كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, February 22, 2005

پ: پیاو ، پرسیار،ژ: ژن، به‌ڵام وڵام،نووسینی دوكتۆر روئیا تلوعی به‌شی دووه‌م:

پ: پیاو ، پرسیارژ: ژن، به‌ڵام وڵام
نووسینی دوكتۆر روئیا تلوعی
به‌شی دووه‌م:

درێژه‌ی پرسیاره‌كانی وتاری «فێمینیزم و فێمینیستانی كورد» نووسینی كاك «ئاسۆ بایزیدی»

پ: ژنه‌ رۆشنبیری كورد چ تاریفێكی بۆ فێمینیزم هه‌یه‌؟ ئایا ژن به‌‌ ره‌سه‌ن داده‌نێ و دژی پیاو ده‌وه‌ستێ؟

و: به‌ رای من وه‌ك زۆر له‌‌ فێمینسته‌كانی جیهان كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م تاریفه‌ رێككه‌وتوون، فێمینیزم ئه‌و زانسته‌ و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ ژن به‌ هۆی ژنێتی و جنسییه‌وه‌ سته‌می لێده‌كرێ و تووشی هه‌ڵاواردن ده‌بێ و هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ هه‌وڵ‌ بده‌ین ئه‌و سته‌م و هه‌ڵاواردنه‌ دژ به‌‌ ژنان وه‌سڕین و مرۆڤه‌كان چ ژن چ پیاو له‌‌ مافی مرۆڤایه‌تی به‌هره‌یان بێت.یه‌كێك له‌‌ لقه‌كانی فێمینیزم هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌ڕه‌سه‌نایه‌تی ژنه‌. من وه‌ك فێمینیستێكی كورد باوه‌ڕم به‌ ره‌سانه‌یه‌تی مرۆڤه‌. فێمینیزمی كوردی دژ به‌‌ پیاو ناوه‌ستێ به‌ڵكوو دژ به‌ سیسته‌می پیاومه‌زنی ده‌وه‌ستێ‌ كه‌‌ ژنی كۆیله‌ و پیاوی توندوتیژ راده‌هێنێ. پیاوی توندوتیژیش خۆی به‌‌ چه‌شنێك دیل و ئه‌سیـری سیسته‌می پیاومه‌زنیه‌.

پ: ئایا ژنانی فێمینیزمی ئێمه‌ ئاگاداری هه‌موو لق و پۆكانی فێمینیزم هه‌ن؟ ئه‌گه‌ر فێمینیسته‌ كورده‌كان له‌ سه‌ر ئه‌م قۆناغه‌
فكرییه‌كه‌م ئاگا بن، ناحه‌ز نیه‌ به‌ بێ ناسیـن و توێژینه‌وه‌ی چه‌مكێ هه‌ڵگری ئه‌و چه‌مكه‌ بن؟

