كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Monday, June 28, 2004

30 جوون(حوزه‌یران) به‌رامبه‌ر به‌ده‌ی پوشپه‌ر
 
له‌ڕۆژی ده‌ی پوشپه‌ڕدا بڕیاره‌ كه‌ سه‌روه‌ری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی ئێڕاك. گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ڕی بۆ ئێراك به‌ واتای لێسه‌ندنه‌وه‌ و نه‌مانی سه‌روه‌ی باشوری كوردستانه. ئه‌ویش له‌ ئاكامی لێنه‌وه‌شاوه‌یی سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوری كوردستان. ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی كه‌ به‌ ووته‌ی خۆیان سه‌ربه‌خۆیی 12ساڵه‌ی باشوری كوردستانیان كرده‌ قوربانی پاراستنی یه‌كیه‌تی ئێراق و گوایه‌ یه‌كیه‌تی ئاره‌زوومه‌ندانه‌! له‌گه‌ڵ به‌ناو برا عه‌ره‌به‌كانی ئێراكیان و ئه‌مه‌یان له‌ سه‌ربه‌خۆیی پێ باشتر بوو. به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ ئیراك، كێشه‌ی كوردیش ده‌بێته‌وه‌ كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی ئێراكی و سه‌ر داخراو.  ئه‌یاد عه‌لاوی كۆنه‌ به‌عسی و سه‌رۆكی وه‌زیرانی ئیراك ئه‌م ڕۆژه‌ی به‌ پشوی ڕه‌سمی ڕاگه‌یاند. كه‌چی كوردان ده‌بێ ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌‌وه‌ی مێژویه‌كی شومی دیكه‌ كه‌ هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌و داگیركردن و دابه‌شكردنی زیاتری كوردستانی تێدا ده‌ستپێده‌كرێته‌وه‌ دابنێ.
یه‌كه‌م جار كه‌ ئیراك دروست بوو كورد به‌ ویستی خۆی نه‌بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ و وڵاته‌ ده‌ستكرده‌ی ده‌ستی كۆلۆنیالیزمی كۆن و به‌ زۆرو به‌ تۆپزی به‌شێكی خاكی كوردستانیان به‌ و وڵاته‌ نه‌بوه‌وه‌ لكاند. له‌و كاته‌شه‌وه‌ تا ئێستا كورد له‌ باشوری كوردستان له‌ دژی ئه‌و لكاندنه‌ خه‌باتی كردوه‌ و ملی نه‌داوه‌ته‌ په‌سه‌ند كردنی. به‌لام ئه‌م جاره‌و دوای هه‌شتاساڵ كورد به‌ په‌نجه‌ی سه‌ركرده‌ له‌رزۆك و گه‌ل به‌هیچ نه‌گرتوه‌كانی باشوری كوردستان ئه‌و لكاندنه‌یان مۆر كرد. مۆركردنێك كه‌ مێژوو به‌ تاوانی ده‌نوسێ. ئه‌وه‌ی سه‌‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی له‌ باشوری كوردستان له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌ خۆی نیشاندا، لێنه‌وه‌شاوه‌یی بوو. ئه‌گه‌رچی له‌گه‌لێك له‌ بواره‌كاندا له‌ یه‌كساڵی ڕابردوودا توانیان به‌ڕه‌ی كورد له‌ ئاو ده‌ركێشن به‌ڵام له‌و شوێن و كاته‌ی كه‌ له‌ هه‌میشه‌ چاره‌نوسسازتر بوو ئه‌وانیش له‌ هه‌میشه‌ بێتواناترو ساویلكه‌تر بوون و سه‌ره‌ڕای گڤه‌گڤێكی كه‌م به‌ڵام هه‌ر زوو پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ و ئابڕووچونه‌كه‌شیان به‌ پارلمانی له‌كاركه‌وتوو قه‌یره‌ی كوردستان  مۆركرد و ئێستاش به‌ده‌سكه‌وتی ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م. ده‌هۆڵژه‌نه‌كانیش پێیهه‌ڵده‌ڵێن. 
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌وه چه‌ند ڕۆژه‌ قسه‌و ئاكاره‌ بێتام و سوكه‌كانی مام جه‌لال له‌ توركیه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بوو كه‌ مرۆڤ ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌یكه‌ن بۆ كێیه‌و له‌ پێناوی چیه‌ ئه‌و سوكایه‌تی و بێڕیێزیه‌ به‌ خۆیان و به‌گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له‌ پێناوی چی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان به‌ كه‌م و بچوك و سوكه‌ڵه‌ چاولێده‌كه‌ن و چنگ به‌ خوێن و داگیركه‌رو كۆنه‌ به‌عسی و ...به‌ مه‌زن و باش ده‌ناسێنن و سه‌ره‌نجام ده‌بنه‌ كلك و گوێیان.  
كاتی خۆی نه‌وشیراون مسته‌فا گوتبووی كه‌ هه‌ركه‌سێك فیشه‌ك به‌‌كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ بنێ به‌ ناوچاوانی یه‌كیه‌تی نیشتمانیه‌وه‌ ده‌نێ. ئه‌مه‌یان ده‌كرا بڵێین چونكه‌ یه‌كیه‌تی و ئاخونده‌كانی ئێران هاوپه‌یمانن و خوێنیان تێكه‌ڵی یه‌كدی بووه‌ هه‌روه‌ك بۆ خۆیان ده‌یان جار ئه‌و ده‌سته‌ واژه‌ عه‌نتیكه‌یان به‌كار هێناوه‌ و په‌یڤه‌كه‌ به‌ناوی گه‌له‌وه‌ نیه‌، ڕێیتێده‌چێ. به‌ڵام تاڵه‌بانی ده‌بێژێ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیه‌ به‌ واتای شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كورده‌.
