ڕفاندن تاوانێکی نامرۆڤانه‌و قێزه‌ون
ڕفاندن تاوانێکی نامرۆڤانه‌و قێزه‌ون
خالید عه‌زیزی
ئاکاری ڕفاندنی مرۆڤه‌کان له‌لایه‌ن مرۆڤ خۆیه‌وه وه‌ک دیارده‌یه‌کی باو ڕۆژانه به بڕوبیانوی جیاواز‌و له ژێر ناو‌و پاساوی بێجێ و بۆ مه‌به‌ستی جیا‌و زۆرتر نامڕۆڤانه له شوێنه‌کانی جیهاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێ. له یه‌کساڵی ڕابردوودا و به‌تایبه‌ت پاش تێکته‌پاندنی ڕژیمی ڕگه‌زپه‌ره‌ست و شۆڤێنیستی به‌عس ، ڕفاندنی کرێکارانی کۆمپانیه بیانی و ئه‌مریکیه‌کان، ئه‌ندامانی خیزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، به‌رپرسانی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تی و سیاسیه‌کان له ئیراک له لایه‌ن ڕیکخراوه تێرۆریستیه ئیسلامیه‌کان و گروپه ناڕازییه‌کانی ئیراکی و پاشماوه‌کانی ڕژیمی ڕووخاوو ده‌سته‌و تاقمی مشه‌خۆره‌وه له‌و وڵاته‌و گه‌ڵێک جار سه‌رپه‌ڕاندنیاین به‌شمشێره باوه‌که‌ی ده‌ستی جیهادگه‌ران، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفره بۆته جێگای سه‌رنج و گرنگی پێدانی داموده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌یی و جیهانی. ئایا به‌ڕاستی ئاکاری ڕفاندن ته‌نیا له ئیراک و له جوگرافیایه‌کی ته‌سکدا بوونی هه‌یه؟ ئایا ڕفاندن یه‌کجۆره‌و ته‌نێ له ڕێگای تاکه‌کان یان تاقمی بچوکه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن؟ ئایا ده‌وڵه‌تان و ده‌سه‌ڵاتدارن هیچ فڕیان به‌و ئاکاره نامرۆڤانه‌وه نیه؟ یان به‌ڕاستی مه‌به‌سته‌کانی ڕفاندن هه‌ر یه‌کن؟ ئه‌مانه‌و گه‌له‌پرسیارێکی دیکه ده‌توانێ هزری مرۆڤ به‌ره‌و تێڕامانی قووڵ په‌لکێشت بکه‌ن. له‌م بابه‌ته کوردته‌دا به پێی توانا هه‌وڵده‌ده‌م به‌دوای وڵامی پرسیاره‌کان بکه‌وم و ئه‌وه‌نده‌ی بکرێ وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه.
به‌گشتی ده‌کرێ بێژین سێ یا چوار مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له پشت ئاکاری ڕفاندنه‌وه هه‌ن. ده‌ست درێژی. به‌کارهێنانی ڕفێندراو وه‌ک بارمته‌و ئامرازی پاڵه‌په‌ستۆ بۆسه‌ر به‌رامبه‌ر له پێناوی وه‌دیهاتنی ویستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری. بۆ له‌جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی جێگای نه‌بوونی مناڵ له ناو هێندێک بنه‌ماڵه‌ی نه‌زۆکداو هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی. ڕفێنه‌رانیش له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکتاتۆڕو توتالیتێر‌و داگیرکه‌ر له‌لایه‌ک و ده‌سته‌و تاقمی به‌رژه‌وه‌ندخواز، ئایدیۆلۆژیست‌و ئاینی له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ن که به‌رپرسیارانی زۆرتری ئه‌و کرده‌وه نامرۆڤانه‌یه‌ن. گه‌لێک جاریش ئاکاری ڕفاندن له لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌ته‌وه کاری بۆده‌کرێ و سه‌ره‌نجام جێبه‌جێی ده‌که‌ن. له‌وانیش بترازێ تاکه‌که‌س زۆرجار له‌پێناوی تێرکردنی حه‌زی سێکس یان خۆده‌ربازکردن له کێشه‌و گۆڵمه‌زو یانیش بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی دراوی و هیدیکه‌دا، په‌ناده‌به‌نه به‌ر ڕفاندن.
