ژنان له گه‌مارۆی توند و تیژیدا
ژنان له گه‌مارۆی توند و تیژیدا
نووسین و ئاماده كردنی: دوكتۆر روئیا تلووعی
میَژووی مرۆڤـ پرِه له توندوتیژی و شه‌رِ و ئاژاوه نانه‌وه. میَژوویه‌كی پیاوسالارانه كه بناغه‌كانی توندوتیژیش هه‌ر له‌و بۆته پیاو سالارانه دایه. توندوتیژی دژ به ژنانیش به دریَژایی میَژوو به‌رده‌وام بووه و دیارده‌یه‌كی جیهانیه و تایبه‌ت به یه‌ك جوگرافیا و كۆمه‌ڵگاش نیه. ره‌نگه چۆنییه‌تی توندوتیژی به هۆی تایبه‌تـمه‌ندیگه‌لی رامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك چه‌شنه جیاوازیگه‌لیَكی پیَكه‌وه ببیَ، به‌ڵام دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ژنان له گشت چیـن و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ته‌مه‌ن و ئاییـن و سیسته‌می ئابووری و ئایدیولۆژییه‌كدا بینراوه. له سیسته‌می پیاوسالاریدا ژن وه‌ك شه‌مه‌ك سه‌یر ده‌كریَ و مڵكی پیاوانه و به‌م هۆیه پیاو خۆی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌زانیَ و مافـی توندوتیژی دژ به ژن بۆ خۆی داده‌نیَت. روانگه‌ی ده‌سه‌ڵات و چۆنییه‌تی به‌كار هیَنانی هیَز و قودره‌ت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، كاریگه‌ریَتی راسته‌وخۆی هه‌یه له چۆنییه‌تی روانگه‌ی كۆمه‌ڵ سه‌باره‌ت به ژن. له سیسته‌می پیاوسالارانه‌دا پیاوان وه‌ك خاوه‌نی هیَز و توانای فیزیكی زۆرتر و گروپیَكی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ژنانیش وه‌ك جنسی دووه‌م و ژیَرده‌سه‌ڵاتی پیاوان سه‌یر ده‌كریَن. له سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی جیهاندا ده‌سه‌ڵات و قودره‌ت و سه‌رده‌ستی و به‌رپرسایه‌تی به ره‌وایی و دادپه‌روه‌ری له نیَوان ژن و پیاودا دابه‌ش نه‌كراون. تویَژینه‌وه‌كان ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات كه توندوتیژی پیاوان دژ به ژنان هه‌وڵیَكه بۆ كونتـرۆڵ كردن و به‌كارهیَنان و نیشان دانی هیَز و توانا له لایه‌ن پیاوانه‌وه، هه‌رچه‌ند كه سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تیه پیاوسالاره‌كانی جیهان تیَده‌كۆشن توندوتیژی دژ به ژنان به بیانووی خۆشه‌ویستی و عه‌شقی زۆری ژن له لایه‌ن پیاوه‌وه و پیَویستی پیاو به خۆنواندن له باری توانا و هیَز و بارودۆخی فیزیكی و هۆرمۆنه جنسییه‌كانی پیاو وه‌ك شتیَكی سروشتی نیشان بده‌ن. خانـم دوكتۆر «شه‌هلا ئیعزازی» كۆمه‌ڵنانس له تاریفی توندوتیژیدا ده‌ڵیَ: ناوه‌رۆكی توندوتیژی نابه‌رابه‌ری هیَز و قودره‌ته، كه‌واته كاتیَك تاك خاوه‌ن هیَزه و له‌و هیَزه بۆ ناچار كردنی ئه‌ویدی بۆ هه‌ڵسوكه‌وت كردن له سه‌ر مه‌یل و ره‌زای خۆی به بیَ مه‌یل و ره‌زای ئه‌وی‌تر كه‌ڵك وه‌رده‌گریَ، توندوتیژی به‌دی دیَت. هه‌روه‌ها پیَی وایه كه: كاتیَك بیـر و هزری كۆمه‌ڵگا له سه‌ر نابه‌رابه‌ری سروشتی نیَوان ژن و پیاو داده‌مه‌زریَ و نابه‌رابه‌ریه‌كی سروشتی له دابه‌شكردنی كاردا به‌دی دیَت و كیَشه‌ی جنسی ساز ده‌بیَ. ئه‌و سفه‌تانه‌ی هی پیاوه پۆزه‌تیڤ و سفه‌ته‌كانی ژن نیگه‌تیڤ سه‌یر ده‌كریَ. ئه‌و پیاوانه‌ی كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن په‌ره ده‌ده‌ن به ئایدۆلۆجیای شیاوی پیَگه‌ی خۆیان كه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵاوردن جنسییه و ژن و پیاویشی پیَ قانیع و ره‌زامه‌ند ده‌كه‌ن. به هه‌ر حاڵ توندوتیژی دژ به ژنان دیارده‌یه‌كی ناحه‌زه كه ته‌نیا به شیَوه‌ی لیَدان و ئازاری فیزیكی نیه، به‌ڵكو به شیَوه‌ی هه‌رِه‌شه و جنیَو و سووكایه‌تی و سه‌ركوت و هه‌ڵاوردن و ئازاری جنسیش ده‌بیندریَ. به پیَی برِیارنامه‌ی 104/8ی UN توندوتیژی دژ به ژنان بریتیه له هه‌ر چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی توخم كه بیَته هۆكاری ره‌نج و ئازاری جه‌سته‌یی، جنسی یا ده‌روونی ژن یا هه‌رِه‌شه به‌و ئازارانه یا بیَبه‌شكردن له ئازادی چ له ژیانی تایبه‌ت بیَ یا له به‌ر چاوی خه‌ڵكی تردا بیَت. (دوكتۆر راشیَل جیوكیش 1999)زۆر جیَگای داخه كه به‌شیَكی گه‌وره‌ی توندوتیژییه‌كان له لایه‌ن خودی ژنانه‌وه به شتیَكی ره‌وا ده‌زاندریَ و ده‌شاردریَته‌وه. به‌رِه‌وا زانینی توندوتیژی وای كردووه كه كاتیَك ژنیَك توندوتیژی له‌گه‌ڵ ده‌كریَ، خه‌ڵك له جیاتی پشتیوانی له‌و ژنه، وه‌ك گوناهباریَك سه‌یری ده‌كه‌ن و پیَیان وایه