كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, September 03, 2005

به‌عسیه‌کانی عێراق شۆڕشگێڕن

به‌عسیه‌کانی عێراق شۆڕشگێڕن
به‌ڵام کورد به‌ تومه‌تی به‌عسی بون سزا ئه‌درێ
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌مه‌دی

له‌ ساڵی 1991 ڕێبه‌رایه‌تی کورد لێبوردنی گشتی بۆ هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌رکرد که‌ هاوکاری دام و ده‌زگاکانی سه‌دامیان کردبو. زور که‌س له‌و جاش و مسته‌شارانه‌ی که‌ تا بنا گۆێ به‌عسی بون ، له‌ لایه‌ن یه‌کیه‌تی و پارتیه‌وه‌ پێشبڕکێان له‌سه‌ر ده‌کردن و ئه‌مڕۆ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ماڵ و مه‌حامین و له‌ شه‌ڕی ناوخۆێی دا وه‌ک به‌عسیه‌کان کوردیان ئه‌کوشت.

له‌ ساڵی 1996 کاتێک هێزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رگه‌ی هێرشه‌ هاوبه‌شه‌کانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی ، پ ک ک و سوسیالیست و زه‌حمه‌تکێشان و ... نه‌ده‌گرت و له‌ حاڵی تێکشکانێکی جه‌رگبڕ دا بون ، کاک مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌کی برایانه‌ی نارده‌ خزمه‌ت سه‌دام حسێن و داوای یارمه‌تی لێ کرد که‌ شاری هه‌ولێر داگیر بکاته‌وه‌ و هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی و هاوپه‌یمانه‌کانی تێک بشکێنێ.
نه‌ ئه‌و کاته‌ و نه‌ ئێستا ئه‌و کاره‌ی کاک مه‌سعود و پارته‌که‌ی نه‌که‌وته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی جیدی ڕۆشنبیران و لایه‌نه‌ جیا ، جیا کانی کوردی ، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌پڵه‌یان بۆ لێ دا و شه‌رابیان له‌ سایه‌ی دا نۆشی و به‌رگی شه‌رمه‌زاریان پۆشی.
سه‌ران و سه‌رکرده‌کانی یه‌کیه‌تی و پارتی هه‌تا بنا گۆێ خه‌یانه‌تن و مه‌له‌فه‌کانایان بۆنی خۆێنی کورد کۆژی لێ دێت و ده‌بێ له‌ دادگاکانی کوردستان دا محاکمه‌ بکرێن ، ئه‌گه‌ر چی ئێستا ئه‌وان بۆ خۆیان دادگاکانیش ، دادگاێی ئه‌که‌ن.
مام جه‌لال و کاک مه‌سعود به‌ هه‌ۆڵ و کۆششێکی زور عه‌ره‌به‌کانیان لێک نێزیک کرده‌وه‌ و قه‌ناعه‌تیان پێ هێنان که‌ له‌ سه‌ر ده‌ستور ڕێک بکه‌ون ، ئه‌و ده‌ستوره‌ی که‌ دواڕۆژی کورد و کوردستان ڕه‌ش ئه‌کات ، ته‌نێا به‌و شه‌رته‌ی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاته‌کانیان بپارێزرێ.به‌ڵام یه‌ک چرکه‌ کاتی خۆیان ته‌رخان ناکه‌ن بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی.

هێشتا حکومه‌تی جه‌عفه‌ری له‌ ژێر گورزی کونه‌ به‌عسیه‌کان دایه‌ و شه‌و و ڕۆژی لێ تێک چوه‌ و هه‌م جه‌عفه‌ری و هه‌م ئیمریکا ، ئاماده‌ن جێگایه‌ک بده‌نه‌ به‌عسیه‌کان و له‌ ده‌سه‌ڵات دا به‌رشداریان بکه‌ن و بۆ ئه‌م کاره‌ش پشتگیری ته‌واوی مام جه‌لال و کاک مه‌سعودیان هه‌یه‌ ، حکومه‌تی عێراق ئه‌یه‌وی به‌ بیاوی به‌عسی بونه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ته‌کانی کوردستان که‌م کاته‌وه‌ و ده‌خاله‌ت له‌ باشوری کوردستان دا بکات.
له‌ حه‌وتوی ڕابردوو دا وه‌زاره‌تی ناوخۆێی عێراق دوو لیستی داوه‌ته‌ یه‌کیه‌تی و پارتی که‌ ئه‌و که‌سانه‌ ناویان له‌و لیستانه‌ دا هاته‌وه‌ و له‌ دام و ده‌زگاکانی باشوری کوردستان دا کار ده‌که‌ن ، له‌ کاره‌کانیان وه‌ده‌ر بنرێن و بیانوشیان بۆ ئه‌و کاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ کۆنه‌ به‌عسی بوون.

