په‌یڤینی "گشت فام"، یان خۆ بواردن له به‌کارهێنانی وشه‌ی کوردی؟!!
په‌یڤینی "گشت فام"، یان خۆ بواردن له به‌کارهێنانی وشه‌ی کوردی؟!!
(له پێناوی به کوردی په‌یڤین و به کوردی نوسیندا)
(له پێناوی به کوردی په‌یڤین و به کوردی نوسیندا)
خالید عه‌زیزی
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌ڕێز خه‌لیل خه‌زه‌ڵی به‌رپرسی ماڵپه‌ڕی (هه‌ڵوێست) له نامه‌یه‌کی دۆستانه‌دا پاش هه‌واڵپرسی چه‌ند تێبینی هه‌روه‌ک خۆی گوته‌نی "چکوله" به‌ڵام گرنگی له‌سه‌ر بابه‌تێک که پێشتر له‌سه‌ر هه‌ڤپه‌یڤینێکی سمایل بازیاری سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری تیشک سه‌باره‌ت به زمانی ئاخافتنه‌که‌ی، بڵاوم کردبوه‌و، بۆ نوسیبووم. پێشتریش نامه‌ی له‌و شێوه‌مان ئاڵوگۆڕ کردوه. یه‌کێک له نامه‌کانی(سه‌باره‌ت به کۆمێنتێک که له‌سه‌ر نوسراوه‌یه‌کی کاک سامڕه‌ند له دێمانه دامنابوو) له بلاگی کوردستان داندراوه به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌م به‌ناوه‌که‌ی کردبێت. له‌م نوسراوه‌دا بۆ تیشکخستنه سه‌ر کێشه‌ی زمانی (په‌یڤین و نوسین)ی کوردی و زیاتر وروژاندنی کێشه‌که به بیانووی هه‌ندێک له تێبینیه‌کانی کاک خه‌لیل، به پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌نجه بخه‌مه‌سه‌ر هه‌ندێک خاڵی گرنگ له‌و پێوه‌ندییه‌داو ئاماژه‌ش به چه‌ند نمونه‌یه‌ک بکه‌م. په‌رۆشیم وای لێکردوم که زۆرجار وه‌ده‌نگ بێم و به‌پێی ئه‌و شاره‌زاییه که‌مه‌ی که لێیم هه‌یه، تێڕوانینه‌کانی خۆم ده‌ربڕیوه و لێره‌شدا ئه‌م هه‌وڵه له پێناوی ڕاچڵه‌کاندن و له درگادانی ئه‌وانه‌ی که سه‌باره‌ت به‌زمانی دایک بێده‌ربه‌ستیان پێوه‌دیاره، دوباره ده‌که‌مه‌وه.
پێشه‌کی سپاس بۆ کاک خه‌لیل که تێبینی‌یه‌کانی هانده‌ری ئه‌م نوسینه بوه. کاک خه‌لیل له‌به‌شێکی نامه‌که‌یدا له‌بابه‌ت زمانی په‌یڤێن و نوسینه‌وه ده‌نوسێ:" ئه‌گه‌ر چی وتاره‌كه‌م به‌دڵه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی باسی بكه‌م ، قسه‌یه‌كی چكۆله‌م هه‌یه . ئه‌ویش ئه‌ویه ، له هه‌موو دونیادا زمانی ئاخافتن و نووسین هێندێك جیاوازیان هه‌یه . وه‌ك به‌كار هێنانی زاراوه‌ی ناوچه‌یی و ... كه له عه‌ره‌بی عێراق‌دا به وشه‌گه‌لی "فوسحه و جوففه" و له فارسی دا به "نوشتاری و گوفتاری" لێكی جودا ده‌كه‌نه‌وه. تۆ نابێ چاو له خۆمان بكه‌ی كه به‌هۆی ژیانی ڕابردوومانه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان و له‌نێو زاراوه جۆربه‌جۆره‌كاندا ژیاوین و له پهیڤینیشدا زمانێكی گشتگر ره‌چاو ده‌كه‌ین . به‌ڵام خه‌ڵكی ئاسایی به ژیانی ئاساییه‌وه ، بۆ قسه‌كردن له زاراوه‌ی دایكیی كه‌ڵك وه‌ر ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت زمان‌ناس و" ئه‌دیب"یش بێت. دیاره ده‌لێم زاراوه‌ی دایكی ناڵێم وشه‌ی داتاشرراو یا بیانی . جیا له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی كه قسه‌ده‌كات به ئه‌قڵی خۆی هه‌وڵده‌دات گشت فام قسه‌بكات . به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌نووسێ بۆ خوێنده‌وار و ڕووناكبیر ده‌نووسێ". ئه‌ز تاراده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تۆدا هاوده‌نگم، به‌ڵام کێشه‌که له لای منه‌وه له‌و بابه‌ته‌دا که له‌سه‌ر بازیاره، ئاراسته‌که‌ی به‌ره‌و ئه‌وانه‌یه که وه‌کو ئێمه‌ن و له‌سیاسه‌ت و کوردایه‌تیدا پشکدار بوون. بازیاریش ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ساڵانێکی فره‌یه که تێکه‌ڵاوی سیاسه‌ت و تێکوشانه و سه‌رنوسه‌ری گۆڤارێکی کوردی‌یه. ئه‌زیش زۆرجار که ده‌په‌یڤم بۆ نمونه له "مێزگرد"ێکدا که به‌شداری ده‌که‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵێکی چڕ ده‌ده‌م که که‌مترین وشه‌ی ناکوردی به‌کار بهێنم، به‌ڵام ده‌بینی په‌کت ده‌که‌وێ و ناچار ده‌بی هانا بۆ وشه‌یه‌کی ناکوردی به‌ری. لێره‌دا ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگ و جێ بایه‌خدانه ئه‌وه‌یه که ئه‌ز باشترین هه‌وڵبده‌م که به کوردی په‌تی و پاراو بپه‌یڤم. کێشه‌که لێره‌دایه که بازیار ئه‌و هه‌وڵه‌ی نه‌داوه و هه‌روه‌کوو به‌ڕێزتان ئێژن ویستویه‌تی "گشت فام" بپه‌یڤێ!. به‌ڵام بابزانین بۆ بۆهه‌وڵدان بۆ "گشت فام" کردنی په‌یڤینه‌کانمان و گوایه له‌پێناوی تێگه‌یشتنی زۆربه یان هه‌موان ده‌سته‌و داوێنی زمانی فارسی یان عاره‌بی فارسێندارو بین. له کاتێکدا که زۆرجار وشه‌گه‌لی عاره‌بی به‌هه‌ڵه به‌کار ده‌هێندرێ و بۆ وێنه گه‌ر وشه‌ی "انقلاب" لای ئێمه به شۆڕش وه‌رگێڕدراوه ئه‌وا له عاره‌بی دا مانایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه. ئایا زمانی کوردی پڕی نیه له وشه "گشت فام". له ڕاستیدا مه‌به‌ستی من ڕاست ئه‌وه‌یه که بۆ وێنه به‌ڕێز بازیار گشت فام نادوێ. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و گشته ئه‌ز بم، پێتان سه‌یر نه‌بێ که ئه‌ز گه‌لێک وشه هه‌یه له په‌یڤینه‌که‌ی ئه‌ودا بۆ تێگه‌یشتنی په‌نام بردۆته به‌ر "دیکشنێری" فارسی- ئینگلیزی!. منێک که گوایه فارسی ده‌زانم و له دایک بووی ڕۆژهه‌ڵاتم و زۆرجا نوسراوه‌ی فارسی وه‌رده‌گێڕمه سه‌ر کوردی!. من تێناگه‌م که بۆ، بۆ تێگه‌یشتنی گشت یا به‌واتایه‌کی دیکه خه‌ڵکی ئاسایی ده‌بێ په‌نا ببرێته به‌ر وشه‌ی ناکوردی و به‌مه‌ش له لایه‌ک زمانی کوردی بێ کاریگه‌ر پیشان بده‌ین و پێمان وابێ که گشت، زمانی ده‌وروبه‌ر باشتر ده‌زانێ له زمانه‌که‌ی خۆی و، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌و بیانوه خۆمان له ئه‌رکه‌که‌مان که پاراستنی زمانی کوردی‌یه بدزینه‌وه.
