كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, December 17, 2004

له‌ هه‌گبه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانمه‌وه‌(1)

له‌ هه‌گبه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانمه‌وه‌(1)

...زیاتر له‌ شه‌ش مانگێک بوو پێشمه‌رگه‌ بووم!، نیوه‌ شه‌وێک له‌ ناکاو ته‌ک وتۆک ده‌ستی پێکرد. ده‌ڵێن زه‌ینی مناڵی تیژه‌ و هه‌موو ورده‌کاریه‌کانی ده‌ورانی مناڵی تێته‌وه‌ بیر.. گه‌لێک هه‌وڵده‌ده‌م ڕوداوه‌کان چۆن بوون وایان بگێڕمه‌وه‌، به‌ڵام مخابن گشت ورده‌کاریه‌کانم نایه‌ته‌وه‌ یاد و ناچار که‌رت و په‌رت ئه‌وه‌ی ده‌توانم بیانهێمه‌وه‌ به‌رچاوو ده‌ی گێڕمه‌وه‌.

به‌ڵێ، به‌ده‌نگی ته‌که‌، هه‌مووان هه‌ستاین و به‌ره‌و شوێنی تێکهه‌ڵچوون و ڕه‌وه‌ی دوژمن ڕۆیشتین. هێشتا ئێمه‌ نه‌گه‌یشتبووین که‌ پێشمه‌رگه‌کانی پارێزه‌ری گاکڕ(چیایه‌کی به‌رزی پشت شاره‌دێ ئارمرده‌) پاشه‌کشه‌یان کرد. یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان مه‌حمه‌د ڕه‌زایی(حه‌مه‌ چاوجوان) پێکرابوو، تا گه‌ێندرایه‌ دامێنی چیا گیانی له‌ده‌ستدا و چوه ناو کاروانی گیانبه‌ختکردوانی ڕێگای ئازادی کوردستان. جگه‌ له‌ حه‌مه‌چاوجوان پێشمه‌رگه‌یه‌کی دیکه‌ له‌و چیایه‌ له‌گه‌ڵ دوسێ که‌س له‌ پێشمه‌رگه‌کانی هێزی به‌رگری، ئه‌رکی پاراستنی گاکریان پێسپێردرا بوو. وه‌نه‌بێ ئه‌وانی هێزی به‌رگری وه‌ک پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌کیه‌کان ته‌یار و پۆشته‌ بوو بن. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌ز له‌بیرم بێت له‌سه‌ر لوتکه‌ چیای گاکڕ سه‌نگه‌رێکی سه‌ر داپۆشراوی لێهه‌ڵکه‌ندرابوو. شه‌وو ڕۆژ ده‌بوو پێشمه‌رگه‌ی هێزی به‌رگری که‌ له‌ خه‌ڵکی ئاسایی پێک ده‌هاتن لێ بێ. شه‌وانه‌ش دو پێشمه‌رگه‌ی لکی سێ ده‌چوون تا به‌یانی و دڵنیابوون له‌ نه‌هاتنی هێزی دوژمن له‌وێ ده‌مانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی هێزی به‌رگری به‌ چه‌که‌وه‌ نه‌ ده‌چوون و هه‌ر له‌وێ سێ چوار تفه‌نگی یانزه‌ تیر، بڕنۆ و ئیم یه‌کی لێبوو که‌ نۆبه‌داره‌کان ده‌یاندا به‌وانه‌ی دوای خۆیان. چه‌که‌کانیش نه‌ باش بوون و نه‌ فیشه‌ک و که‌ره‌سته‌ی پێویستیان له‌گه‌ڵدا بوو. ئه‌مانه‌ هه‌رکام چیروکی خۆیان هه‌یه‌و باسی هه‌ر شتێک ده‌که‌ین بۆ خۆی ورده‌ شتی لێده‌ بێته‌وه‌. وه‌ک ده‌ڵێن هه‌ر وانێکه‌و ورده‌وانێکی لێده‌ بێته‌وه‌.