ڕفاندنی کوردانی خه‌باتکارو تێکۆشه‌ر به‌تایبه‌ت ژنانی کورد له باکوری کوردستان له لایه‌ن ده‌زگاکانی پۆلیس و میتی ڕژیمی که‌مالیستی تورک و بێڕێزی و ئه‌تککردن و ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاردانی جه‌سته‌ییان. وه‌زاڵه‌هاتنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له خێوه‌تگه‌کانی سنوری ئوردن و ئۆردوگای ئه‌ڵتاش له لایه‌ن عروبه‌وه به‌تاوانی کوردبوون و دژایه‌تیکردنی ئێران، ڕفاندنی مناڵ و گه‌نجان و به‌تایبه‌ت کچان له زۆر شوێنی جیهان و به‌بارمته‌گرتنیان له پێناوی ده‌سکه‌وتی دارایی و تێرکردنی حه‌زی سێکسی. گه‌له‌کۆمه‌گه‌ی چه‌ندین ڕێکخڕاوی سیخوڕی وڵاتان وه‌ک موساد، سی. ئای. ئه‌ی، میت و گه‌لێک ڕێکخراوی دیکه‌ی سیخوڕی نێونه‌ته‌وه‌یی له پێناوی له‌داوخستن و سه‌ره‌نجام ڕفاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆکی په‌که‌که و گه‌ڵێک ڕوداوی دیکه هه‌مویان ئاکاری ڕفاندنن. له سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ئاکاری ڕفاندن وه‌ک ئامرازێکی گرنگی پاڵه‌په‌ستۆ بۆسه‌ر حکومه‌ت و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان له لایه‌ن هیزه شۆڕشگێڕ‌و نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازه‌کانه‌وه به‌کار هێنراوه و له به‌رامبه‌ریشدا ڕفاندن و شوێنه وون کردنی که‌سانی دژبه‌رو به‌رهه‌ڵستکاری سه‌ربه‌خۆو لایه‌ندار له لایه‌ن داموده‌زگا ئاسایش پارێزه‌کانی ڕژیمه دیکتاتۆڕو سه‌رمایه‌دارو سوسیالیست و تۆتالیتيره‌کانیش وه‌ک ئامرازێک بۆ سه‌رکوتانه‌وه‌و له نێوبردن و پلیشاندنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازی و دژه‌کان به سیاسه‌ت و ئاکاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران به‌کارهاتوه‌و نوکه‌ش هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.
ڕفاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان له ساڵی 1998 له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیه‌و به هاریکاری ڕێکخراوه سیخوڕیه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریکا، ئیزرایل، تورکیا، یۆنانستان و گه‌لێکی دیکه وێنه‌یه‌که له گه‌لکۆمه‌گه‌ی وڵاتان له پێناوی ڕفاندنی که‌سێکدا. له کاتێکدا ئه‌و که‌سه خاوه‌نی پێگه‌ی سیاسی و به ده‌یان هه‌زار لایه‌نگر بوو. هه‌ربۆخۆشی چووبوه ئوروپا‌و داوای په‌نابه‌ری کردبوو. به‌ڵام له‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری نه به‌په‌نابه‌ر وه‌ریانگرت و نه توانیان ڕێ له ڕفاندنه‌که بگرن. ئه‌وکات ئوروپیه‌کان له ترسی ئه‌مریکاو له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری نه‌یان توانی وه‌ری بگرن و بیپارێزن. ئه‌مڕۆش ئه‌مریکی و ئوروپیه‌کان بۆ خۆیان بوونه ئامانجی ڕفاندن و سه‌ربڕین.
