كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, May 01, 2004

ئه‌م بابه‌ته‌ی خواره‌وه‌(چه‌ند ناڕاستیه‌ك له‌"ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌كانی"ی خدر مه‌ره‌سه‌نه‌) پێشتر له‌ گۆڤاری هه‌وار ژماره‌1كه‌ له‌ ئوستڕالیا ده‌رده‌چوو، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌و گۆڤاره‌دا بڵاوم كردونه‌وه‌ له‌ ناو دیسك و دیكۆمێنته‌كانم مابوون، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ فۆنتی جیا له‌ یونیكۆد نوسراون ده‌رفه‌تی تایپ كردنه‌وه‌یانم نه‌بوو. ئێستا كه‌ به‌ هه‌وڵی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ كورد ئای تی گروپ كارده‌كه‌ن ده‌كرێ فۆنته‌ نا یۆنیكۆده‌كان بگۆڕدرێنه‌ سه‌ر یونیكۆد كاری من ئاسان بوه‌. دیاره‌ من بۆ خۆم پێم نه‌ده‌زانی و به‌ڕێز گوڵه‌گه‌نم چۆنیه‌تیه‌كه‌ی پێ گووتم. سپاس بۆ گوڵه‌خان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ماندونه‌ناسی "كورد ئای تی گروپ".



 ضةند ناراستيةك لة "ئاوي�نةي  ر�استيةكاني "!؟خدر مه‌ره‌سه‌نه‌



 نوسينی: خالید عه‌زیزی



 
ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌كان- خدر مه‌ره‌سه‌نه‌- 2000له‌م ماوه‌ی پێشوودا كتێبی "ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌كان"ی خدر مه‌ره‌سه‌نه‌م خوێنده‌وه‌. بێگومان سه‌ره‌تا به‌ پێی قه‌واره‌و ناوه‌كه‌ی پێم وابوو كاك خدر ده‌بێ شتی عه‌نتیكه‌و نه‌زانراوی پێ بێت‌و بۆی هه‌یه‌ كارێكی به‌نرخی كردبێت‌. دیاره‌ به‌ پێ ئه‌و ناسینه‌ی من له‌سه‌ر ناوبرام هه‌یه‌ قه‌ت به‌رپرسیاریه‌تی هێنده‌ گه‌وره‌ی له‌ نێو شۆرشدا نه‌بوه‌ كه‌ ئاگاداری به‌سه‌ر شتی زۆرگرینگ دا هه‌بوو بێت. به‌و حاڵه‌ش پێم وابوو ده‌كرێ ناوبراو له‌ سه‌ر كارو تێكۆشانی شۆرش له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت كه‌ شوێنێكی گرینگ بوه‌ بۆ كاروتێكۆشانی هێزه‌ كوردستانیه‌كان‌و هاوسنوریشی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیر كه‌ری عێراق, هه‌ندێك ئاگاداری هه‌بێت. كاك خدر هه‌رئه‌وه‌ی خۆی له‌ قه‌ره‌ی نوسینێكی واداوه‌ بۆخۆی كارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌م پێوه‌ندیه‌دا جێی ده‌ست خۆشیه‌. وابزانم باشترده‌بوو كه‌ نوسه‌ر هه‌ربه‌ ناوه‌ ناسراوه‌كه‌ی خۆی كه‌ بۆ خه‌ڵك ئاشنایه‌ كتێبه‌كه‌ی بڵاوبكردایه‌وه‌ تا خوێنه‌ر بیزانیایه‌ ئه‌م خدرمه‌ره‌سه‌نه‌ هه‌مان میرزا خدری بێورانه‌, به‌م جۆره‌ زیاتر له‌ بابه‌ت‌و باسه‌كانی ناوكتێبه‌, كه‌ زۆرتر گێڕانه‌وه‌یه‌ تێبگه‌یشتایه‌.



 نوسه‌ر هه‌روه‌ك بۆ خۆی ئاماژه‌ی پێكردوه‌ پێش روخانی رژیمی پاشایه‌تی ماوه‌یه‌كی دورو درێژ په‌ریوه‌ی گه‌رمێنێ بوه‌ كه‌ له‌بن ده‌ستی داگیركه‌ری عێراق‌ دابوو, تا سالی 1354ی‌ هه‌تاوی كه‌ شا لێبوردنی گشتی ڕاده‌گه‌ینێ ئه‌ویش خۆی ته‌سلیم ده‌كاته‌وه‌و ده‌گه‌رێته‌وه‌ به‌ری كوێستانێ‌. كاك‌خدر بۆ خۆی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌"گه‌ڕانه‌وه‌م له‌و كاته‌دا بۆ ڕ‌ۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر به‌ قازانجی حزب‌و گه‌ل ته‌واو بوو"!؟ به‌لإم ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ناوی كاك خدر له‌ نامێلكه‌ی نێوخۆیی حزب (تێكۆشه‌ر)دا هاتوه‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ووته‌یه‌ی ناوبراو ده‌سه‌لمێنێ.



گومان له‌ وه‌دانیه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ساڵانێكی دورو درێژ له‌ رێزی تێكۆشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان دابوون هه‌ركه‌سه‌ و به‌ڕاده‌ی به‌ڕه‌ی خۆی بیره‌وه‌ری هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت زۆر نه‌هێنی نه‌دركاویشی له‌وانه‌یه‌ له‌ لابێت. یان زۆر ڕاستی نه‌دركاوی له‌ پێوه‌ندی كه‌سێكی تایبه‌تیش‌دا پێبێت, جا ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر خودی نوسه‌ریش بێت.  نوسینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ڕ‌وداوه‌ نه‌زانراوه‌كان بۆ ده‌ركه‌وتنی ڕاستیه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی گه‌لی كوردستان نرخی مێژوویی هه‌یه‌.



