆیه له بازنه‌ی باسه‌که دهناچم. هه‌روه‌ک ده‌بینین ئه‌و دوئاکاره له دوو شوێن و بۆ دوو مه‌به‌ستی جیا جێبه‌جێ ده‌کرێن. که‌چی له نێوه‌ڕۆکدا هه‌ردوکیان ڕفاندن و دسترێژین به‌ڵام دو حه‌زو مه‌به‌ستی جیایان له‌پشته‌وه‌یه. حه‌زی تێرکردنی سێکس له‌لایه‌ک و له‌ولاتریش ئاکاری سێکس له گه‌ڵ ڕفێندراوێک بۆ به‌چۆکداهێنان و چاوشۆڕکردنی نه‌ک تاکه که‌سێک به‌ڵکوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک. هه‌ردوکی تاوان و ده‌ست درێژی و بێڕه‌وشتیه. له‌م دۆخه‌دا سه‌ره‌ڕای وه‌ک یه‌کی ئاکاره‌که به‌ڵام ئه‌نجامده‌ران هه‌روه‌ک مه‌به‌سته‌کان لێک جوێن. یه‌کیان تاکه که‌سه و مه‌به‌سته‌که‌ش حه‌زی تاکێکی نه‌خۆشه. به‌ڵام ئه‌ویدیکه‌یان ده‌سه‌ڵات ویاسای لهپشتیهوهیهو وشیارانه بۆ داڕوخان و پێخوست کردنی هه‌ست و بوونی مرۆڤه بێمافه‌کانی کورد دێته ئه‌نجامدان. جا لێره‌دا خوێنه‌ر بۆخۆی ده‌توانێ ڕاده و ڕێژه‌ی تاوانه‌کان لێک دورونزیک بکاته‌وه‌و به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی لێکیان ههڵاوێرێو بیان پێوێ.
له‌بابه‌ت ڕفاندنی که‌سێک و به‌کارهێنانی ڕفێندراو وه‌ک بارمته‌و هه‌ڕه‌شه به کوشتنی له پێناوی ده‌سکه‌وتی سیاسی، ئابووری وهێندێکجار ویستی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا دیسان بارمته قوربانیه‌و زیانلێکه‌وتووی سه‌ره‌کیه. ڕنگدانه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌یه‌یان ده‌توانین له ناو فیلمه‌کانی هاڵیوودا به سێنایی ببینین. ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات ئه‌م ڕه‌وشه بوونێکی له‌مێژینه‌ی هه‌یه‌و شتێک نیه ته‌نێ له ئه‌مڕۆی ئیراکی دوای سه‌دامدا بینرا بێت. ڕه‌نگه ته‌نیا لایه‌نی جیاکه‌ره‌وه‌ی ڕفاندنه‌کانی ئیراکی ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی کرداره‌که له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژی و دین(ئیسلام) و هه‌روه‌ها سه‌ربڕینی بارمته ڕفێنراوه‌کان له‌به‌رچاوی کامێرادا وه‌ک ئه‌توارێکی ئاینی دیانپیانراو بێت. به‌ڵام، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌سته‌کان لێک جیان ئه‌میان له‌ویتریان قێزه‌ون و نامرۆڤانه‌و هۆڤانهتره که‌چی له‌نێوه‌ڕۆکدا کرده‌وه‌کان کرده‌وی ڕفاندن و پاساوه‌کان هه‌ر له‌ده‌وری ئامانجی سیاسی و ئابووری ده‌خولێنه‌وه. دیاره زۆرتر ئه‌و ڕفێنه‌رانه ڕفێندراوه‌که‌ی خۆیان ده‌کوژن که ئایدۆلۆژی و مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته‌وه بێت وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئیراکی پاش سه‌ددام. که‌چی گه‌لێک له‌وانه‌ی بۆ ویستی ئابووری ده‌ڕفێندرێن زۆرتر ڕووبه‌ڕووی ئازاردانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ده‌بنه‌وه‌و که‌متر گیانیان لێده‌ستێنن.
شێوه یان جۆرێکی دیکه‌ی ڕفاندن، ڕفاندنی مناڵانی کۆرپه‌و تازه له دایک بوویه. ئه‌م شێوه‌یه‌یان ئه‌گه‌رچی بایه‌خێکی که‌می پێده‌درێ و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن وه‌ک ئه‌وانه‌ی به‌مه‌به‌ستی سیاسی ده‌ڕفێندرێن وه‌شوێنیان ناکه‌ون، به‌ڵام تا ئێستاش شێوه‌یه‌کی باوه‌و له‌وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌ت له ئوروپا ڕۆژانه ڕووده‌دا. له‌میانا هه‌ندێک جار بنه‌ماڵه نه‌زۆکه‌کان بۆخۆیان بۆسه بۆ ڕفاندنی مناڵان داده‌نێن و ده‌یان ڕفێنن. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م شێوه‌شیان زۆرجار له لایه‌ن ده‌سته‌و تاقمی جۆراوجۆر بۆ په‌یدا کردنی پاره‌و سامان، مناڵانی کۆرپه ده‌ڕفێنن و به بنه‌ماڵه نه‌زۆک و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیان ده‌فرۆشن. ئه‌م دیارده‌یه‌ش دیارده‌یه‌کی نوێ نیه‌و له ڕابردووی نه‌زۆر دوریشدا ئاکاری له‌و بابه‌ته له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ئه‌نجامدراوه. بۆ وێنه پاش دۆزینه‌وه‌و داگیرکردنی ئوستڕالیا هه‌زاران مناڵی ئهبروجینهکان واته دانیشتوه ڕاسته‌قینه‌کانی ئه‌م وڵاته له لایه‌ن سپیه‌کانه‌وه ڕفێندراون. ده‌کرێ بێژین ئه‌م تاوانه له پێناوی بڕاندنه‌وه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌و گۆڕینیاندا به تێکهه‌ڵکێش کردنیان له‌گه‌ڵ سپیه‌کان و ڕه‌شکردنه‌وه‌ی هزرو هۆشیان سه‌باره‌ت به ڕابردوو بنه‌چه‌یان له پڕۆسه‌یه‌کی درێژماوه‌دا بوه.
