كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, July 18, 2006

سه‌حه‌ر ده‌بێ ریسوا بکرێ و دابخرێ

سه‌حه‌ر ده‌بێ ریسوا بکرێ و دابخرێ

به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ته‌له‌فزیۆنی (سه‌حه‌ر) که‌ سه‌ربه‌ جمهو‌ری ئیسلامییه‌، به‌ مه‌به‌ستی دیمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رێز که‌ماڵ که‌رکوکی جێگری په‌رله‌مانی کوردستان، به‌زمانی کوردی، به‌هۆی بوونی ئاڵای کوردستان له‌ پشت سه‌ری جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان ئه‌و دیمانه‌یه‌ نه‌کراوه‌، که‌ ئه‌وه‌ش دووای ئه‌وه‌ دێت که‌ ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر داوایان کردووه‌ ئاڵای کوردستان نابێ له‌و دیمانه‌یه‌دا ده‌ربکه‌وێ، که‌ به‌خۆشییه‌وه‌ به‌رێز که‌ماڵ که‌رکوکی ئه‌و داوایه‌ی ره‌ت کردووه‌ته‌وه‌.

جمهوری ئیسلامی به‌ بیانووی راگه‌یاندنه‌وه‌، جاسوس و سیخوڕێکی زۆری ناردووه‌ته‌ باشوری کوردستان، که‌ ئه‌وه‌ش هۆکاری سه‌ره‌کیی رازی بوونی سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشوری کوردستانه‌. جمهوری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک توانیویه‌تی سیخوڕه‌کانی خۆی له‌ باشور بڵاوبکاته‌وه‌.

کۆماری ئیسلامی ساڵانی پێشوو ئه‌گه‌ر بۆ کوشتن و تێرۆری سه‌رکرده و پیشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سیخوڕیان ده‌نارده‌ کوردستان، که‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئێستا ده‌یانه‌وێ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئارامی و ئاسایش له‌ کوردستان بشێوێنن، له‌ دووای ماوه‌یه‌ک راوه‌ستانی تیرۆر، دووباره‌ 2 تێکۆشه‌ری یه‌کیه‌تی شۆڕشگیرانی کوردستان له‌ پێنجوێن و له‌ رێگای ئه‌م ده‌سته‌ و تاقم و سیخوڕانه‌وه‌ هه‌ر له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیاندا تیرۆر کرد.

جێی باسه‌ رۆژانه‌ گوێبیستی گرتن و دۆزینه‌وه‌ی باند و ماده‌ سڕکه‌ره‌کان ده‌بین، که‌ دیاره‌ سه‌رچاوه‌که‌ی له‌ کوێیه‌. باند و ماده‌سڕکه‌ره‌کان ته‌نیا له‌ رێگای ئێرانه‌وه‌ ئاودیوی باشوری کوردستان ده‌کرێن و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ گیراون خه‌ڵکی باشوور و رۆژهه‌ڵاتن، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌که‌ له‌ کوێوه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی هونه‌رمه‌ندانیش.
حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که‌ بریار و هه‌ڵویستی ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر له‌ ئاست جێگری سه‌رکی په‌رله‌مان، هه‌ڵوێستی خودی جمهوری ئیسلامی له‌ ئاست باشوری کوردستانه‌. ئه‌و رێژیمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چاوی به‌رایی نادا، ئاڵوگۆڕه‌کان ببینێ. به‌تایبه‌ت گۆڕانی وه‌زعی کورد و بیرورای جیهانی به‌نیسبه‌ت کورده‌وه‌.

جێی دڵخۆشییه‌ که‌ حکومه‌تی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و کرداره‌ی ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر بێده‌نگ نه‌بووه‌ و هه‌ڵوێستی خۆی هه‌بووه‌. وه‌ک بلاو کراوه‌ته‌وه‌ که‌ حکومه‌تی کوردستان برایاری داوه‌ به‌ داخستنی نوێنه‌رایه‌تی (سیخوڕخانه‌) ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر له‌ باشووری کوردستان. بیده‌نگ نه‌بوونی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بۆ ئه‌و پێوه‌ندی و هاوکاری و ته‌باییه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ که‌ ئیستا خه‌ریکه‌ باڵ به‌سه‌ر پارچه‌یه‌کی رزگار کراو له‌ وڵاته‌که‌ماندا ده‌کێشێ.

