رۆشنبیری چیه،رۆشنبیر کێیه؟ئه‌م پرسیاره ده‌مێکه نووسه‌ران و چالاکانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی سه‌رقاڵ کردوه . زۆربه‌یان په‌نا ده‌به‌ن بۆ نووسراوه‌کانی ئێدوارد سه‌عید و سارتر و کێ و کێ و چه‌ند رسته‌ی لێ ده‌ردێنن وده‌یڵێنه‌وه و به‌رده‌وامیش خۆیان له‌و رستانه‌دا ده‌بیننه‌وه‌و ده‌خوێننه‌وه.رۆشنبیر ره‌خنه‌گه‌ره،نه‌ترسه،چه‌ند هه‌نگاو پێشتره له خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا،داهاتوو و رووداوه‌کان ده‌خوێنێته‌وه،به سه‌واد و خوێنده‌واره،دژ به ده‌سه‌ڵاته و خوازیاری قودره‌ت نیه و ...هتد.
پرسیارێکی تر چۆنیه‌تی پێوه‌ندی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاته و دیاره باسی ده‌سه‌ڵات له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و راده‌ی کارتێکردنی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌کتریندا،به هۆی جیاوازی بارودۆخی سیاسی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له یه‌ک جیاوازه.ئێمه رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتێکی داگیرکه‌ر و تۆتالیتاری ئایینین که دان به مافه‌کانماندا نانێت. ده‌سه‌ڵاتێک که دژ به ئێمه‌یه و له ئێمه نیه.ده‌سه‌ڵاتێک که دژ به ژن و دژ به مرۆڤه.ده‌سه‌ڵاتێک که به‌م هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه ناحه‌زه‌شه‌وه ،کورد نیه ودژی کوردیشه.دیاره شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا جیاوازه له ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشوور که به هه‌موو که‌م و کووڕییه‌کانیه‌وه له‌م چاخه‌دا مه‌زنترین ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی کورده.ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر و دژه مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران پێگه‌ی ژنی زۆر نزم کردوه وبه‌داخه‌وه کاریگه‌رێتی زۆر خراپی له‌سه‌ر رۆشنبیری کوردی ئه‌م ناوچه‌ش بوه. باوه که پیوه‌ری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگاکان له رووی ئاستی گه‌شه‌ی ژنانی ئه‌و کۆمه‌ڵگاوه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.به رای من ده‌شتوانین له هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ژنان له پانتای رووناکبیری کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئاستی رووناکبیری ئه‌و کۆمه‌ڵگا هه‌ڵسه‌نگێنین.پێم وایه له‌م تێڕوانینه‌دا تێبگه‌ین رووناکبیری له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تووشی خه‌سارگه‌لی زۆر جیدییه.
که‌ش و هه‌وای رۆشنبیری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به پێی ئه‌زموونێک که بوومه به ته‌واوی له ژێر ده‌سه‌ڵاتێکی پیاوسالارانه و دژ به ژنه .ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌ش و هه‌وای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی گشتی ئێران که کاریگه‌رێتی زۆری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی رۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵی رۆشنبیری ئه‌م ناوچه‌ش بوه. هه‌روا که له کولتووری مه‌زهه‌بی و یاساکانی ئێران‌دا ژن به مرۆڤ ناژمێردرێ و به نیوه‌ی پیاو و کۆیله‌یه‌کی جنسی داده‌ندرێ و باوه‌ڕ به ژن نیه - چ له لایه‌ن پیاوانه‌وه و چ له لایه‌ن خودی ژنانیشه‌وه- به‌داخه‌وه ئه‌م چه‌شنه بیرکردنه‌وه و کرده‌وه‌ی کاریگه‌ر له‌و جۆره بیر و فکره، له رووناکبیرانی رۆژهه‌ڵاتدا زۆر ده‌بیندرێ.