كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, October 07, 2004

ڕفڕاندۆم(گشتپرسی) خه‌یانه‌ته‌؟!!

ڕفڕاندۆم(گشتپرسی) خه‌یانه‌ته‌؟!!

پێتان سه‌یر نه‌بێ ئه‌وه‌ په‌یڤی سه‌رۆک کۆماری کاتی ئیراکه‌‌. خازی یاوه‌ر له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکیدا له‌گه‌ڵ تۆڕی ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌لعه‌ره‌بی به‌ ڕاشکاوی و بێ په‌رده‌ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌ که:"‌ گشتپرسی بۆ دیاریکردنی چاره‌نوسی کوردستان(باشور)، وه‌ک خه‌یانه‌ت به‌ نیشتمان داده‌نێ". ناوبراو له‌ درێژه‌ی په‌یڤینه‌که‌یدا بۆ ئه‌و کاناڵه‌ عاره‌بیه‌ ده‌بێژێ: "سیسته‌می نوێی ئیراک ئازادی ده‌ربڕینی زامنکردوه‌ به‌ڵام ئازادی به‌ مانای ئه‌وه‌نیه‌ که‌ بتوانن باسی جیابوونه‌وه‌ بکه‌ن؛ چونکه‌ ئه‌وه‌ شتێکه‌ که‌ ئێمه‌ په‌سه‌نی ناکه‌ین و ئه‌وه‌ وه‌کو خه‌یانه‌ت داده‌نێین، که‌واته‌ به‌ته‌واوی هێزه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌ داخوازیانه‌ به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌که‌ین" ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێک که‌ خوازیاری جیابوونه‌وه‌و سه‌رخۆبوون بێت، به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌که‌ین".
خازی یه‌که‌م جاری نیه‌ که‌ به‌مجۆره‌ بدوێ و ڕاستینه‌ی خۆی بۆ گشت لایه‌ک خویا ده‌کات. ئه‌و که‌ هاته‌ شاری که‌رکوک چاوی له‌ کوردان مۆڕکرده‌وه‌و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌گوێی دا قیڕاندن که‌ باسی "هاورده‌"نه‌که‌ن. هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن ئه‌م کابرایه‌ به‌ پشتگیری کوردان له‌ ئه‌نجومه‌نی حوکم، توانی بگاته‌ ئه‌و پله‌یه‌ی ئێستای. له‌وه‌ش بترازێ ئه‌م عاره‌به‌ ڕه‌گه‌ز په‌ره‌سته‌ به‌جۆرێک خۆی له‌ کوردان نزیک ده‌رخستوه‌ که‌ وابزانن ئه‌م کابرایه که‌سێکی باشه‌و ده‌کرێ پشتی پێ ببه‌سترێ. ناوبراو هه‌ر به‌ قسه‌ی ڕووت‌‌ دڵی ژنه‌ خوێنده‌وارو ڕۆشنبیرو شالیاری فێمینستی کوردانیشی!! ڕفاندو سه‌ره‌ڕای دو هه‌وێی زه‌ق و زیندوو خۆی له‌ کۆشی هاویشت و بوه‌ ژنی سێهه‌می و جارێ دیار نیه‌ که‌ که‌ی خازیه‌ ئه‌فه‌نی ده‌یکاته‌ چوار؟!.
بێ گومان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌ز نه‌ پێم وابوه‌ ناوبراو ده‌بێته‌ فریشته‌ بۆ کوردو پشت له‌ عروبه‌و خوزگه‌ شۆڤێنیه‌کانی ده‌کات و نه‌ ئێستاش سه‌رم له‌ په‌یڤه‌کانی سوڕ ده‌مێنێ. ئه‌و عاره‌به‌و تاکێکه‌ له‌وان و چاوه‌ڕوانی له‌ که‌سێک که‌ تا گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات یان ڕوخانی سه‌دام نوزه‌ و ده‌نگ و ڕه‌نگی نه‌بوه‌و له‌پڕێکی بۆته‌ کوڕێک و له‌ناو ده‌ریای لیخنی خێڵایه‌تی و عاره‌بایه‌تیدا مه‌له‌ی کردوه‌و ڕۆژێک له‌ ڕۆژان به‌ زمانیدا نه‌هاتوه‌ په‌یڤێک بۆ مرۆڤایه‌تی بڵێ چۆن ده‌کرێ چاوه‌ڕوانی چاکه‌ی لێبکرێ. که‌سێک که‌ بۆخۆی دیلی که‌لتوری پیاومه‌زنیه‌و پێره‌وی ده‌کات و له‌سه‌ده‌ی 21دا خاوه‌نی سێژن بێت و یان له‌ سه‌رده‌می ئازادی و ڕزگاریدا و له‌ کاتێکدا ده‌م له‌ ئازادکردن و مافی مرۆڤ و شارستانیه‌ته‌وه‌ وه‌ر ده‌درێ له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌یدا بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ژنی سێهه‌می به‌ شایه‌دی سه‌رۆک وه‌زیره‌که‌ی ماره‌ ده‌کات چۆن گشت پرسی پێ تاوان و خه‌یانه‌ت نابێ. ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ ئه‌وه بڵێ،‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ بۆ خۆی نیه‌و په‌یڤی دڵی خۆی نیه‌.