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا زۆرجار ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی له پشتی ئه‌و کاره نامرۆڤانه‌وه‌ن به پشت به‌ستن به ئایدیۆلۆجیا و دین جێبه‌جێ ده‌کرێن و ڕه‌وایه‌تیان پێده‌درێ. بۆ وێنه ئه‌وه‌ی ئه‌ڤروکه له گۆڕپانی ئیراک جێ به‌جێ ده‌کرێ و به‌ڕێوه‌ده‌چێ به‌ناوی ئاین و له دژی لادان له‌دین و داگیرکردنه!و ئایه‌تی جیهادی دوا کتێبه‌که‌ی خوا "قورئان"وه‌ک کتێبی پیرۆزی موسموڵمانانیشی له پشته. به‌مه‌ش له ناو موسڵمانان و به‌تایبه‌ت عروبه‌دا که خۆشیان به خاوه‌نی دینی ئیسلام و زمانه‌که‌یان به‌زمانی خوا ده‌زانن، ڕه‌وایه‌تی پێدراوه‌و سڵی لێناکه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن گه‌لێک ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاوه ده‌ستیان له پشتی ده‌درێ و پشتگیریان ده‌کرێ. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا و بۆ به‌ڕه‌وا نیشاندانی ئه‌و کارانه گه‌لێک ده‌زگای ڕاگه‌یاندن وه‌ک به‌رزه‌وێژی ئه‌و گروپانه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و خزمه‌تی ئامانجی ئه‌و گروپانه‌یان کردوه. ئه‌و گروپانه بۆ هه‌ر ئاکارێکیان ناوێک له خۆیان ده‌نێن و هه‌موو ناوه‌کانیش هێمای دینی و ئایدیۆلۆجیان پێوه‌دیاره. له پاڵ ئه‌و ئاکارنه‌شه‌وه جۆره ڕفاندنێکی دیکه له‌و وڵاته بره‌وی په‌یا کردوه که بۆ مه‌به‌ستی وه‌ده‌ست هێنانی ده‌ستکه‌وتی نه‌ختینه و دارایی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیری و که‌متر مێدیاو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن خۆی له قه‌ره ده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی و بشێوی و بێیاسایی له و وڵاته‌و ئه‌مه‌ی دوهه‌میان له‌گه‌ڵ یه‌که‌میان جیاوازی هه‌یه.
له باکوری کوردستان که له‌بن ده‌ستی داگیرکه‌رانی تورک‌دا ده‌ناڵێنێ ئاکاری ڕفاندن بۆ مه‌به‌ست و ئامانجی جیا که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ و تا ئه‌وپه‌ڕی بێزه‌له‌تی و قێزه‌ونی ده‌ڕوا. ئه‌گه‌رچی ئاکاری ڕفاندن له‌و مه‌ڵبه‌نده بۆ کپ و بێده‌نگ کردنی ده‌نگی هه‌رده‌م کپکراوی کوردان له‌دژی ئه‌م نه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چی و زیاتر ئه‌و تێکۆشه‌رانه ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی ڕفاندن که له پێناوی مافی مرۆڤی کوردان‌دا کارده‌که‌ن ئه‌ندام یان لایه‌نگری پارتیه‌کی کورد یان ڕۆژنامه‌وان و یانیش پارێزه‌رێکی مافه‌کانی مرۆڤن. به‌ڵام له ناو ئه‌واندا ژنانی کوردستانی که له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رو ماندوونه‌ناسانه بۆ ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌یان و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی ژنان تێکۆشاون و ئازایه‌تی و بوێریان له‌خۆیان نیشانداوه، به‌شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ترو بۆ مه‌به‌ستی بێڕێزی و چاوشۆڕکردنی کوردان ده‌ڕفێندرێن، زیاتر ئازارده‌رو دڕندانه‌یه. ڕه‌نگه زۆربه‌تان چه‌ندین چیڕۆکی له‌و بابه‌ته‌تان له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه بیستبێ که چۆن ژنانی باکوری کوردستان له لایه‌ن پۆلیس و میت و داموده‌زگای ڕژیمه فاشیستیه‌که‌ی تورکه‌وه ده‌ڕفێندرێن و پاش چه‌ندین ڕۆژ بێڕێزی و ده‌ستدرێژی به بێهۆشی فڕیده‌درێن. ئه‌مه‌یان ده‌وڵه‌ت و گۆیا به‌ڕێوه‌به‌رو پارێزه‌ری یاسا ئه‌نجامی ده‌دا و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش له‌لایه‌ن گروپی له‌یاسابه‌ده‌رو توندڕێوه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێ. هه‌ردوکیشیان ناوی ڕفاندنه و ته‌نێ مه‌به‌سته‌کان و بکه‌ره‌کان لێک جوێن.