به پێچه‌وانه‌ی قسه ره‌نگاوڕه‌نگ وبه رواڵه‌ت جوانه‌کانیان زۆربه‌ی پیاوانی رۆشنبیری ئه‌م ناوچه باوه‌ڕیان به ژن و رۆشنبیری و چالاکی ژنان نیه و ژنان تا ئه‌و کاته بۆیان هه‌یه وه‌ک رووناکبیربناسرێن که به‌ڵێ وێژی پیاوان بن و وا نه‌بێ بێئه‌خڵاقن وبێکارن وبه‌س خۆیان ده‌نوێنن و به‌شوێن ناودا ده‌گه‌ڕێن و بێسه‌وادن و ...هتد.یه‌ک له نموونه‌کانی ئه‌م روانگه هه‌ڵه و ناشرینه ده‌توانن له ئه‌رشیڤی کڵاورۆژنه و له نووسینی یه‌ک له‌و رووناکبیره شۆڕشگێڕانه‌دا ببینن که به مه‌به‌ستی سووکایه‌تی کردن به ژنان داوا له بڕێک ژنی رووناکبیری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کات بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد سێکس به کار بێنن و ماچ به ده‌سه‌ڵاتداران به‌ن!! ئه‌م نووسینه ئاماژه به روانگه‌ی سێکسی ژن به شه‌ره‌ف زانین و،ژن به‌س به شمه‌کێکی جنسی ناسین، ده‌کات. له‌م روانگه‌دا هه‌وڵی ژن و خه‌باتی ژن دیسان له جنسی ژن‌دا ده‌بیندرێته‌وه و که‌واته ژن بۆی نیه بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌که‌ی تێ‌بکۆشێ چونکه پرسی شه‌ره‌ف و سێکسی ژن دێته ئاراوه. پیاو پێوه‌ری شه‌ره‌ف نیه که‌واته ده‌توانێ خه‌بات بکات و خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی به‌س شایسته‌ی پیاوانه!لێره‌دا مه‌به‌ستم کوتان و تێکشکاندنی که‌سایه‌تی ئه‌و براده‌ره نیه-هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌نده ئازا نه‌بوه به نووسین دیان به هه‌ڵه‌ی خۆیدا بنێت - ،به‌ڵکو ئاماژه‌یه به‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی زاڵ و هه‌ڵه‌ی دژ به ژن له ئێران به‌داخه‌وه له‌سه‌ر فکر و ئه‌ندێشه‌ی تاقمێکی زۆر _ نه به گشتی هه‌موو- له‌چالاکانی بواری رۆشنبیری کوردستانیش کاریگه‌ر بوه.گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی هێشتا نه‌یتوانیوه فکری خۆی له‌و کاریگه‌رێتییه رزگار کات.له‌وانه‌یه به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه پیاوانی رووناک‌بیر هه‌ست به تووڕه‌یی و گرژی بکه‌ن به‌ڵام داوایان لێ ده‌که‌م به‌س بۆ چه‌ند چرکه به خۆیاندا بچنه‌وه و بزانن ئایا چه‌ند باوه‌ڕیان به رۆشنبیری ژنان هه‌یه و ئایا بوونێکی سه‌ربه‌خۆیان بۆ ژنان به ره‌سمی ناسیوه یا چه‌نده دژ به‌وه وێستاونه‌ته‌وه؟هێشتا ژن چه‌نده به شمه‌کێکی جنسی ده‌ناسن و ئایا به‌ڕاستی گه‌یشتوونه ئه‌و راده که ژنان له‌ڕووی فکرییانه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنن نه‌ک سه‌ره‌تا بڕواننه جوانی و جه‌سته‌ی؟
