كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Tuesday, February 08, 2005

ڕۆژگارێکی سه‌یره‌!! تۆ بڵێی مێژوو جارێکی دیکه‌ دوپات بێته‌وه؟‌

ڕۆژگارێکی سه‌یره‌!! تۆ بڵێی مێژوو جارێکی دیکه‌ دوپات بێته‌وه؟‌

له‌ سایتی کوردستان نێت بابه‌تێک به‌ پێنوسی "حه‌مه‌گاوان"له‌ ژێر ناوی" کێ له‌سه‌ر کورسی شه‌هید دوکتور قاسملوو دانیشتوه‌" بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. نوسه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا ئاوڕی له‌ ڕابردووی به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێک زانیاری نوسیوه‌ که‌لانی که‌م بۆ من به‌شێکیان نوێن و پێشتر نه‌م بیستوون. نامه‌وێ له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی ئه‌و په‌یڤ و زانیاریانه‌ که‌ له‌سه‌ر ڕابردووی مسته‌فا هیجری نوسیونی بدوێم. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ به‌رجه‌سته‌ی بکه‌مه‌وه‌ گه‌له‌پرسیاره‌ێکه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و زانیاری له‌وشێوه‌یه‌یه‌. به‌واتایه‌کی دیکه‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه‌که‌ی‌ حه‌مه‌ گاوان چه‌ند پرسیارێکم لا دروستبووه‌و به‌باشی ده‌زانم لێره‌دا بیانخه‌مه‌ ڕوو.

به‌وه‌یدا که‌ نوسه‌ر بۆخۆی باسی کردوه‌ وادیاره‌ له‌ نزیکه‌وه‌ کاک مسته‌فا هیجری ده‌ناسێ و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می لاوێتیدا پێکه‌وه‌ له‌ زانکۆ خوێندویانه‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی شارێکیشن و له‌وه‌ش زیاتر پێیده‌چی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆخۆشی یه‌کێک له‌ تێکۆشه‌رانی حزب بوبێت و یان ئێستاش حزبی بێت. جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م زانیاریانه‌ بۆ تا نوکه‌ به‌ فه‌رامۆشی و له‌بیرچونه‌وه‌ سپێردراون و هۆی چیه‌ که‌ ئێستا و پاش ئه‌وه‌ی مسته‌فا هیجری چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری حزبی دیموکراته و پله‌کانی ئه‌ندامه‌تی بیرۆی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی و به‌م جاره‌وه‌ دوجاریشه‌‌ ده‌بێته‌ سکرتێری ئه‌و حزبه‌ی، بڕێوه‌‌، که‌چی تازه‌ به‌تازه‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک له‌ پشتی تا ئێستا شاردنه‌وه‌و په‌رده‌پۆشکردنه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌بووه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ چیبوون؟ گه‌لۆ نوسه‌ر چما وا به‌خورتی و له‌م کاته‌دا که‌وتۆته‌ خۆ بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌کان؟! ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ لانی که‌م وه‌ک خۆی نوسیویه‌تی زیاتر له‌ سی ساڵه‌ ده‌یانزانێ!. تۆ بڵێی ئه‌مه‌ ئاماژه‌ی دانه‌مرکانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ناوه‌وه‌ی حزبی دیموکرات پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ی ئه‌و حزبه‌ بێت؟ یان ئاکامه‌کان و ئاکاره‌کانی ڕێبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ گوڕی به‌ توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان دابێت؟

