كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, February 03, 2005

په‌یڤێک له‌ یادی کاره‌ساته‌که‌ی شاری هه‌ولێر

په‌یڤێک له‌ یادی کاره‌ساته‌که‌ی شاری هه‌ولێر

له‌ ڕۆژی 1ی فێبریوه‌ری 2004 به‌رامبه‌ر 13ی ڕێبه‌ندانی 2703ی کوردیدا ده‌ستی پیسی تیرۆریستان، نه‌وه‌كانی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی دوژمنی ڕوناکی و مێشک به‌سته‌ڵه‌که‌کانی سه‌ده‌كانی چاخی به‌ردین، ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها له‌ ژینه‌گه‌ی زینده‌به‌‌چاڵ و ئه‌نفالكردن و تاڵان و سه‌ربڕیندا،ده‌ژین و كه‌لاوه‌ تاریک و تونه‌که‌کان و ئه‌شکه‌وته‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست به‌ ماڵی خۆیان ده‌زانن، له‌ رِۆژی جه‌ژنێکی ئاینی موسوڵماناندا ده‌رفه‌تیان هێناو به‌ناو چه‌ند مرۆڤ که‌ مێشکیان به‌سته‌ڵه‌ک ببوو له‌کرده‌وه‌یه‌کی خۆکوژیدا پۆلێک تێکۆشه‌رو و ژماره‌یه‌ خه‌ڵكی ئاسایی كوردیان كرده‌ قوربانی.
تیرۆریستان به‌و كاره‌ نامرۆڤایه‌تییه‌یان، له‌ هه‌رکات زیاتر ئه‌و ڕاستیه‌یان به‌دیار خست که‌ ئه‌وانه‌ دژی هه‌ر بایه‌خێکی مرۆڤایه‌تین و ته‌نانه‌ت بایه‌خه‌ دینیه‌کانیش که‌ گوایه‌ له‌ پێناویدا جیهاد ده‌که‌ن له‌پێ ده‌که‌ن و به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ له‌لایه‌ک ڕوی ڕه‌شی خۆیان زیاتر ڕه‌شکرد و له‌و لایدیکه‌شه‌وه‌ بزه‌یان خسته‌ سه‌ر لێوی دوژمنانی کوردو داگیركه‌رانی كوردستان. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڕودانی ئه‌و کاره‌ساته‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌شیان خه‌ڵتانی خوێن کرد.

دوژمنانی ڕوناکی و ئاوه‌دانی و نه‌یارانی ئازادی و شادی و پێکه‌نین، به‌وکاره‌ چه‌په‌ڵه‌یان ژماره‌یه‌کی زۆر مرۆڤی کوردیان له‌ ژیان بێبه‌شکردو کورده‌واریشیان خسته‌ په‌ژاره‌و ماته‌مه‌وه‌. گه‌رچی ئه‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕو به‌ژان بوو به‌ڵام زیاتر له‌ پێشوو بوه‌ هۆی له‌یه‌ک نزیکبونه‌وه‌ی کوردان و گیانی یه‌کیه‌تی و ته‌بایی زیاتر ڕۆچوه‌ ناو ده‌روونی کوردانه‌وه‌. به‌جۆرێک ئه‌م تاوانه‌ دوژمنانه‌یه‌ نه‌ک هه‌ر ڕۆڵه‌کانی باشوری به‌ره‌و یه‌کیه‌تی پاڵنا به‌ڵکوو جارێکی دیکه‌ش له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان گیانی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زیندوو کرده‌وه‌ و له‌ ئامه‌ده‌وه‌ تا سنه‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سلێمانی و قامیشلۆ له‌دژی ئه‌و تاوانه‌ خرۆشان و هه‌ستانه‌ سه‌ر پێ.

دوژمنانی کوردو کوردستان هه‌رکات که‌ له‌دژی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ تاوانێک ئه‌نجام ده‌ده‌ن خه‌ونی لاوازی و بێهیزی کورد ده‌بینن و پێان وایه‌ که‌ ده‌توانن له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن بمانوه‌ستێنن و یانژی ڕێمان پێ وون ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌کانی ڕابردوودا کاره‌سات و ڕوداوه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی هه‌رچه‌ند کورتیش بێت توشی پاشه‌کشه‌و پاڵدانه‌وه‌ی کردبین، ئه‌وا ئه‌مڕۆ، ده‌بێ کاره‌سات و پیلانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی زیاتر موکورمان بکات بۆ خه‌بات و زیاتر پاڵمان بنێ بۆ یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هاوخه‌باتی ژیرانه زیاتر‌.

