شانزه‌ی مانگه یان مه‌رگه‌سات
شانزه‌ی مانگه یان مه‌رگه‌سات
هیوا گوڵ محه‌مه‌دی
شانزه‌ی مانگه و كه چی هێشتا مانگ و ڕۆژ له شه‌رمانا خۆێان حه‌شار داوه ، بۆنی گوڵ و ڕێحان و سه‌وزاێی ناێه.
شانزه‌ی مانگه له به‌یانا ، به‌یان په‌له‌قاژه‌ی ژیانیه‌تی و كراسه‌كه‌ی سه‌ر سینگی دائه‌دڕێ و ده‌ست ئه‌كێشێ و په‌ل ئه‌هاوێ ، نه له‌قی داربه‌ڕوه‌كه‌ی به‌ر ماڵیانی پێ ئه‌گیرێ و نه هێزی تێایه كه جامێ ئاو هه‌ڵگرێ و هه‌ناوی پێ فێنك بكاته‌وه.
شانزه‌ی مانگه و شار به تێكڕا له باوه‌شی ڕه‌شی مه‌رگا په‌له‌قاژه‌ی مان و نه‌مانیه‌تی...
شانزه‌ی مانگه و هێشتا هیوا ده‌ستی نه‌گیشتوه‌ته داوێنی بوكی حه‌زی و له ڕێگای جێژوانا وه‌ك دیواری ماڵی كه‌ژاڵ وشك و بێده‌نگ چاوی له درگای ماڵی یاره، نازداره‌كه‌شی له خه‌نه‌به‌ندانی
شاێی به‌ره‌و هه‌واری دوور و سوور به ئاسته‌مێ هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵ ئه‌كێشێ و پێلوی چاوه كاڵه‌كانی ئه‌تروكێنێ ...
شانزه‌ی مانگه و خاڵ‌و حه‌مه له سه‌ر ڕێگای مزگه‌وتا خۆی داوه‌ته سه‌ر دار عه‌ساكه‌ی دا نه ئه‌توانی سوجده بۆ باره‌گای یه‌زدانی بێ بارگه و بنه به‌رێ و نه ئه‌زانێ بۆچی هه‌نگاوه‌كانی له دوو نایه ، سه‌ر به‌رز ئه‌كاته‌وه كه له خۆای ئاسمانه‌كان بپاڕێته‌وه ئه‌مجاره‌ش یارمه‌تی بدات ، به‌ڵام تۆزقاڵه هه‌ورێكی ڕه‌ش و قۆرس تێكه‌ڵ به هه‌ناسه‌كانی ئه‌بێ ، دوو دڵوپ فرمێسك له چاوه سوما له ده‌س داوه‌كانیه‌وه به سه‌ر ڕومه‌تی له ڕه‌نگ هه‌ڵگه‌ڕاوی گلور ئه‌بنه‌وه و ئیتر نه مزگه‌وت و نه ئاسمان و نه یه‌زدان گۆیان لێ نه‌بو كه بپاڕێته‌وه له گۆناحه نه كردوه‌كانی خۆش بن....
شانزه‌ی مانگه ، تریفه و تارا له حه‌وشه دا له‌گه‌ڵ یاری كردنا چاویان له سه‌ر ڕومه‌تی یه‌كتره و چاو ناتروكینن . توپی یاری كردنه‌كه‌یان له نێوانیانه ، نه تریفه بۆی ئه‌ڕوا و نه تارا ده‌ستی بۆ ڕاده‌دێرێ ، ئاخر ئه‌وانیش وه‌ك توپه‌كه بێ گێان و بێ هه‌ناسه چاوه‌ڕوانی ده‌ستێكن هه‌ڵێانگرێ...
شانزه‌ی مانگه و شنه‌ی شه‌ماڵی ئێواره ڕێگای ون كردوه و له باوه‌شی زریانا به دوای هه‌ناسه‌ی هه‌ڵ هاتوا ئه‌گه‌ڕێ...
شانزه‌ی مانگه ، گوڵی سووری بناری شاخ سه‌ری له كۆشی خۆی ناوه ، ئاخر نه نالی بۆ لای ئه‌چێ و نه حه‌بیبه له یه‌خه‌ی ئه‌دا ، نه‌مه بارانێكش له داوێنی هه‌وره‌كانی سه‌ر ئه‌م شاره‌وه به‌ر نابێته‌وه و نایشواته‌وه ...
شانزه‌ی مانگه ، پوره شنۆ له سه‌ر سفره‌ی نان خۆاردنی به‌یانیا چاوی ، چاوه‌ڕوانی كردنه‌وه‌ی درگای حه‌وشه‌یه ، له به‌ر ئه‌وه شانزه شانزه‌ی مانگ به‌ر له ئێستا كۆڕه‌كه‌یان كه‌له‌بچه كرد و بردیان ...