نوسه‌ر وادیاره‌ زیاتر بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی که‌ به‌رێز هیجری شیاوی ئه‌وجێه‌ی که‌ پێشتر دوکتور قاسملوو لێی دانیشتوه (سکرتێری حزب) نیه‌و هه‌روه‌ها بۆ سه‌لماندنی لاوازی که‌سیه‌تی هیجری په‌نای بردۆته‌ "ئاشکرا کردنی ڕاستیه‌کان"ی ژیانی ڕابردوی هیجری. به‌ڵام نوسه‌ر هیچ وه‌سه‌ر خۆی نه‌هێناوه‌ که‌ هیجری له‌پڕێکا نه‌بۆته‌ کوڕێک و ناوبراو له‌ سه‌رده‌می دوکتورقاسملوو و دوکتور شه‌رفکه‌ندی و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویشی هێناون کادری پله‌ یه‌کی ڕێبه‌ری حزب بوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ورانی دوکتور قاسملووشدا به‌رپرسی کۆمیسیونێکی هه‌ستیارو گرنگی وه‌ک کۆمیسیۆنی ڕێکخستن بوه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وکات ئه‌و زانیاریانه‌ نه‌خراونه‌ ڕوو؟ ئایا که‌سی دوکتور قاسملوو ئاگای له‌ ڕابردووی هیجری نه‌بووه‌؟ یانژی ڕیزه‌کانی حزبی دیموکرات ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێز هیجری نوسیونی بێ ئاگان و نایزانن؟ ئه‌ی دوکتور قاسملوو که‌سێکی وا نه‌شیاوی چۆن به‌ هاوکاری نزیکی خۆی په‌سه‌ند کردوه‌؟ بێگومان کاکه‌ حه‌مه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانێ که‌ کاک مسته‌فا یه‌کێک له‌و 25 که‌سه‌ بوو که‌ دوکتور قاسملوو له‌ لیسته‌ سنورداره‌که‌یدا له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت بۆ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی جێگای په‌سه‌ندی خۆی پاڵاوتبووی و ناوی له‌ ڕیزه‌که‌دا ژماره‌ چوار بووه.‌(نیوسه‌ده‌ خه‌بات، عبدولا حه‌سه‌ن زاده‌، به‌رگی دوو، لاپه‌ڕه‌ 166)

هه‌روه‌ک گوتم بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا بۆمن جێگای پرسیارن و هه‌ر که‌س ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ بپرسێ کاک حه‌مه‌ گاوان بۆ ئه‌مڕۆ ؟ بۆچی بیست ساڵ، ده‌ساڵ پێشتر یان پێنجساڵ پێشتر و یا خود پێش کۆنگره‌ی 13 که‌ گریمانی به‌هێزی ئه‌وه‌ به‌ڕوونی ده‌کرا که‌ کاک مسته‌فا ده‌بێته‌ سکرتێری حزب، ئه‌و زانیاریانه‌ت بڵاونه‌ده‌کرده‌وه‌؟ له‌و پێوه‌ندییه‌دا نوسه‌ر پێویسته‌ ڕونی بکاته‌وه‌ که‌ مه‌به‌ست و ئامانج له‌و وروژاندنی ئه‌م باسه‌و سه‌ره‌نجام زیاتر پێکهه‌ڵپڕژاندنه‌ی ڕیزه‌کانی حزبی دیموکرات چیه‌؟ له‌ کاتێکدا نوسه‌ر ئه‌وه‌ی باش ده‌زانێ که‌ ئه‌مڕۆژانه‌و پاش کۆنگره‌ی 13 ئاڵۆزیی و بشێویی به‌ خویایی هه‌ست پێده‌کرێ و ئاکامه‌کانی کۆنگره‌ گه‌لێک ته‌نگگژه‌یان بۆ ڕێبه‌رایه‌تی نوێ دروستکردوه‌ و ئه‌مه‌ش شتێک نیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو، نه‌هێنی بێت، به‌ڵکوو ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر سایته‌کان نوقرچک له‌یه‌کتر گرتن و پرته‌و بۆڵه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگی نه‌یاران ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ. پرسیارێکی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ بڵێی ئاکامه‌کانی کۆنگره‌و گۆڕانکاریه‌کانی دوای کۆنگره‌ی 13، چسکه‌ی له‌ جێگه‌و پێگه‌و یانیش هزرو هیوای حه‌مه‌ گاوان هه‌ستاندبێت بۆیه‌ ئاوا لێبڕاوانه‌ که‌وتۆته‌ په‌رده‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ له‌ ڕاستیه‌کان؟! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ دڵسۆزی بۆ ڕێبازو داهاتووی حزبی دیموکرات ده‌زانی و فرمێسکی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژی و جێگای دوکتور قاسملو به‌ بێناز ده‌زانی! ئه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌رکی خۆیدا ته‌نه‌خی کردوه‌و ده‌بوو ئه‌و دڵسۆزیه‌ زووتر بکردایه‌.

