كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, June 26, 2004

سه‌ردانی غازی یاوه‌ر بۆ كه‌ركوك  و چوونی مام جه‌لالیش بۆ توركیا

نوسینی:هیوا گوڵ محه‌مه‌دی



ڕۆژی 23-6-2004 غازی یاوه‌ر سه‌رۆك كۆماری عێراق و پۆل برێمه‌ر نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ، سه‌ردانی شاری كوردان كه‌ركوكیان كرد ( *). بێگومان هه‌ر مرۆڤێكی خاوه‌ن ویژدان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ غازی یاوه‌ر داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵكی ئه‌نفالكراوی ئه‌و شاره‌ بكات، كه‌ سه‌رده‌مانێك سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی (ئه‌یاد عه‌لاوی) به‌كرێگیراوێكی سه‌ددام حسین بووه‌ و له‌و كرده‌وه‌ ناڕه‌وایانه‌دا هاوبه‌شی كردووه‌.
ئه‌یاد عه‌لاوی قوتابیه‌كی حیزبی به‌عسی سه‌ددام حسێنه‌، ئیستاش وه‌فاداره‌ به‌ ڕێبازه‌كه‌ی و له‌ داهاتوویه‌كی نیزیكدا، ڕێبه‌رانی كورد خۆش بن ئه‌نفالی كۆتایی له‌ كوردستاندا ده‌س پێده‌كات. ئه‌و ئه‌یاد عه‌لاوییه‌ی كه‌ ڕووی نه‌بوو خۆی نیشان بدات و له‌ ڕابردووی خۆی شه‌رمی ده‌كرد، له‌ لایه‌ن مام جه‌لال، كاك مه‌سعود و محمود عوسمانه‌وه‌ درایه‌ پێش و به‌ پشتگیری ئه‌وان كرایه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆك كۆماری حكومه‌تی كوردستانیش واته‌ (به‌رهه‌م سالح) كرایه‌ جێگری ده‌ره‌جه‌ دووی. ئه‌گه‌ر كورد توزقاڵی ویژدانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بایه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌م بێ حورمه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌ قه‌بوڵ بكات و ڕێگا بدات كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌نفالچیه‌كانی وه‌ڵاته‌كه‌ی ببێته‌ سه‌رده‌ستی و له‌وه‌ش قه‌باعه‌تتر سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی بكاته‌ به‌رده‌ستی..
غازی یاوه‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی دا بۆ كه‌ركوك پێ له‌ سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌ی عێراقی خۆشه‌ویستی ڕێبه‌رانی كورد داگرت و به‌ توندنی دژی هه‌ر جۆره‌ ئاژاوه‌نانه‌وه‌یه‌ك بوو (كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌س داوای هیچ نه‌كات، ده‌نا یه‌كێتی عێراق ده‌كه‌ویته‌ مه‌ترسییه‌وه‌). كاتێك نوێنه‌ری ئاواره‌كانی كه‌ركوك داوای له‌ غازی یاوه‌ر كرد كه‌ كارێك بۆ ئاواره‌كانی كه‌ركوك بكه‌ن و عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ جێگای خۆیان، غازی یاوه‌ر به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ وتی: ئێمه‌ هه‌موومان عێراقین، حه‌زم له‌وه‌ نییه‌  گوێم له‌ عه‌ره‌بی هاورده‌وه‌ بێ، ئه‌وانه‌ عێراقین له‌ ماڵی خویان دان ....
ئه‌مه‌یه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی میژوو، جارێكی تر كورد بۆخۆی په‌تی خنكاندی خۆی هه‌ڵخست و دار و په‌ته‌كه‌شی هه‌ر خۆماڵییه‌. ده‌كرێ ڕێبه‌رانی به‌ زۆر فه‌رزكراوی كوردان وه‌ڵامیك به‌ ئاواره‌كانی كه‌ركوك بده‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ چۆن دۆستیكن كه‌ بۆ ئێمه‌تان هه‌ڵبژاردوه‌؟  ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچی و له‌ پێناو چیدا بۆ ڕوخانی سه‌دام  ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ خه‌ڵكتان به‌ كوشت دا؟ ...