سه‌رتان نه‌ئێشێنم، ئاوایی ئارمرده‌ وه‌ک شوێنێکی شه‌ڕ لێدراوو چۆڵ، بێده‌نگ و ماته‌م گرتوو، له‌و ده‌مه‌و به‌یانه‌دا ده‌تگوت خه‌می حه‌مه‌ چاوجوان دایگرتوه‌ وه‌ک فرمێسکێکی قه‌تیسماوی داوه‌ریوی کالانی چاوی دایکێکی جه‌رگ سوتاو، کڕ به‌ سنگی چیای گاکڕو (ده‌شت قسنێ)وه‌ هه‌ڵکوڕما بوو.

چۆڵ چۆڵ، درگا و په‌نجه‌ره‌کان له‌سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت بوون. هه‌رکه‌س ده‌ستی ژن و منداڵی خۆی گرتوه‌و له‌ شه‌وو ڕۆژیانه‌وه‌ ئاواییان به‌جێ هێشتوه‌. پێش ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی ڕووناک بێته‌وه‌ من و چه‌ند که‌سی دیکه‌ که‌ بچوکه‌که‌یان من بووم به‌ناو ئاواییدا تێپه‌ڕین و دیمه‌نی چۆڵ و ماتی شاره‌که‌ سێبه‌ری ده‌خسته‌ سه‌ر داهاتوو. سێبه‌رێک که‌ تانوکه‌ش وه‌ک په‌ڵه‌یه‌کی تاریک ئاسمانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی به‌ر نه‌داوه‌ و وه‌ک دێوه‌زمه‌ دایپۆشیوه‌. بنکه‌ی ڕێکخراوو لک چۆڵ بوون و که‌سی تێدا نه‌مابوو. به‌ره‌و خوار ئاویی و کۆخی سه‌ید ئه‌لی داپه‌ڕینه‌ خوار.

پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵکێکی زۆر به‌ده‌وری ته‌رمی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌وه‌ ئاپۆره‌یان دابوو. حه‌مه‌ له‌و تێکۆشه‌ره‌ وریاو چاونه‌ترسانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوو. کادری سیاسی لکی سێ و خاوه‌ن خۆشه‌ویستیه‌کی تایبه‌تی بوو. له‌وه‌ش زیاتر حه‌مه‌ هاوشاری و هاوگه‌ڕک و ته‌نانه‌ت تێکه‌ڵی بنه‌ماڵه‌ییشمان هه‌بوو‌. بۆیه‌ش په‌ژاره‌یه‌کی زۆر دایگرتم. ته‌مه‌نم گه‌لێک بچووک بوو. به‌جۆرێک که‌ ئاسان نه‌بوو که‌ هه‌ست به‌ کووڵایی خه‌می ئه‌و کۆسته‌ بکه‌م، به‌واتایه‌کی دیکه‌، مناڵ بووم مناڵ!!. ئه‌و قالۆره‌ی به‌شانمه‌وه‌ بوو ناوی ژ-3 بوو، که‌ له‌شانم ده‌کرد به‌ ئاسته‌م له‌ زه‌وی جیا ده‌بووه‌وه‌. به‌و حاڵه‌ش نه‌متوانی به‌ری داوه‌رینی فرمێسکه‌کانی ناو کالانی چاوه‌کانم بگرم و به‌خوڕ به‌سه‌رگۆنامدا هاتنه‌ خواره‌وه‌و به‌ره‌و ناخی زه‌وی خلۆر بوونه‌وه‌.

باسی ئه‌وه‌ بوو له‌ کوێ به‌خاکی بسپێرن و چۆن ماڵه‌وه‌یان ئاگادار بکه‌ن. کورد گوته‌نی ئه‌وکاته‌ ئه‌ز نه‌سه‌ری سیر بووم و نه‌ بنچکی پیواز. بۆیه‌ش ئه‌زو گه‌لێکی وه‌ک من هه‌ر چاوه‌ڕێ به‌رپرس و ده‌مڕاست و ...ان بووین تابزانین بڕیار چیه‌و چ ده‌که‌ین. پاش چێشته‌نگاوێ بڕیاری ڕۆیشتن درا. ئه‌وکات من هه‌ڕه‌م له‌بڕه‌ی نه‌ده‌کرده‌وه‌ و بۆ هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک ده‌ڕۆیشتن بۆم تازه‌ بوو. کۆخه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئاواییش چۆڵ ببوون و که‌سی تێدا نه‌مابوو. له‌ یه‌کێک له‌ کۆخه‌کان لامانداو بۆخۆمان ده‌ستمان به‌ چێکردنی هه‌ڵواکردوو ئه‌و ژه‌مه‌مان له‌کۆڵ کرده‌وه‌!.
