به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان
بۆ ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا نوسراوه
گوێگرانی هێژا
هه‌روه‌ک ده‌زانن ئه‌مڕۆ دوی ڕێبه‌ندان ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستانه. ئه‌وڕۆژه‌ی که بۆیه‌که‌مجار نه‌ته‌وه‌که‌مان ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌ڵداو بانگی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی دا. بێگومان دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان خاڵێکی وه‌رچه‌رخانیی گرنگه له دیرۆکی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا. به‌دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان جارێکی دیکه ویستی خۆیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هێنایه دی و پێیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌داگرت که هه‌تا هه‌تایه کوردستانیه‌کان ئه‌و سنوره سه‌پاوه‌و ئه‌و دۆخه داگیرکاریه په‌سه‌ند ناکه‌ن و له که‌مترین ده‌رفه‌تدا بۆ وه‌دی هێنانی ئاواته‌کانی که ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه، هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ. له‌و سه‌رده‌مه مێژوویه‌ی ئه‌وکاتدا که ده‌رفه‌تێکی بچوک ڕه‌خسابوو ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به پێشه‌وایه‌تی ڕۆڵه‌ی وشیاری نه‌ته‌وه‌که‌مان قازی محه‌ممه‌د بۆ یه‌که‌م جار‌و دوای زیاتر له دوهه‌زارو پێنجسه‌د ساڵ له ڕوخانی ده‌وڵه‌تی ماده‌کان، جارێکی دیکه کیانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دامه‌زرانده‌وه.
ڕاسته ته‌مه‌نی ئه‌م کۆماره کورت بوو له یانزده مانگ تێنه‌په‌ڕی، به‌ڵام گه‌لێک ده‌سکه‌وتی مه‌زنی هه‌بوو. له‌وانه ئه‌زموونی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری و داموده‌زگای دیموکراتی و به‌شداری به‌رینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له پاراستن و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کۆماره‌دا و بوونی ئازادی و بواری گه‌شه‌و هه‌ڵدان و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و ماوه کورته‌دا و له‌وانه‌ش گرنگتر بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و هه‌روه‌هاخوێندن و بارهێنان به زمانی شیرینی کوردی و به‌شداری ژنان له چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و گه‌لێک هه‌نگاو ده‌سکه‌وتی دیکه که بوه هۆی ئه‌وه ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان ئێستا‌و پاش نزیک به شه‌ست ساڵ چێژ‌و تامی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سکه‌وتنی ئه‌و کۆماره له‌بیر نه‌که‌ن و له پێناوی جارێکی دیکه دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستاندا له هه‌موو که‌لێنو قوژبنێکی کوردستان و له هه‌ر جێیه‌ک کوردی لێبێ، هه‌وڵ بده‌ن. له ڕاستیدا کۆماری کوردستان هه‌ڵته‌کان و ڕاتڵه‌کاندنێکی هزری بوو له ناو ڕوناکبیرانی کوردستانی‌دا و جارێکی دیکه ئه‌و گیانه‌ی زیندوو کرده‌وه که ته‌نیا به دروستکردنه‌وه‌ی کیان و هه‌یکه‌لی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانین خۆمان و مێژوو و خاک و که‌لتوره‌که‌مان ڕزگار بکه‌ین و بیپارێزین و له هه‌مانکاتدا گه‌شه‌ی پێبده‌ین.
ئه‌مڕۆ ئیدی ڕۆژی دوی ڕێبه‌ندان ڕۆژێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو کوردستانیه‌کانه‌و له هه‌ر شوێنێک کوردێک هه‌بێت له یادی ئه‌و ڕۆژه مێژووییه‌دا جه‌ژن ده‌کاو شایی ده‌گێڕێ. هه‌ربۆیه‌ش له یادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستاندا گه‌رمتری و جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته ئێوه گوێگرانی هێژای ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا ده‌که‌ین و هه‌زران سڵاویش بۆ گیانی به‌رزی دامه‌زرێنه‌رانی کۆماری کوردستان ده‌نێرین و له‌گه‌ڵیان په‌یمانی وه‌فا و ئه‌مه‌گداری نوێده‌که‌ینه‌وه که تاوه‌دی هاتنه‌وه‌ی ئامانجه‌کانی ئێوه که دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆمار کوردستان و ده‌رنانی داگیرکه‌رانه ساتێک له خه‌بات ناوه‌ستین. پیرۆزبێت دوی ڕێبه‌ندان ساڵرۆژی دامه‌زراندنی یه‌که‌م کۆماری کوردستان.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home