كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, June 03, 2004

كۆنفراسه‌كانی پێش كۆنگره‌ی حزبی دیموكڕات ‌و ده‌سته‌به‌ندی نه‌هێنی

له‌م ماوه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی وڵات(باشوری كوردستان)‌ حزبی دیموكڕات خه‌ریكی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنفراسی كۆمیته‌كانیه‌تی به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر بۆ كۆنگره‌. له‌م پێوه‌ندییه‌دا، دوێ شه‌و هه‌واڵێكم سه‌باره‌ت به‌ كۆنفرانسی كۆمیته‌كانی حزبی دیموكڕات پێگه‌یشت كه‌ ده‌ری ده‌خات ناكۆكی و ملبه‌مله‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ نێو حزبدا خۆ ده‌نوێنێ و  فڕاكسیۆنه‌كانی خاوه‌ن پێگه‌ له‌ كۆمیته‌كان له‌ هه‌وڵی هه‌ڵبژاردنی كه‌سانی سه‌ربه‌خۆیانن. ئه‌ویش له‌ پێناوی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات و چه‌سپاندنی بۆچوونه‌كانیان. بۆیه‌ش به‌ فرت و فێڵ و ده‌سته‌ و تاقم كاریه‌وه‌ خه‌ریكن. ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی حزب له‌ لایه‌ن تاقمێكه‌وه‌و  هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی كه‌سانی سه‌ر به‌ خۆیان له‌ كۆنفرانسه‌كانی پێش كۆنگره‌‌دا له‌ لایه‌ك پێشێلكاری مافی ئه‌ندامانی حزب و درێژه‌دان به‌ كه‌لتور و  نه‌ریته‌ سواوه‌كانی ڕابردووی حزبه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ ململانێی تووند  له‌ پێناوی ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك كه‌ باس و خواسه‌ هزریه‌كانی داپۆشیوه‌. ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ مێژه‌ له‌ حزبی دیموكڕاتدا باوه‌و ڕێگای له‌ گه‌شه‌ و گۆڕانی ئه‌و حزبه‌ گرتوه‌. به‌م جۆره‌ ئه‌ندامانی وشیارو توێژی گۆڕانخوازی حزب ڕێی به‌شداریان له‌ كۆنگره‌دا لێده‌گیرێ و به‌ چه‌كی پاراستنی یه‌كیه‌تی ڕیزه‌كانی حزب ناچار به‌ مل نه‌ویكردن ده‌كرێن. ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ نه‌گۆڕه‌! نا ئومێد ده‌بن به‌ لاره‌ ملی له‌ قورنه‌یه‌ك داده‌نیشن یان حزب به‌جێ دێڵن. ئه‌م هه‌واڵانه‌ ئه‌گه‌ر چی شتێكی چاوه‌ڕوانكراون به‌ڵام زۆر جێ داخه‌.‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی ئاوادا كه‌ گه‌ل چاوه‌ڕوانی نوێبوونه‌وه‌و‌ گۆڕان و به‌ خۆداچونه‌وه‌‌ له‌و حزبه‌ ده‌كا كه‌ باڵێكی به‌ هێزی بزاڤی كورده‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌وان خه‌ریكی هه‌ڵسوكه‌وتی نادیموكڕاتین له‌ ناوه‌وه‌ی حزبی خۆیان.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ ده‌ڵێ:" ئه‌م شێوه‌ ده‌سته‌به‌ندی و هه‌ڵبژاردنه‌ نادیموكراتیكه‌ ، شوێنه‌واری زۆر خراپی له‌ سه‌ر داهاتووی سیاسی حزب و ڕێبه‌رایه‌تی ده‌بێ. به‌داخه‌وه‌ مێژووی حزبی دیموكرات نموونه‌ی وای زۆر تێدایه‌ و دواتر زه‌ره‌ره‌كانی ده‌ركه‌وتوون". 
ده‌گوترێ كه ‌له‌ یه‌كێك له‌كۆنفرانسه‌كانی ئوروپادا كار بۆ لیستێكی نه‌هێنی هه‌شت كه‌سی كراوه‌ كه‌ ده‌نگبێنن و بچنه‌ كۆنگره‌. ئه‌مه‌ش وایكردوه كه‌ ئه‌وانه‌ی دیكه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و لیسته‌یه بوون چانسی پاڵێورانیان بۆ كۆنگره‌ نه‌بێ. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا چه‌‌ند ژنێك وێڕای به‌رپرسی لاوان و به‌رپرسی كۆمیته‌ی ئه‌و حزبه‌و...پلاتفۆڕمێكیان پێشكه‌ش كردوه‌و به‌ نیازیش بوون به‌و پلاتفۆڕمه‌وه‌ ڕوو له‌ كۆنگره‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و لیسته‌ نه‌هێنیه‌ سه‌پێندراوه‌ هیوای ئه‌وانه‌ی له‌ گۆڕناوه‌. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌، كه‌ ئاگایان له‌و كه‌ین وبه‌ینه‌ هه‌یه، كردووه‌ كه‌ بێژن: ‌ئه‌و نوێنه‌رانه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ به‌ندی نه‌هێنی هه‌ڵبژێردراون شه‌رعیه‌تی نوێنه‌‌رایه‌تی كۆنفرانسیان نیه‌. بێگومان ده‌نگوباسه‌كان ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ زۆربه‌ی كۆمیته‌كاندا به‌م جۆره‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی نائومێدی و دڵه‌راوكه‌ی حزبیه‌كان.
حزبێك كه‌ 60 ساڵه‌ خۆ به‌ خه‌باتكاری دیموكڕاسی ده‌زانێ تا ئێستا نه‌یتوانیبێ ئه‌و دیموكڕاسیه‌ی كه‌ ده‌هۆڵی بۆ ده‌دڕێنن له‌ ناو خودی حزبه‌كه‌یاندا جێبه‌جێی بكه‌ن و خۆی لێ ڕابێنن، چۆن ده‌تووانێ كه‌لتوور و نه‌ریتی دیموكڕاسی بێنێته‌ ناو ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردستان و په‌ره‌ی پێبداو پارێزگاری لێبكات. 
ئه‌م هه‌واڵه‌ كۆنفرانسه‌كانی پێش كۆنگره‌ی 9ی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕی بیر بیر هێنامه‌وه!!

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home