كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, August 31, 2004

جیا بونه‌وه‌ یان هه‌ڵ هاتن
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

كورد له‌ هه‌موو شتێكا كه‌می هه‌بێ له‌ حیزب دروست كردنا كه‌می نه‌هێناوه‌. به‌داخه‌وه‌ گه‌وره‌ترین به‌ڵای كوردیش هه‌ر حیزبه‌كانمانن كه‌ نه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌یانكرێ و نه‌ بی یه‌كیش به‌ هیچ ده‌گه‌ن.. حیزبه‌كانی ئێمه‌ له‌ پێش هه‌مو شتێكا به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌بینن و نه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵاتیان له‌ به‌ر چاو نیه‌...
حیزبه‌كانیش له‌ ناوخۆیان دا دایمه‌ له‌ كێشه‌ و ململانی دان و نه‌خۆشی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسایه‌تیان هه‌یه‌...هێندێ كه‌س و لایه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی له‌ ناو حیزبه‌كاندان و ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌ و جێگا و ڕێگایان باشه‌ ، ئه‌وا سینگ له‌ پێشن، تیئۆری ئه‌تاشن ، گه‌ل هان ئه‌ده‌ن و حیزبه‌كه‌ی خۆیان به‌ تاقه‌ ڕزگاری ده‌ری كورد و كوردستان ئه‌زانن ....به‌ڵام هه‌ر كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ هه‌ر هۆیه‌ك كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌وا هه‌موو شته‌كان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ و له‌ خودی خۆیان هه‌ڵ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ئه‌وی كه‌ تا دوێنێ هه‌ر كه‌س به‌ حیزبه‌كه‌یانی بوتایه‌ ئه‌وان به‌ خائینیان ناو ده‌برد ئه‌مڕۆ له‌وه‌ خراپتر ئه‌ڵێن و ڕابردوی خۆیان فه‌رامۆش ئه‌كه‌ن...
هه‌تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ، هه‌فاتانه‌ و بگره‌ ڕۆژانه‌ش گوێمان له‌ عوسمان ئۆجه‌لان ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پ ك ك (كه‌ پاشان بو به‌ كادك و ئێستا كۆنگره‌ی گه‌له‌) ده‌بو كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی مدیا تێڤێ و ڕۆژ تێڤێ و مه‌ تێڤێ و ڕادیۆی مێسۆپۆتامیا قسه‌ی ئه‌كرد و دروشمی ئه‌دا و پارته‌كه‌ی به‌ باشترین حیزبی كوردی ناو ده‌برد و پێ وا بو ته‌نیا پ ك ك ئه‌توانی كورد ڕزگار بكات..
كه‌چی له‌ پڕێكا عوسمان سه‌ری له‌ موسڵه‌وه‌ ده‌رهێنا و پارتیه‌كی نوێی 40 كه‌سی ڕاگه‌یاند و پشتی له‌ هه‌مو ئه‌و شتانه‌ كرد كه‌ به‌ ساڵان له‌گه‌ڵیان دا ژیا بو و پڕوپاگه‌نده‌ی بۆیان كردبو... عوسمان ئۆجه‌لان كه‌ له‌ ناوی ئاپۆ( عه‌بدوڵا ئوجه‌لان)كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت و ڕاسته‌وخۆ دوای گرتنی ناوبراو یه‌كم قسه‌كه‌ری پ ك ك بو  و هیچ ڕێگر و له‌مپه‌رێكی له‌ ڕێگا دا نه‌بو، بۆ یه‌ك جاریش گوێمان لێ نه‌بو كه‌ باسی ئه‌و شتانه‌ بكات كه‌ ئێستا ئه‌یان ڵێ...
بیرو بۆچونی جیاواز ، واز هێنان له‌ حیزب و جیا بونه‌وه‌ حه‌قی دیموكراتیكی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵه‌ و هیچ هێزێ ناتوانێ پێشگر و تێك ده‌ر بێ ، به‌ڵام شه‌رت و مه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌...
كاتێك هه‌ڵوێست گرتن و جیا بونه‌وه‌ی لاین و كه‌سانێك له‌ جه‌ریانێكی سیاسی ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵاتی و ...مه‌شروعه‌ كه‌ خاوه‌ن بیرو و بۆچونی جیاواز بێ و له‌ ناو خۆ دا هه‌مو جیاوازیه‌كانی خۆی باس كردبێ و پاشان كێشه‌كه‌ گه‌یشتبێته‌ كۆنگره‌ و له‌وی دا پاش ئه‌وی به‌ نه‌تیجه‌ نه‌گشتن هه‌ڵوێست وه‌ر ده‌گرن و پێش كۆتای هاتنی كۆنگره‌ خه‌تی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن...
ده‌بینین ئه‌مانه‌ كێشه‌ی عوسمان نه‌بوه‌ ، به‌ڵكو كاتێك به‌هۆی لا دان له‌ ئوسوله‌ دیاریكراوه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌یه‌وه‌ سزا ئه‌درێ و برپرسیاره‌تی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و داوی لێ ده‌كرێ كه‌ ماوه‌ی 6 مانگ وه‌ك ئه‌ندامێكی ساده‌ خزمه‌ت بكات...له‌ موسڵ ئه‌گیرسێته‌وه‌ و پارتیه‌كی نوێش دا ئه‌مه‌زرێنێ.