بیرورای جیهانی له‌به‌رانبه‌ر کورده‌وه‌ گۆراوه‌، کورد هیچ پێویستییه‌کی به‌ ئێران نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌تا گه‌وره‌ترین هێزی جیهانی و کۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له‌ کورد ده‌که‌ین. بۆیه‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ده‌بێ نه‌ک ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر به‌ڵکو هه‌رچی مقه‌ڕ و بانکه‌ و باره‌گای ئێرانه‌ له‌ باشور خڕ کاته‌وه‌ بۆ ئێرانیان ره‌وانه‌ بکاته‌وه‌.

له‌ سایتی بازتابی سه‌ر به‌ جمهوری ئیسلامی، شتێک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ده‌کا. هه‌ر دوو حیزب پارتی و یه‌کیه‌تی له‌ ئیران بنکه‌ و باره‌گا و نوێنه‌رایه‌تییان هه‌یه‌، له‌ سایتی بازتاب هه‌ڕه‌شه‌ کراوه‌ که‌ئه‌گه‌ر بێت ته‌له‌فزیۆنی سه‌حه‌ر داخبری ئێمه‌ش گیروگرفت بۆ ئه‌وان له‌ ئێران دروست ده‌که‌ین.

بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ڕیوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕی خاک داوا له‌ هه‌موو نووسه‌ران و رۆشنبیران ده‌که‌ین که‌ ئه‌و کرده‌وه‌ و بێحورمه‌تی کردنه‌ به‌ جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، مه‌حکوم بکه‌ن و تێکڕا داوا له‌ حکومه‌تی کوردستان بکه‌ین که‌ نه‌ک ته‌له‌فزیۆن به‌ڵکوو هه‌موو داموده‌زگاکانی ئێران له‌ باشووری کوردستان کۆبکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چیدی ئێران نه‌توانێ ده‌ستێوه‌ردان له‌ باشووری کوردستان بکات و چیدی ژێر ده‌سته‌ی ئێران نه‌بین.

هیوا
به‌رێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی

www.khaknet.com

Saturday, July 15, 2006

خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی 2006 ، ئیتالیا

خه‌ڵاتى ئه‌ده‌بى نێوده‌وڵتى به‌ زمانى ئیتاڵىچیرۆکێک بۆ ئاشتىساڵى 2006 زنجیره‌ى سىَ

gulala.salih@comune.venezia.it

به‌بۆنه‌ى زنجیره‌ى سێه‌م له‌ خه‌ڵاتى ئه‌ده‌بى نێو ده‌وڵه‌تى به‌زمانى ئیتاڵى له‌ شارى لوگۆ " چیرۆکێک بۆ ئاشتى" رێکخراوى ئاشتى نێوده‌وڵه‌تى به‌شى ئیتاڵى چالاکێک ئاماده‌ ئه‌کات بۆ خه‌ڵات کردنى قوتابیانى ئیتالى و بێگانه‌ له‌ خولى ناوه‌ندى .

چیرۆکه‌ کان ئه‌بێت له‌ سه‌ر ئاشتى بدوێت ،درێژى ئه‌و په‌رى (5 ) پێنچ لاپه‌ره‌بێت
و(3) کۆپى له‌ گه‌ڵ بێت ،بۆ قوتابیان له‌ خواروى ته‌مه‌ن 18 ساڵ ئه‌بێت مامۆستاێک یان یه‌کێک له‌ دایک یان باوک ئیمزاى بکات بۆ رازى بوون بۆ به‌شداربوونى. به‌شداربووان و ئه‌وه‌ى که‌ خه‌ڵات وه‌رئه‌گرێت مۆڵه‌ت ئه‌دات به‌م رێکخراوه‌ به‌ مافى بڵاوکردنه‌وه‌ ى چیرۆکه‌کان به‌ خۆراى.