کاکڵی مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌ز په‌یڤین به "زاراوه‌ی دایک" ه نه‌ک شتێکی دیکه. ئه‌و دایکه‌ی له بایه‌زید، ئامه‌د، قامیشلی، سلێمانی و کرماشان و ... به‌زمانی کوردی ده‌په‌یڤن. ئه‌گه‌ر ئه‌دیب و نوسه‌ر یا سیاسیه‌ک به‌زمانی دایک بپه‌یڤێ ئه‌وه له په‌یڤین به زمانی کوردی نزیک ده‌بێته‌وه نه‌ک به‌پێچه‌وانه. به‌ڵام پێم وانیه به‌و جۆره‌ی به‌ڕێز بازیار ده‌په‌یڤی، دایکی من و تۆ‌و هی خۆشی تێبگات! یان به‌واته‌یه‌کی دیکه له زمانی دایک بکاڵێته‌وه. کێشه‌که‌ی من له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاسایی نیه چونکه ئه‌وان وشیارانه وشه‌ی ناکوردی ناترینجێننه ناو په‌یڤی ڕۆژانه‌یان. ئه‌وه سیاسیه‌کان، نوسه‌ران و ڕوناکبیرانن که گه‌لێک جار له ئاست به‌رپرسایه‌تیدا نین و به‌هۆی به‌کارهێنانی زمانی ناکوردی له خوێندنه‌وه‌و هزراندنیاندا توشی دورکه‌وتنه‌وه له‌زمانه‌که‌یان بوون. زۆربه‌ی ئه‌وانه به عاره‌بی یان فارسی ده‌هزرن و به کوردی ده‌ری ده‌بڕن. بۆ به کوردی نوسین و په‌یڤین گه‌ره‌که به کوردیش بهزرین. ڕه‌نگه به‌شێکی ئه‌و ته‌گه‌ره‌و چه‌ڵه‌مانه له ئاخافتن و نوسیندا ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه هۆیه‌که‌ی هزراندن به زمانی ناکوردی بێت. له باشوری کوردستان له‌و بابه‌ته نوسه‌رانه زۆرن که به هزراندنی عاره‌بیانه‌وه کوردیه‌کی نه‌گه‌ییوو ده‌رخواردی خوێنه‌رانیان ده‌ده‌ن و به‌مه‌ش ڕێنوسی کوردی توشی داته‌پین ده‌که‌ن.
باسه‌که‌ی بازیار باسێکی هزری بوو هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و جۆره باسانه ته‌نێ توێژی تایبه‌ت تێیده‌گه‌ن یا تایبه‌تن به توێژێکی دیاریکراو، نه‌ک گشت، به‌ڵام پێم وایه گه‌ر به کوردیه‌کی پاراوتر بدوایه ده‌رفه‌تی تێگه‌یشتنی گشت زیاتر واڵا ده‌بوو. به‌ڵام ئامانج له وروژاندنی باسێکی وادا، بۆ من که بۆ وێنه به‌ڕێز بازیارم هه‌ڵبژارد، ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که به بڕوای من بازیار که سه‌رنوسه‌ری گۆڤارێکی کوردیه و له سه‌نگه‌ری تێکۆشانی سیاسی و کوردایه‌تیه‌وه ده‌ری ده‌کات و بۆ خۆشی یه‌کێک له به‌ر پرسانی سیاسی له حزبێکی سیاسیه، ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ر شانه. ده‌بێ به ئاگا بهێنرێته‌وه‌و له ڕێگای ئه‌ویشه‌وه که‌سانی دیکه به‌خۆ بهێندرێنه‌وه‌و داچڵه‌کێندرێن. ئه‌م قۆناخه قۆناخی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه. بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی خۆ ته‌نێ ئه‌رکی سیاسی له ئه‌ستۆ نیه. بێگومان تۆش له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ من هاوده‌نگی که بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری- ڕزگارکردنی، زمان، خاک، که‌لتور، مێژوو ... گه‌لێک بواری دیکه ده‌گرێته‌وه. لێره‌دایه که ده‌بینین ئه‌رکی بازیاره‌کان گرانتره. ده‌بێ ئه‌وانه‌ی له‌بزاڤی ڕزگاریخوازیدا به‌شدارن فره‌تر و گشتگیرتر هه‌وڵی ڕزگاری بده‌ن یانیش لانی که‌م هۆیه‌ک نه‌بن بۆ داڕزاندن و تێک ته‌پاندنی زمان. زمانی کوردی یه‌کێک له‌و بوارانه‌یه که هه‌وڵی له‌ناو بردن و تواندنه‌وه‌ی دراوه‌و ساڵانێکی دورودرێژه سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی داگیرکه‌ره‌هۆڤه‌کان، دایکانی کورد و باو باپیرانمان زمانه‌که‌یان بۆ پاراستوین. ئه‌مڕۆ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه خۆڕاگریه کوا ڕه‌وایه به بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه په‌یڤه‌ر ده‌یه‌وێ به‌زمانی گشت بپه‌یڤێ، زمانی مه به‌و ده‌ردو په‌نده ببات. گه‌لێک که‌سی دیکه هه‌ن که له‌م ڕوه‌وه ئاماژه‌یان پێبکه‌ین. له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا وتووێژێکی به‌ڕێز حه‌سه‌نزاده‌م هه‌م گوێ لێگرت و هه‌میش خوێندمه‌وه. وتوێژه‌که وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بوو به کۆمه‌ڵێک نوسه‌ری ئێرانی و کورد که له‌سه‌ر حزبی دیموکرات و جوڵانه‌وه‌ی کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات نوسیبویان. حاشا له کوردیزانی و شاره‌زایی حه‌سه‌نزاده له زمانی کوردی‌دا ناکرێ، به‌ڵام که گوێ له وتوێژه‌که‌ی ده‌گری سه‌رت سوڕ ده‌مێنێ که ئه‌و که‌سه هه‌مان ئه‌و که‌سه‌یه که ڕۆمانی حه‌مه‌دۆکی یه‌شارکه‌مالی ورگێڕاوه‌ته سه‌ر کوردی. ئه‌و کوردیه پاراوه‌ی که له جیاتی جارێک چه‌ند جارم خوێندۆته‌وه. به‌لای منه‌وه باشتر بوو که وتووێژه‌که‌ی به فارسی ئه‌نجامدایه‌و دوایه بیان کردایه‌ته‌وه کوردی نه‌ک به‌وشێوه‌یه ده‌رخواردی کورده‌یان بدایه. بزاڤی باکوری کوردستان که بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی خواز بوو(ئێستا له‌و هێڵه پاشه‌کشه‌یان کردوه) گرنگیه‌کی ئه‌وتۆیان به‌زمانه‌که‌یان نه‌ده‌دا. ئه‌وان زۆربه‌یان هێشتا به تورکی ده‌په‌یڤن و بۆیان به سێناییتره که به‌تورکی بپه‌یڤن. ئه‌وه له‌کاتێکدایه سیستمی که‌مالیزم له‌ماوه‌ی هشتا ساڵی ڕابردوودا هه‌وڵی تواندنه‌وه و له‌نێوبردنی نه‌ک هه‌ر زمان به‌ڵکو سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردیشی ده‌دا. له هه‌لومه‌رجێکی وادا خه‌باتکارانی کورد له باکور ده‌بوو به‌گژ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا بچوبایانه‌وه. ده‌بوو به کوردی بپه‌یڤن و به‌کوردی بنوسن. وه‌ک ده‌بینین ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت زۆربه‌ی ئه‌وان، نه‌ک خه‌ڵکی ئاسایی دیاربه‌کرو وان و شه‌مزینان، به‌تورکی ده‌په‌یڤن. سمایل بێشکچی سه‌باره‌ت به به‌کارهێنانی زمانی کوردی ده‌پرسێ:" ئایا ئه‌گه‌ر به‌بڕوای به‌تین و بڕیاره‌وه، کوردی وه‌کو زمانی ئاخاوتن، به‌کار بهێنرایه، ئه‌م هه‌ڵوێسته مانای ئه‌وه‌ی نه‌ده‌گه‌یاند، که به‌زووترین کات، ده‌بێ ده‌ست له سیسته‌می داگیرکه‌رانه‌و ئه‌شکه‌نجه‌دان هه‌ڵبگیرێت؟" وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای من ئه‌رێیه. بێشکچی هه‌روه‌ها ده‌نوسێ" مه‌هدی زانا له دادگایاندا، به جۆش و خرۆشه‌وه، هه‌ر به‌کوردی ده‌دواو ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆێشی به بڕیاره‌وه تا دوایی برده‌سه‌ر. مرۆڤ ده‌بێ له‌سه‌ر په‌یامی مه‌هدی زانا ڕابوه‌ستێت و لێیتێبگات. دادگا ده‌یگوت:(مه‌هدی زانا چۆنده‌دوێت و چۆن ده‌یه‌وێت بابڵێت. ئێمه گوێی لێده‌گرین به‌ڵام بابه تورکی قسان بکات)". به‌تورکی بپه‌یڤه چ ده‌ڵێی بڵێ، ته‌نێ به کوردی مه‌ئاخافه. ئه‌وه ستراتیژی داگیر که‌ران بوه. له دوخێکی وه‌هادا ستراتیژی کوردان ده‌بێ پێچه‌وانه بێت و به کوردی بنوسین و به کوردی بپه‌یڤین و ئاخافتنیش به تورکی له ناو خۆماندا بایکۆت بکه‌ین. هه‌ڵوێستێکی وا داگیرکه‌ر ده‌خاته ته‌نگایی و بێ‌توانا ده‌بێت. تۆ ده‌بێژی نا، نایه‌ک که داگیرکه‌ر تۆشی دۆژدامان و سمکۆڵ ده‌کات. نایه‌ک که ئامانجی سه‌پاندنی ئه‌رێ به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره. ئه‌و نایه‌ی که سه‌ره‌نجام داگیرکه‌ر به‌چۆکدا دێنێ. کاتی خۆ ڕژیمی ڕه‌زاشا زمانی کوردی به‌ربه‌ست کرد. ئه‌وه‌ی به‌رگی کوردی بپۆشیایه نێوفه‌کی ده‌بڕدرا، به‌ڵام ئه‌و ڕژیمه دیکتاتۆڕه توشی پاشه‌کشه بوو. ئه‌ویش به گوتنی نا، نایه‌ک که بوه هه‌ڵوێسی نه‌ته‌وه و دیکاتۆڕی توشی پاشه‌کشه‌کرد.
بێشکچی له شوێنێکی دیکه‌دا ئاماژه به کتێبێکی په‌که‌که ده‌کات به‌ناوی (پرسی که‌سایه‌تی له کوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌باتگێڕی شۆڕشگێڕ‌و ژیانی پارتی- 1985 له بڵاوکراوه‌کانی سه‌رخۆبوون). ئه‌و ده‌نوسێ" له‌په‌ڕتوکه‌که‌دا زیاتر له نێو ڕێکخراوه، له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌ندامی په‌که‌که، که ده‌بێ چۆن بێ، هه‌ڵوێسته‌کراوه. تێکۆشه‌ری په‌که‌که ده‌بێ کوردستانی خۆش بوێت، پابه‌ند بێت به‌نه‌ته‌وه‌ی کورد، بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی کوردستان قاره‌مانی و نه‌به‌ردی مه‌زن بنوێنێت. زۆر شتی دیکه له‌م په‌ڕتوکه‌دا هاتوه، به‌ڵام له هیچ شوێنێکی ئه‌م په‌رتوکه‌دا له‌سه‌ر زمانی کوردی، چ تێبینی و شتێکی بچوکیش بۆ خه‌باتگێڕان و گریلا کورده‌کان تۆمار نه‌کراوه". ئه‌وه کێشه‌کی مه‌زنه. پارتێکی مه‌زنی کوردستانی سه‌باره‌ت به‌زمانی کوردی بێده‌ربه‌ست و بێ پڕۆگرامه. ئایا به‌ڕاستی یه‌کێک له ئه‌رکه گرنگه‌کانی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی باکور ئه‌وه نه‌بوو که له‌سه‌ر به‌کوردی کردنه‌وه‌ی زمانی ئاخافتنی ڕیزه‌کانی و تاکه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی موکرو پێ‌داگر بێت. له ڕوانگه‌ی منه‌وه تێکۆشان بۆ به‌کوردیکردنی زمانی ئاخافتن و نوسین له باکوری کوردستان، کردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ریكی کاریگه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه بوو له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حاشا کردن و نکۆڵی کردنی که‌مالیزمدا. گومان له‌وه‌دا نیه که پاشتر بزاڤی ژێر ڕێبه‌ری په‌که‌که گه‌لێک هه‌نگاوی مه‌زنی ناو له ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌ه‌وه زه‌نده‌قی داگیرکه‌ره تورکه‌کانی برد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه، ئه‌وه‌یه تا ئێستاش به کوردی په‌یڤین نه‌بۆته پڕنسپ و ئه‌رکی خه‌باتکارانی نێو ئه‌و بزاڤه.
