كوردستان

kurdish weblog

My Photo
Name:
Location: Melbourne, VIC, Australia

Saturday, March 19, 2005

پێڤێک بۆ یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌

پێڤێک بۆ یادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌

هه‌ڤده‌ساڵ له‌مه‌و پێش له‌ ڕۆژه‌کانی کۆتایی مانگی ڕه‌شه‌مه‌دا، چێشته‌نگاوێک که‌ بۆنی به‌هاروو گوڵه‌نێرگزه‌ هه‌موو که‌لێن و قوژبنێک و شیوو دۆڵ و ده‌رو ده‌شتی وڵاتی مێدیاکانی داگرتبوو، پێشنیوه‌ڕۆیه‌ک که‌ چیاکانی هه‌ورامان و شنروێ و به‌رزاییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رگی سپیان له‌به‌ر داکه‌ندبوو و به‌ره‌و نه‌وروزو خاکه‌لێوه‌ خۆیان ئاماده ‌ده‌کردو به‌رگی نوێ و ئاماڵ سه‌وزو پڕ له‌ گوڵیان به‌ باڵای خۆیان ده‌دروو، به‌ڵێ ڕاست ئه‌و به‌یانیه‌ی که‌ شاره‌زوورو بوکه‌ جوانه‌که‌ی..، هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ره‌و جێژنی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر زستان و دێوه‌زمه‌ی شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌ک و هاتنی به‌هارو ساڵی نوێی کورده‌واری له‌خۆ ئامده‌کردندا بوون و و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان وێڕای چرێنی سیاچه‌مانه‌ پڕ به‌ سینه‌ بۆنی به‌هاریان هه‌ڵده‌مژی، ڕاست له‌و کاته‌دا که‌ مناڵانی نێرگز چنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ گوڵه‌ نه‌ورۆزه‌کانیا چه‌پکه‌ چه‌پکه‌ ده‌کردو له‌ سه‌ر کۆڵان و شه‌قامه‌کانی بوکی شاره‌زوردا ڕاده‌ستی ڕێبوارانیان ده‌کرد، به‌ڵێ له‌ دره‌نگانێکی به‌یانی دا چه‌ند داڵاشی باڵ ڕه‌شی چنگ و ده‌م به‌خوێن له‌ د‌‌ه‌شته‌ قاقڕه‌کانی هه‌رێمی تۆزو تاریکیه‌وه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌ردارانی بیر گه‌نیوی مێشک پووت و خه‌ون ئاڵۆزه‌کانی کۆشکه‌ به‌رزه‌کانی عروبه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی خه‌ونی له‌ناو بردنی کوردو به‌ سوتمانکردنی کوردستانیان ده‌بینی، به‌ره‌و هه‌رێمی ژیان و شارستانیه‌تی مێدیا به‌ڕێکه‌وتن و له‌ کاتێکدا ژیان گوڵه‌ نێرگز بوو به‌ ده‌ستی مناڵانی کورده‌وه، ئه‌و داڵاشه‌ چنگ به‌خوێنانه‌ چه‌ندی توانیان ژاریان پژاند بۆ ئه‌وه‌ی ژیان نه‌هێڵن، ژیان بخنکێنن و خۆشه‌ویستی بکوژن و گوڵه‌ نێرگزه‌کانی ئاماژه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی ژیان و هه‌رچی جوانیه‌ نه‌یهێڵن و بیژاکێنن.
Posted by Hello
****
به‌ڵێ ئه‌و به‌یانیه‌ جوان‌ و نه‌شه‌ بزوێنه‌ی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زور له‌ لایه‌ن فڕۆکه‌کانی ڕژیمی فاشیستی به‌عسه‌وه‌ ژه‌هر بارانکراو له‌ چه‌ند چرکه‌دا به‌ هه‌زاران مرۆڤ خنکان و بیناییان له‌ده‌ستدا و به‌ره‌و هه‌ڵدێری مردن بران.
ده‌یان و سه‌دان زارۆک و مناڵی شیره‌خۆره‌، ژن و پیاوی گه‌نج و پیرو سه‌دان و هه‌زاران زینده‌وه‌ر و ئه‌وه‌ی ناوی ژیانه‌ به‌ ژانی دژواری ژه‌هری ژه‌هر پژێنانه‌وه‌ ده‌تلانه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی مردنیان ده‌کرد. ڕاست له‌ به‌یانیه‌کی جوان و ڕازاوه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌خاجدرا و بوه‌ قوربانی بیری ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ی شۆڤێنیسته‌کان و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار که‌س به‌تاوانی کورد بوون له‌سه‌ر خاو وڵاتی خۆیان و له‌ ناو ژینگه‌و هێلانه‌ی خۆیان گیانیان لێسه‌ندراو به‌ هه‌زرانیش تا ئێستا هه‌روا به‌ ئازاری ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌و وحشیانه‌وه‌ ده‌تلێنه‌وه‌.
ئێستا که‌ هه‌ڤده‌ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ خۆشیه‌وه‌ تاوانبارن له‌ به‌ندی تاوانه‌کانی خۆیاندان و گه‌لی کوردو هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان چاوه‌ڕوانی به‌سزا گه‌یاندن ئه‌وتاوانبارانه‌ن و ده‌خوازن له‌ شاری هه‌‌ڵه‌بجه‌و له‌ به‌رچاوی پاشماوه‌کانی قوربانیه‌کانی ئه‌وشاره‌دا دادگایی بکرێن.
له‌و کاته‌وه‌ هه‌موو ساڵێک و له‌ ڕۆژی تاوانه‌که‌ی هه‌ڵبجه‌دا له‌ هه‌موو کوردستان و له‌ هه‌ر شوێنێک کوردێک هه‌بێ ئه‌و ڕۆژه‌ و ئه‌و تاوانه‌ی تێیدا ئه‌نجامدرا وه‌بیر ده‌هێنرێته‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ش نفره‌ت له‌ بکوژانی هه‌ڵبجه‌ ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ پێناوی نه‌هێشتنی تاوانی له‌و جۆره‌دا جیهان وشیار ده‌کرێته‌وه‌.
