كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, May 06, 2004

  سه‌ر نوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌ندیخانه‌ توند ده‌كرێ!




ئه‌مڕۆله‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شیباو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ناداته‌وه‌، ئاسایشی سلێمانی سه‌ر نوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ‌ئه‌مڕۆ بنچاڤ ده‌كات و ئێستا ناوبراو له‌ به‌ندیخانه‌ی ئاسایشی سلێمانیه‌. ئه‌م كاره‌ی ئاسایشی سلێمانی بێجێ‌یه‌و هه‌موڕۆژنامه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی كه‌ هه‌واڵێكی لێوه‌رده‌گرێ ئاشكرانه‌كات.  بێگومان پێداگرتن له‌سه‌ر ئاشكراكردنی سه‌ر چاوه‌كه‌ی هاووڵاتی به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕاستیه‌كه‌ نیه‌ و له‌ پێناوی چاوترسێنكردن و یان تۆڵه‌لێكردنه‌وه‌دایه‌. كێشه‌ی شیما ڕاستیه‌كه‌ی له‌ زمانی خۆیی و خوشكوبراكانی پشتڕاستكراوه‌و  ته‌‌انه‌ت ئه‌وان ناچار بوون ده‌ربه‌ندیخان به‌جێ بێڵن. ‌ئاسایشی ده‌ربه‌ندیخان به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وشتی له‌‌پێناوی ئاره‌زوه‌ سێكسه‌كانی خۆیان ئاماده‌ بوون ئه‌و ڕسوایی و شه‌رمه‌زاریه‌ به‌سه‌ر خۆیان بهێنن و چاره‌نوسی بنه‌ماڵه‌یه‌كی لێقه‌وماو بێده‌ره‌تانی هه‌ژار پاش چه‌‌ندین ساڵ ئاواره‌یی و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمانی خۆیان، بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌و له‌وێش به‌ده‌ستی ئاسایش پارێزه‌كانی نیشتمانه‌كه‌یان ئاواره‌ بكرێنه‌وه‌‌. ئاسایشی سلێمانی با بۆ سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ نه‌گه‌ڕێ تا سبه‌ینێ كاكی به‌رپرسی ده‌ربه‌ندیخان چاوی لێ سور بكاته‌وه‌ یا خود به‌ده‌رد و فه‌ته‌راتێكی به‌رێ، به‌ڵكو ئه‌و ئاسیشه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌بێ تاوانباران ئاشكرا بكه‌‌ن بۆ ئه‌وه‌ی  سزایی ڕه‌وایان بۆ دیاری بكرێ نه‌ك پشتگیریان بكرێ. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌ی شیمای لێقه‌وماو له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بپارێزێ. ئه‌دی ئاسایش پاراستن هه‌ر خۆ گیڤكردنه‌وه‌یه‌ یان ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش و جێبه‌جێكاری حوكمی یاسایه‌. ئاسایش به‌گرتنی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ێ ئه‌مڕۆ ده‌ستخۆشانه‌ی له‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان كرد. ‌ 
به‌ند كردنی سه‌ر نوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌‌مڕۆ كه‌ نه‌ترسانه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانیدا ئه‌و كێشه‌ی وروژان و ڕێگه‌ی له‌ دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌كردنی گرت، ده‌بێ شه‌رمه‌زار بكرێت و هه‌ر كه‌س له‌لای خۆیه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌و بڕیاره‌ی ئاسایشی! سلێمانی هه‌ڵوێست بگرێ.
یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان، به‌ به‌رگریكردن له‌ بێڕه‌و‌شتی و ئه‌وانه‌ی‌ به‌ خراپ  كه‌ڵك  له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن، نه‌ك هه‌ر ده‌سكه‌وتێكی نابێ به‌ڵكوو زیاتروو زیاتر ده‌خرێته‌ بن لێشاوی پرسیارو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ق ده‌بێ. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌ بگرنه‌ به‌ر باشتره‌ مافی هاووڵاتیان به‌رگری بكه‌ن و سه‌ربازو قوڵه‌ به‌رپرسه‌كانیان كه‌ مافه‌كانی هاووڵاتیه‌كانیان پێشێل ده‌كه‌ن سه‌‌زا بده‌ن.  
وه‌ك له‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگای (ئه‌مڕۆ) بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕیندا هاتوه‌ ده‌بێژێ " بۆیه‌‌لێره‌دا ڕوو ده‌كه‌ینه‌ سه‌رجه‌م نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و هه‌موو كه‌سێكی ئازادیخواز كه‌ هاوده‌نگمان بن و ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پێشێلكاریانه‌ ببینه‌وه" هه‌روه‌ها له‌ كۆتاییدا ده‌نبێژێ: هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا سه‌رنوسه‌ری(ئه‌مڕۆ) له‌ كاتژمێری 7ی ئێواره‌ی ڕۆژی 03.05.2004ه‌وه‌ له‌ نێو به‌‌دیخانه‌دا مانی له‌ خواردن گرتوه‌ وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌قی كراوه‌.

بڕیاری ئاسایشی سلێمانی له‌مه‌ڕ گرتنی فه‌رهاد، بڕیارێكی ناڕه‌وایه‌و پێویسته‌ هه‌رچی زوتر ئازاد بكرێ. با هه‌موو لایه‌ك له‌ دژی ئه‌و ‌بڕیاره‌ هه‌ڵوێست بگرین و ئازادی بۆ فه‌رهاد مه‌لا حه‌سه‌ن سه‌ر نوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ بخوازین.
بژی ئازادی ده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌گه‌ری.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home