كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, June 16, 2004

میكایلی هونه‌رمه‌ند له‌ شه‌و ئاهه‌نگێكی شاری ئه‌ده‌ڵاید

میكایلی هونه‌رمه‌ند له‌ شه‌و ئاهه‌نگێكی شاری ئه‌ده‌ڵاید

له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هونه‌رمه‌ند ده‌نگ خۆش میكایل له‌گه‌لێك له‌ شاره‌كانی ئوستڕالیا شه‌و ئاهه‌نگی به‌ڕێوه‌بردو به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی دڵی ئۆگرانی موزیك و ده‌نگه‌ خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ی خۆی شاد كرد. ڕێكخستنه‌كانی ئوستڕالیای یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان ئه‌مساڵ بۆ یادی بیست و نۆ ساڵه‌ی دامه‌زراندی یه‌كیه‌تی نیشتمانی، هونه‌رمه‌ندی سترانبێژ، میكایلیان بانگهێشتن كرد بۆ شاری سیدنی. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی شاره‌كانی دیكه‌ش هه‌له‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌و هه‌رچۆنێك بێت شه‌وێكی بۆ ساز بده‌ن و بانگهێشتی بكه‌ن. له‌ شاری ئه‌ده‌لایدیش چه‌‌ند كه‌سێك ئه‌ركه‌كه‌یان به‌ ئه‌ستۆوه‌ گرت و كه‌وتنه‌ ئاماده‌كردنی پێداویستیه‌كانی ئه‌و شه‌و ئاهه‌نگه‌. میكایلیش له‌ دڵه‌وه‌ بانگهێشتنه‌كه‌ی وه‌رگرت و هه‌رچه‌‌ند ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ ئوسترالیا كه‌م بوو، به‌ڵام ده‌ستی به‌ڕووی ئۆگرانی گۆرانی كوردی و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌نا. ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌نجام شه‌وی 12 له‌سه‌ر 13ی جوون شه‌و ئاهه‌نگێكی كوردی به‌ڕێوه‌ چوو و كوردانی ئه‌م شاره‌ له‌ نزیكه‌وه‌ گوێیان له‌ ده‌نگی میكایل گرت و بۆ چه‌‌ند ساتێك ئاوێته‌ی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی بوون و له‌گه‌ڵیا وه‌نه‌شه‌ كه‌وتن.
میكایل ده‌نگی خۆشه‌و گۆرانیه‌كانی و گوێگرتنی ڕاسته‌وخۆ لێی تام و چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه‌و به‌شدارانی شه‌و ئاهه‌نگێكی وا له‌هه‌ر دۆخێكدابن چێژی لێوه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵیا ئاوێته‌ ده‌بن و ته‌نانه‌ت هێندێك له‌ گۆرانیه‌كانی گه‌لێك له‌به‌شدارانی ئاهه‌نگه‌كانی ده‌باته‌وه‌بۆ ناو ناخی بیره‌وه‌رییه‌كان و له‌ به‌ژنی ڕابردوویان ده‌هاڵێنێته‌‌وه‌.
له‌گه‌ڵ سپاس بۆ میكایل كه‌ هاته‌ ئه‌م شاره‌و له‌ نزیكه‌وه‌ سترانی بۆ چڕین و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ماندوو بوونی به‌ڕێوه‌بردنی ئاهه‌نگه‌كه‌یان خسته‌ سه‌ر شانی خۆیان، چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌رپێیی له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌ده‌م، ئێ به‌شكم بۆ داهاتوو كه‌ڵكی هه‌بێ و ئه‌گه‌ر ڕۆژێك هونه‌رمه‌ندێك ڕێیبكه‌وێته‌وه‌ ئه‌م شاره‌ دووره‌ بتوانین كه‌ڵك و جێژی زیاتری لێوه‌رگرین.