به‌داخه‌وه‌ نه‌یارانی كورد زۆر زانایانه‌ و به‌ به‌رنامه‌ ئه‌زانن له‌ كوێ و چۆن و له‌ چ كاتێك دا ده‌بێ هێزی كوردی لاواز و یه‌كێتی كوردان تیێك بده‌ن ، هه‌ر بۆیه‌ له‌و كێشه‌یه‌ی نێوان عوسمان و حیزبه‌كه‌ی كه‌ڵكیان وه‌رگرت و له‌ كه‌سایه‌تی لاواز و خۆبه‌زل زانی عوسمان ئۆجه‌لان كه‌ڵكیان وه‌رگرت و ناوبراویان هێنایه‌ خواری و پاره‌تێكیان په‌ ڕاگه‌یاند و یه‌كه‌م بانگه‌وازیان دژایه‌تی كردنی جوڵانه‌وه‌ی باكوره‌ و ناو زڕاندنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ی وه‌ڵات و بێگومان له‌ عوسمان ئۆجه‌لان باشتریش ده‌بێ كێ بێ.
 من ئه‌و كاره‌ی كه‌ عوسمان و هاوڕێكانی كردویانه‌ ته‌نیا به‌ هه‌ڵهاتنی ئه‌زانم و هیچ ئه‌سڵێكی زانستی فه‌لسه‌فی ، فیكری و ئیدئۆلۆژێكی نیه‌...
هه‌ڵ سه‌نگاندنی ناوبراو ئه‌وه‌ بو كه‌ ئیمریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌م زوانه‌ له‌ پ ك ك  ئه‌ده‌ن و ته‌فرو تونایان ئه‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شیان كه‌ بمێنێ ئه‌یانگرن و ته‌حویلی توركانیان ئه‌دنه‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ بیانوی دۆزیه‌وه‌ و خۆی ده‌رباز كرد و ئێستا ده‌ڵێ له‌ پ ك ك دا سیستم تۆتالیته‌ره‌ و ...
 من ناڵێم له‌ ناو پ ك ك دا كێشه‌ی ڕێبه‌ری و جیاوازی بیرو بۆچون نیه‌ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مو وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌ و ده‌نگی جیاواز نه‌بێ ئه‌وا ئه‌و ڕێكخراوه‌ سه‌قه‌ته‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوره‌ی زه‌وی ئه‌خولێته‌وه‌ ، پێشم وانیه‌ كه‌ شته‌كانی عوسمان و هاوڕێكانی هه‌موی هه‌ڵه‌یه‌ ، به‌ڵكو پێم وایه‌ قسه‌ی هه‌قیان هه‌یه‌ و پ ك ك  بێ كه‌م و كوڕی نیه‌ ، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ دروست نیه‌ ، ئا له‌م كاته‌ دا كه‌  پ ك ك  له‌ هه‌مو دنیا دا ته‌نیا پانتایی 400زه‌وی فوتبۆڵ جێگایان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌شیان پێ ڕه‌وا نابینن ، ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌كه‌ن ، نه‌ده‌بو پشتیان تێ بكرێ و وره‌یان لاواز و بڕوایان له‌رزۆك بكرێ ئه‌ویش له‌ لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ به‌ ساڵان وه‌ك ڕێبه‌ریان ناسیوه‌ و كه‌سایه‌تیان پێ داوه‌ ، گوێیان له‌ قسه‌كانی گرتوه‌ و ده‌ستوراته‌كه‌یان به‌ جێ گه‌یاندوه‌ و ئیمكاناتی مادی و مه‌عنه‌ویان بوی فه‌راهه‌م كردوه‌...
وێنه‌ی ئه‌م جۆره‌ جیا بونه‌وانه‌ له‌ مێژوی پڕ له‌ كاره‌ساتی كورد و كوردستان دا زۆره‌ ، گه‌لێ جار حیزبه‌كان له‌ت كراون ، وه‌ك جیابونه‌وه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال تاڵه‌بانی ، سامی ئه‌وڕه‌حمان ، دوكتۆر محمود عوسمان و ... له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان..جیا بونه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار و هاوڕێكانی له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی( به‌ ناوی ئاڵای شۆڕش) كۆمیته‌ی شۆڕشگێڕ و پاشان ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و زۆر نمونه‌ی دیكه‌، به‌ڵام هه‌مو كاتێ جیابوه‌وه‌كان ملكه‌چی ئه‌سڵ بونه‌ته‌وه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ ئاڵترناتیڤ یان میكانیزمێكی مۆدێرنتر له‌وه‌ی پێشو... بێگومان هۆی هه‌مو جیا بونه‌وه‌كانیش ته‌نیا كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات بوه‌ ، هه‌ربۆیه‌ش له‌ نێوه‌ی ڕێگا دا ماوه‌ته‌وه‌  ، یان هه‌ڵوه‌شاونه‌وته‌ یان كز و لاواز و بێ كارایی بون یان گه‌ڕاونه‌ته‌و لای حیزبه‌كه‌یان و ئه‌وه‌ی خه‌ساری لێ كه‌وتوه‌ كورد و گیانی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌ی بوه‌ و خه‌ڵكی هه‌ژار و سادقی ناو جوڵانه‌وه‌كه‌...