له وڵاتانی ئازاد و خاوه‌ن یاسا و دیموکراتیکیش ڕفاندن هه‌بوه‌و هه‌یه‌و له داهاتوشدا وادیاره ده‌بێ. له‌م وڵاته پێشکه‌وتوانه ئاکاری ڕفاندن بره‌وی هه‌یه‌و گه‌لێک جار چاوی کامێرا‌و چاوه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کان به‌خۆیه‌وه خه‌ریک و سه‌رقاڵ ده‌کات. مه‌به‌سته‌کان بۆ ئه‌وکاره و پاساوه‌کان بۆ ئه‌و پێشێلکاریه له‌وه‌ڵاتانێک که یاسا سه‌روه‌ره‌و مافی مرۆڤ تاڕاده‌یه‌کی باش پارێزگاری لێده‌کرێ ده‌بێ چ جیاوازیه‌کی هه‌بێ؟ له‌و شوێنانه ئامانج و مه‌به‌ست و پاساوه‌کانی ڕفاندن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه که له سه‌رێ باسمکردن لێک جوێن له‌کاتێکدا که پێشێلکاریه‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نین و به‌چاو وڵاتانی تۆتالیتار‌و نادیموکرات و پاشکه‌وتوو ئه‌گه‌ر هه‌شبن له‌ڕاده‌یه‌کی فره‌که‌مدان و زۆرتر له‌لایه‌ن گروپی چه‌ند که‌سی یان تاکه‌که‌سه‌وه ئه‌نجامده‌درێن. وه‌ک ده‌بینین و به‌ووته‌ی خۆشیان ڕفێنه‌ران له ئێراک ئه‌وانه‌ی نامرۆڤانه خه‌نجه‌ر به‌کارده‌هێنن و سه‌ری ڕفێنراوه‌کان ده‌بڕن، مه‌به‌ستیان ترس وه‌برنان و تۆقاندن و پاڵه‌په‌ستۆ خستنه‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ناوی داگیرکه‌ریان لێناون و هێندێکجاریش بۆ ترساندنی ئه‌و وڵاتانه‌ی که بۆ سه‌رکه‌وتنی به وته‌ی ئه‌وان پیلانی داگیرکه‌ران(ی‌و ئێس ئه‌ی)له ئێراکن، ئه‌نجام ده‌درێن. له‌پاڵ ئه‌وانیشدا و له‌ژێر کاریگه‌ری بارودۆخی ئاڵۆزی ئه‌و وڵاته، گه‌لێک گروپ و تاقمی هه‌لپه‌ره‌ست و به‌رژه‌وه‌ند خواز بازرگانان و ده‌ستڕۆیشتویان یان مناڵه‌کانیان ده‌ڕفێنن له پێناوی وه‌ده‌ست هێنانی پاره‌و دراودا. نوێترینیشیان ڕفاندنی بازرگانێکی ئوردنی عاره‌به که ده‌خوازن 250هه‌زار دۆلاری پێ وه‌رگرن!. هه‌روه‌ک گوترا له باکوری کوردستانیش ده‌وڵه‌تی تورک له لایه‌ک به‌مه‌به‌ستی دامرکاندن و چاوترسێنکردنی خه‌باتکارانی کورد و له‌لایه‌کی دیکه‌ش بۆ چاوشۆڕکردنی کورد ئه‌و ئه‌تواره نامرۆڤانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌میان ده‌وڵه‌ت و گوایه پارێزه‌رو جێبه‌جێکه‌ری یاسان و ئه‌ویشیان ترۆریست و هه‌لپه‌ره‌ست و به‌رژه‌وه‌ند خواز. ئاکاره‌که له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا نامرۆڤانه‌و دور له ڕه‌وشت و ناژیرانه‌یه.
