كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Thursday, April 14, 2005

كۆنفرانسی جیهانی ژن یان بازرگانی به‌ ژنی كورده‌وه‌

كۆنفرانسی جیهانی ژن یان بازرگانی به‌ ژنی كورده‌وه‌
نوسینی: هیوا گوڵ محه‌ممه‌دی

ژنی كورد وه‌ك به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵگای كورد كه‌سایه‌تیه‌كی لاواز و بێ هێز و زوڵم لێ كراو و چه‌وساوه‌یه‌ . پێاوی كورد له‌ ڕاونان و كوشتن و شه‌ر و زه‌لیلی دا ئه‌ژی هه‌ر بویه‌ ژنی كورد دوو جار ئه‌چه‌وسێته‌وه‌ ، جارێ وه‌ك كورد و جارێكی تر وه‌ك ژن ، بێ گۆمان زور هوی دیكه‌ بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی ژنی كورد هه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ هیچ كاتێك دا هێچ هێزێك نه‌یتوانیوه‌ پێشگر بێ له‌ به‌رده‌م ژنی كورد دا و ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ پێێان خوش بوبێ یان هه‌ڵسوڕ و چالاك بوبێتن پێش كه‌وتون و له‌ ناو كۆمه‌ڵگا دا ڕێزیان لێ گیراوه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ زور له‌ مێژه‌ كه‌سانێك هه‌ن كوردایه‌تی و خه‌باتی كوردایه‌تی به‌ كار دێنن بۆ بازرگانی كردنی و خۆشگوزه‌رانی خۆیان و به‌ دروشمی بریقه‌دار لاوان و كۆمه‌ڵگای كورده‌واری هه‌ڵ ئه‌خڵه‌تێنن و ئه‌یان كه‌نه‌ قوربانی .