و: ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و توتالیتـر و دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌ به‌رده‌وام ریكلامیان دژ به‌ فێمینیزم كردووه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ناساندوویانه‌ كه‌ فێمینیزم واته‌ به‌ڕه‌ڵایی سێكسی و تێكده‌ری بنیاتی خێزان و هاوجنسگه‌رایی. به‌م شێوه‌ ژن و پیاوان له‌م چه‌مكه‌ ترساندووه‌. بۆ نـموونه‌ «ئه‌سه‌دوڵڵا بادامچیان» جێگری به‌رپرسی حیزبی مۆئته‌لیفه‌ له‌‌ ئێران كه‌‌ لایه‌نی راستی دژ به‌ ریفۆرمـخوازانن و ساڵهایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌م وڵاته‌، له‌ دانیشتنی ژنانی ئه‌م حیزبه‌ له‌‌ شاری كرمان وتوویه‌تی:«ئیستیكباری جیهانی! ده‌یه‌وێ له‌‌ رێگای فێمینیزمه‌وه‌ شوناسی ژنان وه‌سڕێ و بیانكاته‌ دوژمنی پیاوان و به‌م شێوه‌ دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ ده‌كات. ژنی موسڵمان دوو ئه‌ركی گه‌وره‌ی هه‌یه‌: یه‌كه‌م تێگه‌یشتـن له‌ مه‌ترسی لایه‌نگری ژن له‌ رۆژئاوا كه‌ بۆته‌ كه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ كۆلۆنیالیزم و دووه‌م، تێگه‌یشتـن له‌ پێگه‌ی ژن له‌ ئیسلامی نه‌به‌وی و عه‌له‌وی و ریكلامی ئه‌م رێبازانه‌ بۆ رزگاری ژنان. رۆژئاواییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن كۆمه‌ڵگای جیهان سێیه‌می له‌ ده‌روونه‌وه‌ تووشی شه‌ڕ بكه‌ن تا خاوه‌ن شوناسی خۆیان نه‌بن و به‌و شوناسه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئیستیكباردا رانه‌وه‌ستـن. بادامچیان وتی: ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام له‌ ئێراندا پێگه‌ی راسته‌قینه‌ی به‌ ژنان داوه‌ و بۆته‌ هۆكاری خۆشویستـن و ره‌زامه‌ندی به‌‌ ئیسلام! ژنی موسڵمانی ئیمڕۆ ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی به‌ربه‌ره‌كانێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامانـجانه‌ی فێمینیزمدا بكات.هه‌رچی سه‌یری ئه‌و قسه‌ ده‌كه‌م راده‌مێنم له‌‌ یه‌ك‌شێوه‌بوونی ئه‌و چه‌شنه‌ بیـركردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شێوازی بیـركردنه‌وه‌ی بڕێك له‌‌ رووناكبیـرنـمایانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌‌ خۆشیان به‌‌داخه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. (ئاماژه‌ به‌‌ كۆنگره‌ی ژنی كورد)كۆمۆنیسته‌كانیش، فێمینیزم به‌ كۆسپی سه‌ر رێگای خه‌باتی پرۆلتاریا ده‌زانن و بڕێك له‌‌ خه‌ڵكانی دواكه‌وتووی ناووڵاتیش جگه‌ له‌وه‌ی خراپ له‌‌ فێمینیزم تێ گه‌یشتوون و تۆمه‌تی به‌ڕه‌ڵایی و دژه‌پیاوی له‌‌ هه‌موو فێمینیستێك ده‌ده‌ن، ده‌ڵێن تا كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه‌ نابێ باسی كێشه‌ی ژن بكرێ!!به‌ گشتی ده‌توانـم بڵێم ئه‌مانه‌ بۆته‌ هۆكاری ترس له‌ چه‌مكی فێمینیزم و به‌ داخه‌وه‌ زۆر له‌ ژنان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاوایان نه‌زڕێ، ناوێرن شوێن فێمینیزم بكه‌ون. بێگومان له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌دا ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ بێ ترس خۆی به‌‌ فێمینیست بزانێ ده‌بێ‌ له‌ سه‌ری موتاڵا و خوێندنه‌وه‌ی بووبێ و به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ر شاڵاوی تۆمه‌تی لقه‌ ناحه‌زه‌كانی فێمینیزم نه‌كه‌وێ‌ ده‌بێ شاره‌زای هه‌موویان بێ. به‌ كورتی ده‌توانـم بڵێم هه‌ڵگری فێمینیزم بوون له‌‌ وڵاتی ئێمه‌ ئاسان نیه‌.

پ: ئایا به‌ راست فێمینیزم تا ئه‌و راده‌یه‌ جوان و خاوێنه‌ كه‌ رووناكبیـرانی كورد باسی ده‌كه‌ن؟

و: فێمینیزم و هه‌ر ئایدیۆلۆجیایه‌كی‌تر له‌ فكر و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤه‌وه‌ به‌دیهاتوه‌ و دیاره‌ كه‌م و كووڕی و خاڵی سه‌ركه‌وتووشی ده‌بێ، هه‌روه‌ك كۆموَنیزم، سۆسیالیزم، لیبـراڵیزم، نیوماركسیزم، نیولیبـراڵیزم، مۆدێڕنیزم، پۆست‌مۆدێڕنیزم و... هتد مرۆڤـ به‌رده‌وام به‌م چه‌مكانه‌دا ده‌چێته‌وه‌ و نوێیان ده‌كاته‌وه‌. له‌ ره‌وتێكی مێژووییدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ مرۆڤـ ده‌خوڵقێ كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێ و بزانێ ئه‌م ئایدیۆلۆجیانه‌ له‌ ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تیدا چ ده‌سكه‌وتگه‌لێكی بووه‌ و چه‌نده‌ سه‌ركه‌تووه‌ و له‌ چیدا لاوازه‌. هه‌ر بۆیه‌ رووناكبیـرانی كوردیش ده‌توانن به‌ كه‌ڵك‌وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی فێمینیزم خاڵه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان و خاڵه‌ لاوازه‌كانی به‌رچاو بگرن و هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵه‌كانی دووپات نه‌كه‌نه‌وه‌.