ئه‌گه‌ر عوسمان ئۆجه‌لان خه‌مخۆری كورد و جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌تی و ماوه‌ی 15 ساڵ له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێ له‌ به‌هێزترین ڕێكخراوی كوردی وه‌ك پ ك ك ‌دا بوه‌ و ئه‌و هه‌مو گریلا و پاره‌ و ده‌زگای مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندنه‌ی له‌ خزمه‌ت دایه‌ ، بۆچی هه‌وڵی ڕادیكاڵ كردن و گۆڕانكاری نه‌دا و پاش گرتنی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان خه‌تێكیان نه‌كێشا له‌ نێوا ئاپۆی پێش گیران و پاش گیران و هاوكات كه‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ی ، سیاسی و كه‌سیه‌تی ناوبراویان ده‌پاراست ، جوڵانه‌وه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جمعی(كۆلێكتیڤ) به‌ڕیوه‌ ده‌برد و نه‌یان ئه‌هێشت جوڵانه‌وه‌كه‌ توشی ڕاوه‌ستان ببێ.
عوسمان ئۆجه‌لان ئه‌یتوانی له‌ پ ك ك واز بێنێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ 17 ساڵه‌یه‌ی كه‌ ئاشقی یه‌ك بوون ، له‌ باشوری كوردستان په‌نای ببردایه‌ته‌ به‌ر حكومه‌تی سه‌وز یان زه‌رد ، و وه‌ك مرۆڤێك هه‌م قه‌در و قیمه‌تی خۆی بپاراستایه‌ و هه‌م زه‌ره‌ریشی به‌ جوڵانه‌وه‌ی كورد نه‌گه‌یانایه‌.
ئێستا كه‌ ئه‌وانه‌ پارتیان ڕاگه‌یاندوه‌ و له‌ پ ك ك(كۆنگره‌ی گه‌ل) جیا بونه‌ته‌وه‌ و له‌ باوه‌شی ئه‌مو ئه‌و دان پێویسته‌ كه‌ پ ك  ك هه‌ڵوێستێكی هاوچه‌رخایه‌ی هه‌بێ و به‌ هێڵ جۆری لێدان و هێرش كردنه‌ سه‌ریان ڕه‌وا نیه‌ و ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌نجام بدرێ به‌ زه‌ره‌ری سه‌رجه‌م گه‌لی كورد و به‌ تایبه‌تی خودی پ ك ك ده‌بێ... كاتێك كۆنگره‌ی گه‌ل له‌ به‌رانبه‌ر توركیه‌ دا داوای دیموكراسی و چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ داكا ، نابێ به‌ دژی لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌وان بیر ناكاته‌وه‌ و تا دوێنێ له‌ ڕێزه‌كانیان دا بوه‌ كاری ناڕه‌وا و توند و تیژی بكات.
لێگه‌ڕێن با گه‌ل بڕیار بدات و ڕه‌وتی ڕوداوه‌كان ڕاستیه‌كان ده‌رخه‌ن...بێگومان ئه‌وه‌ی خۆی ون بكات نه‌ته‌وه‌ش ون ده‌كا و شۆڕشیش تێك ئه‌دا.
عوسمان ئۆجه‌لان باش ئه‌زانی كه‌ به‌ له‌ نێو بردنی هێزه‌كانی پ ك ك نه‌ جوڵانه‌وه‌ی كورد له‌ نێو ئه‌چێ و نه‌ گه‌لی كوردیش واز له‌ داوا و داوخوازیه‌كانی دێنێ..به‌ر له‌ دروست بونی پ ك ك كورد و كوردستان هه‌بوه‌ و دوای ئه‌وانیش هه‌ر ده‌مێنێ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پ ك ك شوڕشی بردوه‌ته‌ ناو ماڵ به‌ ماڵی باكوری وه‌ڵات و ... ئه‌م گه‌ل و وه‌ڵاته‌ گه‌لی ده‌سه‌ڵاتی بێ ده‌سه‌ڵات و گه‌لی پیسی و ناپاكی وه‌لا داوه‌...ده‌بێ داگیركاران و هاوپه‌یمانه‌كانیان و له‌ سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ ئیمریكا باش تێ بگه‌ن كه‌ به‌ تواندنه‌وه‌ و حاشا لێ كردن و چه‌واشه‌كاری و دوبه‌ره‌كی نانه‌وه‌ ڕێگه‌ چاره‌ نیه‌ و دره‌نگ یان زو ده‌بێ مل بۆ ویست و خواست و مافه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ دێرینه‌ زوڵم لێكراوه‌ دانه‌وێنن. 
04.08.24

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home