گۆڤاری هه‌وار ژماره‌ 12(دوا ژماره‌)پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ هه‌ستم كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شتی باشی تێدا وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێ, هه‌ندێك ناڕاستیش له‌"ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌كان"ی كاك خدردا به‌دی ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت له‌ چه‌ند شوێنێكدا وشه‌ی ناشیرین له‌ دژی چه‌ند كه‌سێك به‌كار ده‌هێنێ. ئه‌م كتێبه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی روداوه‌كانی به‌پێی رێكه‌وت و به‌ڵگه‌ نیه‌, ناكرێ وه‌ك كتێبێكی مێژوویی سه‌یر بكرێ‌و باشتر وابوو نوسه‌ر له‌ جیاتی ئه‌وه‌, بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی نوسیبایه‌وه‌ نه‌ك له‌ گژ مێژوێكی په‌نجا ساڵه‌ ڕاچووبا. كاك خدر به‌ بێ ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت بداته‌ به‌رخۆیو هه‌ندێك كتێب كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا نوسراون بیانخوێنێته‌وه‌‌و هیچ نه‌بێ رێكه‌وتی روداوه‌كانی لێ هه‌ڵێنجێ, به‌ناو روداوه‌كان كه‌وتوه‌و به‌ ئاره‌زوی خۆی به‌ دوای یه‌كدا ریزی كردوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاك خدر وه‌نه‌بێ هیچی پێ نه‌بێ و له‌ ناو كتێبه‌كه‌ی دا گه‌لێك ڕاستیشی تێدا نوسیوه‌. كاك خدر له‌ نوسینی كتێبه‌كه‌یدا توشی درێژكردنه‌وه‌ بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بێت‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌ش ده‌كرا ئه‌و ڕاسیتیانه‌ی نوسیبان كه‌ كه‌س نه‌یدركاندوون‌و یا ئه‌وانه‌ی تا ئێستا دركاون به‌ڵام وه‌ك خۆی نه‌ نوسراون ڕاستی بكردنایه‌وه‌.  ئه‌ز لێره‌دا نامه‌وێ ئه‌م كتێبه‌ هه‌مووی شه‌ن‌و كه‌و بكه‌م, به‌ڵكو ده‌خوازم چه‌ند نمونه‌ بۆ خوێنه‌ران بێنمه‌وه‌ كه‌ ناڕاستن‌و وه‌ك ڕاستیش نوسراون. لێره‌دا له‌لایه‌ك مه‌به‌ستم ڕاستكردنه‌وه‌یه‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌  ڕه‌خنه‌گرتن له‌ هه‌ندێك بۆچوونی ناڕاستی ناوبراوه‌, هیوادارم كاك خدر به‌ دڵ فراوانی وه‌ریان گرێت.