پ: ئایا فێمینیزم ده‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵ كولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ نێوی كورد یه‌ك بـخات؟

و: سه‌ره‌تا پیش وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێ بڵێم ئه‌وه‌ كورده‌ كه‌ ده‌بێ هه‌وڵ بدات خۆی له‌گه‌ڵ جیهان و پێشكه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌كانی یه‌ك بـخات، ئه‌گینا دواكه‌توو ده‌مێنێ و ورده‌ ورده‌ له‌ ره‌وتی به‌جیهانیبووندا ده‌توێته‌وه‌ و له‌ناو ده‌چێ. ئێمه‌ی كورد ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كانی‌تری جیهان له‌ پێوه‌ندیدا بیـن و ناكرێ خۆمان له‌ جیهان جیا كه‌ینه‌وه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌م پێوه‌ندیه‌دا خۆمان و كولتوورمان گه‌شه‌ بده‌ین و هاوكات له‌گه‌ڵ ناساندنی خۆمان به‌ جیهان رێگری له‌ توانه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌مان بكه‌ین. چ ئیـرادێكی هه‌یه‌ بلیمه‌تی كورد بتوانێ خاوه‌ن بیـروبڕوای كاریگه‌ر له‌ سه‌ر ئایدیۆلۆجیا جیهانییه‌كان بێت؟ جا ئه‌گه‌ر داهێنه‌ریش بوو چ باشتـر. له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ئایا فێمینیزم و كولتووری كورد رێك ده‌كه‌ون یا نا، ده‌بێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ فێمینیزم بزووتنه‌وه‌یه‌كی یه‌كسانیخوازه‌، به‌ڵام خاڵی سه‌ركه‌وتووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ راست ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر بناغه‌یی‌ترین سه‌رچاوه‌ی نابه‌رابه‌ری و ئه‌وه‌ش نابه‌رابه‌ری ژن و پیاوه‌. هه‌روه‌ها فێمینیزم ئه‌و تواناییه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆجیا باوه‌كانی جیهان خۆی بگونـجێنێ و ته‌نانه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌ و ره‌گه‌زه‌كاندا به‌ شوێن جێگای شیاوی خۆیدا بگه‌ڕێ. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌توانێ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا جێگای بێت و رۆشنبیـرانی كوردیش به‌ تایبه‌ت ژنان، فێمینیزمی كوردی پێناسه‌ و تیۆریزه‌ بكه‌ن. «بێل هۆكز» به‌ كتێبی «مه‌گه‌ر من ژن نیم» بابه‌تێكی نوێی له‌ سه‌ر فێمینیزمی ره‌ش ورووژاند و دنیای فێمینیزمی شڵه‌قاند. «كۆماری جایاواردینا» فێمینیستی هیندی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ فێمینیزمی ئه‌ورووپی توانای ناسینی بناغه‌ خۆماڵییه‌كانی فێمینیزمی جیهان سێیه‌می نیه‌ و هه‌روه‌ها ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ بۆ ده‌بێ وا بیـر كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گرنگتـره‌ له‌ خه‌باتی رزگاریـخوازی ژن و ئه‌م دوانه‌ لێك جیا كه‌ینه‌وه‌؟ «ئۆما نارایان» باسی بزاڤی فێمینیستی هیندی ده‌كات و ده‌ڵێ: «ژنانی هیندی كێشه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ و بزاڤی فێمینیستی هیندی ده‌بێ وڵامده‌ری ئه‌و كێشه‌ تایبه‌تانه‌ بێت، وه‌ك كوژرانی ژنان به‌ هۆی كه‌م بوونی جیازی، ده‌ست‌درێژی پۆلیس بۆ ژنانی زیندانی هیندی، هه‌ژاری، پرسی ته‌ندروستی و كێشه‌نه‌ته‌وییه‌كان. چالاكانی سیاسی فێمینیستی هیند، فێمینیزم به‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ روانگه‌ی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م ده‌زانن. «سینتیا ئۆنلۆ» باسی هه‌ڵسووكه‌وتی كۆلۆنیالكه‌ر و به‌ كۆلۆنیكراوه‌كان ده‌كات و پێی وایه‌: ژنانی وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالیزم به‌ شێوه‌ی كه‌ره‌سه‌ی شه‌هوه‌تپه‌رستی و سێكسی بۆ خزمه‌تی پیاوانی كۆلۆنیالیست به‌ كار هاتوون و ته‌نانه‌ت ژنان بۆ یه‌كگرتوویی حكوومه‌ته‌ بیانییه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ژێرچه‌پۆكی كۆلۆنیالیزم به‌ زۆر دراون به‌ شوو. ژنانی تریش به‌ شێوه‌ی ئاشپه‌ز و كرێكاری ژنانی سپی پێستی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالیست سه‌ركوت كراون. به‌هه‌رحال ئیمڕۆكه‌ فێمینیستگه‌لێك هاتوونه‌ته‌ گۆڕپانه‌كه‌وه‌ و باسی جنسییه‌ت و نه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن و ره‌خنه‌ ده‌گرن له‌وه‌ی كه‌ رۆڵی ژن له‌ پرۆژه‌ی وڵات دروست كردن به‌رچاو ناگیـرێ. به‌تایبه‌ت شێوازی یارمه‌تی ژنان به‌م پرۆژه‌ جیاوازه‌ له‌ پیاوان. «نێرا یووال ده‌یویس» و «فلویا ئافتیاس» ده‌ڵێن ژنان له‌ پرۆسه‌ی به‌دیهێنانی ئه‌تنیك و نه‌ته‌وه‌دا به‌ چه‌ند شێوه‌ به‌شدارن: 1- له‌ پێكهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی 2- به‌دیهێنانی به‌رده‌وامی سنووره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكییه‌كان 3- رۆڵی سه‌ره‌كی و ئه‌كتیڤیان هه‌یه‌ له‌ راگرتنی بایه‌خه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له‌م جیله‌وه‌ بۆ ئه‌وجیل گواستنه‌وه‌یان 4- ژنان نوێنه‌ر و ئیندێكسی جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانن 5- ژنان به‌شدارانی چالاكی شۆڕش و خه‌باته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانن كه‌واته‌ ژنانی كوردیش راگری جیلی كورد، نه‌ته‌وه‌ی كورد، بایه‌خه‌ كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كورد، نوێنه‌ر و نیشانده‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ نێوی كورد و هه‌روه‌ها نیوه‌ی هێزی شۆڕشگێڕی كورد بۆ خه‌باتی رزگاریـخوازی گه‌له‌كه‌یانن. ژنانی كورد ناتوانن جیاواز له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان بن. تایبه‌تـمه‌ندییه‌ كولتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشیان هاوكات له‌گه‌ڵ بایه‌خی تایبه‌ت، كێشه‌ی تایبه‌تیشیان بۆ سازده‌كات كه‌ ده‌بێ ره‌چاو بكرێَ. هه‌ر بۆیه‌ ژنی كورد له‌ ژن بوونیا له‌گه‌ڵ ته‌واوی ژنانی دنیا هاوبه‌شه‌ و له‌ كوردبوونیا له‌گه‌ڵ ته‌واوی كورده‌كانی دنیا به‌شداره‌ و ده‌توانێ خاوه‌ن فێمینیزمی خۆی بێت. بۆ ئێمه‌ی ژنی كورد به‌ قه‌ت ژنی هیندی و ژنانی ره‌ش‌پێست و ژنانی جیهان سێیه‌مـمان پێ ناكرێ؟ چیمان له‌ ژنانی‌تری جیهان كه‌متـره‌؟ به‌رای من هیچ.