سه‌ره‌ڕای ماندوو بوونی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی شه‌و ئاهه‌نگه‌كه‌یان سازدا به‌ڵام مخابن له‌ڕووی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌وه‌ بێكه‌موو كووڕی نه‌بوو. دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ باسكردنی ئه‌م سه‌رنج و تێبینیانه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ماندوو بوونی ئه‌و دۆستانه‌ به‌ هیچ بگرم، به‌ڵكوو زیاتر له‌ پێناوی داهاتوودا ئه‌م وشانه‌ لێره‌دا ده‌نوسمه‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێك و ته‌نانه‌ت چه‌ند حه‌وتوو پێشتر خه‌ڵكی كوردی ئه‌م شاره‌ ئاگادار كرابوو كه‌ شه‌و ئاهه‌نگه‌كه‌ كاتژمێر شه‌ش ده‌ست پێده‌كا و تا دوازده‌ درێژه‌ی ده‌بێ. به‌ڵام شه‌و ئاهه‌نگ له‌ كاتژمێری هه‌شت به‌ولاوه‌ ده‌ستی پێكرد!. ئه‌م دو كاتژمێره‌ به‌شداران هه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانیدابوون. دیاره‌ دواكه‌وتنی كاتژمێرێك هێشتا ده‌كرا زۆر جێی گازه‌نده‌ نه‌بێ به‌ڵام زیاتر له‌ دوو كاتژمێر چاوه‌ڕوانی بێ واتایه‌ و نازانم ناوی چی لێبندرێ. یه‌كێك له‌ كه‌م و كوڕیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی گرنگی نه‌دان به‌كاته‌ و گوێنه‌دانه‌ به‌ وه‌ی كه‌ئه‌گه‌ر كاتێك بۆ ئه‌نجامدانی كارێك یان پڕۆژه‌یه‌ك یان میوانیه‌ك داده‌نرێ له‌سه‌رو ده‌می خۆیا بیگه‌نێ. ئه‌مه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌مومان ده‌گرێته‌وه‌. له‌ شه‌وی میكایلیش دا به‌ڕێوه‌به‌ران به‌ بێ بایه‌خدان به‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆریان له‌ كاتژمێری شه‌شه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكردوه‌، پاش زیاتر له‌ دوو كاتژمێر ده‌ستیان به‌ ئاهه‌‌گه‌كه‌ كرد.
پاش ئه‌و دو كاتژمێره‌ دیسان وه‌ك هه‌میشه‌ كێشه‌ی ده‌نگ و به‌رزه‌وێژه‌كان تا ده‌ستپێكردنی ئاهه‌نگ تاقینه‌كرابوونه‌وه‌و ئه‌مه‌ش بۆخۆی نیو كاتژمێری خوارد تا ده‌نگه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بوو. تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كان پێویسته‌ پێش ده‌ستپێكردنی ئاهه‌نگه‌كه‌ بكرێ و له‌ ڕێكو پێكیان دڵنیا ببن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌بوو خه‌م له‌ كامێرایه‌ك بخۆن بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌ڵگرێ و پاشان به‌ نرخێكی گونجاو بدرێته‌وه‌ به‌ ئه‌وانه‌ی پێیان خۆشه‌ هه‌یان بێت. دیاره‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و به‌‌ڕێزانه‌ ته‌نانه‌ت بۆ پێشوازیكردنه‌كه‌شی بیریان له‌وه‌ نه‌كردبوه‌وه كه‌ كامێرایه‌ك بهێننه‌ فرۆكه‌خانه‌. هه‌موومان ده‌زانین ئه‌گه‌ر خزمێك یان براده‌رێك دێت چه‌ندی كامێرا له‌به‌رده‌میدا قوت ده‌بێته‌وه‌ كه‌چی بۆ هاتنی هونه‌رمه‌ندێك ئاوا بێموبالاتی ده‌كه‌ین. ئه‌وجا گه‌لۆ له‌ ئاهه‌نگی ئاوادا ئه‌گه‌ر پێشتر به‌رنامه‌ی بۆ دابنرێ وێنه‌هه‌ڵگری تایبه‌ت بهێندرێته‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ ئه‌وه لانیكه‌م ئه‌و كه‌لكه‌ی ده‌بوو كه‌ ئه‌و هه‌موو كامێرایه‌ ناو هۆڵه‌كه‌یان نه‌ده‌كرده‌ هێلانه‌ جاڵجاڵۆكه. مناڵ و گه‌وره‌و بچووك كامێرایه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و سێره‌ی له‌ خه‌ڵكی ده‌گرێ. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ له‌ ئاهه‌نگه‌ تایبه‌تیه‌كانیشدا به‌رچاوده‌كه‌وێ. كه‌ پێم وایه‌ دیارده‌یه‌كی ناڕێك و ناشیرینه‌. گه‌لێك كه‌س هه‌نه‌ كه‌ حه‌ز ناكه‌ن كه‌ هه‌موو كه‌سێك وێنه‌یان بگرێ. یان به‌ڕاستی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ وێنه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ بۆ ده‌گرن!؟. دیاره‌ له‌ شه‌و ئاهه‌نگێكی وادا ده‌كرا له‌ پێشدا خه‌ڵك ئاگادار بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ران وێنه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و كه‌س مافی وێنه‌‌ هه‌ڵگرتنی ئاهه‌نگه‌كه‌ی نیه ئه‌مه‌ش ڕێی له‌و ئاڵۆزكاویه‌ ده‌گرت‌.
