كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, May 19, 2004

ڕۆمانی ژن یان ڕاماڵینی ترس له‌ وتن
نوسینی: هیوا گوڵ مه‌حه‌ممه‌دی

باوه‌شێ وشه‌ی واته‌دار ، ده‌شتێكی به‌رین له‌ پرسیار، چیایه‌كی پڕ مه‌ترسی، به‌هارێكی نه‌گه‌یشتو، زستانێكی به‌ كڕێوه‌، شه‌وگارێكی تاریك و نوته‌ك، ئاوی ڕه‌وانی كانیاوی ژینی پڕ له‌ ژان...
ژن سه‌رچاوه‌ی ئه‌وین ، ژن خوڵقێنه‌ری ژین، ژن هه‌ڵگری ده‌رد و خه‌م و لانكه‌ی لاواندنه‌وه‌ی ئازاره‌كان.
من له‌ ژن دا ژن وه‌ك قوربانی و قوربانی وه‌ك یاسای داسه‌پیوی هه‌زار ساڵه‌ی به‌ زۆر سه‌پیندراو له‌ قوڵایی تێگه‌یشتنه‌وه‌ تێ ده‌گه‌م.
ڕۆمانی ژن ده‌ربڕی واقعێكی خه‌یاڵی یان خه‌یاڵێكی واقعی یه‌... واقعێكی تاڵ و خه‌یاڵێكی شیرینه‌...
شیرین وه‌ك تیشكی هه‌تاوی تامه‌زرۆی گه‌یشتن به‌ زه‌وی و خه‌زانێك وه‌ك گه‌ڵای پایزیی كه‌ له‌ دار به‌ڕویه‌ك به‌ر ده‌بێته‌وه‌ و دیسانه‌وه‌ له‌ به‌هارێكی ترا چرۆ ئه‌كاته‌وه‌...
قه‌ڵه‌مێكی سه‌ركێش، سه‌ركێشێكی سنور به‌زێن ، به‌رزیه‌ك له‌ نه‌دیویه‌وه‌، دیتنێك له‌ سه‌وزیه‌وه‌.
چاوێك بۆ هه‌ڵڕشتنی فرمێسك و فرمێسكێك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی كه‌ف و كوڵی ده‌رون، ده‌رونێكی بریندار و برینێكی  په‌ترۆكه‌ به‌ستو...
ئازارێك له‌ قوڵای ناخه‌وه‌، ناخێكی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئاخێندراو.. زمانێك بۆ ده‌ربڕین، ده‌ربڕینێك بۆ خۆشه‌ویستی  و خۆشه‌ویستیه‌ك بۆ به‌رده‌وامی ژیان...خه‌وێكی ئاڵۆزاو و ئاڵۆزاوێكی خه‌و زڕاو، ده‌نگی بێده‌نگی و بێ ده‌نگ كردنی گۆرانیه‌ك...
ڕۆمانی ژن له‌ نوسینی ڕێواس ئه‌حمه‌د ئه‌گه‌ر به‌ پێزترین به‌رهه‌می ئاوارته‌ نه‌بێ ئه‌وا بێ گومان كه‌م وێنه‌ ترین نوسینه‌ له‌ نه‌وعی خۆیدا...
داڕشتنه‌كه‌ی گه‌لێ زانایانه‌یه‌، نوسینه‌كه‌ی ساده‌یه‌ و خۆینه‌ر به‌ دوای بابه‌ته‌كانا ڕاده‌كێشی و عه‌لاقه‌مه‌ندی ئه‌كا.
هه‌ر كه‌ سه‌رت به‌ردایه‌ ناو قوڵای باسه‌كه‌ ئیدی له‌ كۆڵانه‌كانی ئێش و ئازارا ون ده‌بی یان باشتر بڵێم له‌گه‌ڵ سه‌هۆڵبه‌ندانی كاره‌ساته‌كانا ئه‌تویته‌وه‌.
له‌ لایه‌ك وه‌ڵات به‌جێ هیشتن و بارگه‌و بنه‌ له‌ كۆڵ گرتن به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی ژیانێكی باشتر و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ نامۆ بون له‌ ناوه‌رۆكی ژین و هه‌ڵهاتن  له‌ خۆشه‌ویستی، له‌ ئه‌وین، له‌ ئازادی و تێگه‌یشتن.
