كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, March 19, 2010

جه‌مال غه‌مبار به‌ هه‌گبه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی و شیعره‌وه‌ له‌ باوه‌شی نیشتماندا


ئا/ ژاوێن شاڵی

‌ 17/3/2010


جه‌مال غه‌مبار به‌ هه‌گبه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی و شیعره‌وه‌ له‌ باوه‌شی نیشتماندا ‌ ئا/ ژاوێن شاڵی‌ 17/3/2010له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ سه‌وزه‌دا بارانێك ورد ورد به‌سه‌ر گوڵزاری شاردا ده‌بارێت، پایزێكی میهره‌بان به‌ناو ده‌روازه‌كانی به‌هاردا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌وزبوونه‌وه‌ی لاولاوه‌كاندا دێته‌وه‌و جانتاكه‌ی بۆنی نێرگز و پایزو بارانی لێدێت.رۆحێكی غه‌ریب به‌ خه‌رمانێك له‌ یاده‌وه‌ریی به‌جێماوه‌وه‌ خۆی به‌ كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌كاته‌وه‌و به‌ده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مناڵی پیاسه‌یه‌ك به‌ناو شه‌قامه‌كانی زه‌مه‌ندا ده‌كات و ئێواره‌یه‌ك چاوانی پڕ ئیشتیاقمان به‌ بارانی دیدارێك ئه‌شواته‌وه‌و هاوده‌نگی مۆسیقایه‌كی حه‌زین شیعربارانی رۆحمان ده‌كات و پڕمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ موحیبه‌تی پایزو خه‌مه‌كانی هه‌ڵوه‌رین. ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌كی پایزه‌و له‌ دووری نیشتماندا فرمێسكی غوربه‌تی لێده‌رژێت.


چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر و له‌سه‌ر بانگهێشتی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات، شاعیری ئازیز (جه‌مال غه‌مبار) پاش ده‌ ساڵ دووری له‌ نیشتمان و هاوڕێ و دۆست و خوێنه‌رانی، به‌ هه‌گبه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی و شیعرو به‌رهه‌می نوێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ باوه‌شی سلێمانی.


به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌دیب و هاوڕێ و ئه‌ده‌بدۆست و هه‌وادارانی دونیا شیعریه‌كه‌ی، غه‌مبار رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 14/3/2010 له‌ هۆڵی ته‌واو له‌ سلێمانی سه‌عات 4ی پاشنیوه‌ڕۆ یه‌كه‌مین كۆڕی شیعری سازكرد.له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی و ئه‌و پرۆژه‌و به‌رنامانه‌ی هه‌یه‌تی له‌م سه‌فه‌ره‌یدا، (جه‌مال غه‌مبار) له‌ دیدارێكی كورتدا به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری راگه‌یاند:دیاره‌ من بۆ ده‌ ساڵ ده‌چێت دوورم له‌ نیشتمانه‌وه‌، له‌ پشت گه‌ڕانه‌وه‌شمه‌وه‌ ئاسووده‌ییه‌كی زۆر هه‌یه‌و به‌خته‌وه‌رم به‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌، له‌پشت ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك مانا هه‌یه‌، له‌ سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ جارێكیتر ئاشنابوونه‌وه‌ به‌ كوردستان، به‌ سلێمانی، پاشان ئاشنابوونه‌وه‌ به‌م جه‌ماوه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌ی له‌ ئێواره‌ كۆڕه‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا ئاماده‌ییه‌كی جوانیان هه‌بوو، ئه‌وانه‌ جارێكیتر رۆحی منیان ئاسووده‌ كرده‌وه‌.


له‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌مدا كۆمه‌ڵێ چالاكی و پرۆژه‌ی ئه‌ده‌بیم هه‌یه‌ له‌وانه‌، سازدانی چه‌ند كۆڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی كردمان، كۆڕێك له‌ شاری هه‌ولێرو له‌ شارۆچكه‌كانی رانیه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدو ده‌ربه‌ندیخان و كه‌لار. خۆم پلانم هه‌بوو بچمه‌ شاره‌كانی تری وه‌ك چه‌مچه‌ماڵ و كه‌ركوكیش، ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن رێگه‌م بدا زۆرم پێخۆشه‌، ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م لێره‌ زۆر كورته‌، هیوادارم بتوانم شتێك بكه‌م، ئه‌گه‌ر نه‌شمكرد هیوادارم ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی ئه‌وێ به‌ گه‌وره‌یی خۆیان بمبورن، هه‌وڵئه‌ده‌م له‌ گه‌ڕانه‌وه‌كانی داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌وانیش بكه‌م.


مایه‌ی خۆشحاڵیم بوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجان ئاماده‌ی كۆڕه‌كه‌ی سلێمانی بوون، ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجان هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدان، من بۆخۆم پێم خۆشه‌ له‌گه‌ڵ توێژی گه‌نجاندا هه‌میشه‌ دایالۆگم هه‌بێ، گوێیان لێ بگرم و له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه‌ پاش ده‌ ساڵ دووری بزانم چی ئه‌گوزه‌رێ، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی زۆر گرنگن لای من.