ئه‌و ژنه كاریَكی كردووه كه شیاوی ئه‌و توندوتیژیه بووه. بۆ نـموونه پیاویَك له ئوتوبوسی ناو شاری تاران‌دا كه پرِ بوو له خه‌ڵك، خۆی له ژنیَك نزیك كرده‌وه و ده‌ستی بۆ برد و بیَ حورمه‌تی پیَ كرد. كاتیَك ژنه‌كه هاواری كرد چه‌ند پیاوی تری ناو ئوتوبوسه‌كه وتیان: خانـم خه‌تای تۆیه؛ تۆ خۆت جوان داپۆشه! نـموونه‌ی‌تریش: ژنیَك بوو له سنه كه به ده‌ست میَرده‌كه‌ی له گه‌رماوی ماڵه‌كه‌یان نه‌وتی پیا كرا و سووتا؛ ده‌رودراوسیَ وه‌ك رووداویَكی ئاسایی بۆ یه‌كیان ده‌گیَرِاوه و ژنه‌كه‌یان به هۆی شه‌رِی بووك و خه‌سوو به تاوانبار و شیاوی ئه‌و سووتانه ده‌زانی! برِیَكیش ده‌یانوت داخۆ چی كردووه كه میَرده‌كه‌ی سووتاندویه‌تی! مه‌به‌ست له‌م دوو نـموونه هیَنانه به‌رچاوی هه‌ڵسوكه‌وتی ئاسایی خه‌ڵكه له به‌رامبه‌ر پرسی توندوتیژی دژ به ژنان. كۆمه‌ڵگای ئیَمه پرِه له‌و خه‌ڵكه ئاساییه كه وه‌ها بیـر ده‌كه‌نه‌وه و روانگه‌یه‌كی لوجیَك و مه‌نتیقی زانستیان له به‌رابه‌ر كیَشه‌كه‌دا نیه و ئه‌مه‌ش خۆی ده‌توانیَ یه‌كیَك له هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی بیَ. ئه‌م روانگه‌یه واته «ژن به تاوانباری هه‌تاهه‌تایی ناسیـن» هیچ نیه مه‌گه‌ر خه‌ڵاتی پیاوسالاری كه بناغه‌ی له ره‌وایه‌تی ئایینی و كولتووری كۆمه‌ڵگادا هه‌یه و ده‌ستی پیاو بۆ هه‌موو جه‌نایه‌تیَك ئاواڵا ده‌كات. له لایه‌كیشه‌وه ژنان له ناو سیسته‌می پیاوسالاری وا داهاتوون كه بۆ راگرتنی ئابرِووی خۆیان و به هۆی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و بیَ‌په‌نایی و بیَ دایك بوونی منداڵه‌كانیان (به تایبه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگایانه كه به پیَی یاسا منداڵ هی باوكه و هه‌ر به باوك ده‌دریَ) و هه‌روه‌ها به هۆی بیَ‌په‌نایی خودی ئه‌و ژنانه و به‌ره‌وا زانینی توندوتیژی له لایه‌ن كۆمه‌ڵگا و نه‌ریته‌كان و ته‌نانه‌ت ماڵه باوك و كه‌س و كاری ژنه‌كه‌ش و هه‌روه‌ها ئازاری بیَوه‌ژنی هه‌ر چه‌شنه توندوتیژیه‌ك كه دژ به وان بكریَ قه‌بووڵی ده‌كه‌ن و ده‌یشارنه‌وه. جاری واشه ژنان زانیاریه‌كی دروستیان له‌سه‌ر چۆنییه‌تی توندوتیژی نیه و ته‌نیا لیَدان به توندوتیژی ده‌زانن.جیَگای سه‌رنـجه كه هه‌ر چه‌نده له‌م ساڵانه‌ی دواییدا پیَشكه‌وتن و زانست و ئاگایی له ئاستی جیهانیدا زۆرتر بووه، به‌ڵام به داخه‌وه ئاستی توندوتیژی دژ به ژنان هه‌ر نزم نه‌بۆته‌وه. جگه له لیَدان و توندوتیژی نیَو بنه‌ماڵه، توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی، سیاسی و كولتووری خۆی ده‌نویَنیَ.
1- توندوتیژی نیَو بنه‌ماڵه:ئاماره‌كانی سازمانی بیهداشتی جیهانی WHO له ئاكامی لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه له سه‌ر زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی بووه. ئاماژه به‌وه ده‌كات كه 25-16%ی ژنانی جیهان به ده‌ست هاوسه‌ره‌كه‌یانه‌وه تووشی ئازاری جه‌سته‌یی بوون. نزمتـرین ریَژه‌ی ئه‌م ئامارانه وڵاتگه‌لی پیَشكه‌وتوو و زیاترین ریَژه‌ی له هیند و مالیزی و نیكاراگۆئا بووه. هه‌روه‌ها ساڵانه 4 میلیون ژن له لایه‌ن میَرده‌كانیانه‌وه تووشی ئازاری جه‌سته‌یی ده‌بن و 28%ی پیاوانی جیهانیش له ژنه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن و 17%ی ئه‌و ژنانه تازه شوویان كردووه له لایه‌ن میَرده‌كانیانه‌وه تووشی توندوتیژی ده‌بن. خانـمی «نه‌یه‌ری ته‌وه‌كولی» مامۆستای زانكۆ له تاران ده‌ڵیَ: ئیَرانیش له‌و وڵاتانه‌یه كه زۆرترین ریَژه‌ی توندوتیژی دژ به ژنانی تیَدایه. لیَكۆڵینه‌وه‌ی قه‌تڵه‌كان له سیَ مانگه‌ی سه‌ره‌تای ساڵی 1383ی هه‌تاویدا نیشانی داوه كه 25-22%ی قه‌تڵه‌كان قه‌تڵی نیَو بنه‌ماڵه بووه هه‌روه‌ها 10%ی قه‌تڵه‌كانیش قه‌تڵی نامووسی و كوشتـن له سه‌ر شه‌ره‌ف بووه كه واته 35%ی قه‌تڵه‌كانی به‌هاری ئیمساڵ له ئیَراندا ژن كوژی له بنه‌ماڵه‌كاندا بووه! دوكتۆر «هادی موعته‌میَدی» (به‌رِیَوه‌به‌ری گشتی نوسینگه‌ی زه‌برتیَكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌ڵیَ: له ساڵی 1382ی هه‌تاوی 8332 توندوتیژی دژ به ژنان له بنه‌ماڵه‌دا تۆمار كراوه كه 2300ی لیَدان بووه 2000ی ئازاری ده‌روونی و 3000ی به كه‌مته‌رخه‌می و 945یشی توندوتیژی جنسی بووه.