كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, May 28, 2004

تاسه‌ی تاساو
نوسینی:‌ هیوا گوڵ محه‌مه‌دی



له‌ ناو ده‌ریای بیری قوڵی تاسه‌ی غوربه‌تێكی بێ كۆتایی یا هه‌ناسه‌م به‌ ئاسته‌م سینگی پڕ له‌ تاسه‌ی دوری 
ئازیزانی وه‌ڵاتی هه‌زاران ساڵه‌ی كۆیله‌یه‌تی به‌رز ئه‌كاته‌وه‌. كزه‌ی كڕیوه‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ و نامۆیی وه‌ك زریانی ئێواره‌یه‌كی تاریكی ئه‌م زستانه‌ی وه‌ڵاتی سه‌رما لێداو هه‌ناومی ئه‌كرده‌ به‌سته‌ڵه‌كی سه‌هۆڵبه‌ندانی ئاواتێكی سه‌رمابرده‌ و به‌ هیواشی فرمێسكی قه‌تیس ماوی چاوانی مه‌وله‌ق لێداوی چاوه‌ڕوانیم له‌ ده‌ریای شینی حه‌ز و خۆزگه‌وه‌ به‌ سه‌ر گۆنای داته‌پیوی هێرش بۆ كراوی ساڵه‌ ها  ته‌مه‌نی پڕ له‌ نه‌گبه‌تیما هاتنه‌ خوار و له‌ سه‌ر سینگی هه‌ستی هه‌ناوی ئاخێكی بێ كۆتاییا چونه‌ ناو ڕوباری هه‌ر دیمه‌وه‌ی خه‌ونی خۆشی پاش ماندوویه‌تی سه‌فه‌ری وه‌دوا كه‌وتوی گه‌ڕانه‌وه‌ما.
 له‌ ته‌نیای ژیانی پڕ له‌ ژانی هه‌ڵبڕاویا، جارو باره‌ بزه‌ی خۆشی بیره‌وه‌ریه‌كی ڕابردووی دور ئه‌نیشێته‌ سه‌ر لێوه‌ بارگرتوه‌كانم كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سڕی كڕیوه‌ی ئه‌م سه‌هوڵ به‌ندانه‌ نه‌تواوه‌ی غوربه‌تا جوڵه‌ی نایه‌ و ته‌نیا بیری بیرم له‌ بۆ خۆی لێوی حه‌زی به‌ نازی نه‌وازیشی گوڵی گونای ئازیزێكی نه‌بینراوا ئه‌له‌رێته‌وه‌ و ئه‌ڵیی شنه‌ی شه‌ماڵێكی به‌ ئاسته‌مه‌ و چڵی گوڵ گرتویی دار هه‌نارێك ئه‌له‌رینێته‌وه‌.
 ئه‌وكاته‌ی كه‌ من كه‌وتمه‌ ناو كاروانی كاروانچیه‌كانی، كاروان كوژه‌ی نه‌هامه‌تی ژیانی بنده‌ستییه‌وه‌، بۆ خۆشی، بۆ خۆشه‌ویستی، بۆ كه‌س نه‌په‌ره‌ستی، بۆ جوانی په‌ره‌ستی، بۆ سه‌رمه‌ستی و هه‌ڵبڕان له‌ بن ده‌ستی و وه‌ك یه‌ك ژیان و سه‌ربه‌ستی، دنیایه‌كی جوان و ڕه‌نگین و ڕه‌نگاو ڕه‌نگم له‌ ناو بیر و مێشكی خۆما بنیات ئه‌ناو و له‌و دنیایه‌ دا حه‌ز كردن و حه‌ز لێكردن وه‌ك هه‌ڵبژاردنی میوه‌ی به‌ تامی باخ و باخچه‌ی ژیانێكی كراوه‌ی بێ كوت و به‌ند بو.
 به‌ڵام كاتێك ترێنی ژیانی پڕ له‌ كاره‌سات وه‌ك مارێكی به‌ ئازار پێچی ئه‌خوارد و خوار و خیچ ئه‌بوه‌وه‌ ده‌ست و قاچی بیری كراوه‌م كه‌وته‌ ناو كه‌له‌پچه‌ی شه‌رت و مه‌رجه‌ نه‌ ناسراوه‌كان و ئه‌و جا بۆ ده‌رچون له‌ ناو ئه‌و داوه‌ ناباوه‌ی كه‌ كه‌س نازانی بۆچی و چۆن و له‌كوێوه‌ هاتوه‌ كه‌وتمه‌ په‌له‌قاژه‌ ، كه‌چی وه‌ك له‌ ناو زه‌لكاوێكا گیرخواردو بم هه‌تا زیاتر ئه‌جوڵام زۆرتر ئه‌چومه‌ خوارێ و قوڕه‌كه‌ خه‌ستر ئه‌ی گرتم.
 ئاخ چه‌ند ناخۆشه‌ ئه‌وكاته‌ی كه‌ شه‌وه‌ی ناحه‌زی خۆبه‌ستنه‌وه‌ و نه‌زانین، نه‌زانانه‌ له‌ هه‌ست و هزر و ده‌رونت تێ ناگاو وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو قوماشی لێك جیای له‌ به‌رده‌ستا بی ئاوا جیای دروست ئه‌كا و سه‌ری هه‌ست و زانینه‌ مرۆڤیه‌كان سه‌ركوت ئه‌كا و ناهێڵی سه‌ر له‌ خاكی به‌ پیتی خۆشه‌ویستی و حه‌ز و خوزگه‌ و ئه‌ڤینا بێنێته‌ ده‌ر.