به‌داخه‌وه کاریگه‌رێتی ئه‌و فه‌رهه‌نگه هه‌ڵه‌یه له‌سه‌ر خودی ژنانیش که‌م نه‌بوه و باوه‌ڕ به‌خۆ له ژناندا زۆر نزم بۆته‌وه. زۆر له ژنانی زانا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ناسم که خه‌مگین و نا‌ئومێد پاشه‌کشه له چالاکی ده‌که‌ن بۆوه‌ی ناتوانن له‌گه‌ڵ ئه‌و فکرییه‌ته له ناوچه‌که‌دا به‌ربه‌ره‌کانێ بکه‌ن بۆ راگرتنی ئابڕوو بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن.بڕێک له‌و ژنانه‌ش که له پانتاکه‌دا ماونه‌ته‌وه بوونه‌ته دارده‌ستی پیاوان بۆ شانۆی رۆشنبیرنماییان و،له کرده‌وه دا هه‌رچه‌ند ژنن به‌ڵام دژ به ژن ده‌وێستنه‌وه و به ده‌ستوور و په‌سندی پیاوان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.ته‌نانه‌ت ژنی واش شک ده‌به‌م تا کچه چالاکه و هه‌ر شوو ی کرد ئه‌سه‌ری نامێنێت.به‌داخه‌وه پیاوان،ژنان به لاواز و حه‌سوود و به‌خیل ده‌زانن و زۆر جار هه‌وڵ ئه‌ده‌ن هه‌ستی به‌خیلی و حه‌ساده‌تی ژنان دژ به ژنان ببزوێنن و ئه‌م هه‌سته ناشرینه ببێته هۆکاری به‌رهه‌ڵست بوونه‌وه‌ی بڕێک ژن دژ به ژنانی تر و هه‌ڵبه‌ت ژنانی حه‌سوودیش به‌م شیوه به بێ ئه‌وه‌ی ئاگادار بن
به‌داخه‌وه ده‌بنه گاڵته‌جاری پیاوان. ئه‌م ده‌سته ژنانه هه‌مان وشه و ده‌سته‌واژه‌گه‌لی
پیاوانه بۆ کوتانی ره‌قیبه‌کانیان به‌کار دێنن و به‌رده‌وام خۆیانی پێ سووکتر ده‌که‌ن.هۆکاری هه‌موو ئه‌مانه‌ش چ له ژن و چ له پیاوی رۆژهه‌ڵاتیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژێر ده‌سته بوون و چه‌وسانه‌وه و بێبه‌شی له گه‌شه‌ی کولتووری که به‌داخه‌وه ده‌سکه‌وته‌که‌ی به‌رته‌سکی فکری و فه‌رهه‌نگییه.هه‌ڵبه‌ت پێویسته ئاماژه به ده‌سته‌یه‌ک ژنی رۆژهه‌ڵاتی بکه‌م که هه‌وڵیان دا خۆیان له ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارانه‌ی رۆشنبیری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رزگاربکه‌ن و به‌م بۆنه‌شه‌وه رووبه‌ڕووی گرفت و ئازاری زۆر بوونه‌وه،به‌ڵام توانیان که‌م تا کورتێک رچه بشکێنن و خۆیان له کۆت و به‌ندی ده‌سه‌ڵاتی پیاوان نه‌ختێک رزگار که‌ن.
هه‌روا که له سه‌ره‌تاوه باسم کرد پیاوانی رووناک‌بیر ژنان به بێسه‌واد و که‌م خوێنده‌وار ده‌زانن و هه‌رکات ژنێک سه‌رکه‌وێ چونکه له روانگه‌ی پیاوسالارانه‌دا ژن به
بێ ده‌سه‌ڵاتی پیاو بوونی نیه ،خێرا بۆ پیاوێک ده‌گه‌ڕێن که یارمه‌تی ئه‌و ژنه ده‌دات یان بۆی ده‌نووسێ!! سه‌یره قه‌ت ناپرسن باشه ئه‌و پیاوه باسه‌واد و خوێنده‌واره بۆ ئه‌و بابه‌ته به‌ناوی خۆیه‌وه نانووسێ؟ باوه‌ڕی به خۆی نیه وا له پشت سه‌ری ژنێک خۆی شاردۆته‌وه؟ یان چۆن له ناکاو به پێچه‌وانه‌ی نووسینه‌کانی تریه‌وه ،له‌سه‌ر ژنان ده‌نووسێت و به ناو و بۆ ژنێکی تر؟!!جاری واشه بڕێک پیاو خۆیان به ناوبانگی ژنێکی سرکه‌وتوه‌وه هه‌ڵده‌واسن که ناوی خۆیانی پێوه به‌رز که‌ن و ئه‌مه‌ش زیاتر له ناتوانییان هیچی تر ناسه‌لمێنێ. نموونه‌ی ئه‌م کێشه هه‌م بۆ خۆم و هه‌م بۆ خاتوونانی تریش له رۆژهه‌ڵات رووی داوه.فڵان خانم که له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی فێمینیستی ده‌نووسێ ،هی خۆی نیه و مێرده نووسه‌ره‌که‌ی که ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی فڵان هه‌فته‌نامه‌یه بۆی ده‌نووسێ! فڵان شاعیر شیعری خۆی نیه و فڵان پیاوی هه‌ورامی بۆی ده‌نووسێ ! فڵان چیرۆک کاری فڵان خانم نیه و فڵان ئاغای چیرۆک نووس بۆی نووسیوه!فڵان خانم شیعری خۆی نیه و مه‌عشووقه‌که‌ی بۆی ده‌نووسێ ووو.