ئه‌م تاوانه‌ش وه‌ک هه‌موو تاوانه‌کانی دیکه‌ که‌ له ‌‌دژی کورد کراون. مه‌به‌ست لێدانی کورد بووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وبنه‌ما کۆنه‌ پنچی داکوتابوو که‌ جیاوازی له‌ نێوان سه‌رکرده‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ک، روناکبیرێک و نه‌خوێنده‌وارێک، پیرێک و منداڵێک نه‌کات و شه‌لم کوێرم که‌س نابوێرم، ته‌ڕو وشک پێکه‌وه‌ بسوتێنن. ئه‌م تاوانه‌ش هاوشان و هاوشێوه‌ی تاوانه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و کاولکردن و کۆمه‌ڵکوژیه‌کان و قاڕنێ و قه‌ڵاتانه‌کان و روداوه‌ خوێناویه‌کانی سنه‌و قامیشلی و ئه‌وانی دیکه‌ بوو. هه‌ربویه‌ گه‌ره‌که‌ کوردان وانه‌ و په‌ندی لێوه‌رگرن. دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ جیاوازی له‌نێوانمان دانانێن و بۆ ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئاواتی کوردستانێکی بێ کورد بهێننه‌دی. گه‌ر تورکه‌کان به‌و په‌ڕی دڵره‌قیه‌وه‌ "باشترین کورد به‌و کورده‌ بزانن که‌ له‌ ناوگۆڕدا" سره‌وتوه‌ و ئیمامی بێ ئۆمه‌تی گوڕبه‌گۆڕی ئێرانیش ئه‌و دروشمه‌ی که‌ له‌ هه‌ر لایه‌ک بکوژری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلامه‌‌ی کردبوه‌ دروشمی جیهادو پاککردنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌وا ئه‌مڕۆش تورانیه‌کان و تێرۆریسته‌ ناکامه‌کان هه‌ر به‌هه‌مان ڕێچکه‌و ڕێبازو هیواوه‌ وه‌نه‌وز ده‌یانباته‌وه‌.

ئێستاو پاش ساڵێک له‌ ڕودانی کاره‌ساتی هه‌ولێر، خۆزگه‌ی ئێمه‌ش زیاترو زیاتر لێک نزیکبوونه‌وه‌ و به‌دڵه‌وه‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی هه‌موو باڵو خه‌ت و لایه‌ن و تاکێکی کورده‌و هیوادارین گشت لایه‌ک به‌ تێکۆشان له‌م به‌ستێنه‌دا گیانی به‌رزه‌فڕی قوربانیه‌کانی 1ی فێبریوه‌ری و هه‌موو قوربانیه‌کانی ڕێگای ئازادی و سه‌رخۆبوونی کوردستان شاد بکه‌ن.

له‌یادی کاره‌ساتی هه‌ولێری پاردا سڵاو له‌ گیانی قوربانیه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌.
****
ئه‌و په‌خشانه‌ش هۆنراوه‌ش به‌بۆنه‌ی ڕوداوی خوێناوی 13ی ڕێبه‌ندانی2703ی شاری هه‌ولێره‌وه‌، پاش تێپه‌ڕینی چه‌ند ڕۆژ(ڕێكه‌وتی 18ی ڕێبه‌ندان2703) له‌ کۆڕێکی ماته‌مینی که‌ بۆ قوربانیه‌کانی ئه‌و ڕوداوه‌ له‌ شاری ئه‌ده‌لاید به‌ڕێوه‌چوو، خوێندرایه‌وه‌.

شه‌م شه‌مه‌ كوێره‌كان

شه‌م شه‌مه‌ كوێره‌كان
ئه‌ی دوژمنانی ڕوناكی و ئاوه‌دانی
ئه‌ی پارێزه‌رانی جه‌‌هل و تاریكی
دیكتاتۆران، خوێنمژان، داگیركه‌ران
ئێوه‌ چاوتان به‌ جوانیه‌كان، به‌ ئازادی و به‌ بوونی من هه‌ڵنایه‌
ئێوه‌ له‌ تاریكی ئه‌نگوسته‌ چاوا نه‌بێ ده‌نگتان نایه‌

