كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, March 12, 2005

مانگه‌کانی ڕه‌شه‌ممه‌و خاکه‌لێوه‌ دوو مانگی پڕ له‌ ڕوداو

مانگه‌کانی ڕه‌شه‌ممه‌و خاکه‌لێوه‌ دوو مانگی پڕ له‌ ڕوداو
(یادێک له‌ ڕوداوه‌کانی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2703)



مانگی ڕه‌شه‌ممه‌و خاكه‌لێوه‌وه‌ دو مانگن كه‌ له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا پڕن له‌ ڕووداوی خۆش و ناخۆش. كه‌م ساڵ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا كه‌ ڕوداوێك له‌و دو مانگه‌دا ڕووی نه‌دا بێت و خۆش یا ناخۆش لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژووی كوردستانی بۆ خۆی ته‌رخان نه‌كردبێت. ڕووداوه‌كانی ساڵی پاریش له‌م دوومانگه‌دا نه‌خشی خۆیان له‌ مێژووی نوێ كوردستاندا دا، خۆش و ناخۆش جارێكی دیكه‌ ئاوێته‌ی یه‌كدی بوونه‌وه‌‌و له‌ باڵای مێژووی پڕ له‌ كاره‌سات و كه‌متر سه‌ركه‌وتن و زۆرتر به‌رخوه‌دانی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ییمان ئاڵان. جیاوازی ئه‌و دومانگه‌ به‌ره‌و به‌هاره‌ی پار ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵه‌كانی دیكه‌ زۆره‌. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی گه‌لی كوردا له‌ ناو ده‌ستوری وڵاتێكدا ددان به‌ فیدراڵی جوگرافیی مێژوویی بۆ كوردستان و به‌ فه‌رمی كردنی زمانی كوردی هاوشان له‌گه‌ڵ زمانی عاره‌بی له‌ ئێراق و ناسینی حكومه‌تی كوردستان و گه‌لێك شتی دیكه‌دا نرا . ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی له‌و ده‌ستوره‌دا هاتبوو و تا ئه‌مڕۆژانه‌ش که‌ دوارۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کاتی ئێراقن جێبه‌جێ نه‌کراون و مافه‌ گونجێنراوه‌کانیش له‌و یاسایه‌دا له‌ ڕاستیدا‌ پڕ به‌ پێستی داخوازییه‌كانی گه‌لی مه‌ نین‌و له‌گه‌ڵ باڵای به‌رزی قوربانیه‌ بێ ئه‌ژماره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ته‌بانین،‌ به‌ڵام نكۆلی له‌وه‌ش ناكرێ كه‌ زۆر له‌ ویسته‌كانی ئه‌وکاتی سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوری كوردستانی تێدا مسوه‌گه‌ر بوو‌. هه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌ش له‌ ڕۆژی هه‌شتی مارچدا بوه‌ بیانوییه‌ك كه‌ ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد له‌ په‌نای ده‌ربڕینی شادی و خۆشی خۆیان بۆ ئه‌و ڕوداوه‌، ڕقی پنگخواردووی ده‌یان ساڵه‌ی خۆشیان له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان جارێكی دیكه‌ ده‌رببڕن و هاواری باشور، باكور ڕۆژهه‌ڵات یه‌ك ده‌وڵه‌ت و یه‌ك وڵات به‌گوێ داگیركه‌رانی كوردستاندا بده‌ن و ڕایانچڵه‌كێنن. ئه‌و ڕابوونه‌ی پارساڵ ‌ به‌ته‌واوی ڕابوونێكی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستانی بوو. مڕۆڤ كاتێك دروشمه‌كانی ده‌بیست و له‌ ڕێبازی خۆنیشاندانه‌كانی ده‌ڕوانی و به‌ چاكی لێیان ڕاده‌ما‌، له‌وه‌ی دڵنیا ده‌بوو كه‌ وشیاری و ڕاده‌ی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان گه‌لێك به‌رز ببووه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری و ڕێكخستنێكیان هه‌بوو بێت دروشمه‌كانی ڕۆژی خۆیان دیاری كردوه‌و له‌گه‌ڵ دروشمی ستراتیژییه‌كان و ئامانجه‌ ڕاستینه‌كه‌یان یه‌كیان خستوه‌و به‌ده‌نگی