به‌شداربووان ئه‌بێت نووسراوه‌کانیان پێشکه‌ش که‌ن له‌ ماوه‌ى دیارى کراو 15/7/2006

نووسراوه‌کان ره‌ت ناکرێنه‌وه‌ ،هه‌ڵبژاردنى له‌ لایه‌ن کۆموسیۆن ى پێک هاتوو له‌ مامۆستاو که‌سانى شاره‌زا له‌ په‌روه‌رده‌وى مناڵان. رۆژى خه‌ڵات کردنى "چیرۆکێک بۆ ئاشتى" له‌ رۆژى 7/10/2006 کات ژمێر15.30 له‌ مسرحى" رۆسینى"ساز ئه‌کرێت له‌ شارى لوگۆ دى رۆمانیا/ئیتالیا.چیرۆکى خه‌ڵات کراو بڵاو ئه‌کرێته‌وه‌ له‌ په‌رتووکێک که‌ هه‌ڵ ئه‌بژێرێت وئاماده‌ ئه‌کرێت له‌ لایه‌ن نوسه‌رێکه‌وه‌.به‌ هاوکارى : ئۆنێسکوى رۆما،خاچى سورى ئیتاڵى _رۆما، له‌ گه‌ڵ چه‌ندین شاره‌وانى،کۆلێژى کۆمه‌ڵایه‌تى زانستى سیاسى ،مجلسى شاره‌وانى فلۆره‌نسا.

یارمه‌تى هاورێانه‌ له‌ لایه‌ن:چه‌ند رێکخراوێکى ئیتاڵى ، کۆمه‌ڵگاى کورد له‌ ئیتالیا/ڤێنێسیا.

لێپرسراوى "خه‌ڵاتى تایبه‌ت" پرۆفیسۆر خاتوو لاوره‌ به‌لدینینى سێنى.بۆناردنى چیرۆکه‌کان :

گوڵاله‌ ره‌زا زه‌نگه‌نه‌ کۆمه‌ڵه‌ى کورد له‌ ئیتالیا /ڤێنێتسیا
gulala.salih @ comune.venezia.it

Thursday, July 13, 2006

ناوه‌ندی چاک، قاڕنێ

با یادی 27 ساڵه‌ی تاوانی قاڕنێ بکه‌ینه‌ ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تی گشتی دژ به‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ کوردستان و هه‌نده‌ران

2 ی سێپتا‌مبر ڕۆژی ژێنۆساید کردنی کورده‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان !
هێزه‌ سیاسییه‌کان !
ڕێکخراوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و جه‌ماوه‌رییه‌کان
!


کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ته‌مه‌نی نگریسی 27 ساڵه‌ی خۆیدا ، گه‌لێک تاوانی به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان ئه‌نجام داوه‌ . بێ ئه‌ژمار له‌ ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مانی به‌ کۆمه‌ڵ و به‌ تاک کوشت و بڕ کردووه‌ . ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ به‌ ئاشکرا ئه‌نجامی داوه‌ ، یاخود ئه‌و ئیعدامه‌ به‌ کۆمه‌ڵانه‌ی له گرتووخانه‌کاندا ئه‌نجامیداوه‌، بومباران و تۆپ باران کردنی شار و گوند شاخ و ده‌شتی نیشتمانه‌که‌مان به‌ سه‌پاندنی شه‌ڕ له‌ بست به‌ بستی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و سه‌ره‌نجام تاوانی قارنێ‌ له‌ پاڵ تاوانه‌کانی وه‌ک قه‌ڵاتان و ئیندرقاش وسه‌رووکانی و وسوکه‌ند و....، به‌شێوه‌ی دڵڕه‌قانه‌ تر له‌ هه‌موو تاوانه‌کانی دیکه‌ ئه‌نجام دران ، قوربانیانی ئه‌م تاوانانه‌ و زۆر تاوانی دیکه‌ ژن و منداڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ و که‌سانی سڤیل بوون . بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ئه‌و تاوانانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی تاوانی ژینۆسایده‌وه‌ و به‌ جه‌نایه‌ت دژی مرۆڤایه‌تی ده‌ژمێردرێن.