هه‌روا به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ یه‌ک یه‌ک و دوو دوو به‌ باریکه‌ ڕێ و بزنه‌ ڕێیاندا ڕێگه‌مان ده‌بڕی، کاتێکمانزانی ئه‌وانی پێشه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون و چاوه‌ڕێن هه‌مووان بگه‌نه‌ ئه‌وێ. دیاربوو له‌و ماوه‌ ڕێڕۆیشتنه‌دا بریاری دیکه‌ دراوه‌.
یه‌کێک له‌ بڕیاره‌کان ئه‌وه‌بوو که‌ من و یه‌کدو که‌سی دیکه‌ که‌ سه‌ر به‌ڕێکخراوی پاش ئاربه‌با بوین به‌ره‌و بله‌کێ بچین و منی مێرمناڵیان دابوو به‌ گومرکی بله‌کێ!. که‌ پێان گوتم ته‌که‌ له‌ سه‌رم ده‌هات. گومرک چیه‌و بله‌کێ کوێ‌یه؟..‌ نازانم!!!. به‌ڵێ ڕێکه‌وتین. به‌ چه‌می برینجاڕاندا داگه‌ڕاین و تاگه‌یشتینه‌ چه‌می بله‌کێ و له‌وێش به‌ره‌و بله‌کێ هه‌ڵگه‌ڕاین. گه‌یشتینه‌ بله‌کێ و منیا دایه‌ ده‌ست که‌‌سێک به‌ نێوی سه‌یفه‌ی ئه‌مین نژاد*. دیاره‌ ئه‌م به‌ڕێزه‌ به‌رپرسی گومرکی بله‌کێ بووه‌و وادیاربوو هه‌ر بۆخۆشی به‌ته‌نێ بوو. یان من نایه‌ته‌ هزرم که‌ پێشتر که‌سی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ بووبێ. به‌هه‌ر حاڵ لێره‌وه‌ ژیانی من پێی نایه‌ قۆناخێکی دیکه‌وه‌.

بله‌کێ گوندێک بوو که‌ تا سنوری باشور مه‌ودایه‌کی زۆری نه‌بوو. ڕۆژانه‌ به‌ ده‌یان و سه‌دان بار کوتاڵ و شه‌کرو برنج و که‌لوپه‌لی دیکه‌ ده‌هاته‌ ئه‌وێ و ئاودیوی سنور ده‌کرا. ئه‌وه‌نده‌ی بزانم له‌و دیوه‌وه‌ شه‌کرو برنج و شیرو ...له‌و شتانه‌ ده‌هات و له‌م دیویشه‌وه‌ کوتاڵ و شتی دیکه‌ ئاو دیوو ده‌کرا. شه‌وانه‌ تا به‌یانی له‌سه‌ر ئه‌و ڕێ‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستام و بارم گومرک ده‌کردن. دیاره‌ هێندێک له‌ کاروانچیه‌کان ناوی خاوه‌ن باره‌که‌یان ده‌داو ژماره‌ی باره‌کان و منیش وه‌ره‌قه‌م بۆ ده‌بڕین و پاشان سبه‌ینێ ده‌چوین پاره‌که‌یمان له‌ خاوه‌ن بار وه‌رده‌گرت.
ڕۆژانه‌ کارم به‌ سێناییتر بوو!. کاری بنکه‌ واته‌ چێشت لێنان و چالێنان و گه‌ڕان له‌ ناو بارخانه‌که‌دا بۆ باری نوێ و ئه‌و بارانه‌ی که‌ شه‌وی ڕابردوو هاتبوون تا گومرکیان لێ وه‌رگرم. بنکه‌که‌مان له‌ ناو خانویه‌کی به‌رزدابوو که‌ ژێره‌که‌ی دوکانی حه‌مه‌ چکۆل بوو سه‌ره‌که‌شی دوو به‌ش بوو به‌شێکیان بنکه‌ی ئێمه‌و به‌شه‌که‌ی دیکه‌ش بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید عه‌لیه‌ ڕه‌شی تێدا بوو.