سه‌یر له‌وه‌ دا نیه‌ که‌ کۆنه‌ به‌عسی له‌ ناو دام ده‌زگاکانی حکومه‌تی کوردستان دا هه‌بێ ، سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی به‌عسی ڕاسته‌قینه‌ بوون و مه‌له‌فیان هه‌یه‌ گه‌وره‌ترین دسه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و هه‌ر ئێستا کۆنه‌ به‌عسیه‌کان مشاوره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌روک کۆماری عێراق و سه‌ره‌ک ورزیرانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ن ، به‌ڵام که‌سانێکی دیکه‌ به‌ بیانوی به‌عسی بونه‌وه‌ ده‌ر بکرێن. ئه‌گه‌ر جه‌عفه‌ری و حکومه‌ته‌که‌ی مه‌رامی گڵاویان نیه‌ و نایانه‌وێ سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردی پێشێل بکه‌ن ، بۆچی له‌ لای خۆیانه‌وه‌ ده‌س به‌ خاوێن کردنه‌وه‌ ناکه‌ن.
به‌داخه‌وه‌ سه‌رانی کورد و سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کانیان ئه‌وه‌نده‌ پاشوه‌یان پیسه‌ و مه‌لفیان له‌ لای ئه‌م و ئه‌و هه‌یه‌ ناتوانن ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان بپارێزن و مل بۆ هه‌مو داوایه‌کی نابه‌جێ دا ئه‌نه‌وێنن. ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ کۆنه‌ به‌عسی سزا بدرێن یان ده‌س نیشان بکرێن ، ئه‌وا ده‌بێ حکومه‌تی کوردستان و وه‌زاره‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار به‌و کارانه‌وه‌ بکه‌ونه‌ کار و جێگای شه‌رمه‌زایه‌ که‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌ستوریان پێ بدرێ و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا جێ به‌ جێی بکه‌ن.

ئه‌مکاره‌ی جه‌عفه‌ری و عێراقیه‌کان سه‌ره‌تای ده‌س پێ کردنی شه‌ڕه‌ دژی گه‌لی کورد به‌ ناوی به‌عسی بون و شتی له‌و بابه‌ته‌وه‌ و به‌یانی ئه‌توانن به‌ تاوانی یارمه‌تی دانی له‌شکری بێگانه‌ ، وه‌ک هاوکاری کردنی سپای تورک و ئێرانی ، داوای محامکه‌ کردنی که‌سانی دیکه‌ بکه‌ن و هه‌روه‌ها هیچ دوور نیه‌ که‌ وه‌زاره‌تی ناخۆ و دادی عێراقی ده‌عوا له‌ سه‌ر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی پارتیش قه‌ید بکه‌ن و به‌مجوره‌ داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وی حکومه‌تی کوردستان بکه‌ن و بیانوشیان هاوکاری کردن و بازرگانی کردنی هاو به‌شی نێچیر و عوده‌ی سه‌دام بێت.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تی و پارتی به‌ بیانوی داواکاری حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌ بۆ تاوانبار کردنی مخالفانی خۆیان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن که‌ که‌سانی ڕه‌خنه‌گر و خاوه‌ن که‌سایه‌تی وه‌ده‌ر نێن و بێده‌نگیان که‌ن. له‌ کاتێک دا که‌ تا ئه‌و کاته‌ی هێز و گۆڕم تێ دا بێ له‌ سه‌ر خه‌یانه‌تی ناوخۆێی ئه‌نوسم و که‌سانی خۆ کۆژ ڕێسوا ئه‌که‌م ، ئاماده‌م بچمه‌ سه‌نگه‌ری پاراستنی هه‌ر کوردێکه‌وه‌ به‌ هه‌ر بیانو و له‌ ژێر هه‌ر دروشمێک دا بێت ، که‌ بکه‌وێته‌ به‌ر په‌لاماری حکومه‌تی عێراقی و داوام ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌ته‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی مل بۆ داوای عه‌ره‌به‌کان دا نه‌نه‌وێنن و هه‌وڵ بده‌ن ده‌سه‌ڵات و یاسای کوردستان سه‌روه‌ر بێت.

ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ که‌سێک به‌ تاوانی هاوکاری سه‌دام و به‌عس ده‌رکرێ و سزا بدرێ ئه‌وا بێگۆمان له‌ پێش هه‌مو که‌سێک دا ده‌بێ مه‌سعود بارزانی ، نێچیرڤا بارزانی ، سامی عه‌بدولڕه‌حمان ، فرانسوا حه‌ریری ، جه‌لال تاڵه‌بانی ، سه‌عدی پیره‌ و ... ئه‌وانه‌ بن که‌ له‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی حیزبه‌کان دان ، نه‌ک ماموستای زانکو و قوتابخانه‌ و که‌سانی نه‌خۆێنده‌راو و بێ ده‌سڵات.

050901

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home