ئێمه‌ بانگه‌وازتان ده‌که‌ین، با هه‌موومان پێکه‌وه‌ ڕۆژی کاره‌ساتی قارنێ‌ ،ڕێکه‌وتی 2 سێپتا‌مبر‌، بکه‌ین به‌ ڕۆژی به‌ دادگایی گه‌یاندنیی کۆماری ئیسلامی ئێران . ڕۆژی دژایه‌تیکردنی ژینۆساید کردنی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان . ڕۆژی ناساندنی کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌رکوت و ماکه‌ی تیرۆر و ئه‌نجامده‌ری کۆمه‌ڵکوژی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی دانیشتووی ئێران.

باله‌م ڕۆژه‌دا یادی ته‌واوی تاوا‌نه‌کانی کۆماری ڕه‌شی ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد بکه‌ینه‌وه‌. تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ سیمای دزێوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌شه‌ زۆرتر به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بناسرێت . ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومانه‌ ، به‌ تاک و به‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانه‌وه‌، کارێک بکه‌ین تاوانباران نه‌توانن چیتر به‌ ئاره‌زوی خۆیان گه‌له‌که‌مان قه‌سابی بکه‌ن .
ده‌با بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م ساڵی ڕۆژی ژینۆساید کردنی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(2 ی 9 ) ، یه‌کگرتوانه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تاوانه‌کانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورد و ناساندنی به‌ بیرو ڕای جیهانی تواناکانمان یه‌ک بخه‌ین و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌ کۆمه‌ڵ کوژییه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ .

ئه‌مساڵ له‌ کاتێکدا یادی کاره‌ساتی ژێنوسایت له‌‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان خۆیان بۆ یاد کردنه‌وه‌ی ئاخێزه‌کانی ساڵی پار و کوشتنی جه‌نایه‌تکارانه‌ی"شوانه‌" ئاماده‌ ده‌که‌ن. ئاخێز و ڕابوونێک که‌ وه‌ک مافی هه‌ر ئینسانێک، به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌ چوون و‌ وه‌ک هه‌میشه‌ خه‌ڵتانی خوێن کراو ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ رۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌ بێ ره‌چاو کردنی سه‌ره‌تایی‌ترین مافه‌کانی ئینسانی کوژران یا گیران . به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هێشتا زۆر له‌ گیراوه‌کان یا بێ‌سه‌رو شؤێنن یا له‌ گرتووخانه‌کاندا هه‌لومه‌رجیان روون نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

له‌ یادکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، بێگومان ناکرێ یادی تێرور کردنی سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کان و سه‌دان تێکۆشه‌ری دیکه‌ نه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئیمرۆکه‌ قاتڵه‌کانیان جه‌نجه‌ری ئاشی حکوومه‌تی ئیسلامیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و بریار ده‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ جه‌نایه‌تکاره‌ن.که‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ دیاریان سه‌رۆککۆماره‌که‌ی ئه‌حمه‌دی نێژاده‌. "سه‌ره‌ک کۆمارێک" که‌ تاوانی به‌شداریی له‌ ده‌سته‌‌ی تێرۆری دوکتور قاسملوو و لێدانی گولله‌ی ئاخرله‌ مێشکی سه‌دان و هه‌زاران زیندانیی گولله‌باران کراوی له‌سه‌ره‌.

‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومانه‌ یه‌کگرتووانه‌ له‌ یادی کاره‌ساتی قاڕنێ‌دا ،هه‌موو توانا و ئیمانه‌کانمان یه‌ک خه‌ین بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنی بڕیار ده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م تاوانانه.‌
ناوه‌ندی چاک ئیمساڵیش وه‌کو ساڵانی پێشوو ، له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوار و ده‌نگی گه‌له‌که‌مان له ئاست‌ بنده‌ستی و سته‌مه‌کانی حکوومه‌تی ئیسلامی و شه‌رمه‌زارکردنی ئاخونده‌ جه‌نایه‌تکاره‌کان، هه‌وڵده‌دات به‌ هاوکاریی ئێوه‌ هاونیشتمانان ، یادی کاره‌ساتی قاڕنێ بکاته‌وه‌.

بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌ بانگه‌وازی هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین بۆ کاری هاوبه‌ش.یادکردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵی کاره‌ساتی قاڕنێ به‌ هاو‌کاری و هه‌نگاوی هاوبه‌شمان کاریگه‌ریی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر ناساندنی حکوومه‌تی ئێران وه‌ک حکوومه‌تێکی ئازادی کورژ و دژی مافی مرۆڤ .

ناوه‌ندی–چاک( کۆمیته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)
8-7-2006
www.chak.info
mailto:Chak_org@yahoo.com


********************************************************************


کردنه‌وه‌ی پیشانگای پۆسته‌ری" 18 ژنی فرۆشراو به‌ میسر " له‌ ڕۆژی دادگایی سه‌دام حسێن 21-8-2006 له‌سه‌ر دۆزی ئه‌نفال له‌ شاری که‌رکووک


به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکی دادگایی سه‌دام حسێن له‌سه‌ر دۆزی ئه‌نفال ، له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی ڕوناکبری و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌رکووک و ناوه‌ندی چاکه‌وه‌ پیشانگای پۆسته‌ری هاوبه‌شی هونه‌رمه‌ندانی کورد له‌ شاری که‌رکووک ده‌کرێته‌وه‌ ، که‌ به‌رهه‌مه‌کان تایبه‌تن به‌ ئه‌نفال و 18 پاکیزه‌که‌ی کورد له‌ میسر .

تاکو ئێستا چه‌ندین هونه‌رمه‌ند به‌شدارن و ده‌یان پۆسته‌ر گه‌یشتوون .
هه‌مان ڕۆژ هه‌مان پیشانگا له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێتیش ده‌کرێته‌وه‌ .
دوا مۆڵه‌ت بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌کان 21-7-2006.

به‌م ناونیشانه‌ پۆسته‌ره‌کان بنێرن :

Chak_org@yahoo.com

0031152129446

داوا له‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌ هه‌ڵوێست ده‌که‌ین به‌شداری ئه‌م پیشانگایه‌ بکه‌ن ، که‌ بۆخۆی به‌شێکه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی پشتگیریکردن له‌ دادگایی دکتاتۆری تاوانبار .