یه‌كێكی تر له‌ پرۆژه‌كانم چاپكردنی دیوانێكه‌ به‌ ناونیشانی (رووبارێك به‌ قه‌ڵه‌می خۆی)، كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا ته‌واو بێت، زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ كاتی خۆی له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك دیوان چاپنه‌كراون، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی ئیشم له‌سه‌ركردووه‌ نزیكه‌ی پێنج شه‌ش قه‌سیده‌م ئاوێته‌كردووه‌ له‌ قه‌سیده‌یه‌كدا، كۆمكردوونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێ گۆڕانكاریم تیا كردوون، سه‌رجه‌می ئه‌و قه‌سیدانه‌ له‌ ته‌وه‌ری كۆمه‌ڵێك پنتی دیاریكراودا ئه‌سووڕێنه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هاتووم جۆریك له‌ ئاوێته‌بوونم دروست كردووه‌ له‌نێوان هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌دا، هه‌وڵیشم داوه‌ له‌نێوان ئه‌و ده‌قانه‌دا كه‌ ئاوێته‌یان ئه‌كه‌م هیچ بۆشاییه‌ك نه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌كانم و هیوادارم جێی خۆی بگرێت، یه‌كێك له‌ قه‌سیده‌كانی ئه‌و دیوانه‌ هێشتا بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ش به‌ نیازم ئه‌گه‌ر كات هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگا چاپه‌مه‌نیانه‌دا قسه‌ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كۆی دیوانه‌ شیعرییه‌كانم كۆبكه‌مه‌وه‌ له‌ دیوانێكدا، چونكه‌ هه‌ندێ له‌و دیوانانه‌ له‌ بازاڕدا نه‌ماون.


وام داناوه‌ چاپكردنی دوا دیوانم هاوزه‌مانبێ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌مدا، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ دیارییه‌ك بۆ خوێنه‌ره‌كانم. پرۆژه‌یه‌كی ترم تۆماركردنی كۆمه‌ڵێك قه‌سیده‌ی مه‌حوی و نالی و بێخودو وه‌لی دێوانه‌و شاعیره‌ كلاسیكییه‌كانه‌ بۆ ئه‌رشیفی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات، لێره‌شه‌وه‌ حه‌زده‌كه‌م سوپاسی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات بكه‌م كه‌ به‌ ره‌سمی منیان بانگهێشتكرد، سوپاسی هه‌موویان ئه‌كه‌م و گه‌وره‌یی خۆیان نواند.ده‌رباره‌ی هه‌ست و سۆزی خۆی دوای ده‌ساڵ غه‌ریبی و دووری له‌ نیشتمان و یه‌كه‌م ساتی گه‌یشتنه‌وه‌ی، غه‌مبار وتی: دیاره‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ مرۆڤ مناڵی و گه‌نجێتی خۆی تیا جێده‌هێڵێت كۆمه‌ڵێك شت هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌رییدا ده‌مێنێته‌وه‌.


له‌ دوای ده‌ ساڵ گه‌ڕانه‌وه‌م نازانم به‌ چ رسته‌یه‌ك گوزارشت له‌و حاڵه‌ته‌ بكه‌م كه‌ تیایدا ژیام، له‌ یه‌كه‌م ساتی دابه‌زینم له‌فرۆكه‌كه‌وه‌، كه‌ ئه‌و هاوڕێ خۆشه‌ویستانه‌ هاتبوون، پاشان چه‌ند رۆژی سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌كه‌م ته‌رخان كرد بۆ گه‌ڕان به‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سلێمانیدا (مه‌ڵكه‌نی، قه‌زازه‌كان، سابونكه‌ران، لای مزگه‌وتی گه‌وره‌،...) هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ گه‌ڕام و كۆمه‌ڵێ یاده‌وه‌رییان له‌ زاكیره‌ی مندا جێهێشتووه‌، بۆیه‌ چۆڵه‌وانییه‌كی گه‌وره‌ له‌ناو رۆحما دروستبووبوو، ئێستاش ئه‌و چۆڵه‌وانییه‌ ئاسه‌واری ماوه‌.


له‌م گه‌ڕٍانه‌وه‌یه‌مدا زۆر ئاسووده‌و دڵخۆش بووم، به‌ دیداری ئازیزان گه‌یشتمه‌وه‌، دیاره‌ شار زۆر گه‌وره‌بووه‌، هه‌م له‌ رووی دانیشتوانه‌وه‌ هه‌م له‌ رووی بیناسازییه‌وه‌، به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌واوی گۆڕانكارییه‌كان كاتێكی زیاترو قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت.لێره‌شه‌وه‌ زۆر سوپاسی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ئه‌كه‌م كه‌ ئاماده‌ی كۆڕه‌كه‌ بوون و داوای لێبوردنیش له‌وانه‌ ئه‌كه‌م كه‌ ته‌شریفیان هێنابوو له‌ هۆڵه‌كه‌دا جێی دانیشتنیان نه‌بوو، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ بوون و نــــه‌یــانتوانیبوو بێنه‌ ژووره‌وه‌، لێره‌وه‌ داوایان لێ ئه‌كه‌م به‌ گه‌وره‌یی خۆیان بمبه‌خشن.
سه‌رچاوه‌: کوردستانی نوێ