مرۆڤ چی به‌و فه‌رمایشته‌ی مام جه‌لال بڵێ، چۆن بتوانی هه‌ستی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌زانی و نه‌شاره‌زاییه‌ی به‌ناو سه‌ركرده‌یه‌كی كورد ده‌رببڕێ كه‌ ناخی نه‌ته‌وه‌كه‌ی  نه‌گه‌یشتوه‌و ئامانجه‌كانی ناناسێ.  نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ مێژوویه‌كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌ كۆیله‌یه‌ و كوردیان به‌ وه‌حشی و نه‌زان سه‌یركردوه‌ و ئاماده‌ نین له‌ به‌ر نوكه‌رانیشیان بێت جراێك ناوی كوردستان بهێنن و ڕۆژانه‌ به‌‌ شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون و دوژمنانه‌ له‌ دژی ئامانج و هیواكانی كورد ده‌په‌یڤن و كارده‌كه‌ن. كه‌چی تاڵه‌بانی دوژمنایه‌تی و شه‌ر له‌گه‌ڵ وان به‌ شه‌ڕ دژی كورد دابنێ. تۆ بڵێ مام جه‌لال له‌ بیری چوو بێ كه‌ 5 ساڵه‌ كورد كڕو كپ دانیشتوه‌ و هیچ ناكات له‌ به‌رامبه‌ر توركان و ئه‌وانیش بۆ ساتێكیش له‌ لێدان و قه‌لاچۆو پیلانگێڕی ده‌ستیان هه‌ڵنه‌گرتوه‌ی نه‌بینێ، یان مامه‌ خۆی لێ نه‌بان ده‌كات و به‌ڕبه‌ی ئه‌وان ده‌ی پێوێ. من هه‌میشه‌ ترسم له‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ مام جه‌لال ڕووی له‌ ئێران و توركیه‌و وڵاتانی عه‌ربی كردبێت. چونكه‌ قه‌ت نیه‌ ده‌سته‌ گۆڵێك له‌سه‌ر حسابی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ ئاودا نه‌داو نه‌ته‌وه‌كه‌ی توشی شه‌رمه‌زاری نه‌كات.
بێزارم له‌و ئاكارانه‌ی تاڵه‌بانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ك و ئه‌و ده‌كه‌ن. نفرت له‌و په‌یڤانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئابه‌و جۆره‌ به‌ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ر ده‌بڕدرێن و دواجاریش ده‌بنه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری خاوه‌نی په‌یڤه‌كه‌و نه‌ته‌وه‌كه‌شی. نامه‌وێ بێڕێزی به‌ هیچ تاكێك بكه‌م و یان وشه‌یه‌ك به‌كار بهێنم كه‌ بۆنی بێڕێزی لێوه‌ بێت. به‌ڵام له‌ ئاست به‌ڕێز تاڵه‌بانیدا هه‌رچی هه‌وڵده‌ده‌م وشه‌یه‌كی وه‌دۆزم كه‌ ده‌ربڕی هه‌ستی من و پڕبه‌پێستی ئاكاره‌كه‌ی ئه‌و بێت نادۆزمه‌وه‌. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی كردویه‌تی و دیكات له‌ سه‌ركرده‌یه‌ك ناوه‌شێته‌وه‌ مه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی به‌ش مه‌ینه‌ت و چاره‌ڕه‌ش.
تێناگه‌م، بۆ سه‌ركرده‌ی كورد كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر دوژمنه‌كانی زمانی ته‌ته‌ڵه‌ده‌كات و ده‌بێته‌ زمانی ئه‌وان له‌ دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی. نامه‌وێ به‌ڕه‌ی له‌سه‌ر هه‌تیوی هه‌ڵده‌مه‌وه‌ و به‌ مێژوویه‌كی نه‌ زۆر دووردا بچمه‌وه‌ و بڵێم له‌وێ و له‌ فڵان شوێن مام جه‌لال ئاوای كرد و ئاوای گوت. هه‌مووی ئه‌و ئاكار و سوكایه‌تیه‌ی كه‌ ناوبراو به‌رامبه‌ر به‌ خۆی و یه‌كیه‌تی نیشتمانی و گیانبه‌ختكردوه‌كانی ڕیزه‌كانی حزبه‌كه‌ی كردوونی و له‌وانیش زیاتر به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردوه‌ وده‌كات وه‌ك مانگی چوارده‌ له‌ به‌رچاومانن و له‌ ناو هزرو بیرمانن.
لای من ڕۆژی 30ی جوون سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دگیركه‌رانه‌ له‌ كوردستان و ده‌ستپێكی قۆناخێكی تاریكی دیكه‌ی مێژووی پڕ له‌ به‌داخه‌وه‌ی كورده‌ و بۆ ئه‌م ده‌ستپێكه‌ش كورد و سه‌ركرده‌كانی هۆكارو تاوناباری دۆخی نوێن. كه‌واته‌ ڕۆژی 30 جوون ڕۆژێكی نه‌هاته‌ و سه‌روه‌ری عێراق به‌مانای نه‌بوونی سه‌روه‌ری باشوری كوردستان.
به‌داخه‌وه‌ ... به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م جاره‌ش ده‌رفه‌تێكی زێڕینی مێژووییمان له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌ی لێنه‌وه‌شاوه‌ له‌ ده‌ست چوو داهاتوویه‌كی لێڵ چاوه‌ڕوانی چاره‌نوسی دۆزی نه‌ته‌وه‌كمانه‌.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home