كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, September 15, 2004

بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌هید یان كولانه‌وه‌ی برینه‌كان
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

ئه‌گه‌ر سه‌رنه‌ج بده‌ینه‌ مێژووی دوور و نزیكی كورد ده‌بینین كه‌ به‌داخه‌وه‌ گه‌وره‌ترین خه‌ساره‌كان هه‌ر خۆمان له‌ خۆمان كردوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ به‌ دژی یه‌ك پیلانمان گێڕاوه‌ و له‌ یه‌كترمان كوشتوه‌ و یه‌كترمان بێ هێز كردوه‌ ، به‌رانبه‌ر به‌ دوژمن و داگیركاران خزمه‌تگوزار و سه‌رڕاست و گوێ له‌ مست بوینه‌...
شه‌ڕه‌ناوخۆیه‌كانی كورد هه‌ر له‌ سه‌رده‌مانی عشیره‌گه‌ریه‌وه‌ بگره‌ تا پێك هاتنی ڕێكخراوه‌ و حیزبه‌ مودێرنه‌كان ، یه‌كێك بوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ دیارده‌ دزێوه‌كانی مێژوومان كه‌ هه‌مو كاتێك وه‌ك برینێكی به‌ ئازار په‌ترۆكه‌ ئه‌به‌ستێ و دیسان دێته‌وه‌ ژان...
به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕی 4ساڵه‌ی نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه‌(ئه‌گه‌ر چ سازمانی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران كۆمه‌ڵه‌ ، دروست تره‌) بوه‌ هۆی گه‌وره‌ترین خه‌ساری مادی و مه‌عنه‌وی له‌ جوڵانه‌وی ئازادیخوازانه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌رخان كردنی هێز و توانای ئه‌م دوو لایه‌نه‌ بۆ تێك شكانی یه‌كتر گۆڕه‌پانی خه‌باتی دژی جمهوری ئیسلامی به‌ر ته‌سك ئه‌كردوه‌ و به‌ سه‌دان له‌ سادق ترین و شۆڕشگێر ترین ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ به‌ نیاز و مه‌به‌ستی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ پێناو چه‌وساوه‌كانی كوردستان چه‌كیان له‌ شان كردبو گیانیان له‌ ده‌س دا هیچ كام له‌ لایه‌نه‌كان سه‌رنه‌كه‌وتن و شكه‌ستیشیان ڕانه‌گه‌یاند ، بێگومان ته‌نیا شه‌هید بونی ئه‌م ئازیزانه‌ش هه‌مو خه‌ساره‌كه‌ نه‌بو به‌ڵكو بێ هیوای گه‌لی كورد و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان و دڵ سارد بونه‌وه‌ی ده‌یان كادر و پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆزی هه‌ردوو لا له‌ ڕیزه‌كانی شۆرش و گه‌لێ خه‌ساری له‌ قه‌ره‌بو نه‌هاتوی دیكه‌ی به‌ دواوه‌ بو...
كێ له‌و شه‌ڕانه‌دا تاوانبار و كێ كه‌م تاوان بو؟ پرسیارێكی حه‌ساسه‌ و من نامه‌وێ ئه‌م باسه‌ بوروژێنم له‌به‌ر ئه‌وه‌ باوه‌ڕم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆیی دا هه‌ردوولا تاوانبارن و ئه‌گه‌ر هه‌ردو لا ئاماده‌ی خۆ كوژی نه‌بن ئه‌وا بێگومان ده‌كرێ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاقڵانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن... به‌ڵام زۆر گرنگه‌ كه‌ دوای 15ساڵ له‌و خۆكوژیه‌ و دوای ئه‌وه‌ی دنیا گه‌لێ گۆڕانی به‌سه‌ر داهاتوه‌ و پاش ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌م حیزبی دیموكرات و هه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌ قۆناغێكی نوێ دا تێ ئه‌په‌ڕن و له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌جروبه‌ی شه‌ڕه‌كان به‌ ڕونی سه‌لماندیان كه‌ چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌ ناوخۆیه‌كان ته‌نیا دیالۆگه‌ و به‌س ، بۆچی سه‌ركردایه‌تی حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ ناوێرن ده‌س له‌ خۆیان به‌رده‌ن و به‌ ڕاشكاوی داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان ، له‌ كادر و پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان و له‌ گه‌لی كورد بكه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ پێكه‌وه‌ ژیانی به‌ ئاشتی هه‌ڵ ده‌نه‌وه‌ و بنیاتی هاوخه‌باتی له‌ سه‌ر ئه‌ساسی بیر و بۆچونی جیاواز دابنێنن و هێز و گۆڕ و تواناكان یه‌ك بخه‌ن بۆ ڕزگاری كورد له‌ بن ده‌ستی و پێش خستنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و به‌ مه‌ده‌نی كردنی خه‌باتی ڕه‌وامان و داڕشتنه‌وه‌ی زانستیانه‌ و فه‌لسه‌فی تێكۆشان له‌ پێناو گه‌ل دا...
كه‌سانێك هه‌ن ئێستاش هه‌روا ئه‌زانن له‌ ده‌ورانی شه‌ڕی شاری سنه‌ دا ئه‌ژین و هه‌ركه‌ ده‌ست بۆ دوكمه‌كه‌یان ئه‌به‌ی یه‌كسه‌ر ئه‌ڵێن : ئێوه‌ بۆرژوان یان ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه‌ ڕێبه‌ری جۆڵانه‌وه‌ین...له‌ سایتی بروسكه‌ دا دروست كردنی سایتێك بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌هید مونیره‌ موده‌ڕه‌سی سه‌رنجی ڕاكێشام كه‌ به‌ زمانی فارسی دانراوه‌ و زۆر به‌ كورتی و نازانستیانه‌ یه‌ و به‌ڕاستی من جه‌رگم پێ هاته‌ ژان و به‌م چه‌ند ڕه‌سته‌یه‌ ویستم به‌و هاوڕێ یه‌ و هه‌مو ئه‌وانه‌ی تر كه‌ وه‌ك ئه‌و بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ بڵێم : شه‌هید بونی تاك ، تاكی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌و شه‌ڕانه‌دا خه‌سار بو له‌ گه‌لی كورد وجوڵانه‌وه‌كه‌ی ، و بێگومان له‌ هه‌ردو لاش كاری ناڕه‌وا به‌ دژی ئه‌سیر و شه‌هیده‌كان كراوه‌ و وه‌ك چۆن له‌ ئه‌سڵ دا خودی شه‌ڕه‌كه‌ ناڕه‌وا و نامه‌شروع بو ، به‌ڵام باس كردنی تاكه‌ یه‌ك كه‌س و ئه‌ویش به‌ شێوه‌یه‌كی نامه‌سئولانه‌ وبه‌ زمانی بێگانه‌ خزمه‌تی گیانی شۆڕشگێڕانه‌ و شۆڕشی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان ناكا وبه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نیا كولانه‌وه‌ی برینه‌كانه‌  و كولانه‌وه‌ی برینه‌كانیش كاری كه‌سانی ده‌سته‌وه‌ستان و هیوا بڕاوه‌..
پاشان به‌ڕاستی بۆچی ئا به‌و شێوه‌یه‌ باس له‌ ڕوداوێك بكرێ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی شه‌رم و شوره‌یی و په‌شیمانی بو وه‌ ده‌بێ ئێمه‌گه‌ل هه‌وڵ و خه‌باتمان بۆ پێشگیری كردن له‌ دوباره‌ بونه‌وه‌ی بێ ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی گیانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئاسوده‌ بكه‌ین به‌وه‌ی هۆیه‌كانی خودی ڕوداوه‌ دڵ ته‌زێنه‌كه‌ بدۆزینه‌وه‌ وچاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كان بكه‌ین..
حیزب و كۆمه‌ڵه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ خه‌باتگێڕه‌كانی كوردستان پێویستان به‌ یه‌ك هه‌یه‌ و لاواز كردنی هه‌ركامیان به‌ هێزی لایه‌نه‌كی تری لێ ناكه‌وێته‌وه‌ و به‌ڵكو پیچه‌وانه‌یه‌...
 040904

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home