كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, January 01, 2005

نامه‌ی کراوه‌ی چالاکانی سیاسیی کورد بۆ ئه‌ندامانی کوردی ده‌وڵه‌تی ئێراق

نامه‌ی کراوه‌ی چالاکانی سیاسیی کورد بۆ ئه‌ندامانی کوردی ده‌وڵه‌تی ئێراق

بۆ به‌ڕێزان :
دوکتور رۆژ نووری شاوه‌یس جێگری سه‌روک‌کۆماری ده‌وڵه‌تی ئێراق
دوکتور به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح جێگری سه‌روک‌وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی ئێراق
هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق
هه‌موو وه‌زیره‌ کورده‌کان‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق‌دا
له‌ گه‌ڵ ڕێز و حورمه‌ت .
وه‌ک ئاگادارن رۆژی 20ی کانوونی یه‌که‌م ( دێسامبر) کۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کانی یه‌کگرتوو ، به‌ په‌سند کردنی بڕیارێک ، ئیدانه‌ی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێرانی کرد و ، ئه‌م حکوومه‌ته‌ی به‌ پێشێل کردنی مافی‌مرۆڤ ، کوشتنی هاوڵاتیان به‌شێوه‌ی نامرۆڤانه‌ی وه‌ک هه‌ڵواسین به‌ جه‌ڕسه‌قیل له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا ، به‌ردباران( ره‌جم)کردن ، ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازار ، شکانی که‌رامه‌تی ئینسانی ، پێشێل کردنی پێوه‌ره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دادوه‌ری و هه‌لاواردنی ڕێکخراو به‌دژی ژنان و به‌تایبه‌ت " که‌مینه‌‌کان" تاوانبار کرد .
له‌ کۆی 136 نوێنه‌ری وڵاتانی به‌شداری ئه‌م کۆبوونه‌وه‌‌دا ، که‌مایه‌تییه‌ک( 54 وڵات) به‌ پشتیوانی‌کردن له‌ تاوانکاریه‌کانی حکوومه‌تی ئێران به‌ دژی ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌‌ ده‌نگیان دا . که‌ به‌ زۆری وڵاتانێکن به‌ حاکمانی دیکتاتۆر ، دز و تاوانکاره‌وه‌.
بۆ ئاگاداریی ئێوه‌ی به‌ڕێز حکوومه‌تی ئێراقیش ، یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی بوو که‌ دژی مه‌حکووم کردنی ئێران ده‌نگی دا و به‌م شێوه‌یه‌ جێگه‌ی خۆی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا دیار کرد . که‌ ئه‌ویش به‌ره‌ی سه‌رکوتگه‌ران و نه‌یارانی ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤه‌ . ئه‌و به‌ره‌یه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ داپڵۆسێنه‌رو دژه مرۆڤایه‌تیه‌که‌ی سه‌دامی ڕوخاویش له ریزی‌ پێشه‌وه‌یدا بوو.
بێگومان ئێوه‌ش له‌گه‌ل ئێمه‌ هاوده‌نگن که‌ چه‌مکه‌کانی مافی مرۆڤ ، ئازادی و پاراستنی حورمه‌ت و که‌رامه‌تی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ نابێ وه‌ک ئامێر که‌ڵکیان لێ‌وه‌ربگیرێ و بخرێنه‌ نێو بازنه‌ی سات‌وسه‌ودای سیاسی و نان به‌قه‌رزدان به‌ دیکتاتۆرانه‌وه‌ . کرده‌وه‌یه‌ک که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتداران ره‌چاوی ده‌که‌ن . پرسیاری سه‌ره‌کیی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌: حکوومه‌تی ئێراق چ پاساوێکی بۆ ئه‌م کاره‌ی هه‌یه‌ ؟ مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو،‌وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات له‌سه‌ر که‌لاوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پڕ له‌ تاوانی به‌عسییه‌کان دامه‌رزێنن و بیکه‌ن به‌ نموونه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ ئه‌مه‌یه‌ نموونه‌ی ئه‌و ئازادی و دێموکراسییه‌ی‌ که‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق و پشتیوانانی به‌ڵێنیی به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ده‌ن ؟
ئایا کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مڕۆی ئێراق هێند زوو ده‌سه‌ڵات و پله‌ی حکوومه‌تی کوێری‌کردوون که‌ له‌بیریان چووه‌ته‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا‌ چی ڕوویداوه‌؟ ئه‌م تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یه‌ندراوانه‌ به‌کام پێوه‌ر ده‌وێرن وا به‌ ئاسانی پێ بنێنه‌‌ جێ پێی حکوومه‌تی پێشوو و به‌ دژی پروتستۆکردنی جه‌نایه‌تکاران ڕا‌وه‌ستن . ئایا خه‌یاڵی زیندووکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس‌یان له‌مێشکدایه‌؟
