كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, June 01, 2006

داوه‌تنامه‌ی کۆنگره‌ی چاک بۆ ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان.

داوه‌تنامه‌ی کۆنگره‌ی چاک بۆ ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و دڵسۆزان و چالاکان له‌ کێشه‌ی ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد.

له‌ 30.5 تازه‌ کراوه‌ته‌وه‌


ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ ویستمان وه‌ک ڕێزێک هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ بۆ کۆنگره‌ی چاک داوه‌ت بکه‌ین که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان دڵسۆزیی خۆیان له‌ کێشه‌ی جینۆسایدکردنی گه‌لی کورددا ده‌رخستووه‌‌، به‌ڵام زۆریی ژماره‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که‌ شایانی داوه‌تکردنن و مانه‌وه‌ی هه‌ندێکیان وه‌ک سه‌ربازێکی ون وای کردووه‌ که‌ مه‌حاڵ بێت بتوانین ناوی هه‌موویانمان به‌ بیردا بێت و بتوانین بیانخه‌ینه لیستێکی دیاریکراوه‌وه‌. بۆیه‌ لێره‌دا به‌م نامه‌یه‌ داوه‌تی هه‌موو ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و دڵسۆزان و چالاکان له‌ کێشه‌ی ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ده‌که‌ین‌. تکایه‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌م داوه‌تنامه‌یه‌ ده‌یانگرێته‌وه، ‌له‌ باری هاتنیاندا به‌ ئیمایل ئاگادارمان بکه‌نه‌وه‌.‌ ئه‌م داوه‌تنامه‌یه‌ جێی لیستی ناو داوه‌تنامه‌کانی تر ده‌گرێته‌وه‌.

پاش چوار ساڵ له‌ کار و چالاکیی به‌رده‌وامی (ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد-چاک) و پاش په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنێکی به‌رچاو و به‌ده‌ستهێنانی کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وت، له‌ بواری ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی کورددا و زیاتربوونی ئه‌رکه‌کانی و گه‌شه‌کردنی به‌شه‌کانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، بٌڕیارمان دا که‌ ئه‌مساڵ کۆنگره‌یه‌کی زیندوو له‌ وڵاتێکی ئه‌وروپیدا ببه‌ستین.
ئه‌م کۆنگره‌یه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ شاری کۆڵن، له‌ 3 و 4 ی مانگی شه‌شدا ده‌به‌سترێت. به‌شی یه‌که‌می کۆنگره‌، که‌ سه‌رله‌به‌یانیی ٌڕۆژی یه‌که‌م ده‌بێت، بۆ کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ و مێوانانی به‌ٌڕێز و ده‌زگاکانی ٌڕاگه‌یاندن و په‌یامنێران ته‌رخان ده‌کرێت، بۆیه‌ (چاک) خۆی به‌ سه‌ربڵند ده‌زانێت که‌ بانگهێشتی به‌ٌڕێزتان بۆ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بکات. دڵنیاین که‌ کۆنگره‌که‌مان به‌ به‌شداری و ٌتێبینی و پێشنیاره‌کانی به‌ٌڕێزتان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کیش بێت، نه‌تانتوانی له‌ کۆنگره‌دا ئاماده‌بن و ٌڕاسته‌وخۆ به‌شداری بکه‌ن، ده‌توانن له‌ ٌڕێگای ئیمایله‌وه‌، بروسکه‌ و نامه‌کانتان بۆ کۆنگره‌ بنێرن.

تکایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باجی تایبه‌ت به‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌تان بۆ ئاماده‌ بکرێت، پێش 2.6.2006 له‌ ئاماده‌بوونتان و بوون یان نه‌بوونی په‌یامی تایبه‌تیتان، ئاگادارمان بکه‌نه‌وه‌.

لێره‌دا به‌ داخه‌وه‌ ناچارین ٌڕای بگه‌یه‌نین که‌ له‌به‌ر ناله‌باریی باری ئابووری (چاک)، ناتوانین هیچ جۆره‌ خه‌رجێکی میوانانی به‌ٌڕێز له‌ ئه‌ستۆ بگرین.

ناونیشان و ڕێنمایی بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی کۆنگره‌ی چاک

کاتی کۆنگره‌

03.06.2006
کاتژمێر 10:00 ی به‌یانی

ناونیشان

Alte Feuerwache
Melchiorstr. 3
50670 Köln
Tel: 00 49- 221- 9731550


ڕێنمایی بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی کۆنگره‌

له‌ ده‌وروبه‌ری شوێنی کۆنگره‌که‌( Alte Feuerwache) جێگای ڕاگرتنی ئۆتۆمۆبیل که‌مه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئامۆژگاریتان ده‌که‌ین که‌ هێڵه‌کانی هاتوچۆی گشتی ناو شاری کوێلن( کۆڵن) به‌کار بهێنن که‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:

1. ده‌توانن له‌ وێستگای سه‌ره‌کیی شاری کوێلنه‌وه‌ (Köln Hauptbahnhof) هێڵه‌کانی میترۆی 5 و 6 و 12 و 15 و 16 و 17 18 و 19‌ به‌کار بهێنن. له‌ دووهه‌مین وێستگا واتا وێستگای Ebertplatz داده‌به‌زن و به‌ ئاراسته‌ی Neusser Str. ده‌ڕۆن له‌وێوه به‌‌ 5 خوله‌ک به‌ پێ ده‌گه‌نه‌ جێگای مه‌به‌ست.

2. ده‌توانن له‌ وێستگای سه‌ره‌کیی شاری کوێلنه‌وه (Köln Hauptbahnhof) هێڵی هاتوچۆی خێرا واتا S-Bahn ژماره‌ S 6 , S 11 , S12 به‌کار بهێنن، تا وێستگه‌ی Hansaring له‌وێوه به‌‌ 5 خوله‌ک‌ به‌ پێ ده‌گه‌نه‌ جێگای مه‌به‌ست.

3. هێڵه‌کانی پاسی 134 و 148 به‌کار بهێنن تا وێستگای Ebertplatz له‌وێ داده‌به‌زن و به‌ ئاراسته‌ی Neusser Str. ده‌ڕۆین له‌وێوه به‌‌ 5 خوله‌ک به‌ پێ ده‌گه‌نه‌ جێگای مه‌به‌ست.

4. بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ ئۆتۆمۆبێل دێن، ده‌توانن سه‌یری نه‌خشه‌ی هاوپێچ بکه‌ن.
بۆ زانیاری زیاتر تکایه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌کێک له‌م 2 ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بکه‌ن.

ڕوناک ئه‌حمه‌د 004917622389696

موحه‌مه‌د خه‌یروڵڵا 004917670083671


یان په‌یوه‌ندی به‌م ئیمایله‌وه‌ بکه‌ن، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ کاروباری کۆنگره‌ی (چاک) chak_kongre@yahoo.com


ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد-چاک

لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌
30/5/2006

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home