كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, August 06, 2005

له‌ سلێمانی به‌ته‌قه‌ بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن!

له‌ سلێمانی به‌ته‌قه‌ بڵاوه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن!

له‌ لایه‌ن ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌ سلێمانی خۆپیشاندانی ژماره‌یه‌ک له‌ کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ پشتگیری له‌ خۆپیشاندانی شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات ده‌درێته‌ به‌رته‌قه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ئاساییان وه‌ر نه‌گرتوه‌. له‌ سه‌قزو سنه‌و مهاباد و شاره‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیش سه‌ره‌تا ته‌قه‌یان به‌سه‌ردا کردن و پاشان ڕاست له‌سنگیان گرتن و ئه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌کی فره‌ زۆر گیانیان له‌ده‌ستدا یان بریندار بوون و تا ئێستاش له‌ ماڵ و شوێنی شاراوه‌ دا له‌ترسی هێزه‌دڕنده‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌ نه‌هێنی ده‌رمان ده‌کرێن.

له‌م ماوه‌دا زۆرجار گوێبیسی ئه‌وه‌ بووم که‌ کورده‌کانی باشور بێهه‌ڵوێست بوون سه‌باره‌ت به‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی بۆ ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵات داندراوه‌و بزاڤی مه‌ده‌نی جه‌ماوه‌ری تێدا خڵتانی خوێن کرا. به‌پێچه‌وانه‌ من چاوه‌ڕوانیم له‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان نیه‌ که‌ له‌ دۆخی ئه‌مڕۆدا به‌ تووندیی بێنه‌ ده‌نگ و پشتگیری له‌ سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌ودیوو بکه‌ن. ئه‌وان له‌ دۆخێکی دژواری سیاسیدان و گه‌له‌کۆمه‌گه‌و پیلانی ڕۆژانه‌ وه‌ک ژه‌نگه‌سوره‌ له‌ بناگوێیان ویزه‌ی ده‌ێ. که‌واته‌ بێده‌نگی ئه‌وان و حزبه‌ سه‌ره‌کیه‌کان جێگای تێگه‌یشتنه‌. به‌ڵام بێده‌نگی ڕێکخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌کان و کۆڕو کۆمه‌ڵه‌ سه‌ربه‌خۆکان له‌ باشور جێ ڕه‌خنه‌و گازنده‌ لێکردنن. بێده‌نگیه‌ک که‌ وێنه‌ی له‌ ڕابردوودا نه‌بووه‌. له‌ ڕاستیدا وه‌نه‌بێ من چاوه‌ڕوانی کاری گه‌وره‌م لێان هه‌بوو بێت به‌ڵکوو سوکه‌ وه‌ده‌نگ هاتنێک و ڕاگه‌یاندنێک و .... ده‌یتوانی ده‌ربڕی زۆر شت بێت. گومانیشم له‌وه‌دا نیه‌ که‌ گه‌له‌که‌مان له‌باشوری وڵات و له‌ گشت پارچه‌کانی دیکه‌ دڵیان له‌لای سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژهه‌ڵاته‌و له‌دڵیشه‌وه‌ خۆزگه‌ی سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازن. به‌ڵام هۆی بێدنگیه‌که‌ چیه‌ ده‌بێ له‌ داهاتوودا هه‌رخۆیان وڵامده‌ر بن. ڕه‌نگه‌ هه‌رکه‌س له‌ جێی خۆیه‌وه‌ وا بهزرێ که‌ هه‌ر جموجوڵێک له‌ دژی ئێران له‌وانه‌یه‌ زیانی بۆ په‌زوو مه‌ز هه‌بێت. هه‌ر چۆنێک بێت ده‌بێ ئه‌وان له‌وه‌ی دڵنیا بن که‌ هه‌موو کوردێکی دڵسۆز به‌وانه‌ی که‌ نوکه‌ له‌ شاره‌کانی به‌ری کوێستانێشه‌وه‌ ده‌درێنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژوو له‌ چاڵه‌ڕه‌شه‌کاند له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانیان لێده‌سه‌ندرێ، دڵیان لای ئه‌زموونی باشوری کوردستانه‌و به‌ بێسه‌بری چاویان بڕیوه‌ته‌ دواڕۆژی خه‌باتی ئه‌وبه‌شه‌و بۆ‌ گه‌یشتنیان به‌ سه‌رکه‌وتن چرکه‌کانیش ده‌ژمێرن.

ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ ئاسایشی توڕه‌و تۆسنی سلێمانیه‌ که‌ هه‌ر خۆپیشاندانێک له‌وێ ده‌کرێ هه‌واڵی به‌ ئاوادانی ده‌سته‌گوڵه‌که‌ی ئاسایشی سلێمانی ده‌بێته‌ سه‌ر تۆپ، ئه‌ویش ته‌قه‌کردن له‌ خۆپیشاندانه‌. ئه‌و ڕه‌وشته‌ دزێوه‌ی ئاسایشی سلێمانی له‌ داهاتوودا وه‌ک دارکونکه‌ره‌ سه‌ری بزاڤه‌ مه‌ده‌نی ودیموکراتیه‌کان کون تێده‌کات و ده‌بێته‌ هۆره‌یه‌ک له‌ جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی له‌و هه‌رێمه‌. ئه‌وه‌یه‌که‌م جار نیه‌ که‌ ئه‌و گورزوه‌شێنانه‌ی ئاسایش ته‌قه‌ له‌ خۆنیشانده‌ران ده‌که‌ن، گوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵاوه‌یان پێبکه‌ن. هه‌ر له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندانی تاکسی ئاژۆکان و پشتگره‌کانی خوێندکارانی سلێمانی‌ له‌ ڕێگای سلێمانی و ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ چه‌ند وێنه‌یه‌کی ئه‌و ئاکاره‌ به‌ ناو یاسا پارێزیه‌ی چه‌کدارانی ئاسایشی سلێمانین. ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌ خواره‌وه‌ هاتوه‌ له‌ سایتی یه‌کیه‌تی نیشتمانی که‌ ده‌سه‌ڵاتداری سلێمانیه بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. سه‌ر دێڕه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌" رێپیوانێكی بێ مۆڵه‌ت له‌لایه‌ن كورده‌كانی ئێرانی دانیشتووی سلێمانیه‌وه". دیاره‌ هۆگر حه‌مه‌ساڵح ده‌بوو ئه‌وه‌شی لێزیاد بکرادایه‌ که‌ : به‌زه‌بری ته‌قه‌ بڵاوه‌ی پێکرا. له‌ کۆتایی هه‌واڵه‌که‌دا وه‌ک نوسراوه‌: ڕفیق فوئاد که‌ یه‌کێک له‌ به‌شداران بوه‌ ئێژێ" له‌ لایه‌ن ئاسایشی سلێمانیه‌وه‌ چه‌ند ته‌قه‌یه‌کمان به‌سه‌رداکرا بۆ بڵاوه‌ پێکردنمان". هه‌ر له‌ هه‌واڵه‌که‌دا ده‌ڵێ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاسایشیش ڕایگه‌یاندوه‌ که‌ هۆکاری" ته‌قه‌کردنه‌که‌ش ئه‌وه‌بووه‌ که‌ خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتبوو". دیاره‌ لای ئاسایشی سلێمانی گه‌ر مۆڵه‌تت نه‌بوو ته‌نیا زمانی په‌یڤین ته‌قه‌کردنه‌ و هیچی دیکه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ر قسه‌ی ڕووت نیه‌ و له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ به‌شێک له‌ کارنامه‌یان بووه‌. ئه‌مه‌ ئه‌تواری ڕژیمه‌ تۆتالیتێره‌کانه‌و ئه‌م جۆر هه‌ڵسوکه‌وته‌و به‌م زمانه‌ دوان له‌گه‌ڵ بزاڤ و جوڵه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ دۆستانی ئاسیشی سلێمانیش هێشتا که‌لتوری شه‌ق و لێدان و بگره‌و بکوژه‌ له‌ لایان باوه‌و هه‌رچه‌نده‌ به‌ درێژایی ده‌یان ساڵ له‌بن ده‌ستی ڕژیمی تۆتالیێتێری به‌عس ئازاریان چێشتوه‌ که‌چی مخابن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌لتوره‌ بۆگه‌نیوه‌ توڕده‌ن، ڕۆژانه‌ کردویانه‌ته‌ به‌شێک له‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان‌.
هه‌روه‌ک هه‌واڵه‌که‌ ده‌نوسێ خۆپیشانده‌ران چه‌ند ڕۆژ پێشتر داوای مۆڵه‌تیان له‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم کردوه‌ به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داونه‌وه‌. له‌ وه‌ڵاتێکی وه‌کوو ئوسترالیا چه‌ندین جار خۆنیشاندانمان ئه‌ندجامداوه‌ هه‌ندێک جار شه‌و بڕیارمانداوه‌و هه‌ر شه‌وێش له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی پۆلیس و ولایه‌ت په‌یوه‌ندیی گیراوه‌ و مۆڵه‌ت وه‌ر گیراوه‌. له‌کاتێکدا که‌ ئه‌وانیش یاسایان هه‌یه‌و ده‌بێ چه‌ند ڕۆژ پێشتر مۆڵه‌ت وه‌رگری. به‌ڵام گه‌ر چویته‌ لایان و موکور بویت ناتوانن ڕێگه‌ت لێبگرن و ته‌نانه‌ت بۆ خۆیان پارێزگاریشت ده‌که‌ن. که‌چی کورده‌ بۆره‌ حه‌وت ڕۆژ پێشتر داوای مۆڵه‌تی لێده‌که‌ی و ناشتداتێ و گه‌ر کاره‌که‌شتکرد ده‌تداته‌ به‌ر ته‌قه‌.
دووپات و چه‌ند پات بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی ئاسایشی سلێمانی له‌ خزمه‌تی نه‌ ئاسایش و نه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نه‌ دواڕۆژی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریه‌. بۆیه‌ش ئه‌م کرده‌وه‌ی ئاسایش ده‌بێ شه‌رمه‌زار بکرێ و به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران پێویسته‌ له‌و دۆخه‌ بپرسنه‌وه‌ و ڕێگه‌ی دوپاتکردنه‌وه‌ی نه‌ده‌ن.