باسه‌که‌مان له‌سه‌ر ئه‌وانه بوو که به‌ناو به‌کوردی ده‌په‌یڤن و ده‌نوسن به‌ڵام به به‌کارهێنانی وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی ناکوردی زمانی کوردیان به‌ره‌و مه‌ترسی ئاژوتوه. هه‌ندێک وشه‌ی وا به‌کارده‌هێندرێ که له زمانی کوردی‌دا چه‌ندین وشه‌ی جێگره‌وه‌ی ده‌ست ده‌که‌وێ و ڕۆژانه به‌کار ده‌هێنرێ. ئه‌مه‌ش ناکرێ جێ په‌ژاره‌و سه‌رسوڕمان نه‌بێت. له بواری نوسیندا بۆ وێنه کتێبه‌که‌ی کاک جه‌لیل گادانی(په‌نجاساڵ خه‌بات) سه‌یر ده‌که‌ی ده‌بینی به سه‌دان وشه‌ی عاره‌بی فارسێندراو و فارسی تێدایه. گه‌لۆ گه‌ر نوسین و په‌یڤینی سیاسیه‌کانی ناو بزاڤی ڕزگاری خوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستانه‌و دژی مرۆڤانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دان پێک بگرین ده‌بینین ده‌سته‌ی دوهه‌م به‌رپرسانه‌تر ده‌جوڵێنه‌وه و به کوردییه‌کی په‌تی و پاراو ده‌نوسن و ده‌دوێن. ڕۆمانه‌کانی عه‌تا نه‌هایی و فه‌تاع ئه‌میری یان چیرۆکی چیرۆکنوسانی ڕۆژهه‌ڵات وێنه‌یه‌کی دیاری ئه‌و ڕاستیه‌ن. له‌ڕوی ئاخافتنیشه‌وه هه‌ر له نوسینه‌که‌ی سه‌باره‌ت به بازیاردا، د.ڕوئیا تلوعیم له به‌راورد له‌گه‌ڵ بازیاره‌کاندا به‌نمونه هێناوه‌ته‌وه.
به‌داخه‌وه ده‌بێ بڵێم هاتومه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که به‌شێکی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به‌وشێوه‌یه ده‌نوسن و ده‌په‌یڤن، له‌به‌ر ئه‌وه نیه که ده‌یانه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌ک بپه‌یڤن خه‌ڵکی ئاسایی تێ‌یان بگات، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و دۆستانه ڕۆژانه به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ خێزان و ده‌وروبه‌ردا ده‌په‌یڤن و تاڕاده‌یه‌کیش خۆ به به‌کارهێنانی ئه‌و وشه ناله‌بارو تۆزگرتوو نامۆیانه به‌زمانی کوردیه‌وه، ڕاده‌نێن. که ئه‌مه‌ش گرێکوێره‌ی کیشه‌که‌یه. بڕوانه سیاسیه‌کی ڕۆژهه‌ڵات که پێشتر به‌وه به‌ناوبانگ بوو که کوردستانی! بیرده‌کاته‌وه‌و گوایا سه‌ربه‌خۆ خوازه له ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی یه‌ک لاپه‌ڕیدا چۆن بێ سڵکردنه‌وه ئه‌و وشانه‌ی ترینجاندۆته ناو نوسینه کورته‌که‌یه‌وه. بڕوانن ته‌نێ له سێ ڕسته‌دا چه‌ند وشه‌ی ناکوردی به‌کارهێناوه: "له ئه‌ساس دا شایعه‌سازی ئامرازی ته‌یفی لاوازه‌کانه بۆ قه‌بزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات. واقعیاتیش به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی ئه‌مری واقیعی ئه‌و فێعل و ئینفعالاته‌ن که ڕوو ده‌ده‌ن. ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه، ڕاستی‌یه‌کان جێی بوختان و درۆ‌و ده‌له‌سه‌کان که ده‌سته‌چیله‌ی شایعاتن لێژ بکه‌ن و باندی شایعه سازانیش له‌قاو بدرێن و ڕیسوا بکرێن؟"(حوسێن مه‌ده‌نی، هه‌ژده‌ی ئۆگست 2004، سایتی دێمانه). گه‌لۆ ئه‌مه به هه‌وڵی "گشت فام" کردن داده‌نرێ؟! یان ئه‌مه گوێنه‌دان و خۆڕانانه به‌و وشه‌گه‌له‌وه. ئه‌و به‌ڕێزه له شوێنێکدا ده‌بێژێ "هاتنه عیاده‌تم" وشه‌ی "عیاده‌ت" له زمانی کوردی ئه‌مڕۆدا توڕدراوه‌و که‌م که‌س هه‌یه به‌کاری بهێنی. به‌ڵام که‌سانی وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزه هێشتا به بێ ده‌ربه‌ستی به‌کاری ده‌هێنن.
