كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Friday, September 09, 2005

ئه‌و ڕوداوانه‌ی زور زوو له‌ بیریان ده‌که‌ین


ئه‌و ڕوداوانه‌ی زور زوو له‌ بیریان ده‌که‌ین
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی
نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ فه‌راموش کار بێت هه‌موو شتێکی به‌سه‌ر دێت. گه‌لی کورد یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه‌یه‌ که‌ حافیزه‌ی شت ڕاگرتنی هه‌ر نیه‌. قه‌ت نه‌ماتوانیوه‌ به‌ بیری بێنینه‌وه‌ که‌ دوێنێ و پێرێ چیمان به‌سه‌ر هاتوه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ده‌کرێ چ وێکچونێکی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕابردوو. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ هه‌ره‌س هێنانی گه‌وره‌ترین شۆڕشی خۆی له‌ لایه‌ن ته‌نیا یه‌ک تاکه‌ که‌سه‌وه‌ ساڵی 1975 له‌ بیر به‌رێ و ئه‌مڕوو بکه‌رانی ئه‌و تاوانه‌، سه‌روه‌ری گه‌ل و ئه‌نجام ده‌ری شکه‌سته‌که‌ پیرۆز بێت ، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ سه‌قه‌ت و نه‌خۆشه‌...

نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ ده‌یان ساڵ شه‌ڕی ناوخۆێی و کۆژرانی هه‌زاران که‌س و خزمه‌ت کردنی داگیرکه‌ران به‌ ئاسانی له‌ بیر به‌رێته‌وه‌، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ خاوان سه‌رۆک و ڕێبه‌ری وه‌ک ئه‌مانه‌ی باشور بێت.... کاتێک که‌ باشوی کوردستان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن هاته‌ ده‌ر ، به‌رپرسانی حیزبه‌ کوردیه‌کان هه‌موو دام و ده‌زگاکانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یان ئاو دیو کرد و پاشان به‌ر بونه‌ گێانی یه‌ک و فه‌ساد و له‌ش فروشیان په‌ره‌ پێ دا ، به‌رپرسه‌کانی یه‌کیه‌تی و پارتی بونه‌ خاوه‌ن هه‌موو شتێک و ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نیه‌ گه‌ل و خه‌ڵکی هه‌ژاره‌. سه‌رۆکی حیزبه‌کان بۆ خۆیان سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فه‌ساد و پاشاگه‌ردانی و نابه‌رابه‌ریه‌ن که‌ له‌ باشور دا هه‌یه‌. کاتێک مه‌سعود بارزانی ته‌حسین شاوه‌یسی کرده‌ برا گه‌وره‌ی خۆی و هه‌موو کۆنه‌ به‌عسیه‌کانی کرده‌ به‌رپرسی دام و ده‌زگاکانی پارتی ، کۆمه‌ڵگای کوردی حاڵی له‌وه‌ باشتر نابێ. کاتێک خه‌ڵکی شاری که‌لار و ده‌ور و به‌ر سکاڵایان له‌ به‌رپرسێکی یه‌کیه‌تی نیشتمانی به‌ ناوی عه‌دنان حه‌مه‌ی مینه‌ ، برده‌ لای سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی ، نه‌وشیروان مه‌سته‌فا له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی گشتی دا لێی توڕه‌ بو که‌ ده‌بێ واز له‌ گه‌ندڵی بێنێ .