ناوه‌ندی چاک
10-7-2006

Monday, July 10, 2006

عێراقی گه‌نده‌ڵ کوردستان به‌ره‌و کوێ ده‌بات

عێراقی گه‌نده‌ڵ کوردستان به‌ره‌و کوێ ده‌بات؟

نوسینی: به‌ختیار شاخی

ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی گوترا و نووسرا، ئه‌وه‌نده‌ باسی مێژووی کوردمان کردبا ئێستا قوتابیانی کورد ناچار نه‌ده‌بوون (مێژووی نیشتمانی عه‌ره‌ب) بخوێنن. ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ بۆچی؟ کاتێک که‌س گوێ له‌و هه‌موو قسه‌یه‌ نه‌گرێ و نه‌بێته‌ بابه‌تێک که‌ زانکۆکان لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی له‌سه‌ر داهاتووی کوردستان نه‌بێته‌ بابه‌تی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی په‌رله‌مانی کوردستان، ئیتر سوودی ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ چییه‌؟ خۆ دووریش نییه‌ نووسینه‌کان کاریگه‌رییان هه‌بووبێت، ئه‌وه‌ نییه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ی له‌ نووسینه‌کاندا گومانی گه‌نده‌ڵییان لێده‌کرێت هاتوونه‌ته‌ پێش و له‌ خودی نووسه‌ره‌کان توندتر دژی گه‌نده‌ڵی قسه‌ده‌که‌ن؟ هه‌ندێک که‌س پێیان وایه‌ گه‌نده‌ڵی هه‌ر پاره‌ خواردنه‌ و کێشه‌که‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ته‌سک ده‌که‌نه‌وه‌. رۆتین که‌ ده‌ردێکی کوشنده‌یه‌ و ده‌بێته‌هۆی دواخستنی کاروباری هاووڵاتیان و وایان لێ ده‌کات ناچار بن بۆ راییکردنی کاره‌کانیان په‌ناببه‌نه‌به‌ر واسته‌ و به‌رتیل. ئه‌وه‌ی کارئاسانیی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی رۆتین و به‌رتیلخواردن کرد دانانی خه‌ڵکی ناشایسته‌ له‌ پله‌ی به‌رزی ئیداری و نه‌گۆڕینی که‌سانی کۆنه‌به‌عسی و ناوبانگڕه‌ش و پشتگیریی کردنی ئه‌و که‌سانه‌بوو که‌ ئه‌وه‌یش ده‌رهاوێشته‌ی ململانێی حزبی بوو و هیچ لایه‌ک نه‌یده‌ویست ده‌ست له‌و که‌سانه‌ هه‌ڵبگرێ نه‌وه‌کا بچنه‌ نێو لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌. بیانووی ئه‌و پێداگرییه‌ش ئه‌وه‌بوو گوایه‌ ئه‌و که‌سانه‌ ساڵانێک له‌ حکومه‌تی عێراقیدا کاربه‌ده‌ست بوونه‌ و شاره‌زا و کارزانن، له‌کاتێکدا خه‌ڵک باش ده‌یزانی ئه‌وه‌ی به‌ خیانه‌ت گۆش کرابێت مه‌حاڵه‌ ده‌ستبه‌رداری بێت. پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانکه‌ دوولایه‌نی سه‌ره‌کیی پێکهێنه‌ری حکومه‌ت بوون ده‌بوایه‌ گه‌نجی پاک و په‌روه‌رده‌کراوی ئازادی بخه‌نه‌ سه‌رکار و چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ شاره‌زاییشیان نه‌بوایه‌ به‌ماوه‌یه‌کی که‌م سه‌ریان له‌کاری خۆیان ده‌ردێنا و باشییه‌که‌شیان له‌وه‌دابوو که‌ فێری خیانه‌ت نه‌ببوون. سیسته‌می کاری ئیداریی رژێمی به‌عس که‌ ئێستاش میراته‌که‌ی بۆ حکومه‌تی عێراق ماوه‌ته‌وه‌ لێواولێوی گه‌نده‌ڵییه‌ و هه‌رگیز نابێ وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ شایسته‌یی وه‌ربگیرێت. دوا راپۆرتی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌فافییه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ره‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ 3200 بلیۆن دۆلار له‌ بواری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا له‌ جیهاندا به‌فیڕۆ ده‌درێت، رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و وڵاتانه‌دا که‌به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن ده‌چن له‌ پله‌ی یه‌که‌مدایه‌ و ساڵانه‌ نزیکه‌ی 250 بلیۆن دۆلار لووش ده‌درێت! له‌ناو 159 ده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵکاردا عێراق له‌ ریزه‌کانی پێشه‌وه‌دایه‌. به‌وپێیه‌ش که‌ پڕۆژه‌ی ئاواکاری له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق زیاتره‌ رێژه‌یه‌ک له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ خۆی خزاندۆته‌ ناو کوردستان و ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بڵێین هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌ رووخانی رژێمی به‌عس گه‌نده‌ڵییه‌کی ئاشکرا له‌ به‌رنامه‌ی نه‌وت به‌ خۆراک و زۆربه‌ی پرۆژه‌کانی UNدا هه‌بوو، به‌ڵام دوای رووخانی رژێمی به‌عس په‌تای گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ عێراقه‌وه‌ به‌ره‌و کوردستان خزیوه‌ و ئێستا بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی و پێویستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و کاری ورد هه‌یه‌ تا ریشه‌کێش بکرێت و رێگه‌نه‌درێت داهاتووی ئیداره‌ی کوردستان بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌.