له‌ كوێ په‌تی سێداره‌یه‌ك هه‌ڵخرابێت
له‌ كوێ گوڵی ته‌مه‌نی مرۆڤی كورد به‌ ناڕه‌وا په‌ڕپه‌ڕ بوو بێ
له‌ هه‌ر جێیه‌ك خه‌ونی مناڵێك زڕێنرابێت
له‌ هه‌ر شوێنێك ئازادی من خنكا بێت
له‌ هه‌ر جێیه‌ك شین و گریان سێڵاوی فرمێسكی لێ هه‌ستابێت
ئا له‌و جێیه‌
ئێوه‌ی لێبوون
وه‌ك مێرده‌ زمه‌ی تاریكی و زۆر
له‌سه‌ر سینگی
سافی ئێمه‌
قورسایی بوون
بۆ ناو سۆمای
چاوی ئێمه‌
تاریكی بوون
له‌ ناو بۆری هه‌ناسه‌ی پاكی ئێمه‌
گه‌رد و تۆز بوون
له‌ گۆڕه‌پانی شایی و لۆغانی مه‌
خه‌م پژێن و هه‌ناو ته‌زێن بوون
له‌ كاتی شیرین خه‌وا
دێوه‌زمه‌ و شه‌وه‌ی كوێر بوون
ئه‌ی ئه‌وه‌نیه‌
دوێنێی مێژوو
به‌ژنی ئارامگرتووی هه‌ولێرتان
شه‌ڵاڵی خوێنكرد
كۆڕی شایی و بزمی وڵاته‌كه‌متان خه‌م باران و نوقمی خوێن كرد
هه‌ر دوێنێكه‌
له‌ به‌ره‌ به‌یانی یه‌كێك له‌ جوانتری ڕۆژه‌كانی وڵاتی من
به‌ شمشێری ئه‌قڵ پووچه‌كانی سه‌رده‌می تاریكی
لاشه‌ی سه‌دان ڕۆڵه‌ی گه‌لێكتان خه‌ڵتانی خوێن كرد
كه‌ ته‌نیا ئازادی ده‌وێ

ئه‌ی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كان
ده‌تانه‌وێ
ئابڕوی تكاوی خۆتان، له‌ لای من و
له‌ هه‌ولێرێ كۆبكه‌نه‌وه‌
قور به‌ سه‌رتان
هه‌ر له‌ڕێوه‌
بابزانن
كورد له‌ جێوه‌
بۆئازادی و سه‌رخۆبوونی
له‌ قوربانی نه‌ترساوه‌
بابزانن
ئه‌م جاره‌شیان دڵنیابن
ئیتر مێشكمان، جێگه‌ی پۆخڵه‌واتی
هاونژادی و برای دینی و هاووڵاتی!
له‌ گه‌ڵ ئێوه‌ی نابێته‌وه‌
ئیتر مێشكمان سه‌ر چاوه‌ی كانی ڕوونی هۆشیار بوونه‌
ئه‌وه‌ی له‌ دوێنێی مێژوودا
به‌ناوی دین
به‌ شمشێرێكی ژه‌نگاوی و قین
له‌ هێرشی ئه‌ل و ما~ و لادا
په‌ستاتانه‌ ناو مێشكی كورد
ڤایرۆسێكی لیخن بوو
جه‌سته‌ی ماندووی كوردی پێ په‌ك نه‌خرا
ئه‌وا ئه‌مڕۆش
كوێرانه‌تر
له‌ هه‌میشه
بیری كوێر و
هزری
سه‌ده‌كانی ئه‌نفال و جیهادو كۆكوژی
ده‌هێننه‌وه‌ و
ده‌ژیه‌ننه‌وه‌
به‌و شێوه‌یه‌
ده‌تانه‌وێ حه‌زی پیسی شۆڤێنیانه‌ی
ئه‌عرابیه‌تی و ئه‌تراكیه‌تی
بۆ ‌سه‌ر خۆزگه‌ و خاكو، هیوای من
بگێڕنه‌وه‌
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چوو
كه‌ خۆخۆری وه‌ك نه‌خۆشی
له‌ جه‌سته‌ی هزرو
باڵای هیواكانم
ئاڵابوو
بڕۆن لێره‌
ئێوه‌ بێزراوو پۆخڵه‌واتی سه‌ده‌كانی ڕابروون و
جێتان نیه
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چوو كه‌ بتوانن
داری به‌ر گرتووی ئازادیمان
وشك بكه‌ن‌
په‌ڕتوكخانه‌ی هزرو بیرمان
وه‌ك سه‌رده‌می كابرای گۆرین
بسوتێنن و داگیرمان كه‌ن
بڕۆن لێره‌
ئێوه‌ بێزراوو پۆخڵه‌واتی سه‌ده‌كانی ڕابروون و
جێتان نیه

ئه‌ی شه‌م شه‌مه‌ كوێره‌كان
ئه‌ی دوژمنانی ڕوناكی و ئاوه‌دانی
ئه‌ی پارێزه‌رانی جه‌‌هل و تاریكی
دیكتاۆران، خوێنمژان، داگیركه‌ران
ئێوه‌ چاوتان به‌ جوانیه‌كان، به‌ ئازادی و به‌ بوونی من هه‌ڵنایه‌
ئێوه‌ له‌ تاریكی ئه‌نگوسته‌ چاوا نه‌بێ
ده‌نگتان نایه.‌
بڕۆن لێره‌ .... بڕۆن لێره‌

6ی فێبریوه‌ری 2004

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home