ته‌نی ئه‌ز به‌شه‌و گومرکم ده‌کرد. به‌رپرسیش که‌ که‌سێکی که‌ته‌ی زله‌و ورگن بوو زۆرتر خه‌ریکی قلیان کێشان بوو!. هه‌ندێک براده‌ریشی له‌ بله‌کێ بوون که‌ شه‌وانه‌ له‌کاتێکدا من ڕێگه‌م کۆنتڕۆڵ ده‌کرد ئه‌و له‌گه‌ڵ براده‌ره‌کانی خه‌ریکی دانیشتن و خواردن و خواردنه‌وه‌ بوو.

ڕۆژێک بۆ شێوو کوڵکردن داگه‌ڕام بۆ چه‌مه‌که‌ی خوار ئاوایی. هاوین بوو و بایه‌کی فێنک ئه‌و دۆڵه‌ێ داگرتبوو. له‌ پێشدا پانتۆڵ و کراسم شتن و به‌سه‌ر به‌ردی ناوچه‌مه‌که‌دا هه‌ڵمخستن، پاشان چوومه‌ ناو ئاوه‌که‌ و ماوه‌یه‌ک مه‌له‌مکردو دواتر خۆم وشککرده‌وه‌ و ویستم جلو به‌رگه‌کانم له‌به‌ر بکه‌مه‌وه‌، کاتێک چاو ده‌گێڕم پانتۆڵ دیار نیه. خه‌م دایگرتم. به‌ خۆم ده‌گوت له‌وه‌یه‌ که‌سێک بردبێتی و یان به‌گاڵته‌ لێ شاردبمه‌وه‌.. هزرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو که‌ با بردبێتی یان که‌وتبێته‌ ئاوه‌که‌وه‌ و ئاوه‌که‌ له‌گه‌ڵ خۆیا بردبێتی. هه‌رچۆنێک بوو ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانیشتم. هه‌ر ئه‌و پانتۆڵه‌م هه‌بوو. دنیام لێ وێکهاتبوه‌وه‌. ئاخر چۆن به‌و ڕوته‌ڵیه‌ بچمه‌وه‌ بۆ بنکه‌. یان له‌ بنکه‌ به‌بێ پانتۆڵ چ بکه‌م. ڕوناکاییم شک نه‌ده‌برد. ماڵه‌وه‌شمان نازانم پاش ئه‌و ڕۆژه‌ی لێک دابڕاین له‌ کوێ گیرساونه‌وه‌. ناو گیرفانیشم کێچ له‌ به‌تاڵیان سه‌وزه‌ڵێ و سه‌وزه‌ڵێیان تیایدا ده‌گوت. به‌تاڵ و حه‌تاڵ. یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وکات 250تمه‌‌ن بوو، ئه‌ویش نه‌ما بوو، بۆ پانتۆڵکرینیش نه‌ ده‌بوو. به‌هار حاڵ کێشه‌ی پانتۆڵ هه‌موو هزرو بیری داگیرکردبووم. هزری مێر منداڵانه‌م ڕێی بۆ هیچ شوێنێک نه‌ده‌برد. ته‌نیا هیوام ئه‌وه‌ بوو شه‌و بێت و به‌ په‌ناو په‌سیواندا خۆم بگه‌یه‌نمه‌وه‌ بنکه‌. ترسیشم له‌ کاکی به‌ر پرس هه‌بوو که‌ بڵێی چۆن له‌گه‌ڵم هه‌ڵسوکه‌وت بکات!. له‌سه‌ر به‌ردێکی هه‌ڵتروشکابووم و له‌گژ هزران ڕاچووبووم. سێبه‌ر ورده‌ورده‌ پڕ ده‌بوون و ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ملی نابوو. کت وپڕ ده‌نگێکی به‌رز له‌سه‌ر ته‌باره‌ به‌رزه‌که‌ی پشت چه‌مه‌که‌وه‌ بانگی ‌کرد:
خااااالییید.. خااااااالییید...!!!