ئێستا كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا مودێرنه‌كان دا باسی كێشه‌ی ژن و جوڵانه‌وه‌ی فێمینیستیه‌، هێندی مروڤی به‌ ناو شاره‌زای كوردیش ئه‌و هه‌له‌یان گوازتوه‌ته‌و و بۆ بازرگانی كردن گۆیا كار بۆ ژنی كورد ئه‌كه‌ن. وه‌ڵاتێكی وه‌ك سوید ته‌جروبه‌ی زیاتر له‌ 80 ساڵ كومه‌ڵگای مودێڕن و دیموكراتێیك و مه‌دنی هه‌یه‌ و تازه‌ خه‌ریكه‌ جوڵانه‌وه‌ی ژنان پێ ده‌نیته‌ قۆناغی سه‌رهه‌ڵدان و ئه‌ویش زور به‌ پارێزه‌وه‌ و به‌ پشتیوانی و پاڵپشتی كردنی ده‌یان مروڤی پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌و بواره‌ و به‌ پشتگیری كردنی ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیه‌كان ، به‌ڵام هێشتا ناوی خۆیان نه‌ناوه‌ حیزبی ژنان یان پێشڕه‌وانی ژنان و به‌ خۆیان ده‌ڵێن ئینیتیاتیڤی فێمینیزم. له‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری دا كه‌ هێشتا نه‌ ئازادی هه‌یه‌ و نه‌ دیموكراسی سه‌قامگیره‌ و نه‌ مافی مروڤ ئه‌پارێزرێ بازدان بۆ پروژه‌ی ژنی كورد له‌ بازرگانی كردن به‌ ژنی كورد و گیرفان پڕ كردن زیاتر نیه‌. له‌ كه‌س شاراوه‌ نیه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی ماوه‌یه‌كی زوره‌ خه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌م لاو ئه‌و لای خۆی له‌ باشوری كوردستان دا بچه‌سپێنێ و له‌ زور حاڵه‌ت دا وه‌ڵامی مه‌سعود بارزانیش ناداته‌وه‌ و باند و ده‌سته‌ و گروپی خۆی هه‌یه‌ و له‌ ناو ئاساێشی پارتی دا ده‌زگای ئاساێشی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتیش به‌ ده‌یان كه‌سی دابه‌سته‌ و وابه‌سته‌ی خۆی هه‌یه‌ كه‌ بۆ چه‌سپاندن و ڕه‌وایه‌تی پێ دانی بیری بۆ ئه‌كه‌نه‌وه‌ و پروژه‌ی جیا جیای پێ پێشنێار ئه‌كه‌ن و ئه‌ویش له‌ پاره‌ی فراوانی كوردی هه‌ژاریان بۆ ئه‌ڕێژێنێته‌ حیسابه‌كانیان و به‌ بێ لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌توانن خه‌رجی كه‌ن و ئه‌م كه‌سانه‌ ته‌نیا له‌ به‌رانبه‌ر نێچیر دا به‌رپرسیارن و نه‌چیریش ته‌نیا له‌ به‌رانبه‌ر خۆا دا وه‌ڵام ده‌ر و له‌ خۆی باڵاده‌س تری نیه‌ و كه‌سیش پێی ناوێرێ . ماوه‌یه‌كی زوره‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ئه‌كرێ كه‌ كونفرانسی نێو نه‌ته‌وه‌ێی ژنی كورد له‌ سوید ئه‌به‌سرێ و له‌و پێناوه‌ش دا جێگایه‌كی تایبه‌تی ئاماده‌ كراوه‌ و میوان ده‌سنیشان كراون و بودجه‌یه‌كی تایبه‌تیشی بۆ ته‌رخان كراوه‌. هه‌روه‌ك ڕون و ئاشكراشه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م ته‌رح و به‌رنامه‌یه‌ سێ كۆچكه‌ی تازه‌ وابه‌سته‌ و دابه‌سته‌ی مهاباد ، حه‌مه‌سه‌عید و عومه‌ر فارسه‌ كه‌ من به‌ مهاباد سه‌عید فارس ناویان ده‌به‌م. به‌ ڕێكه‌وت وا پێش هات كه‌ شێره‌ ژن و داكۆكیكاری ماڤی مروڤ و ژنی كورد له‌ ڕوژهه‌ڵاتی كوردستان دوكتور ڕویا تلوعی وه‌ك میوانی به‌شدار له‌و كونفرانسه‌ دا توشی بو به‌ توشی منه‌وه‌ و منیش به‌ شانازیه‌كی گه‌وره‌م زانی كه‌ له‌ نێزیكه‌وه‌ ئه‌و خانمه‌ به‌ وه‌فا و توانایه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م زیاره‌ت بكه‌م و ئاماده‌ بم كه‌ خزمه‌تێكی بچوكی بكه‌م و ئه‌ویش ئه‌وه‌ بو كه‌ بێگه‌یه‌نمه‌ جێگای ئه‌و كونفرانسه‌. كاتێك گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ توشی سه‌رسوڕمان هاتم و زور كه‌سیشم توشی سه‌رسوڕمان كرد كه‌ یه‌كیان به‌ڕێز مه‌هاباد سه‌عید فارس بو ؟!!

سه‌یر له‌وه‌ دا بو كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی من ئه‌ناس و من ئه‌یان ناسم وایان نیشان ئه‌دا كه‌ من نابینن و من به‌ هه‌ڵه‌ ڕێم له‌وێ كه‌وتوه‌ ، ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ زوربه‌ی به‌شداربوه‌كان فڕیان به‌ سه‌ر ژن و مافی ژن و كێشه‌ی ژنه‌وه‌ نیه‌ و نه‌بووه‌ و نه‌ك هه‌ر دژی ژن به‌ڵكو دژی پیاو و مروڤایه‌تین. مه‌هاباد خان كه‌ خۆی به‌ دیموكرات و پارێزه‌ری مافی مروڤ و ئازادیخۆاز و ده‌یان شتی له‌م بابه‌ته‌ ئه‌زانی به‌ بینینی من وای ئه‌زانی كه‌ به‌ڕاستی ئه‌مه‌وی به‌شدار بم و زور سه‌یر توشی ئاڵوزی بو، ئه‌وانی تریش هه‌روا به‌ بێ هو به‌ ناو یه‌كا ئه‌هاتن و ئه‌چون و مهاباد به‌ شوین كاك ته‌ها به‌رواری دا ئه‌گه‌ڕا نازانم بۆ چی بو ؟

