كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Sunday, June 27, 2004


           
چاوانی شار چاوه‌ڕوانه


له‌ ساڵیادی شه‌هیدانی کیمیا بارانی سه‌رده‌شت دا

پیشكه‌شه‌ به‌ سه‌رده‌شتی سه‌رسه‌وز
نوسینی: ‌هیوا گه‌ڵ محه‌مه‌دی

ئا لێره‌دا شار وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی ساوا بێ غه‌ل و غه‌ش به‌ڕوی داهاتو دا پێ ئه‌كنێ، ده‌رونی ساف و بێگه‌رد سه‌ر سه‌وز وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵی ئێواران، چاوانی ڕون و زوڵاڵ وه‌ك كانیاوی بنار چیا...
 ئا لێره‌دا خۆشه‌ویستی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی  ژیان و ژیان وه‌ك حه‌قی گیان له‌به‌رانن و خۆش ویستن بۆ به‌رده‌وامی له‌ هه‌ناسه‌ی سینگی سروشتا له‌ هه‌ڵچون و داچونایه‌...
 ئا لێره‌ دا كاروان ، كاراون  به‌ره‌و لوتكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌، چه‌پكی گوڵی سور و سه‌وز و شینیان به‌ ده‌سته‌وه‌ و كۆڵ و باری گرانی نه‌سره‌وتن به‌ كۆڵه‌وه‌ ، ڕێگا ئه‌بڕن، ڕۆژ و هه‌فته‌ و مانگ و ساڵ هه‌دا ناده‌ن تا ئه‌وكاته‌ی گوڵی حه‌زیان له‌ یه‌خه‌ی شار ئه‌ده‌ن و چۆپی زه‌ماه‌ونی سه‌ركه‌وتنی نیشتمان وه‌ك ئاڵای ئاڵ و واڵای كوردستان سوڕ ئه‌ده‌ن...
 چاوانی شار زۆر بێ قه‌رار ساله‌های ساڵ چاوه‌ڕوانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆچ و كۆچبار...دڵی گه‌وره‌ی شار ، پاییز و به‌هار له‌ لێدانه‌ بۆ پێك گه‌یشتنی یار و دڵدار...
 ئه‌وساكه‌ شار هه‌موو ڕۆژی چه‌ندین جار پێ ئه‌كه‌نێ ، شایی و خۆشی وه‌ك دیاری بوك و زاوا به‌ سه‌ر ماڵ به‌ ماڵ و گه‌ڕه‌ك به‌ گه‌ڕه‌ك و گوند به‌ گوندی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ سه‌وزه‌ دا ئه‌به‌شی...
 ئه‌وساكه‌ شار وه‌رزی ته‌نیا به‌هارێك بوو ، گه‌رمی و ساردی و خه‌زانی له‌ خۆ دا كۆ كردبووه‌، و سه‌وزی و سه‌وزه‌ڵانی دابه‌ش ئه‌كرد، هه‌مویانی وه‌ك یه‌ك دڵخۆش ئه‌كرد...
 به‌ڵام ئێستا جه‌سته‌ی شار برینداره‌، به‌ ئازاره‌، بێ قه‌راره‌..به‌ڵام ئێستا شار ته‌نیا بزه‌یه‌كی كاڵ بووه‌وه‌ی له‌ سه‌ر لێوه‌ و له‌ شه‌و له‌ تاریكی و ته‌نیای زۆر بێزاره‌...
به‌ڵام ئێستا شار نه‌ هاوینی گه‌رم، نه‌ زستانی به‌فرین، نه‌ پاییزی به‌ گڤه‌ و نه‌ به‌هاری گوڵ له‌ به‌رۆكه‌...
 ئێستا ئیتر شار و دیار، بۆ تۆزقاڵێ هه‌وای كۆسار بۆ دیتنی گوێ به‌گواره‌ی خێڵی مه‌ڕدار و بۆ ئاشق بونی كچانی خاڵدار ئاخ و داخ و ده‌رد و ئازار هه‌ڵ ئه‌كێشێ....
 ئێستا ئیتر شار له‌ بن ده‌ستی نه‌یار وه‌ك بوكی زیز دایگرتوه‌ خه‌م...وه‌كو چیای ئاسته‌م لوتكه‌ی داگیراوه‌ به‌ ته‌م...
 هه‌موساڵێ شار له‌م ڕۆژه‌ دا له‌ چریكه‌یه‌ك ، ئه‌چریكێنێ دڵی مرۆڤ دڵی سروشت و گیانی زه‌رده‌شت ڕائه‌چڵه‌كێنێ...
 گۆرانی خه‌م ، گۆرانی كۆچ ، گۆرانی لێك دابڕان له‌ ناخی حه‌یرانێكا به‌ گوێی مێژودا ئه‌دا و ئه‌ڵێ...
 ئه‌وێ ڕۆژه‌ له‌و به‌رزه‌وه‌
باڵه‌فڕی دوژمن هاتن به‌ جوته‌
به‌ریان داوه‌ ده‌عبای ڕه‌ش
هه‌ناسه‌یان قه‌ده‌غه‌ كرد
شار وێران و گۆڕستانیان ئاوه‌دان كرد
دوژمن وایه‌ ئاگادار بن
چارێكی داهاتوتان كه‌ن
به‌ڵێ ئێتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌موو ساڵێ له‌م كاته‌ دا ڕێبوارێك لێره‌ ئه‌وه‌ستێ ، چاو دائه‌خا، ده‌فته‌ره‌كه‌ی ده‌ر ئه‌هێنێ و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی وه‌كار ئه‌خا...ته‌نیا دوو دێڕ ئه‌نوسێ... شه‌ره‌كه‌مان هێشتا برینداره‌، برینه‌كانی به‌ ئازاره‌، به‌ هیچ كه‌س و به‌ هیچ جۆرێ نایكرێ چاره‌ تا ئه‌وكاته‌ی هه‌موو یه‌ك نه‌گرن ئه‌م كورده‌ هه‌ژاره‌ و ئاڵای سه‌ربه‌ستیان وه‌كو میدال نه‌ده‌ن له‌ سینگی ئه‌م شاره‌...
040626
hiwagol@hotmail.com 

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home