ئوسترالیا که یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه ده‌کرێ بگوترێ بایه‌خه مرۆڤایه‌تیه‌کان جێگای گرینگی پێدانن و ماف و ئه‌رکه‌کان بۆ هه‌موان وه‌ک یه‌کن، که‌چی ماوه‌ماوه له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه گوێمان له هه‌واڵی ڕفاندنی کچێک، مناڵێکی ساوا و هیدیکه ده‌بێ. لێره مناڵێکی ته‌مه‌ن له‌نێوان یه‌ک بۆ دوانزه تا پانزه ساڵ و زۆرتر له ڕه‌گه‌زی مێ ده‌ڕفێندرێن.
گه‌ڵێک جار گوێمان لێبوه و خوێندومانه‌ته‌وه که مناڵێک ڕفێندراوه‌و پاش ڕفاندنه‌که‌ی ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ر و دواتر کوشتویانه یان هێندێک جار ئاشکرابوه و له لایه‌ن ده‌زگاکانی ئاسایش پارێزه‌وه ڕزگارکراوه. وه‌ک ده‌بینین ئه‌م شێوه‌یه له ده‌ستدرێژی و بێڕه‌وشتیه له پێناوی تێرکردنی حه‌زی سێکس ئه‌نجام ده‌درێ و ئامرازه‌که‌ش مناڵانی که‌م ته‌مه‌ن و بێده‌سه‌ڵاتن. که‌چی تورکه‌کان به‌ناوی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورک و بۆ مه‌به‌ستی چاوشۆڕکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و چۆک پێدادانی تێکۆشه‌رانی ڕێگه‌ی ڕزگاری بێمافان ئاکاری ڕفاندن و پاشان ده‌ست درێژی جێبه‌جێ ده‌که‌ن و به‌و حاڵه‌ش پێیان ده‌گوترێ تیرۆریست!!. ئاکاری ده‌ستدرێژی له زۆر جێگا‌و به‌مه‌به‌ستی دیکه بۆ وێنه چۆکپێدادانی به‌ندیه‌کان له به‌ندیخانه‌و گه‌لێک شوێنی دیکه ئه‌نجام ده‌درێ. باسه‌که‌ی ئێمه په‌یوه‌ندی به‌ڕفاندنه‌و بۆیه له بازنه‌ی باسه‌که ده‌ناچم. هه‌روه‌ک ده‌بینین ئه‌و دوئاکاره له دوو شوێن و بۆ دوو مه‌به‌ستی جیا جێبه‌جێ ده‌کرێن. که‌چی له نێوه‌ڕۆکدا هه‌ردوکیان ڕفاندن و دسترێژین به‌ڵام دو حه‌زو مه‌به‌ستی جیایان له‌پشته‌وه‌یه. حه‌زی تێرکردنی سێکس له‌لایه‌ک و له‌ولاتریش ئاکاری سێکس له گه‌ڵ ڕفێندراوێک بۆ به‌چۆکداهێنان و چاوشۆڕکردنی نه‌ک تاکه که‌سێک به‌ڵکوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک. هه‌ردوکی تاوان و ده‌ست درێژی و بێڕه‌وشتیه. له‌م دۆخه‌دا سه‌ره‌ڕای وه‌ک یه‌کی ئاکاره‌که به‌ڵام ئه‌نجامده‌ران هه‌روه‌ک مه‌به‌سته‌کان لێک جوێن. یه‌کیان تاکه که‌سه و مه‌به‌سته‌که‌ش حه‌زی تاکێکی نه‌خۆشه. به‌ڵام ئه‌ویدیکه‌یان ده‌سه‌ڵات ویاسای له‌پشتیه‌وه‌یه‌و وشیارانه بۆ داڕوخان و پێخوست کردنی هه‌ست و بوونی مرۆڤه بێمافه‌کانی کورد دێته ئه‌نجامدان. جا لێره‌دا خوێنه‌ر بۆخۆی ده‌توانێ ڕاده و ڕێژه‌ی تاوانه‌کان لێک دورونزیک بکاته‌وه‌و به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی لێکیان هه‌ڵاوێرێ‌و بیان پێوێ.