له نیَو بنه‌ماڵه‌كان به هۆی ئه‌وه‌ی هیَزی پیاو زۆرتره له ژن و له لایه‌كیشه‌وه یاساكانی كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كان به به‌رژه‌وه‌ندی پیاوانن و روانگه‌ی كۆمه‌ڵگاش زۆرتر دژ به ژنه و ریَگری له پیاوی توندوتیژ ناكات، به داخه‌وه توندوتیژی دژ به ژنان زۆر ده‌بیندریَ. ماڵه‌وه له باتی ئه‌وه‌ی ئه‌منتـرین شویَن بیَ بۆ ژن، نائه‌منتـرین جیَگایه و زۆربه‌ی توندوتیژییه‌كان دژ به ژنان له نیَو ماڵدا ده‌كریَ. له لایه‌كه‌وه بنه‌ماڵه و هه‌ریَمی ناو ماڵ وه‌ك هه‌ریـمیَكی تایبه‌ت سه‌یر ده‌كریَ و ته‌نانه‌ت پۆلیسیش ئیجازه به خۆی نادات له كیَشه‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌ییدا خۆی تیَكه‌ڵ كات یان كاتیَك ژن لای پۆلیس سكاڵا ده‌كات، به تایبه‌ت له ئیَران پۆلیس زۆر سارد و سرِ له‌سه‌ر كیَشه‌كه ده‌دویَ.به هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤـ حه‌ز ده‌كات داخه‌كانی خۆی به سه‌ر نزیكتـرین كه‌سی خۆیدا برِیَژیَ، پیاو كه له ده‌ره‌وه، له كۆمه‌ڵگا و شویَنی كار و... هتد ئازار ده‌بینیَ، ئه‌و ئازاره‌ی خۆی به شیَوه‌ی توندوتیژی به سه‌ر ژنه‌كه‌یدا نیشان ده‌دات، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه‌ش له بنه‌ماڵه‌یه‌كی توندوتیژدا په‌روه‌رده بووبیَ و هه‌ر له منداڵییه‌وه فیَری توندوتیژی كرابیَ. له هۆكاره‌كانی‌تری توندوتیژی پیاوان دژ به ژنان ده‌توانیَ ئیعتیاد و ئه‌لكهۆلیسم و حه‌سوودی و توورِه‌یی بآ. توورِه‌یی به‌رئه‌نـجامی شكانی غروور و هه‌ستی خۆ به كه‌م بینیـن و ترس و نزم بوونی ئاستی باوه‌رِ به خۆیه. مرۆڤی توورِه كاتی تیَكشكانی غروری زوو هه‌ڵده‌چیَت؛ بۆوه‌ی توورِه‌یی به نیشانه‌ی هیَز و قودره‌ت ده‌زانیَ. توورِه‌یی هه‌ر تایبه‌ت به نه‌خویَنده‌واران و هه‌ژاران نیه و له خویَنده‌وارانیشدا زۆر ده‌بینریَ. 25%ی ئه‌و ژنانه‌ی لیَیان دراوه میَرده‌كانیان خویَنده‌واری ئاكادمیكیان بووه. خانـم دوكتۆر ئیعزازی توندوتیژی ناو بنه‌ماڵه به 5 جۆر ده‌زانیَ: لیَدان، ئازاری ده‌روونی وه‌ك دڵپیسی و بوختان و هه‌ڵاواردن، توندوتیژی ئابووری وه‌ك پاره‌نه‌دان به ژن، توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك زیندانی كردن له ماڵ و توندوتیژی جنسی. هه‌روه‌ها كه له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا باس كرا توندوتیژی له لایه‌ن هاوسه‌ر یا نزیكتـرین پیاو ته‌نیا تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كان نیه و له كۆمه‌ڵگا پیَشكه‌وتووه‌كانیشدا ده‌بیندریَ. «ئناسۆ رامۆنه» مامۆستای زانكۆ له پاریس لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌م باره‌یه‌وه له ئه‌ورووپا هه‌یه. به پیَی ئه‌و لیَكۆڵینه‌وه 52-8% ژنانی وڵاتی پۆرتغال له لایه‌ن هاوسه‌ر و دۆستانیانه‌وه ئازار دراون. له ئا‌ڵمانیا و ئیسپانیا هه‌ر چوار رۆژ یه‌ك ژن، له به‌ریتانیا هه‌ر سیَ رۆژ یه‌ك ژن و له فه‌رِه‌نسه هه‌ر پیَنج رۆژ یه‌ك ژن ده‌كوژریَ. زۆربه‌ی ئه‌م قه‌تڵانه‌ش به ده‌ست هاوسه‌ر یا دۆستی پیاوه‌وه بووه. 30% به چه‌كی گه‌رم و 30% به چه‌كی سارد و 20% به خنكان و 10% به لیَدان ده‌مرن. «رامونه» ده‌ڵیَ: «توندوتیژی له بنه‌ماڵه‌دا تایبه‌ت به بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌كان نیه و هاوكات له‌گه‌ڵ زۆرتر بوونی سامانی بنه‌ماڵه، توندوتیژی دژ به‌ژنان زۆرتر بووه. له هۆڵه‌ندا 50%ی ئه‌و پیاوانه‌ی توندوتیژییان له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یان كردووه، خویَندنی ئاكادمیكیان بووه. خاڵیَك كه له لیَكۆڵینه‌وه‌ی «رامونه»دا جیَگای سه‌رنـجه ئه‌وه‌یه كه له وڵاتیَكی وه‌كو فینلاند كه به وڵاتی ژنان به‌ناوبانگه توندوتیژی دژ به ژنان هه‌ر به‌رده‌وامه و له نیَو یه‌ك میلیۆن ژنی فینلاندیدا 65/8 ژن له ساڵدا له نیَو بنه‌ماڵه‌ی خۆیاندا ده‌كوژریَن. له نۆرویج ئه‌م ره‌قه‌مه 58/6 و له لۆكزامبورگ 65/5 و دانیمارك 42/5 و سوید 59/4یه. «رامونه» پیَی وایه كه ئه‌م توندتیژیانه به هۆی نابه‌رابه‌ری ده‌سه‌ڵات و قودره‌ته له نیَوان ژنان و پیاواندا و هۆكاره‌كه‌شی سیسته‌می پیاوسالارییه كه ژیَرده‌سته بوونی ژن و سه‌روه‌ری بیۆلوژیكی پیاو به شیَوه‌یه‌كی سروشتی ده‌سه‌لـمیَنیَ. به پیَی ئاماریَكی‌تر 25-16%ی ژنان تووشی توندوتیژی له لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌بن و 20%ی ژنان ده‌ست‌دریَژی یان هه‌رِه‌شه‌ی ده‌ست‌دریَژییان لیَ ده‌كریَ.