ئاکاری ڕفاندنی کۆرپه‌ڵه‌کان له‌م سه‌رده‌می پێشکه‌وتن و شارستانیه‌ته‌دا له ئوروپای لانکی شارستانی و پێشکه‌وتن و شۆڕشی دیموکراسی و پیشه‌سازیدا له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و بنبڕکرن چووبێت ته‌شه‌نه‌ی کردوه"به‌پێی هه‌واڵی میدیا‌و رِۆژنامهكانی ئییتالیا باندێكی ده‌ڵاڵانی مناڵ فرۆش له‌لایه‌ن پۆلیسی ئییتالیهوه ده‌سگیر كراون (كه سێ ئیتالی و سێ بولغارین)، ئه‌م بانده ژنانی دوو گیانی بولغاری به فیزه‌ی سیاحه‌ت و به ناوی سیاحهتهوه ده‌هێنن بۆ یه‌كێك له‌خه‌سته‌خانه‌كانی نزیك شاری (میلانۆ)ی ئییتالیا، دوای له‌دایك بوونی كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی، مناڵه تازه له دایك بووه‌كه ده‌فرۆشری به‌خێزانه ئیتالیه‌كان. نرخی یه‌ك مناڵی كچ 5000 ئیورو و نرخی یه‌ك مناڵی كوڕ 10000 ئیورۆیه"1. به‌پێی ئاماره‌کان ساڵانه له ئیتالیا 400 مناڵ ده‌ڕفێندرێ و ده‌فرۆشرێ.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێدا له ئوسترالیاش ئاکاری ڕفاندن مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای داگیرکردنی ئه‌م وڵاته. ئه‌و کات له‌لایه‌ن داگیرکاره سپیه‌کانه‌وه به‌مه‌به‌ستی سیاسی و بۆ توانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی بوه به‌ڵام ئێستا ڕفاندنی مناڵان بۆ مه‌به‌ستی له جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی بێ منداڵی و گه‌لێک جار ده‌ست درێژی ئه‌نجام ده‌درێ. دواترین ئاکاری ڕفاندن له ئوسترالیا ڕفاندنی مناڵێکی مه‌لۆتکه‌ی سێههفتهیی بوو که "ڕۆژی یه‌کشه‌ممه حه‌وتی ئۆگستی 2004 له شوێنی ڕاگرتنی ماشین له بازاڕگه‌ی "بریم بانک" له شاری مێڵبۆڕن ڕوویدا"2. پاش نزیک سێ‌ڕۆژ مناڵه‌که دۆزرایه‌وه و ڕفێنه‌ران خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌دا. مناڵێکی سێ هه‌فته‌یی بۆ ده‌ڕفێندرێ و چ ده‌سکه‌وتێکی پێ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ و له پێناوی چ ئامانجێکدا له به‌رۆکی دایکی ده‌کرێته‌وه هێشتا ڕوون نیه، به‌ڵام زیاتر گومانی ئه‌وه ده‌کرێ که بۆ له‌جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی نه‌بوونی مناڵ بوو بێ. چونکه ڕفێنه‌ران ژنێک و پێاوێک بوون!.
له زۆربه ئه‌و ئاکارانه‌ی که جێبه‌جێ ده‌کرێن که‌متر خوودی ڕفێندراوه‌که مه‌به‌سته‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ڕوونی له‌ژێر په‌رده‌ی مه‌به‌ستی سیاسی و ئابووریدا ڕفێندراون، ڕفێندراو له قوربانیه‌کی بێ تاوان زیاتر نیه.
گه‌لۆ وه‌ک ده‌بینن ئاکاری ڕفاندن نه ئاکارێکی نوێیه‌و نه ته‌نیا له ئیراکیش به‌ڕێوه چوه‌و ده‌چیت و نه کۆتایشی به سێنایی مسۆگه‌ر ده‌کرێ. ئاکارێکی هه‌تا بڵێی قێزه‌ون و بێزراو‌و نامرۆڤانه‌یه‌و دژی پێوانه‌کانی مافی مرۆڤه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی ئه‌و مه‌به‌ست و ئامانجانه‌ی که له پشت ئاکارێکی ئهوتۆوهن ده‌کرێ ڕێژه‌ی به‌رزو نزمی تاوان و ڕاده‌ی قێزه‌ونی ئاکارێکی ئیهواله دیاری بکرێ و له یه‌کتر هه‌ڵاوێردرێن. هه‌ر ئامانجێک له پشتی ئاکارێکی ئاواوه بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه حه‌زێکی مرۆڤانه‌ش بێت تاوانه‌و هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێ و کرده‌وه‌یه‌کی بێزراو‌و شێتانه‌و ناژیرانه‌ی قێزه‌ونه. هه‌ر له ئاکاری ڕفاندنی ئۆجه‌لان که له‌پێناوی کۆتایی هێنان به ده‌نگی هاواری نه‌ته‌وه‌یه‌ک و کپ کرانی خه‌باته‌که‌ی له‌لایه‌ن چه‌ندین وڵاته‌وه، تا ڕفاندنی ژنانی کورد له باکوری کوردستان به مه‌به‌ستی گوایا چاوشۆڕکردنی کوردان و دزینی مناڵانی ئهبروجینی له‌لایه‌ن سپیه‌کان و ساتوسه‌ودا پێکردنی گروپ و تاقمه دڵڕه‌قه‌کانی مناڵ ڕفاندن و ڕێکخراوو تاقمه ترۆریسته‌کانی ئێراق و سه‌ره‌نجام ڕفاندنی مناڵه سێههفتهییهکهی هه‌فته‌ی ڕابردوو له شاری میڵبڕنی ئوستڕالیا هه‌موویان تاوانی نامرۆڤانه‌و بێزلێکراوو ناڕه‌وشتی و دوور له ژیرایهتین. پێویسته کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی سنورێک بۆ ئه‌و تاوانانه دابنێ و هه‌ر ڕێگه‌یه‌کی گونجاو له پێناوی ئه‌و ئاکاره دڕانهدا بگرێته به‌ر.