****
پاش ئه‌وه‌ی ڕژیمی تاوانباری به‌عس فڕێدرایه‌ ناو زبڵدانه‌وه‌و سه‌رانی تاوانباری گیران، پاش ئه‌وه‌ی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ژێر حوکمی خۆماڵی کورد خۆیدایه‌و ئه‌وه‌ نزیک پانزه‌ ساڵه‌ ئازادکراوه‌و هه‌مووشمان ده‌زانین که‌ ئه‌وه‌ی وه‌ده‌ست هاتووه‌ به‌رهه‌می خوێن و قوربانی کوردستانیه‌کان و به‌ تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانه، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چ پاداشتێکی هه‌ڵه‌بجه‌ و گشت قوربانیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌حشیانه‌ی ڕژیمی ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ست و فاشیستی به‌عس دراوه‌ته‌وه‌.
هه‌موو ساڵێک یادی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شکۆوه‌ ده‌کرێته‌وه‌ لێ له‌ هه‌مانکاتدا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان و قوربانیه‌کانی ئه‌نفال و کیمیایی و گشت تاوانه‌کانی دیکه‌‌ی به‌عس که‌ به‌رامبه‌ر کورد کراوه‌ ،‌ نوقمی ئازارو یادی ئازیزانیان ده‌بنه‌وه‌ و به‌ سێلاو فرمێسک ده‌وه‌رێنن و ژانی تاڵی ئاسه‌واره‌کانیان زیندوو ده‌بێته‌وه‌و ده‌چنه‌وه‌ ناخی ڕۆژه‌کانی کاره‌ساته‌که‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وانیش هه‌موو تاکێکی کورد له‌و ڕۆژه‌دا فرمێسکی پڕ له‌ ناسۆر بۆ ئه‌و نه‌هامه‌تی و کاره‌ساته‌ و گشت کاره‌ساته‌کانی دیکه‌ ده‌وه‌رێنن و ئه‌و ڕۆژانه‌ی که‌ هه‌ێنده‌ بێکه‌س بووین که‌ ده‌نگمان جگه‌ له‌‌ چیاکان به‌ هێچ شوێنک نه‌ده‌گه‌یشت و که‌س گوێی بۆ ئازارو ژان و هاواری ژێر چه‌پۆکه‌یمان نه‌ده‌گرت، ده‌وه‌رێنن.
گه‌لی خوێنه‌ران، له‌ ڕۆژێکی وه‌ک 26ی ڕه‌شه‌ممه‌دا بۆ هه‌موو لایه‌ک پرسیاره‌ که‌ تۆ بڵێ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان چیان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ کردبێت؟. ئه‌و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ی که‌ بۆته‌ هێمای ناسینه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مانه‌ له‌ م جیهانه‌دا تا چه‌نده‌ ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه؟. ئایا به‌ ڕاده‌ی باڵای به‌رزی قوربانی و نه‌هامه‌تیه‌کانیان هه‌وڵی ساڕێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانیان دراوه‌؟. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم چاوه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی سایت و ڕۆژنامه‌کان پێمان ده‌ڵێن که‌ جگه‌ له‌ چه‌ند پڕۆژه‌ی ڕواڵه‌تی هیچیان بۆ نه‌کراوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌رده‌می ئازادیدا هه‌روا بێنازو بێکه‌س دیاره‌. بۆیه‌ش له‌ یادی ئه‌و کاره‌ساته‌ ویژدان هه‌ژێنه‌دا وێڕای سڵاو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و گیانی قوربانیه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌و به‌جێماوه‌کانیان، ده‌ڵێین با هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دانبکرێته‌وه‌و‌ که‌شێکی وا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بئافرێنرێ که‌ هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ هه‌ست به‌ ژان و ئازاره‌کانیان کراوه‌ و دروشمه‌کان هه‌ر په‌یڤی ڕوت نین و مه‌به‌ست لێنا بازرگانی و خۆڕانان نیه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و ساڕێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانیه‌تی، پێویستی به‌وه‌یه‌ ململانێی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ند خوازی ئازاره‌کانی قوڵ نه‌کاته‌وه و زامه‌کانی له‌بیر نه‌برێته‌وه‌،‌ گه‌ره‌کیه‌تی به‌ یه‌کیه‌تی هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌ هه‌وڵی وه‌ستهێنان و مسۆگه‌ر کردنی داهاتووی ئاشتی و ئاسوده‌یی بدرێت و به‌مه‌ش لانی که‌می زامه‌کانیان ساڕێژ بکرێته‌وه‌‌.

نفره‌ت له‌ داگیرکه‌ره‌ تاوانباره‌کان و گشت ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژ ڕه‌شی و کاره‌ساته‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌دا پشکیان هه‌یه‌.‌به‌رزو به‌ڕێز بێت یادی کاره‌ساتی جه‌رگبڕو ویژدان هه‌ژێنی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستان
تێبینی: ئه‌م نوسراوه‌ له‌ ڕۆژی 26ی ڕه‌شه‌ممه‌ نوسراوه‌ بۆ ڕادیۆی کوردی باشوری ئوسترالیا

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home