توندوتیژی دژ به ژنانی نیَو بنه‌ماڵه له كۆمه‌ڵگای كوردی به شیَوه‌گه‌لی كوشتنی ژنان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، لیَدان و ئازاری فیزیكی و جه‌سته‌یی، توندوتیژی له‌گه‌ڵ كچان و ژنان له‌سه‌ر هاتوچۆ بۆ ده‌ری ماڵ، له لایه‌ن باوك و برا و میَرده‌وه، جنیَو و شه‌رِ و سووكایه‌تی و هه‌ڵاواردن و ته‌بعیزی نیَوان كچ و كورِ و ئازاری ژنان تا ئه‌و راده‌ی كه خۆیان بۆ رزگاری له‌و ژیانه تاڵه‌یان ده‌سووتیَنن و... هتد، ده‌بیندریَ.شیَوه‌یه‌كی‌تر له توندوتیژی له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا به تایبه‌ت له شارۆچكه و دیَهاته‌كان له میَژه‌وه هه‌ر به‌رده‌وامه له نیَو بنه‌ماڵه‌دا. به هۆی ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كان به‌ربڵاون، هیَشتا كه‌م نیـن ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه بووك و خه‌سوو و دش پیَكه‌وه یان له پیَوه‌ندی نزیكدا ده‌ژین و هه‌روه‌ها به هۆی راهاتنی ژنان له سیسته‌می پیاوسالارانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ژن و ریَزی ژن به بۆنه‌ی كورِه‌وه‌یه، دایكی كورِ، بووكه‌كه‌ی وه‌ك دوژمنی خۆی ده‌زانیَ كه سه‌رنج و خۆشه‌ویستی كورِه‌كه‌ی به‌ره‌و خۆی راكیَشاوه و چه‌شنه رقه‌به‌رایه‌تیه‌ك له نیَوان بووك و خه‌سوو به‌دی دیَت. زۆر جار له‌م رقه‌به‌رایه‌تیه‌دا دایكه‌كه كاریگه‌ریَتی له‌سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتی كورِه‌كه‌ی ده‌بیَت و كورِه‌كه ناچار به توندتیژی دژ به بووكه‌كه ده‌كات (توندوتیژی نارِاسته‌وخۆی ژن دژ به ژن شیَوه‌ی ورووژاندی پیاو) یان خۆی دژ به بووكه‌كه‌ی توندوتیژی ده‌كات كه زیاتر به شیَوه‌ی شه‌رِ و جنیَو و سووكایه‌تی كردنه (توندوتیژی راسته‌وخۆی ژن دژ به ژن). نـموونه‌ی تازه‌ی ئه‌م توندوتیژییه به‌شداری دش و خه‌سوو له ئه‌شكه‌نـجه‌ی ژنیَكی گه‌نج له شارۆچكه‌ی دیَگولان بوو. ئه‌م چه‌شنه توندوتیژییه‌ش هه‌ر كاریگه‌ریَتی له سیسته‌می پیاوسالاری وه‌رگرتووه.
2- توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی دژ به ژنانتوندوتیژی دژ به ژنان وه‌ك قه‌یرانیَكی جیهانی سه‌رنـجی كۆمه‌ڵناسان، ده‌روونناسان و خه‌سارناسانی كۆمه‌ڵایه‌تی راكیَشاوه و به پیَی لیَكۆڵینه‌وه‌كان توندوتیژی یه‌كیَك له گرنگتـرین هۆكاره‌كانی كیَشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه.جگه له بنه‌ماڵه، توندوتیژی دژ به ژنان به داخه‌وه له كۆمه‌ڵگاش به‌رده‌وامه و به شیَوه‌گه‌لی جیاواز خۆی ده‌نویَنیَ.- توندوتیژی دژ به ژنان له مافـی هه‌ڵبژاردنی ئیش و خویَندن و مافـی ته‌ڵاق و سه‌رپه‌رشتی و... هتد.- توندوتیژی دژ به ژنان له میدیاكاندا وه‌ك پرِۆگرامگه‌لی ورووژیَنه‌ری توندوتیژی دژ به ژنان یا سه‌ركوت كردنی راسته‌وخۆ یا نارِاسته‌وخۆی كه‌سایه‌تی ژنان له به‌رنامه‌كاندا و كه‌ڵك وه‌رگرتن له جه‌سته‌ی ژنان به تایبه‌ت بڵاوكردنه‌وه‌ی ویَنه‌ی قیَزه‌ون له جه‌سته‌ی ژن له كاناڵه‌كانی ساته‌لایتدا یاخود داپۆشینیان به چارشیَو و وه‌ك ئامراز به كارهیَنانی ژن بۆ شانۆی چالاكی ژن له به‌رامبه‌ر كامیَراكاندا. (له ئیَران)- توندوتیژی دژ به ژنان له شویَنی كار یا خویَندنگه‌كان وه‌ك هه‌ڵاواردن دژ به ژنان له پله و پایه و ئیش و كار یا ده‌سكه‌وتی نابه‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ پیاو بۆ كاری یه‌كسان یا داخوازی جنسی له ناو دایره یا ده‌ره‌وه له له لایه‌ن به‌رپرسی پیاو.- توندوتیژی به شیَوه‌ی سووك سه‌یری ژن كردن ئه‌گه‌ر تا درنگیَك ناچار بیَ له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بیَت. ئه‌منیه‌ت و ریَزی ژن به هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بیَت یا ته‌نانه‌ت پیاویَكی له‌گه‌ڵ بیَت ئه‌گه‌رچی كورِیَكی 4-5 ساڵه‌ش بیَ.