له‌ هیچ‌که‌س شاراوه‌ نییه‌ ئێستا له‌ ئێران‌دا حکوومه‌تێکی ئیدئولوژیکی تێوکراتیک و تۆتالیتر ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه. ‌ئه‌م حکوومه‌ته‌‌ دژی هه‌رچه‌شنه‌ سکۆلاریزم و مه‌ده‌نییه‌تێکه‌ و،‌ له‌ تاوان و جه‌نایه‌تدا ده‌سته‌برایه‌کی به‌ ئه‌مه‌گی حکوومه‌تی سه‌دام حسێنه‌.حکوومه‌تێک که‌ وێڕای سه‌رکوتی درندانه‌ی دانیشتووانی ئێران و به‌تایبه‌ت گه‌لی کوردمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی پڕ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر عیلمانییه‌ت به‌گشتی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و له‌وانه‌ باشووری کوردستان و ئێراق به‌تایبه‌تی. بۆیه‌ گه‌لانی دانیشتووی ئێران و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، چاوه‌ڕوانن که‌ نه‌ته‌وه‌‌کانی رزگاربوو له‌ده‌ستی سته‌مکارێک وه‌ک سه‌دام حسێن ، هه‌ست به‌ ئازار و مه‌ینه‌تیان بکه‌ن و لانی‌که‌م له‌م کاتانه‌دا خه‌مخۆریان بن . نه‌ک به‌شێوه‌ی حکوومه‌ته‌که‌ی ئێوه‌ خوێ به‌سه‌ر برینیان دا بپژێنن .
به‌ڕێزان !
ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ی حکوومه‌تی ئێراق، کردارێکی ناڕه‌وایه‌ و بێگومان بۆ ئێوه‌ وه‌ک هاونیشتمانیی کورد ناره‌واتره‌ . چوونکه‌ ئه‌وه‌ 25 ساڵه‌ به‌شێک له‌ کوردستان له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌‌وه‌ به‌ تاوانی ماف‌خوازی ، له‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قی و به‌شێوه‌یه‌کی بێبه‌زه‌ییانه‌‌ سه‌رکوت ده‌کرێ و رۆژ نییه‌ تاوانێک به‌دژی گه‌له‌که‌مان له‌م به‌شه‌دا به‌ڕێوه‌ نه‌چێ . به‌شێوه‌یه‌ک هه‌رئێستا زیندانه‌کانی حکوومه‌تی ئێران پڕه‌ له‌ ڕۆله‌ی کورد و سێداره‌ و په‌ت وقه‌ناره‌ی هه‌ر رۆژ له‌ ملی شۆڕه‌لاوێکدا توند ده‌کرێن .
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئێوه‌ ئاگاداری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌تان بوون یا نا ؟ ئه‌گه‌ر ئاگادار بوون، جێگه‌ی خۆیه‌تی بوێرانه‌ وێرای داوای لێبوردن له‌ گه‌لانی دانیشتووی ئێران و به‌تایبه‌ت روژهه‌ڵاتی کوردستان ، له‌ حکوومه‌تی ئێراق‌یش بخوازن ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بکاته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ئاگاداری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حکوومه‌تی یاوه‌ر - عه‌لاوی نه‌بوون ، چۆن ئیجازه ‌ده‌ده‌ن به‌ ده‌رده‌که‌ی " تاهامحیه‌دین مه‌عرووف" و وه‌زیره "کورده‌" کارتۆنییه‌‌کانی حکوومه‌تی سه‌دام تان ببه‌ن. که‌ توانا و ده‌سه‌ڵاتی جه‌یش شه‌عبییه‌کیان نه‌‌بوو .
گه‌لی کورد، ‌ گه‌وره‌ترین قوربانیی پێ‌شێل کردنی مافی مرۆڤ و نه‌بوونی ئازادی و هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسه‌ . بۆیه‌ هه‌رکام له‌ ئێوه وه‌ک کوردێک،‌ ده‌بێ ده‌رد و ژانی خه‌ڵکانی ژێر چه‌پۆکه‌ی ناعه‌داڵه‌تی و سه‌ره‌ڕۆیی باش ده‌رک بکه‌ن . چوونکه‌ خۆتان ڕۆڵه‌ی گه‌لێکی کیمیاباران کراون . ئه‌نفال تان دیوه‌ و که‌س وکارتانیان وه‌ک ئاژه‌ڵ له‌ پشت "زیل" هه‌ڵ‌رشتووه‌ و بێ‌سه‌روشوێنیان کردوون . بۆیه‌ چاوه‌ڕووان ناکرێ هیچ کوردێک ، به‌تایبه‌ت خوێنده‌وار و تێگه‌یشتووانی ، داکۆکی له‌ جه‌نایه‌تکار و تێروریزمی ده‌وڵه‌تی بکات .
ئێمه‌ پێمان‌وایه‌ حکوومه‌تێک ‌ ئه‌وه‌ بڕیاری بێت و جێگه‌ی خۆی له‌ ڕیزی ده‌وڵه‌تانی تێروریست و سه‌ره‌ڕۆدا ببینێته‌وه‌ ، ‌گه‌ر ده‌ره‌تانی هه‌بێ هه‌مان سیاسه‌ت له‌نیوخۆی وڵاته‌که‌ی خۆیدا ده‌ژینێته‌وه‌. حکوومه‌تێکی‌وا شیاوی ئه‌وه ‌نییه‌ کورد هاوشان و هارکاری بێت .
به‌ڕێزان !
به‌ ڕه‌چاوکردنی هه‌ڵوێستی خۆتان نیشان بده‌ن ڕۆڵه‌ی سه‌رده‌می گه‌لی چه‌وساوه‌ی کوردن و ، ئازار و ئێشی هه‌ر ئینسانێک ئازارتان ده‌دات. چونکه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌م سه‌رده‌مه‌دا‌ وه‌ک کورد مانای سه‌رکوت و داپڵۆسین و بێکه‌سی و بێده‌ره‌تانی نه‌چێشتووه‌.
له‌ گه‌ل ڕێزماندا.

