كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, August 04, 2004

پارالیسیس (paralysis) یان شه‌له‌لی مناڵان له‌ جیهان‌ بنبڕ ده‌کرێ

پارالیسیس (paralysis) یان شه‌له‌لی مناڵان له‌ جیهان‌ بنبڕ ده‌كرێ

ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ ڕاپۆرتێکیدا به‌رچاوڕوونی خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌ر‌هێنانی نه‌خۆشی شه‌له‌لی مناڵان له‌ ته‌واوی جیهان تا کۆتایی‌ ساڵی 2004ی زاینی ده‌ربڕیوه‌.

ئه‌م ڕاپۆرته‌ پاش ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی پڕۆگرامی کوتان(واکسینه‌یشن) دژی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ به‌شێک له‌ ناوچه‌کانی باکوری وڵاتی ئه‌فریکایی نیجێریه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ ساڵی ڕابردوو پاش ده‌ربڕینی گومان له‌ لایه‌ن ڕێبه‌رانی موسڵمانی ولایه‌ته‌کانی "کادونا"و "کانو" سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشی کوتانه‌که‌ و نه‌بوونی دڵنیایی له‌ کوتانه‌که‌ ڕاوه‌ستێنرابوو.

له‌ ته‌واوی ئه‌م ماوه‌یه‌دا، له‌م ولایه‌تانه‌ ژماره‌یه‌کی مناڵان تووشی شه‌له‌لی بوون و نه‌خۆشیه‌که‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی ئه‌فریکا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندو بڵاو بووه‌وه‌.

ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌خوازێ تا کۆتایی ئه‌م ساڵ پڕۆگرامی کوتان دژی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ 22 وڵاتی دیکه‌ی ئه‌فریکایی جێبه‌جێ بکا.

هه‌ر له‌وکاته‌دا، ئه‌م ڕێکخراوه‌ ئاماژه‌ی به‌بوونی گه‌لێک به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره‌ له‌ ڕێگای گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌دا کردوه‌و به‌تایبه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر که‌مبوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی کردوه‌.

هاوکات، واکسینه‌شن به‌شێوه‌ی به‌ربڵاو له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان که‌ مه‌ترسی ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی تێدایه‌، له‌وانه‌ش وڵاتانی باشوری ئه‌یژیا، ‌ به‌و ئامانجه‌ی که‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان ڕێ له‌ بڵابوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بگیرێ، درێژه‌ی هه‌یه.

پڕۆگرامی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌رهێنانی نه‌خۆشی پارالیسیس له‌ ساڵی 1988 ده‌ستی پێکردو هه‌رچه‌ند له‌ ساڵه‌کانی ده‌ستپێکه‌وه‌، ئه‌م پڕۆگرامه‌ سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێنا به‌ڵام دواتر کێشه‌و گرێپوچکه‌ له‌ ته‌واوکردنیدا سه‌ریهه‌ڵدا.

گه‌ر له‌ بارودۆخێکدا پڕۆگرامی کوتان به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واوو له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌ڕێوه‌ نه‌چێ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رله‌نویی نه‌خۆشیه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ گۆڕێدایه‌.

به‌پێ ئه‌و لێکدانه‌وانه‌ی ئه‌نجام دراون، ڕاده‌ی توشبوان به‌ نه‌خۆشی پارالیسیسی مناڵان له‌ ساڵی 1988دا ده‌گه‌یشته‌ نزیک 350 هه‌زارکه‌س له‌ پانتایی جیهاندا که‌ له‌ساڵی 2003 بۆ که‌متر له‌ ده‌هه‌زار که‌س دابه‌زی.

واکسینه‌یشنی شه‌له‌‌لیی مناڵان به‌ ده‌رخوارد دانی گیراوه‌یه‌کی تایبه‌تی شل جێبه‌جێ ده‌کرێ و به‌‌ هۆی ساکاری له‌ ئه‌نجامدان و که‌مبوونی ڕاده‌ی تێچوونی ده‌کرێ له‌ زۆر جێگا به‌ڕێوه‌ بچێت.

تانوکه‌ تێکۆشانی هاوبه‌ش و تۆکمه‌ی جیهانی له‌ خه‌بات دژی نه‌خۆشی "ئاوڵه‌"، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی له‌ جیهاندا له‌بێخ ده‌رهێناوه‌ که‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساکار‌ی واکسینه‌که‌ و هاوکاری ته‌واوی وڵاتان له‌ جێبه‌جێکردنی پڕۆگرامی له‌ بێخده‌رهێنانه‌که‌دا.
سه‌رچاوه‌: بی بی سی

وه‌رگێڕانی: خالید عه‌زیزی
14ی گه‌لاوێژی 2704


0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home