یه‌کسه‌ر ناسیمه‌وه‌. ئه‌نوه‌ر** کوڕی عه‌لیه‌ ڕه‌شی دراوسێ بنکه‌که‌مان. هاوته‌مه‌نی خۆم بوو.
له‌خۆشیان هه‌ڵبه‌زیمه‌وه‌و وڵامم دایه‌وه‌.
گوتی ئه‌وه‌ بۆ نایه‌یته‌وه‌ بۆ بنکه‌ لێره‌ چده‌که‌ی؟
گوتم: پانتۆڵه‌که‌م نه‌ماوه‌.. نازانم چی لێهاتوه‌..؟
گوتی: بۆ نه‌ماوه‌ چی لێهاتوه‌؟!
گوتم: نازانم.. تا مه‌له‌م کرد و هاتمه‌وه‌ تماشامکرد نه‌ماوه‌!
ئه‌م گوتوبێژه‌ به‌ ده‌نگی به‌رزو ئه‌و له‌ شوێنی خۆی منیش له‌ شوێنی خۆم.
سه‌ره‌نجام ئه‌نوه‌ر گوتی دانیشه‌ ئێسته‌ ده‌چم پانتۆڵی خۆمت بۆ دێنم!
منیش چاوه‌ڕێ مام و گه‌لێکش خۆشحاڵ بووم که‌ ئه‌نوه‌ر ئه‌و چاکه‌یه‌ی له‌ ته‌کدا کردم و له‌و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ ڕزگاری کردم. پاش سی چل خوله‌ک ئه‌نوه‌ر پانتۆڵێکی خۆی بۆ هێنام و پێکه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ بنکه‌. کاتێک گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ بنکه‌ کاکی به‌رپرس گرژو مۆن بوو. چیرۆکه‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر گوێشی نه‌بزوت و سه‌ر خۆی نه‌هێنا. واته‌ گوێی لێخه‌واند. منێک که‌ ڕۆژانه‌ چه‌پکه‌ کاغه‌زی بۆ ده‌که‌مه‌ پاره‌و هه‌موو ئێواره‌یه‌ک ده‌یخه‌مه‌ ناو ده‌ستی! به‌هزریا نه‌هات که‌ من پێشمه‌رگه‌م و پانتۆڵم نه‌ماوه‌و پانتۆڵێکم بۆ بکڕێ. ڕۆژ و مانگ تێپه‌ڕین و من هه‌ر پانتۆڵه‌ ئه‌مانه‌ته‌که‌ی ئه‌نوه‌رم له‌پێدایه‌. چیرۆکی ئه‌م پانتۆڵه‌ ده‌ماوده‌م ده‌گاته‌ ماڵه‌وه‌ و ئه‌وانیش زۆر نیگه‌ران ده‌بن!. به‌هه‌ر کوێره‌وه‌ریه‌ک بوه‌ ده‌ستێک کراسو پانتۆڵم بۆ ده‌کڕن و ده‌ستاوده‌ست بۆم ڕه‌وانه‌ ده‌که‌ن. پاش ماوه‌یه‌ک پێم گه‌یشت و گه‌لێک گه‌شامه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و خراپی و بێده‌ربه‌ستیه‌ی کاکی به‌رپرس من به‌ بێ ماندوبوون شه‌وانه‌ تا دره‌نگانی به‌یانی له‌سه‌ر ڕێی کاروانچیان ڕاده‌وه‌ستام و بارم گومرک ده‌کرد و سبه‌ی ئێواره‌که‌شی پاش چنینه‌وه‌ی هه‌موو پاره‌که‌ دوده‌ستی و به‌ ئه‌ژمارده‌ ڕاده‌ستی کاکه‌ سه‌یفه‌م ده‌کرد. یه‌کێک له‌و شه‌وانه‌ کاروانێک هات و ئه‌زیش داوای گومرکم لێکردن.. کارونچیه‌کان گوتیان که‌ باری مه‌لا عه‌لی بانوانن. وه‌ک پێشتریش باسمکرد له‌ نێوان ئێمه‌و خاوه‌ن بارو کاروانچیه‌کان بڕاو متمانه‌‌ به‌یه‌ککردن هه‌بوو. هه‌ربۆیه‌ له‌ کاتی وادا وه‌ره‌قه‌ی گومرکه‌که‌م ده‌بڕی و ده‌مدایه‌ ده‌ستی کاروانچیه‌کان و سبه‌ی له‌ خاوه‌ن بار، که‌ دوکان و شوێنیان له‌ بازاڕی بله‌کێ هه‌بوو پاره‌که‌یانم