له‌و کاته‌وه‌ کۆنگره‌ی سێزده‌ی حزبی دیموکرات کۆتایی پێهاتووه‌ و پێش کۆنگره‌و له‌ قۆناخی خۆ ئاماده‌کردن بۆ کۆنگره‌، گه‌لێک ده‌نگۆو باسی جۆراوجۆر له‌ مه‌ڕ ڕیزبه‌ندییه‌کان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفرانسه‌کان و سه‌ره‌نجام کۆنگره‌و ئاکامه‌کانی بڵاوکرانه‌وه‌و ئێستاش که‌ چه‌ند مانگێک له‌و ڕوداوه‌ تێده‌په‌ڕێ هه‌روا به‌رده‌وامه‌. به‌ ئاشکرا باسی ئه‌وه‌ له‌ گۆڕێدایه‌ که‌ باڵی کاک مسته‌فا پێش کۆنگره‌و له‌ کۆنفرانسه‌کاندا به‌ نه‌هێنی و بێده‌نگیه‌وه‌ کاریان کردوه‌و وه‌ک ده‌گوترێ به‌شێوه‌یه‌کی نادیموکراتیانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات نوێنه‌رانی جێگای په‌سه‌ندی خۆیان گه‌یاندۆته‌ کۆنگره‌. کۆنفرانسی سوید نمونه‌یه‌کی دیاره‌. له‌ کۆنگره‌شدا ئه‌و هه‌وڵدانه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌و دیتمان که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی پێشووی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌نگیان پێنه‌درا یان بۆخۆیان کشاونه‌وه‌ و لایه‌نگرانی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی کاک مسته‌فا گه‌یشتنه‌وه‌ بازنه‌ی سه‌رکردایه‌تی. بۆیه‌ ده‌ڵێم لایه‌نگرانی هه‌ڵسوکه‌وت چونکه‌ کاک مسته‌فا زۆرتر له‌ بواری ئاکاریدا شتی هه‌یه‌ بۆ باسکردن بشێ و بۆچوون یان ڕامان و تیۆرێکی نوێ و جیای له‌وانی دیکه‌ نیه‌. ئه‌و گۆڕانانه‌ش که‌ له‌و کۆنگره‌دا له‌ ستراتیژی حزبدا کراون ئاکامی هزرو بۆچوونی ئه‌و نه‌بوون و وادیاره‌ ئه‌و گوڕانانه‌ش ناڕاسته‌وخۆ که‌وتوونه‌ خزمه‌ت جێبه‌جێکردنی نیازه‌کانی باڵی زاڵ.