هه‌ڵبه‌ت کێشه‌ی سه‌واد هه‌ر داوێنی ژنان ناگرێته‌وه و پرسی سه‌واد و بێسه‌وادی و خۆبه خوێنده‌وار زانین و خۆ هه‌ڵکێشان به سه‌واده‌وه پیاوان زیاتر ده‌گرێته‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم کێشه‌کی پیاوانه‌یه. زۆر جار دیومه ده‌سته‌یه‌ک له پیاوان چه‌ند کتێب ده‌خوێننه‌وه و له‌به‌ری ده‌که‌ن و جا له کۆر و دانیشتنه‌کانیاندا کێبه‌رکێی باسه‌وادییان ده‌ست پێ ده‌که‌ن.ئه‌مانه‌ده‌ست ئه‌که‌ن به خۆهه‌ڵکێشان به‌و شتانه‌ی له‌به‌ریان کردوه و خوێنده‌وارییان به چاوی یه‌کتردا ده‌کوتنه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن جۆرێک ناڕوون قسه بکه‌ن و جۆرێک بنووسن که‌س لێیان تێنه‌گات به‌ڵکو به‌م شێوه زاناتر بنوێنن!! وه‌ک بڵێی هه‌رکه‌س زیاتر کتێبی له به‌رکردبێ یا ناڕوونتر بنووسێ رۆشنبیرتره!! لێره‌دا مه‌به‌ستم ره‌ت کردنه‌وه‌ی پێویستی به خوێندنه‌وه و به‌ده‌ست هینانی زانیاری نیه به‌ڵکو ده‌مه‌وێ بڵێم خۆ هه‌ڵکێشان به خوێندنه‌وه نیشانه‌ی رووناکبیری نیه.زۆر جار ئه‌م که‌سانه تووشی قه‌یرانێک ده‌بن وخۆیان زۆر به گه‌وره ده‌زانن و تووشی دابڕان له خه‌ڵک ده‌بن. پێیان وایه که‌س بایه‌خی ئه‌وان نازانێ و که‌س ده‌رکیان ناگات. که‌س به‌قه‌د ئه‌وان باسه‌واد و خوێنده‌وار نیه.جا دیوارێک له نێو خۆیان و خه‌ڵکدا ده‌کێشن و زۆر لوت به‌رزانه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.سه‌یر ئه‌وه‌یه هیچ له زانیارییه‌کانیان هین خۆیان نیه و له راڤه‌و بیری خۆیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه‌و بیرۆکه‌ی کۆن و بڕێک نوێی بیرمه‌ندانی رۆژئاواییه که ئه‌مان ته‌نانه‌ت نه‌شیانتوانیوه خۆماڵی بکه‌نه‌وه و ده‌قاوده‌ق بۆ کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و په‌ره‌نه‌سه‌ندوی خۆیان به‌کار دێنن.بڕێکیان ئه‌ده‌بیاتی نووسه‌رانی تر به ئه‌ده‌بیاتی شاخ ده‌زانن و نووسینه شێواوه‌کانی خۆیان به نووسینی پۆست مۆدێڕن ده‌ناسێنن.جا که ئیمه‌ی ژنیش هه‌وڵ ده‌ده‌ین فێمینیزم خۆماڵی که‌ینه‌وه و فێمینیزمی رۆژئاوایی ده‌قاوده‌ق بۆ کۆمه‌ڵگای خۆمان نوسخه نه‌که‌ین لێمان ده‌بنه ده‌مڕاستی فێمینیزم و پێیان وایه فێمینیزم به‌س رۆژئاواییه و هیچی تر.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م به‌خیلی و حه‌سوودی رۆشنبیرانه‌ش!!! ته‌نیا تایبه‌ت به ژنان نیه و پیاوان له‌مه‌دا زۆر له ژنان پێشکه‌وتووترن.