سه‌رچاوه:
1- ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌نته‌ری به‌رگری له مافه‌کانی مناڵان، لقی بریتانیا، به‌هار هادی، کوردستان نێت،14/8/2004.
2- مناڵه ساوا ڕفێندراوه‌که گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ ئامێزی دایکی، سوهیلا ماجدی، کوردستان وێبلاگ،15ی ئۆگست2004
Sunday, August 15, 2004
ڕۆمانی گوڵی شۆڕان
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی
ڕ‌ومانی گوڵی شوران له نوسینی ، نوسه‌ری هاوچه‌رخ و خاوه‌ن بیری ورد و داهینانی نوی ، كاك عه‌تا نه‌هایی ، دووهه‌م به‌رهه‌م یان ڕ‌ومانی ژماره دوویه‌تی. ئه‌م بابه‌ته پیشكه‌شه به كاك عه‌تای خوشه‌ویست و هیوادارم به‌رده‌وام و به‌رقه‌رار بی بۆ پیشخستن و بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان...
.... ڕۆمانی گوڵی شۆڕان ، ڕۆمانێكی نوێیه، نه‌ك نوێ له نووسین به‌ڵكو نوێیه له داڕشتن، له ده‌ربڕینا، له ئاوڕدانه‌وه و ده‌رس وه‌رگرتنا. هه‌ڵوێسته‌كانی نوێن، كه‌سایه‌تیه‌كانی تازه‌كار و باس و خواسه‌كانی ، وت و وێژهكانی ، ڕوحه ون بووه‌كانی و ئازاره‌كانی ههنوكهیه، نه‌ك هی ئێستا بێ، به‌ڵكو كۆنه، كۆنه به‌ڵام نوێیه و له‌وه‌ی ئیستا و ڕه‌نگه دوایش ، به‌یانی دوو به‌یانی و حه‌وتووی داهاتوش هه‌ر ئاوا بێ ، كۆن نه‌بێ و ههموكاتێ هه‌ر نوێ بێ ، هه‌نوكه‌یی بێ...
ئه‌وكاته‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌بێته كۆتری دڵ و وه‌ك هه‌مو دڵداره‌كانی ئه‌م كه‌ونارایه به شوێن هێلانه دا ئه‌گه‌ڕێ ، ئه‌وكاته‌ی كه دڵ و دڵدار خه‌ونی پێك گه‌یشتن و ده‌س له‌ملانی ئه‌بینن ، ده‌بێ شایی بگێڕن و بۆ شادبوونیان، شایی بگێڕردرێ، شاییه‌كی ئاسایی، ڕۆمانتیك و هێدی، به‌ڵام نه مۆمێك ده‌ئایسێ و نه په‌پوله‌یه‌ك باڵ لێ ئه‌دا و نه ده‌نگی هێمنی مۆسیقایه‌كی خوش وه‌ك شمشاڵه‌كه‌ی ده‌رویش عه‌بدوڵا یان وه‌ك هونه‌ری قاله مه‌ڕه، به‌ر گوێ ئه‌كه‌وێ ... زهماوهنهكه ساده و ساكاره، ساده‌یه وه‌ك ڕه‌نگی به‌یان ، ده‌رونیان خاوینه وه‌ك ئاوی كانیاوهكهی به‌رماڵان...
ده‌نگی له دوره‌وه به شار‌و گوندا ، به كۆڵان و ماڵ به ماڵی مه‌ڵبه‌ندا ،ئه‌گه‌ڕی ، ئیواره بێ یان به‌یانی، نیوه‌ڕۆ بێ یان نیوه‌ی شه‌و ، ئاهه‌نگی ده‌نگه‌كه له به‌ر دڵانه و دڵی مرۆڤ، چاوی ئاشق و هه‌ستی ڕێبوار ئهههژنێ ، ئهبزوینی و ڕائهپهڕینی...
به‌ڵام بۆچی لاس نه‌یتوانی گوڵی شوران به دیاری بو غه‌زاڵه چاوهڕوانهكی بێنێ و له یه‌خه‌ی سینهپوشهكهی بدا و ئاواته‌كه‌ی، داوایه‌كه‌ی ، خواسته‌كه‌ی، ویسته‌كه‌ی ، به جێ بگه‌یه‌نێ. داخوا نه‌گه‌یشت.. بۆ نه‌گه‌یشت.. ڕیگای لێ تێك چو یان له سه‌ر ڕیگا ڕوشتن به لا ڕێدا چو.. گوێی له‌م و له‌و گرت و بڕوای به خۆی نه‌بو...
بۆچی كاكه لاسی لاوچاك نه‌گه‌ڕایه‌وه، یان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و دیار نیه، ونه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕوحی دا لێك دابڕاون.. بۆچی نایه له شه‌وی په‌رده دا ده‌ستی شه‌نگه غهزاڵهكهی بگرێ، به خۆی ڕه‌وا نابینێ یان پێی ڕه‌وا نابینن، ده‌نا وا وێ ده‌چێ پێیان ڕه‌وا نه‌بینیبێ و ئه‌ویش بڕوای به قسه‌ی ئه‌وان كردبی .....
تراژیدی لێك دا بڕان ، خۆ ون كردن ، له خۆ، له خودی خۆت یاغی بوون ، جه‌سته‌ی بێ ڕوح ، ڕوحی بی فه‌رمان، لێره‌یه و لێره‌ش نییه ، له خه‌ودایه و وا ئه‌زانێ وشیاره ، به ئازاره و هه‌ست به پهتروكهی برینه‌كانی ناكا، تراژیدی له دوای تراژیدی ، ئیتر بووه‌ته گاڵته ، ئیتر جێگه‌ی داخ نیه به‌ڵكو به‌شێكه له باسه‌كه له به‌سه‌رهاته‌كه...