كتێبه‌كه‌ی كاك خدر به‌ بیست‌ویه‌ك قۆناخ دابه‌ش كراوه‌و هه‌ر قۆناخه‌و سه‌ره‌بابه‌تێكی بۆ داناوه‌و چه‌ند بابه‌تی كردۆته‌ ناواخن. ئه‌من قۆناخی شازده‌ی كتێبه‌كه‌ ده‌كمه‌ نموونه‌و له‌قۆناخه‌كانی دوایشدا ئیشاره‌ به‌ چه‌ند ناڕاستیه‌ك ئه‌كه‌م تا زه‌ینی خوێنه‌ر چه‌واشه‌نه‌كرێت. قۆناغی شازده‌ بۆ "مانگی دیفاع له‌ ئازادی و مه‌وجودیییه‌تی گه‌لی كورد" ته‌رخان كراوه‌و چه‌ند بابه‌تی دیكه‌ی تێترینجاندوه‌. به‌و پێیه‌ خوێنه‌ر واچاوه‌ڕ‌وانه‌ كه‌ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و مانگه‌ بخوێنێته‌وه‌ و ڕاستیه‌ نه‌زانراوه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وێ. به‌ڵام نوسه‌ر ئه‌وه‌ی باسی نه‌كردوه‌ ڕاستیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌و مانگه‌و هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ گرتنه‌وه‌ی جاده‌ی پیرانشار- سه‌رده‌شته‌. هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ناوبراو ده‌بێژێ: "هاوكات له‌گه‌ڵ بریاری په‌لاماری دوژمنانی ئازادی‌وو دیموكڕاسی بۆ سه‌ركوردستان له‌ ساڵی 1982, ڕێبه‌ری حزبی دیموكراتیش ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌موو ئیمكاناتێك بۆ شه‌ڕ‌و دیفاع له‌ مه‌وجودییه‌تی گه‌لی كورد پێویسته‌ وه‌گه‌ڕ‌ بخرێت" سه‌ره‌تا دوژمنانی ئازادی و دیموكراسی هه‌رئه‌وكاته‌ بریاریان نه‌دا, به‌ڵكو ڕ‌ژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌ر به‌هاتنه‌ سه‌ركاری به‌گژ داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا هات‌وو فتوای جیهادی دژی گه‌لی كورد ڕاگه‌یاندو بڕ‌یاری به‌رگری كردنی حزبیش بۆ ئه‌وكاته‌ ناگه‌ڕ‌ێته‌وه‌, به‌ڵكو ئه‌م حزبه‌و هێزه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی كوماری ئیسلامی بۆ داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان بڕ‌یاری به‌رگریاندا. ئه‌وه‌ی كه‌ حزبی دێموكرات ئه‌وكاته‌ بۆچی ئه‌ومانگه‌ی ناولێناوه‌ مانگی به‌رگری له‌ ئازادیی‌و مانه‌وه‌ی گه‌لی كوردو ته‌نانه‌ت دروشمیشی بۆ دیاری كرد كه‌:"هه‌موو شتێك بۆ جبهه‌و هه‌موو ئیمكاناتێك بۆ سه‌نگه‌ر"بوو, شتێكی دیكه‌یه‌. واته‌ مه‌به‌ستی هێرشی ڕ‌ژیم گرتنه‌وه‌ی جاده‌ی پیرانشار- ‌سه‌رده‌شت و كۆنتڕ‌ۆڵ كردنی ناوچه‌یه‌كی به‌رین كه‌ بنكه‌و باره‌گاكانی ناوه‌ندیی حزبی دیموكراتی لێ هه‌ڵكه‌وتبوو. حزبیش بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ واته‌ تێك شكاندنی په‌لاماره‌كانی ڕ‌ژیم‌و بڕ‌یاریدا له‌هه‌موو وزه‌و توانای خۆی‌و خه‌ڵكی كوردستان بۆ پاراستنی ئه‌وناوچه‌یه‌ كه‌ڵك وه‌رگرێ. هه‌ربۆیه‌ش بوو كه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزبی لێبوو هێزی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بانگ هێشت كرد, ته‌نانه‌ت نان‌و پێخۆر كۆكردنه‌وه‌ش له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردو بۆ به‌ره‌كانی به‌رگری ناردران.  دیاره‌ كاك خدر مه‌به‌ستی له‌ باسكردنی ئه‌م مانگه‌و ناوبردنی یه‌كیه‌تی نیشتمانی و ... هه‌ر بۆ ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ به‌خوێنه‌ران بێژێ منیش ئه‌ندامی ستادی هاوبه‌شی یه‌كیه‌تی وحزب بووم, ئه‌گینا كاك خدریش‌و هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌م تازۆر له‌و روداوانه‌ی ئه‌وكاته‌دا به‌شدار بوون ده‌زانن كه‌ كه‌لێك شت ڕ‌ویانداوه‌و گه‌لێك ڕاستی له‌و پێوه‌ندیه‌دا هه‌ن كه‌ نه‌خراونه‌ ڕ‌وو, ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س له‌ كادرو پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسانی چه‌كداری حزب به‌ هۆی كه‌م ته‌رخه‌می و..! گیران‌و چه‌ندین مانگ به‌ندكران. به‌ڵام خدرمه‌ره‌سه‌نه‌ خۆی له‌قه‌ره‌ی ورده‌كاریه‌كانی نه‌داوه‌و هه‌رچه‌ند هه‌روه‌ك بۆخۆی گوته‌نی به‌رپرسایه‌تیشی هه‌بووه‌.



هه‌ر له‌وبه‌شه‌ی قۆناخی شازده‌دا, لاپه‌ڕه‌ی 176 ده‌نوسێ:.."هێزی شه‌هید موعینی به‌ فه‌رمانده‌یی حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمناندا نه‌خشی گرینگیان ده‌گێڕاو ده‌یان داستانی قاره‌مانه‌تی وه‌ك شه‌ڕ‌ی ته‌نگه‌ی گرژاڵیان له‌ سه‌ر جاده‌و چیاكانی مه‌ڵبه‌ندی سه‌رده‌شت له‌ مێژووی پڕ‌ له‌ سه‌روه‌ری حیزبی دیموكرات‌و جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا تۆماركرد... له‌و پێناوه‌شداچه‌ندین كادرو پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدكران. وه‌ك ڕ‌ه‌سول خه‌بات, خه‌لیل زاهیری...". بۆئاگاداری كاك خدرو خوێنه‌رانیش ره‌سوڵ خه‌بات له‌ شه‌ری نێوان حزب‌و كۆمه‌ڵه‌و له‌ نێوان گونده‌كانی كانی گوڵێ و برینجای‌ی ناوچه‌ی پاش ئاربه‌بای بانه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌ نه‌ك له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی. ناوبراو به‌رپرسی كومیته‌ی شارستانی ڕه‌به‌ت‌ بوو. له‌ شارستانی ره‌به‌تیش ئه‌وكاته‌ هێزی مینه‌شه‌م وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ كارو تێكۆشانی هه‌بوو نه‌ك وه‌ك هێزی موعینی.