هه‌ر له‌بواری نوسیندا، کاتی خۆی له کۆمێنتێکی بچووک و کورت‌دا ڕه‌خنه‌م له کاک سامڕه‌ند که نوسه‌ری بابه‌تی" هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات" ه له سایتی دێمانه‌دا گرت. ڕه‌نگه بێکه‌ڵک نه‌بێ بۆ زیاتر تیشکهاویشتنه سه‌ر باسه‌که ئاوڕێکی بچوکیش له‌م بابه‌ته‌دا له نوسینه‌که‌ی کاک سامڕه‌ند بده‌مه‌وه. ئامانجیش له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و نوسراوه بۆ ڕه‌خنه لێگرتن له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه که کاک سامڕند باسه‌كه‌ی له پێناوی پاراستن و په‌ره‌پێدانی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری (هه‌ڵپه‌ڕکێ)ی‌دا نوسویوه‌و هه‌وڵی داوه کۆمه‌ڵگای کوردی له‌مه‌ڕ له گڕیژه‌نه بردن و له شوێنی نه‌شیاو به‌کار هێنانی ئه‌م هونه‌ره ووشیار بکاته‌وه. مرۆڤێکی په‌رۆش که هه‌ست به مه‌ترسی له‌سه‌ر هونه‌رێکی ڕه‌سه‌نی کورداوه‌ریبکاو له بابه‌تێکی درێژدا مه‌ترسیه‌کان و ناله‌باریه‌کان ده‌ست نیشان بکات ناکرێ به‌رامبه‌ر زمانه‌که‌ی که ئه‌ویش له‌بن هه‌ڕه‌شه‌و له ناوچوون دابوه و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌روا هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێ، بێ ده‌ربه‌ست بێت. ئه‌و به‌ڕێزه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ناو بابه‌ته‌که‌یدا گه‌لێک وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و کوردی جوانی به‌کار هێناوه، به‌داخه‌وه به ده‌یان وشه‌ی ناکوردی و عاره‌بی فارسێندراوی تێترینجاندوه. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که زمانی کوردی له‌وه تێپه‌ڕیوه که بۆ ئه‌م وشانه جێگره‌وه‌ی نه‌بێ یان هێنده له‌دوا بێت نه‌توانی بابه‌تێکی وه‌ک بابه‌ته‌که‌ی کاک سامڕه‌ندی پێبنوسرێ. ئه‌و وشانه‌ی له‌و بابه‌ته‌دا به‌کارهێنراون چیدیکه له زمانی کوردی‌دا جێگایان نه‌ماوه‌و نابێ جێان بێته‌وه. زمانی کوردی ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌وڵه‌مه‌ندی و به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌لمێنێ و به‌دیار ده‌که‌وێ. ڕۆژگاری ئه‌مڕۆش به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ده‌کانی پێشوو به‌کارهێنانی زمانی ناکوردی و به‌تایبه‌ت عاره‌بی، ئاماژه‌ی به‌توانایی و لێهاتوویی له نوسیندا نیه‌و به پێچه‌وانه ئاماژه‌یه‌که به بێخه‌می و بێده‌ربه‌ستی نوسه‌ران و ڕوناکبیران و ڕۆژنامه‌ڤانان و سیاسیه‌کان له لایه‌ک و له‌ولای دیکه‌یشه‌وه بێتوانایی و که‌م شاره‌زاییان له به‌کارهێنانی زمانی کوردی‌دا خویا ده‌بێت. سه‌ره‌نجی ئه‌و وشه‌و ڕستانه بده‌ن که ئه‌ز به چاوخشاندنێکی خێرا به‌سه‌ر بابه‌تی ناوبراودا هه‌ڵم هێنجاون و لێره‌دا بۆ ئێوه‌ی هێژای ده‌نوسمه‌وه، سه‌ره‌تا چه‌ند ڕسته‌و له‌تکه ڕسته: "چاوم له سه‌عاتی كرد به‌پێی ته‌قویمه‌كه‌ی 41 ڕۆژ له نه‌ورۆز تێپه‌ڕیبوو"."دوای ئه‌وه شتی تازه، نمایشێك، په‌یامێك یان خه‌به‌رێكی جالیب له ئارادا نییه"."كۆڕ و كۆمه‌ڵی كورده‌كانی ده‌رێ به شێوه‌یه‌كی هه‌یه‌جانی و به په‌له‌په‌ل و ئیحساساتی، له‌ژێر فشاری پووڵ و موعامه‌له، و له‌ژێر ته‌ئسیری ده‌سته‌یه‌كی مه‌حدوود مه‌جبوور به قبووڵی مۆسیقایه‌كی جه‌نجاڵی و تیجاڕه‌تی ده‌بن كه له عه‌سڵدا ده‌بێته خۆره‌یه‌ك بۆ مۆسیقای ڕه‌سه‌نی كوردی. ئه‌وه شتێكه كه خودی هونه‌رمه‌نده‌كانیش له ده‌ستی ده عه‌زاب دان"."نۆروێژییه‌كان مات و موته‌حه‌ییر مابوون له عه‌زه‌مه‌تی ئه‌و كاره هونه‌رییه"."به‌ڵكو وه‌سیله‌یه‌كه بۆ سه‌ودا و موعامه‌له". مرۆڤ که ئه‌و ڕستانه ده‌خوێنێته‌وه، داده‌هێزرێ و ده‌شه‌مزێ و بۆ زمانی کوردی که به‌و ده‌رده ده‌برێ دۆژ داده‌مێنێ. له ڕوانگه‌ی ئه‌زه‌وه ئه‌م شێوه نوسینه باوی نه‌ماوه و به‌سه‌ر چوه و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دواوه.ڕه‌نگه هێشتاش که‌سی وا هه‌بێ بێژێ که ئه‌وه بۆ تێگه‌یشتنی گشته. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر وا بیر بکه‌ینه‌وه هه‌ڵه‌یه. ئه‌و وشانه له نوسین و ته‌نانه‌ت له پهیڤینیشدا جێگه‌یان نه‌ماوه‌و له‌جیاتی وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و شیاو به‌کار ده‌هێندرێن که تاکه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌باشی تێیده‌گه‌ن. چونکه ئه‌و وشانه هه‌ڵکوڵاوی ناو زمانی کوردی و کورده‌وارین. ئه‌ز له به‌شێکی بۆچوونه‌که‌مدا که له سایتی دێمانه بۆ نوسراوه‌ی کاک سامڕه‌ندم دانابوو ئاوام نوسیوه:"به‌ڕێزتان كه ئاوا به‌گه‌رمی هاوار‌تان لێ به‌رز بۆته‌وه كه هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری به‌ره‌و شێواندن ده‌چێت كه هاوارێكی ڕه‌واو به‌جێیه، چما له ئاست زوانی نوسینه‌كه‌ت كه زمانی كوردییه هێنده كه‌م ته‌رخه‌میی و به‌ده‌ربه‌ستییه‌وه نیت. ده‌كرێ له‌لایه‌كه‌وه هه‌وڵی پاراستنی هونه‌رێكی كورده‌واری بده‌یت و له‌و لایتریشه‌وه كه‌مته‌رخه‌مانه په‌یڤه‌کان لێواولێو بێت له وشه‌گه‌لی عاره‌بی فارسێندراو". بێگومان من له خۆڕا نه‌م نوسیوه که په‌یڤه‌کان لێواو لێو له‌وشه گه‌لی ناکوردین. بڕوانه ئه‌م وشانه: (نه‌وعێکی/ ئه‌م مه‌نزه‌ره‌یه/ باعیسکار/ وه‌زع/ میللی/ ته‌شویق/ نمایه‌ک/ حه‌ره‌که‌تێکی/ یه‌کنه‌واخت/ له‌ززه‌تێکی/ ئیفتخاریشی/ ده‌قیقه‌ی ئه‌وه‌ڵی و هێندێک جار نوسراوه هه‌وه‌ڵی/ له‌حزه‌یه‌ک/ که‌یفی/ ئیختراع/ ته‌رکیب/ نمایشگا/ شکڵ/ خاریج/ شیمالی/ قبوڵ/ موناقه‌شه/ مه‌ڕام/ ره‌قس/ ته‌مرینی ته‌حه‌مموله/ ئینتخابات/ جه‌ووی/ مه‌فره‌زه/ به‌عزێک/ ده‌ره‌جه/ عه‌سڵ/ ته‌عبیر/ دیفاع/ عه‌مده‌ن/ شه‌خس/ نوخبه/ دانسی عیباده‌ت/ ئه‌عساب/ عه‌مه‌ل/ عاممه‌ی ڕوناکبیر/ ته‌وه‌جووه/ مونعه‌کس/ مه‌تڵه‌ب/ ئیعتراف/ حقوقی/ ناهه‌نجاری/ خۆنسا/ ته‌ئکید/ مه‌جبور/ ته‌حریف/ ره‌بط/ که‌شف/ مه‌جال/ ئه‌هلی/ چیهره/ ره‌مز/ موعه‌رریفی/ تیجاڕه‌تی/ حاشیه/ کاڵای/ ته‌بیعی/ سه‌حنه/ئیحتیماد/ ئیجازه/ ته‌ئسیری/ مه‌عبه‌ری عمومی/ ئیحساسات/ ئوستاد). نزیک هه‌فتا وشه که زۆربه‌یان له‌بنه‌ڕتدا عاره‌بین و فارسه‌کان یان فارساندویانن یان وه‌کوو خۆی به‌کاریان هێناوه. به‌کار هێنانی ئه‌م وشانه له لایه‌ن که‌سێکی وه‌ک ئه‌و هێژایه‌وه له کاتێکدایه که ڕوناکبیران و په‌رۆشانی زمانی فارسی له ناو نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا زۆر به‌خورتی له چه‌ند ساڵی ڕابردوه‌وه هه‌وڵی چڕیان له‌ژێر دروشمی "فارسی را پاس بداریم"ده‌ستی پێکردوه له پێناوی ده‌رهاویشتنی وشه‌گه‌لی عاره‌بی و ساخکردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان. تێکه‌ڵ بوونی ئه‌و وشانه له‌گه‌ڵ زمانی فارسی به شێوه‌یه‌که که زمانی فارسی داڕزاندوه. گه‌لۆ ڕه‌وایه ئێمه که خاوه‌نی زمانێکی ئاوا ده‌وڵه‌مه‌ند بین و به درێژایی مێژوو سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدانێکی فره بۆ له‌نێوبردنی له لایه‌ن داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مانه‌وه و به‌زیندوویی مانه‌وه‌ی، ئا به‌وشێوه‌یه، له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، زمانه‌که‌ی خۆمان، له کاتێکدا که نه‌ته‌وه‌ی ئێمه خه‌ریکه له ئازادی نزیک ده‌بێته‌وه و ئاسۆی هیوای کورد به‌دیارکه‌وتوه، به‌و ده‌رده به‌رین. گه‌ر سمایل بازیار و که‌سانی دیکه له ئاخافتندا وشه‌گه‌لی ناکوردیی به‌کار بهێنن و ئێمه‌ش خۆمان به‌وه بخاپێنین که زۆرجار ڕه‌نگه به‌سێنایی نه‌بێ خۆ له به‌کارهێنانی وشه نامۆکان ببوێرن، ئه‌وا له‌بابه‌تێکی نوسراودا که خۆی بۆ به‌رگریکردن له بوارێکی که‌لتوری کوردی نوسراوه چ هۆیه‌ک هه‌یه بۆ به‌کارهێنانی ئه‌و هه‌موو وشانه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌وه هه‌ست به‌رپرسایه‌تی نه‌کردن و خۆ نه‌بانکردنه و سه‌ره‌نجامیش ده‌بێته هۆی داڕزاندن و کرمۆڵکردنی زمانه‌که‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی که‌سانێک که گوایه تێکۆشه‌ری ڕێگای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌که‌یانن یان بوون!.
پێم خۆشه ئاماژه بۆ خاڵێکی هه‌ستیار بکه‌م که بێگومان ده‌بێ ئێوه‌ش درکتان پێکردبێ. جیا له‌وه‌ی که له‌پاش ساڵی 1991ه‌وه له کوردستانی ئازاد بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری به پێ ده‌رفه‌تێک که بۆیان هه‌ڵکه‌وتووه له هه‌ڵچووندایه‌و گه‌لێک هه‌نگاوی گرنگی ناوه، له پانتایی کوردستانی داگیرکراویشدا ئه‌م بزاڤه ڕوو له لوتکه هه‌ڵده‌کشێ و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی به کوردیکردنی ئاخافتن و نوسینه. ئه‌م بزوتنه‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتیش له په‌ره‌سه‌ندنێکی خێرادایه‌و له باکورو ڕۆژا ئاوای کوردستانیش به قۆناخێکی دژوار و له هه‌مانکاتدا هیواده‌ردا ڕێده‌کات. له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش نه‌وه‌یه‌کی نوێ پێگه‌یشتوه که به‌کوردی ده‌په‌یڤێ و گه‌لێکیشیان به کوردی ده‌نوسن. ئه‌و نه‌وه‌یه هه‌وڵێکی زۆری له‌گه‌ڵدراوه‌و یان بۆ خۆیان داویانه تا کوردی فێر بن و پێی بنوسن. ئه‌مان فارسی و عاره‌بی له زمانه‌که‌یان ده‌رده‌هاوێژن. به‌شێکیان هه‌ر له‌ماڵه‌وه فێریان نه‌کراوه. سه‌رنجبده‌ن سایتێکی وه‌ک کورد "ئای تی گروپ" که له تاراوگه‌ن و هاووڵاتی وه‌ڵاتێکی ئوروپایی یان ئه‌مریکان، سه‌باره‌ت به تێکنۆلۆجیای کۆمپیوته‌ر به‌کوردی ده‌نوسن و هه‌وڵێکی هێژا ده‌ده‌ن که زمانی کوردیش له تێکنۆلۆجیادا به‌کار بهێنن. گه‌لێک بلاگی کوردی هه‌یه که له تاراوگه ده‌نوسرێن و به کوردیه‌کی پاراو ده‌نوسن، بۆ وێنه سه‌ردانی بلاگی ته‌وار یان گوڵه‌گه‌نم یان به‌رده‌قانی.... بکه نه‌ک هه‌ر به‌کوردییه‌کی نازدار ده‌نوسن به‌ڵکو گه‌ر وشه‌یه‌ک له جێی خۆیدا به‌کار نه‌هاتبێ و ڕه‌خنه‌یان لێبگری ئه‌وه به خۆشیه‌وه وه‌ریده‌گرن یان بۆچونی خۆیان له‌سه‌ری ده‌رده‌بڕن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه تێکۆشانێکی چڕ‌و گشتگر له ناو کوردان‌دا بۆ به‌کوردی نوسین و په‌یڤین له گۆڕێدایه. ئه‌ز له ماڵه‌وه‌و له ده‌وروبه‌ریش هه‌وڵده‌ده‌م که زاراوه‌و وشه‌گه‌لی ناکوردی له په‌یڤیندا به‌کار نه‌هێنم، نامه‌وه‌ی مناڵه‌که‌شم فێری کوردیه‌کی فارسێندراوی عاره‌بێنراو بێت. که‌واته گه‌ر گشت به هه‌موو ئه‌وانه بگوترێ که گوێ له‌به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤیزۆنی بۆ وێنه کوردسات یان ڕۆژ و یان کوردستان تیڤی ده‌گرن، ئه‌وه دڵنیام ئه‌و گشته له‌و شێوه ئاخافتنه به باشی تێناگه‌ن.