پ: وشه‌ی فێمینیزم كه‌ی هاته‌ گۆڕێ؟

و: دیاره‌ فێمینیزم له‌ ریشه‌ی femen واته‌ ژنه‌وه‌ دێ؛ به‌ڵام له‌ ساڵی 1871دا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ده‌قێكی پزیشكی بۆ باسكردن له‌ نه‌خۆشیه‌كی جنسی پیاوان كه‌ تایبه‌تـمه‌ندی ژنانه‌ له‌ جه‌سته‌یاندا به‌دی ده‌كرا به‌ كار هێنراوه‌. له‌م دواییانه‌شدا كه‌ وشه‌ی فێمینیزم به‌ گشتی بۆ بزووتنه‌وه‌ مافخوازه‌كانی ژنان به‌ كار ده‌برێ، هێشتا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی ژنان و... هتد بگرێته‌وه‌ یان نا، جێگای پرسیار و باس و خواسه‌.

پ: رووناكبیـری كورد مه‌به‌ستی له‌ كام لایه‌نی فێمنیزمه‌؟

و: بێگومان من ناتوانـم له‌ لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م و ته‌نیا رای خۆم ده‌رده‌بڕم. من له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی دووه‌می فێمینیزم واته‌ شه‌پۆلی سێیه‌م ده‌گونـجێم و پێم وایه‌ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌ سه‌ر كێشه‌ جنسییه‌تییه‌كانی ژنانی كورد راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ره‌. له‌ لیبـراڵ و سۆسیال و ماركسیست و رادیكاڵ فێمینیزمیش ئه‌و گوڵانه‌ی هه‌ڵده‌بژێرم كه‌ به‌ منی كورد زیاتر بـخوات و ئه‌وانه‌ی به‌ دڕكی ده‌زانـم نامه‌وێن؛ به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك فێمینیستێكی كورد دژ به‌ سیسته‌می پیاو مه‌زنیم، نه‌ك دژ به‌ پیاو. له‌ ئاڵمان رادیكاڵ فێمینیستێك وتی: ده‌بێ جیهان له‌ پیاو وه‌سڕین. وتـم: ئه‌ی من عاشقی كێ بـم؟ بۆوه‌ی من نۆرماڵم. كوڕه‌كه‌م، مێرده‌كه‌م، باوك و براكانـم خۆش ده‌وێن. ژیان به‌ وانیشه‌وه‌ خۆشه‌. فێمینیستێكی كورد دژی كۆیله‌تی جنسێك و ره‌گه‌زێك و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌تره‌.
پ: پێت وا نیه‌ هه‌موو پارت و رێكخراوه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ گرنگی تایبه‌تیان داوه‌ به‌ ژن و كاروباری ژنان؟
و: تا گرنگی دان به‌ كار و باری ژنان له‌ چ ره‌هه‌ندێكه‌وه‌ سه‌یر كه‌ین؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م گرنگیدانه‌ راسته‌قینه‌ بوایه‌ ئیستا له‌ ئاستی سكرتاریه‌ت و نیوه‌ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و سیاسی و هتد ده‌بوا ژنانیشمان بدیبایه‌. قسه‌ تا كرده‌وه‌ زۆر جیاوازه‌. كێشه‌ی ژن به‌ لقێكی بێده‌سه‌ڵات به‌ ناوی ژنانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێ. هێشتنه‌وه‌ی ژنان له‌ ئاشپه‌زخانه‌كان و ناردنی پیاوان بۆ ئه‌ورووپا بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌بوون و نه‌هاتنه‌وه‌، كێشه‌ی ژن چاره‌سه‌ر ناكات. مه‌به‌ستم هه‌موو حیـزبه‌كانه‌. من لای نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ سه‌ر كورددا به‌رده‌وام خاڵه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانـمان ده‌بژێرم، بۆوه‌ی پێم وایه‌ ئه‌وان ناسیۆنالیزمێكی تۆخیان هه‌یه‌ و له‌و روانگه‌وه‌ پێیان خۆشه‌ به‌رده‌وام لاوازی و كه‌م و كووڕیه‌كانی ئێمه‌ ببینن و به‌ چاوماندا بكوتنه‌وه‌ و به‌ سووك سه‌یرمان كه‌ن و پێمان بڵێن ئێمه‌ دواكه‌وتووتر له‌وه‌ین كه‌ بتوانیـن خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت بیـن. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ بزانن تواناییه‌كانی ئێمه‌ چیه‌ و له‌ چ ره‌هه‌ندگه‌لێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووین. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ناو خۆماندا باشتـره‌ بزانیـن دڵخۆش كردن به‌ كارگه‌لێكی رووكه‌ش قه‌ت قه‌ت ناتوانێ كاریگه‌ر بێت. له‌ ناوخۆ ده‌بێ چاو له‌ راستیه‌كان نه‌قونـجێنیـن و ره‌خنه‌ بگرین و هه‌وڵ بده‌ین قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌كانـمان بكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ شتی سه‌ركه‌وتوومان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌ شـمان هه‌یه‌. حیـزبه‌ كوردیه‌كان له‌ ناخی كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌ستاون و دوژمنانـمان حه‌ز بكه‌ن و حه‌ز نه‌كه‌ن ئه‌م حیزبانه‌ به‌ هه‌رحاڵ پێگه‌ی خه‌ڵكییان هه‌یه‌ و له‌ دۆخی گونـجاودا خه‌ڵك ئه‌و لایه‌نگرییه‌ نیشان ده‌ده‌ن. كه‌واته‌ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی به‌شداری و چالاكی بۆ ژنان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی پۆزه‌تیڤـ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژنانیش بووبێ، ده‌توانێ له‌ گۆڕانكاری بارودۆخی ژناندا كاریگه‌ر بێت و هه‌روه‌ها له‌ كۆمه‌ڵگاشدا ده‌نگ بداته‌وه‌. هه‌روا كه‌ ئاڵوگوڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ بارودۆخی ژناندا ده‌توانن له‌ ئاستی حیـزبه‌كانیشدا ره‌نگ بده‌نه‌وه‌.