- مه‌ته‌ڵه‌ك وتن به ژنان و ده‌ست بردن بۆ جه‌سته‌ی ژنان له شه‌قامه‌كان و پیَشنیاری خراپ له لایه‌ن شۆفیـری پیاو به ژنان. جاری وایه دزین و ده‌ست‌دریَژی و كوشتنی ژنان. ئه‌م چه‌شنه توندوتیژییه ناشرینه به داخه‌وه له ئیَران زۆر ده‌بیندریَ و به داخه‌وه له شاره كوردنشینه‌كان به تایبه‌ت له سنه زۆره. به هۆی 25 ساڵ بیَ به‌شی و چاوبرسیه‌تی پیاوان چه‌شنه تینوویه‌تییه‌كی جنسی له پیاوانی ئیَرانیدا به‌دی هاتووه كه هیچ ژنیَك به تایبه‌ت ژنانی به ته‌مه‌نیش له مه‌ترسی «مه‌ته‌ڵه‌ك» و پیَشنیاری ناشرین له لایه‌ن پیاوانه‌وه به تایبه‌ت پیاوانی گه‌نـجه‌وه ئاسووده نیـن! زۆرن پیاوانی گه‌نج كه وه‌ك راوچی بۆ راوی ژن و كچ ده‌گه‌رِیَن و هه‌موو ژنیَكیش به به‌دكاره و سووك ده‌رِوانن. هه‌ر له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی پیَشوودا بوو كه ژن كوژی به ده‌ست پیاویَك كه ناوبانگی «شه‌مشه‌مه كویَره‌ی شه‌و» (خفاش شب) و قاتڵیَك به ناوی «سه‌عید حه‌نایی» كه ژنانی خیابانی ده‌كوشت ببوو به پرسیَكی داخ.- توندوتیژی دژ به ژنان له یاساكاندا: له ئیَران به‌ستیَنی یاساییش دژ به ژنانه و به هۆی یاساوه پیاو مافـی سه‌رپه‌رشتی به سه‌ر ژن و منداڵ هه‌یه و مافـی پیاو به پیَی شه‌رع و یاسا زۆر له مافـی ژن زیاتره. له لایه‌كی‌تریشه‌وه پیاو به هۆی «نه‌فه‌قه‌دان» به ژن مافـی «ته‌مكینی» ژنی پیَده‌دریَ واته ژن كه خه‌رجی له لایه‌ن پیاوه‌وه ده‌دریَ و ده‌بیَ جه‌سته‌ی خۆی هه‌ر كات پیاوه‌كه ویستی بـخاته ئیختیاری ئه‌و. هه‌روه‌ها به پیَی یاسا له ئیَران ئیجازه‌ی كار و ئیجازه‌ی سه‌فه‌ر و ئیجازه‌ی خویَندنی ژن به پیاوه. یاسای پشتیوانی له ژنان له كاتی توندوتیژی نیَو بنه‌ماڵه‌دا پته‌و نیه.- چه‌شنیَك توندوتیژی دژ به ژنان له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه تووشی قه‌یران وه‌ك قه‌یرانی شه‌رِن، ده‌بیندریَ و ئه‌وه‌ش توندوتیژی جنسیه له سه‌ر ژن. بۆ نـموونه له كاتی شه‌رِی گشتگیـری دووه‌مدا ژاپۆنییه‌كان، 212 ژنی كۆریاییان له ویَستگه‌ی حه‌سانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان به‌دیل گرتبوو و ناچاریان ده‌كردن كه رۆژانه خزمه‌تی سیَكسی به 50-45 سه‌رباز بده‌ن. له‌و ژنانه 88یان مردن و 131 ژنی زیندوو تووشی هه‌موو جۆره نه‌خۆشییه‌كی نه‌فسی و جه‌سته‌یی وه‌ك سوزاك و سفلیس بوون. له شه‌رِی بۆسنی سه‌ربازه سیـربه‌كان له سه‌ر ره‌گه‌زی منداڵی ناو سكی دایكی دووگیان چه‌ڵه‌مه‌شكیَنه‌یان ده‌كرد و سكی ئه‌و ژنه داماوانه‌یان به زیندوویی هه‌ڵده‌درِی. كچانی كوردی فرۆشراو به میسر و كچانی ئه‌نفال به‌ڵگه‌ی‌تری ئه‌م چه‌شنه توندوتیژیانه‌ن.- شیَوه‌گه‌لی‌تری توندوتیژی دژ به ژنان له كۆمه‌ڵگا هه‌یه كه به شیَوه‌ی توندوتیژی فیزیكی نیه، به‌ڵام ئازاری رۆح و ده‌روونی ژن ده‌دات. خاتوو Berit، پسپۆرِی ده‌روونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی له نۆرویج لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بووه له سه‌ر چۆنییه‌تی هه‌ڵسووكه‌وتی پیاوان له به‌رابه‌ر ژناندا بۆ نواندنی ده‌سه‌ڵات و قودره‌تی خۆیان به‌سه‌ر ژناندا. خاتوو Berit ئه‌م هه‌ڵسووكه‌وتانه ده‌كاته 5 ده‌سته: 1- گاڵته‌كردن به ژنان و به كه‌م زانینیان. 2- شاردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كان له ژنان و وتوویَژی نهیَنی پیَكه‌وه. 3- تاوانباری ده‌كه‌ن دایكیَكی چاك نیه و ئه‌گه‌ر چالاك نه‌بیَ تاوانباری ده‌كه‌ن هه‌ر دایكه و هیچی‌تر ناكات. 4- به‌هیَز كردنی هه‌ستی گوناهبار بوون له ژناندا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كاتیَك بیَ حورمه‌تییه‌ك به ژنیَك ده‌كریَ ئه‌وانی‌تر بۆ هۆكاری ئه‌و بیَ‌حورمه‌تیه له ژنه‌كه‌دا ده‌گه‌رِیَن. 5- خۆگیَل كردنی پیاوان له ژنان و وانیشان دان كه ژنان نابینن و ئاگاداریان نیـن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له كاتی قسه‌كردنی ژنیَك له هۆڵیَكدا، پیاوان كورسیه‌كانیان ده‌گۆرِن یا خۆیان به شتی‌تره‌وه خه‌ریك ده‌كه‌ن یا خۆیان بیَ تاقه‌ت نیشان ده‌ده‌ن.جیَگای سه‌رنـجه كه كیَشه‌ی ژنانی وڵاتیَكی پیَشكه‌وتوو وه‌ك نۆرویج، هه‌مان كیَشه‌یه كه بۆ ژنانی وڵاتانی دواكه‌وتووش هه‌یه و ئه‌مه‌ش ئاماژه به زاڵ بوونی پیاوسالاری له گشت كولتوور و وڵاتیَكدا ده‌كات و ئه‌وه ده‌سه‌لـمیَنیَ كه پیاو له هه‌ر شویَنیَكی جیهان بیَت هه‌ر پیاوه و حه‌ز ده‌كات به سه‌ر ژن‌دا زاڵ بیَت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بنویَنیَ. هه‌ر بۆیه رادیكاڵ فمینیسته‌كان سوورن له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی كیَشه‌ی ژن پیاوسالاریه و تاكو پیاوسالاری به‌رده‌وام بیَت كیَشه‌كانی ژن له هه‌ر سیسته‌میَكی حكوومه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی بیَ چاره‌سه‌ر ناكریَ.