Thursday, July 06, 2006

ناوه‌ندی چاک

هه‌ڵه‌بجه‌یان شه‌رمه‌زار كرد

ڕۆژی 28ی ئه‌م مانگه‌ وه‌فدێک به‌ناوی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شداری کردووه له‌ يادى ساڵرۆژی کیمیابارانكردنی شارى سه‌رده‌شت ‌ که‌ له به‌روارى 28-6-1987 به‌ده‌ستی ڕژێمی سه‌دام ئه‌نجام درا. دواتر نوێنه‌ره‌كه‌ى شارى هه‌له‌بجه دیداریان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ نوێنه‌رانی تایبه‌تی و ڕاوێژکاری ئاغای مه‌ته‌قه‌ی و عه‌باسی سه‌رۆکی ئێران‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد کۆبونه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵیک داخوازیان بۆ سه‌رۆکی ئێران ناردووه‌.

چاک ده‌ست خۆشی له‌و وه‌فده‌ ده‌کرد ئه‌گه‌ر ته نها له ‌گه‌ڵ قوربانیان و خه‌لکی شارى سه‌رده‌شت دیدارو کۆبونه‌وه‌یان بکردایه‌ و دیاری حكومه تى كوردستانيان بۆيان ببردايه‌، به‌ڵام نامه‌ ناردن و دیدار له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یه‌کێک له‌تاوانبارانی سه‌ره‌کی گه‌له‌که‌مان بێگومان ڕیسوا ده‌که‌ین. ئاشکرایه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ‌ده‌ستی به‌خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی کوردستان و له‌ نێویاندا گه‌وره‌ترین سه‌رکرده‌ی سیاسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا سوره‌.

پيمان وایه‌ ئه‌م شیوه‌ مامه‌ڵانه‌ی به‌ناو وه‌فدی هه‌ڵه‌بجه‌‌ په‌یوه‌ندی دانيشتوانى دوو شاری کیمیابارانکراو و جه‌رگبرژاوی كوردستان به‌هێز ناکات, بگره‌ ساردی و گومان له‌نێوانیاندا دروست ده‌کات. چونکه‌ دانیشتن له‌گه‌ل نوێنه‌رانی تاوانبارێکی وه‌ک ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هه‌ستی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات بریندارتر ده‌کات، که‌ مخابن له‌ 15 سالی ڕابردودا له‌ئاخافتن و دیداره‌کانی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانى كوردى و ئێران، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی زۆرجار به‌شان و باڵی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانيان هه‌ڵداوه‌. دڵنیاین ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی به‌شه‌کانی تری کوردستان هه‌مان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ رژیمێکی وه‌ک به‌عس بکردایه،‌ زۆر به‌توندی ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرتن و ئيستاش قێزيان لێ ده‌كرایه‌وه.
نا‌‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچیت ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی کردبيت, ئه‌وا سوپای پاسداران بێتاوان نه‌بووه‌ و ئه‌وان شاره‌که‌یان تاڵان کرد.

هه‌موو كورد له‌ گشت پارچه‌كانی كوردستان رِۆژی 16-3 ده‌رِژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ده‌رخستنی هاوپشتی خۆیان له‌گه‌ڵ قوربانیانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌, كه‌چی مه‌خابن ئه‌م به‌ناو نو‌ێنه‌‌رانه‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ بكوژانی گه‌له‌كه‌مان داده‌نیشن, ئه‌وانه‌ پیرۆزی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌دۆڕِێنن و شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن.

بۆیه‌ چاک هیوا خوازه‌ له‌مه‌ودوا ڕێز له هه‌ستی کوردی به‌شه‌کانی تر بگیرێت، ئاخافتن و دیداریش له‌سه‌ر حسابی قوربانیان، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ ده‌ستیان به‌خوێنی خه‌ڵکی کوردستان سوره،‌ ڕیسوا ده‌که‌ین. به‌رده‌وامیش بين له دژايه‌تى ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن " نامانه‌وێت په‌رله‌مان بمانخنه سه‌ر ئێران" .