له‌ لاپه‌ڕه‌180ی هه‌مان قۆناخدا باسی كۆبوونه‌وه‌ی دوقۆڵی نێوان مام جه‌لال‌و دوكتور قاسملوو ده‌كات‌و ده‌نوسێ:"له‌ پاییزی 1983دا دوكتور قاسملوو له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال‌و ملازم عومه‌ر له‌ گوندی بنێوخه‌ڵێف‌و كۆبوونه‌وه‌و له‌ سه‌ر چه‌ند خاڵی گرینگ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كیه‌تی و هاو خه‌باتی ئه‌و دوحزبه‌ هه‌یه‌ وتووێژیان كردوو ڕێككه‌وتن"...له‌ كۆتاییدا دا ده‌نوسێ:"ئه‌و یه‌كگرتنه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ حزبه‌ كانی كوردستانی عێراقیش له‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوودا به‌نێوی به‌ره‌ی كوردستانی كۆببنه‌وه‌و كاروتێكۆشانی خۆیان زیاتر په‌ره‌ پێبده‌ن ..". نوسه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ له‌ سه‌ر ئه‌م كۆبونه‌وه‌ بزانێ و باسی خالێكی ی‌ێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ خۆێنه‌ران بكا ده‌یكاته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگ و پێی هه‌ڵده‌ڵێ‌و پاشانیش دروستبوونی به‌ره‌ی كوردستانی دوای تێپه‌رینی چوارساڵ به‌سه‌ر ئه‌وكۆبوونه‌وه‌دا ده‌كاته‌ به‌رهه‌می ئه‌وكۆبوونه‌وه‌. دیاره‌ حاشا له‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌‌وو هاو خه‌باتی ئه‌و دوهێزه‌ له‌ قۆناخه‌ جیاجیاكانی بزوتنه‌وه‌ی كوردی باشوورو رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ماوه‌ی سیی ساڵی ڕابردودا ناكرێ. له‌ نێوان ئه‌و دو ڕێبه‌ره‌شدا له‌و ماوه‌دا به‌ ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ هه‌بوو, به‌ڵام به‌ره‌ی كوردستانی ئاكامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌بوو. له‌ ڕاستی دا ئه‌وكاته‌ یه‌كێك له‌و هێزانه‌ كه‌ پێك هێنه‌ری به‌ره‌ی كوردستانی بوو پارتی دیموكراتی كوردستان(قیاده‌‌وموه‌قه‌ت) بوو, ئه‌وپارتیه‌ش ئه‌وكات شان به‌ شانی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان شه‌ڕ‌یان ده‌كرد. دوای ساڵی 1983ێش گه‌لێك تێك هه‌لچوون‌و روداوی ناخۆش له‌ نێوان هێزه‌كانی باشوردا ڕ‌ویاندا, یه‌كیه‌تیش  كه‌وته‌ وتوێژه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رژیمی سه‌ددام‌و به‌بێ به‌شداری هێزه‌كانی دیكه‌و گه‌لێك روداوی دیكه‌ ڕ‌ویاندا. تاسه‌ره‌نجام به‌ره‌ی كوردستانی له‌ هه‌لومه‌رجێكی به‌ته‌واوی جیادا, له‌ساڵی 1987 پێك هات.



هه‌ر له‌ قۆناخی شازده‌ لاپه‌ڕه‌185دا له‌ باسی "شه‌ڕ‌ی كۆمه‌ڵه‌وحزبی دێموكرات"دا ناوبراو به‌شێوه‌یه‌كی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ باسی ڕ‌وداوه‌كانی ئه‌م شه‌ڕ‌ه‌ ده‌كات, ئه‌من لێره‌دا نامه‌وێ ده‌ست به‌ ڕاستكه‌و پاسكه‌ی نوسراوه‌كه‌ی كاك خدربكه‌م. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ده‌لێم كه‌ شه‌ڕ‌ی حزب‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌ كاره‌ساتی 25ی خه‌زه‌ڵوه‌ری هه‌ورامان‌و ده‌ستی پێكردو به‌دوای ئه‌وشدا كاره‌ساتی 6ی ڕێبه‌ندان هه‌رله‌ هه‌ورامان وای له‌ حزبی دیموكرات كرد بڕ‌یار بدا شه‌ڕ‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان‌و له‌دژی كۆمه‌ڵه‌ به‌ڕ‌ێوه‌به‌رێ. ڕ‌وداوی ئاژوان ته‌نیا كاره‌ساتی ئه‌وشه‌ڕ‌ه‌ نه‌بوو به‌ڵكوو كاره‌ساتی هه‌ورامان, گڵییه‌ی مه‌ریوان, چه‌می سیسارگ‌و سماقانی بانه‌, كه‌نده‌ڵ هه‌رله‌بانه‌, ئاژوان, سه‌رشیوی سه‌قز, باكوری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و... گه‌لێك كاره‌ساتی دیكه‌ كه‌ به‌ده‌یان رۆڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ تێدا بوونه‌ قوربانی. ئه‌م دوحزبه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌ڵێ : "له‌دوای هه‌موو ڕ‌وداوێك سه‌ركردایه‌تی حزب‌و كۆمه‌ڵه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕ‌ێگای ئاشتیه‌وه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌بوونه‌وه‌و له‌سه‌ر هێندێك خاڵیش رێكده‌كه‌وتن..." نه‌ك هه‌ركۆنه‌ده‌بوونه‌وه‌, به‌ڵكوو پاش كاره‌ساتی 6ی ڕێبه‌ندان ئیتر پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتنه‌وه‌.  به‌جۆریك كه‌ زۆر كه‌س‌وو لایه‌نی سیاسی هه‌ولیاندا تا كۆتایی به‌م شه‌ڕ‌ه‌ بێنن به‌ڵام بێ ئاكام بوو. ته‌نانه‌ت 6رێكخراوی سیاسیش پێكه‌وه‌ هه‌ولێكیان ده‌ست پێكرد. به‌ڵام نه‌نیه‌تی ئه‌ورێكخراوانه‌ ئاشت كردنه‌وه‌ی حزبی دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه‌بوو, نه‌ حزبی دیموكڕاتیش وڵامی پێویستی دانه‌وه‌.  له‌ وڵامی ئه‌واندا حزبی دیموكڕات ته‌نیا نامه‌یه‌كی بۆ رێكخراوی "راه‌كارگر" نوسی. ئه‌م شه‌ڕ‌ه‌ ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ون بووبوو كه‌ كاره‌سات به‌ كاره‌سات وه‌ڵام ده‌درایه‌وه‌ و شانازیشی پێوه‌ده‌كرا. بۆ ڕ‌وداوی سیسارگ‌و سماقان‌و ئاژوان له‌ دوو وتاردا كه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ نوسرابوون هه‌ر دوولا شانازیان به‌ سه‌ركه‌وتن!؟ی خۆیان ده‌كرد. حزبی دیموكرات له‌وتارێكدا به‌ ناوی "شه‌ق ده‌زانی قۆناخ له‌ كوێیه‌"كه‌ له‌ده‌نگی كوردستانه‌وه‌ پاش ڕ‌وداوی سیسارگ‌و سماقان بڵاوكرایه‌وه‌, باسی سه‌ركه‌وتن!؟‌و توانای خۆی ده‌كات‌.  كۆمه‌ڵه‌ش پاش ڕ‌وداوی ئاژوان له‌وتارێكدا به‌ناوی "هێشتا نه‌م گرتوه‌ جیقه‌ی دێ" سه‌ركه‌وتن!؟ی خۆی به‌ ڕ‌ووی حزبی دیموكراتدا ده‌داته‌وه‌. هه‌ردوولاش به‌ شانازیی‌و لوت به‌رزیه‌وه‌ ئه‌م به‌ناو سه‌ركه‌وتنانه‌ی خۆیان به‌گوێ خه‌ڵكی كوردستان دا ده‌چرپاند. ئه‌م شه‌ڕ‌ه‌ تاساڵی 1367 كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی بانه‌مه‌ڕ‌دا حدكا, ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ‌ یه‌ك لایه‌نه‌ ڕایگرت كه‌مو زۆر هه‌ر به‌رده‌وام بوو. به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی حزبیش له‌ ساڵی 1369ی‌وهه‌تاوی به‌ڕه‌سمی شه‌ڕ‌ی ڕاوه‌ستاند.