کاک مسته‌فا له‌ ناو حزبی دیموکراتدا وه‌ک که‌سێکی "مودیر" و "موکور" له‌ به‌ڕێوه‌بردندا ناسراوه‌. پاش دوله‌ت بوونی حزبی دیموکرات له‌ کۆنگره‌ی هه‌شتدا، کاک مسته‌فای هیجری به‌رپرسی کۆمیسیونی رێکخستنی حزب بوو. له‌و کۆمیسیۆنه‌شه‌وه‌ گه‌لێک بڕیار له‌ دژی ئه‌ندامان و تێکۆشه‌رانی باڵه‌که‌ی دیکه‌(ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ) ده‌رچوو و گه‌لێکیشیان جێبه‌جێکران. له‌وانه‌ بایکوت کردن، چه‌ک کردنی پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌وباڵه‌ له‌ قووڵایی ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هێرشی چه‌کدارانه‌ بۆسه‌ریان و ئێعدامکردنی کادره‌کانی ئه‌وبه‌شه و به‌گشتی ڕێگه‌گرتن له‌ تێکۆشانیان‌. ڕاسته‌ ئه‌و بڕیارانه‌ پشتگیری ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌وکاتی حزبیشی له‌گه‌ڵ بوه‌. به‌ڵام ڕک ئه‌ستوری ئه‌و سه‌باره‌ت به‌"لاده‌ران" له‌گه‌ڵ هاوکاره‌کانی، جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی - موو به‌موو- خێراتر ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ش بوو که‌ دڵی کاک مسته‌فای له‌ به‌رامبه‌ر "لاده‌ران"ی کۆنه‌ هاوڕێیدا نه‌رم نه‌کردوو له‌ کاتی به‌ناو یه‌کگرتنه‌وه‌دا دژایه‌تی ئاشکرای پڕۆسه‌که‌ی ده‌کرد. ئێستا و پاش نزیک به‌ ده‌ساڵ یه‌کگرتنه‌وه هێشتا لاده‌ر هه‌ر لاده‌ره‌و کۆنگره‌ی 13ش له‌گه‌ڵ خۆیدا لاده‌ری نوێشی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆژانه‌ی ناو ئه‌و حزبه‌دا "کۆنه‌لاده‌ر"و "تازه‌لاده‌ر" دوو ناون که‌ ده‌خرێنه‌ پاڵ ئه‌وانه‌ی له‌ کۆنگره‌ی هه‌شت جیابوونه‌وه‌و‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئاکامه‌کانی کۆنگره‌ی 13 ناڕازین. ئه‌مڕۆژانه‌ باسی ئه‌وه‌ له‌گۆڕێدایه‌ که‌ دژبه‌رانی یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌هه‌وڵی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ کۆنه‌لاده‌رانن!. له‌وه‌ش زیاتر ڕه‌ک و ته‌ک بوون و هه‌ڵسوکه‌وتی تووندوتیژ و بێبه‌زییانه‌ به‌ناوی جێبه‌جێکردنی بڕیاراتی حزب له‌گه‌ڵ ئه‌ندام و کادرو پێشمه‌رگه‌کان له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ناسراوه‌کانی دیاری کاک مسته‌فا بوون که‌ له‌ حزبدا زۆرتر به‌ ڕوه‌ ئه‌رێنیه‌که‌یدا "مودیر"و "موکوور" ناوده‌براو له‌ ڕوه‌ نه‌رێنیه‌که‌شی توڕه‌و توندو تیژو بێده‌ربه‌ست‌. بێگومان حه‌مه‌گاوان ده‌کرا ئه‌وکات به‌ ئاگا بهاتایه‌ته‌وه‌ که‌ هێشتا کاک مسته‌فا نه‌گه‌یشتبوه‌ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات. له‌مڕۆدا باسکردنی ئه‌و کاتانه‌ی که‌ هێشتا کاک مسته‌فا نه‌بۆته‌ ئه‌ندامی حزبی دیموکرات، پاش تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر حزبی بوون و خاوه‌ن به‌رپرسایه‌تی بوونیدا له‌ دۆخێکدا که‌ ئه‌م حزبه‌ به‌ کێشه‌کانی نێوخۆییه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌ ناتوانێ پرسیار هێنه‌رو گومان چێکه‌ر نه‌بێ. ئه‌ویش له‌ لایه‌ن که‌سێکی به‌ڕواڵه‌ت نه‌ناسراوو له‌ ڕاستیدا ناسراوه‌وه‌.

مه‌به‌ستی من له‌ هێنانه‌ گۆڕی ئه‌م شتانه‌، وروژاندنی ئه‌و باسانه‌ و خوێ به‌ بریندا کردن نین، چونکه‌ ئه‌مباسانه‌ هه‌نوکه‌ له‌ ناو ڕیزه‌کانی حزبدا گه‌رمن. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی به‌ڕێز هیجری له‌ پێش کۆنگره‌ی سێزده‌و له‌ساڵه‌کانی ڕابردووداو به‌تایبه‌ت له‌پاش کۆنگره‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی! بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خۆ خواردنه‌وه‌و دیانبه‌خۆداگرتنی زۆر له‌ ئه‌ندامانی حزب به‌ره‌و کۆتایی بچێ و سه‌ره‌نجام دژکرده‌وه‌ی ئه‌وتۆی لێبکه‌وێته‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوبن. حه‌مه‌گاوان هه‌رچیه‌کی نوسیبی ڕاست یان هه‌ڵه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ زیاتر ده‌رده‌خا که‌ حزبی دیموکرت هه‌رچی زووتره‌ پێویسته‌ وه‌خۆ بێته‌وه‌.