له‌بابه‌ت ڕفاندنی که‌سێک و به‌کارهێنانی ڕفێندراو وه‌ک بارمته‌و هه‌ڕه‌شه به کوشتنی له پێناوی ده‌سکه‌وتی سیاسی، ئابووری وهێندێکجار ویستی کۆمه‌ڵایه‌تیشدا دیسان بارمته قوربانیه‌و زیانلێکه‌وتووی سه‌ره‌کیه. ڕنگدانه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌یه‌یان ده‌توانین له ناو فیلمه‌کانی هاڵیوودا به سێنایی ببینین. ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات ئه‌م ڕه‌وشه بوونێکی له‌مێژینه‌ی هه‌یه‌و شتێک نیه ته‌نێ له ئه‌مڕۆی ئیراکی دوای سه‌دامدا بینرا بێت. ڕه‌نگه ته‌نیا لایه‌نی جیاکه‌ره‌وه‌ی ڕفاندنه‌کانی ئیراکی ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی کرداره‌که له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژی و دین(ئیسلام) و هه‌روه‌ها سه‌ربڕینی بارمته ڕفێنراوه‌کان له‌به‌رچاوی کامێرادا وه‌ک ئه‌توارێکی ئاینی دیانپیانراو بێت. به‌ڵام، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌سته‌کان لێک جیان ئه‌میان له‌ویتریان قێزه‌ون و نامرۆڤانه‌و هۆڤانه‌تره که‌چی له‌نێوه‌ڕۆکدا کرده‌وه‌کان کرده‌وی ڕفاندن و پاساوه‌کان هه‌ر له‌ده‌وری ئامانجی سیاسی و ئابووری ده‌خولێنه‌وه. دیاره زۆرتر ئه‌و ڕفێنه‌رانه ڕفێندراوه‌که‌ی خۆیان ده‌کوژن که ئایدۆلۆژی و مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته‌وه بێت وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئیراکی پاش سه‌ددام. که‌چی گه‌لێک له‌وانه‌ی بۆ ویستی ئابووری ده‌ڕفێندرێن زۆرتر ڕووبه‌ڕووی ئازاردانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ده‌بنه‌وه‌و که‌متر گیانیان لێده‌ستێنن.