ناوه‌ندی چاک

http://pukmedia.com/kn-htm/Kn23.htm
*******************************************************************************
چاک، دژ به‌ تیرۆری به‌رده‌وامی تێكۆشه‌رانی ڕؤژهه‌ڵاتی کوردستان، ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێت.

ڕۆژی28 ـ6ـ2006، دوو کادیری تێکۆشه‌ری یه‌کێتی شۆرشگێڕانی کوردستان هه‌ڤاڵان کاک حوسێن ئازه‌رکێش و کاک محه‌مه‌د سابیر له‌ شارۆچکه‌ی پێنجوین، تیرۆر کران .

به‌داخه‌وه،‌ له‌ ماوه‌ى 15 ساڵی ڕابردوی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردستان،‌ نزیک به‌ 400 تێكۆشه‌ری کوردانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ده‌ستی پیاوانی ڕژێمی داگیرکه‌ری ئێران يان نوكه‌رانى تیرۆرکراون، تائێستاش بێده‌نكى لێكراوه .

ئه‌م تیرۆکردنه‌ به‌رده‌وامانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردستان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات تاچه‌ند ئه‌م ڕژێمه‌ ده‌ستی واڵا کراووه‌ بۆ گیانی قاره‌مانانی ڕۆژهه‌لات .

بۆیه‌ چاک وێڕای هاوبه‌شی خه‌م وپه‌ژاره‌ی خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان کاکه‌ حوسێن ئازه‌رکێش و موحه‌مه‌د سابیر و یه‌کێتی شؤرشگێرانی کوردستان، ئه‌وپه‌ڕی ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌م تاوانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌رده‌بڕێت و داواکاره‌ :

1ـ حکومه‌تی کوردستان سنورێک بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستاندا دابنێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگای دابینکردنی ئاسایش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی که‌کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاتی لێ کۆبونه‌ته‌وه‌. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین جگه‌ له‌وه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان که‌ براکانی به‌به‌رده‌وام له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا تیرۆرده‌کرێن، به‌ پێی هه‌موو یاساکانی مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان حکومه‌تی کوردستان به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی هه‌ر هاووڵاتییه‌ک که‌ له‌ کوردستان ژیان به‌سه‌رده‌بات.
2ـ به‌دواچونی یاسایی بۆ ئه‌و سه‌دان شه‌هیده‌ی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بکرێت که‌ له‌ 15ساڵه‌ی ڕابردوودا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردستاندا، تیرۆر کراون .


ناوه‌ندی چاک
2ـ7ـ2006
------------------------------------------------------------------------------------------
دۆستان و میوانانی هێژای ماڵپه‌ره‌ی کوردیش پلاتفورم
www.kurdishplarform .org

به‌ڕێزان به داخه‌وه ماڵپه‌ڕه‌که‌مان ماوه‌ێک له مه‌وپێش واته‌ 12ی مانگی شه‌ش له لایان کۆمه‌ڵیکی به ڕواڵه‌ت شۆڤینیستی تورک هه‌ک کرا و هه‌ر به‌رده‌وام بوون له سه‌ر هه‌ک کردنی. ئیمه به هاوکاری له ته‌ک خاونی وب هوتله‌که و پولیسی سوئید خه‌ریکی ناسین و لێکوڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌م موشکیله‌ین. ئێمه‌ هه‌موو هه‌ولی خۆمان داوه‌ و ده‌ده‌ین که‌ به‌ زووترین کات ماڵپه‌ره‌که‌ بخه‌ینه‌وه‌ ڕێ. هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌مووی ئێوه‌ ده‌که‌ین که‌ به‌ نامه‌ و په‌یام ئاگادارتان کردووینه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی به‌ڕیکه‌وتنی دووباره‌ی ماڵپه‌ره‌که‌مان ده‌که‌ن.
به‌سپاسه‌وه
به‌رپرسی ماڵپه‌ره‌ی کوردیش پلاتفورم