ئیتر ئا لێره‌دا له خۆی دابڕا ، هه‌ر لێره‌ش دا له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ یه‌كی گرته‌وه، خه‌یاڵ نا ، له‌گه‌ڵ خه‌ونا ، خه‌ونه ئاڵوزاوهكان ، ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه هه‌زار جار تیایان دا كه‌وتی، كه‌وتیه خواری، به‌ریان دایته‌وه، تیان هه‌ڵدای، فڕێیان دای ، توڕیان هه‌ڵدای، ڕوت و قوتیان كردیته‌وه، پێت پێكه‌نین، گاڵته‌یان پێكردی، بچووكیان كردیته‌وه، قوڕیان ههڵسو به سه‌رو چاوتا ، به چهپۆكهكانیان به ناخی ئاخیانا ڕۆ كردی، كه چی له ڕوو ناچی ، دیسان هه‌مان خه‌ون و هه‌مان سه‌رین و هه‌مان ڕوداو... تۆش ناجوڵێی ته‌نانه‌ت له خه‌ویشا هاواری ناكه‌ی، كه به‌ڵكو هاوارهكهت ببێته زریكهیهك و ڕات چڵهكینی، وه ئاگات بێنی و له‌و گیژاوه ده‌رت به‌ینی... هه‌ر یه‌ك ناڵه ... هه‌ر یه‌ك هاوار... ڕاچڵهكانێ... هه‌ر ڕامانیك چارهنوسهكهت ئهگوڕێ ... تو نه‌گۆڕ نیت، ژیان نه‌گوڕ نییه ، چاره‌نوس نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵام له خه‌وا نا... نا ... نا
هیوا په‌ك كه‌وته‌یه، هیواكان په‌كیان كه‌وتووه، له كونجی ماڵه ڕوخاوه‌كه دا به ئاسته‌مێك ده‌بیندرێت و نوزه‌ی دێ. هیوا له ئازاری ڕوحی خۆ‌یا له ئاڵۆزاوی ڕه‌وانی خۆ‌یا له ته‌نیایی و بێكه‌سی و له بێ كه‌ڵكی خۆ‌یا ، مه‌چه‌كی خۆی ئهكروژێ، ددانه‌كانی له گوشتی خۆی ڕۆ كردووه، برینه‌كه‌ی بۆگه‌نی كردووه ، هیوا بۆگه‌نی كردووه، بۆگه‌ن له ماڵی هیوا دا وه‌ك كه‌لاكی تۆپیو، وه‌ك مه‌ڕی مرداره‌وه بۆ هه‌مو ماڵه‌كه‌ی پڕ كردووه، كه‌سێك نه‌بوو، كه‌سێك نییه ، كه‌سێك نایه ، كه‌سێك نه‌هات ، ده‌ستی بگاته داوێنی بیری به‌رزی چاره‌سه‌ری ، بیرێك له‌م بۆگه‌نه بكاته‌وه...
ئه‌وكاته‌ی كه لاس وه‌ك بڕنه‌وه‌كه‌ی لا شانی ، سارد و سڕ و جار‌و باره گه‌رمایه‌كی خێرا به هه‌ناویدا تێ ئه‌په‌ڕێ ، ئه‌وكاته‌ی كه لاس پشتی له شار و ڕووی له نادیار كرد ... ئه‌وكاته‌ی كه لاس نه گوڵی شۆڕانی بۆن كرد و نه له خوشه‌ویستی غه‌زاڵ تیگه‌یشت، هیوا په‌ككه‌وته له دایك بوو، ددانی له گۆشتی خوی ڕۆ كرد، جه‌سته‌ی بریندار، برینه‌كانی خوێنیان لێهات ، خوێن به ناو حه‌وشه‌كه دا بڵاو بوه‌وه ، كه‌س نه‌یتوانی پاكی كاته‌وه ، كه‌س ئاوڕی لێ نه‌دایه‌وه ، كه‌س برین و خوێن و ددانه‌كانی ئه‌وی نه‌بینی ... سه‌ر ئه‌نجام بۆگه‌ن هه‌ستا ، بۆگه‌ن كه‌وته وه‌ڵات ، هیوا بۆگه‌نی كرد .....
وون بوون ، وون كردن ، خۆ نه‌ناسین ، جیابوونه‌وه ، دابڕان له خولیاكان ، له حه‌زه‌كان ، له جوانیه‌كان ، له كانیاوه‌كان له چۆمه‌كان له دار به‌ڕووه‌كان ، دابڕانه له خوت... تۆ ونی، تۆ نادیاری ، هه‌ناسه هه‌ڵ ئه‌مژی به‌ڵام نابیندرێی ، قسه ئه‌كه‌ی به‌ڵام كه‌س نایبیسێ، به چاوه‌كانت زرت و زیت چاو له چاویان ئه‌كه‌ی به‌ڵام به سه‌رتا باز ئه‌ده‌ن و چاوه‌كانی تۆ نابینن... تۆ ده‌مێكه مردوی، مردن جۆری هه‌یه ، مردن ته‌نیا كۆچ كردن له ژیان نییه ، تۆ له ژیانا مردوی ، به زیندویی ون كراوی ، تو ژماره نیت تو سیفری له هه‌ر كوێت دانێن به بی ژماره‌كان هه‌ر ده‌بیته‌وه سیفر ، هیچ... هه‌تا بنوسی سیفر هه‌ر ده‌بیته‌وه هیچ ........... هیچ............هیچ ، تو شارت به جی هێشت ، تو ماڵی خوتت ڕوخان تو بێ ماڵی ، تو ناونیشانت نیه ، تو نازانی بڵیی كێی ، چیی ، چیت ئه‌وێ ، به‌ره‌و كوی ئه‌چی ... تو ده‌بیته‌وه هیچ.............. هیچ
040803
Saturday, August 14, 2004
Mnale sawa rrfendraweke gerenrayewe bo amezi dayki
مناڵه ساوا ڕفێندراوه‌که گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ ئامێزی دایکی
سوهیلا ماجدی