دیارده‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌و ئاهه‌نگه‌ كوردیه‌كان بێسنوری ته‌مه‌نه‌ بۆ به‌شداران. واته‌ له‌ یه‌ك ساڵه‌وه‌ تا ... ده‌كرێ به‌شداری ئاهه‌نگ بن. له‌م ئاهه‌نگه‌دا له‌ته‌مه‌نی سفره‌وه‌ تا 8ساڵ به‌ خۆڕایی! و له‌وێشه‌وه‌ تا 18 به‌ پانزده‌ دۆلار و بۆسه‌رتریش به‌ 30 دۆلار بوو.
من دڵنیام ئه‌گه‌ر هه‌موومان له‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌و زرموكوت و ژاوه‌ژاوو قیژه‌ قیژه‌ وه‌ڕزو بێزار نه‌بووبین ئه‌وا زۆربه‌مان لێی بێزار بووین. به‌شداری منداڵانی تا ته‌مه‌نی لانی كه‌م دوانزه‌ ساڵ له‌و شه‌و ئاهه‌نگانه‌دا بێ واتایه‌. هه‌ندێك له‌ دۆستان گوایه‌ ده‌یانهه‌وێ منداڵه‌كان به‌ كه‌لتوری كورده‌واری ئاشان بكه‌ن!!. كه‌چی ئه‌وه‌ی مناڵان له‌ شه‌وێكی وادا پێی ئاشنا نابن كه‌لتوری كورده‌واری‌یه‌. به‌پێچه‌وانه‌ مناڵان له‌ شه‌وێكی وادا ئه‌وه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ و قوتابخانه‌و مناڵپارێز پێیناكرێ و ڕێیلێده‌گیرێ له‌ شه‌وێكی وادا ده‌یكه‌ن. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌متر هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و مناڵانه‌ له‌ شه‌وی وادا خه‌ڵكانی گه‌ڕكه‌كه‌ بێزار نه‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت شیشه‌ په‌نجێره‌ی ماڵێك نه‌شكێنن.
كاتێكیش به‌ فڕكوهوڕ ڕووده‌كه‌نه‌ هۆڵه‌كه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵاو هه‌نگامه‌یه‌ك كه‌س ئاگای له‌كه‌س نامێنێ‌. زۆربه‌مان ئه‌م ڕاسیانه‌ ده‌زانین و به‌ نیشانه‌ی گه‌له‌یی و گازه‌نده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی باسده‌كه‌ین، به‌ڵام ئاماده‌نین هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگرین.
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی منداڵه‌كانیان ده‌هێنن ئه‌و كاته‌ كه‌ دێنه‌ شوێنی ئاهه‌نگه‌كه‌ تا كاتی ڕۆیشتنه‌وه‌ نه‌ ئاگایان له‌ منداڵه‌كانیان هه‌یه‌ و نه‌ گوێشی پێده‌ده‌ن. زۆرتر ده‌گوترێ خۆ ته‌نیا منداڵی من نیه‌!. بێ مبالاتی باوكان و دایكان له‌ ئاست منداڵه‌كانیان له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ره‌. جاری وایه‌ چه‌ندین جار به‌ به‌رزه‌وێژه‌كه‌ هاوار ده‌كه‌ن" تكا له‌ دایك و باوكان ده‌كه‌ین مناڵه‌كانیان به‌رنه‌ لای خۆیان و ئاگایان لێان بێت". كه‌متر كه‌س گوێده‌داتێ. هه‌ندێكیش ده‌بێژن كاكه‌ ئوستراڵیایه‌، ناكرێ بیان به‌سینه‌وه‌!!!؟؟‌
یه‌كێك له‌ ڕێگا چاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاهه‌نگ ته‌مه‌نی به‌شداران دیاری بكات و ڕێگه‌ له‌ هێنانی مناڵانی بۆ وێنه‌ له‌ 12 ساڵ به‌ره‌و خوار بگرن. ئه‌مه‌ش دوو ڕێگا ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی منداڵیان هه‌یه‌. یه‌كه‌میان خۆ له‌ به‌‌شداری ده‌بوێرێ و ده‌ڵێ چش! و دوهه‌میان مناڵپارێزێكیان بۆ ده‌گرێ و هه‌م سه‌ری خۆی ئارامده‌كات و هه‌میش سه‌ری به‌شدارانی ئاهه‌نگه‌كه‌ نا ئێشێنێ و دڵنیاشم له‌ دۆخێكی وادا زۆر باشتر چێژ له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ وه‌رده‌گرێ و ده‌توانێ بای باڵی خۆی بدا. دیاره‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاهه‌نگ بڕیارێكی وایدا ئیتر كێشه‌‌ كێشه‌ی ئه‌وانه‌یه‌ له‌و دۆخه‌دان.