هه‌رله‌ولاپه‌ره‌دا ده‌نوسێ:"ئه‌وهێرشه‌ڕ حزبی دیموكرات بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ گه‌وره‌ترین زیانی له‌ هه‌ردوولادا چه‌ند كه‌سانی وه‌ك سه‌رگورد عه‌لیارو میرزا عه‌وڵای نیشكۆڵان له‌ گه‌ڵ چه‌ندكادرو پێشمه‌رگه‌....بوونه‌ قوربانی هه‌ڵه‌ی ڕێبه‌رانی هه‌ردوولا".  سه‌ره‌تا ئه‌و هێرشه‌ هه‌ر حزبی دیموكڕات نه‌ی ده‌كرد, به‌ڵكو هه‌ردولا پاش شه‌شی ڕێبه‌ندان هێرشیان به‌ هێرشی گه‌وره‌تر وه‌ڵام ده‌دایه‌وه‌.  پاشان بۆ ئاگاداری كاك خدر, سه‌رگورد عه‌لیار له‌ ناوچه‌ی پاش ئاربه‌بای بانه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌قزه‌و گه‌ڕابوونه‌وه‌, له‌ ئاكامی هێرشێكدا كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ‌كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ ده‌كرێته‌سه‌ریان, سه‌رگورد عه‌لیارو ئه‌بوو سه‌قزی به‌ گولله‌ تۆپێك شه‌هید ده‌بن نه‌ك  له‌شه‌ڕ‌ی نێوان حزب‌و كۆمه‌ڵه‌.



له‌ قۆناخی بیسته‌مدا له‌ باسكردنی هه‌ڵوێستی "ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕ‌شگێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" دا توشی هه‌ڵه‌ ده‌بێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ده‌یان جار گوێی له‌ "ڕ‌سته‌ ئه‌وپانزه‌كه‌سه‌ی كه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان ئیمزاكردوه‌" یا ئه‌وان "ته‌نیا پازده‌كه‌سن "بووه‌ كه‌چی تووشی له‌بیرچوونه‌وه‌ بووه‌و به‌ هه‌ڵه‌ ناوی كاك عوسمان‌و فه‌تاحی‌و كاك ڕه‌شاد حوسێنی كه‌ هه‌ردوكیان پاش كۆنفڕانسی چوار كرانه‌ مشاوری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و هه‌ردوكیشیان به‌ده‌ستی كۆماری ئیسلامی شه‌هیدبوون ده‌خاته‌ سه‌ر لیستی ئیمزاكه‌رانی "هه‌لوێست"كه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ‌و ده‌یانكاته‌ حه‌ڤده‌.