فارسه‌کان، گه‌لێکیان پێیان وایه ده‌بێ لێره‌ش مناڵه‌کانمان وه‌ک خۆمان که به‌زۆری زمانی فارسیان فێرکردوین و له کوردی خوێندن بێبه‌ش کراوین، فارسی بزانن!!. یه‌کێک له‌و دۆسته کوردانه که له‌م شاره نیشته‌جێ‌یه گێڕایه‌وه که له‌شوێنێک یه‌کێک له‌و فارسانه که له‌وڵامی پرسیارێکیدا، گوتومه مناڵه‌که‌م هه‌ر کوردی ده‌زانێ و نازانێ فارسی بپه‌یڤێ، توشی سه‌ر سوڕمان و واق وڕمان بوه. دوایه گوتویه‌تی بۆ فارسیان فێر ناکه‌ن؟ ده‌بێ فارسی بزانن!! ئه‌ودۆسته کورده‌شپێی ئێژێ: زمانی یه‌که‌می ئێمه کوردیه و زمانی دوهه‌میشمان ئینگلیزیه، ئیتر بۆ فارسی فێربێ؟. دیاره گه‌لێک کوردیش هه‌ن که مناڵه‌کانیان بۆ فێربوونی فارسی یان عاره‌بی و تورکی ده‌نێرنه خوێندنگه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه و له به‌رامبه‌ریشدا گرنگی به‌زمانی خۆیان ناده‌ن.
ئه‌رکی هه‌موان به‌تایبه‌ت نوسه‌ران، ڕوناکبیران، سیاسه‌تڤانان و ئه‌وانه‌ی هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی ده‌که‌ن که له ئاست زمانه‌که‌یان، بێخه‌م نه‌بن و هه‌وڵی پاراستن و گه‌شه‌پێدان و گشتی کردن(واته به‌کارهێنانی وشه‌ی زاروه‌گه‌لی کوردی بۆ لێک نزیکردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان له یه‌کدی و له ئاکامدا چێ‌بوونی زمانێکی گشتی-کوردیه )ی کوردی بده‌ن. ئه‌م باسانه بێگومان ده‌توانێ هانده‌ر یان داچڵه‌کێنه‌ر و به‌ئاگاهێنه‌ر بێت بۆ زۆر له‌وانه‌ی که له ئاخافتن و نوسیندا خۆیان له به‌کارهێنانی زمانی پاراوو کوردی په‌تی نه‌بان ده‌که‌ن.
کاک خه‌لیل له‌به‌شێکی دیکه‌ی نامه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به دوپیتی (ق ، ع) که له کوردی‌دا نین ده‌نوسێ:" ئه‌گه‌ر باش سه‌رنجم دابێ له نووسراوه‌كانت دا پیتگه‌لی ع و ق به‌كار نابه‌ی . وه‌ك ده‌بینم بۆ وێنه عێراق ده‌كه‌یه ئێراك . بۆ ئه‌م باسه دوو شێوه ، له ڕاستی دا سێ شێوه بیر كردنه‌وه و بۆچوون هه‌یه . یه‌كی ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن ئه‌و پیتانه‌ی كه له كوردی كۆن‌دا نه‌بوون ئێستا له وشه‌دا و ته‌نانه‌ت وشه‌گه‌لی بیانیش نابێ به‌كار بێن، بۆچوونی دووه‌م به پێچه‌وانه‌وه پێیان وایه كه ده‌بێت هه‌موو پیته‌كان ، ته‌نانه‌ت "ط و ص" یش ده‌بێ به‌كار بێنین. بۆچوونی سێهه‌م ، له نێوان ئه‌و دووه‌دا‌یه واتا پێی وایه كه هێندێك پیت له درێژه‌ی ژیان و تێكه‌ڵیی له گه‌ل ده‌ر و دراوسێ هاتوونه‌ته نێو زبانی كوردیه‌وه و لێمان بوون به‌ماڵ . هه‌ر له‌و كاته‌ش‌دا هێندێكی تر له پیته‌كان به سرێش‌یش به زبان و ڕێنووسی كوردیه‌وه نالكن. بۆ نموونه پیتگه‌لی ق و ع گه‌ر چی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی نین ، به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ بوون به به‌شێك له پیته‌كانی كوردی . چوونكه له زبانی ئه‌مڕۆی كورد دا زۆر وشه هه‌ن كه ئه‌گه‌ر پیتته‌كانی وه‌ك خۆیان به‌كار نه‌گیرێن ، ماناكه‌یان ده‌گۆڕدرێت و له ئه‌نجامدا هه‌ڵه‌ن. بۆ نموونه وشه‌ی "قوڕ " وشه‌یه‌كی ته‌واو كوردیه . ئه‌گه‌ر به بیری ده‌سته‌ی یه‌كه‌م ( له سه‌ره‌وه باسكرا) بینووسین ،ده‌بێ بنووسین " كوڕ" وه‌ك ده‌بینین له كوردی دا "كوڕ" وشه‌ی‌كی دیكه‌یه به مانایه‌كی دیكه‌وه . كه‌وابوو وشه‌ی "قوڕ" جگه‌له "ق" به هه‌ر پیتێكی دیكه بینووسین ، مه‌به‌ست و "واتا"كه‌ی ده‌گۆڕدرێت و ده‌شێوێت. له به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌ی دووه‌میش هه‌له‌كاری ده‌كه‌ن".
له‌بابه‌ت ئه‌و پیتانه‌ی که له کوردی‌دا نین و هه‌ندێکیان بوونه ماڵ و ئیتر ناتوانین به کاریان نه‌هێنین و به واته‌یه‌کی دیکه وه‌کو گۆشتی گرده ملیان لێهاتوه و لێکردنه‌وه‌یان یان به‌کار نه‌هێنانیان توشی کێشه‌مان ده‌کات لێک نزیکین، یانیش باشتره بێژم بۆچونی سێهه‌م په‌سه‌ندتره له ئه‌مڕۆدا به‌ڵام مه‌رج نیه له داهاتووشدا هه‌روا بمێنێ. واته گه‌ر ناوه‌ندێکی کوردی بۆ پاراستن و گه‌شه‌ی زمانی کوردی له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی‌دا هه‌بێ ده‌توانێ گه‌لێک که‌لێن و که‌له‌به‌ر پڕبکاته‌وه‌و زمانی کوردی له‌و دۆخه ڕزگار بکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاماژه کردن به چه‌ند هۆکاری دیکه یا نمونه‌یه‌کی دیکه بۆ زیاتر قوڵبوونه‌وه به پێویست ده‌زانم و ڕه‌نگه یارمه‌تی ده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م کێشه‌یه ببینین. ئه‌م کێشه‌یه له زمانه‌کانی دیکه‌شدا هه‌یه. ئه‌و نمونه‌ی هێناوته‌وه "قوڕ" و "کوڕ" له کوردی‌دا ڕه‌نگه زۆر نه‌بن و نمونه‌ی وامان که‌من. وه‌ک ئاماژه‌م پێدا گه‌ر خاوه‌نی ئینستیتوی زمانی کوردی یان ناوه‌ندێکی ساخکردنه‌وه‌ی