ئێوه تا ئیستاپیاویکی رۆشنبیری رۆژهه‌ڵاتیتان دیوه دان به ویتردا بنێ؟من که نه‌مدیوه. زۆربه‌ی رووناکبیرانی رۆژهه‌ڵات ته‌نیا خۆیان به رۆشنبیر ده‌زانن و ئه‌وانی تر ره‌ت ده‌که‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌رکه‌س له‌خۆیان ئازاتر و باڵاتر بوو بێ هیچ تێفکرینێک سه‌ر به ده‌سه‌ڵاته!!!ئه‌گه‌ر زۆر خۆڕاگر بن و خێرا ئه‌وی تر به پیاوی ده‌سه‌ڵات نه‌ناسن ،بیگومان تۆمه‌تی نه‌خوێنده‌واری و بێسه‌وادی لێده‌ده‌ن.بۆ سه‌لماندنی ڕاستی ئه‌م قسه تکایه سه‌یرێکی ئه‌رشیڤی سایته‌کان بکه‌ن و نووسینه‌کانی نووسه‌رانی دانیشتووی رۆژهه‌ڵات ببینن.بزانن له چه‌ن ده‌رسه‌دیاندا تۆمه‌ت و سووکایه‌تی و تاوانبار کردنی یه‌کتر به جاشیه‌تی وخۆفرۆشی ده‌بینن؟ ته‌نانه‌ت بڕێکیان که له کۆمه‌ڵگادا پێگه و جێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ نادۆزنه‌وه سایته‌کان به جێگای خاڵی کردنه‌وه‌ی داخه‌کانی خۆیان ده‌زانن و به‌م شێوه ئینته‌رنێت تراپی ده‌که‌ن.له‌وانه‌یه ره‌خنه‌م لێ بگرن که نووسینی سایته‌کان ناتوانێ هه‌موو شێوازی نووسینه‌کان بگرێته‌وه و هه‌موان ناتوانین به‌م شێوه هه‌ڵسه‌نگێنین،به‌ڵام وه‌ک دانیشتوویه‌کی رۆژهه‌ڵات و به پێی ئه‌زموونی خۆم ده‌ڵێم هه‌رچه‌ند نکووڵی له کاره چاکه‌کان ناکه‌م،به‌ڵام ئه‌و چه‌شنه نووسین و سووکایه‌تی کردنانه ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی کولتووری باوی ئه‌م ناوچه‌یه. به‌داخه‌وه ئیتلاعاتی ئێرانیش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه ناحه‌زه زۆر که‌ڵکی وه‌رگرتوه و رۆشنبیرانی کردۆته گیان یه‌ک و یان به شایعه و نووسین ناوخراپی کردوون.ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره ناشرینه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بایه‌خی نه‌بوایه و گوێی پێ نه‌درایه ئیتلاعاتیش وه‌ها لێی به‌هره‌مه‌ند نه‌ده‌بوو.که‌واته خۆشمان به قه‌ت ئیتلاعات تاوانبارین. رووناکبیرانی ئێمه ئه‌و هێزه‌ی تاکوو ئیستا بۆ سه‌رکوت کردنی یه‌کتر به کاریان هێناوه بیانخستایه گه‌ر بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌وانه‌یه رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان رزگار کردبایه.