له‌ قۆناخی بیستویه‌كه‌م دا, له‌ به‌شی "به‌ره‌و كۆنگره‌ی ده‌هه‌م‌و ئاڵوگۆڕه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ی كوردستان " یشدا بێ‌وسه‌ره‌وبه‌ره‌یی به‌ ریزكردنی ڕ‌وداوه‌كان و باسكردنیانه‌وه‌ هه‌روه‌ك هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ به‌رچاوده‌كه‌وێ. له‌ لاپه‌ڕه‌ی 244 دا ده‌نوسێ: "هه‌روه‌ك گوتم ناوبراو(شاپور فیروزی- نوسه‌ر) له‌ فه‌رمانده‌ به‌ناوبانگه‌كانی حزبی دیموكرات بوو كه‌ له‌ ژووری خۆیدا له‌ بنكه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی به‌ده‌ستی خۆفرۆشێكی نێوخۆیی حزب شه‌هید كرا". به‌ڕاستی كاك خدر یا ده‌بوو ناوی كتێبه‌كه‌ی نه‌نێ ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌كان یان كه‌ ڕ‌وداوێكی باسده‌كا ده‌بوو ڕاستیه‌كه‌ی بنوسێ نه‌ك هه‌روه‌ك چۆن به‌ ناڕاستی بڵاو بۆته‌وه‌ ئه‌ویش بینوسێته‌وه‌. دیاره‌ باشتربوو ناوبراو یا هه‌رنه‌نوسێ "به‌ده‌ستی خۆفرۆشێكی نێو خۆیی حزب شه‌هید كرا"و به‌ردێكی له‌سه‌ر ئه‌وبه‌شه‌ی دانابا, یا كه‌ده‌ینوسی ناوی خۆفرۆشه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌رانی كتێبه‌كه‌ی ببردایه‌. ده‌نا ده‌بێ بڵێین كاك خدر له‌م باره‌وه‌ ئاگای له‌"مه‌حمودی بێ زه‌واد نیه‌!!".



هه‌رله‌ لاپه‌ڕه‌ 246ی هه‌مان قۆناخه‌دا ده‌نوسێ: " شه‌ڕ‌ی نێوان پ.ك.ك له‌ گه‌ڵ پارتی و یه‌كیه‌تی واته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا كه‌ به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی پ.ك.ك له‌ كاروباری حكومه‌تی هه‌رێم دا ڕویدا". كاك خدر لێره‌شدا هه‌روه‌ك چۆن له‌ پارتی‌و یه‌كیه‌تی گوێی لێبوه‌ ئاوا نوسیویه‌تیه‌وه‌. ده‌نا هه‌موو ئه‌و تێك هه‌ڵچوونانه‌و به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوبراو باسی كردوه‌ به‌فیتی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك و به‌ پشتگیری ده‌وڵه‌تی توركیه‌و هه‌ر بۆ ڕازی كردنی ئه‌وانیش بوو.  ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ پارتی كرێكاران بنكه‌و باره‌گای له‌وناوه‌دا دانابوو و هه‌رئێستاش بنكه‌و باره‌گایان له‌ باشوور هه‌یه‌و چه‌ندین جاریش به‌و به‌هانانه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر, دلنیاشم ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن په‌كه‌كه‌ دوچاری هه‌ڵه‌ بووبێ, به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌ده‌بوو ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پارلمانه‌كه‌ی كوردستان و حزبه‌كانی به‌شداری خه‌تی سور ببه‌زێنن, ئه‌ویش  بۆ ڕازیكردنی توركیا نه‌ك له‌ پێناوی شتێكی دیكه‌دا. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ش ده‌ست تێوه‌ردانبێت ئه‌وه‌ پێویستی نه‌ده‌كرد ئاوا به‌ په‌له‌ پڕ‌وزه‌ هێرشیان بكه‌نه‌سه‌رو بڕ‌یاری هێرشه‌كه‌ش بكه‌نه‌ یه‌كه‌م بڕیاری یه‌كه‌م پارلمانی هه‌ڵبژێردراوی كوردستان له‌ مێژوودا. واته‌ به‌كرده‌وه‌ بڕ‌یاڕه‌كه‌یان به‌ناوی خه‌ڵكی باشوری كوردستان به‌ڕ‌ێوه‌بردو شه‌رعیه‌تیان پێدا.  ئه‌وان به‌م كاره‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاری پارلمانی كوردستان ویستیان به‌ توركیا بڵێن كه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ دیموكراتیه‌ نه‌ك‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركیا ناكا، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ یه‌كه‌م بڕ‌یاری ئه‌و پارلمانه‌ی ئێوه‌ لێی ده‌ترسن له‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌, كه‌واته‌ ده‌ستی خاتر جه‌میی‌ بـخه‌نه‌ بن سه‌رتانه‌وه‌!.