دیاره‌ چه‌ند كه‌س له‌وانه‌ی له‌وێ بون به‌ گه‌رمی له‌گه‌ڵ من دوان و به‌ خێرهاتنمیان كرد و یه‌كێك له‌و خانمانه‌ زور به‌ ڕێزه‌وه‌ داوای لێ كردم كه‌ به‌شداری كۆنفرانسه‌ كه‌ بم ، به‌ڵام من به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه‌ داوای لێبوردنم لێ كرد و هاتمه‌ ده‌رێ. ئه‌وه‌ی بو من جێگای سه‌رنج بو، ئه‌وه‌ بو كه‌ ئه‌و مه‌هاباد خانه‌ی خۆی به‌ پێشڕه‌و ئه‌زانی ، چون ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵی هاوكارن به‌ ناوی پروژه‌ و ژن و مافی مروڤ و ئه‌و شتانه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌گیرفان پڕ كردن. له‌ كاتێك دا كه‌ سه‌رچاوه‌ی نابه‌رانبه‌ریه‌ كومه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ باشوری كوردستان سه‌روك و ڕێبه‌ری حیزبه‌كانن ، كه‌سانێك له‌ ئه‌روپا ئه‌بنه‌ قڵغانی ڕه‌وایه‌تیان و بو ئه‌وه‌ی پوستێك بو خۆیان مسوه‌گه‌ر بكه‌ن درو له‌ گه‌ڵ ویژدانی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌كه‌ن .

ئێستاش چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ و دایكی كورد چاوڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان كه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆێی دا و به‌ ده‌ست نێچیرڤان بارزانی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بێ سه‌روشوێن كراون و به‌ ده‌یان ژنی كورد مێرده‌كانیان له‌ شه‌ڕی ناوخۆێی دا له‌ده‌س داوه‌ و مه‌هاباد سه‌عید فارسیش له‌ ئه‌روپا زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار كرونی سویدی خه‌رجی دوو شه‌و ئه‌كات كه‌ گویا ئه‌یه‌وی مافی ژنی كورد بپارێزی و له‌ ڕاستی دا ئه‌یه‌وی ڕه‌وایه‌تی به‌ كار و مه‌له‌فه‌ ناشیریه‌نكانی ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد بدات. له‌ ڕێگای ته‌له‌فزیونه‌وه‌ سه‌یری به‌رنامه‌كه‌م كرد زور لاواز ، بێ به‌رنامه‌ و بێ ناوه‌روك بو ، ته‌نێا كه‌سانێ بانگ كرا بون كه‌ به‌ دڵی مه‌هاباد و .... ... بون و ئێتر شاره‌زاێی و پسپوڕی له‌به‌ر چاو نه‌گیرا بو .

من یه‌ك ڕه‌خنه‌م له‌ مه‌هاباد سه‌عید فارس گرت ، ئه‌یش زور زانستیانه‌ و هاوچه‌رخانه‌ ، كه‌چی ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕوژه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بایه‌ هه‌ر له‌وێ له‌ پێش چاوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ وه‌ده‌ری ئه‌نام ، ئه‌وه‌ش نیاشانه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌و خانمه‌ شوڕشگێڕه‌یه‌ كه‌ بو وه‌رگرتنی پوستێك ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌ر و تاوانبارانی شه‌ڕی ناوخۆێی دا پێاڵه‌ی تاون هه‌ڵوشێ ...كێشه‌ی ژنی كورد له‌ كوردستان و له‌نێو كومه‌ڵگای كورده‌واری دا سه‌ری هه‌ڵ داوه‌ و هه‌رله‌ویش چاره‌سه‌ر ئه‌كرێ و ئه‌وی دیكه‌ ته‌نیا ڕێكلام و چه‌واشه‌كاری و بازرگانی كردنه‌.

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home