جاری له‌ داوی نه‌زانین كه‌وتن و جاری قوربانی بونی هه‌ستێكی سه‌ركێش، ئه‌وینێكی ون و خۆشه‌ویستیه‌كی یاساغ كراو، جارێكی تر به‌ دوای دۆزینه‌وی خودی خۆی دا، كێم و چیم له‌ كوێم، چیم به‌سه‌ر هاتوه‌، بۆ، چۆن ، كه‌ی، كوا....
كه‌ مرۆڤ بچوك بو له‌ جه‌سته‌ی دا دیار نابی، كه‌سانێك هه‌ن زۆر كه‌ڵه‌گه‌تن به‌ڵام بچوكن، له‌ به‌ر ئه‌وی بیریان بچوكه‌، تێگه‌یشتنیان به‌رته‌سكه‌، نه‌ زانن و نه‌زانین گه‌وره‌ترین به‌ڵایه‌ و بچوك ترین بچوكیه‌.
ڕیواس ئه‌حمه‌د له‌ ڕۆمانی ژن دا وه‌ڵامی گه‌لێ پرسیاری بڤه‌ی داوه‌ته‌وه‌ و گه‌لێ پرسیاری هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ وه‌ڵام بدرینه‌وه‌. تێگه‌یشتنێكی قوڵی  ده‌رونی و سایكولۆژی باشی هه‌یه‌ له‌ كه‌سه‌كانی ناو خه‌یاڵی نوسینه‌كه‌ی و به‌ وردی چووه‌ته‌ ناو دڵ و ده‌رون و بیركردنه‌وه‌كانیانه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ ڕۆحیان دا توشی گه‌لێ ڕۆحی به‌ هه‌ست و سۆز ده‌بێ كه‌ ئه‌گه‌ر بكرێ  جارێكی تر بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر كوره‌ی زه‌وی و بتوانن ژیان ده‌س پێ بكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وا پێچه‌وانه‌ی ڕابردویان ئه‌وه‌ی جاران كردویانه‌ دوباره‌ی ناكه‌نه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌سته‌ ده‌رونیه‌یه‌ كه‌ له‌ ناخی هه‌مومان دا هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بخولێته‌وه‌ ئه‌وا ژیان جۆرێكیتر ده‌بێ...
ڕیواس ئه‌حمه‌د خۆی هاویشتوه‌ته‌ ناو ده‌ریایه‌كی  به‌ ته‌وژم و شه‌پول و خه‌رێكی پیاسه‌ كردنه‌ و له‌ هوروژم و هه‌ڕه‌شه‌كانی ناترسی و نه‌ترسانه‌ توانیویه‌تی ترس ورد و خاش بكا و ده‌س له‌ ملانی گه‌وره‌یی یه‌ك ببێ كه‌ له‌ داهاتو دا تیشكی بیری گه‌لێ كه‌له‌به‌ری تاریكی یه‌كان ڕوناك ئه‌كاته‌وه‌...
ڕۆمانی ژن ته‌نیا باسی ژن نیه‌ و هه‌ردو به‌شی كۆمه‌ڵی وه‌ك یه‌ك گرتوه‌ته‌وه‌ و هه‌ردو لا تاوانبارن یان به‌ بی تاوان خۆیان به‌ تاون دا هه‌ڵواسیوه‌،و به‌ سه‌رنج دانه‌ ڕابردو پردی په‌ڕینه‌وه‌ی داهاتو به‌ره‌و دیاری سه‌وزه‌ڵانی لێك حاڵی بون ده‌س نیشان ئه‌كات.
له‌و كاته‌ دا كه‌ من وشه‌كانی ڕیواس ئه‌حمه‌دم به‌ده‌سته‌وه‌ بو به‌ ناو كۆڵانه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی خۆما ده‌گه‌ڕام ، هاوژینه‌كه‌م هاواری لێ كردم كه‌ ئه‌و له‌ به‌رانبه‌رمه‌وه‌یه‌ و ده‌ستمان بۆ یه‌كتری درێژ كرد و له‌ نێوان شمشێری دواكه‌وتویی و گوڵاڵه‌ی حاڵی بون دا باوشمان به‌ یه‌كا كرد.
تێبینی: من نه‌م ویستوه‌ به‌ قوڵی له‌ سه‌ر ڕۆمانه‌ كه‌ له‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی  بكۆڵمه‌وه‌ و ئه‌م كاره‌ دا ده‌نێم بۆ شاره‌زایانی ئه‌م گۆڕه‌پانه‌ و ته‌نیا ویستم هه‌ستی خۆم به‌ كورتی له‌ سه‌ر ڕۆمانی ژن له‌ نوسینی نوسه‌ری به‌ توانا (ڕیواس ئه‌حمه‌د) بنوسم و به‌س.