ئه‌م په‌یڤانه‌ی خازی وڵامدانه‌وه‌یه‌که‌ به‌و خۆپیشاندانانه‌ی کوردستانیه‌کان له‌ کوردستان و ئوروپا له‌ پێناوی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم یان پرسکردن به‌ کوردستانیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ چاره‌ نوسیان ئه‌نجامیاندا و تیایدا داخوازی ئه‌وه‌ش کرابو که‌ که‌رکوک بخريته‌وه‌ سه‌ر کوردستان. یه‌که‌م وڵامدانه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رک کۆماری"ئێراقی هیواو ئاشتی"!! بۆ ئه‌و داخوازیه‌ ڕه‌وایه‌، ‌هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و تاوانبارکردن به‌ خه‌یانه‌ت له‌ نیشتمانه‌. سه‌رۆکێک که‌ نه‌ کۆماری هه‌یه‌ و نه‌ هێز، ئابه‌و جۆره‌ له‌گه‌ڵ داخوازیه‌‌کانی خزمه‌کانی!؟ به‌ره‌وڕو ده‌بێ ئاخۆ گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نی هێزو ده‌سه‌ڵات چلۆن وه‌ک پێشینه‌کانی ده‌که‌وێته‌وه‌ ئه‌نفال و کیمیابارن و سه‌رپه‌ڕاندنی مافخوازنی کورد.
گه‌لۆ له‌ بارودۆخێکی ئاوادا کوردان که‌ گوێیان له‌و جۆره‌ په‌یڤانه‌ له‌ لایه‌ن به‌ناو براکانیه‌وه‌ ده‌بێ، ده‌بێ چی بکه‌ن. ئه‌وان واته‌ عروبه‌ نه‌ک هه‌ر هێرش و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌دژی نه‌ته‌وه‌که‌مان ڕانه‌گرتوه‌ به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکراو بێپه‌رده‌ ده‌یانه‌وی نیازپاکی کوردان بۆ له‌ناوبردنی کوردان و ئه‌زموون و هیواکانی بقۆزنه‌وه‌. خازی له‌ لایه‌ک به‌خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ کوردان و دڵداری له‌گه‌ڵ نه‌سرین به‌ڕوای پشتیوانی کوردانی بۆخۆی مسۆگه‌ر کرد و وه‌ک په‌یژه‌ به‌سه‌ر شانی کورداندا سه‌رکه‌وت و پاشان نه‌سرین خانیشی حه‌ڵاڵ کرد. به‌مه‌ش په‌یامێکی ئاشکرای بۆ کۆنه‌په‌ره‌ستی و ئاینیه‌کان، ئه‌وانه‌ی خوازیاری ده‌وڵه‌تی ئیسلامین و له‌دژی هه‌رچه‌شنه‌ مافێکی ژنانن، ده‌ربڕی. ماره‌کردنی خاتو نه‌سرینی شالیار له‌خۆی، ئه‌وه‌ی به‌گوێ عروبه‌دا چرپاند که‌ باسکردنی ئازادی ئافره‌ت و دیموکراسی و مافی مرۆڤ په‌یڤێکی به‌تاڵن و ئه‌وانه‌ی وا خه‌بات بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ ده‌که‌ن و له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته‌ن وا سه‌ر به‌ هه‌وێ ئاماده‌ن شوو به‌ سه‌رداری عروبه‌ بکه‌ن. به‌ واتایاکی دیکه‌ خازی به‌م کاره‌ی گورزێکی له‌ که‌سایه‌تی ژنی مافخوازی کورد وه‌شاندو له‌و لاشه‌وه‌ ترسی کۆنه‌په‌ره‌ستانی به‌ری عروبه‌ی ڕه‌وانده‌وه‌ و پێ گوتن ئه‌وانه‌(چه‌سپاندنی:مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی ژنان و فیدراڵی) هه‌مووی قسه‌ی به‌تاڵن. ئێستاش که‌ به‌ره‌به‌ره‌ له‌ هه‌ڵبژاردن نزیک ده‌بێته‌وه‌، ورده‌ورده‌ هه‌نگاوی دیکه‌ ده‌هاوێ و ده‌خوازێ که‌وڵی درۆزنانه‌ی لایه‌نگری له‌ چاره‌سه‌ری پرسی کورد و داخوازی فیدراڵی و سیسته‌می دیموکراتی و پارێزه‌ری مافی مرۆڤ، و له‌وه‌ش زیاتر دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ کوردان له‌ خۆی داکه‌نێ.