به‌ پێ ئه‌و له‌تکه‌ وه‌ره‌قانه‌ی لای خۆم ده‌مایه‌وه‌ وه‌رده‌گرت. بۆ ئه‌و بارانه‌ی مه‌لا عه‌لی بانوانیش حه‌وت وه‌ره‌قه‌ یان چه‌کی په‌نجا تمه‌نیم بۆ بڕین. به‌یانی هه‌روه‌ک ڕۆژانی پێشتر که‌ ڕومکرده‌ دوکانی مه‌لا عه‌لی و داوای 350 تمه‌نه‌م لێکرد، مامۆستا فه‌رموویان که‌ باری من نه‌بوون و من ئه‌مشه‌و بارم بۆ نه‌هاتوه‌. کوره‌ دایکت چاک، باوکت چاک!!.. من شه‌وی ڕابردوو وه‌ره‌قه‌ی حه‌وت بارم به‌ناوی به‌ڕێزتانه‌وه‌ بڕیوه!.. هیچ‌. هه‌رچی هه‌وڵمدا مه‌لا نه‌چوه ژێر باری ئه‌وه‌ی که‌ باره‌کان هی ئه‌و بوون و پاره‌که‌م بداتێ. سه‌رتان نه‌ ئێشێنم منیش ده‌ست له‌ .... درێژتر به‌ نابه‌دڵی هاتمه‌وه‌. کاتێک چیروک و به‌سه‌رهاتم بۆ کاکی به‌رپرس گێڕایه‌وه‌ و پێمگوت حاڵ و حساو ئاواسه‌، ئه‌ویش پێ خسته‌ که‌وشێکیه‌وه‌ و گوتی ئیلانه‌و بیلانه‌ ده‌بێ بۆ خۆت پاره‌ی ئه‌و وه‌ره‌قانه‌ بده‌ی!.
ئه‌وجا سه‌رم لێ ماسی و نه‌مده‌زانی چ بکه‌م و چۆن ئه‌و پاره‌ی بده‌مه‌وه‌ به‌ کاکی به‌ر پرس و ئیتر بۆی به‌قوڕێ بگرم و بڕۆم بۆ شوێنێکی دیکه‌. وه‌ک له‌سه‌ره‌‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا یارمه‌تی مانگانه‌ 250 تمه‌ن بوو. واته‌ ده‌بوو دو هه‌یڤان ڕاوه‌ستم تا پاره‌ی بۆ باری مه‌لا عه‌لی بانوان بده‌م که‌ حاشای لێکرد!!.
سه‌ری مانگ نزیک بوه‌وه‌ و منیش چاوه‌ڕێم ڕۆژه‌کان زوو تێپه‌ڕن و له‌و به‌قوڕێگیراوه‌ی ڕزگاریم بێت. وادیار بوو ئه‌وجار به‌خت ڕووی تێکردبووم. کاتێک که‌ سه‌ری مانگ هات و کاکی به‌رپرس ویستی یارمه‌تیه‌که‌م وێدا، پێی گوتم که‌ یارمه‌تی بۆته‌ 350 تمه‌ن. منیش به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر خۆمی بێنم له‌ دڵه‌وه‌ خۆشحاڵ بووم. به‌رپرسی به‌ڕێز! وه‌بیری هێنامه‌وه‌ که‌ 350تمه‌ن بێجێم و ئه‌زیش له‌ڕێی نه‌وه‌ستام ڕسته‌که‌ی ته‌واو بکات و گوتم ئه‌و 350 تمه‌نه‌ یارمه‌تیه‌ی بخه‌ره‌جێگای. کاکی به‌رپرسیش بێ دوودڵی په‌سه‌ندی کرد. پاشان به‌ عه‌رزیم گه‌یاند که‌ من چیدیکه‌ ناخوازم له‌م بنکه‌یه‌ بمێنم و ده‌مه‌وێ بڕۆم بۆ کۆمیته‌ی شارستان. ئه‌ویش گه‌لێکی مینگه‌ مینگ گرته‌وه‌ و پێمل نه‌ده‌بوو. پاشان گوتم ماوه‌یه‌که‌ ماڵه‌وه‌م نه‌دیوه‌ و وه‌ڕزیمکردون ده‌مه‌وێ سه‌ردانێکی ماڵه‌وه‌ بکه‌م. به‌وه‌یان ڕازی بوو .. ئیتر هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ڕێکه‌وتم و خۆم گه‌یانده‌ کۆمیته‌ی شارستان که‌ له‌ گوندی نیروانی بناری سورکێو بوو، له‌وێ مامه‌و‌‌ه‌و هه‌ر ‌له‌وێوه‌ هه‌واڵی ماڵه‌وه‌م زانی.