ڕۆژی حه‌وتی ئۆگستی 2004 مناڵێکی ته‌مه‌ن سێ هه‌فته‌یی کاتێک دایکی واته ئانیتا له شوێنی ڕاگرتنی ماشین له بازاڕگه‌ی"بریم بانک" له شاری مێلبۆرن خه‌ریکی داگرتنی شمه‌که کڕدراوه‌کانی بوو بۆ ناو سندوقی ماشینه‌که‌ی، له لایه‌ن ژن و پیاوێکه‌وه ڕفێندرا. مۆنتانای ساوا که له‌سه‌ر جێگای خۆی له لای پشته‌وه‌ی ماشینه‌که‌دا بوو، ژن و پیاوێک هێرش ده‌که‌نه سه‌ر دایکی. پیاوه‌که که به‌خێرایی ئانیتا له زه‌وی ده‌دا گیراوه‌ی پفکراوی بیبه‌ری به‌سه‌ر ده‌موچاویدا ده‌پژێنێ و هاوکات ژنه‌که پڕده‌داته مۆنتاناو له ماشینه‌که ده‌ریده‌هێنێ و ده‌یڕفێنێ. دوابه‌دوای ئه‌وه هێزه‌کانی پۆلیس ئاگاداردهکرێنهوهو ژماره‌یه‌کی 50-60 پۆلیسی دێنه شوێنی ڕوداوه‌که. دیاره سیسته‌می ئاسایشی لێره به‌جۆرێک دامه‌زراوه که له‌شوێنێکی وادا که‌سی تاوانبار به سێنایی نه‌توانێ خۆی شوێن وون بکات. کامێرا نه‌هێنیه‌کانی ئه‌و بازاڕگه‌یه وێنه‌ی ئه‌و دوو ڕفێنهرهیان تۆمارکردوه‌و به پێ ئه‌وزانیاریانه ڕفێنه‌ره‌کان ناسراونه‌وه. ڕۆژی دواتر یه‌ک شه‌ممه هه‌شتی ئۆگست ئانتانیای دایک به هاوکاری و یارمه‌تی باوکی داواکارییه‌کی بڵاوکرده‌وه‌و تیایدا داوای له ڕفێنه‌رانی مناڵه‌که‌ی کرد که هه‌رچی زووتر مناڵه ساواکه‌ی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه. هه‌روه‌ها پۆلیسیش وێنه‌ی گومانلێکراوه‌کانی که وه‌ک گوترا به‌هۆی سیسته‌می کامێرای ئاسایش پارێزه‌وه گیرابوون، به شوێنه‌کانی ده‌وروبه‌رو بازاڕگهکهدا بڵاوکرده‌وه‌و داوای له هه‌رکه‌سێک کردبوو که زانیاری سه‌باره‌ت به‌و دووکه‌سه هه‌یه به په‌له ده‌زگاکانی ئاسایش ئاگادار بکاته‌وه. جێ ئاماژه پێدانه که باوکی مۆنتانای کۆرپه که ته‌مه‌نی 48ساڵه و له‌گه‌ڵ به‌جیا ده‌ژی، گومانی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوه که په‌یوه‌ندی به کوشتنی پێاوێکهوه هه‌بێت که له ساڵی رابردوودا کوژراوه، به‌ڵام ده‌وترێ که ڕفاندنی ئه‌م کۆرپه ساوایه هیچ په‌یوه‌ندیی به‌و ڕوداوه‌وه نیه.
ڕۆژی دوو شه‌ممه کاتژمێری هه‌شتی و چل خوله‌کی به‌یانی ژنێک به‌ناوی (Lesley Jogger) که بۆ پیاسه به‌لای ماڵێکی کاولدا که که‌سی تێدا ناژی تێده‌په‌ڕێ له ناکاو گوێی له ده‌نگی گریانی مناڵ ده‌بێت. کاتێک جوانتر گوێ ڕاده‌گرێ و گوێقوڵاخ ڕاده‌وه‌ستی تێده‌گات که ده‌نگه‌که ده‌نگی کۆرپه‌ڵه‌ی ساوایه. پاش ئه‌وه‌ی له بوونی مناڵێک له‌و خانوه کاوله‌دا دڵنیا ده‌بێ به په‌له ته‌له‌فوون بۆ پۆلیسی فریاکه‌وتن ده‌کات و پۆلیسیش له‌گه‌ڵ ئامبوڵانس ده‌ستبه‌جێ ده‌گه‌نه شوێنه‌که و مناڵه ساواکه ده‌خه‌نه ژێر پشکنینی پزشکییه‌وه. ده‌گوترێ که کۆرپه ساواکه ته‌ندروستی باشه‌و جگه له‌وه‌ی که له‌لایه‌ن ڕفێنه‌ره‌کانه‌وه سه‌ری تاشرابوو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێته‌وه، هیچی دیکه‌ی لێنه‌کراوه و له ڕووی ته‌ندروستیه‌وه کێشه‌یه‌کی نیه. به‌م جۆره مۆنتانای ساوای بێ‌تاوان گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ ئامێزی دایکی و بنه‌ماڵه‌که‌ی وله نه‌خۆشخانه‌ی مناڵانی مێلبرن خرایه ژێر چاوه‌دێری زێده‌تر.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه که مناڵه‌که دۆزرایه‌وه بۆ پاشنیوه‌ڕۆکه‌ی کاتژمێر 2:30 خوله‌ک ژن و پیاوه ڕفێنه‌ره‌که خۆیان به پۆلیسی بنکه‌ی(Ballarat) له شاری مێڵبرن ناساند.
دایکی مونتانا دوای گرتنه‌وه باوه‌شی مناڵه ساواکه‌ی ووتی: من ده‌مزانی که کۆرپه‌که‌م هیچی لێنایه‌و ساخ و ته‌ندروست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلام. چونکه من دایکی ئه‌وم و له‌دڵم درابوو. هه‌روه‌ها سوپاسی مێدیای کرد که یارمه‌تی دۆزینه‌وه‌ی مناڵه‌که‌یان داوه.
ئه‌و ڕوداوه به‌ڕاستی په‌ژاره‌یه‌کی زۆری خسته دڵی خه‌ڵکه‌وه. مناڵێکی کۆرپه‌ڵه‌ی ساوا که ته‌نیا سێ هه‌فته‌یه چاوی هه‌ڵێناوه و پێیناوه‌ته ژیانه‌وه، به‌و شێوه‌یه ده‌ڕفێندرێ و پاشانیش له ناوکهلاوهیهکدا جێده‌هێڵرێ. به بێده‌سه‌ڵاتی و له‌برسان و له‌سه‌رمان ... ده‌گری و ده‌زیڕێنێ و به بێ‌زمانی هاوار ده‌کا و به ده‌نگی زارۆکانه‌ی یارمه‌تی ده‌وێ!