 هۆ ئازیزه‌ نه‌بینراوه‌ ده‌ربه‌ند كراوه‌كه‌ی هێز و گۆڕ و تینی به‌رده‌وامی ژیان، ئه‌و كاته‌م دێته‌وه‌ بیر كه‌ من وه‌ك ئاده‌م و تۆش وه‌ك حه‌وا به‌ ڕوت و قوتی، به‌ پاكی و بێگه‌ردی هاتینه‌ ناو دنیای داپوشراوی خۆبه‌ستنه‌وه‌وه‌، په‌یامێكمان پێ بۆ، په‌یامی دڵداری و ئه‌وین ، په‌یامی سه‌رمه‌ستی بۆ ژین، په‌یامی دو مرۆڤی دڵ و ده‌رون پاكی خۆزگه‌ و ویستن.... به‌ڵام هه‌یداد، نه‌مانزانی كه‌ بۆ ئه‌و ویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌ی دنیای ژینی كورتی تاسه‌و و حه‌زین، ده‌بێ وه‌ك عیسا له‌ خاج بدرێین، وه‌ك مه‌م و زین له‌ قه‌فه‌س و وه‌ك وه‌لی و شه‌م لێك دابڕێین.
 هۆ په‌پوله‌ی هه‌ڵفڕیوی باخی بێ گوڵ، په‌له‌ مه‌كه‌، بۆ كوێ ئه‌چی... تۆزێ ڕاوه‌سته‌ گوێم لێته‌..گوێم له‌ باڵه‌بانی ده‌نگی حه‌زینی دواین سه‌مفونیای ویستی به‌رده‌وامی ژینته‌ كه‌ له‌ گه‌روی برینداری جه‌سته‌ی لاواز كه‌وتوی نامورادیته‌وه‌ هاته‌ ده‌ر و داوای لێ بوردنی تاوانی نه‌كردوت كرد... به‌ڵام گیانه‌ گوێچكه‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌ت به‌ په‌ڕوكۆنه‌ی حه‌یا و شه‌ره‌فی هه‌زار ساڵه‌ی دۆڕاو ئاخیندراوه‌... به‌ڵام گیانه‌ ...له‌ بازاڕی بیری داگیر كراوی یاسای باوی ناباوی ده‌سكردی بنه‌ماڵه‌ و ... وشه‌ی لێبوردن وه‌ك گه‌وهه‌ری نه‌ناسراو بێ كڕیاره‌...بۆیه‌ قامكی ده‌ستێكی بێ هێزی جه‌سته‌یه‌كی بێ توانا فه‌رمانی له‌ دڵێكی پڕ ڕق و قین و بیرێكی نامۆ به‌ هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستی یه‌وه‌ وه‌رگرت و له‌ لوله‌ی ده‌مانچه‌ی ده‌رون ته‌نگی هه‌ناو سارده‌وه‌ توزێك سوربی گه‌رمی به‌ هه‌ناوی بێ هاناته‌وه‌ كرده‌ خواری.
 دواین هه‌ناسه‌كه‌ت وه‌ك هه‌ناسه‌ی مریه‌م چوه‌ ناو سیه‌كانی مه‌سیحی ئه‌به‌دیه‌تی خۆشه‌ویستی  و خۆش ویستنه‌وه‌ و تا هه‌تایه‌ له‌ دڵی ئه‌ویندارانی ژینی سه‌ربه‌ست  و ڕێز لی گرتنا لی ئه‌دا و بۆ ساتێكیش ڕاناوه‌ستی.



تێبینی: ئه‌م په‌خشانه‌ پێشكه‌شه‌ به‌ فاتیمه‌ی شه‌هین داڵ و هه‌موو هاو چاره‌نوسه‌كانی. بێگومان كێشه‌ی فاتیمه‌  وهه‌مو ئه‌وانی تری وه‌ك ئه‌و، كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كولتوره‌ نابه‌جیه‌یه‌ی داسه‌پاوی داگیركه‌رانی نیشتمانه‌كه‌مانه‌.  ده‌نا كورد له‌ مێژوی خۆی دا و به‌ پێ گاتاكانی ئاڤیستای پیرۆز جیاوازی نه‌كردوه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ دا. به‌و هیوایه‌ی كه‌ له‌ بن ده‌ستی ڕزگاریمان بێت و بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی خۆمان.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home