هه‌روه‌ها سه‌ردانی مام جه‌لال بۆ توركیا
شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ توركیا ، شه‌ڕ كردنه‌ له‌گه‌ڵ كورددا، داوا ده‌كه‌ین كه‌ كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ لێكوڵینه‌وه‌ له‌ بوون یان نه‌بوونی ئیسرائیل له‌ كوردستان دا له‌ كورد و تورك پێك بێت. ئێمه‌ كارێكی وا ده‌كه‌ین كه‌ توركمانه‌كان هیچ مافیكیان پێشیل نه‌كرێ، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی عێراقن كه‌ بڕیار ئه‌ده‌ن كه‌ فیدراڵیان ئه‌وێ یان نا، كه‌ركوك شاری هه‌موو گه‌لانی عێراقه‌ و شاری برایه‌تییه‌... ئه‌مانه‌ و گه‌لێكی تر، قسه‌ی به‌ ناو سه‌ركرده‌یه‌كی كوردن، كه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی توركیادا كردوونی، به‌ڵی ئه‌مانه‌ و گه‌لێ قسه‌ی له‌مانه‌ بی ماناتر قسه‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانین له‌ پایته‌ختی توركیادا و جارێكی تر لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌شی نه‌زانینی كورد به‌ لاپه‌ڕه‌ گه‌نیوه‌كانی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ لێك دابڕاو و لێك حاڵی نه‌بووه‌ زیاد بوو!
مام جه‌لال مه‌به‌ستی له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ توركیادا، شه‌ڕكردنه‌ له‌گه‌ڵ كورددا، كۆتایی هاتنی به‌ ئاگر به‌ستی یه‌ك لایه‌نه‌یه‌، كه‌ كۆنگره‌ی گه‌ل (پ ك ك ) ڕایگه‌یاند، له‌ حاڵیكدا كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌دا به‌ پێی ڕاگه‌یاندراوێكی  كۆنگره‌ی گه‌ل، ئه‌رته‌شی توركیا زیاتر له‌ 700 ئۆپیراسیۆنی به‌ڕێوه‌ بردووه‌، كه‌ 500 گریلای كورد بونه‌ته‌ قوربانی. باشه‌ شه‌ڕكردن به‌ دژی توركیای داگیركه‌ر بۆچی ده‌بێ شه‌ڕكردن بێت دژی كوردان؟ یان مام جه‌لال زۆر زه‌لیلانه‌ ئه‌یه‌وێ جاریكی تر پشت له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بكات و پاكانه‌ بۆ كرده‌وه‌ دژی به‌مروڤایه‌تییه‌كانی داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌مان بكات؟
 كه‌ركوك شاریكی عێراقی نییه‌، شاریكی عێراقیش نه‌بووه‌ و سه‌ددام حسین 30ساڵی ته‌واو نامرۆڤانه‌ترین میتودی به‌كارهێنا بۆ تێك دانی شیرازه‌ی ژیان له‌و شاره‌دا و، ویستی له‌ كوردبوونی  بسڕیته‌وه‌ و پاكتاوی بكات، به‌ڵام نه‌یتوانی، بێگومان مام جه‌لال و سه‌ددام غازی یاوه‌ر و توركیاش سه‌ر ناكه‌ون و كه‌ركوك و گه‌لی كورد له‌وانه‌ گه‌وره‌ترن...
مه‌به‌ستی مام جه‌لال له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی عێراق بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ فیدراڵیان ده‌وێ یان نا! ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و قسانه‌ی خۆیان وه‌درۆ بخاته‌وه‌ كه‌ به‌ كوردیان ده‌وت كورد مافی خۆی وه‌رگرتووه‌ و له‌ داهاتوودا له‌ عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتیدا له‌گه‌ڵ برا عه‌ره‌به‌كانماندا ده‌ژین و، به‌م جۆره‌ په‌رده‌ی له‌ سه‌ر دووڕوویی خۆیان هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ چۆن كوردی هه‌ژاریان خڵافاند .