رێپیوانێكی بێ مۆڵه‌ت له‌لایه‌ن كورده‌كانی ئێرانی دانیشتووی سلێمانیه‌وه
PUKmedia هۆگر حه‌مه‌ساڵح

كاتژمێر(10)ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 6/8 بۆ پشتیوانی كردن له‌كورده‌كانی ئێران، نزیكه‌ی (70) كوردی ئێرانی دانیشتووی شاری سلێمانی به‌ بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌شه‌قامی سالم كۆبونه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی سازادانی رێپێوانێك بۆ به‌رده‌م نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئاسایش وپۆلیسی سلێمانیه‌وه‌ رێگه‌یان لێ گیرا .
به‌پێی ووته‌ی خۆپیشانده‌ران مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان َپشتیوانی كردنه‌ له‌ كورده‌ مانگرتووه‌كانی ئێران ، هه‌روه‌ك له‌دروشمه‌كانیاندا دیار بوو داوای ئازادكردنی هه‌موو گیراوه‌كان و سزادانی به‌رپرسانی شاری مه‌هابادیان ده‌كرد. هه‌روه‌ها داواشیان ده‌كرد كۆتایی به‌ باری نائاسایی شاره‌كانی كوردستانی ئێران بهێنرێت .ڕه‌فیق فوئاد كه‌ یه‌كێك بوو له‌خۆ پێشانده‌ران، وتی: ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ خه‌ریكی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تین له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ڵام نه‌یانداینێ بۆیه‌ ئێمه‌ش بڕیارماندا له‌شه‌قامی سالم كۆبینه‌وه‌ وتیشی، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ چه‌ند ته‌قه‌یه‌كمان به‌ سه‌رداكرا بۆ بڵاوه‌ پێكردنمان .
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ به‌(PUKmedia)ی راگه‌یاند، هۆكاری نه‌هێشتنی سازدانی رێپێوانه‌كه‌ بۆ به‌رده‌م نوسینگه‌ی (UN)و هه‌روه‌ها ته‌قه‌كردنه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتبوو.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home