کاتی خۆی که‌ هه‌وڵه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی حزبی دیموکرات له‌ لایه‌ن ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو باڵی حزبه‌وه‌ کرایه‌ هه‌وڵی به‌کرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بۆ لێک به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌ش چه‌ندیین جار وه‌ک "ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی 112که‌س له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکرات" سه‌ردانی دوڵه‌ڕه‌قه‌و کۆیه‌مان کرد بۆ ئه‌وه‌ی سوربوونی خۆمان پیشان بده‌ین و په‌یامی هه‌ردوو لا بۆ یه‌کدی بگوازینه‌وه‌. له‌ یه‌که‌م دانیشتندا له‌ کۆیه‌ که‌ بانگه‌وازه‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ینه‌ ده‌فته‌ری سیاسی و سه‌ره‌ڕای بانگه‌وازه‌که‌ هۆکاره‌کانی دروست بوونی ئه‌و هه‌وڵه‌مانیان بۆ شی بکه‌ینه‌وه،‌ داوامان کرد له‌گه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی دابنیشین. پاش ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ڕاسپێردرابوو له‌گه‌ڵمان دانیشێ، چونکه‌ وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆی باسکردین له‌و کاته‌دا ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی له‌و نزیکانه‌ نین! دیاره‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو که‌ یه‌که‌م دانیشتنمان له‌گه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی بێت به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌وان ئاماده‌بن بانگه‌وازه‌که‌ له‌ ئێمه‌ وه‌رگرن. هه‌ر بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو که‌ که‌سێک به‌ نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسی حزب له‌گه‌ڵمان دانیشێ. له‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی نامه‌وێ دوربکه‌ومه‌وه‌. کاتێک دانیشتنه‌که‌ ده‌ستی پێکرد به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کان به‌خێرهاتنی کردین و ئێمه‌ش مه‌به‌ستی هاتنه‌که‌مان و هۆکاری دروست بوونی بیرۆکه‌ی هه‌وڵه‌کانمان بۆ باسکردن. یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی پێویستی یه‌کگرتنه‌وه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ بارودۆخه‌که‌ هستیاروو چاره‌نوسساز بوو. له‌وه‌ش زیاتر ڕژیم به‌ موکوری هه‌وڵی له‌باربردنی ئه‌زموونی باشوری وێرای داگیرکه‌رانی دیکه‌ خستبووه‌ گه‌ڕ. شه‌ڕی نێوخۆیی بڕستی له‌ بزاڤی کوردایه‌تی بڕیبوو و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ باشور هه‌بوو له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر بوو. کۆماری ئیسلامی به‌و په‌ڕی تواناوه‌ له‌ هه‌وڵی ڕه‌شه‌کوژی تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات کوردستان و به‌تایبه‌ت تێکۆشه‌رانی هه‌ردوو باڵی حزبی دیموکراتدا بوو. نا ئومێدی و بێهیوایی وه‌ک هه‌ورێکی ڕه‌ش باڵی به‌سه‌ر گه‌له‌کماندا کێشابوو له‌وانه‌ش گرنگتر دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕ وه‌ک مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ داهاتووی بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرد.

پاش به‌خێر هێنانمان له‌ لایه‌ن به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌وێوه‌، ئه‌ز که‌ په‌یڤبێژی ده‌سته‌که‌ بووم بۆ ئه‌و دانیشتنه‌، به‌ درێژی و به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ست بزوێن ئه‌و هۆکارانه‌م باسکرد. کاتێک من ته‌واو بووم ئه‌و به‌ڕێزه‌ی که‌ به‌ نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسی نێردرابوو به‌ چه‌ند په‌یڤێکی کورت وڵامی داینه‌وه‌و گوتی که‌ ئێمه‌ ئه‌و هه‌ل و مه‌رج و بارودۆخه‌ گرنگ و هه‌ستیارو چاره‌نوس سازه‌ که‌ ئێوه‌ باسی ده‌که‌ن(ده‌قی ووته‌که‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌م وه‌ک خۆی له‌ بیر نیه‌ ئه‌وی نوسیومه‌ ڕه‌نگه‌ وشه‌کان جیاواز بن به‌ڵام واتاکه‌ی ئه‌وه‌ بوو) هه‌ست پێناکه‌ین!‌. هه‌موو مان که‌ نزیک حه‌وت که‌سێک ده‌بووین به‌و وڵامه‌ تێکچوین و من یه‌کجێ و تاڕاده‌یه‌ک به‌‌‌ توڕه‌یی وڵاممدایه‌وه. هه‌ر له‌و کاته‌دا ئه‌و به‌ڕێزه‌ی که‌ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کان بوو خه‌مخۆری بۆ دۆخه‌که‌و بانگه‌وازه‌که‌ی ئێمه‌ی به‌ته‌واوی پێوه‌ دیار بوو، هه‌ڵیدایه‌و گوتی دڵنیام که‌ کاک (....) مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ و .... ویستی بۆی پینه‌ بکات.