3- توندوتیژی ئایینی دژ به ژنانله ئایینیشدا توندوتیژی دژ به ژنان هه‌یه و ژن وه‌ك نیوه‌ی پیاو له ماف و میـرات و خویَن و... سه‌یر ده‌كریَ. جگه له‌وه‌ش ئاییـن له برِیَك بابه‌تدا راده‌سپیَریَ له ژن بدریَ و پیاوه‌كه له‌گه‌ڵیدا نه‌خه‌ویَ و ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك له لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌كار دیَت كه لیَدان و توندوتیژی و كوشتـن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و فره‌ژنی و ئازاری رۆحی ژن به شتیَكی ره‌وا بزانن...
4- توند و تیژی سیاسی دژ به ژناندوور كردنه‌وه‌ی ژنان له ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌تی ره‌سـمی و ناوه‌ندی هیَز و قودره‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شتیَكی به‌رده‌وام بووه و فمیَنیسته‌كانیش دایم ده‌نگی نارِه‌زایی خۆیان له‌م باره‌وه ده‌ربرِیوه. ژنان له دیـموكراسیه رۆژئاواییه‌كاندا ته‌نانه‌ت مافـی ده‌نگدانیشیان نه‌بوو و بۆ گه‌یشتـن به‌و مافه خه‌باتیَكی زۆر و هه‌مه‌لایه‌نه‌یان كرد. ئیَستاش هه‌رچه‌ند ژنان مافـی ده‌نگدانیان له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هه‌یه، به داخه‌وه ریَژه‌ی ژن له ناوه‌ندی ره‌سـمی ده‌سه‌ڵات و برِیارداندا زۆر نزمه. له وڵاته كۆمۆنیسته‌كانیشدا هه‌رچه‌ند باس له ئازادی و رزگاری ژن زۆر كراوه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی سیاسیه‌كان هه‌ر تایبه‌ت به پیاوان بووه و پله‌وپایه‌ی به‌رز زۆرتر شیاءی ئه‌وان بووه.له ئیَران و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی ئایدۆلۆجیكیان هه‌یه، یاساكان ریَگری له به‌شداری ژن له پله‌و پایه‌ی به‌رزی سیاسی وه‌ك ریَبه‌رایه‌تی و سه‌رۆك كۆماری و به‌رپرسایه‌تی دادوه‌ری وڵات و ته‌نانه‌ت قازی و حاكمی ژن ده‌كات و جگه له‌وه‌ش به شیَوه‌ی نارِاسته‌وخۆ، هه‌ر چه‌ند كه ریَگری یاسایی له ژن له هه‌ندیَك مه‌قامدا نه‌كرابیَ، به‌ڵام وه‌ك نه‌ریتیَكی باو، ریَگری له ژنان ده‌كریَ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و... هتد.خاتوو «شه‌هلا ده‌باغی» له وتاری خۆی به ناوی «ده‌سه‌ڵات و جنس» ده‌ڵیَ: له دارِشتن و دابه‌ش كردنی نه‌خش و ده‌سه‌ڵات، ژن جنسی دووه‌مه و شویَنیَكی له هیـره‌می ده‌سه‌ڵاتدا نیه و ئه‌گه‌ریش هه‌یه جیَگه‌ی له خواره‌وه‌یه. ئه‌و ژنانه‌ی كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسیـن ده‌گمه‌نن و زۆر جار ده‌ستووری پیاوی سالاری به‌رِیَوه ده‌به‌ن.»فمیَنیسته‌كان گه‌یشتوونه ئه‌و قیناعه‌ته‌ی كه بۆ ژنان ته‌نیا مافـی ده‌نگدان به‌س نیه و ده‌بیَ بۆ به‌رِیَوه بردنی ئه‌و ریَورِه‌وشتانه‌ی كه بۆ چاكسازی بارودۆخی ژنان پیَویسته ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌روه‌ها بتوانن سه‌ر به خۆییان بیَت له‌برِیارداندا و به‌ڵیَ‌ویَژی پیاوان نه‌بن.له ئیَران ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا به‌رچاوه ئه‌وه‌یه كه كورد هه‌رچه‌ند باوه‌رِمه‌ند به سیسته‌میش بیَت، ده‌سه‌ڵات و مه‌قامی باڵای سیاسی پیَ نادریَ. باڵاترین مه‌قامی سیاسی به دوكتۆر ره‌مه‌زانزاده دراوه كه ئه‌وه‌ش ویَژه‌ری لیَژنه‌ی ده‌وڵه‌ته و خۆیشی له كه‌مینه‌ی مه‌زهه‌بی (سوننی) نیه. هیچ ژنه كوردیَك مه‌قامی سیاسی نیه. له پاریَزگای كوردستانیش هیچ ژنی كوردی نویَنه‌ری په‌رله‌مانـمان نیه. لیَره‌دا پیَویسته باسی ئه‌زموونیَكی تاڵ بكه‌م و ئه‌وه‌ش توندوتیژی پیاوانه له‌سه‌ر ژنیَك كه ده‌بیَته كاندیدای نویَنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان. جگه له‌وه‌ی كه خۆم به ده‌ست شۆرای نیگه‌هبان ره‌ت كرامه‌وه و مافـی خۆپاڵاوتنم پیَ نه‌درا و ئه‌مه‌ش به پیَشیَل كردنی مافـی مرۆڤایه‌تی ده‌زانـم پیَویسته ئاماژه به توندوتیژی ئه‌و پیاوه كاندیدایانه بكه‌م كه پیَیان وایه له كیَبه‌ركیَی هه‌ڵبژاردندا ده‌بیَ به هه‌ر ریَگه و ره‌شتیَك بیَ، ره‌قیب ده‌ركه‌ن. ئه‌م رقه‌به‌رایه‌تیه كه به ژن ده‌گات زۆر توند‌وتیژتر ده‌بیَت و ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی سیاسی و ئیخلاقیه له كاندیدای ژن ده‌ده‌ن و هیچ هه‌ریـمی حورمه‌تیَك ناهیَڵنه‌وه. ئه‌م ره‌وته واده‌كات كه به‌شداری ژنانی كوردی ئه‌م ناوچه له‌م بواره‌دا زۆر كه‌م بیَت به هۆی ئه‌وه‌ی تاقه‌تی راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو هرووژمه‌یان نیه. ژن تا نه‌بۆته كاندیدای نویَنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان ژیانیَكی بیَده‌نگی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر هاته ئه‌و پانتایه هه‌موو جۆره تۆمه‌تیَكی لیَده‌درآ. ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه له هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی كه خۆیان بۆ نویَنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان و شۆرای شار و... هتد پاڵاوتووه بیندراوه و دیارده‌یه‌كی پیاوسالارانه‌یه.
