كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Wednesday, September 29, 2004

سێهمین فیلمی به‌همه‌ن قوبای خه‌ڵاتی سه‌ده‌فی زێڕی وه‌رگرت

سێهمین فیلمی به‌همه‌ن قوبای خه‌ڵاتی سه‌ده‌فی زێڕی وه‌رگرت

مناڵان گه‌وره‌ترین قوربانی جه‌نگ و توندوتیژی

فیلمی"کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن" له‌ چێکردنی به‌همه‌ن قوبادی له‌ ڤیستیڤاڵی "سان سباستیان" خاڵاتی باشترین فیلمی ڤیستیڤاڵه‌که‌ی بۆ خۆی پچڕی.

فیلمی"کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن" له‌ چێکردنی به‌همه‌ن قوبادی که‌ ماوه‌یه‌ک پێش له‌ ڤیستڤاڵی فیلمی تۆرنتۆ له‌ گه‌ڵ پێشوازی زۆر ڕووبه‌ڕوو بوو، نوکه‌ وه‌ک باشترین فیلمی په‌نجاودوهه‌مین فیستیڤاڵی"سان سباستیان"، خه‌ڵاتی سه‌ده‌فی زێڕیی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ی کرده‌ هی خۆی. "کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن" یه‌که‌مین به‌رهه‌می هاوبه‌شی سینه‌مای ئێران و هه‌رێمی کوردستانه1‌. له‌م فیلمه‌دا ڕه‌نج و بێبه‌ختی مناڵانی بێکه‌س و ئاواره‌ له‌ گوندێکی باشوری کوردستان له‌ نزیک سێسنور له‌کاتێکدا ئه‌مریکا هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ئێراق وێنه‌ی گیراوه‌.
مناڵانێک که‌ له‌ لاپه‌سیوو که‌لێن و قراخاندا به‌ دوای مین دا ده‌گه‌ڕین بۆ ئه‌وه‌ی بیانفرۆشن، له‌ کاتێکدا مه‌ترسی له‌بن زه‌ویه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کات، له‌ ئاسمان ڕاخوشینی فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ئه‌مریکاو دواین به‌رهه‌م هێنراوه‌کانی پیشه‌سازی چه‌کوچۆڵ، مه‌ترسیه‌کی دیکه‌یه‌ بۆ سه‌ریان.
به‌همه‌ن قوبادی که‌ دوو فیلمی چێکراوی پێشتریشی،"کاتێک بۆ سه‌رخۆشی ئه‌سپه‌کان"و" ئاوازه‌کانی زێدی دایکم"سه‌رکه‌وتنێکی زۆری وه‌ده‌ست هێنابوو، بۆ خۆی سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی داوترین فیلمی ئێژێ:"له‌دواین فیلم، بینه‌ر تێده‌گات که‌ ڕابردوو ئێستا تاڵن و ئه‌وه‌ی داهاتوو چاڤا ده‌بێت، په‌یوه‌ندی به‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌".
جێگای سه‌رنجه‌ که‌ بڕیاری ده‌سته‌ی داوه‌رانی ڤیستڤاڵی سان سباستیان به‌ به‌خشینی خه‌ڵاتی یه‌که‌م به فیلمی"کیسه‌‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن"، له‌گه‌ڵ پێشوازی فره‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئیسپانیا به‌ره‌وڕو بوو. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی ئاڵمانی فرانکفۆرتر الگماینه‌ تسایتونگ که‌ له‌ ژماره‌ی دوێنێیدا وتارێکی بۆ فیستڤاڵی سان سباستیان ته‌رخان کردبوو، ده‌نوسێ:"به‌همه‌ن قوبادی، براوه‌ی ئه‌و ڤیستڤاڵه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵه‌کانی ڕابردوودا سه‌لماندویه‌تی که‌ بۆ پاراستنی شێوه‌ی ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆکه‌کانی، ئاماده‌ی له‌ خۆبردوویی و قوربانیدانه‌. ئه‌و کاتێک که‌ له‌ پڕۆسه‌ی چێکردنی کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کاندا پێویستی به‌ به‌فری زیاتر هه‌بوو، به‌ ناچاری، کاری وێنه‌گرتن و چێکردن و ته‌واوکردنی ئه‌م فیلمه‌ی ساڵێک وه‌دواخست، ته‌واوی سامان و هه‌بووی خۆی فرۆشت و هه‌روه‌ها پاره‌ی‌ وه‌رگرت تا بتوانێ فیلمه‌که‌ به‌ پێی ویست و ڕوانینینی حه‌زی خۆی وێنه‌بگرێ و کۆتای پێبهێنێ".
به‌ پێی نوسینی فرانکفۆرت الگماینه‌ فیلمی"کیسه‌له‌کانیش ده‌فڕن" و چه‌مکی نئۆریالیستی به‌همه‌نی قوبادی بینه‌رانی ڤیستیڤاڵی سان سباستیانی به‌ توندی خسته‌ ژێر کاریگه‌ری خۆی.
له‌بیرمان نه‌چێ که‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سان سباستیان گرنگترین فیستیڤاڵی فیلمه‌ له‌ ئیسپانیا و له‌ په‌نای فیستیڤاڵی فیلمی کان، ونیز و بێرلین، به‌ یه‌کێک له چوار فیستڤاڵی مه‌زنی فیلم‌ له‌ ئوروپا داده‌نرێ.
سه‌رچاوه‌: سایتی دویچه‌وێله‌

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home