شێوه یان جۆرێکی دیکه‌ی ڕفاندن، ڕفاندنی مناڵانی کۆرپه‌و تازه له دایک بوویه. ئه‌م شێوه‌یه‌یان ئه‌گه‌رچی بایه‌خێکی که‌می پێده‌درێ و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن وه‌ک ئه‌وانه‌ی به‌مه‌به‌ستی سیاسی ده‌ڕفێندرێن وه‌شوێنیان ناکه‌ون، به‌ڵام تا ئێستاش شێوه‌یه‌کی باوه‌و له‌وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌ت له ئوروپا ڕۆژانه ڕووده‌دا. له‌میانا هه‌ندێک جار بنه‌ماڵه نه‌زۆکه‌کان بۆخۆیان بۆسه بۆ ڕفاندنی مناڵان داده‌نێن و ده‌یان ڕفێنن. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م شێوه‌شیان زۆرجار له لایه‌ن ده‌سته‌و تاقمی جۆراوجۆر بۆ په‌یدا کردنی پاره‌و سامان، مناڵانی کۆرپه ده‌ڕفێنن و به بنه‌ماڵه نه‌زۆک و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیان ده‌فرۆشن. ئه‌م دیارده‌یه‌ش دیارده‌یه‌کی نوێ نیه‌و له ڕابردووی نه‌زۆر دوریشدا ئاکاری له‌و بابه‌ته له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ئه‌نجامدراوه. بۆ وێنه پاش دۆزینه‌وه‌و داگیرکردنی ئوستڕالیا هه‌زاران مناڵی ئه‌بروجینه‌کان واته دانیشتوه ڕاسته‌قینه‌کانی ئه‌م وڵاته له لایه‌ن سپیه‌کانه‌وه ڕفێندراون. ده‌کرێ بێژین ئه‌م تاوانه له پێناوی بڕاندنه‌وه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌و گۆڕینیاندا به تێکهه‌ڵکێش کردنیان له‌گه‌ڵ سپیه‌کان و ڕه‌شکردنه‌وه‌ی هزرو هۆشیان سه‌باره‌ت به ڕابردوو بنه‌چه‌یان له پڕۆسه‌یه‌کی درێژماوه‌دا بوه.
ئاکاری ڕفاندنی کۆرپه‌ڵه‌کان له‌م سه‌رده‌می پێشکه‌وتن و شارستانیه‌ته‌دا له ئوروپای لانکی شارستانی و پێشکه‌وتن و شۆڕشی دیموکراسی و پیشه‌سازیدا له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و بنبڕکرن چووبێت ته‌شه‌نه‌ی کردوه"به‌پێی هه‌واڵی میدیا‌و رِۆژنامه‌كانی ئییتالیا باندێكی ده‌ڵاڵانی مناڵ فرۆش له‌لایه‌ن پۆلیسی ئییتالیه‌وه ده‌سگیر كراون (كه سێ ئیتالی و سێ بولغارین)، ئه‌م بانده ژنانی دوو گیانی بولغاری به فیزه‌ی سیاحه‌ت و به ناوی سیاحه‌ته‌وه ده‌هێنن بۆ یه‌كێك له‌خه‌سته‌خانه‌كانی نزیك شاری (میلانۆ)ی ئییتالیا، دوای له‌دایك بوونی كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی، مناڵه تازه له دایك بووه‌كه ده‌فرۆشری به‌خێزانه ئیتالیه‌كان. نرخی یه‌ك مناڵی كچ 5000 ئیورو و نرخی یه‌ك مناڵی كوڕ 10000 ئیورۆیه"1. به‌پێی ئاماره‌کان ساڵانه له ئیتالیا 400 مناڵ ده‌ڕفێندرێ و ده‌فرۆشرێ.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێدا له ئوسترالیاش ئاکاری ڕفاندن مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای داگیرکردنی ئه‌م وڵاته. ئه‌و کات له‌لایه‌ن داگیرکاره سپیه‌کانه‌وه به‌مه‌به‌ستی سیاسی و بۆ توانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی بوه به‌ڵام ئێستا ڕفاندنی مناڵان بۆ مه‌به‌ستی له جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی بێ منداڵی و گه‌لێک جار ده‌ست درێژی ئه‌نجام ده‌درێ. دواترین ئاکاری ڕفاندن له ئوسترالیا ڕفاندنی مناڵێکی مه‌لۆتکه‌ی سێهه‌فته‌یی بوو که "ڕۆژی یه‌کشه‌ممه حه‌وتی ئۆگستی 2004 له شوێنی ڕاگرتنی ماشین له بازاڕگه‌ی "بریم بانک" له شاری مێڵبۆڕن ڕوویدا"2. پاش نزیک سێ‌ڕۆژ مناڵه‌که دۆزرایه‌وه و ڕفێنه‌ران خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌دا. مناڵێکی سێ هه‌فته‌یی بۆ ده‌ڕفێندرێ و چ ده‌سکه‌وتێکی پێ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ و له پێناوی چ ئامانجێکدا له به‌رۆکی دایکی ده‌کرێته‌وه هێشتا ڕوون نیه، به‌ڵام زیاتر گومانی ئه‌وه ده‌کرێ که بۆ له‌جیاتی دانان و پڕکردنه‌وه‌ی نه‌بوونی مناڵ بوو بێ. چونکه ڕفێنه‌ران ژنێک و پێاوێک بوون!.