5- توندوتیژی یاسایی دژ به ژنانیاسا له چاك بوونی بارودۆخی ژناندا ده‌وریَكی هه‌ره گرنگی هه‌یه به‌و مه‌رجه‌ی ون نه‌بیَ له لاپه‌رِه‌كاندا. به‌رِیَوه‌بردنی یاساكان گرنگه و به‌ستیَنی كولتووری كۆمه‌ڵگاش له‌م باره‌وه ده‌وریَكی سه‌ره‌كی هه‌یه. ئه‌گه‌ر له قانوون‌دا یاسای ریَگری له توندوتیژی دژ به ژنان داندرابیَ و هه‌ر ژنیَك تووشی توندوتیژی ده‌بیَت بتوانیَ له پشتیوانی یاسایی كه‌ڵك وه‌رگریَ، ئاستی توندوتیژی دژ به ژنان كه‌متـر ده‌بیَته‌وه.به داخه‌وه له ئیَران توندوتیژی یاسایی دژ به ژنان زۆره. كۆنڤانسیونی لابردنی هه‌ڵاواردن دژ به ژنان له لایه‌ن شۆرای نیگه‌هبانه‌وه ره‌ت كراوه‌ته‌وه و یاسای پته‌وی پشتیوانی له ژن له به‌رامبه‌ر توندوتیژیدا كه‌مه یا نیه. ژن به پیَی یاسا به بیَ ره‌زای میَردی خۆی ناتوانیَ سه‌فه‌ر بكات و پاسپۆرتی هه‌بیَ. پیاویَكی ئیَرانی ده‌توانیَ هه‌ر كاتیَك مه‌یل و ره‌زای له‌سه‌ر بیَ ژنی خۆی له چوونه ده‌ره‌وه له وڵات قه‌ده‌غه بكات (مـمنوع‌الـخروج).هه‌روه‌ها كه له‌مه‌و به‌ریش له‌به‌شی توندوتیژی سیاسی باس كرا ژنی ئیَرانی به پیَی یاسا ناتوانیَ ببیَته سه‌رۆك‌كۆمار و ریَبه‌ر و... هتد. ریَگری له ژنان له پله‌وپایه‌ی به‌رِیَوبه‌ریَتی تریشدا هه‌ر وه‌ك نه‌ریتیَك به‌رده‌وامه. له یاسا سزاییه‌كاندا مافـی ژن و خویَنی ژن نیوه‌ی پیاوه، به‌ڵام سزادانی ژن هه‌ر وه‌ك پیاوه. ژن مافـی ته‌ڵاقی وه‌ك پیاو پیَ نه‌دراوه و مافـی سه‌رپه‌رشتی منداڵیش بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م (تا حه‌وت ساڵ) به ژن ده‌دریَ. میـراتی ژن زۆر له پیاو كه‌متـره و شایه‌تی یه‌ك ژن قه‌بوول ناكریَ و... هتد.نـموونه‌یه‌كی سه‌یر له ئیَران ئه‌وه‌یه ژنیَك دووگیان بیَت و جنسی منداڵی ناوسكی كورِ بیَت، دیه‌ی ئه‌و كورِه كه هیَشتا له دایك نه‌بووه دووبه‌رابه‌ری دایكه‌كه‌یه! ئه‌م بیَ‌ریَزییه سه‌باره‌ت به ژن له یاسادا بیَگومان كاریگه‌ریَتی له‌سه‌ر بیَ‌ریَزی كردن و توندوتیژی دژ به ژن له كۆمه‌ڵگاشدا ده‌بیَت.