گه‌لۆ به‌ڕاستی ڕه‌وا نیه ئه‌وانه‌ی ئه‌وکارانه ده‌که‌ن سزای توندیان بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه دووپات نه‌بێته‌وه‌و په‌ندی لێوه‌ربگیرێ. تا چیدیکه که‌سانی نێو کۆمه‌ڵگا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی خۆیان! په‌نا نه‌به‌نه به‌ر ئاکاری ئاوا و یاری به هه‌ست و سۆزی دایک و باوکان نه‌که‌ن و کۆرپه‌یه‌کی ساوای وه‌ک مۆنتانا نه‌که‌نه ئامانج و قوربانی نه‌بێ. هیوادارم ئه‌م جۆر ڕوداوانه له ناو کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ڕوونهدهنهوهو که‌س توشی ئازار نه‌بێ.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ئهدڤهرتایزهر (Advertiser)
Friday, August 13, 2004
نامه‌یه‌ک و وڵامه‌که‌ی
پاش ڕوونکرنهوهکهی ئه‌و هێژایه‌ی ناوه‌که‌ی وه‌ک ناوی منه‌و به نوێنه‌رو پهیڤبێژی حزبی دیموکراتی کوردستان ناسراوه‌و هه‌روه‌ها نوسینی بابه‌تێک له لای منه‌وه به‌ناوی "کێشه‌ی ناو؛ په‌یڤێک له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک" دا، گه‌لێک له دۆستان و خۆشه‌ویستان و خوێنه‌رانی بابه‌ته‌کانی من له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا په‌یامیان بۆ ناردووم. ئه‌زیش به پێی ده‌رفه‌ت وڵامم داونهوهو ڕوونکردنه‌وی پێویستم بۆ نوسیون. ئه‌وه‌ی له‌خواره‌وه هاتوه یه‌کێک له‌و په‌یامانه‌یه. دیاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یامه‌که‌ی ڕه‌خنه‌یه‌و ڕووبه‌ڕووی من کراوه‌ته‌وه بڵاوی ده‌که‌مه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی خاوه‌نه‌که‌ی بهێنم. هه‌ر له ژێره‌وه وه‌ڵامه‌که‌ی خۆم و له‌ناویشیدا په‌یامێکی دیکه‌ی تێدایه که له‌و پێوه‌ندییه‌دا بۆم هاتوه. جارێکی دیکه سپاسی گشت ئه‌و خۆشه‌ویستانه ده‌که‌م که په‌یام و نامه‌یان بۆ ناردووم.
تێبینی: ئه‌م په‌یامه به پیتی لاتینی نوسرابوو که بۆ خۆم هێناومه‌ته سه‌ر ڕێنوسی ئارامی.
**************************
بۆ خالید عه‌زیزی
بابه‌ت: سڵاڤ
سڵاڤێکی گه‌رم و گوڕ
من زۆر جار بابه‌ته‌کانی جه‌نابتم خوێندۆته‌وه. به‌ڵام باوه‌ڕبکه هه‌ر وهم زانیوه کابرای سوێدییه. قه‌ت له ئیمه‌یڵ و ناوونیشانت ورد نه‌بوومه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه کاری پیری بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی زیاتر تووشی سه‌ر سوڕمانکرد شێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌ی جه‌نابت بوو. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه له‌م پاڵتاکه کوردیانه دا بیسترابا زۆر سه‌یر نه‌بوایه که زۆرکه‌س بێ هه‌ست به به‌رپرسی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام له که‌سێک که داوای نوسه‌ری ده‌کا زۆر به دوره. کابرا داوایه‌کی له جه‌نابت کردوه ده‌کرا به شێوه‌یه‌کی هێمنانه چاره‌سه‌ری بکه‌ن مه‌یدان بۆ هه‌ندێک که‌س که هه‌میشه ده‌یانه‌وێ له ئاوی لێڵ ماسی بگرن خۆش نه‌ده‌بوو. ڕه‌نگه بڵێی ئه‌م کابرایه خه‌رفاوه چۆن کابرا نوێنه‌ری حزب بێ وتاری ئاوا ناته‌با له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حزب ده‌نوسێ؟ منیش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ده‌مخوێنده‌وه. جاروباریش ده‌مکوت ئافه‌رم. ئه‌وه‌م به وه‌رچه‌رخانێک ده‌زانی. هیوادارم وه‌ڵامی منیش هه‌ر وا تون نه‌بێ. پێت وا نه‌بێ من له‌گه‌ڵ خالید عه‌زیزی گۆرین دۆست و براده‌رم ، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کم له‌گه‌ڵدا نیه. به‌ڵام هه‌ر له جێیه‌دا وه‌ڵامه‌که‌ی تۆم به دڵ نه‌بوو. نوسه‌ر ده‌بێ مه‌ندوو له‌سه‌ره‌خۆ بێ.
سه‌رکه‌وتو بی
**************************
وڵامه‌که‌ی من بۆ ئه‌و به‌ڕێزه
ڕێزدار کاک ................
سڵاوێکی کوردانه‌ی گه‌رم
سپاس بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌که‌ت. په‌یامه‌که‌تم خوێنده‌وه، ده‌ست خۆش و هیودارم له داهاتووشدا له ڕه‌خنه‌و ڕوانگه‌کانی خۆتان بێ به‌شمان نه‌که‌ن. بۆ ئاگاداری له‌و کاته‌وه ڕونکردنه‌وه‌که‌ی هاوناوی به‌ڕێزو په‌یڤه‌که‌ی من بڵاوکراوه‌ته‌وه گه‌لێک په‌یامم بۆ هاتوه. به‌ڕێزتان یه‌که‌م که‌س بوون که نوسراوه‌که‌ی من به توند و به‌په‌له‌و له‌نوسه‌ران به‌دووری زانی بێت. له ڕاستیدا من داوای نوسه‌ری ناکه‌م و ته‌نیا وه‌ک که‌سێک ڕوانگه‌کانی خۆم نوسیوه و بڵاومکردونهوه. ئه‌وجا من وڵامی ئه‌و به‌ڕێزه‌م نه‌داوه‌ته‌وه و به‌ڵکو چه‌ند تێبینیم له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌که‌ی نوسیوه. پاشان، له ناو هه‌موو نوسراوه‌که‌ی مندا بێڕێزی و به‌که‌م گرتنی تێدا نیه‌و یان ئه‌ز هه‌ستم پێنه‌کردوه!. باوڕ بکه پاش خوێندنه‌وه‌ی په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێزتان جارێکی دیکه نوسراوه‌که‌ی خۆم و ڕونکردنه‌وه‌که‌ی کاک"خالید عه‌زیزی" نوێنه‌ری حزبم خوێنده‌وه. به‌ڵام هه‌ستم نه‌کرد زێده‌بێژیم کردبێ. گه‌ر هه‌ست بکه‌م نا ڕه‌واییم به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه کرد بێت ئه‌وه هه‌رده‌م ئاماده‌ی به‌خۆدا چوونه‌وه و ڕاستکردنهوهم.