تا به‌سه‌رهاتێکی دیکه‌ به‌ دوعا!
تێ بینی:
* گه‌لێک له‌ بیره‌وه‌ریه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیم له‌ ده‌فته‌ری بیروه‌ریدا ده‌نوسیه‌وه‌ و لێره‌و له‌وێ به‌جێم هێشتوه‌و به‌ ئه‌مانه‌ت داومه‌ به‌ دۆست و ئاشنایان تا بۆم هه‌ڵگرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌یان فه‌وتاون و نه‌ماون. ئه‌وه‌ی که‌ نوسیومه‌ته‌وه‌ بیرهێنانه‌وه‌یه‌ و ساڵ و ڕۆژ و مانگی نازانم!. گه‌ر جار جار ده‌رفه‌ت هه‌بێت به‌رکوڵێکیان لێده‌نوسمه‌وه‌. دیاره‌ زۆرتر واباوه‌ باسی شه‌ڕو چالاکی پێشمه‌رگانه‌ بنوسرێ و بگێڕدرێته‌وه و که‌متر خۆ له‌ قرێژی و ناشیرینیه‌کان ده‌درێ‌. به‌ڵام من وه‌ک له‌گه‌ڵ زۆر شتی باودا ته‌بانیم له‌گه‌ڵ ئه‌و باوه‌شدا ناتابه‌م. ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی گه‌ر گه‌لێک شتی جوان و بۆ خۆڕانانی تێدا بوه‌، گه‌ر گه‌لێک ڕوداوی جێگای سه‌رنج و چالاکی ئازایانه‌ و له‌خۆ بوردوویی بێوێنه‌ی تێدا بوه‌. گه‌لێک شتی نه‌شیاو ڕوداوی نه‌خوازراوو هه‌ڵسوکه‌وتی دور له‌ ژیریشی تێدا هه‌بووه. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ڕوداوگه‌لی خۆش و پێکه‌نیندار.‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ جێیخۆیه‌تی بنوسرێنه‌وه‌.
**سه‌یفه‌ی ئه‌مین نژاد یه‌ک دوساڵ دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ بن سێبه‌ری ڕژیم.***ئه‌نوه‌ر کوڕی گیانبه‌ختکردو عه‌لی حه‌نیفی ناسراو به‌ عه‌لی‌یه‌ ڕه‌ش، تێکۆشه‌رێکی گیانبه‌ختکردوو قارمان بوو که‌ دوژمن به‌ عه‌لی سیا ده‌ی ناسی و به‌ناوهێنانی نه‌تره‌یان ده‌چوو. له‌ شه‌ڕی جاده‌ی بانه‌ سه‌رده‌شت گیانی له‌ده‌ست دا. ئه‌نوه‌ریش پاش ئه‌‌وه‌ی چه‌ندین ساڵ پێشمه‌رگه بوو، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای ڕژیم و له‌ دژی ئامانجه‌کانی باوکی ده‌ستی دایه‌ چه‌ک و سه‌ره‌نجام هه‌ر به‌ده‌ستی ڕێبوارانی ڕێگای باوکی گیانی له‌ده‌ستدا!. ئه‌نوه‌ر هێشتا منداڵکار بوو که‌ توشی ئه‌و چاره‌ نوسه‌ قرێژه‌ هات.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home