ناوه‌ندی هه‌له‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالكردن و جينوسايدی گه‌لی كورد‌ CHAK ناوه‌ندی چالاک له‌ بواری مافی مرۆڤدا
نه‌نستیتوی فه‌رهه‌نگیی کورد ، سوئید
سه‌نته‌ری رۆشنبیرانی پێشکه‌وتنخوازی کوردستان ( هوله‌ند) ناوه‌ندی روشنبیری
دوکتور حوسین خه‌لیقی چالاکی سیاسی ، نووسه‌ر و توێژه‌ر
سه‌لاح گه‌رمیان چالاکی سیاسی ، تێکۆشه‌ری بواری مافی مرۆڤ
سه‌عیدی کاوه‌ ( کوێستانی) چالاکی سیاسی ، نووسه‌ر
عه‌لی مه‌حموود موحه‌مه‌د چالاکی سیاسی، نووسه‌ر
که‌ماڵی عیزه‌تی چالاکی سیاسی ، فه‌رگه‌نگی
فه‌ریبا ساله‌ح‌زاده‌ خوێندکار
فایه‌ق کۆماسی چالاکی سیاسی
حێشمه‌ت خوسره‌وی چالاکی سیاسی ، رۆژنامه‌وان
ره‌حیم په‌روا ( ئاویه‌ر) چالاکی سیاسی
هیوا گوڵ‌موحه‌ممه‌دی چالاکی سیاسی و نووسه‌ر
ئیبراهیم کووشا خوێندکار
ئیبراهیم فه‌رشی چالاکی سیاسی ، ده‌رهێنه‌ر(تاتر) ، نووسه‌ر
نادری فه‌تحی چالاکی سیاسی ، فه‌رهه‌نگی
عه‌بدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش چالاکی سیاسی ، خوێندکار و وه‌رگێڕ
خالیدی عه‌زیزی چالاکی سیاسی و نووسه‌ر
فارووقی مێعمارزاده‌ چالاکی سیاسی
که‌ریم مه‌رسه‌نه‌ چالاکی سیاسی و ڕۆژنامه‌وان
موحه‌مه‌دی جه‌هانگیری چالاکی سیاسی
ئاکامی ئه‌حمه‌دی چالاکی سیاسی ، فه‌رهه‌نگی
شه‌ریفی بێهروز چالاکی سیاسی ، فه‌رهه‌نگی
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی چالاکی سیاسی

سایتی کاک هیوا www.kak-hiwa.tk
سایتی( بۆکان) ڕۆژهه‌ڵات www.rojhalat.de
ماڵپه‌ڕی کوردستان- نیوزیلاند www.kurdistanz.com
وێبلاگی کوردستان http://kurdstan.blogspot.com
وێبلاگی نه‌که‌رۆز http://nekerooz.blogspot.com
سایتی رۆژهه‌ڵات.ئو‌رگ www.rojhilat.org
کوردستان سایت www.kurdistansite.com
سایتی هه‌ڵوێست www.helwist.com

ئادره‌سی پێوه‌ندیی: hawdengi@yahoo.ca


وێنه‌ بۆ :
جێگرانی سه‌رو‌ک کۆمار و سه‌روک‌وه‌زیرانی ئێراق
وه‌زیره‌ کورده‌کانی ده‌وڵه‌تی کاتیی ئێراق
حیزبه‌ سیاسیه‌کانی روژهه‌ڵات و باشووری کوردستان
سه‌روک‌وه‌زیرانی حکوومه‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستان، ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی
راگه‌یه‌نه‌ره‌کانی چاپه‌مه‌نی و ئینتێرنێتی

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home