چاوه‌كانی پوره شنۆ واق وڕماون ، پێلوه‌كانی لێك نانی نه‌وه‌ك چركه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانی له كیس بچێ ، ئێستا ئیتر نیگا ماندوه‌كانی وه‌ك بهارێكی نه‌هاتو به‌ڕێوه‌ن ...
پوره شنوش وشك بووه ، وه‌ك گه‌ڵای دار هه‌ناری به‌ر گونده‌كه‌ی عه‌بابه‌یلێ ، به‌ڵام چاوه‌كانی له سه‌ر درگای حه‌وشه چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی فه‌رهاد ئه‌كه‌ن ..
شانزه‌ی مانگه ، به‌هار ڕاونراوه و له لای ئێمه خه‌زانه ... پایزێكی زوور ته‌ماوی له‌م دیاره ، دیاری هێناوه ، مه‌رگی سروشت ، مه‌رگی مروڤ و مه‌رگی گیانله‌به‌رانی له كۆڵ ناوه و دابه‌شی ئه‌كاته و حه‌ز و خۆزگه و خۆشه‌ویستی ڕاپێچی تاریكستانی نه‌مان كردوه...
هه‌ژار له به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌كه‌یانا وه‌ستاوه ، ده‌فته‌رێكی له سه‌ر كۆشی داناوه و پێنوسه‌كه‌ی له به‌ین په‌نجه‌كانی توند ، توند به سینگی ده‌ستیه‌وه ئه‌گۆشێ و توماری مردن ئه‌كا...
باوكم گریا ، هه‌ر زور گریا له ناخه‌وه ئه‌قۆڵا ، قه‌ت نه‌م دیبو باوكم بگری ، كه‌چی ئێستا بێده‌نگ و بێ فرمێسك هه‌مو جه‌سته‌ی وه‌ك له سه‌ر ئاور بیسوتێنن بۆكروزی لێ ئه‌هات ، له ناكاوا له جوڵه كه‌وت ، به‌ڵام بزه‌یه‌كی منداڵانه له سه‌ر لێوه‌كانی بو .....
دایكم ئه‌هات و ئه‌چو ، سه‌رتا ته‌نیا ئه‌یوت : هه‌یڕۆ ، هه‌یڕۆ.. ڕۆژی حه‌شره ، دنێا ئاخره ، كه‌س ده‌ر ناچێ ... پاش تۆزێ له هات و هاوار كه‌وت...
له ناو حه‌وشه‌كه‌مان چاوم له ژیانی خۆشكمه ، چو به په‌له ئاو بۆ دایكم بێنێ به‌ڵام خۆی هاواری لێ هه‌ستا و بۆ دڵۆپه بارانێ له ئاسمان ئه‌پاڕایه‌وه...
له‌م لاوه‌تر ڕێبواری برامه ، ئه‌و كه‌سه‌ی كه هه‌مومان خۆشمان ئه‌ویست ، قسه خۆش ، تێكۆشه‌ر و هه‌ست ناسك ...
له به‌یانیه‌وه پرسیار له دوای پرسیار ئه‌یه‌وێ وه‌ڵام وه‌رگرێ : ئه‌توت منداڵێكی بچكوله‌یه و تازه زمانی گرتوه..
كاكه بۆچی گه‌ڕه‌كی شاریان ڕوخان ؟
كامه گه‌ڕره‌ك ئازیزه‌كه‌م؟
كانی ئاشقان ....
كاكه بۆ چی گۆنده‌كانیان ڕوخان ؟
كامه گۆند چاوه‌كانم ؟
گونده‌كانی هه‌ورامان . شاره‌زور ، گه‌رمیان ، بادینان و ...
كاكه بۆ چی ئێعدام‌یان كردن ؟
كێیان ئێعدام كرد برای شیرینم ؟
شوڕشی هه‌ڤاڵت ، خه‌باتی پورزامان ، ڕه‌شادی دراوسێمان ، ڕه‌فێقی چایچی...
سه‌ر ئه‌نجام به ده‌م پرسیار كردنه‌وه خه‌وی لێ كه‌وت ، نا خه‌وی لێ نه‌كه‌وت ماڵ ئاواێی لێ ژیان كردن ، یان باشتر بڵێم له ژیانیان دابڕی .
وه‌ڵامی شرسیاره‌كانی وه‌ر نه‌گرت ، كه‌س نه‌گه‌یشت وه‌ڵامی بۆ بێنێته‌وه ، تاوه‌كونی خۆی ئێستاكه له ناو حه‌وشه‌كه دا ڕاكشاوه و پرسێارێكه..
ده‌بێ تاوانمان چی بێ كه وامان لێ ئه‌كه‌ن ؟
15.03.2005
0 Comments:
Post a Comment
Subscribe to Post Comments [Atom]
<< Home