به‌ڕیزتان ده‌بێژن که" کابرا داوایه‌کی له جه‌نابت کردوه ده‌کرا به شێوه‌یه‌کی هێمنانه چاره‌سه‌ری بکه‌ن مه‌یدان بۆ هه‌ندێک که‌س که هه‌میشه ده‌یانه‌وێ له ئاوی لێڵ ماسی بگرن خۆش نه‌ده‌بوو ". کاک .....ی خۆشه‌ویست، بۆخۆت له ڕاگه‌یاندن کارت کردوه‌و شاره‌زایت له‌و بواره‌دا هه‌یه. ئه‌و به‌ڕێزه ڕونکردنه‌وه‌ی بۆ گشت لایه‌ک بڵاوکردۆته‌وه و مه‌به‌ست ئاگادار کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و خوێنه‌ران و ...بووه. نه‌ک داواکردن له‌من. ناوبراو ژماره ته‌له‌فوون و ئه‌دره‌سی ئیمه‌یڵی منی هه‌یه‌و هه‌روه‌ک به وته‌ی به‌ڕێزتان له "وڵامدانه‌وه" که‌شدا ئاماژه‌م پێداوه به‌ته‌له‌فوون پێکه‌وه سه‌باره‌ت به‌و کێشه‌یه پهیڤیوین. هه‌ر ئه‌وکات پێشنیارم پێ‌کرد که" پێکه‌وه ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن بنوسین"، به‌ڵام ئه‌و هێژایه پێیباش نه‌بوو!. داوای ئه‌و ئه‌وه بوو که پاشگرێک پێشگرێک بۆ ناوه‌که‌م دانێم!!. ئه‌وه‌ش به‌لای منه‌وه نه‌باش بوو. چونکه ده‌یان نوسراوه‌م به به‌بێ پاشگرو پێشگر وه‌شاندوه، ئه‌دی ئه‌وان چی لێبکه‌م!. دوایه‌ش من ناوم ئه‌وه‌یه. کورد گوته‌نی" قوڕی کوێ به‌سه‌ر خۆمدا بکه‌م". ئه‌وجا گه‌ر داواکردن له‌من بوایه پێویست نه‌بوو بۆ گشتی بوه‌شێنێ و ناویشی "ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک!" بێ. دوایه‌ش ڕوونکردنهوهکهش ده‌کرا به شێوه‌یه‌کی دیکه بێت. بۆ وێنه ده‌کرا: بنوسێ که (ماوه‌یه‌که به هۆی نوسینه‌کانی (فڵانهکهسهوه- یان که‌سێک به‌ناوی....) که له ئوسترالیا ده‌ژی کۆمه‌ڵێک پرسیارم ڕووبه‌ڕوو بۆته‌وه. به گشت لایه‌کی ڕاده‌گه‌یه‌نم که ئه‌و نوسراوانه هی من نین یان هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به‌منه‌وه نیه). گه‌لۆ پێت وا نیه باشتر ده‌بوو گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه وه‌ک ئه‌وه یان به‌شێوه‌یه‌کی دیکه بینوسیایه ؟. تکا ده‌که‌م جارێکی دیکه ڕونکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه بخوێنه‌وه.
ئه‌و به‌ڕێزه که نیازێکی وای هه‌بوو هه‌روه‌ک پێشتر پێشنیارم پێ‌کرد و باشترین ڕێگاش هه‌ر ئه‌وه بوو که پێکه‌وه ڕونکردنهوهکهمان بڵاوبکردایهوه، دڵنیام هیچیش له شان و شه‌وکه‌تی ئه‌و به‌ڕێزه که‌م نه‌ده‌بوه‌وه!!و که‌سیش له ئاوی لێڵ ماسی نه‌ده‌گرت.
ڕونکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزه منی خستبوه ژێر هێمای پرسیار و وه‌ک ئه‌وه وابوو من به ناڕه‌وا هه‌وڵی به‌کارهێنانی ناوی ئه‌وم دابێ!؟. ئه‌وه‌ش ڕه‌وا نیه. ئه‌ز پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه ببێته نوێنه‌ری حزب نوسینم بڵاوکردۆته‌وه و پاش ئه‌وه‌ش کاری خۆم درێژه پێداوه. به‌داخه‌وه نوسراوه‌کانی من پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه بوه نوێنه‌ری حزب به‌ناوی ئه‌و تومار کران!!. به‌ڕاستی که په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێزتانم خوێنده‌وه سه‌رم سوڕما. ته‌نانه‌ت به‌ڕێزیشتان به هی ئه‌وتان زانیوه!.