به‌رز ڕایانگه‌یاندوه‌. له‌ نێو خۆ نیشانده‌انه‌كاندا دیارده‌یه‌كی نوێ كه‌ ئه‌ویش وه‌ك دروشمه‌كانی خۆ نیشانده‌ران سه‌لمێنه‌ری ڕاده‌ی وشیاری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یی بوونی داخوازیه‌كانیان بوو هه‌ڵگرتنی ئاڵای كوردستان كه‌ ته‌نانه‌ت ڕاگه‌یه‌ندنه‌كانی سه‌ر به‌ڕژیمیش نه‌یانتوانی حاشای لێبكه‌ن(هه‌روه‌ك چۆن ڕاگه‌یاندنه‌کانی ڕژیمی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی به‌وه‌ دڵی خۆیان ده‌دایه‌وه‌ كه‌ بڵێن ئاڵای كوردستانی عێراقیان له‌ ده‌ست دابوه!). له‌وه‌ش سه‌رنج ڕاکێشتر ئه‌وه‌ بوو که‌ خۆنیشانده‌ران له‌ مه‌هاباد ئاڵای كوردستانیان له‌ شوێنێكدا چه‌قاندوو شه‌کانده‌وه‌ كه‌ پێشتر یه‌كه‌مین سه‌رۆ‌ك كۆماری كوردستانی لێ له‌دار درابووو‌. هه‌ر ئه‌وان به‌ مه‌شێكی مه‌زن و به‌ دروشمی پێشه‌وا پێشه‌وا ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ره‌و گڵكۆیی پێشه‌وای كوردستان چوون و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتی نوێیان لێده‌كرد و مژده‌ی نزیكبونه‌وه‌ی وه‌دی هاتنی ئاواته‌كه‌یان پێدا كه‌ له‌ به‌ناو دادگایی كردنه‌كه‌یی به‌رانبه‌ر به‌ جه‌للاده‌كانی ڕژیمی شا گوتبووی: دڵنیام ڕۆژێك دادێ ڕۆڵه‌كانی كورد ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بینایه‌ی كه‌منی تێیدا دادگایی ده‌كرێ هه‌ڵبده‌ن. ئه‌مه‌ ناكرێ له‌ خۆڕا بێت. گه‌ل ده‌زانێ چده‌كات و ده‌زانێ كه‌ ئامانجی پێشه‌وا و یه‌كه‌م سه‌ركۆماره‌كه‌یان چی بوه‌. بۆیه‌ش ده‌چنه‌ سه‌ر گڵكۆكه‌ی‌و ئه‌و ئاڵایه‌ی پێشه‌وا سوێندی پێخوارد له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن و هاواری یه‌ك وه‌ڵات و یه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. له‌ شاری مه‌ریوانیش خه‌ڵك له‌گه‌ڵ گوتنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمانه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ گۆڕه‌پانی شارو په‌یكه‌رێك كه‌ سومبولی ڕژیمی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامیه‌ ده‌هێننه‌ خوار و به‌ مه‌ش په‌یامی خۆیان به‌ داگیركه‌ران ده‌گه‌‌یه‌نن. له‌م ڕوداوانه‌دا ده‌ورو نه‌خشی ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زۆركه‌م یان هه‌ر نه‌بوو. گه‌ل پێش حزبه‌كان كه‌وتن و دروشمیان بۆ دیاری ده‌كردن و ئاڵای كوردستانیان به‌ چاودا دا‌ن. ئه‌و خۆ نیشاندانانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌یامێكی ڕاچڵه‌كێنه‌ر بوو بۆ ڕژیمه‌ داگیركه‌ره‌كان، په‌یامێكی گرنگیش بوو بۆ ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان كه‌ هه‌ركامه‌ به‌نۆبه‌ی خۆی، خۆی به‌ نوێنه‌ر و ڕێبه‌ری خه‌بات و داخوازیه‌كانی كورد ده‌زانێ. ئه‌و خۆنیشاندانانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌ی نیشاندا كه‌‌ ئه‌گه‌رچی ڕێكخراوه ‌سیاسیه‌كان به‌ خشكانی و به‌پێی كیسه‌ڵ بۆ خۆ گۆڕین هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و هه‌ندێکجاریش خۆگۆڕین و نیمچه‌ گۆڕانه‌کانیشیان وه‌ک‌ شتێکی ڕواڵه‌تی نه‌ک بناخه‌یی و جه‌وهه‌ری ده‌چێ، لێ به‌لێ گه‌ل گه‌لێك له‌ پێش ئه‌وانه‌وه‌یه‌ و له‌ ڕێی خۆ گۆڕینی ئه‌وان كڕ دانه‌نیشتوه‌. به‌ بێ چاوه‌ڕوانی لێیان دروشمی ڕۆژو ئامانجی ڕاستینه‌یان دیاریده‌که‌ن.