به‌هه‌رحاڵ دوای ئه‌م گشته ره‌خنه و گله‌یی و گازنده ده‌مه‌وێ پرسیارێک بێنمه گؤڕێ. ئایا له سه‌رده‌می عه‌وله‌مه یا به جیهانیبوون و ده‌سڕه‌سی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به زانیاری هه‌مه چه‌شنه،دیسان ده‌توانین هه‌مان پێناسه پێشوه‌کانمان بۆ رۆشنبیر بێت؟ ئایا به‌ڕاستی ده‌توانین بڵێین رۆشنبیر له ئاستی خه‌ڵکانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌وسه‌رتره له حاڵێکدا به هۆی ئامرازه‌کانی پێوه‌ندی گشتی وه‌ک ساته‌لایت و ئینته‌رنێت و هتد ،هه‌موان ده‌توانن چرکه به چرکه ئاگاداری رووداوه نوێکانی جیهان و زانیارییه تازه‌کان بن؟له بیر نه‌که‌ین ئیستا دووکاندارێکی ئاسایی ، کرێکارێک ،کارمه‌ندێک ،ژنێکی کابان ، گه‌نجێک و هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر پرسگه‌لی ده‌ورو به‌ری خۆی راڤه ده‌کات. که‌واته یان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا رووناک‌بیر ئێجگار زۆر ده‌بن یا ده‌بێ پێوه‌ره‌کانی رووناکبیری بگۆڕن و سه‌ختتریان که‌ن.به ڕای من ئیمڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵکانێک که ده‌سڕه‌سییان به زانیارییه‌کان هه‌یه رووناکبیرن و پێویست ناکا تاقمێک قیافه‌یان بۆ بگرن و ته‌حلیل و راڤه‌یان بۆ بکه‌ن.پێم وایه ئیستا خه‌ڵک ده‌توانن رووناکبیری و رووناکبیران به‌رنه ژێر پرسیار و گومان.ئیمڕۆ ده‌توانین بۆوه‌ی له عه‌قلی گشتی دوا نه‌که‌وین راوێژ به خه‌ڵک بکه‌ین و چۆنییه‌تی بیر و بڕوایان بخوازین.به‌س لێره‌دا گرفتێک دێته ئاراوه و ئه‌وه‌ش کاریگه‌رێتی زۆر زۆری ئیمراتۆری پرۆپاگه‌نده و ره‌کلامه له‌سه‌ر کانالیزه کردنی بیر و رای گشتی که هه‌ڕه‌شه له سه‌ربه‌خۆیی بڕیاره‌کان و بیری گشتی (افکار عمومی) ده‌کات و ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ ئازادی.
له‌کۆتایی بابه‌ته‌که‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسی ده‌سه‌ڵات .ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشوور به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و خه‌بات و تێکۆشانی سه‌رجه‌م شۆڕشگێڕانی گه‌لی کورده و دیاره پاراستنی بۆ هه‌موومان گرنگه،به‌ڵام ئه‌مه حاشا له پێویستی ره‌خنه‌گرتن و ریفۆرم ناکات.من ده‌سه‌ڵاتی کوردی به به‌رهه‌می تێکۆشانی رۆشنبیران ده‌زانم و شتێکه که هین خۆیانه نه جیاواز له‌وان.واته رۆشنبیر جیبهه‌یه‌ک نیه و ده‌سه‌ڵاتی کوردی جیبهه‌یه‌کی تر.رۆشنبیری کورد بۆ چاکسازی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار بێت و ده‌بێ ئازادانه ره‌خنه‌ی سازنده‌ی لێ بگرێت.نکووڵی له‌وه‌ش ناکرێ که بۆ مسۆگه‌ر بوونی دیموکراسی له ناوچه‌که‌دا وه‌ک نووسه‌رێکی به‌ڕێز نووسیبووی ته‌نیا ئاڵوگۆڕ له پۆست و به‌رپرسایه‌تیه‌کاندا له نێو رێبه‌رایه‌تی حیزبه‌کاندا ناتوانێ وڵامده‌ر بێت و پێویسته ئاڵوگۆڕ له په‌یکه‌ر‌ی حیزبه‌کانیشدا بکرێت و به‌رپرسایه‌تی به جیلی نوێتری خاوه‌ن فکری نوێتر بسپێردرێ .واته بۆ هه‌ر تاکه‌که‌سێک به‌رده‌وام رێبه‌ری حیزبێک و هه‌موو کاره بێت؟ده‌بێ رێگا بۆ جیلی نوێش بکرێته‌وه.