له‌ لاپه‌ڕه‌ی 247ی هه‌مان قۆناخی كتێبه‌كه‌دا, كاتێك دێته‌سه‌ر باسی ئاڵۆزی نێو خۆیی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ‌ هۆیه‌كانی ده‌گه‌ڕ‌ێنێته‌وه‌بۆ:"یه‌كه‌م: داڕ‌شتن‌و به‌ڕ‌ێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئوروپا كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێبه‌ری حزبه‌وه‌ به‌ڕ‌ێوه‌ده‌چوو,...دووه‌م: مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ش كه‌ زیانی به‌ یه‌كگرتووی ڕیزه‌كانی حزب گه‌یاند, خۆتێكخزاندنی تاقمێك كه‌س له‌ قرپۆك‌و پاشه‌ڕ‌ۆكانی تاقمی حه‌وت كه‌سی‌و نۆكه‌رانی حزبی تووده‌ی ئێران بوون, كه‌ ئه‌وانه‌ش به‌ ئیمكاناتی حزب خزمه‌تی ئایدۆلۆژی قه‌ڵبی حزبی توده‌یان ده‌كرد, توانیان به‌ ته‌بلیغاتی ژه‌هراوی دژی ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری حزب به‌شێك له‌ كادرو پێشمه‌رگه‌ دڕدۆنگ بكه‌ن, كه‌ ئه‌وانه‌ش بریتی بوون له‌, خه‌لیل خه‌زه‌ڵ, یۆسفی حاجی هه‌مزه‌, كاوه‌سوورو سه‌عید مه‌مه‌ندی‌و چه‌ند كه‌سێكی تری له‌و بابه‌ته‌. سێهه‌م: من منێنه‌و كێبه‌ركێی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزب‌و خۆگرێدانیان به‌ سیاسه‌تی دیكه‌ی حزبه‌كانی كوردستانی عێراق...". خدر مه‌ره‌سه‌نه‌ به‌بێ هۆیه‌كی رێتێچوو هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و چوار كه‌سه‌و چه‌ند كه‌سانی دیكه‌ له‌ تێكۆشه‌رانی ئه‌وكاتی حزب‌و تۆمه‌ت بارانیان ده‌كات كه‌ گوایه‌ ئه‌مان سه‌ر به‌ حزبی توده‌و تاقمی حه‌وت كه‌سی بوون و خۆیان خزاندبوه‌ ناو ڕیزه‌كانی حزب.  سه‌ره‌تا من نامه‌وێ به‌رگری له‌و دۆستانه‌بكه‌م, ئه‌وان بۆخۆیان له‌ ژیاندان‌و ده‌توانن به‌رسڤ بده‌نه‌وه‌. به‌ڵام ناوبراو نه‌‌دبوو ئاوا بكه‌وێته‌ جنێودان وقسه‌ی ناشیرین گوتن چونكه‌ به‌وه‌ ده‌ری ده‌خات ڕقێكی دیكه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وان له‌ دڵدایه‌و به‌ خستنه‌ پاڵی ئه‌م تۆمه‌ته‌ بێ بناخانه‌و جنێودان, پێیان ده‌ڕێژێ. ده‌نا كاكه‌گیان ئه‌گه‌ر له‌ گوێ گادا نه‌نوستبووی چۆنه‌ باسی تاقمی حه‌وت كه‌سی‌و حزبی تووده‌یه‌ك ده‌كه‌یت كه‌ نه‌بۆخۆیان ئاسه‌وارێكی ئه‌وتۆیان مابو نه‌ له‌ پاش كۆنگره‌ی شه‌شیشه‌وه‌ له‌ حزبدا كه‌س به‌م ناوه‌وه‌ تۆمه‌ت باران كراوه‌!!.  دیاره‌ هه‌روه‌ك له‌ نوسینه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌یا ده‌رده‌كه‌وێ له‌ زۆر شوێندا توشی هه‌ڵیت‌و په‌ڵیت بووه‌, به‌لإم لێره‌دا جنێوو قسه‌ی ناشیرینش ده‌كاته‌ ناواخنی كتێبه‌كه‌ی.  ئایا به‌بڕوای ئه‌و به‌ڕ‌ێزه‌ش هه‌ر ئه‌و دوو هۆیه‌ی بۆ خۆی باسی كردوه‌ (یه‌كه‌م و سێهه‌م) به‌س‌نیه‌ بۆئه‌وه‌ی حزب تووشی ئاڵۆزی ببێت. دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاك‌خدر له‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵوێست گرتنه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی عێراق بنه‌ماڵه‌كانی حزبی له‌ شاره‌كان وه‌ده‌رنا هه‌رله‌ سه‌نگه‌سه‌ر خه‌ریكی كاری تایبه‌تی خۆی بووه‌و پاش ئه‌و بڕ‌یاره‌ی عێراق به‌ناچار ماڵه‌كه‌ی هاته‌ دۆلێ‌و له‌ قه‌ڵاسه‌یده‌ جێگیربوو (كاره‌ تایبه‌تیه‌كه‌شی لێ تێكچوو خێری نه‌ما!).  هه‌تا ده‌وروبه‌ری كۆنگره‌ی ده‌  ناوبراو به‌رپرسایه‌تیه‌كی ئه‌وتۆشی نه‌بوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ كۆنفرانسه‌كانی پێش كۆنگره‌ش دا ده‌نگی نه‌هێنایه‌وه‌ تا بچێته‌ كۆنگره‌. هه‌ربۆیه‌ ئاگای له‌ حزب نه‌بوه‌و له‌ دوره‌وه‌ ئاڵۆزیه‌كانی ناو حزبی خستۆته‌ ژێر زه‌ڕه‌بین! بۆیه‌ به‌وجۆره‌ وه‌ناوكه‌وتوه‌!.  بۆ زانینی كاك خدر ئاڵۆ‌وزیه‌كان هه‌ر به‌ ته‌وابوونی كۆنفراسی چوارو دیاری كردنی به‌رپرسایه‌تیه‌كان‌و ڕ‌ێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان ده‌ستی پێكرد. دانانی كه‌سی نه‌شیاوو بێ سه‌ڵاحیه‌ت له‌ كۆمیسۆنی ماڵی(عه‌لی پێشكاری‌و..)