دام و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانی زۆر به‌ خه‌ستی خه‌ریكی پاساودانی هه‌ڵه‌كانی مام جه‌لال و حیزبه‌كه‌یانن! وا بڵاوی ئه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ توركیا وڵاتیكی دیموكراتیك و پێشكه‌وتوویه‌ و به‌م جوره‌ خه‌باتی گه‌لی كورد له‌ باكوری وڵات به‌ ناڕه‌وا و ناحه‌ق ئه‌زانن، ته‌نانه‌ت له‌ هیچ نووسراوه‌یه‌كی خۆیاندا یه‌ك وشه‌ش باسی بیست میلیۆن كوردی په‌تكراو له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تاینترین ماف بێ به‌شیان كردوون، واته‌ قسه‌كردن به‌ زمانی زكماكی خۆیان.
سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ هاو ئاهه‌نگییه‌ك له‌ نێوان سه‌فه‌ره‌كه‌ی مام جالال و غازی یاوه‌ر دا هه‌یه‌ و خاڵه‌كانیشیان هاوبه‌شن، ئه‌ویش حاشا كردن له‌ مافی كوردان. حاشاكردن له‌ كه‌ركوك وه‌ك شاریكی كوردیی. حاشا كردن له‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ماف.
سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ ڕێبه‌رانی كورد به‌ وتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل له‌ كوردستان دایه‌، خه‌ویان شێواوه‌ و سوێند و قورئان ده‌خۆن ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئیسائیلدا هیچ پێوه‌ندییه‌كیان نییه‌..
ئه‌گه‌ر پێوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئیسائیل خراپه‌! ئه‌ی بۆچی توركیا یه‌كه‌م وڵاتی ئیسلامییه‌ كه‌چی هاوپه‌یمانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و واڵاته‌یه‌ و به‌ هاوكاری ئیسرائیلییه‌كان سه‌ركوتی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌لی كورد ئه‌كات له‌ باكوری كوردستان دا و ئیستاش یه‌كه‌م دۆست و هاوپه‌یمانی ئیسرائیلن.
پاشان پێویسست ناكات مام جه‌لال و كاك مه‌سعود سوێند بخۆن كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دا هیچ هاوپه‌یمانییه‌كیان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌زانی ئه‌مانه‌ كێن و بایی چه‌ندن. ئیسرائیل له‌گه‌ڵ لایه‌نێك دا پێوه‌ندی ئه‌گرێ كه‌ سه‌نگین و خاوه‌ن بڕوا و كێشی كه‌سایه‌تی بێ! چۆن له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا پێوه‌ندی ئه‌گرێ كه‌ كه‌س نازانێ چیان ده‌وێ و سه‌ریان به‌ كوێوه‌ گرێداوه‌.
بێگومان ئیسرائیل پێویستی به‌ كورد هه‌یه‌ و كوردیش پێویستی به‌ ئیسرائیل هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌م كه‌سانه‌ی ئیستا، به‌ڵام به‌و مه‌رج و به‌ڵێنه‌ی كه‌ ئیسرائیل ده‌یه‌وێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كورد ده‌بێ له‌پێشدا خۆی ساغ بكاته‌وه‌ كه‌، چی ده‌وێ و چۆنی ده‌وێ و كێ نوێنه‌رێتی و ده‌مڕاست و خاوه‌ن بڕیاری له‌ لای كێیه‌ و چۆن دیاریكراون. پیویستیش ناكات كورد، له‌ پێوه‌ندیه‌كانی بترسێ، ئه‌وجا دوست و دوژمنه‌كانمان دیار ده‌بن.
23/6/2004



( *) سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ: محیط : الیاور یعارڤ أی تغییر للوڤع الاێنی فی مدینه‌ كركوك النفطیه‌2004-06-23

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home