6- توندوتیژی فه‌رهه‌نگی دژ به ژنانكاتیَك به‌ستیَنی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگا وابیَ كه ژن وه‌ك زه‌عیفه سه‌یر بكریَ و پیاو وه‌ك خاوه‌نی هیَز و قودره‌تی زۆرتر به خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ژن‌دا بزاندریَ و ژن مڵكی پیاو بیَت، توندوتیژی دژ به ژن شتیَكی ره‌وایه.له وه‌ها كولتووریَكیشدا ژن وا بار دیَت كه توندوتیژی دژ به خۆی به چاره‌نووسیَكی سه‌پاو بزانیَ و له لایه‌كیشه‌وه خۆی و هاوجنسه‌كانی به تاوانباری هه‌تا هه‌تایی بناسیَ. بۆ نـموونه كاتیَك ژنیَكی‌تر پیَوه‌ندی له‌گه‌ڵ میَرده‌كه‌ی ئه‌م بگرآ ئه‌و ژنه به تاوانبار ده‌ناسآ و قه‌ت بیـر له‌وه ناكاته‌وه كه میَرده‌كه‌ی خۆی كه په‌یـمانی ژن و میَردایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا به‌ستووه ئه‌ركی وه‌فاداری به‌و په‌یـمانه‌ی هه‌یه و بۆ بیَوه‌فاییه‌كه‌ی تاوانبارتره. كاتیَك توندوتیژی له كولتووری كۆمه‌ڵگایه‌كدا دزه‌ی كردبیَ له‌هه‌ر سیسته‌میَكی حكوومیدا بیَ، خۆی ده‌نویَنیَ؛ به‌ڵام سیسته‌م ده‌توانیَ له ریَگری یا په‌ره‌پیَدان به‌و توندتیژییه ده‌وری بیَت و یاساش لیَره‌دا ده‌وریَكی گرنگی هه‌یه.توندوتیژی كۆمه‌ڵی رووناكبیـران دژ به ژنانیش ده‌كرآ له‌م به‌شه‌دا باس بكرآ. زۆربه‌ی پیاوانی رووناكبیـر، نووسه‌ر و... هتد، ژنی خۆیان چه‌وساندۆته‌وه و سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان له بوارگه‌لی فه‌رهه‌نگیدا ئاویَته‌ی ته‌نیایی و خه‌مۆكی ژنه‌كانیان له نیَو ماڵدا بووه كه به‌رده‌وام خه‌ریكی كابانی بوون. زۆر جار هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌م رووناكبیـرانه له‌گه‌ڵ ژنه‌كانی خۆیان به پیَچه‌وانه‌ی بیـروبرِوا و قسه‌كانیان بووه. برِواننه سه‌ر ژیانی زۆربه‌ی رووناكبیـران؛ چه‌ن له سه‌دیان ژنیَكی به‌ناوبانگیان له دنیای رووناكبیـریدا بووه؟ چه‌نده به‌ژنی خۆیان مه‌ودای چالاكییان داوه؟هه‌ر له‌م بزاڤی رووناكبیـری خۆمان له كوردستاندا چه‌ند ژن و میَرد هاوكات ئیش ده‌كه‌ن؟ پیاوی وا هه‌یه كه قسه ده‌كات پیَت وایه گه‌وره‌ترین مامۆستای فمیَنیزمه، به‌ڵام له ژنی خۆی ده‌دات و سه‌ركوتی ده‌كات و دڵپیسی لیَده‌كات. هه‌ڵسووكه‌وتی زۆربه‌ی پیاوانی رووناكبیـر له‌گه‌ڵ ژنانی رووناكبیـریش هه‌ڵسووكه‌وتی دوور له راستیه. چالاكی و رووناكبیـری بۆ ژن باشه، به‌ڵام نه ژنی خۆیان. ئه‌و ژنه رووناكبیـرانه‌ش تا كاتیَك باشن كه به‌ڵیَ ویَژی ئه‌مان بن و له ژیَر چاودیَری ئه‌ماندا چالاك بن؛ وا نه‌بیَ خراپتـرین هرووژمیان سه‌رده‌كه‌ن و تۆمه‌تیان لیَ ده‌ده‌ن و بیَ‌ئابرِویان ده‌كه‌ن. توندوتیژی كۆمه‌ڵی رووناكبیـری ئیَره دژ به ژنان هه‌میشه به شیوه‌ی زه‌خت و گوشاری ره‌وانییه.
7- توندوتیژی بنه‌ماییتوندوتیژی بنه‌مایی له نیَو سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تیدا و به پیَچه‌وانه‌ی توندوتیژی تاك كه له‌ودا هۆكاری توندوتیژیه‌كه تاكیَكه، لیَره‌دا هۆكاری توندوتیژی نادیاره و له كاتی هه‌ڵسه‌نگاندندا، ئه‌م چه‌شنه توندوتیژییه وه‌ك توندوتیژی تاك ئاشكرا و روون نیه. به هۆی دابه‌ش بوونی نابه‌رابه‌ری ده‌سه‌ڵات، كه ده‌بیَته هۆكاری نابه‌رابه‌ری له ده‌رفه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، توندوتیژی بنه‌مایی پیَك دیَت. خانـم دوكتۆر ئیعزازی ده‌ڵیَ: توندوتیژی بنه‌مایی شاردراوه و نهیَنیه، به‌ڵام ده‌بیَته هۆكاری پته‌وكردنی توندوتیژی تاك و بازنه‌ی توندوتیژی له كۆمه‌ڵگادا وه‌ك شتیَكی سروشتی نیشان ده‌دات. خانـم «زۆهره‌ی ئه‌رزه‌نی» پاریَزه‌ره (وه‌كیله) و ده‌ڵیَ: توندوتیژی بنه‌مایی یه‌كیَك له كاریگه‌رترین ریَگه‌كانی ده‌سه‌ڵاته بۆ رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی كیَشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كاریگه‌ریَتی راسته‌وخۆی هه‌یه له چۆنییه‌تی هه‌ڵسووكه‌وتی تاكه‌كاندا. نابیَ ته‌نیا توندوتیژی بنه‌مایی دژ به ژنانـمان له به‌رچاو بیَت، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه هۆكاری توندوتیژی له كۆمه‌ڵگادان وه‌ك له سیَداره‌دران و لیَدانی قامچی له به‌رچاوی خه‌ڵكدا، برِینی ده‌ست و پیَی تاكه‌كان و به‌ردباران كه ده‌بنه هۆی پته‌وكردنی توندوتیژی له كۆمه‌ڵگادا، ده‌بیَ له به‌رچاو بگرین.له ئاكامدا ریَگای چاره‌سه‌ری توندوتیژی دژ به ژنان ده‌توانیَ به‌م شیَوانه بیَ:
1- پشتیوانی یاسایی خیَرای سیسته‌می دادپه‌روه‌ری و پۆلیس له ژنان
2- سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان ده‌كه‌ن
3- فیَركاری ژنان و پیاوان
4- سازكردنی ماڵ بۆ په‌نادان و داڵده‌دانی ژنانیَك كه تووشی توندوتیژی بوون
5- چاكسازی یاساكان به به‌رژه‌وه‌ندی ژنان
6- په‌روه‌رده‌كردنی راویَژكارانی بنه‌ماڵه
7- كار له‌سه‌ر كولتووری كۆمه‌ڵگا بۆ گۆرِینی روانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی8- راپۆرتی توندوتیژی دژ به ژنان بۆوه‌ی پیاوان بزانن چاودیَریه‌ك له‌سه‌ریان هه‌یه
سه‌رچاوه: زانیاریه‌كانی ئه‌م وتاره چ له ئاماره‌كان و چ له وته‌كانی مامۆستایانی زانكۆ و زانایانی ئه‌م بواره له سایته ژنانه‌كانی ئینته‌رنیَتی وه‌ك تریبوونی فمیَنیستی ئیَران گیـراوه.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home