به‌ڵام عه‌دنان چو بۆ لای مام جه‌لال و پێی وت که‌ ئه‌و ئه‌یه‌وێ ڕیزه‌کانی یه‌کیه‌تی جێ بهێڵێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نه‌وشیروان لێی توڕه‌ بوه‌ ، مام جه‌لال دوو لاندکروزری نۆێی ئه‌داتێ به‌ دیاری و ئه‌ینێرێته‌وه‌ بۆ که‌لار و عه‌دنانیش له‌ سه‌ر ماشینه‌کان ئه‌نوسێ دیاری مام جه‌لال . بێگۆمان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵۆێستی مام جه‌لال بێ ، محافێز و به‌رپرسه‌کانی دیکه‌ ده‌بێ چۆن بن؟ خه‌ڵکی که‌لار دژی گه‌نده‌ڵی دام و ده‌زگاکانی ئه‌و شاره‌ ڕێپێۆانیان ئه‌نجام دا ، که‌وتنه‌ به‌ر گوله‌ی پولیس و چه‌کداره‌کانی حکومه‌تی کوردی. ئاخر له‌ کاتێک دا که‌ مام جه‌لال ، دیاری به‌ سه‌رۆکی باندی گه‌ندڵیه‌کان بدات ، وه‌ڵامی داخۆازی گه‌ل هه‌ر ده‌بێ گولله‌ بێ.
کاتێک که‌ یه‌کیه‌تی و پارتی جه‌سته‌ی کوردیان له‌ خۆێن دا ئه‌گه‌وزان ، خه‌ڵکی شاری سڵێمانی ویستیان ڕاپه‌ڕن ، به‌ڵام که‌وتنه‌ به‌ر گوله‌ی هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و هه‌مو لایه‌ک له‌ بیریان چوه‌وه‌ و دڵنیاشم که‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ی که‌لاریش له‌ بیر ئه‌چێته‌وه‌ ، ئاخر یه‌کیه‌تی و پارتی باش ئه‌زانن که‌ گه‌لی کورد چه‌نده‌ فه‌راموش کارن، بویه‌ هه‌رچیان پێ خۆش بێ ئه‌یکه‌ن.
من نازانم ته‌قه‌ کردن له‌ خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر چ جیاوازیه‌کی هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌دام حسێن بیکا ، یان حکومه‌ته‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی؟؟ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمو سه‌رۆکی حیزبی سوسیالیستی کوردستان له‌ وت و وێژێکی له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی مێدیا دا ، ده‌ڵی : من له‌وه‌ی که‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆێی دا به‌شدار بووم په‌شیمان نیم.

ئه‌م قسانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ وه‌ڵاتێکی دیکه‌ دا و سه‌رۆکی حیزبی وه‌ڵاتێکی خۆا پێ داو بیکردایه‌ ، نه‌ک هه‌ر جه‌زا ئه‌درا به‌ڵکو به‌ تاوانی بێحورمه‌تی کردن به‌ ئیراده‌ی گه‌ل حه‌پس ئه‌کرا و مه‌جبور ئه‌کرا که‌ کڕنوش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رێ و داگاکانیش به‌ تاوانی خه‌یانه‌ت به‌ گه‌ل گه‌وره‌ترین سزایان به‌ سه‌ر دا ئه‌سه‌پان.

حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود که‌ یه‌کیک له‌ پایه‌ ئه‌سلێه‌کانی شه‌ڕی ناۆخۆێی بوه‌ و له‌م ڕێگایه‌وه‌ بوه‌ته‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانێکی خه‌یاڵی ، ئێستاش سه‌ری به‌ ئێران و چه‌ند لایه‌نێکی دیکه‌وه‌ گرێ دراوه‌ و له‌ کاتی شه‌ڕی ئێران و ئێراق دا نێزیکترین که‌س به‌ دام و ده‌زگا جاسوسیه‌کانی ئێرانیه‌وه‌ بوو و به‌ ته‌نه‌که‌ پاره‌ی وه‌ر ئه‌گرت و هه‌ر که‌ شه‌ڕی یه‌کیه‌تی و پارتی ده‌ستی پێ کرد و پ ک ک و لایه‌نه‌کانی دیکیه‌ی تێوه‌ گلا، کاکه‌ حه‌مه‌ له‌ ئێران و له‌ پکک و له‌ یه‌کیه‌تی پاره‌ی وه‌ر ئه‌گرت و کوره‌ی شه‌ڕه‌کانی گه‌رم ئه‌کرد.
له‌ کاتێک دا که‌ گه‌لی کورد له‌ باشوری کوردستان له‌ ناو ئاگری خۆ کۆژی دا ئه‌سوتا کاکه‌ حه‌مه‌ له‌ باشترین هوتێله‌کانی ئێران و ئه‌ڵمانیا دا ئه‌ژیا و خه‌ریکی کڕینی ماڵ و دوکان بو له‌و وه‌ڵاتانه‌ دا. که‌وا بو بوچی په‌شیمان بێت؟به‌ر له‌وه‌ی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی ببێته‌ مشاویری ( ڕاۆێژکار) نێچرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌ولێر له‌ به‌شی ژنان دا ، پیاوان ته‌نیا حه‌قیان هه‌بو چوار ژن بێنن ، به‌ڵام ئێستا ئه‌توانن له‌ پێنجیشی تێ په‌ڕ که‌ن.