له زۆربه ئه‌و ئاکارانه‌ی که جێبه‌جێ ده‌کرێن که‌متر خوودی ڕفێندراوه‌که مه‌به‌سته‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ڕوونی له‌ژێر په‌رده‌ی مه‌به‌ستی سیاسی و ئابووریدا ڕفێندراون، ڕفێندراو له قوربانیه‌کی بێ تاوان زیاتر نیه.
گه‌لۆ وه‌ک ده‌بینن ئاکاری ڕفاندن نه ئاکارێکی نوێیه‌و نه ته‌نیا له ئیراکیش به‌ڕێوه چوه‌و ده‌چیت و نه کۆتایشی به سێنایی مسۆگه‌ر ده‌کرێ. ئاکارێکی هه‌تا بڵێی قێزه‌ون و بێزراو‌و نامرۆڤانه‌یه‌و دژی پێوانه‌کانی مافی مرۆڤه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی ئه‌و مه‌به‌ست و ئامانجانه‌ی که له پشت ئاکارێکی ئه‌وتۆوه‌ن ده‌کرێ ڕێژه‌ی به‌رزو نزمی تاوان و ڕاده‌ی قێزه‌ونی ئاکارێکی ئیهواله دیاری بکرێ و له یه‌کتر هه‌ڵاوێردرێن. هه‌ر ئامانجێک له پشتی ئاکارێکی ئاواوه بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه حه‌زێکی مرۆڤانه‌ش بێت تاوانه‌و هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێ و کرده‌وه‌یه‌کی بێزراو‌و شێتانه‌و ناژیرانه‌ی قێزه‌ونه. هه‌ر له ئاکاری ڕفاندنی ئۆجه‌لان که له‌پێناوی کۆتایی هێنان به ده‌نگی هاواری نه‌ته‌وه‌یه‌ک و کپ کرانی خه‌باته‌که‌ی له‌لایه‌ن چه‌ندین وڵاته‌وه، تا ڕفاندنی ژنانی کورد له باکوری کوردستان به مه‌به‌ستی گوایا چاوشۆڕکردنی کوردان و دزینی مناڵانی ئه‌بروجینی له‌لایه‌ن سپیه‌کان و ساتوسه‌ودا پێکردنی گروپ و تاقمه دڵڕه‌قه‌کانی مناڵ ڕفاندن و ڕێکخراوو تاقمه ترۆریسته‌کانی ئێراق و سه‌ره‌نجام ڕفاندنی مناڵه سێهه‌فته‌ییه‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو له شاری میڵبڕنی ئوستڕالیا هه‌موویان تاوانی نامرۆڤانه‌و بێزلێکراوو ناڕه‌وشتی و دوور له ژیرایه‌تین. پێویسته کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی سنورێک بۆ ئه‌و تاوانانه دابنێ و هه‌ر ڕێگه‌یه‌کی گونجاو له پێناوی ئه‌و ئاکاره دڕانه‌دا بگرێته به‌ر.
سه‌رچاوه:
1- ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌نته‌ری به‌رگری له مافه‌کانی مناڵان، لقی بریتانیا، به‌هار هادی، کوردستان نێت،14/8/2004.
2- مناڵه ساوا ڕفێندراوه‌که گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ ئامێزی دایکی، سوه‌یلا ماجدی، کوردستان وێبلاگ،15ی ئۆگست2004
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home