هه‌روه‌ها نابێ رێگا له که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆش بگیردرێ- که به‌داخه‌وه له هه‌ڵبژاردنی لیستیدا که‌سایه‌تی سه‌ر به خۆ زیاترین سته‌می لێ ده‌چێت_دیاره ئه‌م رێگا کردنه‌وه بۆ جیلی نوێ له باشوور به‌داخه‌وه رووبه‌ڕووی راوه‌ستانێکی به هێز له لایه‌ن خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌یه و رێگا کردنه‌وه‌ش بۆ جیلی نوێ خه‌باتێکی مه‌ده‌نی و هێمنانه ده‌خوازێ .به‌ش به حاڵی خۆم نایشارمه‌وه نیگه‌رانی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشم که زیاتر له بیست ساڵه له باشوور ده‌ژین و داخۆ ئه‌م کولتووره چه‌ند کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئه‌وانیش بووبێ؟ به‌هه‌رحاڵ پێم وایه جیلی نوێی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌بێ زۆر هێمنانه و مه‌ده‌نی فکری نوێیان ته‌زریق بکه‌نه حیزبه‌کانی خۆیانه‌وه که به‌هه‌رحاڵ له ئاڵ‌وگؤڕی سیاسی داهاتوودا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌بن.لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ش به پێوه‌ندی باشی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات و جیلی گه‌نجتر بکه‌م و ئه‌وه‌ی که تا ئیستا به رێز و حورمه‌ته‌وه گوێیان بۆ قسه‌کانیان راگرتوه و له جێی خۆیشیدا به قسه‌یان کردوون ،به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ندییانه ده‌بێ به‌ربڵاوترو کاریگه‌رتر ببێ و به‌تایبه‌ت پێگه‌ی ژنان پێویستی به تێڕوانین و کاری جیدی‌تر هه‌یه.
له ناو ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌سه‌ڵات هه‌موو رێگایه‌کی گفتوگؤی به‌ستۆته‌وه و دوای ئه‌زموونی شکست و هه‌ره‌س هێنانی ریفۆڕمخوازی پێم وایه هه‌وڵ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی به‌س خۆ ماندوو کردنه و هیچ ده‌سکه‌وتی نه‌بوه و نابێ .دیاره جیبهه‌ی رۆشنبیرهه‌ر وه‌ک جیبهه‌ی خه‌ڵک،له جیبهه‌ی ده‌سه‌ڵات جیایه و هه‌ر چه‌شنه نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک به چاوی گومانه‌وه سه‌یر ده‌کرێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نییه‌تی خێریشی له پشته‌وه بێت.ئه‌م نه‌فره‌ته له ده‌سه‌ڵات به‌داخه‌وه بۆته ئامرازی ده‌ستی بڕێک رۆشنبیر نما که نوقمی خۆپه‌رستین و هه‌ر که‌سیان به‌دڵ نه‌بێ یان له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌بێ به‌خێرایی ده‌یلکێنن به ده‌سه‌ڵاته‌وه.هه‌ر وه‌ک فارس ده‌ڵێن هه‌ر که‌س له‌گه‌ڵ ئێمه نیه له ئێمه نیه ،زۆر له تاک و ده‌سته چکۆله‌کانی به ناو رووناکبیری رۆژهه‌ڵاتیش پێیان وایه رۆشنبیر واته خۆیان و ئه‌وی تر واته نۆکه‌ری ده‌سه‌ڵات .هه‌ڵبه‌ت له‌م ئێتیکێته‌شدا خۆشبه‌ختانه یا به‌دبه‌ختانه که‌س بێبه‌ش نه‌بوه و به‌م شێوه هه‌رچی رۆشنبیره جاشه مه‌گه‌ر سبه‌ینه‌ی رزگاری فایله‌کانی دژ به‌مه بسه‌لمێنێ!!به‌ڕاستی مه‌خابن بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی وا که ده‌سه‌ڵات ماوه‌ی 28 ساڵه به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م په‌رته‌وازه بوونه و دژایه‌تییه ده‌یچه‌وسێنێته‌وه و هێشتا نه‌یتوانیوه به سه‌ره‌کی ترین مافه‌کانی بگات. باشتره جگه له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به تاوانبار ده‌زانین نه‌ختێکیش به‌خۆماندا بچینه‌وه.