شوێنی ستراتیجی سنجار له ململانێي کورد و عێراق و ئه‌مه‌ریكا دا
نوسینی: شێركۆ كرمانج
له دوای پرۆسه‌ی ئازادی، کوردستانییه‌کان دوای ههوڵوتهقهلایهکی زۆر توانییان مادده‌ی 58 له ده‌ستوری کاتیی عێراق جێگیر بکه‌ن که دواتر مادده‌ی 140 له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق جێگه‌ی گرته‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م مادده ئینتیقالییه له ده‌ستوردا یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسی ئه‌و ناوچانه‌یه که کێشه‌یان له‌سه‌ره (المناگق المتنازع علیه) له نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی مه‌رکه‌زی له به‌غدا، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم یان مانه‌وه‌یان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکمی مه‌رکه‌زدا. ئه‌م مادده‌یه‌و کاریگه‌رییه‌کانی و پرۆسه و خێرایی جێبه‌جێکردنی مادده‌که مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر کراوه و بابه‌تی زۆری له‌سه‌ر نوسراوه. زۆربه‌ی بابه‌تاکان گرنگی به لایه‌نی عاتیفی، مێژوویی، سیاسیی، ئابوری، هتد ده‌ده‌ن. به‌ڵام که‌متر گرنگی به مه‌وقیعییه‌تی ستراتیجی یه‌که یه‌که‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان دراوه، جا چ که‌رکوک بێت یان ناوچه‌کانی دیکه وه‌ک: سنجار، شێخان، مه‌خمور، سه‌رگه‌ڕان، توزخورماتو، خانه‌قین. من له‌م وتاره کورته‌دا ته‌نیا په‌رده‌یه‌ک له‌سه‌ر گرنگی ستراتیجی ناوچه‌ی سنجار لاده‌ده‌م، ئه‌ویش له ململانێی کورد و عێراق و وڵاتانی ناوچه‌که و ئه‌مه‌ریكا وه‌ک تاکه زلهێز ئه‌مڕۆ له دنیادا. مه‌به‌ستیشم له نوسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه که من له میانی قسه‌کردن و راگۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێكی پسپۆڕ له بواری عێراق و کوردستان هه‌ستم به جۆرێک له بیرکردنه‌وه، که ده‌کرێ ناوی بنێین پلان، کردوه به مه‌به‌ستی دابڕینی ناوچه‌ی سنجار له کوردستان. ئه‌وانه‌ی من قسه‌م له‌گه‌ڵ کردون پێیان وایه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سنجار بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان وا له کوردستانییه‌کان ده‌کات که زیاتر له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نزیک ببنه‌وه. له خواره‌وه زیاتر ئاماژه به مه‌ترسییه‌کانی ئه‌مه‌ریكا و بۆچوونه‌کانی ئه‌کادیمییه‌کان ده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌مه بۆ دوای قسه‌کردن له‌سه‌ر گرنگی ناوچه‌ی سنجار به نیسبه‌ت لایه‌نه لۆکاڵ و ناوچه‌ییه‌کان هه‌ڵده‌گرم.
ناوچه‌ی سنجار (یان وه‌ک ئه‌وه‌ی برا ئێزیدییه‌کان ناوی ده‌به‌ن 'شنگار') ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوه و به یه‌کێک له قه‌زا گه‌وره‌کانی کوردستان داده‌نرێت، ده‌که‌وێته رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر سنوری سوریا. دانیشتوانه‌که‌ی زۆربه‌ی کوردی یهزیدین و به‌درێژایی مێژووی کۆن و نوێ دووچاری چه‌وسانه‌وه‌ی ئاینیی و نه‌ته‌وه‌یی بوونه‌ته‌وه.گه‌ڕانه‌وه‌ی سنجار بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بێجگه له گێڕانه‌وه‌ی هه‌قێکی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی گرنگییه‌کی ستراتیجی بۆ کوردستان له داهاتووی نزیک و دووردا هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک، یه‌که‌م، ناوچه‌ی سنجار کوردستان به وڵاتێکی دراوسێ، واته سوریا، ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ ببێته ده‌روازه‌یه‌ک بۆ په‌یوه‌ندی بازرگانیی و هاتوچۆ له نێوان کوردستان و وڵاتی سوریا. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که ده‌کرێ لوله نه‌وت و گازه‌کانی کوردستانیش له رێی سوریاوه بگه‌ێنرێن به ده‌ریای ناوه‌ڕاست و له‌وێشه‌وه به بازاڕیی جیهانی. دیاره بایه‌خی ئه‌م ده‌روازیه به‌رزتر ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر تورکیا شێوازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کوردستان له دراوسێیکهوه بگۆڕێت بۆ دوژمنێک. ئه‌گه‌ری ئه‌مه‌ش له دواڕۆژی هه‌م نزیک و هه‌م دوور له ئارادایه. دووه‌م، هه‌روه‌ک چاوڕوانده‌کرێت که گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌زاو ناحیه‌کانه‌وه ده‌بێت له‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگا. هۆکاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که مادده‌ی 140 به‌وردی ئه‌م مهسهلهیهیهی یه‌کلا نه‌کردۆته‌وه. بۆیه ی‌و ئێن (UN) وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشنیازی کردوه له‌سه‌ره‌تا ریفراندۆم له ناوچه‌ی پردێ وه‌ک قه‌زایه‌کی که‌رکوک و مه‌خمور وه‌ک قه‌زایه‌کی ده‌ره‌وه‌وی که‌رکوک به‌ڕێوه ببات. دیاره ئه‌مه به‌م مانه‌یه‌یه که که‌رکوک وه‌ک یه‌ک پارچه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکرێت، ئه‌مه‌ش به کورتییه‌که‌ی مانای ئه‌وه‌یه که له ریفراندۆمدا کوردستان چه‌ند قه‌زایه‌کی که‌رکوکی له ده‌ست ده‌چێت، وه‌ک: حه‌ویجه و ریاز. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا مانای ئه‌وه‌یه که پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر شاری که‌رکوک زۆر نزیک ده‌بێت و له دیدی ستراتیجییه‌وه ئه‌م بوونه عه‌ره‌بییه له نزیک که‌رکوک شاره‌که ده‌خاته ژیر ترسێکی هه‌میشه‌یی. بۆ پارسهنگکردنهوهی ئه‌و خه‌ته‌ری له‌سه‌ر که‌رکوکه گه‌ڕانه‌وی قه‌زای سنجار گرنیگییه‌کی دیکه‌ی ده‌بێت، چونکه ناوچه‌که پشتێنه‌یه‌کی کوردی له‌سه‌ر شاری موسڵ دروستده‌کات. له ئه‌نجامدا ده‌کرێت شاری موسڵ بخرێته ژێر مه‌ترسییه‌وه هه‌رکاتێک که‌رکوک خه‌ته‌رێکی هاوشێوه‌ی که‌وه‌ته سه‌ر. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ناوچه‌ی سنجار گرنگی خۆی هه‌یه له به‌رگریکردن له هه‌ر هێرشێک بۆ سه‌ر کوردستان له‌لایه‌ن سوریا، عێراق یان تورکیا، چونکه زنجیره چیای سنجار ده‌توانێ رۆڵێکی گرنگ له رووی ئه‌م جۆره هێرشانه‌دا ببینێت. ئه‌وه‌ش نابێت له‌بیر بکه‌ین که به گه‌ڕانه‌وی سنجار ئیدی تورکیا ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌کردنی ئه‌وه له‌ده‌ست ده‌دات که ده‌روازه‌یه‌کی سنوری راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق بکاته‌وه به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی گرنگی دهوروازی ئیبراهیم خه‌لیل. تا ئه‌و راده‌ی من ئاگادارم، تورکیا بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن له حکومه‌تی هه‌رێم له دوای 2003 ـه‌وه چه‌ند جارێک پڕۆژه‌ی له‌م بابه‌ته‌یان خستۆته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه، به‌ڵام له ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌که بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم جارێ به‌ردێکیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که داناوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ناوچه‌ی سنجار نه‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ر هه‌رێم، من به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم که تورکیا نه‌ک هه‌ر به‌رده‌که‌ی سه‌ر پڕۆژه‌که لاده‌دات به‌ڵکو به‌زوترین کات ده‌یخاته بواری جێبه‌جێکردن بۆ ئه‌وه‌ی مشته‌کۆڵه‌یه‌ک له ئابورییه له‌رزۆکه‌که‌ی کوردستان بدات که تا ئێستا، به داخه‌وه، بازرگانیی کۆڵه‌که‌یه‌کی هه‌ره سهرکییهتی. ناوچه‌ی سنجار وه‌ک ناوچه‌یه‌کی به ناوبانگ له به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و گرنگییه ستراتیجییانه‌ی باسمان کرد، گرنگییه‌کی دیکه به‌و ناوچه پڕ بایه‌خه ده‌دات.
ئه‌مه بۆ کوردستان، به‌ڵام بۆ عێراق دابڕانی ناوچه‌ی سنجار و لکاندنی به عێراق یان به هه‌ر ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ی فیدڕاڵی که له دواڕۆژ له ناوچه‌کانی باکوری رۆژئاوای عێراق پێکدێت گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. کورتترین شێوه بۆ ئاماژه‌کردن پێیان ئاوه‌ژۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و گرنگیانهیه که ناوچه‌ی سنجار هه‌یه‌تی بۆ کوردستان، بۆ سه‌ر عێراق. به تایبه‌تی بڕینی ده‌ستی کوردستان له گه‌یشتنی به سوریا‌و رزگارکردنی موسڵ له پشتێنه‌ی کوردستانیی و کردنه‌وه‌ی ده‌روازیه‌ک له‌گه‌ڵ تورکیا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل، له‌گه‌ڵ بردنی خێر و بێری ناوچه‌که.
تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به سوریا و ئێرانه‌وه هه‌یه، گرنگی ناوچه‌ی سنجار له مه‌ترسییه‌کانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر دواڕۆژی ناوچه‌ی سنجار هه‌ڵده‌قوڵێ. ئه‌مه‌ریكا بۆ دڵنه‌وایکردنی هاوپه‌یمانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی له ناوچه‌که، تورکیا، هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ به‌رگرتن له‌وه‌ی به‌خۆیان پێیده‌ڵێن "The Kurds should not go there own way" (واته کورده‌کان نابێت به‌ره‌و ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی بڕۆن). لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم که ماوه‌یه‌که، دروستتر بڵێن له‌وه‌ته‌ی تورکیا رێگه‌ی نه‌دا به ئه‌مه‌ریكا که خاکه‌که‌ی به‌کاربهێنێت بۆ داگیرکردنی عێراق، وه‌همێک لای کورد دروستبووه به‌وه‌ی که تورکیا متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكای له‌ده‌ست داوه، یان هه‌ندێکی دیکه ده‌ڵێن که تورکیا له دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سار ئه‌و بایه‌خه ستراتیجییه‌ی جارانی نه‌ماوه بۆ ئه‌مه‌ریكا. ئه‌م دوو بۆ چوونه هه‌ردووکیان تاڕاده‌یه‌ک راستن به‌ڵام ئه‌وه له‌ڕاستی زۆر دووره ئه‌گه‌ر پێمان وابێت که له‌به‌رابه‌ر ئه‌مه‌دا له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریكا چاوپۆشی له راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکات. چونکه کوردستان له دیدێکی ستراتیجییه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز ناتوانێت شوێنی تورکیا بگرێته‌وه. ئه‌مه بێجگه له‌مه که ئه‌مه‌ریكا به کارێکی له‌م چه‌شنه نه‌ک هه‌ر تورکیا بگره نیوه‌ی جیهان له خۆی زویر ده‌کات ئه‌گه‌ر نه‌یانکاته دوژمن.
بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر کڕۆکی باسه‌که، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێیوایه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ی سنجار بۆ سه‌ر هه‌رێم کوردستانییه‌کان له هه‌نگاوی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی نزیک ده‌کاته‌وه، ئه‌وه ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان ده‌ده‌ن، چ به ئاشکرا چ ژێر به ژێری. لێره‌دا ده‌مه‌وێ په‌نجه بۆ گرنگترین خاڵ له‌م کێشمه کێشه درێژ بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ترسی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا له‌به‌ر خاتری چاوی ره‌شی تورکان نیه، به‌ڵکو ئه‌مه‌ریكا پێیوایه که به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی رۆیشتنی کوردستانییه‌کان له‌وکاته‌ی له تورکیا دووریان ده‌خاته‌وه‌و ئه‌گه‌ری دروستبوونی گرژیی یان پێکدادانیش له‌وانه‌یه بێته‌گۆڕێ. له‌هه‌مان کاتدا، بۆ رزگاربوون له گه‌مارۆی ئابوری، ههنگاوێکی له‌م چه‌شنه کوردستان له ئێران و سوریا نزیک ده‌کاته‌وه. ئه‌و کاتیش ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌و سنوره‌کانیان ده‌بن به تاکه ده‌روازه‌ی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه، چونکه کوردستان ده‌توانێ کارتی نه‌وت و غاز به‌کاربێنێت بۆ پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سوریا. ئه‌م نزیک بوونه‌وه‌یه‌ی کوردستان و سوریا و ئێران سیناریۆیه‌که که ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران کردووه‌و به هه‌ندیش هه‌ڵیگرتووه. من ئه‌و نیگهرانییانهم له گفتۆگۆ کردن له‌گه‌ڵ چه‌ندین پسپۆڕ و راویژکار و ئه‌کادیمی ئه‌مه‌ریكایی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ههستپێکردوه. به‌ڕاده‌یه‌ک که هه‌ندێکیان له منیان نهدهشاردهوهو ده‌یانگوت "ئێمه حه‌ز ناکه‌ین یان لێناگهڕین ناوچه‌ی سنجار بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان." چونکه ئه‌م جۆره هاوپه‌یمانییه ، ئه‌گه‌ر هاته دی، ئه‌وه بۆ ئه‌مریکییه‌کان واته گه‌یشتنی ده‌ستی ئێران، له رێگای کوردستان و سوریاوه، به لوبنان. ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا واته مه‌ترسی دروستکردن له‌سه‌ر پڕبه‌هاترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌که، که ئیسرائیله. له پاڵ ئه‌م دوو هۆیه سه‌ره‌کییه، را‌گرتن و رازیکردنی دڵی ملیۆنان عه‌ره‌ب و عێراقیی، ئه‌ویش به نیشاندانی ئه‌وه‌ی که ئه‌مه‌ریكا ئه‌وانی له‌بیره‌و له ململانێکه‌یاندا له‌گه‌ڵ کورد ئه‌وان فه‌رمۆش ناکات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بتوانێت کوردستانییه‌کان رازی بکات به وازهێنان له ناوچه‌ی سنجار ئه‌وا ئه‌و ئه‌مه وه‌ک ده‌ستکه‌وتێک له لای خۆیه‌وه بۆ عه‌ره‌ب نیشانده‌دات. دیاره هۆکاری دیکه‌ش هه‌ن که گرنگی ناوچه‌ی سنجار بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌م لایه‌نانه‌ی که باسمان کرد به بایه‌خ ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمیانه هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه لێره ده‌مانه‌وێت بیڵێین ئه‌وه‌یه که کوردستانییه‌کان نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک مساوه‌مه له‌سه‌ر ناوچه‌ی سنجار بکه‌ن، چونکه ئه‌گه‌ر گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریكا و تورکیا له رازیکردنی دۆستان و دوژمنایه‌تیکردنی کوردستان سه‌ریهه‌ڵدابێت ئه‌وه بۆ کوردستانییه‌کان په‌یوه‌ندی به ستراتیژیی نیشتیمانییه‌وه هه‌یه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که بریتییشه له راستکردنه‌وه‌ی ناهه‌قییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌ی باشه که گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌م هه‌موو رکابه‌ره‌ی هه‌بێت چۆن کوردستانییه‌کان ده‌توانن له‌م ململانێیه‌دا بیبه‌نه‌وه. من پێموایه، ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان به سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یه‌وه زۆر ژیرانه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مامه‌ڵه بکه‌ن. بۆنمونه، ده‌بێت بۆ عێراقییه‌کانی بسه‌لمێنن که ناوچه‌ی سنجار سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر کوردستان به‌ڵام هه‌ر وه‌ک به‌شێک له عێراق ده‌مێنێته‌وه. سه‌رکردایه‌تی کوردستان تا بۆیبکرێت ده‌بێت خۆی له وروژاندن و زویرکردنی تورکیا بپارێزێت، زۆر جدی بێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی په‌که‌که به‌وه‌ی که هه‌ردوو لایان بێنێته سه‌رئه‌و باوه‌ڕه‌ی که کێشه‌که ته‌نیا له رێگه‌ی گفتوگۆوه چاره‌سه‌رده‌کرێت. ئه‌مانه زۆر گوتراون به‌ڵام تا ئێستا سه‌رکردایه‌تی کوردستان فشاری راسته‌وخۆی نه‌خستۆته سه‌ر په‌که‌که به‌وه‌ی ده‌بێت چه‌ک دابنێن. ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێت بکرێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت حکومه‌تی هه‌رێم به زه‌بری چه‌ک ئه‌م کاره ئه‌نجامبدات یان ببێته ته‌ره‌فێک له ململانێی په‌که‌که و تورکیا.
کوردستانییه‌کان ده‌بێت به هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ ئه‌مه‌ریكای بسه‌لمێنن که به هیچ شێوه‌یه‌ک نیازی جیابوونه‌وه‌یان له عێراق نیه و هه‌رگیز ئاماده‌نین له دژی یان له رقی ئه‌مه‌ریكا یان تورکیا له ئێران و سوریا نزیک ببنه‌وه. له‌کۆتایی ده‌بێت ئه‌وه به بیر خۆمان بهێنینه‌وه، که له‌م ململانێ له‌سه‌ر ناوچه دابڕاوه‌کان، کوردستانییه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی هه‌ندێک ناوچه به حوکمی تاریخ، که کاتی خۆی به‌شێک بوون له کوردستان، له ده‌ست کورد ده‌چێت. کوردستانییه‌کان ده‌توانن، وا چاکیشه، که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت مساوه‌مه له‌سه‌ر شێوه‌ی دابه‌شکردن و به‌ڕێوه‌بردنی سامانه سروشتییه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز نابێت مساوه‌مه له‌سه‌ر ناوچه‌ی سنجار بکه‌ن.
نه‌خشه‌ی هه‌رێم – سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی که ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که له‌وانه‌یه له‌ده‌ست بچن
سه‌رچاوه سایتی سبه‌ی