گه‌لۆ دیارده‌یه‌كی دیكه‌ش به‌ره‌به‌ره‌ په‌ره‌ده‌ستێنێ!. گه‌نجو لاوه‌ێكی زۆر پێگه‌یشتوون و هه‌موشیان یان زۆربه‌یان خاوه‌ن ماسولكه‌ن و گه‌لێكیش به‌ خۆیاندا ده‌په‌رموون. ئه‌مه‌ش واده‌كا توانای لێبورده‌یی و ددان به‌خۆدا گرتنیان كه‌مبێته‌وه‌ و هه‌ر به‌ وشه‌یه‌ك یان وێك كه‌وتنێك هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه‌ و به‌ ڕوویی یه‌كدیدا ده‌ته‌قنه‌وه. دیاره‌ خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكولییش زیاتر ئه‌م دۆخه‌ خراپتر ده‌كات‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاهه‌نگه‌كان هه‌موو جارێك ناچارن ئاسایش پارێز به‌كرێ بگرن و له‌به‌رده‌ركه‌و ناو هۆڵه‌كه‌ دایان بنێن. به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كدو ئاهه‌نگه‌ لێك هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ و ده‌ستبه‌یه‌خه‌ بوون ڕووده‌ده‌ن. دیارده‌یه‌كی له‌و بابه‌ته‌ ڕێگا چاره‌ی نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كاتێك مرۆڤ به‌شداری ده‌كات له‌ ئاهه‌نگاندا هه‌ست به‌به‌رپرسایه‌تی بكات و نه‌‌بێته‌ هۆی شێواندن و تێكدان، هه‌م له‌ خۆی و هه‌میش له‌ده‌وروبه‌ری. ساڵی جارێك دوجار ڕێده‌كه‌وێ پێكه‌وه‌ له‌ شه‌وێكی ئاوادا به‌شداری بكه‌ین با بیپارێزین. هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ن كێشه‌ تایبه‌تیه‌كان نه‌هێننه‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و له‌ شوێنی دیكه‌و له‌ ڕێگای دروستی دیكه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن. دیاره‌ من لێره‌دا ئاماژه‌م به‌ گه‌نج و لاوه‌كان كردوه‌ به‌ڵام گه‌وره‌كانیش یان ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ گه‌نجی تێپه‌ریوه‌ش هه‌ر مخابن جاریوایه‌ تووشی بێسه‌بری ده‌بن و له‌ یه‌كدی هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ده‌ست خۆشانه‌ دوباره‌ بۆ ئه‌و دۆستانه‌ی ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ئاهه‌نگه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆو، هیوادارم سه‌رنج و تێبینیه‌كان به‌ دڵ ئاواڵه‌یی وه‌رگرن. هه‌روه‌ها خۆزگه‌ ده‌خوازم كه‌ هه‌موومان هه‌وڵبده‌ین شه‌و ئاهه‌نگه‌كانمان خۆشترو ڕێكوپێكتر بكه‌ین و كه‌سمان نه‌بینه‌ مایه‌ی ئازارو بێزاری ئه‌وی ترو ڕێزو خۆشه‌ویستی میوانی به‌رده‌وامی هه‌ستمان بێت له‌ هه‌مبه‌ر ده‌وروبه‌رمان.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home