‌و هه‌ندێك ئۆرگانی دیكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ گه‌ڵ دژكرده‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی حزب روبه‌رووبۆوه‌. هه‌ربه‌دوای ئه‌وه‌شدا مانگرتن یان خۆبواردنی دوكه‌س له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی‌و, خۆنزیك كردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی حزب له‌ موجاهیدین تاڕاده‌یه‌ك كه‌ به‌ئاشكرا هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتێك له‌ سه‌فه‌ری به‌غدا ده‌هاتنه‌وه‌ به‌جۆرێك به‌و رێكخراوه‌یان هه‌ڵده‌گوت‌و چه‌هـ چه‌هـو به‌هـ به‌هیان بۆده‌كرد كه‌ ده‌میان پڕ‌ده‌بوو له‌ ئاو! ته‌نانه‌ت له‌و ئاخرانه‌دا كه‌سانێك هه‌بوون پێان وابوو حزب باشتره‌ بچێته‌ ناو "شۆڕای نیشتمانی به‌رگری"!؟, ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ لایه‌ن گه‌لێك له‌ كادرو پێشمه‌رگه‌كانی نێو حزب له‌ گه‌ڵ دژایه‌تی ڕووبه‌ڕووبوو، كه‌واته‌ برا ئه‌مانه‌ن هۆی دروست بوونی ئالۆزی.  هه‌روه‌ها ململانێ بۆ ئاڵوگۆڕ‌ له‌ به‌رنامه‌ی حزب‌و ده‌ركه‌وتنی حزب له‌ قاوخه‌ نه‌ریتیه‌‌كه‌ی, دیاریكردنی هه‌ڵوێستێكی ڕ‌وون له‌ به‌رامبه‌ر لاكه‌ی دیكه‌ی حزب‌و به‌تایبه‌تیش كێشه‌ له‌ سه‌ر گۆڕانی ستراتیژو ئامانجی دوارۆژی حزب‌و ئه‌وجا ئه‌و دو هۆیه‌ی كه‌ جه‌نابیشت باستكردوون له‌گه‌ڵ نابه‌رابه‌ری ژیان له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌كانی كادروپێشمه‌رگه‌و به‌شێك له‌ ڕێبه‌رایه‌تی حزب هه‌موویان پێكه‌وه‌ كه‌م تا زۆر پێكهێنه‌ری ئاڵۆزی له‌ حزب دابوون. دیاره‌ كێشه‌ هزریه‌كان به‌لای منه‌وه‌ سروشتین‌و گه‌لێگیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبدا بوون,  چونكه‌ هه‌رئه‌م كێشانه‌ وایان كرد سه‌ره‌تا له‌ كۆنگره‌ی نۆو دوایه‌ش له‌كۆنگره‌ی ده‌ به‌رنامه‌ی حزب گۆڕانكاری گرینگ به‌خۆوه‌ ببینی و سنووری دۆست‌و دوژمنیش له‌ ئاگامی كۆنگره‌ی ده‌ ده‌ركه‌وت!. ئه‌وجا زۆربه‌ی ئالۆزیه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری كۆنگره‌ی نۆ بوون نه‌ك ده‌, زۆركه‌س دوای ئه‌م كۆنگره‌ هاتنه‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ كه‌ ئه‌م حزبه‌ له‌ ڕ‌وی سیاسیه‌وه‌ توانای گۆڕانی نیه‌‌و له‌ڕ‌ووی پێوه‌ندیه‌ ناوه‌وه‌ییه‌كانیشه‌وه‌ به‌ته‌واوی هه‌ڵگری نه‌ریته‌ نێوخۆییه‌كانی ڕابردویه‌تی‌و بۆیه‌ درێژه‌ پێدان به‌ خه‌باتیان له‌ ناو حزبدا به‌ بێ ئاكام ده‌زانی. جا ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆ به‌ توده‌یی‌و تاقمی حه‌وت كه‌سی ناویان ده‌به‌یت‌و قسه‌ی سوكیان پێده‌ڵێی له‌ڕاستی دا تا ئه‌وكاته‌ی بۆ خۆیان حزبیان به‌جێهێشت له‌ جه‌نابت هه‌ڵسوڕترو حزبیترو دیموكڕاتتریش بوون. كاتێكیش كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ناتوانن له‌ حزبی دیموكراتدا خه‌بات بكه‌ن حزبیان به‌جێ هێشت‌و مه‌یدانیان بۆ كه‌سانی وه‌ك جه‌نابت ئاواڵه‌ كرد. كه‌واته‌ ئه‌وبرایانه‌و زۆری دیكه‌ش له‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ له‌ حزبدابوون, بوونه‌ هۆی دروست بوونی گۆڕانكاری, نه‌ك به‌ ووته‌ی جه‌نابتان ته‌بلیغاتی ژه‌هراوی دژی ڕ‌ێبه‌رایه‌تی حزب. هه‌ر قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری! كرابێت له‌ به‌رژه‌وندی حزب بوه‌ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌. له‌كۆتاییدا هیوادارم كاك میرزا خدر لێم نه‌ڕ‌ه‌نجێ‌و بێگومان كاتێك ده‌ستی داوه‌ته‌ كاری له‌و بابه‌ته‌‌وو زه‌حمه‌تی كه‌می له‌سه‌ر ده‌كێشێ ده‌بێ چاوه‌ڕ‌وان بێت كه‌سانێك ناڕاستیه‌كانی بۆ ڕاست بكه‌نه‌وه‌.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home