یه‌کێکی دیکه‌ له‌و ڕوداوانه‌ی که‌ ساڵی پار له‌مانگی ڕه‌شه‌ممه‌دا ڕویدا و په‌رده‌ی شه‌وه‌زه‌نگی دیكتاتوڕی ڕژیمی به‌عسی سوری هه‌ڵدڕی و نه‌تره‌ی عروبه‌ی برد، سه‌رهه‌ڵدانی شاری دیرۆکی قامیشلۆی ده‌لال بوو‌. گه‌لی باشوری ڕۆژئاوای كوردستان ساڵانێکی زۆره‌ کڕ وه‌ك ژیله‌مۆ له‌بن خۆڵه‌مێش ده‌بریساكانه‌وه‌. ساڵانێكی زۆر بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سوری بێڕێزی به‌وان ده‌كرد، ده‌یگرتن و ده‌یکوژتن و حاشای له‌بوونیان ده‌کرد‌، به‌ڵام گه‌ل هه‌روا خۆی ده‌خوارده‌وه‌و پنگی خواردبوه‌وه‌و له‌ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕا تا كوڵووكۆی هه‌ڵڕێژێ. گه‌لی باشوری ڕۆژئاڤای کوردستان له‌به‌ر هه‌ڵکه‌وتی جوگرافی ئه‌و پارچه‌یه‌ له‌ دۆخێکی وه‌هادا نه‌بوون که‌ وه‌ک پارچه‌کانی دیکه‌ خه‌باتی چه‌کداری دژی ڕژیمی داگیرکه‌ری سوری بدۆمێنن و هه‌ڵیگیرسێنن بۆیه‌ش به‌هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌ ئاکام گه‌یشتنی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌شداری تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و به‌شانه‌یان ده‌کردو پشتگیریان ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌داخه‌وه‌ چ هێزه‌كانی باكور و چ هێزه‌كانی باشوور بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ كه‌ره‌م و ڕه‌حمه‌تی حكومه‌تی سوریه‌ بێبه‌ش نه‌بن، له‌ ناوهێنانی ڕۆژئاوای كوردستان خۆیان ده‌پاراست و په‌ره‌یان‌ به‌و هزره‌ی كه‌ كوردی ئه‌وێنده‌رێ شوێنه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی نابێت كه‌ كێشه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوری دروست بكه‌ن، ده‌داو به‌مه‌ش هه‌وڵی دامركاندنه‌وه‌ی گیانی سه‌رهه‌ڵدانیان له‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌دا. هه‌مو هێزه‌كانی كوردستانیش ده‌زانن كه‌ گه‌لی مه‌ له‌و به‌شه‌ی كوردستان هه‌رده‌م وه‌ك پاڵپشت و وزه‌ی ڕۆژی ته‌نگانه‌ فریای به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ تایبه‌ت باشوورو باكور كه‌وتوون. به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌وبه‌شه‌ی كوردستان له‌ ڕیزی بزاڤی كوردایه‌تیدا گیانیان به‌ختكردوه‌و هه‌ر ئێستاش خه‌ریكی تێكۆشانن. گیانی به‌رخۆدان و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریش نه‌ک هه‌ر لاواز نه‌بوو به‌ڵکوو فره‌ به‌هێزیش بوو. ڕاپه‌ڕینی ڕۆژی 22ی ڕه‌شه‌ممه‌2703 له‌ قامیشلۆ که‌ له‌ ئاكامی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پیلانێكی دارێژراوی عروبه‌ی (دێرازۆرێ) و به‌ هاوكاری عروبه‌ی هاورده‌ی قامیشلۆ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆری ئه‌سه‌ده‌كان سه‌ری هه‌ڵدا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن. له‌و ڕۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ عرووبه‌ به‌ بیانوی پشتگیری تیمی تۆپیپێی فتوا‌ی دێرازۆرێ، به‌ ئاماده‌یی و خۆ ته‌یاركردنه‌وه‌ دێنه‌ قامیشلۆ. له‌وێ له‌ ناو بازاڕدا دروشمی دژی كوردان ده‌ده‌ن و لایه‌نگری له‌ سه‌ددام و فه‌لوجه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن. پاشان له‌ گۆڕه‌پانی یارییش درێژه‌ به‌و كاره‌ ده‌ده‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا گه‌لیش به‌ دروشمی كوردستانی وه‌ڵامی عروبه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست و لایه‌نگرانی سه‌ددامی گۆڕكراو ده‌ده‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام عروبه‌ی پیلانگێڕ به‌گژ جه‌ماوه‌ری كوردا ده‌چن و به‌دارو به‌ردو ده‌مانچه‌‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر‌یان. هه‌ر له‌وێدا چه‌ند كه‌س ده‌كوژرێن و ژماره‌یه‌كی زۆر بریندار ده‌بن. كاتێك جه‌ماوه‌ری كوردستانی ده‌زانن ئه‌وه پۆلیس و له‌شكری سوری به‌ هه‌ڤڕا له‌ كوردان ده‌ده‌ن، بریسكه‌ی ناو ژیله‌مۆ ده‌بێته‌ گڕو، كڵپه ‌ده‌ستێنێ. به‌ڵێ جه‌ماوه‌ری وشیاری گه‌ل به‌ یه‌كگرتوویی به‌گژ عروبه‌و جه‌لاده‌كانی به‌عسی ئه‌سه‌دی دا ده‌چن. دروشمه‌كانی ئه‌وێنده‌رێش دروشمی نه‌ته‌وه‌یی بوون‌ و ئاڵای كوردان له‌ باشوری ڕۆژئاڤاش ده‌بێته‌ ڕه‌مزی ڕاپه‌ڕین و به‌رز به‌رز ڕایده‌گرن. جه‌ماوه‌ری گه‌ل به‌ پیرو جوان، ژن و منداڵ پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ هێزێكی له‌بن نه‌هاتوو به‌گژ داموو ده‌زگا و هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عس و عروبه‌دا ده‌چنه‌وه‌. هه‌ر شوێنێك داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری عروبه‌ی لێبوو‌ گه‌لی ڕاپه‌ریویش له‌وێبوو هێرشیان بۆده‌کردو ده‌سوتێنران و وێرانده‌کرا. به‌ڵێ لێره‌ش گه‌ل له‌پێشه‌وه‌ی حزبه‌ زۆره‌كانی باشوری ڕۆژئاواوه‌ بوون و ئه‌وانیان له‌ خه‌وی بێ ئاگایی هه‌ستاند. بۆ یه‌كه‌م جار له‌شاری قامیشلی ڕقی په‌نگخواردووی گه‌ل په‌یكه‌ری ڕه‌زاقورسی ئه‌سه‌دی له‌زه‌ویدا و وێنه‌و هێماكانی به‌عسیان هه‌پرۆن به‌ هه‌پرۆن كرد. ڕاپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدان له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا پارێزگای حه‌سه‌كه‌ و حه‌له‌ب و ناوچه‌كانی عه‌فرین و كۆبان و گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانی شامیشی گرته‌وه‌‌و به‌ ده‌یان كه‌س گیانیان به‌خت كردوو به‌سه‌دان كه‌س بریندار بوو، زیاتر له‌ هه‌زار که‌سیش ‌ گیران.
بێگومان ئه‌و ڕاپه‌رین و سه‌ر هه‌ڵدانه‌ی باشوری ڕۆژئاڤای وڵات وه‌رچه‌رخان و ڕاتڵه‌کانێکی گه‌وره‌بوو له‌ مێژوویی خه‌بات و به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌و پارچه‌ی کوردستان. گه‌لی خه‌باتکاری باشوری ڕۆژئاوای وڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ڕێبه‌ڕایه‌تیه‌کی تۆکمه‌و یه‌کگرتوو نه‌بوون، به‌ڵام له‌ ڕاپه‌ڕیندا به‌یه‌کگرتوویی به‌گژ به‌عسیه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کاندا چونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌م کاره‌یان پارت و هێزه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌و پارچه‌یان له‌خه‌و هه‌ستاند.

ڕوداوه‌کانی باشوری ڕۆژئاوای کوردستان و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندکردنی فیدراڵی له‌ یاسای کاتی بۆ کۆناخی گواستنه‌وه‌ی ئێراق و پشتگیری گه‌لی باکوری کوردستان و پێکهێنانی ده‌یان خۆپیشاندان له‌ وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌ ڕه‌شه‌ممه‌و خاکه‌لێوه‌ى ساڵی پاردا به‌گشتی ئاماژه‌ی‌ وشیاری و سوربوونی گه‌له‌که‌مان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی خۆزگه‌کانی له‌لایه‌ک و له‌و لایتریشه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ و به‌ستراوه‌یی گشت پارچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانی هه‌زار پات کرده‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر پارت و ڕێکخراوو هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی وشیارکرده‌وه‌ که‌ په‌له‌ له‌ به‌خۆدا چونه‌وه بکه‌ن و دروشم و ئامانجه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی ئه‌مرۆیی کوردستانیه‌کان نزیک بکه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ هێزه‌کانی ئه‌و به‌شانه‌(باکور، ڕۆژهه‌ڵات، باشوری ڕۆژئاڤا) هێشتا له‌ ژێر سێبه‌ری خۆ به‌زلزانین و خۆ به‌ڕاست زانیندا کاس بوون و ئاماده‌نین هه‌ڤدوو په‌سند بکه‌ن و هه‌روا ئه‌سپی به‌رژه‌وه‌ندخوازی و تاکه‌سواری لینگده‌ده‌ن، به‌ڵام، گرنگه‌ ئه‌وه‌ی بزانن که‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌خاوه‌ن ده‌ر نه‌که‌ون و چاری نه‌خۆشی خۆ په‌سه‌ندی خۆیان نه‌که‌ن ئه‌وا هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێکرا گه‌ل له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و ئه‌وان ده‌بنه‌ هه‌ژگه‌ڵ و به‌دوای جه‌ماوه‌ردا ده‌خشێن!.