کاتێک له‌ ماهاباد خانی فێمینیست ئه‌پرسن چۆنه‌ که‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ پێنج ژنی هه‌یه‌؟ هیچ خۆی تێک نادا و ده‌ڵێ: سه‌رۆک داوای لێ کردوه‌ که‌ واز له‌ وه‌زاره‌ت بێنێ. ئاخر مه‌هاباد قه‌ره‌داغی له‌ ته‌له‌فزیونه‌کانی مه‌د و مێدیاوه‌ به‌ ده‌یان جار دروشمی بژی سه‌رۆکی ئه‌دا و ئه‌و سه‌رۆکه‌ی ئێستای پێ خه‌یانه‌تکار بو و خه‌ڵکیش هیچیان له‌ بیر نه‌ماوه‌...سه‌رۆک هه‌ر سه‌رۆکه‌ چ له‌م لا بێ چ له‌و لا؟؟
کاک مه‌سعود بارزانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی کوردیان تێک دا له‌ که‌رج گیرسانه‌وه‌ و پاڵیان لێ دایه‌وه‌ . کاتێ شای ئێران ڕوخا و خۆمه‌ینی هاته‌ سه‌ر کار ماڵی بارزانی بونه‌ به‌شێک له‌ هێزی سه‌رکوت گه‌ری سپاسی پاسدارانی ئێرانی و گه‌لی کوردیان له‌ ڕۆژهه‌ڵات داپڵۆسی ، به‌ڵام ئێستا که‌س ئه‌وه‌ی له‌ بیر نه‌ماوه‌ و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش ڕزگارکه‌ری کورد و کوردستانن... کاک مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ: ده‌ستوری عێراق به‌ مانای مافی دیاری کردنی چاره‌ی خۆنوسینه‌ و مام جه‌لالیش ده‌ڵێ: ته‌نیا سه‌رهه‌نگ قه‌زافی مافی چاره‌ی خۆنوسینی بۆ کورد ده‌وێ؟ که‌سیش ئه‌م جیاوازیانه‌ی له‌ بیر نیه‌ و ناپرسێ ئه‌ری ده‌ستوریک که‌ ته‌نیا یه‌ک جار ناوی کوردستانی تێدا نه‌بێ ، چۆن ده‌بێ به‌ واتای مافی چاره‌ی خۆنوسینی لێ تێ بگه‌ین؟؟ مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هه‌موو هێز و تۆانای خۆیان وه‌گه‌ڕخست که‌ عه‌ره‌بی شیعه‌ و سونه‌ ڕێک بخه‌ن و ناکۆکیان له‌ نیوان دا نه‌هێڵن. به‌ڵام مامه‌ و کاکه‌ هیچ خۆیان به‌وه‌وه‌ خه‌ریک ناکه‌ن که‌ تاکه‌ی له‌ سلێمانی وهه‌ولێر دوو ده‌سه‌ڵاتی مشه‌خۆر هه‌بێ و تاکه‌ی ئاواره‌کانی که‌رکوکی له‌ چاره‌ڕه‌شی دا بژین؟
مام جه‌لال وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق چوه‌ سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی بارزان و سه‌ردانی گۆڕی نه‌مرانی کرد . ئه‌و کاره‌ی مامه‌ زور باش و به‌ جێیه‌ به‌ڵام بۆچی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و که‌رکوک و خانه‌قین ناکات ؟ کاک مه‌سعود بارزانی نایه‌وێ له‌ سه‌ری ڕه‌ش به‌م لاوه‌ بێت و به‌ میوانی سه‌ردانی هاوینه‌ هه‌واره‌کانی مام جه‌لالیش ده‌کات ؟ ئه‌گه‌ر کاک مه‌سعود سه‌رۆکی هه‌ریمه‌ و به‌ قسه‌ی کۆڵه‌نانیه‌کانی نێو پارتی سه‌رۆکی کوردستانه‌ ، چۆنه‌ نایه‌وێ سه‌ردانێکی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و پێنجۆێن بکات؟
پارله‌مای کوردستان شه‌ش مانگ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی تێپه‌ڕی تا کۆ بوه‌وه‌ ، که‌چی هه‌ر ته‌نیا دوو کۆبونه‌وه‌ی کرد ئه‌ویش له‌سه‌ر ده‌ستوری سه‌رۆکی هه‌رێم و پاشان دوو مانگ پشوی وه‌رگرت!!! ئاخر پارله‌مانێک ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ به‌که‌ڵک بێت که‌ بانگ بکرێ که‌ ده‌س به‌رز کاته‌وه‌ ، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ دایمه‌ له‌ پشۆ دان دا بێت؟؟؟ ساڵی 1917 و 1958 و له‌ چه‌ند قۆناغی جیاوازی دیکه‌ دا کورد کۆڵه‌که‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراق بوبون ، به‌ڵام کاتێک ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌ هێز بوه‌ته‌وه‌ کورد ڕاو نراوه‌ و ته‌نیا جیاوازی ئێستا و ئه‌و زه‌مانانه‌ی ڕابردوو له‌وه‌ دایه‌ که‌ عه‌ره‌ب قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ لاواز و لێک دابڕاوو و کورد قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێز و خاوه‌ن شانس نه‌بوه‌ .