پ: قازی نه‌مر ئه‌و كاته‌ی مینا خانـمی هان ده‌دا بێته‌ مه‌یدانی چالاكی، بیـری له‌وه‌ی ده‌كرده‌وه‌ رۆژێ كه‌سێ كوششه‌كانی وان ده‌باته‌ نێو خه‌رمانی فێمینیزم؟
و: هه‌ر رووداوێكی مێژوویی ده‌بێ به‌ پێی هه‌لومه‌رجی كاتی خۆی هه‌ڵسه‌نگێنیـن. نووسینه‌وه‌ی مێژوو و هه‌ڵسه‌نگاندنی رووداوه‌كان به‌ پێوه‌ری هه‌لومه‌رجی زه‌مه‌نی هاوچه‌رخ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. مێژوو به‌ ده‌ست پیاوان نووسراوه‌؛ ژنی تێدا نابیندرێ یان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌ چاوێكی پیاوانه‌ وه‌سف ده‌كرێ و له‌ روانگه‌ی په‌سندی ئه‌وانه‌وه‌یه‌.دیاره‌ له‌ كاتی كۆمار كوردستاندا فێمینیزم بووه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌دا چه‌نده‌ له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م په‌ره‌ی سه‌ندبوو؟ ئایا به‌ راستی قازی نه‌مر ته‌نانه‌ت وشه‌ی فێمینیستی بیستبوو؟ هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و كاته‌ كاریگه‌رێتی زۆری له‌ شۆڕشی سووری سۆڤیه‌ت گرتبوو. كۆمۆنیزم زاڵ بوو. كۆمۆمیسته‌كان تا ئیمڕۆش دژ به‌ فێمینیزم وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆوه‌ی پێیان وایه‌ فێمینیزم كه‌لێنێك ده‌خاته‌ نێو چینی پرۆلتاریا و ژنانی كرێكار له‌ پیاوانی كرێكار جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وان ده‌ڵێن رزگاری ژن له‌ سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی چینی پرۆلتاریادایه‌ و چینایه‌تی نه‌مێنی، ژن رزگار ده‌بێ. هه‌ر چه‌ند لقی ماركسیست فێمینیستی فێمینیزمیش هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئایدیای ماركسیستی بۆ راڤه‌ی ئه‌و سته‌مانه‌ی كه‌ له‌ ژن ده‌كرێ، كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ. به‌هه‌رحاڵ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو ئایدیۆلۆجیا و بزاڤی فێمینیستی له‌ كاتی قازی نه‌مردا شتێكی ئاشنا نه‌بوو بۆ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌نگاوی «قازی مـحه‌مه‌د» و «مینا خانـم» بووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ژنان كه‌ به‌ پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌و كاته‌ به‌ راستی كارێكی گرنگ بووه‌. به‌ داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی كۆماری كوردستان زۆر كه‌م بوو. ئه‌گه‌ر بـمابایه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ ده‌ستی پێكرد له‌ سه‌ر كاروباری ژنان بچوایه‌، ئیستا له‌وانه‌یه‌ كوردستان و دۆخی ژنی كورد له‌ ریزی وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهاندا بوونایه‌.

ماویه‌تی

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home