ئه‌م دو هه‌یڤه‌ له‌ مێژووی پڕ له‌ کاره‌سات و هه‌ورازوو نشێوی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ته‌نێ ئه‌و ڕوداوه‌ ئاماژه‌ پێکراوانه‌ی تێدا ڕووی نه‌داوه‌و ده‌یان ڕوداوی وه‌ک: نه‌وروۆزی خوێناوی سنه‌، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، سێی ڕه‌شه‌ممه‌ی سنه‌، له‌داردانی پێشه‌وای کوردستان، ڕاپه‌ڕینه‌کانی باشوری کوردستان، کۆڕه‌وو ئه‌نفال و به‌یانی یازده‌ ئادارو ده‌یان ڕوداوی دیکه‌ تێیاندا ڕویانداوه‌ و بوونه‌ به‌شێک له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان‌. پێیده‌چێ مانگی ڕه‌شه‌مه‌ و خاکه‌لێوه‌ بۆ کورد به‌ ئه‌نقه‌ست کرابێته‌ مانگی ڕوداوه‌ تاڵ و ناخۆشه‌کان و داگیرکه‌ران هه‌وڵیان داوه‌ له‌و دومانگه‌دا که‌ لای کوردان مانگی تێکشکانی دێوه‌زمه‌ی زستان و نوێبوونه‌وه‌ی ساڵ و به‌هاری کورده‌واریه‌ هه‌موو تاوانه‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای داگیرکردنی خاکو وڵاته‌که‌مان ڕێگه‌ نه‌ده‌ن خۆشی له‌ خۆمان ببینین و ئاوه‌دانی و ژیانی ئاسایی ڕوو له‌و هه‌رێمه‌ بکات. زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ش وای له‌ نه‌ته‌وه‌ی دلێری کورد کردوه‌ که‌ به‌گژیاندا بچێته‌وه‌و له‌ جیاتی تێکشکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان سه‌رکه‌وتنی تۆمار کردوه‌و سه‌ره‌نجام به‌هاری هه‌روا به‌به‌هاری خۆڕاگری و نوێبوونه‌وه‌و ژیانه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌. ئه‌مساڵیش هه‌روه‌ک ساڵانی به‌رێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یادی ڕۆژه‌ تاڵ و ناخۆشه‌کانی ئه‌م مانگه‌ ده‌کرێته‌وه‌ ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رکه‌وتنه‌کان پیرۆز ده‌کرێن و به‌مه‌ش مێژووی پڕ له‌ تراژیدی و ناخۆشیه‌کان تێکه‌ڵ به‌ ڕۆژانی سه‌رکه‌وتن ده‌بنه‌وه‌و به‌ هه‌موویان له‌ باڵای به‌رزی هیواکانمان ده‌ئاڵێن و به‌ره‌و پیلی به‌هارو سه‌رکه‌وتنی نوێ ملده‌نێن.

له‌ کۆتاییدا له‌ گه‌ڵ پیرۆزکردنی یه‌که‌مین ساڵڕۆژی سه‌ر هه‌ڵادنی باشوری ڕۆژئاوای کوردستان که‌ له‌ قامیشلۆی ده‌لاله‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا سڵاویش بۆ قوربانیه‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ به‌عس تۆقێنه ده‌نێرم و هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازم که‌ گشت ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌ یه‌کگرتووییه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ ئه‌م مانگه‌ پڕ له‌ ڕوداوانه‌ که‌ تا نوکه‌ زۆرتر تراژیدی و قوربانیدان بوون بکه‌ینه‌ مانگ و هه‌یڤ و ڕۆژانی سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ست هێنانی سه‌رکه‌وتنی نوێ.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home