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕێبه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ وادیاره‌ هێشتا هه‌ر نوکمی سه‌رکه‌وتنیانن به‌سه‌ر نه‌یاره‌کانیان! دا و ده‌نگی ناره‌زایه‌تیه‌کانی ناوخۆیان نابیستن و گرنگی بارودۆخی ئێستاو ئه‌وده‌رفه‌ت و گۆڕه‌پانه‌ی له‌پێشی داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌ وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی گۆرین نایبینن و هه‌ستی پێنا‌که‌ن،و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی که‌ هه‌ر گۆڕانێک کۆمه‌ڵێک قوربانی ده‌خوازێ ئه‌سپی دڵنیایی خۆیان لینگ ده‌ده‌ن. به‌ڵام پێیناچی ئه‌مجاره‌ قوربانیه‌کان ته‌نیا چه‌ند که‌س نه‌یارو ناڕازی بن و شه‌پۆلی ده‌نگی نا ڕه‌نگه‌ له‌ جوگرافیای حزبی دیموکراتدا قوڵپدانێکی توسونامی ئاسای لێدروست بێت و به‌مه‌ش بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان دوچاری خه‌سارێکی قه‌ره‌بوو نه‌کراو ببن.

له‌ بارودۆخی ئێستا ئه‌گه‌ر حزبی دیموکارت هه‌روا به‌رزه‌فڕانه‌ خه‌ریکی به‌خۆدا هه‌ڵدان و په‌‌سه‌ندبێژی بڕیارو ئاکاره‌کانیان بن له‌ هه‌ناوی حزبه‌که‌یاندا ده‌یان حه‌مه‌گاوان له‌دایک ده‌بن. بۆیه‌ ئێژم له‌ هه‌ناوی حزبدا چونکه‌ حه‌مه‌گاوان به‌ نوسینه‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێ که‌ حزبیه‌ یان حزبی بوه‌. کێ ده‌ڵی له‌و که‌سانه‌‌ نیه‌ که‌ به‌ تازه‌ لاده‌ر ناسراون‌!!. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ چ ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری له‌ به‌ڕێز هیجری ده‌که‌ن و چ ئه‌وانه‌ی دژیانن خۆیان به‌ خه‌مخۆری حزب ڕێبازو جێگای شه‌هیدانی حزب ده‌زانن و ئه‌وی دیکه‌یان به‌ دژی حزب و ڕێبازی سه‌روه‌رانی حزب ده‌قه‌بڵێنێ.

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی نوسینه‌که‌ی حه‌مه‌گاوان، چه‌ندکه‌س له‌ لایه‌نگران و ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ له‌ دژی حه‌مه‌ گاوان وه‌ده‌نگ هاتوون و ئه‌ویان به‌ سیخوڕو ... چواندوه‌.

ڕۆژگارێکی سه‌یره‌ و له‌وه‌ش سه‌یرتر دوپات بوونه‌وه‌ی مێژووه‌!

20ی ڕێبه‌ندانی 2704 به‌رامبه‌ر 8ی فێبریوه‌ری 2005
هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا:
"ئه‌و که‌سه‌ی له‌ سه‌ر کورسی قاسملۆ دانیشتووه"- جێی شانازی ته‌واویه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌، وه‌ڵامێک به‌ سووکایه‌تیه‌کانی حه‌مه‌ گاوان

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home