خازی هێشتا ته‌مه‌نی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی نه‌گه‌یشتۆته‌ ساڵێک که‌چی داواکردنی سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤی کورد واته‌ پرس پێکردن له‌ بۆ دیاریکردنی چاره‌نوسی خۆی به‌ خه‌یانه‌ت به‌ نیشتمان(ئیراک)‌ ده‌زانێ. ئالێره‌وه‌یه‌ که‌ گه‌ره‌که‌ کورد زیاتر وریا بێت و به‌ گوته‌و په‌یڤی ڕووت و قوتی بن په‌سیوان باوه‌ڕ نه‌کات و نه‌خڵه‌تێ. پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ باشوری کوردستان و ڕوناکبیران و خه‌مخۆرانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ به‌ وردبینی و لێزانیه‌وه‌ هه‌نگاو له‌گه‌ڵ پێشهاته‌کاندا هه‌ڵهێننه‌وه‌. بزوتنه‌وه‌ی ڕێفڕاندۆم و گشت داموده‌زگا نه‌ته‌وه‌ییه‌کان پێویسته‌ وڵامی توندی ئه‌و په‌یڤه‌ی سه‌رۆکی عروبه‌ بده‌نه‌وه‌ و بیخه‌نه‌وه‌ زاری خۆی.
له‌ کاتێکدا که‌ هه‌روا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌عه‌ره‌بکردن و داگیرکردن به‌رده‌وامه‌و ڕۆژانه‌ پیلان له‌ دژی ئه‌م گه‌له‌و وڵاته‌که‌ی داده‌ڕێژرێ و ده‌خوازڕێ هیواو خۆزگه‌کانی که‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌ سه‌رببڕدرێ. له‌ کاتێکدا که‌ عاره‌ب و عه‌جه‌م و فورس و ڕۆم و فه‌ڕه‌نگ ... له‌سه‌نگه‌ردان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ویستی ئه‌وان نه‌ک کورد چاره‌نوسی کوردستان و ناوچه‌که‌ دیاری بکرێ. له‌ کاتێکدا که‌ شه‌ڕێکی ژێربه‌ژێره‌ و قرێژی وه‌کو ساڵانی کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌سکه‌وته‌کان و چنینه‌وه‌ی سامانی وڵاته‌که‌مان و دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان له‌ ئارادایه‌ و مرخیان لێخۆشکردوه‌. له‌کاتێکدا له‌و ئیراکه‌ی که هه‌ندێک هیوایان پێیه‌تی ژێربه‌ژێره‌ هه‌وڵده‌درێ هه‌موو باڵه‌کانی عروبه‌(شیعه‌، سونه‌، به‌عسی و تورکمان...) له‌ دژی مافه‌کانی کوردان یه‌کبگرن، گه‌لێک نه‌شیاوو بێجێیه‌ که‌ کوردان ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانێن و چاوه‌ڕوان بن. وریایی و خه‌مخۆری و یه‌کیه‌تی کارو هه‌ڵوێست له‌ نێوان هێزه‌ کوردستانیه‌کان به‌گشتی و هێزه‌کانی باشوری کوردستان به‌تایبه‌تی پێویستیه‌کی مکورو خێرای ئه‌مڕۆی بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستانیه‌. وه‌خۆ که‌وتن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پیلانه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کان بۆته‌ پێویستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گر. ڕوناکبیران و نوسه‌ران که‌ به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌یان که‌وتوونه‌ شه‌ڕه‌جنێوو توک له‌یه‌کگرتن و به‌دناوکردنی یه‌كدی له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا پێویسته‌ به‌ ئاگا بێنه‌وه‌و ئاوڕێک له‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان بده‌نه‌وه‌. ئه‌رکی گرینگ له‌ ڕاستیدا له‌ ئه‌ستۆی نوسه‌ران و ڕوناکبیرانه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ ڕۆژانه‌ بابه‌تێک به‌ هۆنراوه‌و ساتێرو وتار له‌ دژی ئه‌ویدیکه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ گه‌ره‌که‌ ده‌ست هه‌ڵگرن و سه‌ر هه‌ڵبڕن و بزانن چ پیلان و ده‌هۆیه‌ک له‌دژی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌گێڕدرێ. له‌ هه‌ل و دۆخێکی وادا سایته‌کوردیه‌کانیش پێویسته‌ گرنگی بده‌ن به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌که‌مان و بابه‌تی یه‌که‌می ڕۆژانه‌یان بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌کان و دروستکردنی هه‌ڵوێستی کوردانه‌ ته‌رخان بکه‌ن نه‌ک ببێته‌ گۆڕپانی شه‌ڕه‌جنێوو پیلانگێڕان له‌ دژی ئه‌وانی دیکه‌.
کوردستانی مه‌ هێشتا نێچیرێکی چه‌وره‌و ڕاوچیانی بێبه‌زه‌و داخڵه‌دڵانی دوژمنی کورد خه‌ریکی پیلانگێڕانن بۆ ڕاوکردنی.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home