به‌ڵام وا خه‌ریکه‌ ئاواته‌کانمان ئه‌بێته‌ قوربانی کورسی سه‌رۆکایه‌تی مام جه‌لال و کاک مه‌سعود و بن ده‌سه‌تی ئاره‌زومه‌ندانه‌ وه‌ک ته‌وق ئه‌که‌نه‌ ئه‌ستۆمان و ئه‌مجاره‌یان کورد خۆی، خۆی له‌ نێو ئه‌با و پێویستی به‌ هێزی عه‌ره‌بی و بێگانه‌ نیه‌. بێگومان زور شتی دیکه‌ هه‌ن که‌ له‌ بیرمان کردون و نامانه‌وێ که‌س وه‌بیرمان بێنێته‌وه‌ و بۆمان باس بکات ؟ ئه‌مڕۆ باس کردنی ڕاستیه‌کان خه‌یانه‌ته‌ و خه‌یانه‌تکاره‌کان سه‌روه‌ر و خاوه‌ن مه‌نسه‌بن و داهاتوشمان تاریک تاریک وه‌ک هه‌ڵۆێستی تورک به‌رانبه‌ر به‌ کورده‌.

له‌م چاره‌نوسه‌ دا که‌ گریبانی گرتوین هه‌مومان خه‌تاکار و تاوانبارین ، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بن ده‌ست نابێ ئه‌گه‌ر خۆی قه‌بوڵی نه‌کات. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ دیاری کردنی چاره‌نوسی خۆی دا به‌شدار نه‌بی، قه‌ت ڕزگار نابێ؟
050908

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home