گه‌لێک دۆست و ناسیاو له ناوه‌وه سه‌باره‌ت به نوسراوهکانم پێوه‌ندییان پێوه کردوم، و لێیان پرسیوم که هی منن یان هی ئه‌و هاوناوه هێژایهن و ئه‌زیش وڵامم داونه‌وه. له‌ناو ئه‌وانه دا براده‌رێک له زانکۆی ....ه‌وه گه‌لێک ده‌ستخۆشانه‌و په‌سند بێژی نوسیبوو. ئه‌ویش وه‌ک به‌ڕێزتان له‌وه‌ی خۆشحاڵ بوو که له ناو حزبدا ڕوانگه‌ی جیا جیا هه‌یه‌و ده‌ربڕینیشیان ئازاده. پاشان گله‌ییه‌کی له حزب هه‌بوو که وڵامی په‌یام و ئیمهیڵان ناده‌نه‌وه‌و وادیاره پێیان گرنگ نیه که‌سیان هه‌بێت له ناوه‌وه!!. خۆشحاڵی ده‌ربڕیبوو که منی وه‌چنگ که‌وتوه. ئه‌زیش به‌درێژی بۆم نوسی و ئاگادارم کرده‌وه که ئه‌و نوسراوانه هی منن و ئهدرهسهکانی حزبم به ژماره ته‌له‌فوونیشه‌وه بۆ نوسیی و بۆم نارده‌وه و پێشم گوت که من حزبی نیم یان من ئه‌وه نیم که نوێنه‌ری حزبه.
له کۆتاییدا سه‌باره‌ت به مه‌ندیی و له‌سه‌ره‌خۆیی، ده‌بێ بڵێم به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌ک به‌ڕێزتان ده‌بێژن نوسه‌ریش بم، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌ز ده‌ناسن و له نزیکه‌وه ئاگایان له هه‌ڵسوکه‌وتی منه پێیان وایه ئه‌وه‌نده مه‌ندم که بێتامم کردوه. ئه‌وه‌ش نموونه‌ی یه‌کێک له‌و په‌یامانه‌ی بۆم هاتبوو:
كاكه خالێدی خۆشه‌ویست
سڵاوی دوباره . هه‌م ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی كاك خالێدی نۆێنه‌ری ح.د م خوێندووه‌ته‌وه هه‌م ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش (له كوردستانپۆست). وه‌رامێكی موئه‌ده‌بانه و پڕ بوو. ده‌سته‌كانت خۆش بن. چاوه‌كانت ماچده‌كه‌م
دڵنیام سه‌رم ئێشاندی و له‌و باره‌وه داوای لێبوردن ده‌که‌م و جارێکی دیکه‌ش سپاس بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌که‌ت. هیوادارم له داهاتووشدا په‌یوه‌ندیمان پێکه‌وه هه‌بێت و جیاوازی بیرکردنه‌وه نه‌بێته هۆی ساردی. سروشت و مرۆڤ به جیاوازییه‌کانیه‌وه جوان و له دڵا شیرینه.
پڕ به‌دڵ هیوای سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌خوازم
له‌گه‌ڵ ڕێز‌و سڵاوی دوباره
خالید عه‌زیزی
13ی گه‌لاوێژ 27043ی ئۆگۆست 2004
Tuesday, August 10, 2004
Shepole turrekan neyantwaniy wrey se
شه‌پۆله تووڕه‌کان نه‌یانتوانی وره‌ی سێ مێرمنداڵ تێک بشکێنن!
یه‌که‌مجار له سایتی "دێمانه" بڵاوکراوه‌ته‌وه
چیڕۆکی ڕزگاربوونی سێ مێرمنداڵی ئهبروجینی له باکوری کوینزله‌ند له‌ناو شه‌پۆله تووڕه‌کانی ئاوه‌کانی ژوورودا، له یه‌ک دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا ببووه وێردی سه‌ر زمانی رادیۆ‌و تهلهڤیژنهکانی ئوسترالیا. هه‌موومان ده‌زانین که دانیشوانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌وییه پانه که ناوی ئوسترالیایه‌و گه‌وره‌ترین دورگه‌ی ئابلوقه‌دراوه به ئاوه‌کانی ئۆکینی ئیندین و پاسفیک له دولاو سه‌ره‌وه‌و به‌سته‌ڵه‌کی باشورییش له لای خواره‌وه. خه‌ڵکانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م پانتاییه وشکه‌ی ناو ئاوه‌کانی خواروی گۆی زه‌وی(ئوسترالیا) نوکه به ئهبروجینی ناسراون. ئهبروجینهکان ڕه‌نگییان له نێوان قاوه‌یی تۆخ و نزیک ڕه‌شدایه. تا نزیک دوسه‌د ساڵ پێش ئیشتا به بێئاگایی له دنیای ده‌وروبه‌ریان هه‌روه‌ک مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌کان ژیاون و له‌گه‌ڵ سروشتی ئه‌م ناوه ته‌باو ڕاهاتوو بوون و هیچ هه‌وڵی پێشکه‌وتن و داهێنانیان نه‌داوه. ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خاوه‌نی دین و زمان و که‌ڵچه‌ری خۆیان بوون و ئیشتاش هه‌ن. ماندوو نه‌ناس و پشت به‌خۆ به‌ستوو و خۆڕاگرن. تا ئێستاش به که‌ڵچه‌رو داب و نه‌ریتی خۆیانه‌وه نوساون و ده‌یپارێزن و گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ن.
کاتێک که ئوسترالیا له لایه‌ن سپیه‌کانه‌وه دۆزرایه‌وه بۆ بریتانیای گه‌وره کلۆره دارێکی هه‌ڵچندراو به شانه‌ی پڕ له هه‌نگوین بوو. ئه‌وان پاش ئه‌وه‌ی پێیان که‌وته سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌و هه‌ستیان به بوونی خه‌ڵک و ژیان کرد به زمانی داگیرکردن دوان و ئه‌مه‌ش بوه هۆی ئه‌وه‌ی ململانێ له نێوان داگیرکه‌رو خاوه‌ن ماڵدا چێببێ. ململانێیه‌ک که قڕکردن و له‌ناوبردنی به ده‌یان هه‌زا که‌سی دانیشتوانی ئه‌م خاکه‌ی به‌دواوه بوو. باسه‌که‌مان ده‌سه‌ڵاتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م مێژوه‌ی نیه‌و له ڕاستی دا مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه چیرۆکێکی دورودرێژ و پڕ نه‌هامه‌تیه‌و له‌م پێوه‌ندییه‌دا گه‌لێک چیرۆک و نوسراوه بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت فیلمیش چێکراوه.
سه‌رچاوه: به‌رنامه‌ی 60خوله‌ک(60minutes)ی کاناڵی نۆی ئوسترالیا.