کوردی بین، ڕه‌نگه به سێنایی لێی ده‌رباز بین. له زمانه‌کانی دیکه بۆ وێنه زمانی ئینگلیزی دا گه‌لێک وشه هه‌ن که له نوسین و گوتن دا وه‌کو یه‌کن و ناتوانی لێکیان هه‌ڵاوێری. به‌ڵام له واتادا گه‌لێک لێک جوێن هه‌روه‌ک "قوڕ" و" کوڕ" که تۆ ئاماژه‌ت پێداوه. له دۆخێکی وادا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕسته که وشه‌که‌ی تێدا به‌کار هاتوه ماناکه به‌ده‌سته‌وه ده‌دات، به‌واتایه‌کی دیکه له دۆخی وادا ده‌کرێ په‌نا به‌رینه به‌ر خوێندنه‌وه‌ی ڕسته یان ته‌نانه‌ت پاراگرافه‌که تا بتوانین ماناکه‌ی هه‌ڵێنجین، یانش گه‌ر دیکشنێری هه‌بێت به شوێن ماناکانی دیکه‌یدا بگه‌ڕێین. بۆ وێنه وشه‌ی "ڕایت- right" چه‌ند مانایه‌ک ده‌به‌خشێ. گه‌ر چاو له دیکشنێری بکه‌ی چه‌ند واتای بۆ داندراوه. جا گه‌ر که‌سێک بپرسێ ڕایت مانای چیه؟ وڵامده‌ر ناکرێ به ته‌نیا وشه‌یه‌ک وڵام بداته‌وه و بێژێ "ڕایت" واته ڕاست. گه‌ر ئه‌و که‌سه پرسیاره‌که‌ی له‌م ده‌سته‌واژه‌وه(هیومه‌ن ڕایت) بۆ دروست بووبێ و مانای یه‌که‌م "هێومه‌ن" بزانێ و بۆ دوهه‌می پرسیاری کردبێ ئه‌وه ماناکه‌ی بۆ خاوه‌ن پرسیار ئاوای لێدێ: مرۆڤی ڕاست. که‌چی ئه‌وه واتاکه‌ی نیه‌و هه‌روه‌ک ده‌زانی "هیومه‌ن ڕایت" واتاکه‌ی ده‌بێته"مافی مرۆڤ". ئه‌وه نمونه‌یه‌کی ساده‌یه. گه‌ر به‌نێو زمانی ئینگلیزی‌دا ڕۆچینه‌خوار ئه‌وه به ده‌یان نمونه‌ی وامان به‌رچاو ده‌که‌وێ. زمانی کوردی پێویستی به وشه‌دانێک هه‌یه که هه‌موو وشه‌کانی کوردی تێدا بگونجێ به هه‌موو زاراوه‌کانی و گشت وشه‌کانیش واتا جیاجیاکانی بگونجێندرێ. که‌واته مه‌رج نیه له داهاتوودا پێویستمان به به‌کارهێنانی ئه‌و پیتانه‌ش بێت.
له‌بابه‌ت وشه‌ی ئیراک که من نزیکه‌ی ساڵێکه له جیاتی عێراق به‌کاری ده‌هێنم، له ڕاستی دا پێوه‌ندی به کێشه‌ی پیتی (ع،ق)وه نیه، به‌ڵکو پێوه‌ندی به ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌که‌وه‌یه. ئه‌و وشه ئینگلیز دایانناوه، نه‌ک عاره‌ب و له‌ڕاستیدا وشه‌که "ئیراک- IRAQ"ه نه‌ک عێراق. گه‌ر سه‌رنجت دابێته ئه‌و ناو‌و وشانه‌ی بۆ وێنه له زمانی عاره‌بی دا که "ع" یان تێدایه کاتێک به پیتی لاتینی ده‌نوسرێن"A" له جیاتی به‌کار دێنن. گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بگرین که سه‌ره‌تای وشه‌ی ئیراک به"I" ده‌ست پێده‌کات ئه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ده‌بێ "ئی" به‌کار بهێنین نه‌ک "ع". له بیریشمان نه‌چێ له ناوچه‌ی بانه ناڵێن عێڕاق و ده‌بێژن ئێراق دڵنیاشم له زۆر ناوچه‌ی دیکه‌ی کوردستان به‌و شێوه‌یه‌یه. که ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه که کوردیش به ئیراق قاوی ئه‌و ناوه‌ده‌کات. ناوی ئێران و ئێراقیش هه‌ر" ق" و" ن"ێیه‌که‌یان لێک جیایه له نوسینی لاتینیدا. چۆن ده‌کرێ ئه‌و به ئێران بخوێندرێته‌وه و ئه‌م به عێراق. یانیش ئه‌گه‌ر "عراق" ڕاست بێت ده‌بوو ئێرانیش "عران" یان "عێران" بایه.
له بابه‌ت "ق"ێشه‌وه ده‌بێ بگوترێ که پیتی “Q” له ئینگلیزی‌دا به "ك" ده‌خوێندرێته‌وه. بۆ وێنه کوێسشن، کوایه‌ت، کیوت، کویک، کواڵیتی.. و گه‌لێکی دیکه‌ش. یا باشتره بێژم که "ق" له دربرێنی ئینگلیزی‌دا نیه و ئه‌و وشانه‌ش که له زمانه قێداره‌کانه‌وه به پیتی لاتینی ده‌نوسرێن"GH" به‌کار ده‌هێنن. بۆیه ئه‌ز پێم وایه ئیراک ڕاستتره له عێراق و له ڕاستی دا ئه‌وه هۆکاری به‌کار هێنانی ئه‌و ناوه به‌و جۆره‌یه.
گه‌لێک شتی دیکه هه‌یه که له‌سه‌ریان بدوێین. به‌ڵام بۆ ئێستا لێره‌دا کۆتایی پێده‌هێنم و هیوادارم بتوانم له‌داهاتوودا له بازنه‌ی دیکه‌وه له‌و کیشه‌یه ورد ببمه‌وه درێژه به‌و باسه بده‌م. هیواداریشم که له‌و ڕوونکردنه‌وه‌دا توانیبێتم مه‌به‌سته‌کان بپێکم و هه‌نگاوێکیش بێت بۆ زیاتر باسکردن و لێدوان له مه‌ڕ زمانی دایک. هه‌روه‌ها ئه‌و هێژایانه‌ی لێره‌دا ناویان هاتوه و که‌وتونه به‌ر سیخورمه‌ی ڕه‌خنه، به‌دڵ ئاواڵه‌یی وه‌ریگرن و ئه‌زیش هه‌ر ڕاستکردنه‌وه و وڵامدانه‌وه و ڕه‌خنه‌یه به‌دڵه‌وه پێشوازی ده‌که‌م و ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه، هه‌موومان هه‌وڵه‌که‌مان به ئاراسته‌ی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی زمانی کوردی بێت و هه‌وڵی چه‌سپاندنی به کوردی نوسین و په‌یڤین بکه‌ینه دروشمی ئه‌م قۆناخه، بۆ ئه‌وه‌ی شانبه‌شانی بواره‌کانی دیکه‌ی بزاڤی ڕزگاری کوردستان خه‌باتی پاراستن و گه‌شه پێدانی زمانی کوردێ بدۆمێ و به‌ڕێوه بچێ.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی له‌سه‌ر به‌ڕێز سمایل بازیار نوسیومه تکایه بچۆ لێره بیخوێنه‌وه.
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home